زاهیری عه‌به‌ ڕه‌ش له‌گه‌ڵ خوێندكاره‌كانیدا - ئه‌زموونێكی شانۆیی

سایکۆدراما بۆ قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی


Loading

زاهیر عەبەڕەش

سایکۆدراما

بەکارهێنانی میتۆدی سایکۆدراما بۆ ئەو کەسانەی دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر

نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

 

کچێکی حەڤدە ساڵان کە بەهۆی دەستدرێژی سێکسیەوە تووشی تراوما بوو بوو، پاشان بە میتۆدی سایکۆدراما چارەسەری بۆ کرا دەڵێت “سایکۆ دراما ڕێکردنە بە دڵ، بێ ئەوەی قاچەکانت لەدووات بێت“

 

لە کۆمەڵگەی کوردیدا خەڵکانێکی زۆرمان هەیە لە تراومادا دەژین بەهۆی دەستدرێژی سێکسیەوە، هەم لە کوڕ و هەم لە کچ، بێگومان ڕێژەی کچان زۆر زۆر زیاترە، بە تایبەتی دوای ساڵی 2014 کە داعش ناوچە کوردییەکانی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بە هەزارەها ژنی ئێزیدی بوونە سەبایە و لە بازارەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێکرا. دوای تەواو نەمانی دەسەڵاتی داعش لەو ناوچانەدا ژنێکی زۆر ڕزگاریان بوو، بەڵام لە حاڵەتێکی تراومادا دەژن و ژیانین تەواو سەروبن بوو. ئەم ژنانە هیچ ڕێگەیەک نادۆزنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، بگرە زۆرجار لە کۆمەڵگەکەی خۆشیاندا بەنەفرەت دەکرێن چونکە پاکیزەییان لەدەست داوەو یان دستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر. پاشانیش نە کۆمەڵگە و نە ڕێکخراوەکان و نەدەسەڵات هاوکار نین بۆ گەرانەوەی ئەم خەڵکانە جارێکی تر بۆ کۆمەڵگە. ئەمانە نەک هەرهاوکار نین بەڵکو هیچ ڕێگەیەک و هیچ میتۆدێک شک نابەن تا کاری لەسەر بکەن. ڕەنگە زۆرمان بیر لەوە بکەینەوە چۆن هاوکاریان بین؟ بە چ شێوەیەک دەتوانین بیانگەڕێنینەوە ناو کۆمەڵگە؟ چ میتۆدێک هەڵبژێرین؟ ڕەنگە کێشەکە تەنها ژنەکان نەبن ئەوانەی دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر، نەخێر، بەڵکو کۆمەڵگە و کەسە نزیکەکانیان، خێزانەکانیان، براو باوکیان، ئامۆزاکان و خاڵۆزاکانیان، ئەوانن لە هەموویان زیاتر پێویستیان بەوە هەیە لەو شۆکە دەرچن، لەو تراومایە دەرچن، کە کارەساتێکی وا ڕویداوە چۆن ئەتوانین خۆمان لە بیرکدنەوەی ئەو کابووسە ڕزگار بکەین؟ لەو بیرکردنەوەیەی کە دەڵێت شەرەفمان تکاوە و ئابڕوومان چووە؟ لەبەر ئەوە بە پێویستم زانی کە باس لە میتۆدێکی هونەری داهێنان بکەم کە دەتوانێت هاوکارمان بێت بۆ گەرانەوەی ئەم ژنانە  بۆ ناو ژیان.

چۆن دەتوانین سایکۆدراما وەک میتۆدێک بەکاربهێنین بە شێوەکی کۆنکرێتی بۆ چەرەسەری دەرونی بۆ  ژنانی یەزیدی وەک گروپێک کە تووشی دەستدرێژی سێکسی بونەتەوە؟

سایکۆدراما شێوازێکی بێهاوتایە کە وا لە ئەو کچانە بکات، کە ئەو دەرگا ئاسیسنە کلۆمدراوەی ناو ڕۆحیان بکەنەوە و ڕێگە بە پەیوەندی کردن بدات  لەگەڵ هەست و سۆزەکاندا داخراوەکانی خۆیاندا، لەگەڵ لەش و لارو جەستەیاندا. چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی سایکۆدراما گەڕانەوەو دروستبوونی متمانەیە، لە پێش هەموو شتێکدا سایکۆدرامادا لەگەڵ ئەو گرووپەی کاری لەگەڵ دەکەیت دەبێت متمانە دروست بکەیت.

لە سایکۆدرامادا خۆی ڕێگەیەکە بۆ دروستبوونی متمانە. متمانە بەیەک بوون زیاتر دەبێت کاتێک ئەو کچانەی کە تووشی دەستدرێژی بوون کە  باس لە خۆیان دەکەن باس لەو تراومایە دەکەن ئەو کات دەبنە پاڵەوان.  یان لە ڕێگەی باسکردنی ئەوانیترەوە خۆی دەبینێتەوە، تێگەیشتنی  بۆ خاڵە لاوازەکانی خۆی دەبێت، ئەو کەسەشی بۆ وەرگرتنی چارەسەر هاتووە، بۆ ئەوەی لەو تراومایە ڕزگاری بێت. تۆ وەک سایکۆدرامیستێک وەک پیداگۆگێک وەک دەرهێنەرێک، هاوکاریت کردووە لە شوێن گۆڕکێدا، تۆ شوێنەکەیت بۆ گۆڕیوە،  لەشوێنێک ڕووداوەکە دووبارە دەکاتەوە کە ئەو شوێنە نییە کە دەستدرێی کراوەتە سەر، ئەوەش هاوکارێکی باشە بۆئەوەی نەرم و نیانتر بێت ڕەوشەکە هێمنتربێت کە وەک لەو کاتەی کە بەسەریدا هاتووە. ئێستا ڕەنگە کەمێک لەو کاتە ئارامتربێت.

کارکردن لەگەڵ ئەوکاسانەی کە توشی ئەو دەستدرێژیکردنی سێکسی هاتوون یان لە حاڵەتی تراومادا دەژین بەمانای ئەوەی ئەو کەسانە ڕووبەڕوی خۆیان ببنەوە، واتە بینینی خاڵە لاوازەکان و خاڵە بەهێزەکانی خۆیان، بینی دیووە ناسکی، فریشتەی ومیهرەبانیەکانی مرۆڤ. هەروەها لەگەڵیشیدا بینینی دیووە بەدخو و شەڕەنگێزیەکانی، چونکێ مرۆڤ تەنهاو تەنها پێکهاتەیک نییە لە فریشتە یاخود شەیتان، مرۆڤ هەڵگری هەردوو خەسڵەتەکەیە. ئەگەر تۆ لێکۆڵینەوە لە تراوما بکەیت بەواتای شاهیدی ڕووداوە ترسناکەکان و ناخۆشەکان بیت. لەم تەماشکردنەشدا تۆ وەک بینەرێک مەحاڵە بێلایەن بیت، لەم کاتەدا بینەر هەڵوێست وەردەگرێت. ڕەنگە دژوار و سەخت بێت تۆ لایەنگیری کابرای دەستدرێیکەر بگریت، تاکە شتێک کە تۆ بیکەیت، ئەوەیە کە تۆ هیچ نەکەیت. چاودێر بیت بەسەر ڕووداوەکەوە… کەسی قوربانی لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە بینەران دەکات کە ئەو ئازارەی لەگەڵدا بەشبکەن، و  قوربانی داوای کردار، بەتەنگەوەهاتن، بیرکردنەوە دەکات.

 

بەرگری دەستدرێژیکەر لە خۆی

دەستدرێژیکەر هەموو کارێک دەکات بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی، بێدەنگی و نهێنی نەدرکاندن یەکەم بەرگریە کە دەستدرێژیکار لە خۆی کە دەیکات. دوای هەر دەستدرێژیکردنێک  چاوەڕێ ئەوە دەکرێت کە دەستدرێژی کار هەمان مشت و مڕێ پێشوو هەمان بەڵگە بهێنێتەوە، وەک: هەرگیز شتی وا ڕووینەداوە، ئەمە یەکەمجارە، قوربانی درۆدەکات، زیادەڕۆی دەکات، ئەگەر دەستدرێژی دەڵێت؛ ئەو خۆی دەستپێشخەر بوو ئەو وایکرد من ئەوە بکەم… هتد. ئەمە ئەو دیالۆگەیە کە ڕەنگە لە زۆربەی دادگاکاندا گوێت لەزاری دەستدرێژکارەکەوە گوێت دەبێت.  ئەمە ئەگەر ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە وەک تاکەکەس، ڕەنگە گوێت لەم دیالۆگانە بێت؛ من خۆم قوربانیم،  با ڕابوردوو هەڵنەدەینەوە…هتد. دەستدرێژیکار هەموو بەڵگەیەک دەهێنێتەوە ڕەنگە دژواربێت کە بینەر بتوانێت بەرگەی ئەو درۆیانە بگرێت، ئەگەر قوربانی کەسێکی پشگوێخراو بێت یان منداڵێک بوو بێت.

بەڵام ئەی دەبێت ئەو دەستدرێژیکارانە کە هێرشیان کردە سەر ژنانی ئێزیدی چی بڵێن؟ ڕەنگە لە زۆربەی ئەو کەسانەی کە گیراون گوێت لەم بەڵگەهێنانەوە  بێت بۆ کارەکانیان، کە دەڵێت؛ من خۆم قوربانیم، ئەمیرەکەم پێکردم، ئەگەر ئەم کارەم نەکردایە ڕووبەڕووی مردن دەبوومەوە، دەزانم دەکوژرێم و لە سێدارەم دەدەن، لەبەر ئەوە هیچ قسەکردنێک کەڵکی نییە… من هیوام دەخواست  ئەو داعشانەی کە ئێستا لە زیندانەکاندا، بە ڤیدیۆ هەموویان تاک بە تاکیان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت، بە ڤیدیۆ تۆماربکرێت و ئەرشیف بکرێت چونکە زۆر گرنگە وەک سەرچاوەیەکی زانیاری، وەک ئەرشیفێکی مێژوویی لە زانیاری، بۆ لێکۆڵەروانی داهاتوو، بۆ دوارۆژ وەک دۆکۆمێنت کارکردن لەسەر ئەو بابەتە و لەسەر دەستدرێژی کردن، لەسەر پیادەکردنی توندوتیژی، بە ناوی ئاینەوە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا. ئەرشیفنەکردنی ئەو کارە تاوانێکە دەرهەق بە کچانی ئێزێدی، تاوانێکە دەرهەق بە قوربانییەکانی ئەو کارەساتە، تاوانێکە دەرهەق بە مێژووی نەتەوەیەک، تاوانێکە دەرحەق بە لێکۆڵەروانی ئەو بابەتە، تاوانێکە دەرهەق بە توێژینەوە، بەزانست، زانیاری و هەقیقەت.

