ئه‌فسه‌ره پۆلیسه ئێشكگره‌كه، به‌ده‌م چاودێریكردنه‌وه، به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجكێش به ڕێگاكه‌دا ده‌ڕۆیشت. شێوازه‌كه‌ی نه‌ریتێكی دێرین بوو، نه‌وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ كاریگه‌رییدانان، چوون بینه‌ره‌كان زۆر نه‌بوون. سه‌عات له ده‌ی ئێواره زیاتر نه‌بوو، به‌ڵام كزه‌بایه‌كی سارد كه ئاماژه‌ی بارانی ده‌دا، شه‌قامه‌كانی له خه‌ڵك خاڵیی كردبووه‌وه.
به‌ده‌م ڕێوه ده‌روازه‌كانی ده‌پشكنی و دارده‌سته‌كه‌ی به پێچی ئاڵۆز ده‌سووڕاند و جار جار ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نیگای به‌ئاگا بهاوێته هێمنیی كه‌نار ده‌ریاكه، ئه‌و به كه‌سایه‌تییه به‌هێز و خاكیییه‌كه‌یه‌وه، وێنه‌یه‌كی جوانی له پاسه‌وانی ئاشتی و ئاساییش پێشكه‌ش ده‌كرد.
ناوچه‌كه له‌و گه‌ڕه‌كانه بوو كه كه‌س تیایدا ئێواران دره‌نگ نه‌ده‌كه‌وت. لێره و له‌وێ ده‌توانرا ڕووناكیی فرۆشگای سیگار یاخود فرۆشگای خواردنی ئێواران به كرانه‌وه‌ی شه‌وانه ببینرێت، به‌ڵام زۆرترینی ده‌روازه‌كان ده‌چوونه‌وه سه‌ر لۆكاڵی ئه‌و فرۆشگایانه‌ی له‌مێژبوو داخرابوون.
له‌پڕ، نزیك له ناوه‌ندی چه‌ند ماڵێك، خێرایی پۆلیسه‌كه هێواش بووه‌وه. له به‌رده‌م دوكانێكی داخراوی ئاسنفرۆشیدا، پیاوێك وه‌ستابوو، به جگه‌ره‌یه‌كی دانه‌گیرساوه‌وه به لێوییه‌وه، پاڵی دابوو به دیواره‌كه‌وه. كاتێك پۆلیسه‌كه به‌ره‌و لای چوو، به گورجی كه‌وته قسه.
به ده‌نگێكی نه‌وی وتی “خراپ نین، جه‌نابی ئه‌فسه‌ر”. “من وه‌ستاوم چاوه‌ڕێی هاوڕێیه‌كی باش ده‌كه‌م. بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بڕیارماندا ئه‌م ئێواره‌یه لێره‌دا یه‌ك ببینین. ئه‌مه ڕه‌نگه سه‌یر بێته‌پێش چاو؟ لێ من به خۆشحاڵییه‌وه ده‌توانم بۆت باس بكه‌م، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت له‌وه دڵنیابیت كه هه‌موو شت ڕاست و دروسته. نزیكه‌ی بیست ساڵ به‌ر له ئێستا، چێشتخانه‌یه‌ك لێره‌دا هه‌بوو، له‌جێی ئه‌و دوكانه – چێشتخانه‌ی (بیگ جۆی بڕه‌دی)”.
پۆلیسه‌كه وتی “تا به‌ر له پێنج ساڵ، پاشان ڕوخێنرا.”
پیاوه‌كه له‌به‌ر ده‌رگاكه‌دا، شقارته‌یه‌كی پێكرد و جگه‌ره‌كه‌ی داگیرساند. ڕووناكی ئاگره‌كه، ده‌موچاوه بێڕه‌نگه‌كه‌ی به چه‌ناگه‌یه‌كی چوارگۆشه‌یی و نیگای زیت و ده‌خمه‌ی سپی جێزامێك له‌لای برۆی ڕاستییه‌وه، ئاشكرا كرد. ده‌مبووسی بۆینباخه‌كه‌ی ئه‌ڵماسێك بوو له چوارچێوه‌یه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره‌دا.
