وەڵامدانەوە بە نووسین؛ لەبارەی ئەدەبی بەرهەڵستکاری
ئالان پەری
لەبارەی ڕۆمانی (مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە)
نووسینی: کەمال داود
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
وەشانی نووسیار ٢٠٢٣
ڕۆمانی (مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە) لە نووسینی کەمال داود بەبێ خوێندنەوەی “نامۆ”ی ئەلبێر کامۆ و بەبێ وەبیرهێنانەوەی ڕووداو و گوتارەکەی بە قووڵی نەبێت ناخوێندرێتەوە، دەکرێ کۆی ڕۆمانی دووەم (مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە) بخرێتە ناو شیکاری خودی گوتارەکەوە؛ گوتاری ئەدەبی فەرەنسی لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا. بەوپێیە گەورەترە لە پرۆسەی ڕاگەیاندنی نێوان دەقەکان و فێڵە تەکنیکییەکان. بەڵکو گوتارێکی کۆلۆنیالیزمی تەواو تەرخان دەکات کە تەنها پارچەیەک لە فەرەنسا لە جەزائیردا بەرجەستە دەکات و هەر بۆیە جەزائیری ناوێک مرۆڤێکی مردوو و پەراوێزخراوە کە تەنها پێویستی بەوەیە لەسەری بوەستین و وەک هاوتایەکی شایستەی خەبات بەرز بنرخێنین، ئەگەرچی لە ڕێی ئەدەب و ڕۆمانیش بێت.
لە کاتێکدا “کەمال داود“ بیرۆکەی دادگاییکردنی کامۆ ڕەتدەکاتەوە؛ ئێمە لێدوانەکانی نووسەریش لە دەرەوەی پێشوازی ڕۆمانەکە دادەنێین بۆ ئەوەی قورسایی سیاسی بۆ وشەی “دادگاییکردن” بگەڕێنینەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا ناتوانین چاوپۆشی لەوە بکەین کە ڕۆمانەکەی کەمال داود کتێبێکە جۆرێکە لە وەڵامدانەوە؛ یەکلاییکردنەوەی حسابێک، تەنانەت بە نائاگایی دەقەکەش بێت، یان ئەوەی کامۆ لە مانای ڕواڵەتی قسەکانیدا شاردبوویەوە، یان ئەوەی کە بە ڕووداوە یەک لە دوایەکەکان و پڵۆتی گێڕانەوەکەی سڕیویەتەوە.
کەمال داود دەستەواژە بەناوبانگەکەی فەیلەسوفی فەرەنسی جۆرج باتای لە کتێبی “ئەدەب و خراپە”دا بە بیرمان دەخاتەوە و دەڵێت: “ئەدەب بێتاوان نییە، لەبەر ئەوەی تاوانبارە، ناچارین لە کۆتاییدا ددان بەودا بنێین کە خراپە”. لێرەدا ڕووبەڕووی بەناوبانگترین گوناهـە دەبینەوە کە نووسەرێک بەرامبەر بە یەکێک لە کارەکتەرەکان و هێماکانی پشت ئەو کارەکتەرە ئەنجامی داوە. لە ڕێگەی کارەکتەرە دڵخوازەکەیەوە بە چەند فیشەکێک ونی دەکات، ڕۆیشت؛ بەبێ هیچ هەستکردن بە تاوانباری.
لێرەدا کەمال داود لەم دژایەتییەدا، تاوانی هاوپەیمانی نێوان نووسەری گەورە و خوێنەرانی ڕۆمانەکە لە جیهاندا لە سەرانسەری نەوە یەک لەدوایەکەکاندا ئاشکرا دەکات، کاتێک هەموویان قوربانیی ڕاستەقینەی ڕۆمانی “نامۆ”یان لەبیرچووە، کە لە گێڕانەوەکەدا جێگەی خۆی گرتۆتەوە؛ گۆڕەپانەکە لەلایەن بکوژەکە “مۆرسۆ”ەوە. لەگەڵ دەقی داوددا ڕووبەڕووی کارەساتێکی نوێ دەبینەوە، کارەساتی ئەفراندن و قابیل-ێکی نوێ کە بەهێزتری کرد، ناوبانگێکی زۆری دەرکرد و ناوەکەی بە شانازییەوە بە ڕۆڵەی جیهان دراوەتەوە، لە کاتێکدا کەس باسی هابیل ناکات، کە قوربانییەکەیە. مرۆڤ جنێو بە تاوانباران دەدات، بەڵام لاسایی ئەوانیتر دەکاتەوە، قوربانیی بەدڵ نییە و نایەوێت لە شوێنی ئەو بێت.
