تکایە توندوتیژی میدیایی بۆ سەر ژنان ڕاگرن

Loading

(هۆشدارییەک بۆ ڕای گشتی و میدیاکارانی کورد)

١٠/١٢/٢٠١٥

لە دوو دەیەی ڕابردوو، ژمارەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە کورستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە جگە لە میدیای حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، چەندەها ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و ڕادیۆی بەناو سەربەخۆ و ئەهلی هاوتا لەگەڵ دەیان پلاتفۆرمی ئینتەرنێت دامەزراون.

 ئەوەی تێبینی دەکرێت، سەرجەم کەناڵە سەرەکییەکانی راگەیاندن ( Mainstream Media) ) لە کوردستان لە لایەن پیاوانەوە مۆنۆپۆلیزە کراون، واتە بە ئەقلیەتی نێرانە و پیاوسالاری بەڕێوەدەچن. توێژێنەوە ئەکادیمیەکان لەم  بارەیەوە دەیسەلمێنن، کە ژن لەناو ئەو کەناڵانە نەک هەر پەراوێز خراوە، بەڵکو توندوتیژیی دیار و شاراوەی بەرامبەر دەکرێت و وێناکردنی ژن تێیاندا لە چوارچێوەی نمایشێکی جەستەیی و ئۆبجێکتێکی سێکسوال و  بچووکردنەوەی ژندا خۆی دەبینێتەوە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکاران بە ئاگایی بێت یان لە نەزانییەوە بێت سنوورە ئێتیکیەکانی ڕۆژنامەگەرییان بەزاندووە و ڕێگا بەخۆیان دەدەن نەک هەر برەو بە کولتوری توندوتیژی لە دژی ژنان بدەن، بەڵکو مافە بنەڕەتیەکانی ژنان پێشێل بکەن. سەر ئه‌نجام، ئەم کەناڵانە بوونەتە ئامراز و فەزایەکی دیکە بۆ پیادەکردنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و بەرهەمهێنانەوەی نەریت و بەها و کۆدە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان کە ساڵەهای ساڵە ژنانی کوردستان خەبات دەکەن بۆ لەناوبردنیان لە پێناوی دابینکردنی مافی ژن وەکو مافی مرۆڤ. کەنالەکان ئەمانە بەزۆر شێوە ئەنجام دەدەن.

ڕووماڵی نێرانە و بە ئۆبجێکتکردنی جەستەی ژن و شەرعیەتدان بە ژنکوشتن: ئەمڕۆ سەرقاڵی میدیاکارانی کورد بەژنانەوە زیاتر لە ڕێگەی نمایشکردنی لەش و لار و مۆدێلی وەکو (هەیفا وەهبی و کیم کارداشیان ) گوزارشتی لەخۆی کردووە، نەک لە دروستکردنی دێبات و گفتوگۆی ئەقلانی و گرنگیدان بە کار و چالاکی و داهێنانی ژنان. میدیا لێرەدا بۆتە ئەو مەکینە ترسناکەی کە ژن لە مرۆڤایەتی و مانا گەورەکانی کار و داهێنان و چالاکییەکانی دادەماڵێت، رۆلی سەرەکی بۆتە بزواندنی هەستی سێکسوالی نێرانە و سواڵکردن بۆ کلیک و لایک و زیادبوونی ژمارەی بینەر و خوێنەرانیان.

وێنای ژنی کورد وەکو قوربانی و پاکانەکردن بۆ کوشتن: زۆربەی هەرە زۆری ڕووماڵی کەناڵەکانی میدیای کوردی بۆ ژن و پرسی جێندەریی، وێنەیەکی هەڵە و ناڕەوایە؛ ئەو کەناڵانە لەلای خوێنەر و بینەر و گوێگر وێنەی ژنی کورد وەکو کەسێکی لاواز و قوربانی و ژنێک ڕووماڵ دەکەن کە دەبێت یا دەبوایە بکوژرێت، چونکە ”دۆستی هەبووە، کچێنی لەدەستداوە، خیانەتکاربووە، لە مێرد و باوک ڕایکردووە، سێ مۆبایلی پێبووە، پاکیزە نەبووە، هتد.) ئەم جۆرە وێناکردنە نەک هەر شەرعیەت دەدات بە ژن کوشتن، بەڵکو هاوکارە لە کوشتنی دووهەمی ئەو ژنانەی بەو بیانوانەوە دەکوژرێن و کوشتنی سیمبۆلیی ژنانی زیندووش.