 

کیژێکی یەزیدی دوای ئازادبوونی لەدەست داعش – لە کەمپی پەناهەندەکاندا

تراوما و کۆمەڵگە داخراوەکان

لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا ڕەنگە  تۆزێک کارێکی دژاور و سەخت بێت کەسێکی دەستدرێژی سێکسی لەسەر کراو بتوانێت بە ئاشکرا باس لە ڕووداوە و شۆکەکەی خۆی بکات. نەک هەرئەوەندە، بەڵکو داوای یارمەتی لە دامودەزگا و کۆمەڵگەش بکات. لەبەر ئەوە، ئەو حاڵەتە ئەو حاڵەتە ترواماییانە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دی جیاوازەو. ئەگەر حاڵەتەکان کەسێتی بێت واتە تەنها کەسێک بێت، ڕەنگە کەسی دەستدرێژیکەر نزیکترین کەسی کچەکە بێت، یان لە فەرمانگەیەک بێت یان نزیکایەتیەکیان هەبێت. هەربۆیە، حاڵەتی تاک کە لە کۆمەڵگەیەکی پەراوێزخراوی وەک کوردستان ڕووبدات، دژوارە بە ئەوزوانە قسەیان لەبارەوە بکرێت، چونکێ  کچەکە هیچ پاڵپشتێک نادۆزێتەوە کە هاو هەستی بێت و پەنای بۆ بەرێت. یەکێک لە دیاردە خراپەکانیش ئەوەیە کە دەوروبەر وا نیشانیدەدات کە ئەو شتانە و ئەو کەسانە بوونیان نییە. ئەوەش هۆکارێکی تەواو بنچینەیە کە ئەو کچانەی دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر هیچ باوەڕ و متمانەیەکیان نە بەخۆیان نە بەکۆمەڵگە هەیە.

لە لێکۆڵینەوەی تراومادا دەبێت مرۆڤ هەمیشە دژی ئەو بۆچونانەبێت، کە دەسترێژیلێکراو واتە قوربانی، باوەڕی بەخۆی نەبێت یان وا نیشانبدرێت کە فەرامۆش دەکرێت، یان رووداوەکە نادیدەبگیرێت. حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی ئێزیدی لە حاڵەتێکی تاکە کەسی نییە، ئەوان بەکۆمەڵ دەستدرێژی کراوەتەسەریان ناشتوانرێت پەردەپۆش بکرێت. ئەوەش دەرگایەکەی ئاوەڵا کردەوە کە حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لە کوردستان هەیە، ئەوان هەم بەتەنها هەم بە کۆمەڵ پێویستان بە تێماکردنی دەروونی هەیە، پێویستیان بەوە هەیە کە ئاشتبکرێنەوە بەکۆمەڵ پێویستیان هەیە کە لە دۆخی تراوما دەربچن.

لە مێژووی ڕوداوەکانی دەستدرێژی کردنی سێکسی ئەوانەی کە دەستدرێژیان کراوەتەسەر، لە کۆمەڵگادا بێ ڕێز و فەرامۆشکرابوون، ئەوەش هێندەی تر ئازارەکانیانی سەخت کردوون،  زۆرجار لە دۆخی وادا بەوە تاوانبارکراون کە ئەوە چیرۆکێکی هەڵبەستراوە، جا ئەکەر ڕووداوەکەش ڕاستی بووبێت، ئەوەش هێندەی تر  ئەوکەسە تووشی شۆک بووە. ئەوەتا له‌ سالی 1882 – Alfhild Agrells   ئالفیلد ئاگرێلس، کتێبێک بڵاوده‌کاته‌وه‌ به‌ ناوی ڕزگارکردن (räddad)  که‌ دوو شانۆنامه‌ی له‌ خۆ گرتبوو ( ته‌نهایی و حوکمدار )، ئالفێلد له‌ ژێر کاریگه‌ری” شانۆی ماڵی بووکه‌شووشه‌”  ئه‌و دوو شانۆ نامه‌یه‌ ده‌نووسێت، دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌ شانۆییه‌ توانی به‌ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه‌وه‌ بنوسێت، چونکه‌ تا ئه‌و کاته‌ به‌ ناوی تیرا – Tyra   ده‌ینووسی. له‌م دوو شانۆییه‌دا  ته‌نهایی و حوکمدراو با‌س له‌ کێشه‌ی دایک ده‌کات که‌ شووی نه‌کردوه‌.  له‌ شانۆیی حوکمدراو داوای ئه‌وه‌ ده‌کات، ئه‌و پیاوه‌ی که‌ سکی ژنه‌که‌ی پرکردووه‌ دەست درێژی سێکسی کردۆتە سەر هه‌مان حوکم بدرێت به‌سه‌ریدا وه‌ک حوکم به‌سه‌ر ژنه‌که‌دا ده‌دریت. ئەوەش بەواتای سەڕەڕای ئەوەی کە ژنەکە دەستدرێژی سێکسی کراوەسەر و حوکمدراوە، داوای ئەوە دەکات کە پیاوەکەش هەمان حوکم بدرێت وەک خۆی کە دادگا لەبری ئەوەی کە هاوکاری بکات سزای دەدات. بێگومان لەو سەردەمەدا ئەم دیسکۆرس و داوایە شتێکی زۆر ڕادیکاڵ و شۆڕشگێرانەبوو بۆ داواکردنی مافی ژنانی قوربانی دەستدرێژی سێکسی. لە خوێندنەوەی ئەم شانۆیەوە مێژووی دەستدرێژی کردنی سەر ژنانت بۆ ئاشکرا دەبێت.

جا بۆ ئەوەی خەڵک وشیاربکەینەوە لەم بابەتە، کۆمەڵگە زانیاری بەدەستبهێنێت و تاک لە حاڵەتی تراوما بپارێزین، پێویستمان بە پاڵپشتی و پشتگیریکردنی  بزوتنەوەیەکی هوشیاری هەیە، بزوتنەوەیەک کە شەرعیەت بدات بە هاوپەیمانێتی نێوان توێژەرەوان و نەخۆشەکان، بە بەرهەڵستکردن و شاردنەوەی ڕووداوەکان و ئینکاری ناتوانرێت چارسەری تراوما بکرێت و دەسدرێکی کردنەسەر ڕابگیرێت.

 

دەستدرێژی سێکسی

لە پێناسەی دەستدرێژی سێکسیدا، هەموو قسەیەکی ڕوومەتشکێن، بێزارکردن، هەموو هەڵسەوکەوتێکی ناشیاو هەتا دەستلێدان و بەرکەوتەی جەستەیی دەگرێتەوە، کاتێک منداڵێک دەستدرێی سێکسی دەکرێتەسەر پێویستی بە پارێزگاری لێکردن، دڵنیاکردنەوە و هاوکاری هەیە بۆ تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەوەی کە ڕوویداوە. کاتێک لاقەکەر کەسێکی نزیکی ئەو کەسەیە، منداڵەکەش وابەستەی دەستدریژیکارەکەیە، ئەم دەستدرێژیەش بەردەوام دەبێت بێ ئەوەی ئاشکرا بکرێت. کاتێکیش دەوروربەر ناتوانێت دڵنیایی  بۆ منداڵەکە دابین بکات. ئەوەش دەبێت ئازارو مەینەتیەکی زۆرتر بۆ منداڵەکە، ئەوەش شتێکی ئاساییە کە ئەو ئازارە لەگەڵ منداڵەکەدا گەشە دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی چەند نیشانەیەکی جیاواز وەک پەیوەندی دژوار لەگەڵ خۆی و لەگەڵ کەسانی تردا، هەندێک جار ئازاری خۆی دەدات و ناتوانێت پەیوەندیەکی ئاسایی لەگەڵ خۆی و خەڵکیدا دروست بکات. یەکێک لە نیشانە باوەکانی کەسێک کە لە تراومادا بژی بەهۆی دەستدرێژی سێکسیەوە ئەوە فشاری دەرونی پۆستراومایە \ PTSD . posttraumatiskt stressyndrom) کە لەساڵی 1980 وە بەفەرمی ناسێنرا.

 

پۆست ترواما – PTSD

دەتوانرێت وەک ناڕێکی یادەوەری ناویبێنین. یان ناڕێکی فشاری دوای شۆک.  ئەو ڕووداوە سەختە نەتوانراوە لێی تێبگەین و پۆڵینی بکەین لەگەڵ ئەزموونەکاناماندا پێکەوە گرێی بدەین. یادەوەریمان بۆ خۆی دەژی ، یادەوەری بە هەندێک شتی وەک دەنگ و بۆن لە ژینگە ئارام و پشووەکاندا لە چوارچێوەی پەیوەست بەتراوما دەوروژێنرێت و دووبارە دەژێتەوە وەک ئەوەی لە ئێستادا ڕووبدات. چونکە مرۆڤ هەندێک بۆن یان دەنگ لە یادەوەری مرۆڤدا دەمێنێتەوەو هەمیشە کاتێک گوێی لەو دەنگە دەبێت یان ئە بۆنە دێت بەسەریدا یادەوەریەکی دێتەوە یاد تووشی هەڵچون دەبێت.

وەک نموونەیەک ساڵی 2004 د، ا کاتێک دەمخوێند بە هاوینان و لە پشووەکاندا لە خانەی بیرکۆڵان بە شێوەی کاتی کارم دەکرد. هاوکارێکی کچمان هەبوو ناوی (لۆتە) بوو، ئەم کچە بە منداڵی باوکی چەند جارێک دەستدرێژی کردبووە سەر لە خانوویەکی هاوینە لەسەروی سوید. دوای ئەوەی گەورەبوو تەمەنی نزیکی سی و حەوت ساڵ بوو، ئەشقی کورێک بوو پەیوەندیان خۆش بوو، بەڵام ڕۆژێک کوڕەکە خانوویەکی هاوینە بەکرێ دەگرێت و بڕیار دەدات هەفتەیەک لە پشووی هاوین لەگەڵ لۆتە بەسەر بەرێت. بەڕیکەوت هەمان خانووی هاوینە بەکرێ دەگرێت کە بە منداڵی تێیدا لاقە کراوە، هەر لەوێدا لۆتە هەموو گیانی دەلەرزێت و دەقیژێنێت بێ هۆش دەبێت. وەک خۆی باسی کرد؛ هەموو ئە بیرەوەریە ناخۆشانەی هاتۆتەوە یاد، ئەو ڕۆژە دوا ڕۆژ بوو کە خۆشەویستەکەی ببینێت  و وازی لێهێنا. ئەوە نموونەیەک بوو کە باسمکرد هەندێک جار شوێنیش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئەو یادەوەریە ناخۆشە.

چارەسەری تراوما مەبەست ئەوەیە کە کەسەکە جارێکی تر کۆنترۆڵ بەدەستبهێنێتەوە، هەروەها پەیوەستکردنی هەست و سۆزە بەو شتانەی کە بیرو هۆش کە پێشتر بەرگەیان نەگرتووە.

مۆرینۆ جەخت لە لەسەر گرنگی بەیەکگەیشتنی مرۆڤەکان لە ناو خۆیاندا دەکات لە سپۆنتانیتێت و خوڵقاندن و کاری داهێنان و کرانەوەی کەسێتی و سەرکێشی کردن. ئەوەش دەڕبڕینی چەمکی ( ئێرە – ئێستا) یە واتای وەک ئەوەی کە هەیە، ئەوچەمکەش هەزاران ساڵە لە زن و بودیزمدا هەیە کارەکتەری سەرەکی بە شێوەیەکی دراماتیکی ژیانی خۆی بەشێوەی شانۆ نمایشدەکات بۆ ئەوەی ئاگای زیاتری هەبێت لە خۆی و پەیوەندیەکانی. بەشێوەیەکی کۆنکرێتی گوزارشت لە هەست و سۆزەکان و هەڵوێستەکانی دەکات بۆ ئەوەی ئەو هەول و مەرجە بخوڵقێنێت و بگاتە کاتارسیس.

 

گەڕان بەدوای خود دا

سایکۆدراما بەمشێوەەیە میتۆدێکە بۆ گەران بەدوای خود و پەیوەندیەکان، بەوشێوەیە دەرفەتمان پێدەدات کە وەک مرۆڤ گەشە بکەین. لەخوارەوە هەندێک چەمکی بنەڕەتی لە سایکۆ دراما باس دەکەین کە شکردنەوەیان بۆ دەکەین:

خۆ گەرمکردنەوە

مەبەست لە خۆگەرمکردنەوە ئەوەیە:

  • هەستکردن بە دڵنیایی و متمانە و سەلامەتی لە نێوان بەشداراندا و ئەوانەی کە پەیوەندیان لەگەڵ دروست دەکەن لە نمایشەکەدا.

  • ئەو نۆرمانەی کە ڕێگە بە نائەقڵانی و توانای قووڵی پێسبینی نادەن.

  • دروستکردنی هەستی دڵنیایی لە ناو گروپەکە، کە بە بوێرن سەرکێشی بکەن و لێکۆڵینەوە لە نادیارەکان بکەن، کەسەکان هاوکاری بکرێن کە پەیوەندی بە جەستەی خۆیانەوە بگرن

دەرهێنەر ئەوکەسەیە کە سایکۆدراماکە بەڕێوەدەبات و ئاڕاستەیان دەکات، ئەو چەندین کاری هەیە وەک، دەرهێنەر، پیداگۆگ، سەرۆکی گروپەکە، بەرهەمێنەرو چارەسەرکەری دەروونییە.

تێلێ– پەیوەندی نێوان کەسەکانە کە بە پشتبەستنی دوولایەنە بنیاتدەنرێت

شانۆ جێگایەکە پاڵەوان هەڵیدەبژێرێت بۆ پێشکەشکردنی نمایشەکە.

هاوکار auxiliary _ گرووپی بەشدارانن کە چەند ڕۆڵێکی جیاواز لە نمایشەکەدا دەگێڕن کە پاڵەوان ڕۆڵەکان بەسەریاندا دابەش دەکات، وێنەی کەسەکان، کاڵاکان و ئەبستراکەتەکانیش (چەمکە خەیاڵیەکانیش) دەگێڕن. ئێکسسوار وقوماش، جل وبەرگ هەموو ئەوشتانە لە دیمەنە شانۆیەکەدا هاوکاریمان دەکات بۆئەوەی  زیاتر مۆرکێکی واقیعی بە شوێنەکە ببەخشین کە هێز بداتە پاڵەوان و بەشداران کە بەشێوەیەکی بە هێزتر ڕۆلەکانیان بەرجەستە بکەن.

بینەران ئەو کەسانەن کە هاتوون بۆ بینینی نمایشەکە بەڵام هیچ ڕۆڵیک نابینن و تەنها تەماشاکارن. دەشتوانرێت هەوڵ بدرێت بەشداریان پێبکرێت.

ڕیالستییەکی زیادە   Sur plus reality ­– سەیرکردنی ئایندە لە ڕۆڵبینیندا، خەونەکان و ئاواتەکان.

کاتاریس- Katharsis: هەستکردن بە ئەنجامدانی شتێک کە پێویست بوو بیکەیت، گوزراشتکردن لەو هەستە ( لە هەندێک شانۆیە کلاسیەکیەکاندا بە پاکبوونەوەی ڕۆحی ناوزەند دەکرێت.

هاوبەشیکردن Sharing: ڕاستەو خۆ دوای پێشكەشکردنی دراماکە، گروپەکە کۆدەبنەوەو پاڵەوان لەتەنیشت دەرهێنەر دادەنیشێت، هەوڵدەدت بەهەمان هەست و سۆزی ناو دیمەنەکە پاڵەوان بهێڵرێتەوە. نابێت دراماکە شیبکرێتەوە سەرنجت لەسەر دراماکە بێت، بەڵکو گرنگە باسی هەست و سۆزەکانی خۆیان لەسەرچاوەی ژیانی خۆیانەوە باسی بکەن.

 

سایکۆ درامای ABCD

کاتێک مرۆڤ درامایەک پێشکەش دەکات چەند هەنگاوێکی سەرەکی ئەو هەنگاوانەش پێی دەوترێت سایکۆدرامای ABCD

  • کاتێک لە ئێستادا دیمەنێکی هەنووکەیی و ئێستاکێ پێشکەشدەکەیت ئەوەیە کە لە بیرتە و ڕوویداوە، زۆرجار ئەو دیمەنە دیمەنێکی بیرەوەری ناخۆشە، لەوانەیە لە کاتی منداڵیدا بەسەرت هاتبێت و ڕوویدابێت

  • مرۆڤ ئەو دیمەنە نمایشدەکاتەوە، کە ئەو کاتە نییە، بوار بە چەسپاندن و ڕازیکردنی هەستەکانت دەدەیت، گوزارشت لەوەدەکەیت دەرتنەبڕیوەوە نەتوێراوە بیڵێیت و نەتدرکاندووە، لە خۆڕا بەدوای ئەو جوڵانەوەی جەستە و گیانت دەکەویت، بەواتای شتێک دەکەیتکە پێویست بوو ئەوکات بیکەیت بەڵام ئەکاتە نەتوانیووە بیکەیت.

  • پاشان دیمەنەکە وا نمایشدەکرێت کە دەبوایە ئاوابوایە، وەک ئەوەی مرۆڤ خۆزگەی دەخواست بەو شێوەیە ڕوویدابایە.

  • تێکەڵکردنی ئەزموونی نوێ، دوا دیمەن کە وا پەیوەندی بە ئێستاوە یان داهاتووەوە هەبێت.

زۆر جار لە هەر یەکێک لەو هانگاوانە چەند دیمەنێک نمایش دەکرێت ئەوەش بۆ ئەوەی هەستەکان گەورەتر و ڕۆشنتربکرێت. سایکۆدراما میتۆدێکی کرداریە کە ئامانج تێیدا ئازاکردنی ئاکسیۆن و چالاکییەکانە.

بۆچی سایکۆدراما؟

زۆرێک لە کاریگەریەکانی تەکنیکی چالاکیەکانی چارەسەری دەروونی سەرچاوەکەی دەگەرێتەوە بۆ میتۆدی سایکۆدراما. لەورێگایەوە دەتوانرێت هاوکاری کەسێک بکرێت بەشێوەیەکی شانۆیانە ودرامیانە کێشەکانی خۆی وێنا بکات لەبری ئەوەی تەنها باسی بکات، سایکۆدرامی میتۆدێکە کە تێکەڵەیە لە شیکاری ئیدراکی cognitive  the analysis  لەگەڵ دەستبەجێ ئەو هەستانەی کە ئەزموونی دەکەیت و هەروەها ئەوکەسانەی چاپوکانە بەشدار و هاوکارن.

هەروەها ئەم میتۆدە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی ئەوە دەکەن کە ئەزموونەکانیان بە زانیاری و ڕۆشنبیری بکەن. هەروەها بەکاردێت بۆ ڕوونکردنەوەی ناکۆکییە سۆزداریەکان هەروەها دەتوانێت یارمەتی دەربێت بۆ گەشەسەندنی بەها سروشتیەکان و لاپەڕە نادیارەکانی کەسەکە. تاکە لەڕێگەی سایکۆدراماوە دەتوانێت ئاشنابێتەوە بە ڕەهەندی ئەزموونی کەسێتی خۆی،کە بەهۆی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەوە پشتگوێخرابوو: داهێنان، خۆبەخۆی دراما، خوڵک و ڕووخۆشی، گەمەکردن، بۆنەی سەما، جوڵەی لەش و لار، بەرکەوتەی جەستە، خەیاڵ، موزیک، ئەو پەیوەندیانەی پێویستی بە قسەکردن نییە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە هەموو توانایەمان گەشە پێبدەین بۆ گەمەکردن،  بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تواناکانی منداڵیمان بکەین، بۆ ئەوەی دەستبەجێ لەتافی گەورەبوونماندا داهێنەرو خوڵقێنەربین.

 

بۆچی میتۆدی سایکۆ دراما بەکاربهێنین بۆ ئەو کچانەی دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر؟

 مۆرینۆ زۆر بەسەرکەوتوویی بەر لە سەد ساڵ کاریێکی زۆری لەگەڵ لەش فرۆشەکان و هەروەها ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامی لاقەکردندا توشی تراوما هاتبوون، ئەو خۆبەخۆییە ( العفوية spontaneity ) سپۆنتانیتێتی کردە مەبەست لە سایکۆدرامادا کاتێک دێتە سەر چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە تووشی تراوما هاتبوون.

بەگوێرەی کێلەرمان و لە کتێبەکەیدا Psychodrama with trauma survivors (Kellerman&Hudgins 2000). کێلەرمان لە کتێبەکەیدا شەش ڕوانگەی گرنگی چارەسەری دەروونی کە پێکهاتەی لەسایکۆدرامادا دەست نیشاندەکات کاتێک لەگەڵ ئەو کەسانەی تووشی تراوما هاتوون کاربکات.  کێلەرمان جەخت لەوەدەکاتەوە کە پێویست ناکات هەمان ڕێسای کارکردن بۆ هەموو گروپێک بەکاربهێنین، بەڵام ئەم نموونانە ئەوەمان پیشاندەدات کە بۆچی سایکۆدراما میتۆدێکی زۆر گرنگە بۆکارکردن لەگەڵ ئەوکەسانەی تووشی تراوماهاتوون لەگەڵ چارەسەری بەکۆمەڵدا گونجاوە.

دیمەنێکی شانۆی تراوما نواندن 

 کەم تا زۆر ئەو تراوما خەفەکراوە، ئەو بیرەوەری و ڕووداوە ناخۆشەی کە بەسەر کەسەکەدا هاتووە،  ئێستا لە کەشێکی ئارامدا نمایشدەکرێت و پیشاندەدرێت. پاڵەوان ( پاڵەوان بۆ ڕێزلێنان لە کەسەکە مەبەست ئەو کەسەیە کە ڕووداوەکەی بەسەردا هاتووە لاقە کراوە یان لە لە تراومادا دەژی) بەوردی بیرەوەریاکانی دەهێنێتە قسە و ئەو بەسەرهاتەی کە بەسەر جەستەیدا هاتووە دەیهێنێتەوە پێش چاوی خۆی بەو ئەندازەیەی کە بتوانێت بەشێوەیەکی وردەکاری. ئەو ڕووداو و بەسەرهاتە ناخۆشە لەسەر شانۆ نمایش دەکرێت، پاشان لەسەر ئاستێکی مەعریفی، و ئیدراکی – کۆگنەتیڤی کنەو پشکنین و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

 

پاکبوونەوەی هەستەکان، کاتاریسی هەستەکان 

خەڵکانی تووش بوو بە تراوما هەستەکانی خۆیان لە ناوەوە کڵۆمدەدەن، کاتێک بتوانی دەرگاداخراوەکانی سەر هەستەکانت بکەیتەوە، ئەوە تیمارکردنێکی گەورەی ڕۆحە، زۆرگرنگە ئەوە بە توانست و ڕەوتی نەخۆشەکە ئەنجامبدرێت.

ڕۆژگاری جێماووەک – ئەگەر

ئەمە مانای ئەوەیە کە پاڵەوان دەخوازێت دیمەنێک لەسەر شانۆکە ئامادەبکرێت کە پاڵەوان ئاواتەخوازبوو ڕووداوەکە  بەوشێوەیە ڕوویبدایە، بۆنموونە؛ دیمەنێک کە دایکێک کچکەی لەدەستدەتدرێژی سێکسی ڕزگار دەکات، یان کوڕێک پەلی کچێکی ئێزیدی دەگرێت و بە ڕێگەی لە شاری ڕەقە وە قاچاخدا دەیگەیەنێتە کورستان بە کەسوکارەکەی شادی دەکاتەوە بێئەوەی کوڕەکە بهێڵێت کەس لاقەی بکات.  ئەوە دەکرێت بۆ بەهێزی کردنی جیهانی سوژەیی  ناوەوەی کەسی تووشبوو بە تراومایە.

 

تێلێ

 پەیوەندی، بەهەست، کرانەوەو هاوبەشی  نێوان مرۆڤەکانە، کۆمەڵ یان گروپ دەتوانێت هاوکاری کەسی تووشبوو لە کۆمەڵگە بکات بەوەی هەستێکی دڵنیاییی، ڕێزی خۆگرتن، خۆبەکەم نەزانین و نزیکایەتی پێبەخشێت. وێڕای ئەندامانی کۆمەڵگە یارمەتی ئەندامانی دەدات کە تەوقی گۆشەگیری بشکێنن و ئەیاندۆزنەوە، توشبوان بە تەنها نین کە کاردانەوەیان هەیە لە بەگژاچونەوەی تراومادا.

ڕیتوالی تیراپیانە ( ڕێورەسمی چارەسەریانە): دوای ئەو ڕووداوی شۆک و تراومایە ، ڕیتوال زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کە ئەو هەستی دڵنیایە، ئەو زەمانەتە بدەینە ئەوکەسانە  کە ئەوان بتوانن بەشێوەیەکی هێما (سیمبولیکی) گوزارشت لە هەستەکانی خۆیان بکەن.

 

پێگەی ئاوێنە 

بۆ ئەو خەڵکانەی کە توشی تراوما هاتوون بەکارکردن لە ڕەنگدانەوەی یان پێگەی ئاوێنە زۆر گرنگ و پڕ بایەخە.  ئەوەش بەمانای ئەوەی لە دەرەوە سەیری ڕووداوەکەی خۆت بکە، وەک بینەرێک سەیری بەسەرهاتەکەی خۆت بکە نەک وەی خۆت بەشداربیت. کەڵکی ئەو مەشقەش ئەوەیە کە تۆ ئەزموونی ئەو ڕوداوە دەکەیت کە ڕوویداوە بێئەوەی بچیتە ژێر کاریگەری ڕووداوەکە، ڕەنگە لەڕیزی دواوە بیت خەڵکی تر لە پێشتەوە بێت  و دانیشتوون، ئەوەش وەک پارێزگاریەک لە تۆ، ئەو مەودایەش وادەکات ئەو وردەکاریە ترساناکەنەی ڕوداوەکان  وەرگریت و  بتێبگەیت و لەخۆی بگریت، بەجۆرێک بەشێوەیەکی ئیدراکی مامەڵە لەگەڵ زانیاریەکاندا بکەیت.

چارەسەری بەکۆمەڵ

 ئەوانەی هەمان ئازاری هاوبەش كۆیاندەكاتەوە هەست بەجۆرێك لە ئاسوودەیی دەكەن كاتێك پێكەوە دادەنیشن.  زۆر گرنگە بۆ چارەسەری ئەو کچانەی کە لاقەکراون و دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر جا چ بەکۆمەڵ یان بەتاک لە پێشدا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت، پاشان ئەگەر ئامادەبوون لەگەڵ دایک و باوکیان یان خۆیان و دایک و باوکیان، یان کەسوکاریان، پرسیاری کۆنکرێتی و ڕاستەوخۆیان لێبکرێت لە بارەی دەستدرێژیەکە. زۆر گرنگە کە بۆچون و دیدی دایک و باوکیان بزانرێت، چونکە ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئێراق، کوردستان، یان هەرکۆمەڵگەیەکی ئیسلامی و داخراودا، چەندێک توندو تیژی بەرامبەر کچەکە کراوە لەو لاقەکردنە ناخۆشتر ئەو توندوتیژیە کۆمەڵایەتیە کە دەوروبەر بەرامبەر ئەو ژنە دەیکات کە دەستدرێژی  سێکسی کراوەتەسەر ، چونکە لەو کۆمەڵگا داخراوەنەدا پێیانوایە مادام دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر  کچەکە ئیتر ئەوە کەسێکی گڵاوەو و شەرەفی تکاوە. زۆر گرنگە هاوشان لەگەڵ چارەسەری دەروونی بۆ کچەکە، لەهەمان کاتدا چارەسەری دەروونی بۆ دایک و باوکیان یان کەسوکاری کچەکە بکرێت. زۆر گرنگە حکومەتی کوردستان و ڕێکخراوەکان هاوکاری کەسوکاری ژنە قوربانیەکان بکات بەوەی کەسانی پسپۆڕ ، شارەزاو دەروونزان لەگەڵیندا کۆبێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو دەستدرێژی و لاقەکردنەی کە بەسەر ژن و کچ و خوشکەکانیان هاتووە، وەک ئەوە سەیر بکەن کە لە جەنگدا بەدیل گیراون، وەک هەموو ئەو ژنانەی کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا دەگیران ئەگەر بەربوونایە کەسو کارەکەی شانازی پێوەدەکرد. پاشان هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا گرنگە باسی ئەوەشیان بۆ بکرێت کە ئەوان چ مافێکی یاساییان هەیە. دەتوانرێت باسی ئەو بابەتەش بکرێت کە ئەو دەستدرێژیە چ کاریگەریکەی کردۆتە سەر ژیانی ڕۆژانەی، چ زیانێکی بە ڕۆتینی ژیانی ئەو کەسە گەیاندووە. ئەگەر خوێندکار بوو چ کاریگەریەکی کردۆتە سەر خوێندن، پەیوەندیەکانی خێزان و هاوڕێەتی، حەز دەکات بە چ شێوەیەک هاوکاری وەربگرێت. دەچێتە زۆر ئاسایی تۆ وەک  کەسی مامۆستا یان چارەسەر کەر ڕاستەو خۆ نیشانەکانی دوای شۆکەکە ببینیت.

یەکێکی دی لە کاریگەریەخراپەکانی تر ئەوەیە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی مەراق و پیش خواردنەوەئەو کەسە تووشی سایکۆسۆماتی دەکات. ئەی سایکۆسۆماتیک چیە؟ سايكۆ واته‌ ده‌روون ، سۆماتیک واته‌ جه‌سته‌. واتە پەیوەندی نەخۆشیە هاوبەشەکانی نێوان دەرون و جەستەیە. پەندێک هەیە کە دەڵێت ( عقل سلیم في جسم سلیم – ئەقڵی تەندروست لە لەشێکی تەندروستدایە )  پەندەکە بەشێوەیەکی ڕوون باسی کارتێکردنی دوولایەنەی ڕۆح و جەستەدەکات، هەروەها پەندەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی باس لە دووانەیەکی دژ بەیەکی دەڕبڕینە، کاتێک جەستە نەخۆش دەبێت کاردەکاتە سەر ڕۆح و ئەویش  خراپ دەبێت وە کاتێکیش ڕۆح نەخۆش دەبێت جەستە ئازاری پێدەگات. پەیوەندی جەستەو ڕۆح مانایەکی تر دەمێکە زانراوەوە؛ ڕۆحی و جەستەیەیی پەیوەندیەکەی توندو توڵ و تەواویان پێکەوە هەیە، هەردووکیان تەواوکەری یەک شتن، ئەمیان کار دەکاتە سەر ئەوی تریان هەروەها بە پێچەوانەشەوە. بەواتایەکی تر تۆ دەتوانیت ئەو دەستدرێژی و لاقەکردنە لە سەر ڕووکاری جەستەیدا ببینیت. سایکۆسۆماتیک مانای شوێنەواری ئێشی دەروونی بەسەر جەستەیەوە، ئازاردانی خود و سەختی پەیوەندیکردن.

ئەی لە حاڵەتەدا چ شتێک هاوکارمان دەبێت؟ بۆ ئەوەی جەستەو ڕۆح بەیەکتری ئاش بکەیەنەوە، سایکۆ دراما بەستنەوەی جەستە و ڕۆحە. بەهۆی سایکۆدراماوە دەتوانرێت پردێک لە نێوان ڕۆح و جەستەدا دروست بکەیت ئەو دووانە وەک تەون چینین پێکەوە کاردەکەن نەک بەجیاجیا.

لە چاوپێکەوتنی دووەم جاردا دەتوانرێت بە قووڵی ڕۆبچیتە ژیانی کەسەکەوە و پرسیاری قوڵتری لێبکەیت، وەک پەیوەندی خێزانی، چ پەیوەندیەکی بە خێزانەکەیەوە هەیە، هەروەها بوونی توندوتیژی لە خێزاندا، خراپ بەکارهێنانی شت، شتێکی ئاسایە و بێگومان کچکە ڕەوشی خێزانەکەی بەهەند وەردەگرێت کە باسی دەستدرێژی بکات. زۆر جار دەیەوەێت دایک و باب بپارێزێت، زۆر جار باز بەسەر زۆر شتدا دەدات تەنها لەبەر ئەوەی کە  دایک و باوکی بیبەخشن. باشترین دۆخ ئەوەیە کە کچەکە هاوکاری بکات لە گروپەکەدا بەوەی کە باسی هەموو شتەکان بکات چی بەسەر هاتووە چی ئەزموون کردووە.

 

لە چوارچێوەی گروپدا

چارەسەری بەکۆمەڵ، جۆرێکی چارەسەرە یان مەبەست تێیدا ئەوەیە کە ئەو کچەکەی کە دەستدرێژی کراوەتەسەر، ئەزموونی بەسەرهاتەکانی خۆی هاوبەش بکات لەگەڵ کچەکانی هاوڕێی کە بەهەمەن دەردەوە دەناڵێن و هەمان دەستدرێژیان کراوەتەسەر. بۆئەوەی بە هەمووان کار لەگەڵ تراوماکەدا بکەن، بگەڕێنەوە ژیانێکی ئاسایی، ئەوەش بە ڕێگای میتۆدی داهێنان و قسەکردن دەستەبەر دەکرێت. زۆر لەو کچانە باوەڕیان بەهیچ پێشهاتێکی ژیانی خۆیان نەماوە، ئەو ئەزموونە لەژیان وەردەگرن کە بێدەنگ بن و قسە زۆر نەکەن، چونکە گرنگ نییە قسەکردن، هەست و سۆزەکاناین گرنگ نییە، بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، خەڵک سنوورەکانیان دەبەزێنن، بێئەوەی هیچ پارێزگاریەکیان لێبکرێت. زۆر گرنگە لە چوار چێوەیەکدا،  جاری وەها هەیە لە ژوورێکدا هەموویان پێکەوە چارەسەر بکرێن کاریان لەگەڵ بکرێت،  بۆئەوەی هەست نەکەن کە جیاوازن لە ئەوانیتر، چونکە هەموویان هەمان کێشەیان هەیە. کۆکردنەوەیان و بەیەکگەیشتنیان لە شوێنێکدا، لە چوارچێوەی ژوورێکدا خۆی لەخۆیدا کارێکی گرنگی تیراپیانە و چارەسەرگەریانەیە. دەتوانرێت بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک ئەم بینینە دووبارە بێتەوەو هەر کەسە و ئەگەر قسەیەکی زیادەی هەبوو بیخاتەسەر قسەکانی پێشووی، بەڵام هەمووی تایبەت بێت بە دەستدریژی کردنەکەوە، دەتوانن قسەبکەن، کۆکردنەوەکە بۆ ئەوەبێت بۆ ئەوەی بوارێک بێت بۆ قسەکردن. لەکاتی پشووەکاندا بۆ چاو قاوە خواردنەوە دەتوانن قسەی لابەلا بکەن چیان پێخۆش بوو بیڵێن. ئەم ووردە قسانە و چاو قاوە خواردنەوەنە پردی پەڕینەوەیە لە چارەسەرکردن وپەڕینەوە بۆ ژیانی ڕۆژانەیان، و جارێکی تر پەیوەستیان دەکاتەوە بە ژیانی ڕۆژانەوە. هەموو ئەو دانیشتنانە دەبێت فۆکەس لەسەر هێز و توانا، هیواو دواڕۆژی ئەوان بێت.

ڕیزگرتنی یەکتر بنچینەی کاری چارەسەرکردنەکەیە، زۆر گرنگە کە ئەو کچانەی کە تووشی دەستدرێژی سێکسی بوون گوێیان لە چیرۆک و بەسەرهاتی یەکتربێت، بەوەش هێزی تەواو دەبەخشێنە یەکتر. ئەم ئامادەکردنە زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردن و پیش مەشقەکان بۆ ئەو کچانەی کە بەکۆمەڵ چارەسەری وەردەگرن.  دەتوانرێت ئەو دانیشتنانە دوو تا سێ کاژێر بخایەنێت.

لەکاتی چارەسەردا دەتوانیت چەند رێسایەک دابنرێت بۆ ئەوەی ئەوەی کەشێکی دڵنیایی دروست بکەیت سەرئەنجامێکی هەبێت، بۆ نموونە؛ 

پاش ئەوەی کچەکان یەکتریان ناسی ئەوکاتە دەبێت ئەو جۆری یەکتربینینە جۆرێکی تر بێت:

  • کچەکان دەتوانن ئەو ماوەیەی لە ژێر چاودێری چارەسەردان تەنها لەکاتی مەشق و ئامادەکردندا یەکتر ببینن، دوای دانیشتنەکان هەر کەسە و لە شوێنێ خۆی بێت، چونکە ڕەنگە هەندێک جار مەترسی ئەوە هەیە گروپ گروپ دروست بێت یان کەسێکاین بکەونە دەرەوەی گروپەکە و کار لە سەر ژیانی بکات. باوەڕی بە چارەسەرەکە لەق بێت.

– چارەسەری گروپ هەروەک  کاتی دکتۆر وایە، نابێت دوا بکەون، ئەگەر نەهات ڕۆژێک دەبێت مامۆستا یان چارەسەرکار ئاگادار بکاتەوەو هۆکارێکی باوەڕ پێکراو هەبێت بۆ ئەو ڕۆژەی کە نەهاتووە. واتە دەبێت پەیوەست بێت بە هەموو کاتەکانەوە.

  • هەم چارەسەرکار هەم کچەکان ڕازی پەنهانی نەدرکاندنیان هەیە و نابێت ئەو شتانەی کە لە دانیشتنەکاندا دەوترێت بیدرکێنن.

  • چارەسەرکار، هەقی شکاتکردنی هەیە ئەگەر هەڵسوکەوتێکی نەشیاو ڕوویدا، بەڵام دەبێت لە پێشدا لەگەڵ کچەکە قسە بکرێت.

هەندێک نموونە بۆ دەست تێوەردان

دەتوانرێت چەند مەشقێکی خۆ گەرمکردنەوە بەکاربهێنرێت، ئامانجیش تێدا ئەوەیە کە کەشێکی دڵنیایی دروست بکەیت بۆ ئەوەی ئەو کەسە بوێرێت زیاتر خۆی دەربخات لەوەی کە هەیە. زۆر گرنگە کە ئەوکچانەی چارەسەر وەردەگرن ئەو بڕوایەیان لەلا دروست بکرێت کە  بتوانن بانگهێشتی ئەو کچانەی تر بکەن بۆ چارەسەرکردن کە هێشتا چارەسەریان وەرنەگرتووە، چونکە وا هەستدەکەن بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و دەشتوانن هاوکار بن بۆ سارێژکردنی برینەکانیان.

یەکێک لە مەشقەکان، ڕەنگە کەسێکیان تێدا باێت کە جۆرێک موزیک یان گۆرانیەک لای ئەو بایەخێکی زۆر هەیە، دەتوانرێت گۆرانیەکە بۆ ئەوانیتر لێبدات تا هەموو گوێی لێبگرن. بەکارهێنانی ماسک، واتە چەند جۆرێک لە ماسک دابنێ کە کە ڕووکاری ماسکەکان ڕەنگدانەوەی ناخی یان ڕووکاری دەرەوەی کەسەکە بێت. دەتوانن کەسەکە باسی ئەوە بکات کە چۆن و بۆچی ئەو ماسکەی هەڵبژارد؟

پێدانی فید باک و هەڵسەنگاندن، کارێکی ئەرێنی زۆر باش دەکاتە سەر دروستکردنی بینای هەستی کەسەکە،  وە ئەوەش  کە هەڵسەنگاندنە دەداتە کەسێکی تر بەشێوەیەکی ئەرێنی کار لەسەر دروستبوونی کەسێتی خۆی دەکات. زۆر گرنگە کە بتوانرێت هاوکاریان بکرێت بتوانن کتێب جا هەر شێوەیەک بێت چ ئەدەبی و هونەری چ بابەتی زانستی و بەسەرهات بێت لەسەر توندو تیژی سێکی بیخوێنەوە.

بیرەوەری ئەو دەستدرێژیە و چەپاندنی هەستەکان زۆرجار ڕەنگدانەوەی لەسەر شێوەو شکلی جەستەیان دەبێت، سایکۆسۆماتیکیان هەیە ( سایکۆسۆماتیک بەواتای  كه‌سێك كه‌ شوێنه‌واری ئێشی ده‌روونی به‌ له‌شیه‌وه‌ دیاربێت) یان هەستەوەریەکانین دەشێوێن، بۆنموونە، بیرەوەریاکانی ڕابوردوو لە یادەوەری لەشدا، لەسەر ڕیتمی موزیک خۆمان دەجوڵێنین، بە هۆشیاریەوە هەناسەدان و زمانی جەستە. زۆرجار کچەکان هەست بە نەنگی، بێ ڕێزی وپۆخلی جەستەی خۆیان دەکەن، بۆیە لەنجەولار ڕۆیشتن لەسەر ڕیتمی موزیک کۆششێکی زۆر گەورەیە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ جەستەی خۆیاندا. زۆر گرنگە کە جەخت لەسەر ئەوە بکرێت، بۆئەوەی قورسایی جەستەی خۆیان بۆ بگێرینەوە ئەوەش دەبێت بەڕەوت و قابیلەیەتی خۆی کاری لەگەڵ بکرێت.  سنوورەکانیان زۆر ناسکە و بۆ هەندێک کچ سنووری جەستەیان ناڕون و لێلە و دیار نییە. هەندێکیان تەواو ماسولکەکانیان ڕەق بووەو، ئەوەش بە هۆی ئەو هەستەوەیە کە دوای دەستدرێژیەکە ماسولکەکانی شان و مل و قاچ و دەستی لە دۆخی بەرگریدان. پێکهاتەی جەستەی ئێستای بە بیرەوەریەک گرێدەدرێتەوە، ئەو شێوە فۆرمەی جەستەی دەگەرێتەوە بۆ نائاگایی کچەکە و کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاری لەگەڵ جەستەی خۆی کردووە. ڕاگرتن و هێشتنەوەی سنوورەکانی جەستەی کارێکی دژوارە دوای ئەوەی کە بێ ویستی خۆی داگیرکراو بێ ئەوەی بتوانێت بیوەستێنێت.

لەبەر ئەوە دەتوانرێت مەشقی سنوورەکان بەکار بێت، هەست بەو شتە بکە کە دەتەوێت مەشقی ئەوە بکە بڵێی نەخێر و بەڵێ کە بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بێت. گرنگە چارەسەرکەرەکان موتەجاوب بن چونکە ئاسانە ئەو جۆرە کچانە بکەونە ژێر کاریگەریەوە،

ئەوە ڕێگەیەکە دەبێت زۆر ڕوون بێت لات بۆچی مرۆڤ دەچێتە ئەو گروپانەوە و مەبەست چیە و دەیەناوێت بە چێ بگەن،  لەبەر ئەوەی  زۆر لەو کچانە دوودڵن لەوەی کار و مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستدرێژیەنەدا بکەن،

 

 

مەشقی وێنە و نموونەکانی

 مەشقی وێنە بۆ چارەسەری تراوما دەتوانێت هەنگاوێک بێت بۆ ئەوەی کەسەکە بتوانێت سەیری هەموو ئەو ڕوداوانە بکات کە پییدا تێپەڕیوە.

 

مەشقەکان لە چەند هانگاوێکدا جێبەجێ دەکرێت:

  • ئەندامانی بەشداربوو بیر لەو ساتە بکەنەوە کە دەستدرێژیەکەی کراوەتەسەر.

  • هەریەکەو وینە بکێشێت، ڕەنگ تێکەڵاو ی بکات، داوایان لێ بکە بە چوار شێوە.

گوزارشت لەخۆی و لەو ڕوداوە بکات. لەسەر پارچەکاغەزێک کە لە چوار بەش پێکهاتبێت؛

هەنگاوی یەکەم: پێش دەسدرێژیکە چۆن بووە.

هەنگاو دووەم: لەساتەوەختی دەستدرێژیەکە چۆن بووە.

هەنگاوی سێیەم: ئێستا چۆنە.

هەنگاوی چوارەم: داهاتوو چۆن دەبێت.

