بەختیار عەلی؛ دواهەمین هەناری دونیا - ڕۆمان

دواهەمین هەناری دونیا ترشترین هەناری دونیایە


Loading

دواهەمین هەناری دونیا ترشترین هەناری دونیایە

نوسینی: ئیدریس مستەفا

 

ئەم بابەتە نوسینێکی ڕەخنەیی منە لەسەر ڕۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ی بەختیار عەلی. بۆ یەکەم جارە ڕۆمانی بەختیار عەلی بخوێنمەوە ئەویش دوای ئەوەی بیستم ئەم ڕۆمانە وەرگێڕدراوەتە سەر هەندێ زمانی بیانی لەوانە ئەڵمانی ئەمە جگە لەوەی لە لایەن هەندێ دۆست و هاوڕێی خۆمەوە گەلێک ستایش کرا. من تەنیا وەک خوێنەرێک، خوێندنەوەی خۆم بۆ ئەو ڕۆمانە بە چەندان ڕەخنەی جۆراوجۆر دەخەمە ڕوو. لەمەشدا پشت بەو تیۆریە ئەدەبیە دەبەستم کە ڕێگە بە خوێنەر دەدات دەق هەڵبسەنگێنێ و ڕەخنەی لێ بگرێت. ئەو تیۆریە پێی دە و ترێ کاردانەوەی ڕەخنەیی خوێنەرReader Response Criticism- ئەو ڕۆمانە دەکرێ لە زۆر ڕووی ئەدەبیی ترەوە، وەک زمان بە نموونە، ڕەخنەی توندی لێ بگیرێت بەڵام من لە هەندێ لایەنی فکری و چەمکخوازی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە ڕەخنەکانم دەخەمە ڕوو بە ئاماژە پێدانی چەند قوتابخانە و تیۆری ئەدەبی و چەمکی فکری، لەوانە تیۆری رەخنەگرانەی نەژادی-Critical Race Theory، سۆسیۆلۆجیای فەرق و جوداخوازی، فیمینیزم، جێندەر، ستراکچراڵیزم، دیراسەی کەلتورەکان و میژوو …. هتد.

 

بەشی یەکەم: ناوچەگەرێتی بە شەرتی لەکەدارکردنی گەرمیانی

لەم بەشەدا باس لە بابەتی ناوچەگەرێتی دەکەم کە ئەسەرەکەی بە ئاشکرا لەم ڕۆمانەدا دەردەکەوێت، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ناتوانی بە دیاریکراوی لە چوارچێوەی یەکێک لە قوتابخانە و تیۆرە ئەدەبی یاخود چەمکی فکریەوە لێی بڕوانی چونکە باسی ناوچەگەرێتی بەو شێوەیەی لە وڵاتی ئێمەدا هەیە و بەو شێوەیەی نوسەر نوسیوێتی کەمێک ئەستەمە ڕێچکەیەکی ئەدەبی بدۆزیتەوە تاکو ڕەخنەکانی خۆتی لەسەر بنیات بنێیت، ئەمە جگە لەوەی خوێنەرانی نەتەوەکانی دی چۆن لێی تێبگەن بەو ڕادەیەی ئێمە دەیزانین. هەڵاواردن و جیاوازیکردن لە نێوان تاکەکانی یەک کۆمەڵگە خاوەنی یەک زوبان و یەک  نەژاد و یەک ناسنامە و یەک خاکن چەندان ڕەهەندی هزری و سیاسی و سایکۆلۆجی لە خۆی دەگرێت. بۆ نموونە ئەو جیاوازیەی لە نێوان ناوچەی سلێمانی و ناوچەی گەرمیان دەکرێت لە ڕێگەی کاراکتەرەکانی نێو ئەم ڕۆمانەوە زۆر بێ پەردە و ئاشکرایە، بە ڕادەیەک خودی نوسەر و ڕۆمانەکەی دەخاتە ژێر پرسیاری  ئاکاریی و ڕۆشنبیریەوە.

گەرمیانیەکان بەتایبەت خەڵکی کەرکوک و دەوروبەری بەهۆی پێشینەیەکی دژواری بارودۆخی سیاسییەوە کە هەموان دەیزانین یان دەرکراون یاخود ناوچەکانی خۆیان جێ هێشتووە و بەرەو شارەکانی تری وڵات کۆچیان کردووە لەوانە سلێمانی و هەولێر. کاتێکیش دێنە شارەکانی تر دەست دەبەن بۆ هەر کار و وەزیفەیەک ژیانی خۆیانی پێ بەڕێ بکەن. هەر خودی نوسەر تەوزیفی هەردوو کاراکتەرەکەی ئاوها کردووە کاتێک گەرمیانەکە بە پۆلیسێکی دادەنێت و (سڵێمانی مەزنی) مەسئولی حزبی بە پیاو مەعقوڵی شار، دیارە مەبەست لە شار سلێمانیە، ناودەبات. لێرەوە گرفت و کێشە ئەخلاقیەکان سەرهەڵدەدەن.

 

هەموو ئەو کاراکتەرانەی لەو ڕۆمانەدا ناویان دەهێنرێت ئاماژە بە ناسنامەی ناوچەێتیان ناکرێ تەنها یەک کاراکتەر نەبێت ئەویش پۆلیسە شەقوەشێنەکەی عەرەبانچیەکان و دەستفرۆشەکانی شاری سلێمانیە ” مەلیک دولبەری گەرمیانیەکی سەرسەختی ژنحیز” کە “ژنەکەی دەبرد بۆ مەسئولەکان.” لا ١٥٦. لە بەرامبەردا کەسێتیەکی تری شاری سلێمانی هەیە کە باوکی محمدی دڵشوشەیە. محمدی دڵشوشە “کوڕی یەکێک لە پیاوە ناسراوەکانی شارە، سڵێمانی مەزن. ئەو پیاوەی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە لە ژێرەوەڕا ئەمینداری نهێنیە ترسناک و گەورەکانی ئەو شارەیە.” لا٢٢. لەم دوو وەسفەدا ڕەهەندی ئەو فەرق و جوداییە دەبینی کە لە نێوان دوو ناوچەی باشووری کوردستاندا دەکرێ ئەویش ناوچەی سێمانی و ناوچەی گەرمیانە. بزانە ئەو ڕوحی سلێمانچێتیانە لە کوێدا خۆی مەڵاسداوە. لە لایەک چ وەسفێکی ئیجابی کابرای سلێمانی، سڵیمانی مەزن، دەکات بەوەی مێژوویەکی پڕ شۆڕ و شەوق و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرزی دەداتێ. لە لایەکیتر، کابرایەکی گەرمیانی دەهێنێ و دەورێکی نابووت و پیسی دەداتێ بە سەرسەخت ناوی دەبات. سەرسەخت گەر دایبتاشین و مانایەکی ئەرێنی لێ پەیدابکەین ئەوا نوسەر لێرەدا بە مانایەکی قوڵی پڕ لە تەوهین و ئیهانە بە مرۆڤی گەرمیانی بەکاری هێناوە گوایە گەرمیانی توڕە و کەلەپوتن و هێز و بازوو هەموو شتێکە لە لای ئەوان. لەمەش واوەتر لەسەر ئاستی شەخسی و خێزانی و کۆمەڵایەتی لەکەداری دەکات و ژنەکەی بە حیز و خۆیشی بە گەواد ناوزەد دەکات. نوسەر لێرەدا توشی گرفتێکی مەنتقی بووە. باشە کەسێک گەر ژنەکەی بەرێ بۆ بەرپرسی گرنگی گەورەی حزبەکان و وەزارەتەکان واز لەو کارە تاقەت پروکێنە پۆلیسیە ناهێنێ کە دەست پان بکاتەوە لە چەند منداڵێکی دەستفرۆش تاکو شتێکی بدەنێ. لەو هەرێمەی ئێمە، وەک هەموان دەزانن، ئەوەی گەوادی لەوجۆرە بۆ مەسئولە گەورەکان و وەزیرەکان بکات بە تایبەت ژنی خۆی ببات بۆیان ئایا نانی ناکەوێتە ڕۆنەوە و ناشبێت بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی شار؟!

وەک گوتمان لەگەڵ ئەوەی گەرمیانیەکە وەک دڕەندەیەک نیشان دەدات بە کوشتنی سەریاسی پاڵەوانە گەنجەکەی، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش لەکەداری دەکات بەوەی ژنەکەی حیزە و ژنەکەی دەبات بۆ مەسئولەکان؛ لە بەرامبەردا سڵیمانی مەزن هەیە پیاوی مەعقوڵی شارە، شاری سلێمانی، و مەسئولە و لە چاوتروکانێکدا دوو کچت بۆ خانەنشین دەکات و دەیان نێرێت بۆ شوێنێک کە خۆیان هەڵی دەبژێرن تەنها لەبەرئەوەی دڵی کوڕە مردووەکەی شاد بکات، بە قەولی خۆی، بەوەی سەردانی گۆرەکەی بکەن جار ناجارێ. تۆ سەیری ئەم پیاوە ناودارەی شارەکە بکەن: مەسئولە، کوڕەکەی لە کۆشکێکدا داناوە، دوو خانمی گەنج خانەنشین دەکات، ئەو سیاسەتی لێدان و کوشت و بڕەی لە مندالانی هەژار دەدرێت لەسەر شەقامەکانی شارەکەی ئەو پیاوە گەورەیەدا لە دارودەستەی ئەمەوە دەردەچێت کەچی ئەم پیاوی ناسراوی شارە و مەلیک دولبەری کارمەندی ئاسایش و پۆلیس دڕەندەیە، کەلەپوت و منداڵکوژە و نەک هەر ئەمەش ژنحیزە و مندالانی دەستفرۆش هاواری لێدەکەن ژنحیز چونکە “هەموان دەزانن مەلیک دولبەر ژنەکەی خۆی دەبات بەرپرسێکی گرنگی دەفتەری سیاسی و کاربەدەستێکی گەورەی وەزارەت.” لا ١٥٦. دواتر دەگەرێمەوە سەر وشەی “ژنحیز” و چ ڕەهەندێکی فکری و ئەخلاقی بە دواوەیە، بەڵام من دەپرسم باشە نوسەر بۆ ناڵێت شارباژێریەکی ژنحیز، شارەزووریەکی ژنحیز، پێنجوێنیەکی ژنحیز، پشدەریەکی ژنحیز یاخود سلێمانیەکی ژنحیز؟!

هەڵبژاردنی گەرمیانیەک لە لایەن نوسەرەوە و بەرجەستە کردنی لە کاراکتەرێکی ئاوهادا ڕێکەوت نیە. لیرەدا ناچمە سەر ئەو فاکتەرە مێژویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیانەی کە ڕوحی ناوچەگەرێتی لە سلێمانی دروست کردووە؛ بەڵکو ڕاستەوخۆ دەچمە سەر ئەو واقعی سلێمانچێتیەی کە لەو شارەدا هەیە و بۆچی لە عەقڵیەتی ڕۆشنبیری و سیاسیەکانیدا بەرجەستەیە هەر وەک چۆن لە نێو بەشێکی زۆری ئەو خەڵکانە خۆیان بە ئەهلی شارەکە یاخود ڕەسەنی شارەکە ناودەبەن. ئەو شارە وەک شارەکانی دی کوردستان چەندان شاعیر و هونەرمەند و نوسەری تێدا هەڵکەوتووە و شایانی رێز و ستایشە بەڵام نەک بکرێ بە شانازیەک و بەسەر شوێنەکانی تردا ڕایبدەن. سلیمانچێتی لە بەرامبەر ناوچە و شارەکانی تردا بە تایبەت گەرمیان و بە دیاریکراوی ناوچەی کەرکوک شتێکی بەڵگەنەویستە. ناوچەگەرێتی جگە لەوەی لە روحێکی شانازی و خۆ بە موهیم زانیەوە دێت، بۆخۆی دەرئەنجامی فەرهەنگ نزمی و ئاست نزمی رۆشنبیری و تەنانەت گرفتی دەروونیشە. لە باری تیۆریەوە دەخزێتە نێو بیروکرداری شۆفێنستیانەوە کە نەژادێک یاخود جۆرێک لە خەڵک و شوێنەکەی بە گرنگ تەماشابکرێن و ئەوانی تر بە کەم و جاهیل و بودەڵ و ناخۆش. هەولێر نموونەیەکی زیندووە کە ڕۆژانە دەکەوێتە بەر توانج و تەلاری ناوچەگەرێتی. تەنانەت لە نیو حزبێکیشدا لەسەر ئاستی باڵادا دەبینین سلێمانچێتی چۆن دەوری خۆی دەگێڕێ لە هاوسەنگی نێوان کەسەکان و هیزەکاندا. تێگەیشتن لەم کێشەیە لە سەر ئاستی جیهان چەند چەمک و تیۆریەکی هێنایەدەر لەوانە تیۆری ڕەخنەگرانەی(کریتیکاڵ ڕەیس تیۆریCritical Race Theory- ) کە نەک هەر ڕادەوەستێتەوە دژ بە ڕەگەزپەرستێتی ڕەش پیستەکان و نەتەوە بوومییەکانی هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکور (ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک) و ئەمریکای باشور (وڵاتانی ئاخێوەرانی لاتین زوبان) بەڵکو بەرامبەر جوداخوازێتی ناوچەیی خەڵکانی ئاسیایی و ئەمریکای لاتینیش.

لە سەر ئاستی ڕۆشنبیری ئێمە شاهیدی دەرکەوتنی ڕەوتێکی ڕۆشنبیرین وەک ڕەهەندیەکان و بازنەیەکیش لە ڕۆشنبیر و خوێنەرانیش بە دەوریاندا کە سلێمانچێتی لە نوسین و بەرخوردەکانیان ئەسەرێکی تەواوی هەیە. ئەم ڕەوتە تەواوکەرە لەگەڵ عەقڵێکی سیاسیدا کە پێی وایە خەڵکانی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر دەبێ سلێمانی بە جێ بهێڵن و بڕۆنەوە شوێنی خۆیان چونکە شارەکەیان ناخۆش کردووە! کێ هەیە گوێی لەم قسانە نەبووبێ گەر بۆ مانگێک لەو شارەدا ژیابێت. سەرباری ئەو سێ دەیەیەی خەڵکانی گەرمیانی لەو شارەدا دوو سێ نەوەیان لی دروست بووە بیری سلێمانچێتی هەر هەیە و لە برەودایە. شاری شاران، شارە حەیاتەکە یان پایتەختی ڕۆشنبیری چەند تێرمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیرین لەو ئاراستەیەدا کە هەرچەندە ئەم شتانە بێ مانان بەڵام مانایەکی خراپیشی لە بیرکردنەوە و کردەوەدا دروست کردووە. لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم من باس لە ڕەوتێکی شۆفێنی ناوچەگەرێتی دەکەم نەک تەعمیمی بکەم بەسەر هەموو خەڵکی ئەو شارەدا کە خۆم بەشێکم لێی. جا ترسناکیەکە لەوەدایە ئەو ڕەتە لە عەقڵی سیاسیەکان و قەلەم و هزری ڕۆشنبیریەکاندا خراپ بەرجەستە بووە. بەختیار عەلی خۆی و ڕۆمانەکەی نمونەیەکی زیندووی ئەو عەقڵی سلێمانچێتی و ڕق هاتنەوەیەیە لە گەرمیانی. بۆیە دەلێم بەختیار خۆی چونکە لیرەدا ئەستەمە نوسەر لە دەق جیابکەیتەوە بگرە لە دەقێکی ئاوهادا بەرجەستەیی نوسەر و دەق مۆری تاپۆی ڕەش تۆخترە بەتایبەت ئەو رسوایی پێکردنە بە گەرمیانی لە زاری کاراکتەرێکی ناو رۆمانەکەوە نیە بە تەنها بەڵکو لە خامەی نوسەرەوە لە ناو بڕگەیەکدا کە نوسەر خاوەنی ئەو وشانەیە چونکە ئاخاوتنی  تیانیە و خۆیەتی خۆی دەدوێنێ. لە شوێنیکی تردا دێمەوە سەر پەیوەندی نوسەر و دەق.

 

