مه‌كسیم گۆركی - تۆلستۆی

چێخەف- ێکی مۆدێرن


Loading

مەکسیم گۆرکی لە یەکێک لە نامەکانیدا کە بۆ چێخەفی ناردووە دەڵێت؛ ئەزانی ئێوە چی دەکەن؟ ئێوە خەریکی ئەوەن ریالیزم لەت و پەت دەکەن. باوابێت! بەدۆزەخ!

مەکسیم گۆرکی هەست بە ریالیزمە تایبەتمەندەکەی چێخەف دەکات و دەزانێت شانۆنامەکانی ڕووە ڕاستەقینەکەی ژیانی رۆژانە، بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، لە ئاستێکی تری واقیعدا بەرجەستە دەکات.   پیتەر بروکیش لە شەستەکاندا ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ناوزەدکردنی چێخەف وەک نووسەرێکی ناتورالیزم بەدحاڵیبوونێکی گەورەیە. لەلای چێخەف وشەیەک، دەنگی مۆسیقایەک لە دوورەوە، هاتنە ژوورەوەیەکی لە پر و چاوەڕواننەکراوی کارەکتەرێک، بێزارییەکی کتوپر، دەنگێک لە پشت پەردەکانەوە، ماڵئاوایکردنێک، تاسە و ئارەزوی کەسێک، خۆشەویستییەکی بێ هیوا، هەنگاو لە دوای هەنگاو لە دەروازەکانی وەهمەوە زمانێکی تایبەت بەخۆی دەخوڵقێنێت کە بە تەواوەتی پریشکێکە لە وەهمەکانی ژیان.

 

1901, Gaspra (Crimea). Three great Russian writers - Leo Tolstoy (1828-1910), Maxim Gorky (1868-1936) and Anton Chekhov (1860-1904): ەرسی نوسەرە ڕوسیەکە؛ مەکسیم گۆرگی بەپێوە، چیخۆف و تۆلۆستۆی پیر
1901, Gaspra (Crimea). Three great Russian writers – Leo Tolstoy (1828-1910), Maxim Gorky (1868-1936) and Anton Chekhov (1860-1904):
هەرسێ نوسەرە ڕوسیەکە؛
مەکسیم گۆرگی بەپێوە، چیخۆف و تۆلۆستۆی پیر

کە لە شانۆی نەتەوایەتی دانیمارک، لە کۆپنهاگنی پایتەختی ئەم وڵاتە و دوای بینینی شانۆنامەی (نەورەس) ی چێخەف هاتمە دەرەوە، زیاتر لەم وتەیەی مەکسیم گۆرکی گەیشتم (ئێوە خەریکی ئەوەن ریالیزم لەت و پەت دەکەن) نمایشەکە لە ئەتمۆسفێرکی مۆدێرندا دەسورایەوە و بە هەوای ئەمڕۆ هەناسەی دەدا. 

خوێندنەوەی ئەم ڕیژیسۆرە گەنجە بە تەواوی پێچەوانەی خوێندنەوەکانی لەوەوبەر و دونیای چێخەفە. کارەکتەرەکان لە ریتمێکی خێراو لە ماوەی سەعات و چارەکێکدا بە نێو رۆڵەکانیاندا رادەکەن. سینۆگرافیای نمایشەکە، نزیکە لە ئەتمۆسفێر و جیهانە کلاسیکییەکەی چێخەفەوە، بەڵام دیدی ریژی، ستراکتوری کارەکتەرو بەرجەستەکردنی شانۆنامەکە لە ساتەوەختەکانی ئەم ڕۆژگارەماندا، چێخەف دەکاتە نوسەرێکی مۆدێرنی ئەمرۆی شانۆی جیهانی.

 

