ئایندەی سومبولەکان
فەرش و بەڕەی ڕۆژهه‌ڵاتی وەک نموونە
شۆڕش حەمەساڵح
ئەوکاتەی کە نوسین و خوێندنەوە هێشتا نەبووبووە پێداویستیەکی کۆمەڵایەتی، مرۆڤەکان لە رێگای هێما وسومبولەکانەوە پەیامەکانیان گوێزاوەتەوە بۆ یه‌كتر. بوونی سه‌دان هێڵکاری وهەڵکۆڵین و وێنه‌كێشان لەسەر ئه‌شكه‌وت و بەرد و درەخته‌كان ئاماژه به‌و ڕاستیه ده‌ده‌ن . ئێمه له ئێستادا به‌و چالاكیانه ده‌ڵێین هونه‌ری كۆمه‌ڵگا دێرینه‌كان.
هونه‌ری دێرین له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی شارستانیه‌ته‌كاندا فۆرم و بنه‌مای خۆی داده‌ڕێژێت. به‌و فۆرمانه ده‌ووترێت هونه‌ری تراسیۆن. هونه‌ری ترادسیۆن به كۆی ئه‌و چالاكیه هونه‌ریانه ده‌ووترێت كه شارستایهتێك به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی دروستیكردوه. شارستانیه‌ته‌كان به گشتی ڕه‌گوڕیشه‌یه‌كی ئاینیان هه‌یه، هه‌ر بۆیه هونه‌ری ترادسیۆن به‌گشتی ئیش له‌سه‌ر پیاهه‌ڵدانی بنه‌مان ئاینیه‌كان ده‌كات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له ڕێگای دروستكردنی سومبول و هێماكانه‌وه هه‌وڵیان داوه مرۆڤه‌كان گرێبده‌نه‌وه به میتافیزیكه‌وه. له به‌ر ئه‌وی مرۆڤی ئاینی به سروشت مێشكێكی سومبولی هه‌یه و ئاسان ده‌توانن په‌یوه‌ندی دیاریدهكان ببه‌ستنه‌وه به یه‌كه‌وه. بۆ نموونه؛ به‌ستنه‌وه‌ی هه‌وره تریشقه، به توڕه‌ی خوداوه یان باران ده‌به‌ستنه‌وه به به‌زه‌یی خوداوه.هتد. بۆ ئه‌و جۆره مرۆڤانه ئاسانه سومبول و هێماكان بخوێننه‌وه و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا دروستبكه‌ن.
له‌دوای قۆناغی ڕێنساسی ئه‌وروپیه‌وه هه‌تا ئێستا مرۆڤه‌كان وورده وورده داده‌ماڵدرێن له‌و جۆره بیركردنه‌وه‌یه كه بره‌و ده‌دات به‌لایه‌نی سومبولی. پچڕانی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا لەم سەردەمەی ئێمەدا یەکسانە بە تێکشکانی هەموو ئەو هێما و ڕەمزانەی کە ڕۆژگارێك مرۆڤەکان لێیەوە دەستیان گه‌یشتوه‌ته جیهانی میتافیزیك. ئەتوانین بڵێین سومبول تاکە ئامرازێك بوه كه ئه‌و كاره‌ی پێكراوه. بۆیه له‌ئێستادا بەبێ تێگەیشتین لە سومبول، ئەستەمه بتوانین لە هونەری ترادسیۆن تێبگەین.
كورد بۆ زیاد له هه‌زارساڵه له‌ژێر هه‌ژموونی هونه‌ری ترادسیۆنی ئیسلامی‌دا بوه. بۆیه زۆربه‌ی چالاكیه هونهریهكانیشی له‌ژێر كارگه‌ری سومبوله ئاینه‌كانی ئه‌و ئاینه‌دا داڕشتوه. یەکێک لەو هونەرانەی کە كورد تیایدا باڵادهستبوه و توانیویه‌تی داهێنانی تیادا بكات هونەری چنین ە، بەتایبەت فەرش و بەڕە. وه‌ك (فه‌رشی شاریی) بێجار و سنه، یان (فه‌رشی خێڵه‌كی) جاف و هه‌ركی . هتد.
ئێمە وەک کورد هەتا ئێستاش نەمانتانیوە لە ڕووی مانا و لە ڕووی ئیستاتیکاوە شیکردنەوەیەکی قوڵ بکەین بۆ ئەو بەرهەمە هونەریانهی کە لە مێژووی خۆماندا خولقاندوومانن. ئەوەی کە گومانی تێدانیە ئەوەیە کە هونەری بینراوی کوردی هه‌تا ئێستاش لە ڕووی ئیستاتیکی و ماناوە نەیتوانیوە شتێک بەرهەمبهێنین کە جوانتر و قوڵتر بێت لە فەرش و بەڕە. به‌داخه‌وه ناوه‌نده ئه‌كادیمیه هونه‌ریه‌كان له‌م ڕوه‌وه زۆر ناشاره‌زا و ده‌ستكورتن، كه ئه‌وه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه و له بۆنه‌یه‌كی تردا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
سومبول چیه؟
مرۆڤەکان لە نێوان زمانی نوسین و وێنەکێشاندا جۆرە زمانێكی تریان بەرهەمهێناوە كه پێیده‌وترێت زمانی وێنەیی. زمانی وێنه‌یی تێکەڵهیهكه له هێما و وێنە بۆ گەیاندنی پەیامێکی شاراوه‌تر لەوەی کە تەنها به زمان یان به وێنە بتوانین بیگەیەنین. یۆنانیه‌كان ووشه‌ی هیرۆگلۆفی ان بۆ زمانی وێنه‌یی به‌كارهێناوه كه بە مانای ( نوسینی پیرۆز) دێت. زمانی وێنه‌یی ( هیرۆگلۆفی) بۆ گەیاندنی پەیامە ئاینی و ڕۆحیەکان دروستبووه کە بە ئێستاشەوە ئاینەکان ئیش لەسەر ئەو زمانە وێنەییە دەکەن. لە بنەڕەتدا ئامانج لەو زمانە، تێگەیشتن بوە لە لایەنە شاراوەکانی خۆیان و جیهان، هەوڵێک بوە بۆ دۆزینه‌وه‌ی كلیلێك هه‌تا ئه‌و ده‌رگا داخراوه‌ی پێبكه‌نه‌وه کە مرۆڤەکان باوه‌ڕیان بە بوونی هەیه. بەم کلیلە سیحریەش ووتراوە ”سومبول”.