بەرنامەی گێڕانەوەی کەمال داود بەم شێوەیە دەستپێدەکات کە مەبەستێکی بەرهەڵستکارانەی هەیە و هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە و یادکردنەوەی ئەوانەی سڕاونەتەوە بۆ ناو دیمەنەکە، بۆیە هەر لە یەکەم ڕستەوە هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی ڕۆمانی یەکەم (نامۆ) دەات، کە هەر لە سەرەتای بابەتدا هەوڵی سڕینەوە دەدات.
کەمال داود ناوی قوربانییەکە بە “موسا“ ناو دەبات، و ناوێکیشی بە براکەی دا بە ناوی “هارون“. ئەو نووسەرە جەزائیرییە مێژوو و چیرۆکی ئایینی بەکارهێناوە، چیرۆکی پێغەمبەر موسا و هارونی قسەخۆشی برای بەبیرهێناوەتەوە، کە موسا بانگەوازی بۆ کردووە بۆ ئەوەی ببێتە دەنگی ئەو. بەم شێوەیە نووسەری کتێبی “زەبور” جەزائیرییە کوژراوەکەی ناو ڕۆمانی “نامۆ” بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی پیرۆزیی کاتێک ناوی پێغەمبەر موسا لە ڕۆمانە نوێیەکەیدا بۆ دیاری دەکات.
بەرهەڵستکار لێرەدا بکوژێکی نوێ و قوربانییەکی نوێی هێنایە ئاراوە بە ناوی هارون. سەبارەت بە وێنەی ئەو دایکەی کە کامۆ مردنەکەی بە ساردی و بە بێباکییەکی زۆرەوە نووسیویەتی، کاتێک بە گێڕەرەوە دەستی بە گێڕانەوەی کردووە و دەڵێت: ”ئەمڕۆ دایکم مرد. سبەی بەخاک دەسپێردرێت.” کەمال داود بە سەرەتایەک بەرپەرچی دەداتەوە و دەنووسێت: ”ئەمڕۆ دایکم لە ژیاندایە. بێدەنگ، یەک وشەش ناڵێت…”. بەڵام لە کاتی گێڕانەوەکەدا بۆمان دەردەکەوێت کە پەیوەندییەکەی لەگەڵیدا ترسناکترە لە پەیوەندی مۆرسۆ لەگەڵ دایکیدا. کاتێک کەمال داود لە ڕێگەی هارونی پاڵەوانەکەیەوە دەنووسێت: ”بەڵێ، دایکم هێشتا ماوە. ئەمڕۆ لە ژیاندام، و من بە هیچ شێوەیەک بێباک نیم لەوە. دڵنیابە لەسەر ئەمە لەخۆم توڕە دەبم، بەڵام هەرگیز لێی خۆش نابم”.
دایک لە ڕۆمانەکەی کەمال داود چیتر خەمبار نییە، بەڵکو شیوەن بۆ کوڕە کوژراوەکەی دەکات، ژنێکە کوڕی دووەمی خۆی کوژراوە لەکاتێکدا بەدوای کوڕی یەکەمدا دەگەڕێت کە لەلایەن پاڵەوانی “سەیر” کامۆوە وەسف کراوە، بەدوای خۆیدا ڕایدەکێشێت بۆ گەڕان بەدوای تەرمی ونبووەکەدا، و لەبەر ئەوەی تەرمەکەی ونبووە، هارون بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوەی تەرمی مردووەکە کە براکەیەتی. بۆیە پەنا بۆ هەمووان دەبات؛ گارسۆنی باڕەکە و خاوەنکارەکانیش، بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات لە ناوی موسا و دایکەکەی بەگەڕێنێتەوە کە لە شیوەن و ماتەمینیدا خۆی سڕ کردووە.