 

پاشان دەتوانین هەمووان پێکەوە سەیری وێنەکان بکەن، هەر کەسەو  باسی وێنەکە و حاڵەتەکان بکات. ئەوەش بەشدارییەکەی بەهێزە بۆیان. لە لایەکەوە ئامانج ئەوەیە کە هۆشیاریمان هەبێت کاتێک هەبووە پێش دەستدرێژی، کاتێک کەسەکەی تێدا ژیاوە  و لەهەمان کاتیشدا بیر لە ئایندەش بکەینەوە. ڕەنگە بۆ زۆر لەو کچە ئێزیدیانە ئەوە قورس بێت چونکە ئەو دەستدرێژیە لە تاوێکی زۆر کورتی تەمەنیدا ڕوویدا بێت و کەمتر بیرەوەری پێش دەستدرێژیەکەیان هەبێت، یاخود هێشتا لە تەمەنی نۆ یان دەسەڵیدا بووە، هیچ قسەیەکیان لەو بارەیەوە نییە چونکە لە خەیاڵیاندا نەماوە. هیچ شتێک لەگەڵ ڕابوردوویدا و لە پێش ڕوداوەکە نایبەستێتەوە بەهۆی کەمی تەمەنیەوە، لەم حاڵەتەدا کاری چارەسەر قورستر دەبێت. ئەی لەم دۆخەدا چارەسەرکار یان ئەو کەسە وەک پیداۆگۆگێک بە کاری چارەسەر هەڵدەسێت دەبێت چی بکات؟

بەڵێ، کچان لەم حاڵەتەدادەتوانن نیگار بەخەیاڵ بکێشن، بە خەیاڵ ڕابوردوو دروست بکەن، بیربکەنەوە دەبێت چۆن بووبێت، لەم کاتەدا هونەر فریادڕەسێکە بۆ ئێمە. چارەسەرکردنەکەمان، هەرچەندە کۆی پرۆسەی کارکردنەکەمان کاری داهێنانە و هونەر ئامرازە و شانۆ بەتایبەتی ئامرازە بۆ چارەسەری تراوما. ئامانجێکی تر ئەوەیە کە دەستدرێژیەکە چ گۆڕانکاریەکی بەسەر هەست و سۆزەکانی ئەو كچانەدا هێناوە. ئەو ڕووداوە چ کاریگەریەکی بۆ سەر ژیانی ئەو کچانە هەیە.

مەترسیترین شت ئەوەیە مرۆڤ هەستی کەسێکی دی داگیر بکات، ئاسانترین ڕیگە بۆ دەسەڵات گرتنە دەست، پێش هەمووشت داگیرکردنی هەستەکانە، ئەوجا بەسانایی دەتوانی جەستە داگیر بکرێت.

قۆناغی چوار وێنە گێڕانەوە، باسکردنێکی پرۆسێسێکە، کە دەتوانرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت. ڕەنگە بۆ هەندیك لە کچان وێنەی داهاتوو تاریک بێت، بەڵام هوشیار دەبن لەوەی کە تروسکەیەک لە ڕووناکیان خستبێتە سەر وێنەکە. ئەگەر هەستکرا تەواو بێ ئومێدیە و هیچ ڕووناکیەک بەدی ناکرێت، لەم حاڵەتەدە دەبێت چی بکەیت؟ لەم کاتەدا دەتوانرێت داوای هاوکاری لەو کچ و ژنانەی تر بکرێت کە تووشی هەمان دەستدرێژی بوونەتەوە و بەڵام بە پرۆسەیەکی گەڕانەوە باشکردنییاندا ڕۆیشتوون، بۆئەوەی  جۆرێک لە ئارەزوو یان بۆ ئایندە لەلا گەڵاڵە بووە. ئەوان دەبنە یاریدەدەری ئێوە، هاوکار دەبن بۆ چارەسەکردنی ئەو کەسانەی کە هیچ ئومێدێکیان بە ژیان نەماوە، چونکێ، ئەوان دەبنە نموونەی باڵا بۆ هاوڕێکانیان، بە هەردووکیان پرۆسەی چارەسەرکردنەکە تەواو دەکەن.

پێکەوە سەیرکردن و چاو خشاندنەوە بە وێنەکان مانای فاکتەرێکی گەورەی ناسینەوەی خود و بەهێزکردنی هەستی ئەوەی کە ئەو بەتەنها نیە لەم حاڵەت و تەنها ئەو بەتەنها تووشی دەستدرێژی نەهاتووە. کچانی گروپەکانی تر دەتوانن بەسەرهاتی ئەوانی تر گوێبگرن و شاهیدی بەسەرهاتەکانیان بن. وێنەکان دەتوانرێت لە حاڵەتی تردا بەکاربهێنرێت، وەک خۆ گەرم کردنەوەیەک بۆ سایکۆدراما.

نموونەی قوڵ بۆ کارکردن لەگەڵ و فۆرمی سایکۆدرامادا

لە وێناکردنی بەسەرهاتەکاناین مەبەستێکی زۆر هەیە، گێڕانەوەی چیرۆکەکەیەتی لەگەڵیشیدا ئەو شتەی کە هەست بە ناواقعیەتی دەکەیت پەیوەندی دەگریت. هەروەها بیرەوەریەکانی دەستدرێژی کە دەچێتە ناو جەستەوە لە شێوەی وێنەدا فۆرمێک بۆخۆی دەدۆزێتەوە، لەگەڵیشیدا شتانەی کە نیشانەکانی لەفۆرمێکی تردا بیرت دەخاتەوە. یەکێک لە فۆرمە جیاوازانە رۆڵگۆڕینە کە دەرفەتێکمان پێدەدات کە گوزارشت لە هەستەکانمان بە دیالۆگ بکەین لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پێویستە گوێیان لێبێت. دەکرێت ئەو کەسانەش بینینی دایک، هاوڕێیەک، باوک، کەس و کاربێت یان هەرکەسێکی تر کە کچەکە هەست بە ئاسوودەیی بکات بەرامبەری، ئەویش بتوانێت بەڕاستی بڵێت کە  بۆچونی چیە و  گوزارشت لە نائومێدییەکانی بکات. پاشان وەک باسمان کرد یەکێک لە توخمەکانی کارکردن لە سایکۆدراما ، بەشدارانە یاخود هاوکاران کە ئەرکی پشتیوانیکردنە لە پاڵەوان، پاڵەوان مەبەست لێی ئەو کچەیە کە دەستدرێژی کراوەتەسەر. لە چارەسەری بەکۆمەڵدا دەتوانرێت، ئەو کچانەی تر ڕۆڵی  – هاوکاران – ببینن کاتێکیش کچێک کە خۆی دەستدرێژی کراوەتەسەر، بەڵام ڕۆڵی هاوکار دەبینێت بۆ کەسێکی تر و لە دیمەنەکانی ئەوانی تردا بەشداربێت، واتای ئەوەیە کە هێز و هەناسایەک بەکارەکانی خۆشی دەدات بەرەو پێشی دەبات.

تۆ وەک پیداگۆگێک دەتوانیت لە سەر شێوەی مەشقی پەیکەر کار لەگەڵ پاڵەوانەکاندا بکەیت ( پاڵەوان واتە کچە ئێزیدیەکان کە بۆ چارەسەر لای تۆن) کارکردن لەگەڵ پەیکەردا، ئەم مەشقە چۆن دەکرێت؟ ئەویش مانای جەستەت لە شێوەی پەیکەرێکدا یان وێنەیەکی وەستاودا بەکار دەهێنیت و فۆرمێکی لێ دروستدەکەیت.  وێنایەک کە لەو هەستە پێکهاتووە کە بەسەرت هاتووە بۆ وێنایەکی تر کە پیشانیدەدەیت کە مرۆڤ ئارەزوو دەخوازێت بەو شێوەیە بێت؛ لە تێکشکانەوە بۆ هەڵسانەوە، لە داگیرکاری جەستەوە بۆ ئازادی جەستە… هتد. هەموو ئەو ئەو هەستە تێکشکان و نائومێدیانەی کە بەسەر جەستەدا بەسەرهاتووە پاشان هەڵسانەوە و تێکشکانی سنووری نائومێدیەکان، هەموو ئەوانە بە جەستە لە شێوەی پەیکەردا دەکرێت. هەموو ئەوانەش ئاگایی و ئەقڵ دەیکات دروستکردنی بیرێکی گۆرانکاری کە بوارێک بدات چۆن توێژینەوە لەوە بکەین لە خاڵێکەوە بپەڕێینەوە بۆ خاڵێکی تر، پەڕینەوە لە  خاڵێ  ئەلف  بۆ خاڵی بێ .

مەشقێکی تر یان قۆناغێکی تر، کورسی بەتاڵە، پرسیار مەبەست لەوە چییە؟ بەڵێ، مەبەست لەوە بینینی کەسێکە بەخەیاڵ لەسەر کورسیەکی بەتاڵ دانیشتووە، تۆش ئەوەی لە دڵتایە بەو کەسە دەڵێیت، ئەو کەسە خۆت خەیاڵی دەکەیتەوە کەکێ بێت. تۆ وای دادەنێیت ئەو کەسە لەسەر کورسیەکەیە و گوێ لەتۆ دەگرێت. ئەوەش هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی هەستەکانمان دەڕببڕین، سنوورێک دادەنێین. هاوکاریمان دەکات بەوەی بە هۆشیاریەوە پەیوەندی کردن پێویسەتە و هەروەها چ شتێک گرنگە لە پەیوەندیکانماندا بە ئەوانیترەوە.

ڕۆڵ گۆڕین چەقی سایکۆدرامایە، مەبەست تێیدا ئەوەیە کە ئاگاداربین پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئەوانیتردا چۆنە، سنوورەکانمان تا کوێ دەڕۆن، مەشقکردنی ئەو شتانەی کە پیادەکردنی لە واقعدا دژوارە، کە لە تێڕوانینی ئەوانیترەوە بژیت.

لە چارەسەری بەکۆمەڵدا ئەوە نییە کە لە ئەویتردا بژیت، بەڵکو بە ئاگابیت لەوەی خۆت پێویستت بەچیە و چۆن گوزارشت لە خۆت بکەیت. ئەگەر ئێمە دەستدرێژیکەرمان هێنا، یان ئەو دایک و باوکانە، ئەو خەوڵکانەی بەهۆی کەموکوڕتی و بێدەربەستیانەوە ئەو كچانە تووشی دەستدرێژی بوون ڕووبەڕومان کردنەوە لەگەڵ ئە کچانەدا ئامانج دەبێت ئەوە بێت کە دەرفەتێکە بۆ کچەکان بۆ دەڕبڕینی هەستەکانیان. بۆنموونە؛ ئەگەر یەکێک لەو کچە ئێزیدیانە بە خەیاڵ بەرپرسی ئەو پێشمەرگانەی کە لەشنگاڵ بوون و ڕایانکرد و بوونە هۆکاری ئەوەی ئەو کچانە بە سەبایا بکرێن و بکەونە دەست داعش، یان ئەو داعشەی کە دەستدرێژی کردۆتە سەر کچە ئێزیدیەک،  باسی ئەوە بکەن کە چۆن ئەوان مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. ئەو دەستدرێژیکەرانە چیان لێکردوون، چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، ئەو قسانەی دەبوایە بکرایە، بۆنموونە؛ ئەو کچەی کە لە ( کەناڵی عەرەبیە ڕووبەروی داعشەکە دەبێتەوە) من منداڵ بووم، نابێت وا لە منداڵ بکرێت هتد… دەکرێت ئەم جۆری ڕوبەڕووبونەوەیە بە خەیاڵ بکرێت، ئەوە مەشقێکی زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردن بە سایکۆدراما. یەکەم لەبەرئەوە گرنگە چونکە ئامانجی سەرەکیش ئەوەیە گەڕانەوەی بڕوایە کە یەکەم ئەو کچە کەسێکی پاک و باشە و خراپ نییە، لابردنی ئەو لەکەیە کە لەسەرێتی، خاوێنبوونەوەیە لە تۆمەت، دووەم پەیوەندی گرتن لەگەڵ هێزو توانای خۆی.