پیاوه‌كه وتی “بیست ساڵ پێش ئه‌مشه‌و، لێره‌دا له (بیگ جۆی بڕه‌دی) نانی ئێواره‌م ده‌خوارد له‌گه‌ڵ جیمی وێڵسی باشترین هاوڕێ و باشترین مرۆڤ له جیهاندا. ئه‌و و من پێكه‌وه گه‌وره‌بووین، لێره له نیۆڕك، ڕێك وه‌ك دوو برا. من هه‌ژده ساڵ بووم و ئه‌و بیست. ڕۆژی دواتر من به‌ره‌و خۆرئاوا به‌ڕێده‌كه‌وتم بۆ به‌ده‌ستخسنی به‌ختیاریم. جیمی هه‌رگیز نه‌یده‌توانی نیۆڕك جێبهێڵێت، بۆ ئه‌و ئێره تاكه شوێنی سه‌ر زه‌وی بوو. ئه‌وجا، وا ڕێككه‌وتین ڕێك له هه‌مان ڕۆژ و كات و شوێندا پاش بیست ساڵ یه‌ك ببینینه‌وه، ئیدی بارودۆخمان هه‌رچۆنێك بێت و چه‌ند زۆریش پێویست بكات ڕێبكه‌ین. وا بیرمانده‌كرده‌وه كه ده‌بێت پاش بیست ساڵ، چاره‌نووسمان شێوه‌ی خۆی گرتبێت و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیمان سه‌قامگیر بووبێت، ئه‌مه‌ش ده‌بوو ئێستا بێت.”
ئه‌فسه‌ره‌كه وتی “ئه‌مه سه‌رنجڕاكێشه، به‌ڵام پێموایه ماوه‌ی نێوان دوو دیداره‌كه زۆر دوورودرێژه، ئایا هیچت له‌باره‌ی هاوڕێكه‌ته‌وه نه‌بیستووه له‌و كاته‌وه؟”
پیاوه‌كه وتی “با، ماوه‌یه‌ك بۆ یه‌كترمان ده‌نووسی، به‌ڵام دوای یه‌ك دوو ساڵ په‌یوه‌ندیمان نه‌ما. خۆرئاوا پارچه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و منیش به‌ته‌واوی تیایدا ده‌هاتم و ده‌چووم. به‌ڵام من ده‌زانم جیمی دێته ئێره، ئه‌گه‌ر له ژیاندا مابێت، چوونكه ئه‌و هه‌میشه به‌وه‌فاترین و جێمتمانه‌ترین مرۆڤی دونیا بووه. ئه‌و له‌بیری ناچێت. من سێ هه‌زار كیلۆمه‌ترم بڕیووه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌مشه‌و له‌م به‌رده‌رگایه‌دا ڕاوه‌ستم، ئه‌وه‌ش شایه‌نی ئه‌وه‌یه كه براده‌ره‌كه‌م ده‌ركه‌وێت.”
پیاوه چاوه‌ڕوانه‌كه، كاتژمێرێكی شیكی له كیفێكی ڕازاوه به ئه‌ڵماسی دره‌خشاوه، ده‌رهێنا و وتی “سێ خوله‌كی ده‌وێت بۆ ده. سه‌عات ده‌ی ڕێك بوو ئه‌وكات كه له ده‌ره‌وه‌ی چێشتخانه‌كه جیابووینه‌وه.”
پۆلیسه‌كه پرسی “وا دیاره له خۆرئاوا، حاڵی ئێوه باش گوزه‌راوه، وانییه؟”
پیاوه‌كه وتی “ده‌توانن وا بڵێن! هیوادارم به نیوه‌ی ئه‌وه حاڵی جیمیش باش به‌ڕێوه‌چووبێت. به‌ڵام ئه‌و كاركه‌رێكی بێته‌ماح و له‌سه‌رخۆ بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه كوڕێكی باش بوو. وه‌لێ من، بۆ ئه‌وه‌ی سینه‌كه‌كانم كۆبكه‌مه‌وه، پێشبڕكێم له‌گه‌ڵ كه‌له ڕه‌قترینه‌كاندا كردووه. له نیۆڕك پیاو ته‌نها له‌سه‌ر جێپێ ئاساییه‌كانی خۆی لۆژه‌لۆژ ده‌ڕوات. له خۆرئاوا داواده‌كرێت موسێكی تیژ بخه‌یته سه‌ر ئه‌مه.