بەشی دووهەم: چەمکی عەشقی ئەفلاتونی

ئەم ڕۆمانە لە ڕووی زمانەوانی و  ئاستی وێژەیی ئێجگار لاوازە لێرەدا من ناچمە سەر ئەو بابەتە، چونکە ئەوەی من لە دواهەمین هەناری دونیادا دەیبینم هەر بەتەنها هەڵەی زمانەوانی و هەڵە بەکارهێنانی وشە نیە بەڵکو هەڵەی بەکارهێنانی چەمکە، چەمکی عەشقی ئەفلاتونی دژوار (ل٢٢). واتە لەم ڕۆمانەدا نەک هەر شوشە شکاوە بەڵکو وا ڕەزیش دەسوتێ. ئەو عەشقەی موحەمەدی دڵشوشەیەی نوسەر بەو تۆخی و سۆزداری و خوێناویەی باسی دەکات و ناوی لێ دەنێ عەشقی ئەفلاتونی، پەیوەندی بە ئەفلاتون و ئەوینی ئەفلاتونیەوە نیە بەڵکو تەواو خۆشەویستیەکی سۆزداریە، ڕۆمانسیە. عەشقی ئەفلاتونی کە خودی ئەفلاتون ئاگای لێ نەبووە ناوی لێ نراوە، گەر وەک پێناسە باوەکەی باسی بکەین ئەوا دوورە لە هەر سۆزداری و دڵداری و خۆشەویستی ناکامیەوە بەڵکو وەک ئەوەی دوای ئەفلاتون خۆی نوسراوە عەشقی ئەفلاتونی بریتیە لە عەشق بۆ زانین و حیکمەت و بەها چاکەخوازییەکان. چەمکی عەشقی ئەفلاتونی یەکەمجار لە لایەن ئەدیب و ئەکادیمیستی ئیتالیەوە، فارسیلیۆ فینۆچی، لە سەدەی پانزەدا بەکارهێنرا و ئەویش لەوێدا باس لەوەدەکات کە عەشقی ئەفلاتونی عەشقێکی ڕوحیە و دوورە لەهەر هەستێکی سۆزداری و سێکسی و جەستەیی و لەش و لارەوە. دیارە ئینکاری لەوەناکرێ ئەم چەمکە دواتر بەکارهات بەڵام ئایا چۆن و تا چەند لە ڕاستیەوە نزیکە ئەوە ئەرکی نوسەرە چەمکی هەڵە بە خوێنەرانی نەناسێنێ گەر چەندە باو بێت چونکە تۆ بە ڕۆمان مێژوویەکی تەدوین کراو دەنوسیتەوە کە پڕە لە زانیاری و ڕووداو و بیروباوەڕ و پەیوەندیە ڕەنگاڵەییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو. بۆ وەسفی کەسێتی محمەدی دڵشوشە چەندان وشە و چەمکی تر هەبوون کە ئیشی من نیە بە نوسەر بڵێم ئەوەیان دابنێ بەڵکو شارەزایی نوسەر دەبێ خۆی ئەو شتانە بدۆزێتەوە. ئەو وشانەی نوسەر ڕیزی کردوون لە وەسفی محمدی دڵشوشەدا(عیشقی ناکام و خۆشەویستی ناکام و پرچی درێژ و ….هتد.) ئەو کەسێتیەی لە ئیوارەیەکی عەشقاویدا دەچێتە بەردەم ماڵی کچێک و پێی دەڵێ کە من تۆم خۆش دەوێ لە کاتێکدا کچەکە ڕەتی دەکاتەوە و پێشنیاری خوشک بوونی بۆ دەکات، کەچی ئەم هەر ئینکاری دەکات لەوەی یەکێک لە کچەکان کە ناوی لاولاوی سپیە هەر دەبێ خۆشی بوێت، بگرە هەڕەشەیەکی سۆزئامێز دەکات بەوەی پێیان دەلێت ” شتی وانیە، ئێوە خوشکی من نین، من بە هەموو تۆفاندا هاتوم تا حەز لە یەکێکتان بکەم. من باران ناردومی تا لاولاوم خۆش بوێت.” لا٢٣ . ئەمە جگە لەوپەڕی ڕۆمانسیەت و زۆردارەکی سۆزداری و شێتگیری سۆزی و هەستێکی کوێرانە هیچی تر نیە. دژواری وەک نوسەر ناوی لێ دەنێت عەشقێکی ئەفلاتونی دژوار، ئەوە نیە گەر لە مانا باوەکەی ئەوینی ئەفلاتونیشەوە لێوەی بڕوانی. یەک شتێکی تر لە پەیوەند بەم چەمکەوە دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە عەشق و ئەوین یان عەشق و خۆشەویستی دوو شتی جیاوازن چ وەک وشە و چ وەک مانا و چ ئەوەی لەوێدا بەکارهێنراوە و خراوەتە پێش وشەی ئەفلاتون. لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و ئیتالیەکەشیدا (لۆڤ، حب، ئامۆر یان ئامۆرێ) بە خۆشەویستی ئەفلاتونی یان ئەوینی ئەفلاتونی باس کراوە نەک عەشقی ئەفلاتونی. من لێرەدا ناچمە وێزەی ئەو جیاوازیانەی نێوان عەشق و ئەوین بەڵکو هەر ئەوە دەلێم کە لە جیاتی عەشقی ئەفلاتونی دەبوو ئەوینی ئەفلاتونی بوایە لەبەر ڕۆشنایی ئەو خالانەی باسم کردن.

 

بەشی سێهەم: کۆنەپەرستی و خورافات

لەم ڕۆمانەدا بە ئاشکرا دەقی ئاینی و کۆنەپەرستی و پڕ لە خورافات نەک هەر دەبینرێ بەڵکو برەوی پێ دەدرێ و تیۆریزەش دەکرێ. دیارە تیۆریزە کردنەکە لەسەر بنەمایەکی مێژوویی بابەتی یاخود زانستی نیە بەڵکو تەنها لەسەر کەلتور و نەریتێکی کەڵەکەبووی بۆماوەییە کە سەدان ساڵە لە نێو زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا پەیڕەو دەکرێ کە ئاین و خورافات و کۆنپەرستیە کەلتوریەکەی بەوپەڕی هێزەوە لە پشتیەوە وەستاوە. لە لاپەرە (٨٦) پاڵەوانی ڕۆمانەکە، موزەفەری سوبحەدەم،دەڵێ “شتەکان وەهان، حیکمەتێک هەیە من بیستویەک ساڵە دیلم.. حیکمەتێک هەیە من لێرەم… حیکمەتێک هەیە من و تۆ لەم شوێنەدا یەکدەگرین.”. لە بیروباوەڕی ئاینیدا بۆ نموونە ئیسلام، باوەڕهێنان بە قەدەر یەکیکە لەو ڕوکنە پایەییانەی عەقیدەی ئاینی لەسەر بونیاتنراوە و بە دیاریکراوی لە ئیسلامدا یەکیکە لەو شەش عەقیدەیەی ئاینی ئیسلام ریزی کردووە. شەش عەقیدەکە باوەڕهێنانە بە: خوا، فریشتەکان، کتێبە ئاسمانیەکان، پەیامبەرەکان، ئەو دونیا، قەدەر.

قەدەر ئەوەیە کە خودا خۆی پێشوەختە هەموو چارەنوسەکانی لە تەوێڵەکان نوسیوە و ئەوەی بەسەر سروشت و گەردوندا دێت هەمووی لە نەخشە پێشوەختەکانی خودایە و ئەمەش بۆ خۆی حیکمەتێکی تیدایە وەک نوسەر باس لە جەمکی حیکەت دەکات. لە گێرانەوەیەکی تردا کە نوسەر خۆیەتی، لە تەئەمول کردنێکدایە دەڵێت “من پێم وایە ئەو منداڵانەی زوو دەمرن ئولفەتێکی قوڵتریان بە ئاسمانەوە هەیە.” (لا١٣٧) باوەڕهێنان بە ئاسمان و جیاوازکردنی ڕوحی منداڵ لە مردندا و پێدانی ئولفەتی قوڵ بەو مردنە داڕشتنێکی ئەدەبی نیە بەڵکو هەڵە تێگەیشتنێک و بەکارهێنانێکی نالۆجیکی و دوور لە هەر گوزارشتێکی عەقڵانیە بۆ مردن و منداڵ مردن. هەر سەبارەت بە مردن لە لاپەرە (١٦٣) دەڵێت ” من پێم شتێکی قەشەنگە مرۆڤە بیر لە شوێنی مردنی خۆی بکاتەوە، مافی ئەوەی هەبێت ئەو جێگایە هەڵبژێرێت، مافی ئەوەی هەبێت نەیەوێت لەگەڵ سەدان هەزار مردووی تردا بیخەنە گۆڕستانەوە.” مرۆڤ حەز لە شوێنی مردنی خۆی بکات و کوێی دەوێ لەوێ بنێژرێ دیدێکی کۆنەپاریزی و بگرە گاڵتەجاڕیشە و دوورە لە هەر مەنتقێکی مادیەوە. ڕەگی مێژوویی دید و هەڵوێست وەرگرتن و ئامادەکاری لە ناشتنی مرۆڤ بۆ ناوچاڵێک، خورافی و سۆزداریە و پشتی بە هیچ ئاوەزێکی زاهیدی و بابەتی و زانستی وەها نەبەستووە تاکو بڵێن ناشتن پیرۆزە. ئەوەی هەیە لە بارەی مردنەوە ئەو بیر و عادات و خورافەتە ئاینی و کۆمەڵایەتیە کۆنەویستیەیە کە لەسەر مردن و گۆڕ هەیە. لە دێرۆکی مرۆڤدا و تەنانەت لە ئێستاشدا سوتاندن و سپاردنی لەش بە ئاو یاخود بە خۆڵ کردنی لەشی مرۆڤ مانایەکی تیدایە بەڵام لە ناشتندا بەتایبەت کە ئاین بیڕازێنێتەوە بە دەق و حەدیسەکانی خۆی جگە لە نەزانی و کۆنەپەرستیەک هیچی دیکە نیە. سوتاندنی مردوو یاخود بە خۆڵکردنی وەک ئەوەی ئێستا لە زۆر ولاتی دەرەوەدا ئەنجام دەدرێ هەندێ تێروانینی مادی و بابەتی تێدایە کە لێرەدا بواری ئەوەم نیە باسی بکەم؛ بەڵام برەودان بە کەلتوری مردن و گۆڕ دیاریکردن بە: ڕفاندنی منداڵێکی فیشەک پێکراو و خوێن لەبەر ڕۆیی بۆ بن دارێک یان جێاگیەکی دوور بوایە و شەرعیەتدان پێی گوایە خواستی خۆیەتی…. ئەمە جگە لە خورافاتێک و پیرۆزکردنی مردن بەو شیوە خورافاتە هیچی دی نیە. هەڵاتن لە دەسەڵاتدارێتی ناعەدالەتی تەندروستی شار و پەنابردنە بەر پەناگەی مردن بەو شیوەیە هەمان ئەو وێنەیام پێ نیشان دەدات کاتێک دەسەڵتدارێتی کوردی بنەبست بوو لەوەی وەڵام بە باری سیاسی و ڕوحی کۆمەڵگەی کوردی بداتەوە ئیسلامیەکان خۆیان پیداکرد و ئەڵتەرناتیڤی سیاسی و کۆنەپەرستی کەلتوری خۆیان هێنایە نێو زهنی خەڵکەوە و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ جەمکی مردن لە لایەن نوسەرەوە لەو تەلیسمە بابەتیەوە سەرچآوەدەگرێ. لە ڕووی هونەریەوە مردن و گیان کێشانی مێردمنداڵێکی لانەواز، سەریاسی سوبحەدەم، بە دەردەسەری و ترسەوە لە شەوێکی تاریک و تنۆکدا و خستنە خەتەریاتی گیانی چەندان هاوڕێ و کەسی ترەوە جگە لە ڕاکێشانی سۆزی خوێنەر بەلای ڕۆمانەکەدا هیچ حیکمەتێکی تری تێدا نابینرێ.

