Vincent van Gogh Painting, Oil on Canvas Saint-Rémy: September, 1889 Galleria Nazionale d'Arte Moderna

سه‌ید كه‌ریم حه‌مه‌لاو؛ ته‌مه‌ن


Loading

١

چیرۆكنوس؛ سه‌ید كه‌ریم حه‌مه‌لاو

لەناو دێبەرەکە ی کانیسام دا بەرکۆشی لێ هەڵدابوو، زۆر بەدڵخۆشییەوە هەڵدەسوڕا، سەروخواری دەکرد. تاوێک دەچووە ناو تەماتەکان بڕکەکانی هەڵ دەپشکنی. لەبەرخۆیەوە دەیگووت؛ ماتە لێی داون ئەم ئاوەی دادێ بەشی چێشتێکی لێ پەیدادەبێت…

تاوێک ڕاوه‌ستا هەتاوەکە تینی بۆ هێنابوو، کەمێک تینوی بووبوو،  هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی،بەتەواوی پشتی ڕاستکردەوە،سەیرێکی ئەملاوئەولای کرد .زۆر بەهێمنی و لەسەرخۆ دەستیکرد بەهەنگاونان، بەرەولای بامیەکان ڕۆیشت…دەستێکی بەناو بامییەکاندا هێنا، ئەوەی وردو ناسک بوو چنینی. جارێکی تر هەڵوێستەیەکی کرد زۆربەووردی بەدڵی خۆی سەیرێکی سەرتاپای دێبەرەکەی کرد، لەسەرەوە بۆ خوارەوە چاوی پیاداگێڕا، داهاتەوە یەک دوو چڵ کاڕوشی هەڵکەند.  لەبەرخۆیەوە؛ ماڵ کاولە لەبن نایەت…لەبن نایەت هێواش…هێواش، بەرەو خانووەکە هەنگاوی نا،  گەیشتەوە لای خانووەکە، ئەوبامیانەی لەکۆشیدابوون کردنیە ناوهێڵەکەکەوە و پاڵیدابەدیوارەکەوە .

 

٢

تاوێکی باش پشوی دا دەستی برد پەرداخێک ئاوی لەتەرمۆزەکە تێکرد خواردیەوە ،دوو دەبەی پێنج لیتری هەڵگرت و چووبۆکانی (شێخ محمد) …بەدەم ڕێگاوە لەبەرخۆیەوە دەیگووت؛ بەخواتەنها ئاوی کانی شێخ محمد بۆ چالێنان خۆشە، ئەو سۆندەیە تامی ئاوی (کانی بەهارانی) ناخۆش کردوە…

لەبەردەم ئەستێلکەکە هەڵوێستەیەکی کرد،سەیرێکی خانووەکەی حاجی شێخ بکری کرد ئەویش نەهاتووە  ئەستێلکەکە پڕ…پڕە لەئاو.  داهاتەوە قفڵەکەی بادا، ئاو بەخوڕەخوڕ بەرەوناو نەمامەکان ڕۆیشت، سەرێکی خانووەکەی مەلاسیدگوڵی کرد؛ بەخوائەویش نەهاتوە!  سەیرێکی کانی دەیانی کرد خالید و ڕەفیقیش نەهاتوون. چووەسەرکانیەکە  و دەبەکانی پڕکرد لەئاو بەرەو خانووەکە گەڕایەوە، قۆریەکەی خستە سەر تەباخەکە، چایەکە دەم بوو چایەکی تێکرد و سەرێکی بەرزکردەوە؛  بەخواچا بەتەنها ناخورێتەوە، کەسێک نەبێت پیاڵە چایەکت لەگەڵ بخواتەوە…

٣

سەرخەوێکی شکاند، دارەکەی گرت بەدەستەوە و هێواش….هێواش بەناو ڕه‌زەکەدا بەرەو (کانی حاجی) بەڕێکەوت. لەسەروو خانووەکەدا لایدایە ناوتەماتەکان؛ عەول دیار نییە!..بەدارەکەی دەستی یەک دووجار بڕکە خەیارەکەی هەڵپشکنی، هەرزو بەدارەکەی گەڵاکانی بەسەردادایەوە. بەناوڕەزەکەدا دەستیکردەوە بەڕۆیشتتن ،لەپڕ ڕەشمارەکە هێندەی کلکە بێڵێک هاتە بەردەمی، لێی هاتەدەنگ؛ بڕۆ، دەڵێم بڕۆ، باوەزەندەت پێی نەهێنم  و بائازارت نەدەم! دەڵێم بەڕێی خۆتدا بڕۆ ڕێگاکەم بۆچۆڵ بکە!

زۆردەترسا ناهەقیشی نەبوو مارەکە زۆر گەورەبوو ڕەشمارەکە ڕێگای خۆی گرت و ڕۆیشت، ئەویش بەرەو کانیەکە ڕۆێشت، لەجۆگه‌کە پەڕییەوە هەرچۆنێ بێت گەیشتە سە رکانی حاجی و لەسەرتاتە نوێژەکە لێیدانیشت. بەدارەکەی دەستی خەریکی گەڵای ناو ئاوی کانیەکە بوو…ئای کانیەکە چەندە بێنازکەوتوویت! کوێربم فاتم گیان گەر نەدەمردی ئەم کانیە ئاوا بەپیس و پۆخڵی نه‌دەمایەوە!

 

٤

بەدیقەت لەکانیەکە و چواردەوری وورد بوەوە هەر لەدەمی کارێزەکەوە تا سەرئەستێلکەکە. ناو ئاوەکە، لەدەمی کارێزەکەوە پڕببوو لە گەڵای دارهەنجیرەکەو گەڵای دار مێوەکە.سەکۆی بەرامبەر تاتە نوێژەکە پڕی بوو لە پووش و پەڵاش.دڵی هێندە پڕبوونەی دەتوانی لەگەڵ خۆشی بدوێ!

دەستیکرد بەهەنیسک هەڵدان و چاوەکانی وەک جۆگەلە فرمێسکی پیادادەهاتە خوارەوە. دەستیکرد بەقسەکردن لەگەڵ خۆیدا؛ کچە شیرینەکەم فاتم گیان زۆرت مابوو هەرزۆر زوو بەجێتهێشتین، کچەکەم لایەکی (کانی سام) ت  چۆڵکرد. کچە جوانەکەم منیش هاتوومێ و ئەوەندەم نەماوە، باوەڕناکەم تائەم هاوینەی دادێ بڕبکەم. بەخوا تینوتاقەتی جارانم نەماوە، هاکا بەلاداهاتم، بەخوا ڕۆڵە ناگەمە هاوینێ…

بە لکێکی سەرپۆشە سپیە جورجێتەکەی چاوەکانی سڕییەوە، بەلایەکی لەپی دەستی لای پەنجە گەورەی چاوەکانی هەڵگڵۆفی و هەر دوو دەستی خستە سەردارەکەی دەستی وهەستایە سەر پییان.  ورد، وردە، بەبن هەنارو هەرمێکاندا و بەخوار  کەپرەکەدا ملی ڕێگای گرته‌به‌ر.  سەیرێکی  کەپرەکەی کرد!زۆربەجوانی لەهەموی ڕوانی، سەرنجی دایە کتری وقۆری و پیاڵەو قاپ  وقاچاغەکە! دیسان هەناسەیەکی تاقەت پڕوکێنی هەڵکێشا و  بەدامێنی دێبەرەکەی ماڵی (حاجی حەمەمین) دا و لەنیوەداجارێکیتر ئاوڕێکی دایە وە ،وەک ئەوەی جارێکی تر نەیان بینایتەوە ،یەک بین تابەردەم خانوەکەی خۆی نەوەستا ولەسەر بلۆکەکە دانیشت .

كانی سام – ماوه‌ت

 

٥

تاوێک پشوویدا، هەستایەوە سەرپێ ،دەستی ڕاستی خستە سەرچاوەکانی و  سەیرێکی (کێوی دۆڵانی) کرد چاوی بڕییە خۆرەکە کە ووردە…ووردە لە لوتکەی بالۆسە نزیک دەبوەوە. سەیرێکی (بایەو) و  (دۆڵەسوران)  و (بانەقوتە) ی  کرد…لەچکەکەی توندکردەوە  و چووە لای هەیوانەکە…تا ژێر کەپرەکە چوو، کە مێوە ڕەشکەکە دایپۆشی بوو.

جارێکی تر گەڕایەوە هەتا نزیکی چوالەکان ڕۆیشت. چەندجارێك بەتوندی هەناسەی هەڵکێشا وەک شتێک قوڕگی گرتبێت، یەک بینە کۆکەیەکی توند دایگرت، تەواو تەنگی پێ هەڵچنی و  لەتاوان چوار مشقی لەسەر گڵەکە دانیشت. هەردووک دەستی بەدەمییەوەوە گرت.  کۆکەکە هەندێک هێوربوەوە وچوەوە بۆهەیوانەکە پەرداخێک ئاوی خواردەوە.  پاشان چووە لای سەوزەکە و  سۆندە ئاوەکەی لەسەر سەوزەکە لابرد و بەدوای خۆیدا ڕایکێشا هەتابردیە سەر تانکیەکە.

جارێکیتر چووەوە لای جادەکە  و سەیرێکی خانووەکەی کرد، زۆربەخێرایی کەپرەکەی هاتەوە بەرچاو کە (پوورە فات)   تێدا هەڵدەسوڕا  و لەئاگردانە ئاگری دەکردوە،  زۆر ڕوونی دەنگێک هاتە بەرگوێی  حەنیف؛  ‌حەنیف وەرە چایەک بخۆرەوە،  دەی وەرە،  وا ئاسکۆڵیش هاتە خوارەوە.

 

ته‌واو

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین