* بۆ بینینی پێشانگا تكایه كرته بكه سهر فۆتۆكانی سهرهوه.
(1)
بۆ ئەوەی بەو جۆرەی من دەمەوێت لە هەندێک لە کارەکانی پێشانگاکەی نەرمین نزیکببینەوە، هەست دەکەم ناچار بین کۆنسێپتی (Smuggling-قاچاغکاریی) بە لادان و دەستکارییەوە لە (ئیریت ڕۆگۆف) وەربگرین. گەر لای ڕۆگۆف -بەرئەساسی ئەو تێگەیشتنە دێرێداییەی کە سنوورەکان بە بەرتەسک و بەرینیانەوە، تەنها سنوور بۆ مومکین(The possible)دادەنێن- ڕەهەندێکی مۆدێلی قاچاغکاریی، بڕێنی سنوورەکانی نێوان مۆزەخانە و فەزای گشتی، نمایشکردن و ڕوودان(Taking place) بێت، ئەوا دەکرێت ئەو قاچاغکارییەی نەرمین بە ماتێریاڵەکانی دەکات بۆ بڕینی سنوورەکانی نێوان تابلۆ و مێژوو، تابلۆ و فەزای گشتی و تابلۆ و کۆمەڵگه بێت.
سادەتر: ئەگەر جێهێشتنی مۆزە و ڕەدکردنەوەی نەمریی کاری هونەری و ئەنجامدانی هونەر لە دەرەوە، بۆ هاتنە ناو کۆمەڵگه و جوڵەکردنی سیاسی بێت، ئەوا گێڕانەوەی مێژوو و ماتێریاڵ و یادەوەریی بۆ ناو کاری هونەری، دەرەنجامەکەی بەسیاسی کردنەوە و گێڕانەوەی لەوحە یان گرافیک دەبێت بۆ ناو کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەکەی.
ئەمە بەو مانایە نا کە ئەو ماتێریاڵانەی نەرمین لە دەرەوە دەیانهێنێتەوە ناو سپەیس و ناو کارەکانی خۆی، خاوەنی ئەرک(funcsion)ێک بن کە پێشوەختە بۆیان دانراوە. گولە و تەقەمەنییەکان نایانەوێت باس لەو مێژووە جەنگاویە بکەن کە ڕوحی کوردیی پێیدا تێپەڕیوە، گوێنیەکان و لباکان نایەن تا چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە، بەڵکو هەموویان وەک مومکینێک، وەک ئەگەرێک بۆ مانا لەوێدان. ئهگەر چی تیکەڵکردنی فیکری هاوچەرخی فەرەنسی و قوتابخانەی فرانکفۆرت دەشێت هەڵەیەکی میتۆدۆلۆژی بێت، بەڵام هەستدەکەم لێرەدا زمانی (ئەدۆرنۆ) زیاتر کۆمەکمان دەکات: ئەوەی لە ماتێریاڵە بەقاچاغهێنراوەکانی نەرمیندا دەبێ ببینرێت، هەقیقەتی ناوەکیی خۆیانە کە دەرەنجامی دیالێکتیکی نێگەتیڤیانە* لەناو خۆیان و لەگەڵ دەرەوەدا، نەک ئەرکیان؛ تاکە ئەرکی هونەری مۆدێرن، بێئەرکییەکەیەتی.(ئادۆرنۆ:1970)
(2)
لە ڕاستیدا ڕەنگە زمانی ستاتیکای ئادۆرنۆ باشتر دەربڕی کۆی باسەکە بێت: ماتێریاڵ بەو پێیەی لەناو مێژوودایە، بە یادەوەری ئێمە و بە هەموو دژیەکی(تناقض)ە کانی مێژوومان بارکراوە؛ کاتێک هونەرمەند ماتێریاڵەکان بە هەموو دژیەکیەکانیانەوە دەگوازێتەوە ناو کاری هونەری، ئەوا کارەکەش بارگاویی دەبێت و بە مانا ئادۆرنۆییەکەی، دەکەوێتەوە دژیەکیەوە لەگەڵ مێژووی خۆی و لەگەڵ کۆمەڵگا یان بینەردا، ئەمەش ماناسەپاندن و فەنکشن پێبەخشین و لەقاڵبدان و وەڵامدانەوەی یەکجارەکی و موتڵەقی کارەکان دەکاتە شتێکی مەحاڵ.
(3)
دەتوانین بەرئەساسی تێگەی خەرمانە(Aura)ی (ڤاڵتەر بینیامین) بەجۆرێکی تریش باس لە بەقاچاغهێنانی ماتێریاڵەکان بکەین: ماتێریاڵەکان، ئاسن و تەنەکە و گولە و لبادهکان، بەهۆی بوونی ماتەرییانەوە لەناو مێژوودا، بەهۆی کاریگەربوونیان بە مێژوو، دەگمەنییان بەدەستهێناوە و بەرهەمهێنانەوە(Reproduction)یان بووەتە شتێکی مەحاڵ، بۆیە بەهۆی هێنانیانەوە بۆ ناو سپەیسی پێشانگاکە، ماتێریاڵەکان خەرمانەی هونەری بەدەست دەهێنن، بۆجۆرێک کە کارە هونەرییەکانیش دەتوانن خەرمانەی خۆیان لەوانەوە وەربگرن.
تهواو
تێبینی:
* بۆ جیابوونەوە لە بیرکردنەوەى هاوشوناس و هۆمۆجین، ئەدۆرنۆ دیاڵکتیکی هیگڵ بە چرکەساتێکى –بەپێی سیستمەکەى هیگڵ- نادیالێکتیکیدا دەبات، ئەویش لابردنى تێهەڵکێشە(سێنتێز)ە. ئەگەر لای هیگڵ تێز(پۆزەتیڤ) و دژەتێز(نێگەتیڤ) هێند بەهێز بکەونە ململانێ وە ، کە لە کۆتاییدا تێکەڵ ببن بۆ بەرهەمهێنانى تێهەڵکێشەیەکى تەواوتر لە تێز و دژەکەى، تێهەڵکێشەیەک، کە نەفیی نەفیکردن بکات؛ ئەوا لە پاش مۆدێرنێتیەوە، لای ئەدۆرنۆ و لە دیالێکتیکی نێگەتیڤدا، تێز لەگەڵ دژەکەیدا لە ململانێیەکى بەردەوامدان؛ بەمەش دەگوترێت دیالێکتیکی نێگەتیڤ.