هەندێ وردە تێبینی
قەسیدە
نەژاد عزیز سورمێ
لەم مەقامەدا
کە زرنگانەوەی برینەکانمان ،
مێژوو بێدار دەکاتەوە
چ شەرابێک بنۆشین ؟
لەم شەوە تاریک و نوتەکەدا ،
کام ئەستێرە بکەین بە میوان ؟
لە شەقامە قەدیفەییەکاندا
لە سایەی بەفرکوشی عەدالەتدا ،
زایەڵەی سووتان گوێ دادەخا ..
گڕی ھاوار خەریکە چاومان کوێر دەکا.
(2)
نەوام دی تارای بای وادەی پۆشیبوو .
وەرزم دیتن بە ھەناسەی تۆ دەگۆڕان..
تارا نەبوو بابانوێران
نھێنی خوناوی ئێش بوو ..
ھەناسە نەبوو
شنەی قژی فریشتان بوو .
بە دەوری جوانی تۆدا ،
نیگەران ،
بێدەنگ ،
لوتکەیان دەگرتن ..
جوێباریان لێ دەدان .
(3)
تۆ دەوای ڕۆحی ماندوومی
سنووری تەم!
کەوشەنی کۆرپەی مرازان!
تەجەللای نەرم و ئاوازی
پیری موغانی نیازان!
تۆ دەوای ڕۆحی ماندوومی …
(4)
عاشق لە ژێر خاکیشدا غافڵ نییە ، بینایی!
ئەوە باخچەی ژیانە ،
گوڵی لێ دەکڕێ و دەفرۆشرێ ..
ئەوە باخچەی ژیانە
ئاتمۆسفیری گومڕایی تێدا دەگەڕێ .
(5)
لە وچانێکی کورتدا
دڵم بە مەوسیمی گوڵان سپارد ..
لەگەڵ ھەمووان بەخشندە ..
بێبەختی دەرچوو
داوی بێبەختیی نامەردان .
(6)
باڵانسی باران و سرووشتیان تێکداوە ،
ھەرگیز بەتەنیا مەڕۆ !
ھەمیشە با ئاودەنگێکت لەگەڵدا بێ .
ھەرگیز بەتەنیا وەرێ مەکەوە!
سرووشت و باران باڵانسیان نەماوە .
(7)
مەرگ لە حەقیقەتی بێ سنوورەوە دێ .
ڕۆژانی خەمباری دەبێ بڕۆن .
کام و ناکام لە نەخشەی تەمەندا چی دەگەیێنێ ؟
ئاوێنەی پێخوست ، ئاشنای تەنیا باڵ
مەرگ لە حەقیقەتی بێ سنوورەوە دێ …
(8)
پاساری گەڕانەوە ھێلانەکانیان
سەفەرێکی خۆش نەبوو
ئاسمان ڕەنگی تاریکی پۆشیبوو
ڕۆژ ئێوارەی تێدا نەمابوو ..
وشکەڕۆ ..
وشکەداوەت ، وشکە سەما ..
سەعاتی سفریان دانابوو …
(9)
پیتەکان بایکۆتی وشەیان کردبوو
وشە بایکۆتی ڕستە
ڕستە بایکۆتی پەرەگراف و
پەرەگراف بایکۆتی قەسیدە ..
زنجیرێک ھەموویان ڕادەکیشێ
بەرەو کوێ ؟ کەس نازانێ
نە بایکۆتکردن کژی ھەبوو ، نە زنجیر …
(10)
ئەوەی نەیتوانی لە زەمەنی سەحەر ھەڵبێ .
ئەوەی کات یاوەری نەبوو کەنارێک بۆ ژیان دانێ ..
ئەوەی بواریان نەدا تامی عەشق و باران بکا …
ئەوەی ، ئەوەی دڵی من!
بێدەنگییان پێ پۆشی
ئەوەی فێریان کرد ھەرگیز
تا ھەتایێ خەو نەبینێ
ئەوەی :
… …… ….. …. …… .
…… ….. … …… ……
(11)
باران مێژووییەکی لەگەڵماندا ھەبوو
ئێمە مێژووییەک ..
نووری جوانیمان
لە نمەی شەیدای ئەودا بۆ دەردەکەوت ..
گڕمان بە ڕێژنەی بەخوڕی
لە ڕۆحـــی خـــاڵیدا ھەڵدەستا ..
ئای کە چەند ڕاز و نھێنی پێ دەگوتین .
چەند شەوان خەونی خۆشی پێ دەدیتین .
ئێستا باران ،
ئەویشمان لێ زیز بووە
لە لێوپەڕینی ئاسمانان دەچێ
بەسەر وڵاتی وشکەڵانماندا …
ئای باران ، ئازیزی نەژاد !
کەی شکۆی جارانت دەگەڕێتەوە ؟
ئای باران
گۆرانی حەوانەوەی خاک
خۆشەویستی مێرگ و شکارتە و بەندەنان .
ئەیلوولی 2011