سومبول لە ناو فەرش و بەڕەدا
سروشت کاریگەریەکی گەورەی داناوه لە سەر ڕۆح و دەروونی مرۆڤە کۆچەری و لادێ نشینەکان. ئه‌و كاریگه‌ره به ئاشكرا رەنگی داوەتەوە لەسەر ژیان و بەرهەمە دەستیەکانیان. سروشتی ژیانی کۆچەریەکان وایە کە بەردەوام دەبێت کۆچ بکەن لە پێناو دابین کردنی خۆراکی پێویست بۆ ئاژەڵەکانیان. ئەم دووبارەبوونەوەیە لە ژیانیاندا وای کردوە کە بەردەوام نزیکبن لە جوانیەکانی سروشتەوە. خۆشی و ناخۆشیەکانیان، ترس و دڵەڕاوکێکانیان کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆیان هەیە بە سروشتەوە. ئەوان بەردەوام وێنەی ئەو حاڵەتە سایکۆلۆژیانەی خۆیان لەسەر ئەو شتانە کێشاوه کە لە بەردەستیاندابوه. وێنه‌كان لە سروشتەوە وەردەگرن و بەشێوەیەکی سومبولیکی دەیانکێشنهوه، ئەمەش وەک وەڵامێکدانهوهیهك بۆ پێداویستیە ڕۆحی و دەروونیەکانیان ئه‌نجام دەدەن. ئەم دەستڕەنگینیەشیان بە ئاشکرا لە هونەری چینیندا بەیانکردوە. ئەوان هەرگیز خۆیان وەک هونەرمەند پێناسە نەکردوە. هەر شتێکیان دروستکردبێت پەیوەندی بە پێداویستیە ڕۆژانەییەکانیانەوە بوە. بە شێوەیەکی سروشتیش شتەکانیان جوان دروستکردوە، واتە ماڵ و ڕەشماڵەکانیان بە شێوەیەکی جوان ڕازاندوەتەوە.
تێگه‌یشتن له فه‌رش و به‌ڕه
لەم سەردەمەدا فەرش یان بەڕەیەکی کۆن به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه پارچه‌یه‌كی جوان و دانسقه‌ی هونه‌ریه، هه‌ڵگری چه‌ندین مانای نادیاره. هه‌ر فه‌رشێك وەک پەڕەیەک وایە لە کتێبێكی دێرن، کتێبێک کە بە زمانێكی سومبولیی نوسراوەتەوە. بەداخەوە ئیمە لە ئیستادا زۆركه‌م دەربارەی ئەو زمانە شارەزاین. وەک چۆن نوسینی سەر تاشە بەردینەکانی سەدەکانی ڕابوردوو پێویستیان بە خوێندنەوە و پشکنین هه‌بوه. بەهەمان شێوەش تێگەیشتن لە ڕەمز و سومبولەکانی ناو فەرش پێویستیان بە هەمان پشکنین هەیە. لێره‌وه بۆ تێگه‌یشتن له فه‌رش هه‌وڵده‌ده‌م له سێ ڕه‌هه‌نده‌وه سه‌یری بكه‌م .
١- ئه‌ندازه ( دیزاین وهاوسه‌نگی)
٢- ڕەنگەکان
٣- نه‌خشه‌كان
هەندەسە ( دیزاین و هاوسه‌نگی)
هاوسه‌نگی ئه‌ندازه‌یی لە دیزاینی فەرش و بەڕەدا یەکەمین هەنگاوە بۆ دروستکردنی فەرشێکی تەواو و جوان. پاشان دانانی نه‌خشه‌كان و ڕەنگەکان بۆ ته‌واو كردنی ئه‌و هاوسه‌نگیه ئه‌ندازه‌ییه لەسەر ڕووی فەرشەکە داده‌نرێن. له فه‌رشدا هاوسه‌نگی نەک تەنها جوانی دروستدەکات بەڵکو هەستی موتەکاملبوونیش لەلای بینەر بەجێدەهێڵێت. مرۆڤ به‌سروشت حه‌ز به ڕێكخستن و ڕێكدانانی شته‌كان ده‌كات. ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكی سایكۆلۆژیانه‌ی مرۆڤه بۆ هه‌ستكردن به هاوسه‌نگی ناوه‌كی . واته به ڕێكخستنی شته‌كانی ده‌ره‌وه هه‌ست به ئارامی ناوه‌كی ده‌كات. كانت، ئه‌وه چالاكیه به یه‌كه‌مین هه‌ستی ئیستاتیكی لای مرۆڤ داده‌نێت. ئه‌و شێوازه به ئاشكرا له رێكخستن و هاوسه‌نگكردنی كاره ههنهریهكاندا هونه‌ری ترادسیۆن دا ده‌بینرێت. فه‌رش نمونه‌یه‌كی به‌چاوی ئه‌و ڕێكخستنه ئه‌ندازه‌ییه.
به شێوه‌یه‌كی گشتی دیزاینی فه‌رش چوار جۆره.