هەر لە پەیوەند بە مردنی سەریاسەوە و پیرۆزکردنی کردنی گۆڕەکەی و ئەو پەنهانییەی لە ژیانی سەریاسدایە دوو ناوی تر دێنە پێشێ ئەوانیش ئادەم مەرجانی کۆمۆنیست و ژینۆی مەخمەڵی کە ئیسلامیە. لەگەڵ ئەوەی ئەم دوانە هەردووکیان هاوڕێی نێزیکی سەریاسن و هەردووک وەک یەک لە ژیان و مردنی سەریاس دا بوونیان هەیە، کەچی لە گێڕانەوەدا نوسەر بایەخێکی ئەوتۆ بە ئادەم مەرجان نادات چونکە کۆمۆنیستە بەڵام گێرانەوەی چیرۆکێکی درێژ دەداتە ژینۆی مەخمەڵی ئیسلامی کە تێیدا شەرحی بیروباوەڕی ئیسلامیانەی خۆی بکات لە پەیوەند بە شەوی مردن و ناشتنی سەریاسەوە. بۆچێ؟ چونکە ناسنامەی ئاینی ژینۆی مەخمەڵی یارمەتیدەرێکی باشە بۆ گێڕانەوەی ساتەکانی مردن. هەردوو لاپەرەکانی ١٦٤ و ١٦٥ هەمووی قسەکانی ژینۆن. باسکردنی ئادەم مەرجانی کۆمۆنیست لە یەک دوو دیمەن و لە زمانی دوو کەسەوە باس دەکرێ بە یەک دوو وشە و هیچی تر لە کاتێکدا ژینۆی موسڵمان دوو لاپەڕەی بۆ تەرخان دەکرێ لە لایەن نوسەرەوە. ئەمە ڕێکەوت نیە و لە بابی هونەریەوە نیە بەڵکو لە ئایدیا و هەڵوێستی خودی نوسەرەوەیە کە دەیەوێ بایەخ بەو چەمک و کایانە بدات کە ئامادە و حازربەدەستن و زووتر دێن بەدەستەوە بۆ ئیشکردن و حونەرکردن تێیدا وەک ئاین و تەداروکاتەکانی تری کەلتوری ئاینی وەک مردن و ناشتن. گەر لە بابی سیاسیەوە تەماشای چەمکی مردن بکەین بەوەی کێ ئارەزووی لە کوێیە با لەوێ بنێژرێ، ئەوا شەرعیەت دانێکی تەواوە بە مردن و گۆڕەکانی سەرکردە و خێزانە حزبی و سیاسیەکانی لای خۆمان. لەسەر ئاستی جیهانیش داکۆکی کردنە لەو گۆڕستانانەی بۆ پیاوە ماوەقوڵەکان یان ئینسانە گەورەکان. گۆڕستانی پێغ لاشێس لە فەرەنسا یەکێکە لەو ڕەمزانەی نەک هەر کەلتوری مردن برەو پیدەدا بگرە جیاکاریەکی چێنایەتی ڕەنگ پێدەداتەوە کە دوای مردنیش جیاوازی لە نێوان ئینسانەکاندا دەکات هەرچەندە ئەو مرۆڤانە کەسانی بیریار و یەکسانیخواز و مرۆڤدۆستبن. ئەو مرۆڤەی لەبەر ژیان یاخود ڕێکەوتی ژیان ئەوەی پێ نەبەخشی ببێ بە کەسێکی ناودار و هەر بە سادەیی و سانایی خۆی مایەوە و ماڵ و منداڵی گوناهیان چیە باوکیان یا دایکیان لەو گۆڕستانە بە ناوبانگانەدا نانێژرێن یاخود ئەو ملیۆنان مرۆڤەی جینۆسایدکران و لە مەرگەساتی جۆراوجۆردا مردن و فریای ئەوە نەکەوتن بە دڵی خۆیان و لە شوێنی دڵخوازی خۆیان بە “قەشەنگی” بنێژرێن.

 

بەشی چوارەم: نابوت کردنی چەمکی سیاسەت و شۆڕش

لە باس کردنی چەمکی سیاسەتدا نوسەر ڕێک دەکەوێتە نێو ئەو بەرەی عەوامەی کە پێیان وایە سیاسەت هەمووی درۆیە، پیسی و چڵپاوە، تاقمێکی حزبی و سەرکردە و بنەمالەی دەسەڵاتداری چەکدار خاوەنی سیاسەتن. دەسەڵاتداران لە گشت شوێنێکی ئەم دونیایە و بە تایبەت لە ناوچەکەی ئێمە تێڕوانینی ئاوها بە پارە دەکڕن و بگرە خۆشیان بە چەندان شێواز و ڕێگای جۆراوجۆر برەوی پێدەدەن تاکو خەڵک هیچ ئامادەییەکی نەبێ لە کاری سیاسیدا و ئەوەبکەنە عەقڵ کە سیاسەت تەنها ماڵی ئەوانەیە دەسەڵاتیان بەدەستە یان لە حزب و چکداری و گەندەڵیەوە تێوەگلاون . گەر ئاوڕێک لە سەرهەڵدانی چەمکی سیاسی بدەینەوە دەبینین کە دەسەڵاتدارەکان سواری ملی سیاسەت بوون و بەکاریان هێنا بۆ خۆیان، چونکە دەسەڵاتدارێتی پێش سیاسەت هەبووە و سیاسەت لەگەڵ دەرکەوتنی شار و بۆ بەڕێوەبردنی شار هاتە ئاراوە و هەر خودی ڕەگی وشەکە و چەمکەکەی لەوێوە هاتووە. بۆیە سیاسەت لە بنەرەتدا هی خەڵکی شارە و ئەوان بزوێنەر و کاراکتەرە سەرەکیەکەین بەڵام مانا ڕاستەقینیەکەی خۆی لە دەست دەدا کاتێک دەستبژێرێک لە چینی دەسەڵاتدار و هێزی چەکدار و بنەماڵەکان دەستی بەسەردا دەگرن و دەیکەنە مۆرکی هەمیشەیی خۆیان و لە تەوێڵی خۆیانی دەدەن.

بەدبەختیەکە ئەوەیە نوسەر و ڕۆشنبیر بێن و ببنە تیۆریسیەنی ئەم عەقڵیەتە، عەقڵیەتی ڕق هاتنەوە لە سیاسەت، هەر وەک چۆن لە چەند شوێنێکی “دواهەمین هەناری دونیا”دا ڕەنگ دەداتەوە . بۆ نموونە لە لاپەڕە ٥٧، یاقوبی سنەوبەر یاخود سەرۆک بە موزەفەری سوبحەدەمی هاوڕێی گیانی بە گیانی سیاسی دەڵێت “نەمدەویست بتهێنمەوە بۆ ئێرە، بۆ ناو سیاسەت، بۆ ناو پیسی و چڵپاوی ژیانی ڕۆژانە.” لە لایەکی تر ئێمە بەرەو ڕوی قسەیەکی تر دەبینەوە کە قسەوباس زۆر هەڵدەگرێ. بۆ نموونە هەر لە لاپەڕە ٥٧ دا یاقوبی سنەوبەر بە موزەفەر دەڵێت “تۆ زێڕێکی دەگمەنی ڕۆژە پاکەکانیت” بۆیە نەمویستووە “بتهێنمەوە بۆ ئێرە، بۆ ناو سایسەت، بۆ ناو پیسی و چڵپاوی ژیانی ڕۆژانە.” ئێمە دەبێ بپرسین ڕۆژگاری پاک و زێڕێن و دەگمەن یانی چی! ئایا لە چ دەورانێکدا سیاسەت لە وڵاتی ئێمە بەتایبەت سیاسەت کردن لە شاخ، ڕۆژگاری پاک و بێگەردی هەبووە؟! بگرە لە کام وڵاتانی تری دونیا سیاسەت پاک و بێگەردی هەبووە. ئایا کام وێستگە هەیە لە مێژووی سیاسی ولاتی ئێمەدا پاک و بێگەرد بە تایبەت ڕۆژگاری زێڕین بێت؟!