زۆرجار بۆ بەهێزردنی کەسێکتی لاقەکراو لە سایکۆدرامادا ڕوودەدات کە چاوت بە بکەری تاوان بکەوێت، کچەکە دەستبەجێ دەکەوێتە حاڵەتی درێژەپیدان بەهەستی بێدەسەڵاتییەوە، لەو کاتەدا دەبێت چارەسەرکەر یان بەرێوەبەری سایکۆدراما هاوکاری کچەکە بکات بۆ دۆزینەوە هێزو و توانا. بۆ نموونە کچەکە بڕیاردەدات نێوانی بینینی بکەری تاوانەکە و کچەکە چەندێک بێت لە ژوورەکەدا.

هەندێک جاریش دەتوانرێت وەک نمایش، بکەری تاوان لە سەر کورسیەکەی بەتاڵ دابنرێت، یان لە لایەن گروپێکی ترەوە  وێنەی بکەرەکە بکەن، بەڵام نابێت لەلایەن بەشدارانی هەمان گروپەوە وێنا بکرێت. کچەکە ڕۆڵەکەی لەگەڵ بکەرەکە ناگۆڕێت. ڕۆڵی قوربانی و دەستدرێژیکەر لەلایەن چارەسەرکەرەوە وازی دەکرێت بۆ ئەوەی لە بریندارکردن دوور بکەونەوە، لەو کاتەدا قوربانیەکە چاودێری نمایشەکە دەکات.

بەکارهێنانی سایکۆدراما لە کاری چارەسەرکردنی کەسە تووشبوەکاندا جۆرێکە کە بتوانیت لە چەند ڕویەکەوە لەیەک کاتدا بجوڵێیت، ئێمە بەئازادی لەکات و شوێندا لەنێوان تایبەتمەندی و پەیوەندیەکاندا جێگۆڕکێ دەکەین. زۆر گرنگە ئەو پیداگۆگەی کاری چارەسەری دەکات هاوکاری کچەکان بکات بەوەی بیانگێرێتەوە بۆ ساتی ئێستاو لەم کاتەدا وهەمیشەش بیریان بخاتەوە کە ئەمە دیمەنێکی شانۆییە، هەروەها یارمەتیدەربێت بۆئەوەی کچە ئێزدیەکان هێز، هەست و سۆز و تواناکانیان بەدەستبخەنەوە، هاوکاربێت بۆ بەردەوامیان خاکەڕا بێت، هەست بەوە بکات کە کچەکان دەڵێن نەخێر.

هەموو وێنایەک بە هاوبەشیکردن sharing کۆتایی دێت، مەبەست لە هاوبەشیکردن sharingچیە؟ مەبەست ئەوەیە کە هەموو ئەو هەستکردن بە تەنهاییە بڕەوێتەوە پاش ئەوەی کە دیمەنەکەمان نمایشکرد. بێگومان ئەوکاتە گروپەکە کاردانەوەیەکی ئەرێنینی باشیان دەبێت .لە کاری هاوبەشی هاوبەشیکردن  sharing گروپەکان خۆیان دەبینەوە لە لەو دیمەنانەی گروپەکانی تر نمایشی دەکەن، واتا ئەگەر گروپی یەک دیمەنەکە پێشکەش بکات ، گروپی دووەم خۆیان تێدا دەبینەوە. ئەو هەستانەی کە گروپەکە دەریدەبڕن هەمووی جەختکردنەوەیە بۆ پیشتیوانیکردنی پاڵەوانەکە. لێرەشەوە دەتوانرێت زانیاریت هەبێتو بزانیت چ تێمایەک باس دەکەیت دیمەنەکان و دراماکانی داهاتوودا. (لەبەشیێکی تردا بەدرێژی باسی هاوبەشیکردن sharing دەکەین)

چوونە دەرەوە لە ڕۆڵەکە گرنگە، چوونەدەرەوە لە ڕۆڵ، مانای ئەوەیە بۆنموونە ئەگەر تۆ لە وساتەدا چ ڕۆڵێک دەبینیت دوای تەواوبوونی دیمەنەکە ببیتەوە بە خۆت. هەمیشە ئەو گروپەی کە بە کۆمەڵ چارەسەر وەردەگرن خۆیان لە ناو خۆیاندا ڕۆڵی قوربانی دەستدرێژیکەر وەردەگرن. کچەکان پێویستیان بە بەیەکگەیشتنی ئەوانی تر هەیە.

بەکارهێنانی بوکەڵە

یەکێکی تر لەو چارەسەرانە بەکارهێنانی بوکەڵەیە، لە شێوەی شانۆی بوکەڵە، دەتوانین دوو بوکەڵە بێنین کە ئاماژە بێت پیاو  و ژن، قەبارەی بوکەڵەکان  نزیکەی 130 تا 150 سانتیمەتر بێت ئەوەش بۆ ئەوەی کچەکە هەست بکات قەبارەی بوکەڵەکە لەخۆەوەیەوە نزیکە و لە شێوەی پیاوێکی ڕاستی دەچێت، لە هەمانکاتیشدا توانای بەسەردا دەشکێت لە ڕووی بارستاییەوە، ئەم بوکەڵانە لە لۆکە دروست کرابێت و بەرگی پیاوانی لەبەر بێت بە هەموو وردەکاریەکانیەوە. ئەو بوکەڵەیەی کە لەشێوەی پیاودایە دەبێت گەڵوگونی هەبێت، بەڵام بتوانرێت گەڵوگوونی بەوجۆرەبێت کە لێبکرێتەوە بخرێتەوە شوێنی خۆی. ئەو بوکەڵانەی لە شێوەی پیاون ئاماژە بێت بۆ دەستدرێژیکەر.  بووکەڵەی دووەم لەسەر شێوەی ژن بێت بەڵام وەک بووکەڵەی یەک نەرم نەبێت و بتوانرێت مادەیەکی تر بەکاربهێنرێت کە لە لۆکە ڕەقترو جیڕتربێت. کراسێکی ئاودامانی لەبەربکرێت.  جلی ژێریشەوەی لەبەر بێت ڕەنگی بریق و باق بێت دەرپێکی ژێرەوە بتوانرێت بە ئاسانی دابکەنرێت. پاشان بوکەڵەکەن لە دیمەنی دەستدرێژی کردنەدا و لە شکڵ و وێنەی جیاوزدا بەکاربهێنرێت. ڕووداوی لاقەکردنەکە بە بوکەڵەکان بکەن کارێکی زۆر باشە چارەسەر کەر یان دەرهێنەر بوکەڵەکان بجوڵێنێتەوەو دیمەنی هێرشکردن و دەستدرێژیکردنە نیشانبدات. بێگومان زۆر لە کچەکان هەستی ڕق لێبونەوەیان وەئاگا دێت و ترس دایاندەگرێت، حاڵەت و دۆخی دەستدرێژیکردنەکەیان دێتەوە یاد .

گەمەی بوکەڵە هەستەکان بەهێز دەکات، ماریان ئێنگستروێم دەڵیت:  كچان بە سروشتی خۆی ئەم گەمەیەیان بە بوکەکانی خۆیان کردووە، هەمان گەمەی منداڵی خۆیانەوە، هەروەها سۆزێکی زۆریان بۆ بوکەڵەکە دەبێت. دروست وایە ئەگەر سەیری منداڵ بکە لە کاتی گەمەدا، بوکەڵەکەکەی دەکاتە باوەشی دەیلاوێنێتەوە ئەگەر بە توندی دەستی بەرکەوێت یان قاچی پێدا بنێت. جا کاتێک کچەکە بوکەڵەکە دەخاتە باوەشی خۆی ئەوە، باوەش کردنە بەخۆیدا و خۆی دەلاوێنێتەوە، لەم کاتەدا خۆی برین و هەر خۆشی مەرهەمەکەیە. بوکەڵەی دەستدرێژیکەر وێنای دەستدرێژیکەرەکە دروست دەکات، هەردوو بووکەڵەکە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی  لە ڕاستیدا دستدرێژیەکە چۆن بووە دیمەنی نمایشی بوکەڵەکەش بەوشێوەیە دەبێت کە چ ترسناک بووە لەو وەختەدا. بەڵام کەسی قوربانی لەدەرەوە سەیری ڕووداوەکە دەکات. کچەکان بۆیان هەیە و دەتوانن هەموو تووڕەبوونی خۆیان بە بوکەڵەی دەستدرێژیکەر بڕێژن، دەشتوانن پێی پێدا بنێن، بیخەسێنن کە چووک و  گونی بووکەڵەکە لێبکەنەوە.  ئەگەر ژمارەیەکی زۆر بوکەڵەمان هەبوو دەشتوانن بیسوتێنن، هتد.

هەندێک بابەت کە دێتە پێش لە گرووپدا

هەندێک بابەتی تری جۆراو جۆر دێتە ئاراوە کە هەمووی پەیوەستە بە کاریگەری ئەو دەسەتدرێژییە سێکسیەوە، ئەگەر سەیری بکەیت دەبینیت زۆربەیان توشی کەم خەوی بوون، پەیوەندی ناڕێکی خێزانی، ترس، خەونی ناخۆش و بیرەوەری ڕابردوو (فلاشباک) هەیە.

بیرەوەری ڕابوردوو ، گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو (فلاشباک) مانای ئەوەی کە لە ئێستادا لەو شۆکەدا دەژین، ئەو بیرەوەرییە جارێکی تر ناتوانین وەک جەستە ئاوێتە و تێکەڵاوی بین، بەڵکو تێدا دەژین وەک ئەوەی لێرەدا و لە ئێستادا بێت. ڕەنگە گوێت لەو دێڕە نەبێت، گوێم لە هەناسایەتی مێشکی کاسکردووم، دەستی ناوەتە گەردنم ئاوقی داوم، جێدەستی لەسەرجەستەم دەبینم. بابەتی تر وەک؛  حەیا، باوەڕ بەخۆنەبوون، هەست بەگوناهـەکردن، بێڕێزی بەرامبەر بەخود، متمانەنەکردن بەکەس، رق لەخۆبوونەوە، پەراوێزخراو، تووڕەبوون، غەمباری، بەڕێکردنی ژیانێکی گوماناوی… ئەو کچانە زۆر جار تووشی ناڕێکی لە پەیوەندی خێزانیدا دەبن، کە نازانرێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، سیفەتەکانیان دەبێتەوە بە سیفەتی منداڵ، بەڵام وەک منداڵ گەورەکان هاوکاریان ناکەن، لەم دوو جیهانەدا سەراسیمە دەبن.