١- چوارلا
له‌م شێوازه‌دا، چواریه‌كی دیزاینه‌كه دروستده‌كرێت و پاشان دووباره‌ی ده‌كه‌یته‌وه هه‌تا وێنه‌كه به‌ته‌واوه‌تی دروستده‌بێت. ئه‌م شێوازه هاوسه‌نگیه‌كی ئه‌ندازه‌یی ته‌واوی هه‌یه.
٢- دوولا
له‌م شێوازه‌دا یه‌ك لای دیزاینه‌كه دروستده‌كرێت و پاشان دووباره‌ی ده‌كه‌یته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌رماڵ به‌م شێوه‌یه دیزاین ده‌كرێت.
٣- دووباره‌كردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی هه‌مان نه‌خش
له‌م شێوازه‌دا یه‌ك نه‌خش هه‌ڵده‌بژێریت و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی دووباره‌ی ده‌كه‌یته‌وه هه‌تا هه‌موو فه‌رشه‌كه داگیرده‌كات.
٤- تێكه‌ڵكردنی نه‌خش.
له‌م شێوازه‌دا نه‌خشه‌كان به تێكه‌ڵی داده‌نرێن، به‌ڵام له ڕێگای دانانی ڕه‌نگ و ڕێكخستنی نه‌خشه گه‌وره و بچوكه‌كانه‌وه هاوسهنگهكیی ته‌واو دروستده‌كات.
ڕەنگ
ڕەنگەکان بەگشت كاریگه‌ری داده‌نێن له‌سه‌ر سایکۆلۆژیا و ڕۆحی مرۆڤ. زۆرجار لە رێگای ڕەنگی شتەکانەوە بڕیار لەسەر قبوڵکردن یان نەکردنی شتەکان دەدین. ئەو بڕیاردانەش پەیوەستە بە چۆنیەتی دەرکەوتن و ڕێکخستنی ڕەنگەکانەوە. هه‌ر كه‌سه و به‌پێی حاڵه‌تی سایكۆلۆژی خۆی حه‌ز به ڕه‌نگێك زیاتر ده‌كات له ڕه‌نگه‌كانی تر، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و ووزهیهوه هه‌یه كه له هه‌ر ڕه‌نگێك ده‌رده‌چێت.
لە تیۆری ڕەنگ دا ، ڕەنگەکان دەکرێن بە دوو گرووپەوە، کە ئەوانیش ڕەنگە گەرم و ڕه‌نگه ساردەکانن. ڕەنگی گەرم پێکدێت لە سوری مۆرباو ەوە بۆ زەردی سەوزباو، کە ئەم ڕەنگانە ووزه و هەستی گەرمی ده‌به‌خشنه‌وه. بە پێچەوانەوە ڕەنگە ساردەکان، مۆری شین باو بۆ سەوز، کە ئه‌مان هەستی ئارامی و دڵنشینی دەدەنهوه.
ئێمە لێرەدا قسەی لەسەر ئەو ڕەنگانه ده‌كه‌ین کە لە فەرش و به‌ڕه‌دا به‌كار هێنراوون. سه‌رچاوه‌كانی ڕه‌نگكردنی خوری ( خومكردن) له كۆندا ته‌نها سه‌رچاوه سروشتیهكانبوه. وه‌ك گوڵ و ڕه‌گی گژوگیا و گه‌ڵاو توێكڵی دره‌خت و هه‌ندێك جار جۆره مێروویهكیان به‌كارهێناوه بۆ ڕه‌نگی سوور كه ناسروه به (لاك یان كرمز). كه‌واته له ڕووی به‌كارهێنانی ڕه‌نگه‌وه تاڕادیه‌كی زۆر دهستكورد بوون. هه‌ر ناوچه‌یه‌وه جۆره گژوگیایه‌كی لێبهرههمهاتوه به‌و بۆنه‌یه‌وه ڕه‌نگی فه‌رشی ناوچه‌یه‌ك جیا بوه له ناوچه‌یه‌كی تر. بۆ نموونه كوردستان به‌هۆی بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆری باران بارین و بوونی ناوچه شاخاوویهكان خاوه‌نی ده‌یان جۆر گوڵ و گیان جیاوازبوه به‌و هۆیه‌وه فه‌رشی كوردی ده‌وڵه‌مه‌نده به ڕه‌نگه‌كان له‌كاتێكدا فه‌رشی بلوجستان كه‌مترین ڕه‌نگی تیا به‌كارهاتوه به‌هۆی ووشكی و نه‌بونی سه‌رچاوه سروشتیه‌كان له ناوچه‌كه‌یان دا.
فه‌رشی خێڵه‌كی بلوچی فه‌رشی خێڵه‌كی كوردی
هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه سروشتیه‌كان زۆر كه‌م و سنوردارن به‌ڵام به‌هۆی لێزانی و سه‌لیقه‌ی هونه‌ریه‌وه توانیویانه فه‌رش ببنه ئاستێكی به‌رزی هونه‌ری. دانانی ڕه‌نگه دژه‌كان له‌په‌نای یه‌ك یان ڕه‌نگه گه‌رمه‌كان له‌سه‌ر سارده‌كان وه به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌كراوه كه نه‌خشه‌كان زه‌ق بكه‌نه‌وه و ڕه‌ونه‌قی ته‌واویان هه‌بێت. له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌بینین كه چۆن ڕه‌نگه سورباوهكان له‌سه‌ر شینه‌كان دانراون.
وه‌ك به‌شه‌كانی تری فه‌رش، ڕه‌نگه‌كانیش مانای تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه. لێره‌دا ئاماژه به هه‌ندێك ڕه‌نگ و ماناكانیان ده‌ده‌ین كه‌له فهرشهكاندا به‌كار هاتووه.
