بنەڕەتە لاتینییەکەى وشەى فەرەنسیى réseau وشەى retis ـە، کە ماناى داو (بەن) دەگەیەنێت. ئەمەیش واتاى ئەوەیە تۆڕ لە زمانى و عەرەبى و زمانەکانى تریشدا ئاماژەیە بۆ داوەکان و چنین. تۆڕ لێکئاڵان و تانوپۆى داوەکانە. هەمیشە تۆڕ پەیوەست بووە بە پیشە و تەکنیکەکانەوە، بەڵام لە کۆتایى سەدەى هەژدەدا بە زۆرى لە پیشەى چنیندا کورتکرایەوە.
وشەکە هەر لە سەردەمى ئەفڵاتوونەوە بە چەندین جۆر بەکارهێناوە و فرمانى پێدراوە، بەم جۆرە سەیرى جەستە و مێشک کراوە، بگرە هەر لەم ڕوانگەیەوە جەستەى کۆمەڵایەتى وەک تۆڕێک یان زنجیرە تۆڕێک هەڵسەنگێنراوە. بەڵام وەک (داگۆنیى) سەلماندوویەتى، سەدەى هەژدە ئەو سەدەیە بوو کە ئەم چەمکە بەشێوەیەکى ئێجگار بەرچاو گەشەى کرد، چونکە تۆڕ بووە کلیلى تەفسیرکردنى هەر شتێکى سروشتى.
لەگەڵ شۆڕشى پیشەسازیدا، تۆڕە پیشەسازییەکان بەرامبەر تۆڕە سروشتییەکان دادەمەزرێنرێن، لێرەدا ئەندازیار دەبێتە نەخشەساز و دیزاینەرى تۆڕەکان. هاوکات، تۆڕەکانى هێڵى ئاسنین و تۆڕى تەلەگراف و دواتریش تۆڕە ئەلەکتریکییەکان پەیدا دەبن تاوەکو دەگات بە تۆڕى ئینتەرنێت. نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە تۆڕ، تەنانەت بەر لە دەرکەوتنى ئینتەرنێتیش، چووبووە نێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بگرە بەشێوەیەکى گشتى پەیوەندییە مرۆییەکانەوە.
چەمکى تۆڕ بۆ ئەوە دامەزرا کە جێگاى چەمکى درەختسازى و پەیوەندیى شاقوڵیى بگرێتەوە. درەخت دەزگایەکە لە فیکردا دەچێنرێت تاوەکو لە هەڵکشان و بەباڵاچووندا بڕوێت و گەورە ببێت، ئینجا ئەو ئایدیایانە (وەک بەروبووم) بگرێت کە بە ئایدیاى دروست وەسف دەکرێن. درەخت لە ناوکەوە دەڕوێت، لە ئەسڵدا ڕەگ دادەکوتێت، بە یەک ئاراستەى ستوونیدا بەرزدەبێتەوە. ئینجا بە خێرایى دەبێتە ماشێنى دابەشبوونە دووالیستییەکان. درەخت ڕەگدانان و لقوپۆپ دەرکردنە. سەیر نییە، بیرمەندانى پێشتر باسى “درەختى لۆژیکى” و “درەختى مەعریفە” و “درەختى بنەماڵە” و…هتدیان کردووە.
لەبەرامبەر “درەختى لۆژیکی”دا، تۆڕەکان هەوڵدەدەن پەیوەندیى ئاسۆیى بچنن، پەیوەندیدار و ترازاو لێکدەبەستنەوە بە ئامانجى دەرککردن بە ڕەوایەتیى ئەقڵانیى شتەکان و سروشتى بوون، بەڵام سەرەڕاى ئەوەیش بە تەواوەتى لە هەواى نەریتیى گەڕان بەدواى ڕێکخستەکان و ئامانجگەراییەکاندا، پارێزراو نابن.
دژ بە فەلسەفەى دیکارت کە خەریکى دامەزراندن و ڕەگدانان بوو، ئینجا دژ بە فەلسەفەى هیگڵ کە درێژە بە جووڵەى گەشەسەندن دەدات تاوەکو دەگاتە ئامانجەکەى. ژیل دۆلۆز گرنگى نە بە ئەسڵ دەدات و نە بە ئامانج، بەڵکو دەیەوێت چەمکى تۆڕ تا دوا سنوورى خۆى ڕابکێشێت، لەمەیشدا هەوڵدەدات لە چەمکە ئۆرگانییەکانى ڕێکخستن و ئامانجگەرایى ڕزگارى بکات، بۆیە دەیخاتە نێو “جەستە بێ ئەندامەکان”ـەوە. لەم پێناوەدا، ئەو مۆدێلى ووردە گیا دەهێنێتەوە کە لە ناوەندەکاندا گەشە دەکات. ئا ئەم ڕووەکە وورد و باریکەلەیەى کە نە سەرەتاى هەیە و نە کۆتایى، نە ئەسڵى هەیە و نە ئامانج هیچ نییە جگە لە “ڕیزۆم” (rhizome -ڕیشاڵ).
