Artista Profesor Mahmud Farshchian, Irán

کە ڕێم، دەکەوێتە هەمەدان


Loading

وەک باڵووڵی ماهی، دێم و دەچم؛

شێتانە ڕاڤەی خودا دەکەم، تا گەمژەکان بەر قامچییم نەدەن.

دەزانم گوند، گونێکی قۆڕ بووە و،

دەچێتە شار نەشتەرگەری بکات؛

شاریش، گونێکی قۆڕ بووە و،

دەچێتە گوند، تا دەردی، دەرمان بکات.

ئەی بابا تاهیر، تۆ وەک سۆفییەک، شیعرت کردە باڵی باڵندە، لێ، دە قەفەزێکت کرد و، باسی بوونت دەکرد؛

چ بکات خەییام، کە دوو باڵی دیکەی لێنا،

تا فڕینی، لە بوون و نەبوون دەرباز بکات.

 

 

 

٭٭٭

کە شێت دەبم و، دەچمە نێو جیهانی شێتییەوە،

پێی دەڵێن: دونیای ماهیی.

کە شێت نابم و، دەمخەنە نێو شێتخانەوە،

ڕێک جیهانی ئەمڕۆیە، دوور لە ڕامانی ماهی.

چ بڵێم: عوریانی، وەک عاریفێک دەرنەهات،

تا ختووکەی پرسی وجوود و حزوور بدات؛

بەڵکوو ڕیشی دانا، بە ڕۆحی ڕۆحدا هەڵزنا،

تاوەکوو بۆ هەردەم، لە بووندا یەکانگیر بێت.

خەییام، سەرێک بوو گوزەری کرد،

بۆ چوونە نێو جیهانی ئەختەر و گەردوون؛

کەچی بۆ هەمیشە گیرسایەوە،

لە نێو پرسیاری بوون و نەبوون!

 

 

٭٭٭

وا هاتووم، هەر دێم و دەچم، گوند و شار پێکدادەدەم؛

ئایین و فەلسەفە، لێک موتوربە دەکەم.

سەفەرێک دەخوڵقێنم بۆ شیعر و،

شیعریش، بۆ سەفەر دەسازێنم.

ڕێک ئاوهایە:

ئێمە قۆڕ بووین و ، وەختە دەچینە جیهانی قۆڕیاتەوە؛

وا جیهان پڕ بووە لە تۆو و، هاکە میهرەبانیی تۆوی بچێتەوە.

لە جیهانێکداین، تەسەلامان نییە:

بەرد، بە جیهانی جیهانکراو بکەین؛

ئاو، بگەڕێنینەوە نێو بوونی یەکەمەوە و،

لە دووەمدا: ئاو بێنینەوە نێو بوون.

هەروا تێی دەکەین و، نەهاتووین کە: هەوا،

لە کۆخەکۆخی قووڵاییی سینگی پڕ خڵتەمان دەرکەین.

بۆ وەی جیهانیش درەوشاوە بێت،

دەبێت ڕێ بۆ هەوا خۆش بکەین.

مەگەر هەناسە، زادەی کێیە و، چی دەوێت.

کە هەواش، وەک بوون و نەبوون، بەر ڕاڤە نەکەوێت!

 

 

٭٭٭

چۆن چووینەتە دونیای ژانەوە؛

دەبێت ئاوهاش بچینە جیهانی زاننەوە.

هەموو شتێک خۆی بۆتە زێ،

بێ ئەوەی تۆوی تێ بکرێ، دەزێ.

ئەم جیهانە وا خووی گرتووە،

هەربینە خۆشی، لە تاوان دەزێ.

کە تۆوی تێ دەکرێ، لە زێ:

بەس مێ، بەرگەی ئەم ژانە دەگرێ؛

تا جیهان دێنێتەوە بوون و،

لەوەوە، بوون تامی یەکانگیری دەبێ.

ئیدی بە گونی قۆڕەوە، گوند و شار، گرێپووچکەی لێ دەدرێ؛

ئەوەی بێتەوە نێو جیهان، دەبێت لە خۆیدا، جارێکی دی ببێ.

…..

هەمەدان

10.08.2018

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.