ڕەنگەکان ماناکانیان
……………………………………………………….
١- سەوز هیوا، تازەبونەوە، ژیان، بەهار،
(وەک ڕەنگێکی پیرۆز دانراوە بەوپێیەی ڕەنگی بنەماڵەی پیاغەمبەری ئیسلامە)
٢- سور ووزە، جوانی، دەوڵەمەندی،ئازایەتی، خۆشی، بەختی باش.
٣- شین هێزی نادیار، وەهمی دوای مردن، خەڵوەت
٤- پرتەقاڵی بەزەیی و ڕەحم
٥- زەرد خۆر، لەزەتی ژیان، هیوا
٦- سپی پاکێتی، ئاشتی
٧- ڕەش غەمباری و وێرانەیی
٨- ئاڵتونی هێز و دەوڵەمەندی
٩- قاوەیی بەردەوامی دان بە ژیان
هەڵبژاردنی ڕەنگەکان لای خەڵکە کۆچەری و خێلەکیەکان پەیوەندی بە ژینگەیهوه هه‌یه كه تیایدا ژیاوون. هەر وەرزێک، ئاوهەوایەکی تایبەت بەخۆی هەیە و هەر وەرزێکیش ڕەنگێکی جیاواز دەدات بەو سروشتەی کە ئەوان تیایدا دەژین. لێرەوە هەڵبژاردنی ڕەنگ ئەوەندەی پەیوەندی بە حەزە ناوەکیەکانی مرۆڤەوه هه‌یه ئەوەندە هەڵبژاردنێکی لۆژیکی نیە. فەرشچنەکان دەرکیان بەوەکردوە کە هەر ڕەنگە و کارگەریەکی تایبەتی ئاگاییه‌كی تەواوەوە زۆربه‌ی جار ڕەنگە گەرمەکانیان هەڵبژاردوە بۆ كاره‌كانیان، به‌تایبه‌ت ڕه‌نگی سور. ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئه‌و پێویستیه سایکۆلۆژیەی كه قەرەبووی سەرمای زستانیان پێداوەتەوە. وەک دەزانین فەرش و بەڕە زیاتر لە وەرزی سەرمادا ڕاخراوون. ئەوسیحرهی کە ڕەنگی سوری ناو فه‌رشه‌كان له ڕۆحمانی ده‌كات دواجار ده‌بێته هەستێکی گەرم و ووزه به‌خش. هەستی هاتنەوە بۆ ناو ماڵ، ماڵ وه‌ك سومبول بۆ هه‌ستكردن به ئارامی ده‌روونی.
نه‌خش
ناسینی نه‌خشه‌كان ئاسانترین ڕێگایه بۆ چونه ناو ئەو جیهانە ئەفسوناویەی کە فەرش و بەڕە دەیخولقێنن. هەردووبەشەکەی تر( ئه‌ندازه و ڕەنگ) بەتەواوەتی ئەبستراکتن و زۆر بەئاسانی خۆیان نادەن بەدەستەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، نه‌خش تاكه کلیلێکە کە بتوانین نهێنی پشت ئەو سومبولانەی پێ بکەینەوە کە لەسەر رووی فەرش و بەڕە نەخشێنراوون. هەروەها نه‌خشه‌كان تەنها سەرچاوەیەکن کە دەتوانرێت تەمەن و ڕەسەنایەتی و شوێنی دروستكردنی فەرش و بەڕەی پێ دەستنیشان بکرێت.
ژمارەیەکی زۆر نه‌خش هەیە کە هەر یەکەیان مانای خۆی هەیە و بەمەبەستیک دانراوون. نه‌خشه کۆنەکان بە گشتی بەشێوەیەکی ڕیالیستیکی دروستنەکراوون، واتە وێنەکان وەک خۆیان نەکێشراونەتەوە. وێنەکان سادە و ساکاریەکی پێوەدیارە کە ئاماژەن بۆ توانای چنرهكان له گۆڕانكاریكردن له شێوه واقعهكانهوه بۆ شێوه ڕوتهڵكاریهكان (ئه‌بستراكت). وەک دەزانرێت زۆربەی کۆچەریەکان نەخوێندەوار بوون، بۆ ئەوان ئەو وێنەنانە جۆرێک بووە لە زمان، کە لە ڕێگای ئەو زمانەوە توانیویانە ژیان و حەز و ئازارەکانی خۆیان بنووسنەوە. هەر فەرشێک کە کۆچەریەکان دروستیان کردبێت بۆخۆی چیرۆکێک بوە کە بە زمانێکی زۆر سیمبولیکی نوسراوەتەوە. بۆ خوێندنەوە و لێتێگەیشتنیان پیویستمان بە فێربوونی زمانی سیمبولیکی هەیە.
له كه‌لتوری ناوچه‌كه‌دا زیاتر ژنان كاری چنییان كردوه ، به‌و پێیه‌ی كه ژنان كه‌متر ڕێگه‌یان پێدراوه به ئاسانی باس له حه‌ز و خه‌ونه‌كانیان بكه‌ن، بۆیه زۆربه‌ی ژیانیان یان به نهێنی ماوه‌ته‌وه یان له دووتوێی ئه‌و نه‌خشانه‌دا بهجێماوون كه ئێستا له‌به‌ر ده‌ستی ئێمه‌دایه. بۆ كه‌سێك ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به قوڵی سایكۆلۆژیای ژنانی ناوچه‌كه بخوێنێته‌وه، زۆر پێویسته له فه‌رش و به‌ره وه ده‌ستپێبكات.
