Hugo Ball bei einer Vorstellung im Cabaret Voltaire, 1916

هێشتا هه‌واڵی کاره‌ساتمان پێ نه‌گه‌یشتووه


Loading

دكتۆر مه‌سعود بینه‌نده‌

هێشتا هه‌واڵی کاره‌ساتمان پێ نه‌گه‌یشتووه!

وتوێژ لەگەڵ د.مەسعود بینەندە سەبارەت بە پرسی کارەسات – به‌شی دووهه‌م

وتووێژکار: ئەمجەد غوڵامی

 

 

 

 

 

به‌شی یه‌كه‌م 

هێشتا هه‌واڵی کاره‌ساتمان پێ نه‌گه‌یشتووه

 

 

 

به‌شی دووهه‌م

 

ئەمجەد غوڵامی: ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تێوەگلاندنی کۆمەڵگا لە ڕەنج و ڕووداوە دڵتەزێنەکان چۆن دەبینی؟

 مه‌سعود بیننه‌ده‌: میدیا و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن فەزایەکی دیالۆگی و دیالێکتیکییان پێک ھێناوە کە پێوەندیی تاک‌لایەن و ئۆبژەتەوەریان گۆڕیوە بۆ پێوەندییەکی چەندەنگی نێوان‌سووژەیی (intersubjective). بەڵام لە ڕاستیدا ئەم چاوی خودا(all seeing eye of god)یە ھەموو نیگا و گۆشەنیگاکان لەخۆیدا ھەڵدەلووشێ و شێوەڕوانینێکی تایبەت و یەکسان بەسەر ھەموو سووژەکاندا زاڵ دەکات؛ ئەگەرچی بیروڕای جیاواز و ستایلی ژیانی فرەچەشن لەم بەستێنەدا دەردەکەون بەڵام ئەم جیاوازییانە بە قەولی لۆفۆر جیاوازی ڕادەکەم و مینیماڵن و ھەموو لەسەر فۆرمێکی ئابستراکتی ھاوبەش پێکھاتوون کە میکانیزمی نواندنەوە بەرھەمی ھێناوە. کەوایە مرۆڤی مەجازی(virtual human) زۆرتر لەوەی کەڵکەڵەی تێگەیشتن لە جیاوازییەکانی ئەویدیی لە دڵدا بێت بە خۆنواندنێکی ئایدیال لە دووی دانپێدانان و ئەرێوتنی فاڵۆوێرەکاندا وەیلان و سەرگەردانە. ھەرچی دۆستایەتیی و فەرھەنگی نیزیکی لە فەزای مەجازیدا پەرە دەستێنێ ڕادەی دوژمنکاری و دژکردەوە‌نواندن لە ئاست جیاوازی و شتەسەیروسەمەرەکان(queer)ی ئەویدی بەربڵاوتر دەبێتەوە.

 

سەرەڕای ئەوەش ئەم قەرەباڵغی و جەنجاڵی دیجیتاڵە فۆکووس و تێڕامانی قووڵی مرۆڤ تێکدەچڕژێنێ و بە زێدەکردنی دڵەڕاوکێ و ختووکە دەروونییەکانی، سەقامگیریی ڕەوانی و جەستەیی بەرەوڕووی تەنگژە دەکاتەوە. لە کەشێکی ئاوەھادایە کە ڕێگا بۆ تەراتێنکردنی گوتاری دەروونناسی و بەڕێوەبەرێتیی بیر و لەشی مرۆڤەکان ئاوەڵا دەکرێت. فرانسوا دۆرتییە وتەنی ھەر پێوەندییەک داگری بەستێنی پەڕپێوەندی(meta communication) یە کە لە شێوازەکانی فیلتەری فەرھەنگی، ناسێنکارانە و ئایدۆلۆژیک لەسەر ڕەوت و ئاڕاستەی پێوەندییەکە کاریگەری دەنوێنێ. ھەربۆیە نەخشاندنی فەزای مەجازی وەکوو یۆتۆپیایەکی بێ‌ دەردئاماژە و ترۆما ھەڵەیەکی گەورەیە کە پاشھاتی پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوە. ھەرچی لەم فەزایەدا تووشی پەسیڤبوون و ئاوەڵایی و بێسنووری دەبین لە کردەوەیەکی پێچەوانەدا ھەوڵ ئەدەین لە فەزای واقیعدا قەرەبووی بکەینەوە، واتە لە ڕێگای تەکنۆلۆژیاکانی خودسازی وەکوو بەدەنسازی و جوانکاری، مۆد و ھتد ڕیسکی زۆرتر و زێدە-چێژی فراوانتر ئەزموون بکەین.

