پەراوێــــز
(بهشی دووهم )
نەژاد عزیز سورمێ
١
گەڵای سەوز
لە قەدی میدۆزدا بوو بە بەرد.
کێ توانی
وەک گەڵای ناوقەدی کتێبێک
بچێتە قەدی مێژووەوە ؟
کە ھاتی سەوزە بووی
نەھاتبای چاتر بوو !

٢
خەونی دی !
مێشکی پەرتی سەردەم بوو
لە ھەموو خەرمانێ بارووتی..
خەونی دی ؛
سینەی ڕووت و دادڕاوی
بەر لێزمەی تەزرە بوو ..
خەونی دی ؛
مەلەی لە نێو کادا دەکرد.

٣
ڕۆیی و وتی :
لە تەنکاوان نامێنمەوە..
ھەموو ئاشنای شەپۆلانین
ھەموو ئاشنای مێژووماڵکی کەڵەکانین .
ڕۆیی و وتی و نەھاتەوە …

٤
فاندۆم ، نە باران بوو ، نە گوڵەگەنم
بۆ مۆزەخانەیش دەستی نەدەدا مامۆستا (کۆربێ) !
فاندۆم کۆتەڵێک بوو ، لەگەڵ نووچداندا ڕاقەنا.

٥
کێ تاڵاوی خوارد؟
کێ تاڵاوی خخوا ؟؟
کێ تاڵاو..؟؟؟
کێ تاڵ..؟؟؟؟
کێ تا..؟؟؟؟؟
کـێ ت….؟؟؟؟؟؟
ك………………؟؟؟

٦
تا لێی بڕا سەمای بۆ تارماییان کرد..
تا تێی دابوو ، بانگی ڕاھێشت :
چۆلەکەیش بە قسە ھاتن .
تا تێی دابوو …

٧
نەوای ھێشووە بزڕکاوەکان
بوو بە نوورێ
ھێزی لە خۆر و مانگ بڕی
گیا و گوڵی وهبهرھێنان
بەسەر چاک و خراپ دا باری
نەوای ھێشوە بزڕکاوەکان
لە تەمی ڕۆژگاردا ون بوو…
٨
پاساری گەڵایان ھەڵوەری..
درەخت پەڕ کران..
شەو چرای ڕۆژتە ، پەنای چی ؟
گیانەڵای ناختە ، ھانای چی؟!
٩
ئۆسنابرۆک ، شارە گوندێک بوو
بە ھەزاران مناڵی بۆ شەڕ پێگەیاند
لە دواییشدا یەکێک لەو ھەزار زیلە؛
وتی: بۆ ؟
ئێستا ئۆسنابرۆک بەو مێردمنداڵە دەناسرێتەوە ..
ئێستا ئۆسنابرۆک لە شەرمان ئهدرەوشێتەوە…
١٠
دیسان باران دایکردبوو
لە تەنتنەی تەنیاییدا ؛
نوزەی دەھات :
تۆ ئاسمانی ..
تۆ بەیانی ..
تۆ گونجانی ناو ڕۆژگاری نەگونجانی .

١١
دوکەڵکێشەکان خامۆش بوون.
ھەوا ھەناسەبڕ کرابوو..
لەو دوورەڕا چۆن بزانم
گوندییەکان نووستوون یا بێدار..؟
١٢
شاملوو
شاعیرێکی ئەم جیھانی ( سێیەمە ! )
ڕۆژێ لە ڕۆژان وتی:
(( ئەگەر سپی دارەکەم چرۆ دەرکا ،
باڵندە ڕەشەکە ھەڵدەفڕێ
ئەگەر باڵندە ڕەشەکەیش بڕوا ،
سپی دارم چرۆ دەکا..))
١٣
فێربووە وەختێ پڕ دەبێ
تێ ھەڵکا ستران و لاوکان بچڕێ..
تۆ ئیستا دەبینی لاوک و سترانمان لە خۆمان زۆرترن.
١٤
ئەدرەسم ھێشتا
ئەدرەسی جارانە:
بناوانی ڕەشەبا
ئەو دیو ڕۆژھەڵاتی مردن.
1988- 1989