نه‌خش و زمانی سیمبولی
بە گوێرەی هەردوو زمان‌زان و سیمبولزانی بەناوبانگ دی سۆسێر وچارلیز پێرس، زمان سستەمێکی ئاماژەی یە کە پێکدێت لە دال و مەدلوول. دال فۆرمی دەرەوی ووشەکانە و مەدلول یش ماناکانیانە. بۆنمونە؛ ئەگەر ووشەی ( فەرش) دال بێت، ئەوا وێنە زهنیەکەی ناو سەری ئێمە بۆ فه‌رش، مەدلوولەکەیەتی. پێرس زیاتر ڕۆدەچێتە ناو پەیوەندی نێوان دال و مەدلوولەوە و پێی وایە پەیوەندی ئەو دوانە لە سێ ئاستدا دەردەکەون کەئەوانیش ئەمانەن. سیمبولیکی، ئیندیکسیکەڵ (ناڕاستەوخۆ)، ئایکۆنیک ( ڕاستەوخۆ).
ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین لە ڕێگای ئەو تەکنیکەی پێرس ەوە نه‌خشه‌كانی ناو فه‌رشه ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كان بخوێنینەوە. چونكه نه‌خشه‌كان ناو فه‌رشیش به‌گشتی له سێ ئاستدا خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. دیار، نیوه دیار، نادیار . هه‌ندێك جار هه‌مان نه‌خش به سێ ئاستی جیاوازه دروستكراوه. ئه‌و وێنه‌یه خواره‌وه وێنه‌ی ئه‌ژدیهایه كه له وێنه‌یه‌كی ڕیالیستیكیهوه وورده وورده بوه به ئه‌بستراكت. ئه‌ژدیها سومبوله بۆ ئه‌و هێزه تاریك و وێرانكه‌ره‌ی ناو سروشت و مرۆڤ كه زۆرجار له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ژدیهادا وێنه‌ی سیمورغ كێشراوه وه‌ك هێزی چاكه و بنیادنه‌ر. ئه‌م دوو هێزه، وه‌ك دووپاڵنهری سه‌ره‌كی ده‌ناسرێن له زۆربه‌ی كه‌لتوره‌كاندا وه‌ك دوانه‌ی (یین \یانگ) تارك \ ڕووناك، چاكه \خراپه. هتد. له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م وێنه سومبولیه له چین ه‌وه هاتوه‌ته ناوفهرشهكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
١- نه‌خشی دیار
لەم حاڵەتەدا پەیوەندی نێوان دال ( وێنەکە) و مەدللول ( ماناکەی) ئاشکرا دەناسرێتەوە. واته كه سه‌یری ئه‌ژدیهاكه ده‌كه‌یت ڕاسته‌وخۆ ده‌زانین كه وێنه‌ی ئه‌ژدیهایه. هیچ ڕاز و نهێنیه‌ك نیه له نێوان نه‌خشه‌كه و ماناكه دا. نه‌خشی دیار زیاتر له‌و فهرشانهدا ده‌بینرێن كه له كارگه‌ی ده‌ستچنی ناو شاره‌كاندا چنراوون.
٢- نه‌خشی نیوه دیار
لەم حاڵەتەدا پەیوەندی نێوان دال ( وێنەکە) و مەدللول( ماناکەی) تاڕادەیەک دەناسرێتەوە به‌ڵام به‌ته‌واوه‌تی ڕوون نیه. واته ده‌زانین نه‌خشی وێنه‌كه بونه‌وه‌رێكه به‌و پێیه‌ی سه‌ر و ده‌ست و قاچی هه‌یه به‌ڵام دیار نیه چی جۆره بونه‌وه‌رێكه. ئه‌م جۆره نه‌خشانه له فه‌رشی شاریی و فه‌رشی خێڵهكیشدا ده‌بینرێن.
٣- نه‌خشی نادیار
ئەو نه‌خشانه‌ن كه به ئاسانی ناناسرێنه‌وه و هیچ پیوهندیهك نیه له نێوان ده‌ركه‌وته‌كه‌ی و ماناكه‌یدا. واته هیچ پەیوەندیەک نیە لە نێوان دال ( وێنەکە) و مەدللول ( ماناکەی)یاندا. زۆربه‌ی نه‌خشه‌كانی ناو فه‌رش و به‌ڕه‌ی خێڵه كۆچه‌ری و لادێنشینه‌كان ده‌چنه ئه‌م خانه‌یه‌وه.
بەربڵاترین نه‌خشه‌كانی فه‌رشه ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كان
بەربڵاوترین ئەو نه‌خشانه‌ی کە لە فەرش و بەڕەدا دەردەکەوون دابەشدەکرێن بەسەرئهم چوار گرووپه دا؛
یەکەم؛ ئەو نه‌خشانه‌ی کە پەیوەستن بە ژیان و بەردەوامی دان بە ژیانەوە. کە ئەوانیش بریتین له نه‌خشی،( ئەستێرە، جۆگەی ئاو، یین\ یانگ، قۆچی بەران، گوارە، دەست لە سەر کەمەر، هتد.). کە ئەمانە وەک سومبولی لە دایک بوون، مردن، ژیانەوە، خیزان و بەردەوامیدان دەناسرێنەوە.
دووەم؛ ئەو نه‌خشانه‌ن کە پەیوەستن بە باوەڕ و ئاینەوە. وه‌ك ( خاچ، قولاپ، لەپی دەست، نوشتە، هتد.) ئەمانەش سومبولی ئاین و بۆچونە خورافیەکانی وەک چاوپیسی و منداڵ نەبوون و . هتد.
سێیەم؛ ئەو نهخشانەی کە پەیوەستن بە گیاندارەوە. وه‌ك ( ئەژدیها، باڵندە، تاوس، دووپشک، مار، ئاسک، حوشتر، سەگ و گورگ. هتد.) کە هەریەک لەمانەش سومبولن بۆ شتێکی دیاریکراو.