بەم شێوەیە کەمال داود لە توندوتیژیی فەرەنسییەکان دەدوێ کە ‘مۆرسۆ’ بۆتە نموونەی هەردوو ڕۆمانەکە، ئەو توندوتیژییە بوونگەراییە، دەمانباتە توندوتیژییەکانی جەزائیر کە لە حاڵەتێکی دەگمەنەوە گۆڕا بۆ بابەتێکی ڕۆژانە و بووە ڕەفتارێکی سروشتی کە هەمووان لە شاری وەهرانی جەزائیرپراکتیزەی دەکەن و بەردەوام یەکتری هەڵدەوەشێننەوە تا ئاستی پەرتەوازەبوون. هەموو کەسێک لە وەهران خۆی بە ڕەسەن دەزانێت و ئەوانی تر تەنها نیشانە و حاڵەتێکی فریاگوزارییانەیە نەک ڕەسەن.
کەمال داود لەم ڕۆمانەیدا هەموو ئەو شتانەی کە دەیویست لە ڕێگەی دەمامکی کامۆوە بە جەزائیرییەکان و فەرەنسییەکان بڵێت، بە کەڵک وەرگرتن لە ڕۆمانی “نامۆ”، (ئەو تەرمە زەبەلاحە کە بێ جووڵە لە کەنار دەریاکەدا کەوتبوو پێش ئەوەی بۆ هەمیشە ون بێت). کەواتە مردن… لە ڕێگەی مردنەوە شتەگەلێکی ئەوتۆ دەڵێن، وەک ژان ماگۆری دەڵێت: “مردن دوا ئەگەری هەموو ئەگەرەکانە، ئەو ئەگەرەیە کە هەموو ئەگەرە مومکینییەکانی دیکە ناتوانن جۆرێکی تریان هەبێت.” هەر بۆیە پاڵەوانی کەمال داود لە کۆتایی ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان دوا دێڕی پاڵەوانی ڕۆمانی ‘نامۆ’ کاتێک مۆرسۆ دەڵێت: ”منیش پێم خۆشە بینەرەکان زۆر بن و ڕق و کینەیان توند بێت.”
بەم شێوەیە ڕۆمانی “نامۆ” وەک دەقێکی مەترسیدار و لە هەمان کاتیشدا ئیلهامبەخش بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە و نووسەران بە ئاگاییەوە یان بەبێ ئەو دەقە کارلێک دەکەن، دەقێک کە کەس بەبێ زیان لە خوێندنەوەی دەرنەچووە، بەبێ گوێدانە هەڵوێستە کردنی کامۆ!
کەمال داود لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا، لە بارەی ڕۆمانی (مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە) دەڵێت: “ئەوە وەڵامێک نییە بۆ کامۆ، من باوەڕم وایە کە کامۆ نووسەرێکی جەزائیرییە، تەنانەت ئەگەر پشت لە ئێمەش بکات، مێژووەکەی، لە دایکبوونی، منداڵیی خۆی، […] ساڵانی گەنجێتی، تا ئێسقان جەزائیرییە، جا حەزی لێبێت یان ڕقی لێی بێت”.
لە کۆتاییدا من پرسیارێک دەکەم. شاکار چییە؟ یان چۆن بەرهەمی شاکار دەبێتە پێوەری کتێبی باش؟ هەردوو ڕۆمانەکە شاکارن و یەکتری بەرز دەکەنەوە. ئەم ڕۆمانەی کەمال داود هاوچەرخە… وەڵامێکە بۆ کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی لە ناوچەکە… ئینجا هەر فەرەنسا باشترین خەڵاتی ئەدەبی پێ بەخشیوە. ئیتر چی شاکار و ناشاکارە؟ بۆ دەبێت تەنها ئەو کتێبانە هەبن کە شاکارن؟ خۆم هیچ لەگەڵ ئەو دەستەواژەیە نیم بۆ ئەدەب جا هاوچەرخیش بێت.