من وەک خوێنەریک نەک هەر گرفتم لەگەڵ تێگەیشتنی چەمکەکاندا هەیە بەڵکو خودی وشەکان هێند ناحەز و کرچ و کاڵن و مانایەکی ئەوتۆ نادەن بەدەستەوە. بۆ نموونە: پێدەچێ، بە پێی تەمەنی موزەفەر و ڕووداوی گرتنەکەی بێت نوسەر باسی کۆتایی دەیەی حەفتاکان و بەرەبەیانی ساڵی هەشتاکان بێت. ئەو دەورەیە یەکێک لە خراپترین و نابوتترین ڕۆژگارەکانی دەورەی سیاسی بوو کە لە وڵاتی ئێمە دەست پێکرد و بگرە بنەمای کارەساتگەلێکی نەبڕاوە بوو بەسەر میللەتی کورددا کە ئێستاش بەردەوامی هەیە. کارەساتبارترین شت ئەو دەورەیە لەگەڵ خۆیدا هێنای بۆ ڕۆژگاری ئێستە کاڵ بوونەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و بیزاربوون و نابوتبوونی نیشتمانە لە لای خەڵکەی، ئەو ناسنامە نەتەوەییەی مرۆی کورد خەونی پێوە بینیوە و بگرە بۆتە چەرمەسەری یەکبینەیی بۆی لەوەتەی چاوی هەڵهێناوە. ئایا “ڕۆژگاری پاک و زێڕینە” ئەوەیە سەرکردە و بەرپرسیی جاسوسی ناوچەیی و جیهانی و مافیایی بهێنێتە دەر و خەڵکانی دڵپاک و سادە و دڵسۆزی ناو شار و ژیانی هەزاران جوتیار و گوندەکانیان بکاتە قوربانی و خۆڵەمێش بۆ سیاسەتە نامۆراڵیەکانی خۆی. لەسەر ئاستی حزبی و سیاسیش ئەو دەورەیە بە پیلانگێڕی و پاکتاوی ناوخۆیی حزبی و شەڕی فەوتاندنی گروپەکان دەستی پێکرد کە لە مێژووی سیاسی کوردا وێنەی کەمە.

شتێکی سەیرتر ئەوەیە لەو ڕۆمانەدا لە هەندێ شوێن وشەگەلی وەک شۆڕش و سەرکەوتنی شۆڕش بەکاردەهێنرێت کەچی لە شوێنێکی تردا، لا ١٠٤، شۆڕش بە درۆیەکی گەورە لە قەڵەم دەدات. کام شۆڕش؟ ئەگەر مەبەست لەوەیە لە کوردستانی باشور ڕوویدا ئەوە بە هیچ شێوەیەک شۆرش نەبووە، لێرەدا چەمکی شؤرش لە ژێر هەڕەشەدایە و هۆکارەکەش ئەوەیە نوسەر بێ ئومێد بووە ، کەچی لە لا ٥٢ هەر خۆی باس لە سەرکەوتنی شۆڕش دەکات کاتێک باس لە سڵێمانی مەزن باوکی محمەدی دڵشووشە دەکات، دەڵێ ” ئەو پیاوەی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە لە ژێرەوەرا ئەمینداری نهێنیە گەورە و ترسناکەکانی ئەو شارەیە.” هێندە دژبەیەکی هەیە لە باس کردن یاخود فەوزایەک و هەرایەک لە بیرکردنەوە و دیدی نوسەردا هەیە سەبارەت بە شۆڕش و سیاسەت کە ئەمسەر و ئەوسەری دیار نیە. گریمان شۆڕش سەرکەوت بەڵام کام سەرکەوتنی شۆڕش؟ ئەوەی لە کۆتایی حەفتاکانەوە سەری دەرهێنا و بووە بەڵا و نەگبەتی بۆ ئەو وڵاتە، جوڵانەوەیەکی سیاسی چەکداری بووە و پەیوەندی بە شۆڕش و مافی گەلێکەوە نەبووە ئەمە چ لە باری واقعی و مێژووییەوە وادەرچوو هەروەها لە باری تیۆریشەوە هیچ بنەمایەک و جیهانبینیەکی شۆڕش و رەگەزێکی شؤڕشی تێدا نەبوو بەو مانایەی یەکێک لە مافەکانی خەباتی گەلەکەی تێدا بەرجەستە بوو بێت، بگرە تەنها شتێک لێی هاتە دەر وێرانەیی وڵات و کڵۆلی خەڵکەکەی بوو.

 

بەشی پێنجەم: تاڵکردنی ژن لە هەنارە ترشەکەی بەختیار عەلیدا

فیمینیزم ئەو قوتابخانە فکری و ئەدەبیەیە کە جێگەیەکی ئێجگار باڵای هەیە لە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتە ئەدەبیەکاندا. کاری سەرەکی فیمینزم لە دونیای ئەدەبیاتدا باس و خواسی بابەتیانەیە لەسەر جێگەورێگەی کچ و ژن لە کۆمەڵگەدا. ڕەخنەی سەرەکی فیمینیزم لە کارە ئەدەبیەکاندا ئەوەیە گەر ئەو بەرهەمە هۆکار و هەل و مەرجە ئابوری و کەلتوری و فەرهەنگیەکان فەرامۆش بکات. ئەو فەرامۆشیەی لە خوێندنەوەی ڕۆمانی دواهەمین “هەناری دونیا”دا دەیبینین. لە بری ئەوەی ببینین ئافرەت چ قوربانیەکی ئەو سیستەمە سیاسیە ئابوریە ناعەدالەتخوازیەیە کەچی دەبیبین وەک عەیبەیەک یان شەرمێکی کۆمەڵایەتی پیشان دەدرێت. کاتێک ژێرخانی ئەو عەیبەکاریەی ئافرەت نەبینرێت، نابیناییەک لە تێڕوانیەکان دروست دەبێت و کەلتور و فەرهەنگی کۆنپەرستی و پیاوساری لێ بەرهەم دەهێنرێت. سۆزانی و ژنە خراپەکان (لا٢٠٣) و ژنحیزەکان (لا١٥٦) ئەو چەند چەمک و وشەگەلەن کە لە ڕۆمانەکەی بەختیار عەلیدا بەرچاو دەکەون. ئاساییە گەر لە زمانی کارەکتەرەکانەوە بێتە دەر بەڵام لە زاری نوسەر خۆیەوە بێنە دەر یاخود ئەو پاڵەوانەی تەمسیلی خۆی دەکات ئەوا ڕۆمانەکەی دەکەوێتە بەر ڕەخنەی جدی لە لایەن قوتابخانەی فیمینیستیەوە. بۆ نموونە باس لە خراپی مەسئولەکان دەکات لە بێ ڕەوشتی ئافرەتەوە، کاتێک مەسئولەکان دیار نەبن ئەوا “لە دەوری ماڵی ژنە سۆزانی و خراپەکان کۆبوونەتەوە.”(لا٢٠٣) یاخود بۆ ئەوەی بەرپرسێکی پۆلیسی خراپی وەک مەلیک دولبەر پیشان بدات لە ڕیگەی سووکردنی ژنەکەیەوە دەیناسێنێ بە خوێنەر بەوەی کە “گەرمیانیەکی سەرسەخت بوو.” ژنحیز بوو، ژنەکەی دەبرد بۆ مەسئولەکان: (لا١٥٦)

کاتێک ئافرەت وەک مرۆڤێک ناچار دەکرێت لەشفرۆشی بکاتە ئیشێک وەک هەر کارێکی تر لەو سیستەمەدا هەیە، لەشفرۆشیەکەی هەر بە تەنها لە یەکەیەکی قەڵبی ئابوری دا نامێنێتەوە بەڵکو دەبێتە مۆرکێکی کۆمەڵایەتی خراپ لە نێوچەوانی ئافرەتەکە دەدرێت و وشەگەلی وەک سۆزانی و ژنحیز و ئافرەتی خراپی لێدەکەوێتەوە وەک چۆن بەختیار عەلی ریزی کردوون. دیارە لێرەدا ئەو پیاوانەشی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کارانە دەکەن قوربانیەکن، و لەبەرئەوەی جێندەریان جیاوازە وشەگەلی وەک گەواد بەکاردەبرێت بۆیان. لە روانگەی بابەتی فیمینزمەوە “مەلیک دولبەری گەرمیانی ژنحیز”، قوربانی ئەو بارودۆخە نالەبارە ئابوری و سیاسیەیە. سۆزانی و گەواد دوو قوربانی مۆراڵی ئەو دونیا بێ مۆراڵەن کە ناعەدالەتی تا بیناقاقای مرۆڤەکانی کۆمەڵگە هاتووە بەهۆی ئەو هەل و مەرجە سیاسیەی کە پیاوماقوڵی شاری وەک سڵێمانی مەزن و سەرۆک یاقوبی سنەوبەر سەرکردایەتی دەکەن.