ئاپاراتووسی میدیا بەشێکە لە ستەیت و دیسپۆزیتیوەکان کە مەبەستی سەرەکییان حکوومەتمەندی(governmentality)یە و لە جومگەی پێکەوەگرێدانی ستراتێژەکانی کۆنتڕۆڵی جەماوەر و تەکنیکی ڕاھێنانی خۆ پێگەیان توند کردووە. لەسەردەمی پێش-نواندنەوەدا مرۆڤ لە نیزیکەوە شتەکانی دوور دەدیت و مەودای ھەستی‌ناسانەی خۆی لەگەڵیان دەپاراست. بەڵام لە سەردەمی ھایپێرنواندنەوەدا مرۆڤ لە دوورەوە شتەکان نیزیک دەبینێ و تەواوی مەودا ئانتالۆژیکییەکانی سڕیوەتەوە. مەوداسازی و سنووربەندیی بەردەوام یەکێ لەو کارکردە مەترسیھێنەرانەی فەزا-سیاسەتی سەردەمە کە خۆی لە شێوازی پارادایمی سنووردا دەردەخات. سنوورێک کە لە ڕواڵەتدا پێچەوانە دەنوێنێ و ئێمە لە سڕینەوەی سنوورەکان و نیزیک‌کەوتنەوەی فەرھەنگ و بایەخەکاندا(جیھانی‌بوون) بە مەوداسڕینەوە دەیناسین بەڵام لە‌ڕاستیدا ئەم سنووربەندییە بێسنوور و نادیارە پڕمەترسیترین ئێفێکتی پارادایمی سنوورە کە ئەویدی‌سازی و نەفرەتھاوێژیی لێ دەکەوێتەوە. دووربینیی نیزیک یان پێوەندیی مەجازی، حوزووری ترۆماتیکی دراوسێ و ئەویدی بەدی دێنێ و ڕێگا بۆ ترسێکی ڕەقەمبێژانە ئاوەڵا دەکات. بە قەولی ژیژاک لێرەدا ئەم میوانە مڵۆزمە ھاتووە کە ژۆیسانس و سەرچاوەی چێژیمان لێ بدزێ ھەربۆیە پەرچەکرداری ئێمە تێکەڵ بە فۆبیای جیاوازیی ئەویدی(xenophobia) و گوتاری تووڕە و توندئاژۆی ئەویدیسازی دەبێت.

 

وەک ئاماژەمان پێدا یەکێك لە ڕەھەندەکانی مۆدێڕنیتە بریتییە لە گشتگیربوونی کارکردی نواندنەوە و فۆرمی نیشانە لە ڕەوتی پێوەندی‌گرتندا. زاڵبوون و قووڵ‌چوونی نواندنەوەگەری گەیشتۆتە ئاستێک کە واقعێکی جیاکاری بەنێو واقعی مەجازی(VR) پێکھێناوە کە جیاوازییەکانی نێوان بوونەوەری زیندوو(organism) و دەسکرد(cyber)ی سڕیوەتەوە. لەم بەستێنەدا خود ھەموو سنووربەندییەکانی لێ بزر دەبێت و بەم چەشنە تووشیاری کۆلۆنیالیزمی جەستەیی و زەینی دێت؛ واتە دەروون ھەمیشە لە دەرەوەیە و دەرەوە ھەمیشە لە دەروونە. لەم دۆخی ئاوارتەی سنووربەندیی سنووربەزێنەدا، بوونەوەرێکی سنووری و لیمیناڵ بە نێوی سایبۆرگ بەرھەم دێت کە بە قەولی دۆنا ھاراویسنوورەکانی نێوان مرۆڤ و حەیوان، ئینسان/حەیوان و ماشین، و فیزیکی و مەجازی تێدەپەڕێنێت. لە فیلمە زانستی-خەیاڵکردەکاندا وێنای ئەم ژەڤەرمرۆڤە پاش‌تراژیکانە لە شیوازی فرانکشتاین، تێرمیناتۆر، گۆدزیلا، مێردئەزمە، زامبی و گورگ‌نوێنەکاندا دەبینین کە لە بازنەی کۆنتڕۆڵی مرۆڤ دەرپەڕیون و وەکوو مەترسییەک کەوتوونەتە تێکدانی ئاسایشی ژیانی مرۆڤ. وەک ئاماژەمان پێدا تەکنۆلۆژیا یان بە دەستەواژەیەکی ھایدگێری، گێشتێل، بە کۆلۆنیالکردنی سرووشت و مرۆڤ ھەبوونایەتیی سەرەکییان لێ وەردەگرێ و شوناسێکی نوێیان لە ئاست “ئۆبژەی کەرەسە و کەڵکوەرگرتن” پێ دەبەخشێ. جەستە لەم دۆخەدا لە ئاستی مێژوویی خۆی واتە  پرۆژە و میدیۆمی واتا و ئامانجەکان دادەبەزێ و لە شێوازی ژینەوەریی ڕووتەڵ(zoe)دا دەردەکەوێ.