ڕووناکی لە پەنجەرە بەرزەکانی دیوارەکان و دەرگا شووشەییەکانەوە، بە شێوەیەکی شاقووڵی، راستەوخۆ و هەندێک جار لە تونێلێکی تەموومژاویدا دێتە ژوورەوە. بەڵام لەم ژوورانەدا هەست و سۆزی کەسایەتییەکان لە نائارامییەکی بەردەوامدایە و دڵەراوکێیەکی تۆقێنەر سیمای کارەکتەرەکانی گرتۆتەوە. دەست و پێوەند و کارەکتەرە بەردەستەکان بوونێکی بەهێزیان هەیە و بە بەردەوامی بە نێو ماڵەکەدا، بەناو ژوورەکاندا و بە نێو رووداوەکاندا ڕادەکەن و بارودۆخێکی شپرزە و پشێوویی دەخوڵقێنن. کەنستەنتین وەک نووسەرێکی گەنج لە بزاڤێکی نەسرەوتدا گوێ لە مۆسیقا دەگرێت و دەیەوێت بیروبۆچوونە مۆدێرنەکانی بۆ کارەکتەرەکانی تر ڕوون بکاتەوە و بانگەشەی هونەرێکی نوێ و جیاواز دەکات. ئەرکادینای دایکی، کە ئەکتەرێکی دیارە، جگە لەوەی لە كێشەیەکی بەردەوامدایە لەگەڵ کەنستەنتینی کوری، بە بەردەوامی شەر لەگەڵ جانتاکانیدا دەکات و توڕەیە، شپرزەیە، بەرەو شار و شانۆکان یان کێڵگەو باخەکەی دەرەوەی شار رادەکات. هەموو هەوڵێکی لەیەکتری نزیک بوونەوە و پەیوەندییە خۆشەویستییەکان لەلایەن خەڵکی ڕاگوزار و دەست و پێوەندەکانەوە دەپچرێت و لە نێو شپرزەیی و ڕاکەراکەو پشیویدا بزر دەبێت.

 

ژیان لەم نمایشەدا بارێکی نائارامە و لە روانگەی کۆمەڵگایەکدا بەرجەستە دەبێت، کە هەموویان زۆریان پەلەیە بژین، بەشێوەیەک فریای ئەوە ناکەون لەگەڵ یەکتری بدوێن و پێکەوە بژین. کەنستەنتین، ئەرکادینا، تریگۆرین، نینا، ماشا… هتد لە دووڕیانێکی تەنهادا و هەریەکەی لە دوورگەیەکی دابراوی خۆیاندا دەژین. ئەم کارەکتەرانە هەست و سۆزی خۆیان، پرۆژەکانیان، جیهانە تەنهاکەیان ڕاویان دەنێت، بەشێوەیەک هەرگیز ئەم وزە تەنهایانە ڕووبەڕووی ئەوانیتر نابێتەوە و هیچ بەرکەوتنێکیان لەگەڵ یەکتریدا نییە. هەر لەبەر ئەوەشە لەیەک حاڵی نەبوون تووشی کێشە، تووڕەبوون و لەیەکتر دابڕانیان دەکات.

 

 

هەرگیز چێخەف لە هیچ نەمایشێکی تریدا بەم شێوەیە لە ساتەوەختەکانی ژیاندا، لە چاوتروکانەکانی ئێستا و لێرەدا نەژیاوە و بە هەوای ئەمرۆ هەناسەی نەداوە.
بۆ ئەوەی چێخەف نەمایش بکرێت تەنها ئاستێکی بەرزی تەکنیکی پێویست نییە، بەڵکو دەبێت  لەپاڵ ئەوەدا ئەکتەرەکانیش جۆرە قووڵییەکی خودی و تایبەتمەندی خۆیان هەبێت، ئەزموونێکی گشتگیری راستەقینە و ڕۆحێکی راستەقینەیش. ئەکتەرەکانی ئەم نەمایشە بەهەستێکی قووڵەوە، بە دڵ و ئەزموونێکی راستەقینە و تەکنیکێکی باڵاوە بەناو رارەوەکانی دونیاکەی چێخەفدا گوزەریان دەکرد. 

 

ئێمەش ئەم ساڵ شانۆنامەی (خاڵە ڤانیا) لە وەرگێرانی (شیروان مەحموود محەمەد) لە زنجیرەی شانۆی بیانیدا بڵاودەکەینەوە. بە بڵاوکردنەوەی خاڵە ڤانیاش هەر چوار شانۆنامەکەی چێخەف: خاڵە ڤانیا، نەورەس، سێ خوشک و باخی گێلاسەکە، کە راستەوخۆ لە زمانی ڕووسییەوە کراون بە کوردی بڵاودەکەینەوە.
بەڵێ راستە،ئێستا چێخەف لەهەموو کاتێک زیاتر ریالیزمی لەت و پەت کردووە!

 

 

تێبینی: ئەم نووسینە بەر لە بڵاوبوونەوە شانۆنامەی “خاڵە ڤانیا” لە زنجیرەی شانۆی بیانیدا، بڵاوبووەتەوە.

–  http://sulyon.com/Drejey-hawal.aspx?id=5235&LinkID=20#sthash.vPxuc8If.dpuf

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.