 

بەشی شەشەم: واقع وەک ئەوەی نوسەر دەیەوێت یان وەک ئەوەی کە هەیە

ئەمە یەکەم ڕۆمانە ببینم کە نوسەر بە دڵخوازی خۆی شتەکانی نێو واقعی کۆمەڵگەیەک بنوسێتەوە نەک وەک ئەوەی کە هەیە. لە ناوی کاراکتەرەکان، لە گفتوگۆی نێوان کاراکتەرەکان، دەستکاری کردنی کەلتوری قسەکردن، تا دەگات بە دەستەواژەی هەڵە. ئێمە هەموومان خەڵکی ئەو وڵاتەین بەتایبەت لە سلێمانی زۆر ژیاوین و ئەو ناوانەی لەو ڕۆمانەدا هەن نەک هەر زۆر سەیرن بەڵکو غەریبیشن چونکە ناوی ئاوها نین وەک لەویدا دارێژراوە. لەوانەبێ کەسێک ئەمە بە شتێکی گرنگ دابنێ بەڵام ئەمە جگە لە ئاست نزمی رۆشنبیری و خۆهەڵکێشان بە وشە و ناوی سەیرەوە هیچی تر نیە.

 هیچ ڕۆمانێک، ئەوەندەی من ئاگاداربم، نەمدیوە ناو و ناودارێتی کاراکتەرەکان بە دڵی خۆی دروست بکات یاخود بە پیتی لێکدراوی دڵخوازی خۆی دابنێ بەڵکو ئەوەی لە واقعدا هەیە بەتایبەت لەقەب و ناوونیشان ئاوها نوسیویانەتەوە. پاشان هەموو ناوەکان لەقەبێکیان پێوەیە کە ئەمە بۆخۆی ناسازیەکی داوە بە ڕۆمانەکە کە نەتوانی چێژی ئەدەبی لێ بکەی بە تایبەت زمانی نوسینی ڕۆمانەکە زمانێکی سەرفی سلێمانچیانەی دوور لە ئەدەب و وێژەیی ئەو نوسەر و ئەدیبانەیە کە لە شاری سلێمانیدا هەڵکوتوون هەمیشەش وەک ئەستێرەیکی پرشنگداری نەکوژاوە دەمێننەوە. گریمان ناوەکان هەموویان هەن لە کۆمەلگەی ئێمەدا بەڵام ئەستەمە هەموویان لە یەک شوێندا کۆببنەوە. ئایا ناوی بەو شێوەیە لە کوێی کوردستاندا هەیە: ئادەم مەرجان، ژینۆی مەخمەڵی، نەدیمی شازادە، سەریاسی سوبحەدەم، مەلیک دولبەر، یاقوبی سنەوبەر، شادەریای سپی، لاولاوی سپی ….هتد.

ئەم شیوازە لە ناودروستکردن ئەو دیاردە سەیرەی باشوری کوردستانی خۆمانم دێتەوە کە هەندێ کاراکتەری سیاسی بە تایبەت ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن “ئۆپۆزسیۆن” لە ئەسڵدا ناوەکانیان عەرەبی بووە، کردوویانن بە کوردیەکی پەتی کەچی پڕوپاگەندەی ئیخوانیزمچێتی و کۆنەپەرستی ئاینی پێدەکەن. بۆ نموونە کابرا ناوی فتاح بووە ناوی خۆی کردووە بە ڕێبین، لە کاتێکدا ئەو دەمەی ناوی فەتاح بوو ئیدیعای مەدەنیەت و پێشکەوتووخوازی دەکرد بەڵام کە ناوی خۆی گۆڕیوە بە ناوێکی تازەی کوردانە خەریکی ئیدیعای کۆنەپەرستی ئاینیە و فەرهەنگی کوردەواری پێ وێران دەکات. ئەم دیاردەیە پێش ئەوەی بەختیار عەلی بیسەپێنێ بەسەر خوێنەردا گوایە ناوی جوان و کوردین، نابودیەکەیمان لە ئەزمونە سیاسیەکەیدا دیت. فەرەج فۆدەی گەورە نوسەری میسری پێی وایە کە: سەپاندنی ئەخلاقی جوان بەزۆرەکی کۆمەڵگەیەکی جوانی لێ بەرهەم نایات بەڵکو کۆمەڵگەیەکی مونافیقی لێ دێتە دەر. ئەم قسەیەی فۆدە بنەمایەکی بابەتی هەیە و من لەم سونگەیەوە بەرجەستەی دەکەم بەسەر ئەو دیاردەی ناوە دروستکراوانەی نێو ڕۆمانەکەی بەختیار و دەڵێم خزاندنی ناوی خوازراو و دروستکراوی بە کۆمەڵ لە ناوهێنانی کاراکتەری ئەدەبیدا نەک هەر بەرهەمەکە دەڕازینێتەوە بەلکو ناحەز و ناسازی دەکات. هەروەک چۆن باسمان لە دوو روویی کاراکتەرە سیاسیەکان کرد لە بارەی دژایەتی ناوەکانیان لەگەڵ پەیامەکانیان، لەم ڕۆمانەشدا هەمان تاس و حەمام دروست بۆتەوە. بەختیار ناوی کوردی پەتی دەهێنێ کەچی پەیامی کۆنەپەرستیان لێوە بڵاودەکاتەوە. لە بەشی سێهەمی ئەم نوسینە بە ناوی (کۆنەپەرستی و خورافات) ئاماژەیەکی تەواوە بەم بابەتە.

حیواراتەکان… شوێنگەی کۆمەڵایەتی کەسەکان ئاستی ئاخاوتن و ڕۆشنبیریان دەردەخات، جگە لە هەندێ حاڵەتی شاز نەبێ. ئەمە دیدێکی بابەتی پەسەند کراوە و بڕاوەتەوە. بۆیە ئەستەمە کارەکتەری نەخوێندەوار و بێ خانە و لانە کە هیچ یەکێکیان حەرفێکیان نەخوێندووە و نەخوێندۆتەوە یاخود کۆلکە خوێنەواریەکیان هەیە کەچی ئەو گفتوگۆیەی ئەوان دەیکەن هێندە لە ئاستێکی بەرزدان کە زۆر دژ دەکەوێتەوە لەگەڵ بارە کۆمەڵایەتیەکەیاندا. لێرەدا مەبەستم لە ئاستی تێگەیشتن نیە بەڵکو لە ئاستی لەباقەتی قسەکردنەوەیە. چونکە دەکرێ کەسێکی عەوام زۆر تێگەیشتووتر و عاقڵتر بێ لە هەزاران ڕۆشبیر و ئەکادیمی و نوسەر بەڵام ئاستی گفتوگۆکردن شتێکی ترە. گفتوگۆی نێوان یاقوبی سنەوبەر و موزەفەری سوبحەدەم نەک هێندە لە ئاستێکی بەرزدایە کە هیچ سیاسیەکی کورد بەوەی ڕۆیشتوون و ماویشن لە ئاستی باڵایی ئەوگفتوگۆیانەدا نین بەڵکو لە هەندێ بڕگەدا قوڵبوونێکی ئینسانی وەهای تیدایە کە مرۆڤ سەرسام دەبێ ئایا ئەوانە دوو ئەدیب، دوو قوتابی فەلسەفەن یان دوو کەسی سیاسی شاخاوین. دەکرێ لە کادرەکانی خوارەوە کەسانی بە توانا هەبووبێ بەڵام لە ئاستی سەرکردایەتیاندا کام سەرکردەی کورد ڕۆشنبیر و بیرمەند بووە و کامیان دڵ و ویژدانیان بۆ هاوڕێیەتی لێیداوە و ڕێزیان لە یەکتری گرتووە وەک لە دەمی یاقوبی سنەوبەرەوە دەیبیستین.