چوارەم؛ نه‌خشی درەخت و گوڵ. وەك ( درەختی ژیان، گوڵەباخ، گەڵا، تۆ‌و( بۆتێ)، سنەوبەر، مێو، هەنار…. هتد.) کە هەریەک لەمانیش سومبولن بۆ شتێکی دیاریکراو.
خوێندنەوەی هەندێك نه‌خش
قۆچی بەران
قۆچی بەران، سومبولی نێرایەتی و هێز و پالەوانیەتی و بەردەمیدانە بە ژیان. لە کۆندا قۆچی بەران بەکارهێنراوە وەک ڕەمزی یەکبوون( یەکبوونی تاکەکانی خێزان و خێڵ). دروستکردنی شاخەکان بەشێوەی حەلەزۆنی( هێلکە شەیتانۆکە) سومبولی به‌رده‌وامی و هەتاهەتایی بوونی ده‌سته‌ڵاتی خێڵه یان ده‌سته‌ڵاتی ئیلاهیه. هەروەها ئەم نه‌خشه سومبولی قوربانی دانیشه.
هەندێک لە نه‌خشی قۆچی بەران
باوەڕ (نوشتە و چاوی پیس)
ئەم نهخشانە بە مەبەستی پاراستنی مرۆڤ لە بەدبەختی و ووزه‌ی خراپەوە دروستكراوون. لە دیدی زۆربەی کۆمەڵگا دێرینەکانەوە هەندێک کەس بەبێ ویستی خۆیان خاوەنی ووزه‌یه‌كی خراپن( چاوپیسی) کە دەبێتە هۆی هێنای بەدبەختی و عەزاب بۆ خەڵکانی تر. بۆیە باوەڕیان وابوە بە دروستکردنی ( چاوەزار) دەیانپارێزێت لەوهێزە خراپه بانسروشتیەی کە پێیدەوترێت چاوپیسی.
لە ناو فەرش و بەڕەدا ئەم نهخشە ناسراوە بە نه‌خشی باوه‌ڕ. بە چەند شێوەی جیاواز دروستکراوە، کە زۆربەیان فۆرمێکی هەندەسیان هەیە وەک چوارگۆشە، لاکێشە، سێگۆشە و … هتد. ئەم نه‌خشانه هه‌موویان نادیارن واته سیمبولین چونکە پەیوەندی نێوان دال و مەدللولەکە ناڕوونە.
هەندێک لە نه‌خشی باوه‌ڕ ( چاوپیسی و نوشتە).
باڵندە
هیچ نه‌خشێک نیە لە ناو فەرش و بەڕەدا هێندە نهخشیی باڵندە مانا و دەلالاتی جیاوازی هەڵگرتبێت. باڵندە، سومبولە بۆ شادی، خۆشەویستی، بەختیاری، ئازایەتی، دەستەڵات، پهچوو، مەرگ…. هتد. هەر جۆرە باڵندەیەک مانایەکی جیای هەیە، کونەپەپوو و قەلەڕەش رەمزن بۆ بەختی خراپ، لەکاتێکدا کۆتر مانای بەختی باش دەگەیەنێت. داڵ و واشە رەمزی دەستەڵاتن ، سیمرخ و تاووس رەمزن بۆ بەهەشت و نه‌مری. زۆرجار،نه‌خشی باڵندە سومبوله بۆ ڕۆحی مردوو، هەندێک جار وەک موعجیزەی فڕین و هەوڵی مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لە دنیای سنورداری خۆی دروستکراوە.
هەندێک لە نه‌خشی باڵندە
درەختی ژیان
بەگوێرەی زۆربەی ئاین و ئەفسانەکان درەخت گرنگی خۆی هەیە. درەخت لەخۆیدا هەڵگری سێ ڕەهەندی گەردوونیە، ڕەگ وەک جیهانی ژێرەوە، قەد وەک ژیانی سه‌ر زه‌وی و لق و پۆپەکەشی وەک ئاسمان. هەر ناوچەیە و وێنەی درەختێکیان کێشاوە لە کارەکانیاندا وەک سومبول بۆ (درەختی ژیان). وەک درەختی هەنار، خورما، هەنجیر، ترێ، سنەوبەر، .. هتد. کە هەموویان سومبولن بۆ گەڕان بەدوای نەمریدا . بە گوێرەی ئاینە یەکتاپەریستیەکان بێت کاتێک کە ئادەم و حەوا بەڵێنەکەیان شکاند‌و لە بەری ئەو درەختەیان خوارد کە خودا لێێان حەرام کرابوو، ئیدی وەک سزایەک خودا ناردنی بۆ سەر زەوی. لەدوای ئەوەوە نه‌خشی درەختی ژیان بەکارهێنراوە وەک سومبولی گەڕانەوە بۆ بەهەشت. سنه‌وبه‌ر یه‌كێكه له‌و دره‌ختانه‌ی كه زۆربه‌ی جار ده‌بینرێت له‌ناو فه‌رشه ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا و سومبوله بۆ به‌هه‌شت، به‌و پێیه‌ی كه هه‌میشه سه‌وزه وه به‌شێوه‌یه‌كی ستونی له زه‌ویه‌وه كشاوه به‌ره‌و ئاسمان. هه‌میشه سه‌وز، نیشانه‌ی نه‌مریه و شێوه ستونیهكهشی ڕه‌مزه بۆ ووستی مرۆڤ بۆ گه‌یشتنی به جیهانی سه‌ره‌وه.