پۆلیسه‌كه دارده‌سته‌كه‌ی سوڕاند و چه‌ند هانگاوێكی نا و وتی “من به‌رده‌وام ده‌بم. هیوادارم هاوڕێكه‌تان بێت. سه‌عات ده‌ی ڕێك وازیلێدێنن؟”
ئه‌و وتی “نا ناشێ! هیچ نه‌بێت نیوسه‌عاتی ده‌ده‌مێ. ئه‌گه‌ر جیمی له ژیاندا بێت، دێت. سه‌رچاوان جه‌نابی ئه‌فسه‌ر!”
“شه‌وشاد به‌ێز”، پۆلیسه‌كه ئه‌مه‌ی وت و له نۆبه‌كه‌ی به‌رده‌وام بوو، ده‌ڕۆشت و له ده‌روازه‌كانی ده‌ڕوانی.
نمه‌بارانێكی جوان و سارد ده‌ستی به بارین كردبوو، باكه له هه‌ڵكردنی تاوتاوه‌وه، بۆ هه‌ڵكردنی بای هاوئاست گۆڕدرابوو. ئه‌و ژماره كه‌مه پیادانه‌ی لای ئه‌و ماڵانه‌وه له جوڵه‌دا بوون، له بێده‌نگییه‌كی خامۆشدا، به ده‌ست له گیرفانه‌وه، خێراتر ڕێیان ده‌كرد. له‌ده‌م ده‌رگای ئاسنفرۆشه‌كه‌شدا، ئه‌و پیاوه وه‌ستابوو كه سێ هه‌زار كیلۆمه‌تری بڕیبوو، بۆ دیدارێكی بێ سه‌روبه‌ر و نه‌زانراو، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی سه‌رده‌می لاوێتیدا، ئه‌و به‌ده‌م جگه‌ره‌كێشانه‌وه، چاوه‌ڕێ بوو.
كاتێك نزیكه‌ی بیست خوله‌ك بوو چاوه‌ڕێی ده‌كرد، پیاوێكی باڵابه‌رز به پاڵتۆیه‌كی درێژه‌وه كه یه‌خه‌كه‌ی به‌ره‌و گوێچكه‌كانی به‌رز كردبووه‌وه، شه‌قامه‌كه‌ی بڕی و هات و ڕێك به‌ره‌و لای پیاوه چاوه‌ڕێكه چوو.
ئه‌و به گومانه‌وه پرسی “ئه‌وه تۆیت، بۆب؟”
پیاوی ده‌م ده‌رگاكه له‌پڕ وتی “ئه‌وه تۆیت، جیمی وێڵس؟”
“خۆش به حاڵم!” پیاوه تازه هاتووه‌كه وه‌های وت و هه‌ردوو ده‌ستی ئه‌ویتری خسته ده‌سته‌كانی خۆیه‌وه. “ئه‌مه بۆبه، دڵنیام له چاره‌نووسم، من ده‌مزانی لێره‌دا ده‌تبینم، ئه‌گه‌ر له ژیاندا مابیت. به‌ڵێ، به‌ڵێ – بیست ساڵ كاتێكی زۆره. چێشتخانه كۆنه‌كه نه‌ماوه، هیواخوازبووم بمایه، تا بمانتوانیایه جارێكی دی نانی لێبخۆین. له خۆرئاوا چۆنت گوزه‌راند لاوی دێرین؟”
“باش باش! هه‌موو ئه‌و شتانه‌م ده‌ستكه‌وت كه هیوام پێ ده‌خواستن. تۆ گۆڕاویت جیمی. باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد ئه‌وه‌نده درێژ ببیت، هه‌ر هیچ نه‌بێت ده‌كرا پێنج شه‌ش سانتیم كوورتتر بیت.”