لە دیمەنێکی تردا، ئەو گفتوگۆیەی لە نێوان ڕۆژنامەنوسەکە و سەریاس پاڵەوانی رۆمانەکە دەکرێت، لا ١١٥، لەوە دەچێ سەریاس قوباییەکی زیرەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێت. دەکرێ ڕا و بۆچوونی واقعی و جوانی هەبێت بەڵام بەو ئاستە بەرزە لە بەکارهێنای وشە و ڕستە و جەدەلیەتی گفتوگۆکە ئەستەمە گەنجێکی بێ بەخت و بێ کەس ئاوها بە ئاستێکی بەرزی رۆشنبیری بدوێ. ئایا لە کام ڕۆمانی دونیادا دیاردەی ئاوها دەبینرێ، ئەمە کارێکی ئارەزومەندانە نیە تاکو نوسەر خۆی بخوازێ وابێ. حیواراتی ناو چیرۆک و ڕۆمانەکان ئەوە نیە کە نوسەر بە دڵخوازی خۆی موناقەشە بۆ کەسەکان دیاری بکات بەڵکو ئەوە پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریانە جۆرێتی بوونی ئاستی گفتوگۆکان دەردەخات. لە چەندان بڕگەی تردا ئەم جۆرە لە گفتوگۆی قوڵ دەبینرێ کە لەوە تێپەڕیوە وەک کاک بەختیار دەیەوێ قەناعەتمان پێ بکات کە “هەندێ کەس دەتوانن خۆیان خۆیان پەروەردە بکەن.! لا٢٣٦

لەم بەشەدا من شەڕی وشەی رێزمانی ناکەم بەڵکو باس لە ڕێک کردنەوە و دانانەوەی مانای وشەکان دەکەم. لە کەلتوری قسەکردنی کاراکتەرەکاندا نوسەر دیسانەوە ئیرادەی خۆی فەرز دەکات و ئەو وشانەی لە کەلتوری کۆمەڵگەی کوردیدا بەکاردێن ئەم ئاوها ناکات واتە واقع نانوسیت وەک ئەوەی هەیە بەڵکو ئەوەی خۆی حەزی پیدەکات بینوسێتەوە. بۆ نموونە لە زمانی کوردیدا، هەروەها لە زۆرێک لە زمانەکانی تریشدا، هەمیشە وشەی قوربان بەکارهاتووە بۆ کەسێک ڕیزی لێبگیرێ یاخود پایە کۆمەڵایەتی و مادیەکەی شتێکی تر بێت لە ناو کوردا هەر گوتراوە قوربان، نەوتراوە گەورەم بەتایبەت گەر کەسەکان لە یەک تەمەن و یەک چینبەندی کۆمەڵایەتیدابن. بۆ نموونە هاوڕێ هاوتەمەن و هاوپیشەکانی سەریاس بە سەریاس دەڵێن سەریاسی گەورەمان. من لێرەدا واهەست دەکەم لە دیوەخانێکی ئاغا و پاشاکان و شێخەکاندام. دیارە لێرەدا دەیەوێ سەریاس و کەسێتیەکەی ببەستێتەوە بە کەسێتی باوکی کە سەرۆک یاقوبی سنەوبەرە و گوایە سیفەتی ڕابەرایەتی تیداهەیە. یاخود، کاتێک موزەفەری سوبحەدەم وەک کابرایەکی بە تەمەنی ڕیش سپی بۆ یەکەم جار کچەکان، دوو کچی گەنج، دەبینێ و دەچێتە سەرگۆڕەکەی سەریاس دەست بە گریان دەکات، کچەکان پێی دەڵێن “موزەفەری سوبحەدەم تۆ ئازاری دەدەیت.. بێدەنگ بە موزەفەری سوبحەدەم.. بێدەنگ بە.” لا١٧٤. یاخود لە لاپەرە ١٩٨ بە “پیری بەدبەخت موزەفەری سەبحەدەم” گازی دەکەن. لە کوردەواریدا عادەتەن لەو حاڵەتەدا دەبێ بڵێن کاک موزەفەر نەک موزەفەر بە تەنها بەتایبەت مێژووەکە هی سێ دەیەی پێش ئێستایە و ئەو دەم ئەم فەرهەنگە بێ ئەدەبیەی ئیستا بوونی نەبوو. لادانی وشەی وەک “کاک” یان “خانم، خاتوون، دادە” دەستکاری کردنی کەلتوری زمانە کەیە کە لە پشت ئەم وشانەوە چەمکی کۆمەڵایەتی خۆی مەڵاسداوە مانای ڕێزی تێدا ڕەنگدەداتەوە هەرچەندە ڕەگەی ئەو وشانە لە کوێوە هاتبن. دیارە هەندێ ناو وشە و دەستەواژە هی قۆناغەکانی پێشوومانن بەڵام رێزێکی تێدایە و دەبێ دەستی پێوەبگیرێ وەک رێزگرتنی فۆرماڵی گەورە بۆ بچووک. بانگکردنی ناوی کەسەکان بێ گوێدانە تەمەن زۆرتر لە کەلتوری ڕۆژئاواییدا هەیە و کۆپی کردنی ئەو کەلتورە بۆ ناو زمان و ئاخاوتنی کوردی بەو ڕێگەیە نەزانیە. ئیستاش دەبینین لە میدیا کوردیەکاندا کە بە بێ لکاندنی وشەیەک لەگەڵ ناوەکەدا هەست دەکەی دروستکراویەک یان ناسازیەک هەیە لە ئاواز و ڕشتەی قسەکردنەکانیاندا. کاتێک سەیری کەناڵە کوردیەکان بە تایبەت هەواڵیەکان دەکەی و دەبینی بە ناوی ڕووتی خۆیانەوە یەکتری گاز دەکەن، نەک هەر ناسازیەکی پێوە دیارە و بگرە بێ ئەدەبیەکیشە.

هەندی دەستەواژە هەیە کاتێک بەکاردێت ڕاستەوخۆ نەک هەر مانا ڕێزمانیەکەی دەبینیت کە جیاوازە بەڵکو دەستەواژە هەیە مانای جیوگرافی ناوچەیەک و وڵاتێک دەستنیشان دەکات. بۆ نموونە لە لاپەڕە ١٥٦ دەستەواژەی “دەفتەری سیاسی” بەکاردەهێنێت کاتێک باسی پۆلیسە گەرمیانەکە دەکات و دەڵێت ” هەموان دەزانن کە مەلیک دولبەر ژنەکەی خۆی دەبات بۆ بەرپرسێکی گرنگی دەفتەری سیاسی و کاربەدەستێکی گەورەی وەزارەت.” دەفتەری سیاسی لە سەداسەد دەستەواژەیەکە تەنها و تەنها کوردانی ڕۆژهەڵات بەکاری دەهێنن و ئەوانیش لە فارسیەکەوە وەریانگرتووە و بە هیچ شێوەیەک لە کوردستانی باشور بەکارنایات و لە بری ئەوە “مەکتەبی سیاسی” هەیە و تەواو، تەنانەت خودی کۆمۆنیستە کرێکاریەکانی دەیەی نەوەدەکان کە ڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەری سیاسی و فکری کۆمۆنیستی ئێراندا بوون ئەو دەستەواژەیان بەکار نەدەهێنا و گەر بەکاریش هاتبا نەبوو بە وشەیەکی باوی ناوخەڵک لە کوردستانی باشور. کاتێک خوێنەر ئەو “دەفتەری سیاسی”ە دەبینێت وادەزانێ ژنەکەی دەبات بۆ زڕگوێز کە مەقەڕی کۆمەڵەی ڕۆژهەڵاتی لێیە نەک بۆ مەکتەبی سیاسی حزبێک لە سلێمانی. ئەمە شتێک نیە بڵێی من وشەیەکی نوێ یان دەستەواژەیەکی تازە دەهێنمە نێو نوسینەکەمەوە بەڵکو ڕۆمان خەسڵەتی خۆی هەیە کە وشەکان و دەستەواژەکان نەک هەر هەموو دووراییە فکری و سیاسی و ئەخلاقیەکان دیاری دەکەن بگرە تخوبە جوگرافیەکانیش دیاری دەکەن.

 