جگە لەو بابەتە دەرونیانەی کە بەهۆی دەستدرێژیەکەوە تووشیان دەبێت، هەروەها بابەتێکی تر کە لەکاتی بەرێوەچونی سایکۆ درامادا بۆت دەردەکەوێت ئەویش بابەتی بایۆلۆژیشە چەند کاریگەریەکی تر لەسەر جەستەیان دەردەکەوێت وەک: سەرئێشە، ئازاری سک، ئەمجۆرە لە ئازارە بە هیچ دەرمانێک چارەسەر نابیت چونکە ئەوە ئەنجامی نەخۆشی تری بایۆلۆژی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دەستدرێژیەکەوە هەیە.

نیشانەیەکی تر ئەوەیش وێنەی خراپی خودە، بەرەنگاری ئەو وێنە خراپەی خود ببیەنەوە، بابەتێکی تری زۆر گرنگ، هێزی گووتنی نەخێرە، پاراستنی سنوورەکانێتی، هێزی مێینەیی و  هیوا و دوارۆژ. پاشان پرۆسەی یاسایی و پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری ئەوەش ئەەش بابەتێکی گەرانەوەی مافە یاساییەکان بۆ ئەو کچانە. هەموو ئەو پرۆسێسە دوور و درێژەی سایکۆدراما بۆ ئەوەیە بگەن بە کاتارسیس Catharsis ،  ئەی کاتارسیس چیە؟

 

کاتارسیس  Catharsis 

مۆرینۆ لەپاڵ ئەو هەموو جۆری تەکنیکە، میتۆدێکی تری داهێنا بە نێوی شانۆی کاتارسیس. لەم بەشەدا پێناسەی ووشەی کاتارسیس دەکەین کە چۆن لە مێژودا، چۆن لە دەروونزانی و لای مۆرینۆ پێناسە کراوە، چۆنکە ئامانجی مۆرینۆ گەیشتنە پاڵەوانەکانە یان نەخۆشەکانە  بە کاتارسیس.

زۆر جار لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کلاسیکی و مێژووی شانۆ دا گوێمان لە وشەی کاتارسیس Catharsis دەبێت. ئەم چەمکەجارێکی تر مۆرینا لە سایکۆدرامادا جەختی لەسەردەکاتەوە، جا ئایا کاتاریس چیە؟ چۆن پەڕیوەتەوە زانستی دەرونزانی؟

زۆر کەڕەت لێکۆڵەرەوانی کورد و تەنانەت عەرەب وشەی کاتارسیس تەنها بە ( پاکبوونەوەی ڕۆح) لێکیانداوەتەوەو یان وەریانگێڕاوە، جا ئایا لە ڕووی پراکتیکیەوە پاک بوونەوەی ڕۆح چییەو چۆنە و لە چ حاڵەتێکدا بەکار دێت؟.

دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە وشەی کاتاریسیس لە وشەیەکی یۆنانیە وەرگیراوە لە چوارچێوەی فەلسەفەی ئەرستۆدا بەمانای پاکبوونەوە، پاکسازی، هەناسەدانێکی  سۆزەکانمانە یان خاوێنکردنەوەیە لەژێر پەستانێک یان زەبرێکدا دێت، کە سەرچاوەکەی لە فرمانی کاتارینەوە کە بەواتای (پاکی بکەر)ە هەروها بنەچەکەی دەگەرێتەوە بۆ وشەی کاترۆس پاک یان ڕوون. ئەم چەمکەش لەلای ئەرستۆ بەکارهات کەمەبەستی ئەوەبوو تراژیدیا پاکمان دەکاتەوە. هەرچەندە لای هەندیک بیرمەندو نووسەری ترا ئەم چەمکە خرایە ژێر پرسیارەوە.

وشەکە لەسەردەمی ئەرستۆدا زۆر باو بوو، رۆژگارێکی زێڕینی هەبوو،  ئەرستۆ وشەکەی بۆ پێناسەکردنی ئامانجی تراجیدیا لە شانۆ و شیعردا بەکار هێنا. بە وتەیەکی تر وشەکەی بە میکانیزمێک پێناسەکرد کەبەهۆیەوە دەتوانین لەباری سۆزداری و هزری، ڕۆحییەوە خۆمانی پێ پاکبکەینەوە. ئەو باوەڕی وابوو؛ خەڵک دەتوانێت بە ئاسانی خۆی لە کێشەکانی خۆیان ڕزگار بکەن، ئەویش بە بەشداریکردن و خۆسەرقاڵ کردن بە ڕووداو پلانی شانۆییەکەوە.  بەتەنها بەگەڕانەوەو پەیوەست بوون بە پاڵەوانی سەرەکی ناو چیرۆکەکە بۆئەوەی ڕەنگدانەوەی بەسەر خەڵک بیننەراندا هەبێت ئیدی لە کێشەکانی خۆیان دووردەکەونەوە. بۆئەوەی ئێمە ئازارەکانی خۆمان بیربچێتەوە دەبێت خۆمان پەیوەست بکەین بە ئازارەکانی پاڵەوان و لە هەستو سۆزەکانی ئەودا بژین.

مانای کاتاریسیس لە دەروونزانییدا

کاتاریسیس ڕێگە چارەسەرێکی دەروونییە بۆ دەرکردنی هەموو نائومێدیەکانمان، هەستەخراپەکانمان کە کار بکاتە سەر لەش ساغیمان و ئەو بەرەنگاریانەی کە ڕێگربن لەبەرەو پیشەوەچوونمان. کاتارسیس یان پاکبوونەوە لە دەروونزانیدا ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەکی پاکسازی کە هەستە خراپەکان لەناوبەرین، ئەمەش وەک کردنەوەی پەنجەرەیەکە بۆ هەواگۆڕکێ بەسەر ئەو شوێنەی کە زەمەنێکی زۆرە کە کێشەکانمان، دردۆنگی و نیگەرانیمانی یتێدا قەتیس ماوە و کۆبونەتەوە. ئەو پەنجەرەیەش هەوا کێشێکە کە خەم و توڕەبوونەکانت هەڵدەلوشێت. شوێنێکی تەندروست باش. ئارام، ئاسان و دۆخێکیی دەروونی باشتر ئامادە دەکات.

ئەم چەمکە ڕەگی لە نەهجە دەرونشیکاریەکەی فرۆیدا هەیە. چەند سەدەیەک دواتر سیگمۆند فرۆید و جۆزێ برویەر( یۆزێف برۆیەر دکتۆریکی نەمساوی بوو هاوڕڕی فرۆید بوو لەگەڵ فرۆیدا بنچینەی شیکاری دەرونیان دامەزراند) وشەی کاتارسیس بەکارهێنایەوە بۆ پێناسەکردنی میتۆدێک  بە نێوی میتۆدی کاتاریس. بۆ ئەمەش کردنەوەی یادگاریەکانمان و تەڵەو گرێی دەروونیەکانمان پێویست بوو کە زۆر جار کێشەکانی دنیای دەرەوەمانی تێدا دەشارینەوە، لە ئێستادا ئەم تێرمە زۆرجار لە بواری دەروونزانیدا بەکاردەهێنرێت.

شیکاری دەروونی باس لە میتۆدێکی کاتاریش دەکات بۆ باسکردن و تێگەیشتنێکی سەروبن و چاکردنەوەی شیکاریەکە. میتۆدەکە مانای وایە کە نەخۆشەکە بەهۆی هیپنۆتیزەکردنەوە (خەولێخستن) ژیانێکی تری پێدەبەخشن و ئەویش کاردانەوەی بەرامبەر ئەو هەست وسۆزانەی خۆی کەپەیوەستە بە ژیانی ڕابوردوویە و کە لەوەبەر چەپە و خەفەکراون، یان لە حاڵەتێکی تراومادا ژیابێت.

بەپێی کات جەختکردنەوە لەسەر کاتاریس کەمبۆتەوە لە شایکاری دەروونیدا بەڵام لە میتۆدی نوێدا بۆ چارەسەرکردن خۆی نوێ کردۆتەوە. لە شیکاری دەروونیدا مرۆڤ دەتوانێت باسی  کاتاریسیس وەک میتۆدێک بکات بۆ تەواو سەروبنکردن و ساڕێژکردنی بەسیرەت و تێگەیشتن  لە ئەنجامی شیکاریەکان. ئەی لە رووی پراکتیکیەوە و چۆن لە کار و فەرمانی ڕۆژانەماندا بەکاریدەهێنین، چونکە پەیوەستیەکی زۆری بە هەستێکەوە هەیە لە پیادەکردنی فەرمانێکدا، بۆ نموونە، مارینۆ کارتاریسیس بەو شێوەیە پێناسەی بۆ دەدۆزێتەوە کە بە دیدی من جوانترین و ئاسانترین تێگەیشتنە بۆ  وشەکە. ئەو دەڵێت؛ ئەگەر ئێمە ئەرکێکمان لەسەر بێت کاتێک ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەیت هەست بەچی دەکەیت؟ ئە و حاڵەتەی کە تێدا دەژیت دوای چرکەساتی تەواوکردنی کارەکەت ئەوە کاتارسیسە. زۆرجار ئێمە دەمانەوێت سەردانی کەسێکی نزیکمان بکەین کە نەخۆشە یان لە لەخۆشخانە کەوتووە، بەهۆی سەرقاڵیتەوە بوارت نەبووە بەڵام دەرفەتێک دەدۆزیتەوەو سەردانیدەکەیت، نەخۆشەکەش زۆر دڵخۆش دەبێت بەوەی کە سەردانتکردووە تۆش ئەو ئەرکەت بەجێگەیاندووە کە دەبوو بیکەیت، ئە حاڵەتە پێی دەوترێت کاتارسیس.

نموونەیەکی دی؛ تۆ خوێندکاریت ئەرکی  قوتابخانەت لەسەرە و چەند ڕۆژێکی ماوە تۆ هێشتا ئەرکەی مەکتەبت جێبەجی نەکردووە، بەڵام ئەو شەوەی بۆ بەیانی کە دەبێت ئەو ئەرکەی لەسەرتە بدەیتە مامۆستاکەت، ئەو شەوە هەموو ئەرکەکەت جێبەجی دەکەیت کە ماوەیەکی زۆر پشتگوێت خستووەو نەتکردووە، کاتی تەواوکردنی وەزیفە و ئەرکەکەت ئاهێک هەڵدەکێشیت. لە حاڵەتێکدا دەژیت ئەو حاڵەتە پێی دەگووترێت؛  کاتارسیس.

مۆرینۆ ووشەی شانۆی کاتارسیسی داهێنا گروپێکی شانۆی دروستکرد، تێیدا بەکۆمەڵ چارەسەری ئەو کەسانەی تێدا دەکرد کە تووشی تراوما یان دەستدرێژیکردنی سێکسی بوون. دوای ئەوەی کچەکان خۆیان لەو شۆک و تراومایە دەرباز دەکرد، مۆرینۆ ناوینا (کاتارسیس) واتا (پاکبوونەوە  و کرانەوە بەسەر خۆیاندا)  چونکێ خەڵکانی تووش بوو بە تراوما هەستەکانی خۆیان لە ناوەوە کڵۆمدەدەن،کاتێک بتوانی دەرگاداخراوەکانی سەر هەستەکانت بکەیتەوە ئەوە تیمارکردنێکی گەورەی ڕۆحە، زۆرگرنگە ئەوە بە توانست و ڕەوتی نەخۆشەکە ئەنجام بدرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار 

سایکۆدراما

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