جیاوازی فەرشی خێڵەکی و فەرشی شار( كارگه)
به‌گشتی فەرش دوو جۆری هەیە، فه‌رشی شاری و فه‌رشی کۆچەری و لادێنشینه‌كان. خاڵی جیاکەرەوە لە نێوان ئەم دوو ستایلەدا ئەوەیە کە لە فەرشی خێلەکی و لادێنشینهكاندا دیزاینەر و چنەرهكه هه‌ر هه‌مان كه‌سن. لە کاتێکدا کە لە فەرشی شاریی ( كارگه‌یی) دا ئەو دووانە جیان. جیاکردنەوەی ئەم دووانە لەیەک نە تەنها کاریگەریەکی خراپی داناوە لەسەر ڕه‌واڵه‌تی فەرش بەڵکو بوەتە هۆی تێکچونی پەیوەندی نێوان چنەر و ئیشهکەی. واتە پێشتر چنەر فەرشی وەک كاغه‌زێك دەبینی کە لە ڕێگایەوە خه‌ون و ئاره‌زوه‌كانی خۆی تیادا تۆماردەکرد. به‌ڵام لە فەرشی شاریدا ئەو هەستە هونەریە لەلای چنەر نامێنێت و پەیوەندی ئەو بە چنینەکەیەوە دەبێتە پەیوەندیەکی بێ‌ڕۆح و ماتریاڵی. سەرئەنجام فەرشی شار تاکە ئامانجێکی هەیە ئەویش ڕازیكردنی كڕیارهكهیه، بۆ ئەو مەبەستەیش دیزاینەرەکە هەرنهخشێكی بوێت دادەنێت لە ناو فەرشەکەدا بەبێ ڕەچاوکردنی مانا سومبولیەکانی. هه‌رچه‌نده فه‌رشی شاریی باشتر و وورد تر چنراوون به‌ڵام تاراده‌یه‌كی زۆر بێ‌ڕۆح و بێجه‌وهه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر فه‌رشه خێڵه‌كیه‌كاندا.
فەرشی خێڵەکی زیاتر نه‌خشه‌کانی شێوە ئهندازهین و هه‌ندێك جار ناڕێكیه‌كی تێدایه له داڕشتنهكهیدا به‌ڵام به‌گشتی جوانتره به‌هۆی بوونی ڕه‌نگه سروشتیه‌كانیه‌وه و له‌هه‌مان كاتدا هه‌ست به شوێنه‌واری ده‌ست و پلی مرۆڤانه ده‌كه‌یت له‌سه‌ری. لە کاتێکدا فەرشی شاریی نه‌خشه‌كانی شێوه واقعین و توانای پێچ و جوڵه‌ی زیاتره به‌ڵام به‌هۆی بوونی ڕه‌نگی كیمیاوی و تێنه‌گه‌یشتن له مانای نه‌خشه‌كان ته‌نها وه‌ك كارێكی جوان بۆ ڕازاندنه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌ست ده‌كه‌یت هیچ شوێنهوهرێكی ده‌ست وپلی مرۆڤانه‌ی له‌سه‌ر نیه. نه‌خشه‌كانی ناو فەرشی شاریی بێبەریە لەو سەروەتە مەعنەوییەی کە فەرشی خێلەکی دروستی کردوە، به‌ڵكو تەها کۆپی ئەو نهخشانەن به شێوه‌یه‌كی وورتر و ڕێكتر چنراوون به‌ڵام بێناوه‌ڕۆك.
دواجار، ئەوەی کە لە فەرشی شاردا وونە ’ شوێنه‌واری هەستی مرۆڤانەیە ‘. کە ئەویش پەیوەستە بەو پەیوەندیەی چنه‌ر ده‌به‌ستێته‌وه به ماتریاڵ و كاره‌كه‌یه‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا فه‌رشی كارگه‌یی کارێکی کردوە کە هونەری چنینی لە سیاقی ترادسیۆنی خۆی هێناوەتە دەرەوە . واتە بەرهەمهێنانەوەی تەکنینکی کۆتایی بەو هونەرە هێناوە کە خێلەکیەکان ڕۆژگارێک هەوڵیان داوە لە رێگایەوە ڕۆحی خۆیانی پێ بەیان بکەن.
لەلای خێڵەکان فەرش تەنها بۆ ئەوە دروست نەکراوە کە بەکاری بهێنن وەک ڕاخەر، بەڵكو ئەوان هەوڵیان داوە هەست و بیرکردنەوەکانی خۆیان بخەنە ناو یەوە.
لە ئێستادا زۆربەی ئەو فەرشانەی کە بەرهەم دێت لە کارگەکانەوە دێنە دەرەوە. ئەم فەرشانەش وا دیزاین دەکرێن کە خێراتر بفرۆشرێن لە بازاڕيکاندا. بەتایبەت بازاڕی ئەورووپی، کە ئەمەش وادەکات ڕەنگ و دیزاینی فەرشەکان بە پێێ ڕه‌نگ و دیزاینی ناوماڵێ ئەرووپیەکان به‌رهه‌مبهێنرێت. لەبەر ئەمەش هیچ گرنگیەک بەلایەنی ڕه‌نگ و نه‌خشه‌کان نادرێت .
فەرشی شاری( کارگە) هەر لەسەرەتاوە گرنگی نەداوە بە مانا سیمبۆلیەکانی ناو فەرش هەربۆیە بەپێێ کات توانیویەتی بەتەواوەتی نه‌خشه‌کان دابماڵرێن لە هەموو مانایەک. ئیشی نه‌خشه‌کان لە ناو فەرشی شاریی دا تەنها ڕازاندنەوە یه. لە کاتێکدا کە نه‌خشه خێڵەکیەکان هەم بۆ ڕازاندنه‌وه به‌كارهێنراوون و هەم ماناداریشن.