بەشی حەوتەم: خوێنەری ڕۆژئاوایی

وەرگێڕانی بابەت بۆ سەر زمانی ئەوروپایی هەرگیز بە مانای گرنگی بوون و بەهیزبوونی ئەو بابەتە نیە بە تایبەت لە بواری چیرۆک و ڕۆماندا. چیرۆک وەک بابەتی سیاسی و ئابوری و لێکۆڵینەوەی زانستی و سایکۆلۆژی ڕووت نیە بۆیە هەڵبژاردنی ئاسانترە بۆ خوێندنەوە و رێژەیەکی زۆر لە خوێنەری ڕۆژئاوایی بە دوای بابەتی لەو جۆرەن. دیارە، ئەمە سیفاتێکی هاوبەشی خوێنەرە لە هەموو جیهاندا بەڵام خەسڵەتێک کە لە خوێنەری ڕۆژئاواییدا هەیە ئەوەیە کە زۆر شەیدای ئەو چیرۆکانەن لە دەرەوەی دونیای خۆیانەوە دێن. ئەو چیرۆکانەی خەڵکانی تر بە داماو و گوناح نیشان دەدا، چونکە ئەم خۆی لە شوێنێکی باشترە و کاتێک سەرگەردانی خەڵکانی دونیای تر دەخوێنێتەوە بەزەیی پێیاندا دێتەوە و زۆر لە ژیان و وڵاتەکەی خۆی ڕازی دەبێ. هەر بابەتێک بازنەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیان واتە دەوڵەتەکانیان بخاتە بەرباس و خواسەوە یان ڕەخنەوە کەمتر بەلایدا دەچن بەتایبەت گەر نوسەرەکە لە خەڵکی خۆیان نەبێ. ئەو چیرۆکانەشی مەتەڵ ئامێزن وەک ئەم سێ مەدالیای هەنار و سێ سەریاسەی لە دواهەمین هەناری دونیادا هەیە زیدەتر سەرنج ڕادەکێشن و خەڵکانێک هەن بیانخوێننەوە. خوێنەر لە دونیای ڕۆژئاوادا زۆرن بەڵام خوێنەری بە ئاگا و هۆشیاریان ئێجگار کەمە وەک چۆن لە هەموو دونیادا هەر وایە. ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا ئەو چیرۆکەیە خوێنەری ڕۆژئاوایی ئەزیەت نادات بەڵکو هەبوونی سێ منداڵی مەلۆتکە و هەر سێکیان بە یەک ناوەوە ناونرابن و سێ مەدالیای هاوچەشن نهێنی هەڵقەی دۆزینەوەی ئەو مەتەڵە بێت ئەوا دڵخۆشیەک بە خوێنەر دەدات بۆ خوێندنەوەی تا کۆتایی بەتایبەت ئەوەیان کە ماوە روو لە ڕۆژئاوا دەکات بۆ چارەسەر. دوایین دیمەنی ڕۆمانەکە ڕۆژئاوا بە فریادڕەس دادەنێ بۆیە خوێنەرێکی ڕۆژئاوایی ختوکەی دێت بە خوێندەوەی ڕۆمانی ئاوها و دەبێتە جێگەی ستایش و پیاهەڵدانیان. ئەگەرنا، گەر ئەو ڕۆمانە کە هەمووی گفتوگۆی سیاسی و وشەی قەبە و زلن دەیتوانی باسی لەوەش بکردایە گەر بە ئاماژەیەکیش بوایە، کە ئەوە تەکنۆلۆجیای سەربازی و بازرگانی چەک و تەقەمەنیەکانی وڵاتانی غەربیە کە حکومەتە بە زەبرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەهێز دەکات تاکو پەلاماری میللەتی ژێردەست بدەن، بەڵام ئەو ڕۆمانە لە بری ئەمە ڕێگای ئەو وڵاتانە بە ڕێگای چارەسەر و بە فریاکەوتنی منداڵە بۆردومانکراو و سووتاوەکانی جەنگ دادەنێت.

خاڵێکی تر پێویستە ئاماژەی پێ بدرێ ئەوەیە دڵخۆش بوون یاخود بە گرنگی وەرگرتنی ئەوەی کە ڕۆمانە کوردیەکان وەربگێڕدرێنە سەر زمانانی ئەوروپایی لەو مەیلە لە خۆ بە کەمیەوە دێت کە دنیای ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی لە نیو هزر و دڵی مرۆڤەکانی (الشعوب المقهورة)*دا دروست کردووە گوایە ئەدەبەکەمان دەچێتە ئاستێکی باڵاتر گەر بێتوو وەربگێڕدرێتە سەر زوبانانی ئەوروپایی. ئەم جۆرە لە هزر و مۆراڵی خۆ بە کەم زانین یاخود بە نزم زانین لە ناو عەرەب و فارس و میللەتەکانی تریشدا هەیە. بۆ نموونە. عومەر شەریف یاخود جەمیل ڕاتب کە بە زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی دەوریان بینیوە لە فیلمە ئەوروپاییەکاندا ئیدی لە سینەمای میسری و بینەرەکانیدا بە پلەیەکی تر سەیر دەکران لە کاتێکدا هیچینا ئەوەندەی عادل ئیمام یان ئەحمەد زەکی دەور و فیلمی گرنگیان نەبوو. یاخود نوسەرێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەر بە زمانێکی ئەوروپایی بە تایبەت ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی بنوسێ نوسینەکانی نەک هەر  وەردەگێڕدرێن بەڵکو هێندە ستایش دەکرێن وەک ئەوەی نوسینەکانیان بەرزتربن لە نوسەرانی زمانی دایک. دیارە هیچ هاوکێشە و هزر و دیدێکی زانستی و بابەتی نییە ئەوە بسەلمێنێ گەر نوسەرێک بە زمانی بیانی وەک ئینگلیزی بنوسێ یاخود بابەتەکەی وەربگێڕدرێتە سەر زمانانی بیانی گرنگترە لەوانی تر.

 

الشعوب المقهورة:*

“نەوەی میللەتانی سەرکوتکراو مۆراڵیان خراپ دەبێت.” ئیبن خەلدون –

ئێمەی کورد لە لایەنێکی زۆریدا دەکەوینە بەر ئەو تیۆریە گرنگەی ئیبن خەلدونەوە. ئەو تیۆریانە دروستن کە یاخی بوون و راپەڕین و شۆڕش بە یەکێک لە تایبەتمەندێتیەکانی میللەتی ژێر دەست دادەنێن، بەڵام کاتێک ئەو یاخی بوون و شؤڕشە نەیانگەێنێت بە ئاسۆی خۆی بەهەر هۆیەکەوە بێت ئەوا ئەو میللەتە هەر بە ژێر دەستەیی دەمێنێتەوە. لەو پرۆسە دوورودرێژە ژێردەستەییەدا ئیرادەیەکی ئەوتۆی سەربەخۆی خۆی نامێنێ و بواری هەر داهێنانێکی زاتی یا خودیی لە دەست دەدا و بۆ ئەوەی بگات بە ئاستێک بەوانی تر دەبێ وەک ئەوان بکات و چاوی لەو رێگایانە بێت ئەوان ئاویان پێدا رشتووە. پێی وایە میللەتی سەردەست لە خۆیان لە پێشترن گەر بیەوێ بە لای هەر داهێنان و عەقڵ و کارێکی بەرهەمهێنانەدا بەتایبەت فەرهەنگی و ئەدەبیدا بچێ ئەوا زۆرتر لاسایی میللەتی سەردەست دەکاتەوە.

دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە نەوەی میللەتی ژێر دەست ئەوە چارەنوسەکەیەتی و ئیدی ئەوە حەتمیە، نا، بەڵکو داهێنان هەوڵدان و ماندووبوون و شەیدایی دەوێ و بەشێکی زۆر لە نەوە بن دەستەکان دەیانەوێ بگەن بە پلەیەک لە ناوبانگ دەرکردن وەک ئەوانی سەردەست و لەم راستایەشەوە لاسایی کردنەوە بەڵام بە چەندان شێوازی فێڵاوی و زۆرزانیانە جێگەی کاری داهێنانی خودیی یان خۆماڵیانە دەگرێتەوە و ئەوەی لەو نێوەدا چانس بەم دەرکەوتوانە دەدات خوێنەری ئاست نزم و کەم ئەزمون و نارۆشنبیری میللەتە بن دەستەکەیە کە ئەوانیش وەک تینویەک بۆ قومێک ئاو حەز دەکەن نوسەرەکانیان ناوبانگ دەربکا و بەرهەمەکانیان وەربگێڕدرێتە سەر زمانانی تر و بە هەر نرخێک بێت دەستی پێوە دەگرن لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان بشزانن ئەوانە زۆرتر نوسەری کۆپی و نەقڵن وەک لە داهێنان و ئەفراندن.

کاتێک فارس و تورک و عەرەب لە ژیر کاریگەری فەرهەنگ و کەلتوری رۆژئاوادابن ئاخۆ کورد دەبێ لە ج دۆخێکی لاسایی کردنەوەدا بیت. لەم سۆنگەیەوە هەم نوسەر و هەم نێوەندەکەش مۆراڵیان تێکدەچێ و لاسایی کردنەوەی ئەوانی دی بە گرنگ و گەورە دەزانن. دیارە لێرەدا باس لە کاریگەری ناکەم چونکە کاریگەری داهینانەکان بەرهەم دەهێنێ؛ بەڵکو باس لە لاسایی کردنەوە دەکەم ئەویش وەک  وشەیەک و مانایەکی ئاسایی نا بەڵکو وەک چەمکێک کە داهێنان دەگۆڕدرێ بە نەقڵ، مۆراڵ و شتەکانی ئەوانی دی بە بەرز و گرنگ و خۆتیش بە نزم و کەم بایەخ تەماشا بکەی. لێرەدا داهێنان لە بواری ئەدەبیدا کەمتر بوونی دەبێ و کۆپی و نەقڵکردن و گواستنەوە دەبێتە خووی ئەدەبیی. دوایین رشتەی ئەم نوسینەم لەبەر رەنگدانەوەی ئەم تیۆرییەی ئیبن خەلدونە کە شەش سەد ساڵ پێش ئیستا ئەمەی نوسیوە کەچی هەر دەڵێی بۆ هەنووکەی ئێمەی گوتووە.

*ئەم بەشەی ئیبن خەلدون لە سەر ڕۆمانێکی تر نوسی بووم و لەبەر گرنگی بابەتەکە لەم نوسینەشدا بە پێویستم زانی دایبگرمەوە.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