“من دوای پڕكردنه‌وه‌ی بیست ساڵی، هه‌ندێكی تر گه‌شه‌مكرد.”
“حاڵت باشه له نیۆڕك؟”
“تا ڕاده‌یه‌ك. له خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی كار ده‌كه‌م. وه‌ره له‌گه‌ڵم بۆب، ده‌چینه شوێنێك من ده‌یزانم، له‌وێ باسی كاته كۆنه‌كان ده‌كه‌ین.”
هه‌ردوو پیاوه‌كه به‌ره‌و شه‌قامه‌كه قۆڵ له قۆڵی یه‌كدا ڕۆیشتن. ئه‌وه‌یان كه له خۆرئاواوه هاتبوو، به شێوازه له‌خۆدڵنیاكه‌یه‌وه كه سه‌ركه‌وتنی زیاتری به‌ده‌ستهێناوه، ده‌ستیكرد به باسكردنی ژیانی كاری. ئه‌ویتر نوقومبوو له‌ناو پاڵتۆكه‌یدا و ئاره‌زوومه‌ندانه گوێی ده‌گرت.
له‌سه‌ر سووچه‌كه، ده‌رمانگه‌یه‌كی لێ‌بوو، به چه‌ندین گڵۆپی كاره‌بایییه‌وه ده‌دره‌وشایه‌وه. كه گه‌یشتنه بازنه‌ی ڕووناكییه‌كه‌ی، هه‌ردوكیان هاوكات ئاوڕیان به‌لای یه‌كدا دایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی سیمای یه‌ك بده‌ن. پیاوه‌كه‌ی خۆرئاوا له‌ناكاو وه‌ستا و قۆڵی ڕاپسكاند و وتی “تۆ جیمی وێڵس نیت، بیست ساڵ كاتێكی درێژه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ش زۆر نییه كه لوتێكی ڕۆمی بگۆڕێت به لوتێكی سه‌گئاسای كوڵ.”
پیاوه درێژه‌كه وتی “هه‌ندێك جار، بیست ساڵ ده‌توانێت مرۆڤێكی باش بگۆڕێت به مرۆڤێكی خراپ. ده خوله‌ك پێش ئێستا تۆ داواكرابوویت ‘سیلكی بۆب’. شیكاگۆ وایزانیوه تۆ ڕێت هه‌ڵه‌كردووه و كه‌وتوویته‌ته لای ئێمه، ئه‌وان ته‌له‌گرافیان ناردووه كه ده‌یانه‌وێت قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌ن. تۆ هێشتا له‌گه‌ڵمدایت به هێمنی؟ ئه‌مه زیره‌كییه له ئێوه‌وه. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بچینه بنكه‌كه، نامه‌یه‌ك هه‌یه كه داواملێكراوه بتده‌مێ، ده‌توانیت لای ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه بیخوێنیته‌وه. ئه‌مه له لایه‌ن ئه‌فسه‌ر وێڵسه‌وه‌یه.
پیاوه خۆرئاواییه‌كه پارچه كاغه‌زه‌كه‌ی كرده‌وه. سه‌ره‌تا ده‌سته‌كانی خۆگربوون كه ده‌ستی به خوێندنه‌وه كرد، به‌ڵام پاش خوێندنه‌وه‌ی، ده‌ستی له‌رزی. نووسراوه‌كه كوورت بوو؛
بۆب – من له كاته دیاریكراوه‌كه‌دا له‌وێ بووم. كاتێ شقارته‌كه‌ت پێكرد تا سیگاره‌كه‌ت ئاگربده‌یت، بینیم تۆیت كه پۆلیسی شیكاگۆ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت. به هه‌ر هۆكارێك بێت له‌ده‌ستم نه‌هات خۆم كاره‌كه ئه‌نجام بده‌م، بۆیه ڕۆیشتم و كه‌سێكم به به‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه ڕاسپارد كاره‌كه جێبه‌جێ بكات.
جیمی