ئایندەی سومبولەکان لە ناو فەرش و بەڕەدا
ئه‌و گۆرانكاریانه‌ی كه له به‌رهه‌مهێنانی فه‌رش و به‌ڕه‌دا ڕویانداوه له‌م چه‌ند سه‌ده‌یه‌ی ڕابوردوودا وه‌ك بەرهەمهێنانی فەرش لە ڕێگای کارگەکانەوە یان چنین فه‌رش بۆ مه‌به‌ستی فرۆشتن، بوەنهته هۆی ئەوەی کە نه‌خشه‌کان تاڕاده‌یه‌كی زۆر ماناکانی خۆیان لە کیسبدەن وهیچ بەهایەکیان نەمینێت . فەرشی کارگە هەمیشە بۆ مەبەستی فرۆشتن بەرهەم هاتوە لە کاتێکدا کە فەرشی خێڵ و کۆچەریەکان ، کە دیزاینەر و چنرەکەی هەر هەمان کەسبوون، بۆ پێداویستی ناو ماڵ دروستکراوە ،ئەم گۆرانکاریەش لە وەزیفەی دروستكردنی فەرش دا ( لە بابەتێکی ناو ماڵ ەوە بۆ بابەتێكی بازرگانی) کارێکی کرد کە هەموو ئەو بەها میتافیزیکی و سایکۆلۆژیەی کە بە درێژایی سەدان ساڵ هه‌یبوو تاڕادیهكهی زۆر کۆتایی پێبهێنێت.
فه‌رش له سه‌ده‌ی ١٦ههتا ١٩ به‌ته‌واوه‌تی به پیشه‌سازیی كراوه له جیهانی ئیسلامی‌دا به‌تایبه‌ت ئێران( سه‌رده‌می قاجاڕه‌كان) و توركیا( سه‌رده‌می عوسمانیه‌كان)، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و داواكاریه زۆره‌ی كه ڕۆژئاواییه‌كان له‌و كاته‌دا هه‌یان بوه بۆ فه‌رشی ڕۆژهه‌ڵاتی. فەرش تاكه بەرهەمێكی هونه‌ری بوه له جیهانی ئیسلامی دا کە توانیویەتی تەرکیزی ئەوروپیەکان ڕابکێشێت بۆ خۆی. ئەمەش وای کرد کە خواست لەسەر كڕنی فەرش زۆر ببێت. بەجۆرێک له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ژماره‌یه‌كی زۆر كارگه‌ی بچوك و گه‌وره له شاره‌كاندا كرانه‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامن.
مرۆڤی مۆدێرن و سومبول
ئه‌و گۆڕانكاریه ڕیشه‌ییانه له به‌رهه‌مهێنانی فه‌رشدا ڕویاندا و هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانه خێرایانه كه‌به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی مۆدێرندا هاتوه، كارێكی كردوه كه زۆر ئه‌سته‌مه باوه‌ڕ به مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه بهێنی كه چی ده‌گوزه‌رێت له‌ودیو ڕه‌هه‌نده نادیاره و شاراوه‌كانی نه‌خش و نیگاری فه‌رش. مرۆڤی مۆدێرن تاڕادیه‌ك شەوارەی کردوە بە لایەنی مادی شتەکان وجەوهەرەکانیانی لە بیرکردوە. مرۆڤێكی ڕهواڵهتگهرایه و باوه‌ڕی به دیوی دووه‌می شته‌كان نیه. بۆیه سیمبول هیچ مانا و بەهایەکی نیە له‌لایان.
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین مانایه‌ك بده‌ینه‌وه به‌و گه‌نجینه كه‌لتوریه ی كه هه‌مانه ده‌بێت بره‌و بده‌ین به تێگەیشتن لەو زمانی سیمبولییه‌ی كه‌له هونه‌ری ترادسیۆندا هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌ناو ئه‌كادیمیا هونهریهكاندا پێویسته جێگای بكرێته‌وه، چونكه به‌بێ ئه‌و تێگه‌یشتنه ناتوانین هه‌رگیز دەستمان بگات بە ئەو زانیاریە کەلتوریانە کە لە دووتوێی فەرش و بەڕهکاندا بە شاردراوەیی ماونەتەوە.
ئه‌وه‌ی كه هێشتا هیوابەخشه ئه‌وه‌یه كه جوانی و ڕەسەنایەتی فەرشه خێڵەکیەكان هەمیشە ڕوونتر و ئاشكراتر خۆیان ده‌رده‌خه‌ن له‌ئاست ئه‌و فەرشە بێ ڕۆحانه‌ی کە کارگەکان بەرهەمی دەهێنن. ئه‌و جوانی و هارمۆنیهی كه له فه‌رشه دێرینه‌كاندا هه‌یه واده‌كات كه به‌رده‌وام بیر له‌و سیحره بكه‌ینه‌وه كه له پشت ئه‌و كارانه‌وه خۆی حه‌شارداوه. سیحرێك كه هه‌ر كات ڕوبه‌ڕووی بوینه‌وه ده‌ستمان ده‌گرێت به‌ره‌و جیهانی نادیاره‌ی سومبوله‌كان.
سەرچاوەکان
Seyyed Hossein Nasr, Islamic Art and Spirituality, 1997
How to Read Islamic Carpet , Walter B Denny, 2014
Barty Phillips, Living With Carpets,( Thames and Hudson Ltd,1997)
Becky Koenig, Color workbook, Prentice Hall,( USA: upper saddle river, New Jersey,2003)
Man and his Symbols, ed.by,C.G.Jung. (Dell Publishing, Inc, 1968)
Peter F. Stone, Tribal & Village Ruges,( London: Thames & Hudson, 2011)
P.R.J. FROD, Oriental Carpet Design, (Thames and Hudson Ltd, 1997)
Walter Benjamin, The Work of Art in the Mechanical Reproduction, (Penguin Books – Great Ideas, 2008)