لە پشت بەرگی ڕۆمانی (مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە) هاتووە
ساڵی ١٩٤٢ ڕۆمانێکی فەرەنسی بڵاوکرایەوە کە لەو کاتەوە لە مێژووی ئەدەبیدا وەک یەکێک لە ناسراوترین ڕۆمانەکان جێی خۆی کردۆتەوە. ناونیشانی ڕۆمانەکە: (نامۆ) لە نووسینی ئەلبێر کامۆ بوو. ئێستا، کەمێک زیاتر لە هەشتا ساڵ دوای بڵاوکردنەوەی شاکارەکەی کامۆ، دواجار دیوەکەی تری چیرۆکەکە وەردەگرین. دوای هەموو شتێک، ئەو پیاوەی مۆرسۆی کوشت بە هۆکارێکی نادیار، بەڵام لەوانەیە لە هەمووی زیاتر لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە خۆر زۆر درەوشاوە بووە؟ لە نامۆدا، ئێمە هەرگیز نایناسین، ئەو تەنانەت ناوێکێشی نییە.
”مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە” وەک ڕێزێک بۆ وەڵامی تاوانبارکردنی نامۆکان دادەنرێت و پەرەپێدانی زیاتری کەمال داودی نامۆیە. لەگەڵ ”مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە” شاکارێکی نوێی لەسەر شاکارێکی تر دروست کردووە.
***
لە ڕۆمانی ”مۆرسۆ دژە لێکۆڵینەوە”دا ئەو دوو بژاردەیە ڕەت دەکرێنەوە کە بەزۆرداریی بە جەزائیرییەکان پێشکەش کراوە، یەکەمیان ناسیۆنالیزمی سەربازییە و ئەویتریان لە ناوناسیۆنالیزمی ئایینیدایە، هەردووکیان بە بێ مانایی مەحکوم دەکات.
– ڕۆبن یاسین کەساب، گاردیان.
نووسەری جەزائیری کەمال داود لە ڕۆمانە دەوڵەمەند و داهێنەرەکەیدا وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە کە ئەو کوشتنەی لە ساڵی ١٩٤٢ لەلایەن مۆرسۆوە ئەنجام درا، تاوانێکی ڕاستەقینە بوو، کە ئەوی کردە ناوبانگی جیهانی کە لە دوای بڵاوکردنەوەی کتێبێک دەربارەی ئەو تاوانە.
– لەیلا لەلامی، نیویۆرک تایمس
سیڤیی نووسەر
کەمال داود نووسەر و ڕۆژنامەنووسی فەرەنسینووسیی جەزائیری ساڵی ١٩٧٠ لە مۆستەغانێم لەدایک بووە و ئێستا لە وەهران دەژی. وتارنووسی ڕۆژنامەگەلی وەک ڕۆژانەی وەهران، لۆپوان، نیویۆرک تایمز و هەروەها نووسەری کۆمەڵێک چیرۆک و ڕۆمانی بەناوبانگە. مۆرسۆ، دژە لێکۆڵینەوە بۆ زیاتر لە سی زمان وەرگێڕدراوە و ساڵی ٢٠١٥ خەڵاتی گۆنکووری یەکەم ڕۆمانی پێ بەخشراوە.
سەرچاوەکان:
- ڕۆمانی (نامۆ) ئەلبێر کاموو – وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی (سلێمانی: ناوەندی ئەندێشە، ٢٠١٦).
- ڕۆمانی (مۆرسۆ دەژە لێکۆڵینەوە) کەمال داود – وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی (کۆپنهاگن – دانیمارک: وەشانی نووسیار ٢٠٢٣)