بچووککردنەوەی ژن و پرسی جێندەری بۆ بۆنە و ڕۆژە جیهانییەکان: کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردی، هاوچەشنی دەسەڵاتی سیاسی، تەنها لە هەندێ بۆنەی وەکو ڕۆژی جیهانیی ژنان و ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، دێنە سەرخەت و ڕووماڵی ئەو پرسە گرنگەی کۆمەڵگە دەکەن، بەڵام ڕووماڵکردنیان بۆ ئەو پرسە پڕلە ناپیشەیی و هەڵەیە تا ئاستی پێشێڵکردنی مافی ژنان و سووکایەتی پێکردنیان.

 ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بڵاوبوونەوەی سەلەفییەت و بیروباوەڕی دژ بەژن: نمونەیەکی تری مامەڵەکردنی دواکەوتووانەی میدیا لەگەڵ پرسی ژن، بانگهێشکردنی مەلا و سەلەفییەکانە بۆ نێو پڕۆگرامەکانیان بەتایبەت ئەوانەی کە پەیوەستن بە پرسی ژنەوە. لێرەوە دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ کۆلکە مەلا و سەلەفییەکان بیروباوەڕی دژە ژن بڵاوبکەنەوە و ببنە هەژموونێکی ساختە لەسەر پرسی ژن.  ئەوە لە کاتێکدا، لە هەموو بەرنامەیەکدا، ئەو جۆرە مەلایانە لە سوکایەتی و ئیدانەکردنی ژن زیاتر شتێکی تریان بەم پرسە زیاد نەکردووە. واپێدەچێ کە ئەمە هەوڵێکی بێوچانی زۆربەی کەناڵەکانی میدیا بێت بۆ بەرز ڕاگرتنی پایەکانی شەریعەتی ئیسلام و کۆنەپارێزی لە دژی بەها گەردوونیەکانی مرۆڤ بە ژن و پیاوەوە.

جیاکردنەوە و دابڕانی مافی ژن لە مافەکانی مرۆڤ: لە کوردستان میدیاکاران، بە سەرنوسەر و ڕۆژنامەنوس و نوێنەرەکانی دیکەی ڕاگەیاندنەوە هەمیشە خۆیان بە پێشڕەوی مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەزانن و لەسەر پێشێلکاریەکان دێنە گۆ. بەڵام کە دێتە سەر مافەکانی ژن، ئەمانە مامەڵەیان لەگەڵ مافی ژن وەکو بەشێكی جەوهەری لە مافی مرۆڤ نەکردووە. لێره‌وه‌  پلاتفۆرمەکانی میدیا بۆتە فەزایەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی ئەقلیەتی پیاوسالاری و بەرجەستەکردنی کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی و بەها دواکەوتووەکان. لە ئەنجامدا، ئەم ڕەوتە ڕۆلی هەبووە لە دروستکردنی سایکۆلۆژییەتی دژە ژن و توندوتیژانە و پیادەکردنی لەسەر جەستە و دەروونی ژن:   هەر لە ڕووماڵی ناپیشەیی و دوور لە بنەما ئەخلاقییەکانیەوە تا ئاستی سووکایەتیکردن بە ژن و هێرش و تانە وتوانج و ناوزڕاندنی ژنان بە ئامانجی بێشەرەفکردن و ناوبەدکردن و بێدەنگردنیان، بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و سەرنوسەر و نوێنەرانی میدیا لە کوردستان ڕۆڵێکی نەرێنی و ترسناکیان بینیوە لەبرەودان بە توندوتیژی و تاوان دژی ژنان، کە لە کۆتاییدا بە سوودی سەلەفیەت و ڕەوتە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە.