 

بەئۆبژەکردن و ڕووتەڵکردنەوەی ژیان لە شێوازی لەشدا بە وتەی ئێرنێست یۆنگێر بووە بە ھوشیاریی دووھەمی مرۆڤ کە ھاوکات لەگەڵ خۆیدا ئۆتۆریتەی گوتاری سایکۆلۆژیای بەرھەمھێناوە. یۆنگێر دەڵێت دەزگای وێنەگرتن نوسخەیەکی چاولێکردنی بێ‌بەزەییانەی ئێمەیە بۆ شتەکان، واتە ئەم چاوە دەسکرد و میکانیکییە ھاوکات کە لە شتەکان نیزیکمان دەکاتەوە، مەودابەندی و بێ‌پەرۆشیمان بۆ بەرھەمدێنێ. ئێمە لە پشت ئەم چاوە‌ زەخم و جادوویییەی میدیاکانەوە خۆمان دەشارینەوە و مەودای خۆمان لەگەڵ دەرد و ئازاری ئەویدی بەرفراوانتر دەکەین. فەزای مەجازی ھەمان خولیای مێژوویی بیرۆکەی گنۆسیستیی واتە یۆتۆپیایی خەلسە و چێژی بێسنووری بەرھەم ھێناوە، ھەر بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەگەڵ دیاردەی ڕەنج (Pathema) و ئەزموونی دەرد نامۆتر دەبینەوە. تەکنۆلۆژیای میدیایی لەم ڕەوتی مەوداگرتن و سڕینەوەی پاتمایەدا، حەشیمەتی سەردەمی لە بەرفراوانیی زانیاریی و ئاژاوەی دەیتاکاندا(Mathema) سەرگەردان و ھەست‌نابزوێن کردووە. کەوایە لێشاوی ھەواڵی میدیاکان لە کارەساتە یەک‌لە‌دوای‌یەکەکان تەنیا ڕق و تووڕەیی ئێمە بە شێوەیەکی بێ‌مەبەست دەرھاوێژە دەکات و ھاوکات کەمتەرخەمییەکی بنەمایی لە ھەمووماندا دەچێنێ(?who cares).

 

 

سوزان سۆنتاگ پێیوایە؛ وێنەگرتن لە فۆتۆگرافیدا واتە چوارچێوەبەندیی واقیعەکان، و ئەمەش چاوبەستن لە ئاست واقیعەکانی دیکەی بەدواوەیە.  لە لایەکی دیکەوە باسی ئەوە دەکات کەڵەکەبوونی وێنەکان و شاڵاوی هەواڵە دڵتەزێنەکان، شۆکی ئەم ڕووداوانەی تا ئاستی کاڵایەکی مەسرەفی دابەزاندووه و هەژان و شڵەژێنەربوونی لە ڕەوتی سەودا و سەرگەرمیدا ڕۆ بردووە. شاڵاوی وێنەکان ئیزن بە زەقبوونەوی هیچ وێنەیەک ناده‌ن و بەردەنگەکان لە هیپنۆتیزمی میدیاییدا هەستیارێتی و هاوخەمی ‌نواندنی خۆیان دەدۆڕێنن. سۆنتاگ ئەگەرچی هێشتا هیوای بە کاریگەربوونی وێنەکانە لە نواندنی کارەساتدا بەڵام ئاماژە بە ڕاهاتنی مرۆڤ لەگەڵ وێنەی کارەسات و پەسیڤبوونەوەی هەست و ویژدانی مرۆڤی سەردەمی میدیا(لە چەشنی تێلێوێزیون) دەکات. لەم ئەقیانووسی ھاوشێوەسازی و کەڵەزۆرینەی یەکسانبوونەوەدا؛ بە وتەی ئادۆرنۆ، کۆمەڵگه‌یەکی تابینەقاقا دەستەمۆکراو دێتە ئاراوە کە تەنیا ئارەزووی بەرھەمھێنانی زێدەئۆبژەکان و و پڕتاوکردنی گەردوونەی بایەخ و نیشانە و دیسیپلینە. لەم بەرزەخی مەیلەدا ھەموومان لە ئەزموونی دەرد و ئازاری ئەویدییەکان خۆمان نەبان دەکەین و ھەوڵ ئەدەین بۆشایی ژیانی خۆمان بە فرانکشتاین و زامبییەکان واتە فتیشەکانی کاڵا و دەسەڵات و سێکسواڵیتە پڕ بکەینەوە.