چەمکى درەختسازى گریمانەى سیستەمى هیراركى دەکات، کە تێیدا وەها لە درەخت دەڕوانرێت ڕەگ و لقە، قەد و پەلوپۆیە، ڕابوردوو و داهاتووە، دژ بەم سیستەمە درەختییە و دژ بە چەمکەکانى دروستکردن و گەشە و مێژوو و پەرەسەندن، دژ بە درەخت کە سەنتەرێک پێکدەهێنێت شتەکان لە تەوەرەى بازنەییدا لەدەورى ڕیزدەبەستن و سیستەمێک لە پنت و دۆخەکان گریمانە دەکات و مەنزومەیەکى هیراركیان بەسەردا دەسەپێنێت، فەرمانەکانى سەنتەر دەگوازێتەوە و بە گوێرەى یادەوەرییەکى ڕوولەدوا “مومکین – شیاو ” دەخاتە نێو چوارچێوە و سنووردارى دەکات، دژ بە هەر هەموو ئەمانە، چەمکى ڕیزۆم دادەمەزرێت کە جیهانێک دیاریى دەکات تێێدا حەقیقەتى شتەکان دەخرێنە نێو پەیوەندییەکان و نێوانەکانەوە کە سەر بە سنوورە پێکهێنەرەکانى شتەکان نین، بۆیە ئەم چەمکە دەمانخاتە بەردەم پەرتوبڵاوییەکان، بەردەم پەیوەستیى ماوە کورت، کە بە گوێرەى بنەماى تووند و ئاسنین ناڕوات و ناشگات بە خودى ئەو ئامانجەى کە دیاریکراوە. مەنزومەکان هیراركیى نین، هیچ نین جگە لە گەشەکردنى لاوەکى و سیستەمێکى فرەیى و ڕیزبەندییەکى هەڕەمەکى و پنتى چاوەڕواننەکراو. ئەوانە چارەنووسى نێوان ڕەون و لە نێوانهكاندا، نە ڕابوردوویان هەیە و نە داهاتوو، چارەنووسى بێ یادەوەرین. هێڵکارین نەک نەخشەى لەبەرگیراو، جوگرافیان نەک مێژوو، گەشت و کۆچن نەک مانەوە و نیشتەجێبوون. هەموو ئەمانە ڕیزۆمن؛
ڕیزۆم ئەوەیە لەنێوان شتەکاندا بیر لە شتەکان بکەیتەوە. ڕەگ نییە، ڕەگەتۆڕە؛ پنت نییە، هێڵە. ڕیزۆم باڵەخانەى بیابانە، نەک جۆر و ڕەگەزەکان بە گوێرەى ویستى دابەشبوونى درەختى.
لە کتێبێکى هاوبەشى دۆلۆزدا ئەم کۆتەیشنە لە هێنرى میللەر دەخوێنینەوە:
”گیا تەنیا لەنێوان شوێنە نەکێڵراو-دانەچێنراوەکاندا بوونى هەیە. بۆشاییەکان پڕ دەکاتەوە، لەنێوان-نێواندا، لەنێوان شتەکاندا سەوز دەبێت… گیا هەڵدەقوڵێت، وانەیەکە دەربارەى ئەخلاق”.
گیاکان بە بڕینى ڕەگەکانیان وشک ناکەن، چونکە بەخێرایى تازەدەبنەوە و لە هەر پنتێکەوە و بە هەر ئاراستەیەکدا بێت هەڵدەقوڵێنەوە، دەڕژێنە سنوورەکانەوە و ماشێنە دووالیستییەکان دەکەن بەژێرەوە، بە گوێرەى گەلێک هێڵ دەجوڵێن کە بەرەو جووڵەى پنتەکان لابەلا نابنەوە. هێڵى ئەوتۆ کە نە سەرەتایان هەیە و نە کۆتایى، هێڵە هەڵاتووەکان، هێڵەکانى هەڵهاتن. بەڵام هەڵهاتن بۆ دوور نا، هەڵهاتن بۆ دەرەوە نا، ئەوانە هێڵەکانى هەڵهاتنن کە بەشێک لە تابلۆى وێنەکێشێک پێکدەهێنن.
ڕیزۆم، وەکو تۆڕ، تەنیا بەوەندەوە ناوەستێت سیستەمێک دابمەزرێنێت بیخاتە جێگاى سیستەمەکەى پێشوو، تەنیا بەوەندە واز ناهێنێت ئاسۆیى بخاتە جێگاى ستوونى، بەڵکو جومگەى نائاگایانە بۆ پێکەوەبەستن دادەمەزرێنێت. لێرەدا “لۆژیکى مانا”ى تەقلیدى بۆ دەرککردن بە سروشتى بوونەوەر دادمان نادات.
جیهان جووڵەى دەلالەت و مانا نییە، هەر بەو جۆرەى کە ملکەچى ڕێکخستن و پۆلێنکردن نابێت. هیچ ڕێگەیەکى ترمان نییە جگە لەوەى لێرەدا دەستبەردارى سیستەمێک بین کە تێیدا بە گوێرەى “یەک” و “فرە” لە بوونەوەر دەڕوانرێت. چونکە مەسەلە بنەڕەتییەکە لاى دۆلۆز ڕزگارکردنى فرە نییە، بەڵکو ئاراستەکردنى فیکرە بەرەو چەمێکێکى نوێى ‘یەک’، کە بە گوێرەى دەربڕینى خۆى ”نە یەکە و نە فرە… بەڵکو یەک دەنگیى فرەیە، کە هەزاران دەنگى تێدایە”.
سەرچاوە:
http://www.mominoun.com/articles