پەراوێزخستن و بێ بایەخکردنی ڕۆلی ژن لە ڕاگەیاندن: توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ڕێژەی ژن لەناو کەناڵەکان زۆر نزمە، ئەوانەی کە لە ڕاگەیاندنیش کاردەکەن نەک هەر بەرەو ڕووی هەڵاواردن و جیاکاریی جێندەری و تەحەڕوش دەبنەوە، بەڵکو کار و بەرهەم و تواناکانیان بێ بێبایەخ دەکرێ و وەکو پێویست گوێیان لێناگیرێ و بە بێدەنگی و شێوەیەکی شاراوە بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

کەناڵێکی دیکەی برەودان بە کۆت وبەندی کۆمەڵایەتیی و پراکتیکی توندوتیژی دژی ژن، ئینتەرنێت ومۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، بەتایبەتی فەیسبووک. توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی بریستل و سەنتەری جێندەری زانکۆی سلێمانی دەربارەی میدیا و ژن و ئینتەرنێت (فەزای مەجازی) کە تێیدا بۆ ماوەی دووساڵ چاودێری کۆمەڵێک لە کەناڵە سەرەکییەکانی میدیای کردووە، دەیسەلمێنێ کە تەنها لە شاری سلێمانی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ ەوە تا مانگی ئابی هەمان ساڵ، لە کۆی ١٢٧ ژن، ٦٠ ئافرەت لە ڕێگای میدیا و پلاتفۆرمەکانی ئینتەرنێتەوە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، لەوانەش %٥٦ یان تەمەنیان لە نێوان ١٩بۆ-٢٦ ساڵیدایە.

ئێمە لە ڕێگای ئەم هۆشداریەوە داوا لە میدیاکار و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردی و ڕای گشتی دەکەین بەخۆیاندا بچنەوە و سنورێک بۆ ئەو ڕەفتارە ناپیشەیی و دوور لە ئێتێکی ڕۆژنامەگەری و کردارە نامەدەنییانە دابنێن؛ لە جیاتی برەودان بە کولتوری نێرسالاری و توندوتیژی دژی ژنان، ڕۆلێکی ئەرێنی و مرۆڤانە بگێڕن بۆ هۆشیارکردنەوەی ڕای گشتی و باشتر بەکارهێنانی ئامرازە  نوێیەکانی پەیوەندی و تەکنەلۆژیای مۆدێرن.

ئەم هۆشدارییە هەنگاوی یەکەمی ئێمەیە بە ئامانجی هاوکاری و هۆشیارکردنەوەی ڕای گشتی بۆ گرتنەبەری ڕێکاری ئێتیکی و پیشەیی رۆژنامەگەری و دروستکردنی کولتوریی ژندۆستی و مرۆڤانە لە کوردستان. دواتر بە پێویستی دەزانین ستراتیژییەتی ”ناوهێنان و شەرمەزارکردن” بگرینە بەر بۆ شەرمەزارکردنی یەکە بە یەکەی ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامە و گۆڤار و کەنالانە و ڕاپۆرت و ڕووماڵەکانیان لەبەردەم رای گشتیی کوردستان و دونیادا. بە داخەوە دۆسیەی ناپیشەیی میدیای کوردی و توندوتیژییان بەرامبەر بە ژن دۆسیەیەکی پڕ لە فاکت و بەڵگەیە.

بۆیە دەڵێین؛ تکایە ئەم توندوتیژی و پێشێلکارییانە بۆ سەر ژنان بوەستێنن.

ئیمزاکان:

د. نەزەند بەگیخانی، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، سەنتەری تویژینەوەی جێندەر و توندوتیژی/زانکۆی بریستڵ/بەریتانیا

هوزان مەحمود، چالاکوانی مافی ژن و پسپۆڕ لە بواری جێندەر- بەریتانیا

ئەڤین عەزیز: ڕەفتارناس و توێژەر لە بواری جێندەر- سوید

ئاڤا هۆما: نووسەر و مامۆستای زانکۆ – کەنەدا

شارا تاهیر: دەرونناسی کۆمەڵایەتی- سوید

خەندان جەزا: نووسەر و چالاکی مافی ژن- نەرویج

شەیدا حیسامی: پسپۆڕی ڕاگەیاندن، دامەزرێنەری ئاژانسی زید، ب، گ ڕێکخراوی ئاردی ئۆ. فەرەنسا

تامان شاکر: رۆژنامەنووس – کوردستان

کازیوە ساڵح: نووسەر – کەنەدا

کۆراڵ نوری: ڕۆژنامەنووس- کوردستان

ڕێگا ڕەوف: نووسەر و کۆمەڵناس- سوید

تریفە عەزیز: چالاکی مەدەنی و بەڕێوەبەری ناوەندی ئەڵمان-کورد بۆ پێکەوە ژیان

ئاڵا لەتیف، رۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ – سلێمانی

هودا زه‌نگه‌نه‌ \ دیپلۆما له‌بواری یه‌كسانی جێنده‌ر \ هه‌ولێر