ئەمجەد غوڵامی:  بابەتی تەرمەکان لە جەغزی ڕەنج، مژارێکی گرینگ و حاشاهەڵنەگرە. بە تایبەت لەم رۆژانەدا کە کۆمەڵگا گیرۆدەی نەخۆشیی کۆرۆنایە، چارەنووسی تەرمەکان چۆن دەبینی؟ ئەویش لە کاتێکدا کە بەری کراون لە تەواو ئەو دابونەریتانەی کە بە دەوری مەرگ و تەرمەوە هەن؟

 

 

   مه‌سعود بیننه‌ده‌:  مێژووی جەستە لە ڕەوایەتی باودا بریتییە لە تێپەڕاندنی ڕووتی و غەریزی بوونی لەش بەرەو پۆشتەبوون و بەفەرھەنگی‌بوونی جەستە. دوانەی سرووشت-فەرھەنگ وەکوو زۆربەی دووانەکانە میتافیزیکییەکان ئاماژەدەری کرۆنۆلۆژیایەکی ھێڵەکین بۆ بەشارستانیبوون و دەستەمۆبوونی لەش و جێگرتووکردنی لە نێو سیستەمی ھێمایینی فەرھەنگ و یاسادا.

گێڕانەوەی سەفەری جەستە و بەمەدەنیبوونی لە گوتاری ئانترۆپۆلۆژیستەکان و ھەروەھا لە بەرھەمەکانی کۆمەڵناسێکی مێژوویی وەک “نۆربێرت ئەلیاس”دا بەباشی دەردەکەوێ. ڕەنگە لە ھەموو ئەم تێڕوانینانەدا بتوانین ئەو پێناسە کلاسیکەی ئەرەستوو بناسینەوە کە مرۆڤ بە حەیوانێکی سیاسی وێنا ئەکات. واتە حەیوانێک کە لە ژێر کاریگەریی ژیانی پۆلیسدا لە لە ئاستی ئاژەڵ و ژانەوەریی تێپەڕیوە و بووە بە شارۆمەندێکی سیاسی. کێشەی زۆربەی ئەم پێناسانە ئەوەیە کە بەشێوەیەکی دوانەبینانە مرۆڤ لە نیگاتیڤیتی “ئەویدیی حەیوان”دا پێناسە ئەکەن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە مرۆڤ لە بەمرۆڤبوونیدا بۆتە خاوەنی حەیوانیەتێ کە ھیچکات پێشتر نەیبووە، یان باشتر بڵێین بۆتە خاوەن “نا-مرڤ”ێک کە دۆخی مرۆڤ‌بوون و نەمرۆڤبوونی دابین کردووە. ئەوەی کە مرۆڤ توانستی نا-مرۆڤبوونی ھەیە تەواوی فەرھەنگ و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی ئێمە مومکین دەکات. نامرۆڤبوون واتە دۆخێک کە لە ھەڵپەساردنی مرۆڤبووندا دێتە ئاراوە؛ کاتێ تەواوی توخمە واتادارەکانی فەرھەنگی ھێمایین لەکار دەکەون و لەش لە شیوازێکی نامۆ و مەترسیدار؛ و هەروەها بێدەرەتان و لاواز، خۆی پیشان ئەدا. کاتێ سیاسەت لە ژین-سیاسەتدا ڕۆ دەچێ، ژیانی مرۆڤ تا ئاستی ژیانی ڕووتەڵ و ژینەوەریی  تەواو دادەبەزێ و دەبێ بە ئۆبژەی خۆشگوزەرانی و ھاوکات ستراتێژیی دەستێوەردان و سیاسەتی مەرگ و پەراوێزخستن. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ستەیت و دەزگاکان بەردەوام لە نواندنەوە و کۆنتڕۆڵ و بەرھەمھێناندا بە سڕینەوەی سنوورەکان سنووربەندییەکی بەرفراوان بەدی دێنن، بەو واتایەی کە بەردەوام لە واقیعی شتەکان و ڕووداوەکان ئاگادارمان دەکەنەوە بەڵام بەشێوەیەکی بنەماییتر و بەرفراوانتر ھەست‌بزوێنی و بەرپرسیارێتی ئێمە دەسