یه‌کەم: ژۆرژ باتاى له‌و وتارهيدا كه له‌باره‌ى “كافكا”وه نووسیویه‌تی باس له په‌یوه‌ندی كافكا و باوكی ده‌كات. په‌یوه‌ندی ئه‌م دووانه هه‌رگیز زۆر خۆشنه‌بووه، به‌ڵام به‌ركه‌وتنێكی زۆر زه‌ق و گه‌وره‌یش له‌نێوانیاندا ڕووینه‌داوه. بگره، به گوته‌ی باتای، كافكا تا ڕاده‌ی چۆكدادان ملكه‌چی باوكی بووه، كه بۆ هه‌ر گه‌نجێك باوك نوێنه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته. زۆر به ساده‌یی بیڵێین؛ ئه‌م چۆكدادانه بۆ داننان بووه بهسنوورهكانی جیهانی باوكدا تاوه‌كو لێیان یاخی ببێت. له‌و نامه‌یه‌دا كه كافكا بۆ باوكی ده‌ینووسێت، به‌ڵام هه‌رگیز ناینێرێت و ته‌نیا چه‌ند بڕگه‌یه‌كی لێماوه‌ته‌وه، ڕاشكاوانه ده‌رباره‌ی هه‌ستی خۆی به‌رامبه‌ر به باوكی دوواوه، پێیده‌ڵێت؛ كه ئه‌و هه‌رگیز جیهانه لۆژیكییه‌كه‌ی ئه‌وی قبوڵ نه‌بووه، جیهانی بازرگانی و ڕێزی كۆمه‌ڵایه‌تی … “هه‌موو شتێك بۆ هه‌ڵهاتن بوو له تۆ … تا توانام هه‌بووبێت بۆ دووركه‌وتنه‌وه بووه له تۆ”.
باتای ئه‌م قسه‌یه وا لێكده‌داته‌وه كه كافكا هه‌رگیز نه‌یویستووه به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ لهجیهانهكهی باوكی هه‌ڵبێت، به‌ڵكو ویستویه‌تی تێیدا بژی، به‌ڵام وه‌ك ڕهزاگرانێك، وا هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه تاوه‌كو ببێته ڕه‌گه‌زێكی دزێو و ناحه‌ز له جیهانی پیشه‌سازی و بازرگانیدا و كه‌مترین دانی پێدا بنرێت. به‌كورتی كافكا ویستوویه‌تی له نێو جیهانه‌كه‌ی باوكی‌دا جیهانێكی دیكه‌ی جیاواز دروست بكات، به واتایهكیتر: باوكی بهرههمنههێنێتهوه. هه‌ر له نامه‌كه‌دا بۆ باوكی ده‌نووسێت: “به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی له‌به‌رده‌م هاوسه‌رگیریی مندا قه‌ناعه‌تی ته‌واوم بوو به‌وه‌ی كه مرۆڤ گه‌ر بیه‌وێت خێزان دروست بكات و به‌ر له هه‌ر شتێك ئاراسته‌ی بكات، پێویستی به كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه كه له تۆدا هه‌یه”]و له مندا نييه[، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كوڕ بۆ باوكی وه‌فادار بێت و خیانه‌ت له خۆی بكات. ڕزگاربوونی مرۆڤیش به‌بێئه‌وه‌ی خیانه‌ت له خۆی و ئامانجی خۆی بكات پێویستی به هه‌وڵ و تێكۆشانێكی سه‌خت و خۆڕاگرانه و پێداگرانه هه‌یه.
ئه‌مه یه‌كه‌م هه‌نگاوه بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌رباره‌ی یاخیبوون بدوێین. نووسه‌ری “كۆشك” و “له‌به‌رده‌م یاسادا” ته‌واو به ناڕاسته‌وخۆ یاخی ده‌بێت، ئه‌و هه‌ر له سه‌ره‌تای لاوێتیه‌وه ڕاناپه‌ڕێت و هه‌وڵی ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاتی باوكی (یان كوشتنی باوكی نادات) نادات، به‌ڵكو یه‌كه‌م شتێك كه ده‌یكات ئه‌وه‌یه جیهانی باوكی بهرههمنههێنێتهوه، ئه‌م كاره‌یش به‌وپه‌ڕی عینادییه‌وه ده‌كات. “عینادی” ڕه‌فتارێكی مناڵانه‌یه به‌ر له‌وه‌ی لۆژیكی جیهانی گه‌وره‌كانی وه‌رگرتبێت. ئه‌مه یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته‌كانی جیهانی ئه‌ده‌بی كافكا. سه‌رپێچیكردن به‌وپه‌ڕی عینادی و پێداگرییه‌وه، نه‌گۆڕینه‌وه‌ی داواكاری خۆت به هه‌ر ئیمتیازێك كه له ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌خرێته به‌رده‌مت بۆ ڕازیبوون. كه‌واته عینادیی پێداگرییه له‌سه‌ر ڕازینه‌بوونی به‌رده‌وام، گه‌ر وشه‌كه‌یش تۆزێك ده‌ستكاری بكه‌ین ده‌ڵێین عینادییه له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تی به‌رده‌وام، ناڕه‌زایه‌تییه‌ك كه ڕازیی ناكرێت تاوه‌كو شتێكی نوێی لێوه به‌رهه‌مدێت.
دووهه‌م: ئیتالۆ كالڤینۆ له ڕۆمانی “بارۆنی سهردارهكان”دا چی پیشانداوین جگه له‌مه؟ (بارۆن كۆزیمۆ) به‌هۆی ڕووداوێكی ساده‌وه له‌نێو ماڵه ئهشرافییهكاندا، یاخی ده‌بێت و ده‌چێته سه‌ر دره‌ختێكی به‌رزی باخه‌كه و بڕیارده‌دات كه پێنهخاتهوه سه‌ر زه‌مین. به‌م جۆره له‌سه‌ر دره‌خته‌كان نیشته‌جێ ده‌بێت و ئه‌مه ده‌بێته هۆی دروستكردنی جیهانێكی دیكه به‌سه‌ر داره‌كانه‌وه. یاخیبوونه‌كه‌ی كۆزیمۆی گه‌نج جیاوازه له یاخیبوونی له‌پێناو شتێكی بچو‌وكدا، ئه‌و به هیچ شتێك قه‌ناعه‌ت به‌وه ناكات بگه‌ڕێته‌وه نێو ماڵ و سه‌ر زه‌مین، به‌ڵكو هه‌موو دارستانه‌كانی دونیا ده‌بنه ماڵ و جێگا و ڕێگای كۆزیمۆ، ته‌نانه‌ت كاتێك ده‌یه‌وێت سێكسیش بكات هه‌ر به‌سه‌ر دره‌خته‌كانه‌وه ده‌یكات و تا كۆتایی ژیانیشی هه‌ر وا ده‌مێنێته‌وه.
به‌م جۆره ده‌توانین مانای یاخیبوون له مانای داهێنان نزیك بكه‌ینه‌وه. كرده‌ی یاخیبوون به پاڵ پرۆسه‌ی داهێنانه‌وه ده‌ڕوات و هه‌رگیزیش پاشه‌كشه ناكات، به‌ڵكو به‌رده‌وام به‌ره‌و یاخیبوونی دیكه ده‌ڕوات.ئه‌كتی یاخیبوون ئه‌و كاته‌ی مانای ته‌واوی خۆی وه‌رده‌گرێت كه به‌دوای كه‌ره‌سته‌ی نوێیشدا بگه‌ڕێت، یان كه‌ره‌سته‌ی نوێ دابهێنێت بۆ دروستكردنی جیهانێكی دیكه. له خراپترین حاڵه‌تیشدا لانی كه‌م یاخیبوون هه‌وڵێكی شێلگیرانه‌ی له‌م جۆره‌یه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شكستیش بهێنێت.
(بزوتنه‌وه‌ی دادایستی) هه‌وڵێكی گرنگ بوو بۆ خاپووركردنی ئێستاتیكای هونه‌ر و ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می جه‌نگ، نه‌ك له ده‌ره‌وه‌یه‌وه به‌ڵكو له ناوه‌وه، واته وێرانكردنی هونه‌ری بۆرژوازیی پشتیوانی جه‌نگ به هونه‌رێكی دیكه. له ئه‌ده‌بیشدا هه‌وڵ بوو بۆ هه‌ڵكۆڵین و كونكردنی زمان، بۆ دروستكردنی زمانێكی په‌راوێزیی بێ سیسته‌م له‌نێو سیسته‌می زمانی‌دا كه هه‌م خۆی نه‌بێته‌وه به سیسته‌م و هه‌میش نه‌هێڵێت سیسته‌می زمان قه‌ڵه‌مڕه‌ویی خۆی بسه‌پێنێت، چونكه به بڕوای ئه‌وان عه‌قڵ و لۆژیك (سیسته‌م) ده‌بێته مایه‌ی به‌رپاكردنی جه‌نگ.
دواتر ئه‌م هه‌وڵه له‌لایه‌ن سوریالیستهكانهوه ده‌بێته هه‌وڵ بۆ تێكشكاندنی سه‌رجه‌م چوارچێوه‌كانی زمان و خاپووركردنی سیسته‌مه‌كه‌ی، ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌سه‌ر زماندا وه‌ك نوێنه‌ری ئاگایی، ئینجا پشت به‌ستن به نائاگایی بۆ به‌رهه‌مهێنانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی، به‌مجۆره (به‌داخه‌وه) داهێنان دووباره مه‌حكوم ده‌كه‌نه‌وه به جه‌بری ڕابردووی تاكه‌كه‌س. هه‌ندێك ڕه‌خنه‌گر شكستی سوریالیسته‌كان به‌م هه‌وڵه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه بۆ یاخیبوونی ڕاسته‌وخۆ له زمان، له كاتێكدا وه‌ك ڕۆلان بارت ده‌ڵێت؛ ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك “گه‌مه له‌گه‌ڵ زماندا بكه‌ین”.
سێهه‌م: یه‌كێك له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی كورد كه‌ده‌یه‌وێت خۆی وه‌ك كه‌سێكی یاخی پیشان بدات “فه‌رهاد پیرباڵ”ـه. ئه‌م ڕۆشنبیره ده‌یه‌وێت وه‌ك كه‌سێكی سوریالیستی بیده‌ینه قه‌ڵه‌م. له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌كانیدا، به تایبه‌ت شیعره‌كانی، وا پیشان ده‌دات له نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ریتی ئه‌ده‌بی، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆی ڕاپسكاندووه و شتێك خاپوور ده‌كات. له ئاستی ژیانی ڕۆژنهیشدا ده‌یه‌وێت وه‌ك كه‌سێكی جیاواز و لێی تێبگه‌ین، له ئاستی سیاسی‌دا خۆی به كه‌سێكی ناسیۆنالیست و لایه‌نگری ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌زانێت. به‌ڵام داخۆ ئه‌م پیاوه یاخییه؟ هه‌ڵبه‌ت نامه‌وێ شتێكی زۆر له‌م باره‌یه‌وه بڵێم، شتێكیش كه نامه‌وێت بیڵێم ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاره‌كانی وه‌ك نه‌خۆشی لێك بده‌مه‌وه، چونكه ئه‌مه تۆمه‌تێكی ئاسانه كه ده‌شێت ڕووبه‌ڕووی هه‌ر كه‌سێك بكرێته‌وه.
به ڕوونی دیاره كه فه‌رهاد ده‌یه‌وێت وا پیشان بدات له كوردستاندا هیچ ڕۆشنبیرێك وه‌ك ئه‌و هاوار ناكات، وه‌ك ئه‌و نایه‌ته سه‌ر شه‌قام و وه‌ك ئه‌و خۆی ڕووت ناكاته‌وه، وه‌ك ئه‌و به پیاده تا سنووری كوردستان ناڕوات بۆ پێش‌گرتن به‌هاتنی سوپای توركیا، كه‌سیش وه‌ك ئه‌و دژی زمانی حه‌یزه‌ران نییه و … هتد. ئه‌م هه‌ڵوێستانه گه‌رچی به‌شێكیان نماییشن، هاوكات به‌شێكن له شكستی فه‌رهادیش له‌وه‌ی كه نه‌یتوانیوه یاخی بێت. فه‌رهاد كه ناوه ناوه ده‌رده‌كه‌وێته‌وه و ده‌چێته سه‌ر شه‌قام و یه‌خه‌ی خه‌ڵك ده‌گرێت، ڕۆژێك جنێو به حكومه‌ت ده‌دات و ڕۆژێك به خه‌ڵكی سلێمانی، ڕۆژێك هێرش ده‌كاته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ڕۆژێك دێته به‌رده‌ركی سه‌را، له هه‌موو ئه‌مانه به‌ر شكستی خۆی ده‌كه‌وێت، به كورتی هاتوهاواری فه‌رهاد بۆ ئه‌وه‌یه كه ناتوانێت یاخی بێت و به‌رده‌وام ئه‌و شته به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه كه بانگه‌شه‌ی ده‌رچوونی ده‌كات. ئه‌و كه بۆ ڕۆدانی كوڕی ده‌نووسێت “پاسه‌وانه‌كانت ناتپارێزن” خۆی ده‌بێته‌وه خاوه‌نی پاسه‌وانه‌كان …ئه‌م جۆره یاخیبوونه‌ی فه‌رهاد یاخیبوونێكی كافكایی نییه، به‌ڵكو یاخیبوونێكی زۆر ڕاسته‌وخۆیه كه دواجار هیچ شتێك ناڕوخێنێت و ده‌ستكاری ناكات، ته‌نانه‌ت شتێكی ژیانی ڕۆژانه‌یش. یاخیبوون پێویستی به هاتواهاوار نییه، پێویستی به جنێودان و خۆ-سهرشێتكردن نییه، به‌ڵكو پێویستی به‌وه‌یه بچێته سه‌ر هێڵی هه‌ڵهاتن و به‌رگری به‌رهه‌مبهێنێت به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدا، كه‌واته ده‌سه‌ڵات به‌ر سنووری خۆی بكه‌وێت و بهناوخۆیدا بشكێته‌وه تاوه‌كو نه‌توانێت قه‌ڵه‌مڕه‌ویی خۆی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م سوبێكتهكاندا گشتگیر بكات. ئه‌مه شێواندنی فانتازیای ده‌سه‌ڵاته.
چواره‌م:ئێستا ڕه‌نگه دوو تێما به كاڵی ڕوون بووبێتنه‌وه: “یاخیبوونی ڕاسته‌وخۆ” و “یاخیبوونی ناڕاسته‌وخۆ”، یان “یاخیبوونی ڕه‌ق” و “یاخیبوونی نه‌رم”. ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه وشه‌ی “ناڕاسته‌وخۆ” و “نه‌رم” له‌م كۆنتێكسته‌دا به هیچ جۆرێك په‌یوه‌ندی به “سازش” و “خۆگونجاندن” و “ته‌سلیمبوون”ـه‌وه نییه، په‌یوه‌ندی به “ناڕه‌زایه‌تی مه‌ده‌نی” و “شۆڕشی نێرگز”ـیشه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به “عینادی”، “پێداگری”، “سووربوون” و “ڕازیبنهبوون”ـی به‌رده‌وامه‌وه هه‌یه، به بێئه‌وه‌ی هه‌ڵچوونێكی كاتی و زوتێپهڕ بێت، یان داوكارییه‌كی كه‌م و سه‌ره‌تایی بێت، به كورتی ئێمه مه‌به‌ستمان له “یاخیبوون”ـه وه‌ك شێوازی ژیان.
ده‌توانین له‌سه‌ر زۆر بنه‌ما ئه‌م دوو جۆره یاخیبوونه لێك جیا بكه‌ینه‌وه: له بانگه‌شه‌ی سوبێكته‌كان خۆیانه‌وه، یان له ڕێگای میتۆد و كهرهستهكانییانهوه یانیش له‌ڕێگه‌ی دهرهنجامهكانییانهوه و … هتد. ئێمه گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه یاخیبوونی ناڕاسته‌وخۆ ئه‌كتێكی ڕادیكاڵتره و پرۆسه‌كی درێژخایه‌نتر و داهێنهرانهتریشه، نمونه‌كانی سهرهوهیشمان به‌خاتری ئه‌م گریمانه‌یه هێنایه‌وه. ڕه‌نگه بگوترێت ئه‌و نمونانه تاكه‌كه‌سین و ئه‌وه‌یشی گرنگه یاخیبوونی ده‌سته‌جه‌معی و كۆلێكتیڤه. بێگومان ئه‌م قسه‌یه له جێی خۆیدایه و ئێمه‌یش لای خۆمانه‌وه ئامانجمان له‌یاخیبوونی ده‌سته‌جه‌معییه. له خواره‌وه زۆر به كورتی سه‌رنجێكی له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕین و له ده‌رفه‌تی دیكه‌دا بۆی ده‌گه‌ڕێینه‌وه.
بۆچی گومانمان له یاخیبوونی ڕاسته‌وخۆ (ڕه‌ق) هه‌یه؟ له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار، له‌وانه: هه‌ندێكات ئه‌م یاخیبوونه له بانگه‌شه زیاتر شتێكی تر نییه، له جیاتی ئازادبوون و به‌زاندنی سنووره‌كان و پێشێلكردنی حه‌رامه‌كان و شكاندنی تابووه‌كان بێت بانگه‌شه‌ی ئه‌م كردانهیه. هۆكارێكی تری ئه‌م گومانه ئه‌وه‌یه كه ده‌شێت ئه‌م جۆره هه‌مان ئه‌و شته به‌رهه‌م بهێنێته‌وه كه لێی یاخی ده‌بێت، واتای ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه سه‌رپێچیكردن بۆ ده‌رچوون یان خاپووركردنی شتێك، پانتاییه‌ك، ده‌سه‌ڵاتێك نییه، به‌ڵكو بۆ بوونه به‌خاوه‌نی. له‌م حاڵه‌ته‌دا یاخیبوون له جیاتی ئه‌وه‌ی شتێكی نوێ به‌رهه‌م بهێنێت، شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌و شته ده‌كات كه ڕه‌تیده‌كاته‌وه، واته ده‌یه‌وێت وه‌ك خاوه‌نێك بۆ ئه‌و پانتاییه بگه‌ڕێته‌وه كه لێی ده‌رده‌چێت. بۆ نمونه به‌شێك له بزوتنه‌وه سۆشیالیستیه‌كانی ڕابوردوو دژ به‌ده‌سه‌ڵات بوون، تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه گرت، به‌ڵام نه‌یانتوانی له‌مه زیاتر بڕۆن.
له‌مه‌یش زیاتر ڕه‌نگه یاخیبوونی ڕاسته‌وخۆ به گوێره‌ی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه، لهچوارچێوهكی زۆر ڕێكخراو و تۆكمه‌دا كاربكات، ئه‌مه‌یش واتای كێشانی سنووری ئاسنین و له‌قاڵبدانه كه به‌ر به‌داهێنان و ڕووداو و هه‌لی “ڕێكه‌وت” ده‌گرێت. جاری وا هه‌یه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵچوونێكی له‌ناكاو و كاتییه، به‌و واتایه‌ی په‌رچه‌كردارێكی زووتێپه‌ڕه، له دۆخێكی دیاریكراودا ڕووده‌دات و دواتریش ڕه‌نگه دژه‌كان بگه‌نه‌وه ته‌بایی و سوڵح له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا. ئه‌م جۆره دژایه‌تییه له‌نێو دوو دژی جیاوازدا نییه، به‌ڵكو له‌نێوان دوو دژی هاوشێوه‌دایه!
ئایا ده‌شێت دوو دژ هاوشێوه بن، یان دوو هاوشێوه دژ بن؟ نمونه‌ی ناكۆتا له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه. ئێستا ده‌توانین ئه‌م خاڵه‌ش زیاد بكه‌ین: له یاخیبووندا گرنگ جیاوازیه، لێكدژی ڕاسته‌قینه له‌نێوان دوو هێزی جیاوازدایه، ئه‌وه‌ی یاخی ده‌بێت له‌پێناو جیاوازبوون و بۆ جه‌ختكردنه‌وه له جیاواز بوون یاخی ده‌بێت. جیاوازی ئه‌وه نییه كه له‌نێوان ئیسرائیل و ئێران‌دا هه‌یه، ئه‌وه نییه له‌نێوان داعش و به‌ره‌ی نوسرادا هه‌یه، به‌ڵكو جیاوازیی تایپۆلۆژییه، واته به‌قه‌ولی نیچه ئه‌وه‌یه له‌نێوان “هێزی ئه‌كتیڤ” و “هێزی ڕیاكتیڤ”دا هه‌یه.
پێنجه‌م:یاخیبوونی ڕاسته‌وخۆ هه‌ندێجاری دیكه دژ به لایه‌نێكه به‌ڵام ده‌چێته خزمه‌تی لایه‌نێكی دیكه‌وه، دژ به ئایدیۆلۆژیایه‌كه و خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیكه ده‌كات؟ چۆن ده‌توانین یاخی ببین و نه‌چینه خزمه‌تی هیچ هێزێكی ئایدیۆلۆژیییه‌وه؟
گه‌ر به‌مجۆره له یاخیبوون تێبگه‌ین ده‌زانین كه كرده‌یه‌كی سه‌خت و دژواره، به‌ڵام هیچ كه‌س یان هیچ هێزێك ناتوانێت خۆی به‌یاخی لهقهڵهمبدا تاوه‌كو ئه‌زمونی ئه‌م سه‌ختی و دژوارییه نه‌كات. ئه‌مه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی یاخی جه‌خت له‌سه‌ر تاقانه‌یی و ناوازه‌یی خۆی ده‌كاته‌وه. ئێمه ڕۆشنبیرێكی دیكه‌مان هه‌یه كه ئه‌ویش خۆی وه‌ك ئاركی تایپی فه‌لسه‌فه و فیكر و وه‌ك بونه‌وه‌رێكی یاخی نیشان ده‌دات، ئه‌ویش “فاروق ڕه‌فیق”ـه.
فاروق ئه‌و ده‌مه‌ی دژ به سه‌رجه‌م هێزه عه‌لمانییه‌كانی كوردستان بوو گوتاره‌كه‌ی ده‌چووه خزمه‌تی “یه‌كگرتووی ئیسلامی” و هێزه ئیسلامییه‌كانی دیكه‌وه، ئه‌و كاته‌ی كه به‌هۆی “كوردستان تیڤی”ـی و “بودجه‌ی خانه‌ی حیكمه‌ت”ـه‌وه له پارتی نزیك بوویه‌وه گوتاره‌كه‌ی ده‌چووه خزمه‌تی پارتییه‌وه دژ به هێزه‌كانی تر، ئه‌و كاته‌یشی دژ به ڕووداوه‌كانی 17ی شوبات هه‌ڵوێستی وه‌رگرت، گوتاره‌كانی دژ به پارتی و یه‌كێتی ده‌چووه خزمه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه.
ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی كه گوتار و هه‌ڵوێستت بچێته خزمه‌تی لایه‌نێك، یان گوتارێك، یان ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌وه مه‌رج نییه ئاراسته‌كراو بێت، یان ئاگایانه بێت و به مه‌به‌ست بێت، به‌ڵكو به ساده‌یی مانای ئه‌وه‌یه له‌م دۆخه‌دا یاخی نیت. هه‌ڵوێستی ئه‌م دواییانه‌ی بیرمه‌ندێكی چه‌پی وه‌ك “سلاڤۆی ژیژه‌ك” ده‌باره‌ی په‌نابه‌ران به ته‌واوی چووه خزمه‌تی “ڕاستڕه‌وی تووندڕه‌و”ه‌وه. ژیژه‌ك كه وه‌ك كه‌سێكی سه‌ركه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت، دواجار كه‌وته‌وه نێو شتێك كه هه‌وڵی خاپووركردنی ده‌دات. ئه‌و له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر “به‌هاكانی خۆرئاوا” و “سه‌نترالیزمی ئه‌وروپی” كرده‌وه دژ به لێشاوی په‌نابه‌ران و به‌تایبه‌تیش موسوڵمانه “دواكه‌وتووه‌كان”. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه ڕه‌خنه‌ی توند له‌بزوتنه‌وه چه‌پڕه‌وه‌كان ده‌گرێت، لێره‌وه هه‌ڵوێسته‌كانی ژیژه‌ك چووه خزمه‌تی كهنزهرڤهتیڤهكان و ڕاستڕه‌و و بگره ڕاسیستهكانهوه.
دیسان با ئه‌و پرسیاره بكه‌ینه‌وه داخۆ یاخیبوونێك هه‌یه نه‌چێته خزمه‌تی هێزێك یان ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌وه؟ ئه‌ی یاخیبوون هه‌ر بۆ خۆیه و مانه‌وه‌یه له‌نێو چوارچێوه‌یه‌كی تاكه‌كه‌سیدا؟ بێگومان نه‌خێر. كاتێك باس له تاقانه‌یی ئه‌كتی یاخیبوون ده‌كه‌ین مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه له ئاستی تاكه‌كه‌سیدا بمێنێته‌وه، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه له “نێوان” و “ناوه‌ڕاست”ـه‌كانه‌وه بڕوات و بچێته خزمه‌تی گوتارێكی تاقانه و ناوازه‌وه دژ به‌سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌ی كه له گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا یه‌كتر دووپاتده‌كه‌نه‌وه ناتوانن گۆڕانكاریی ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر ئاستی ئابووریی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، به واتایهكیتر گۆڕانكاری ستراكچه‌ری، دروست بكه‌ن. گوتاری تاقانه ده‌شێت كۆلێكتیڤ بێت، گروپی بێت، گوتاری چینێك بێت، گوتاری هێزێك بێت و … هتد، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه گوتارێكی ناوازه‌ی داهێنه‌رانه بێت و دژ به سه‌رجه‌م ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی به‌شدارن له مانه‌وه‌ی دۆخی باودا ئیش بكات.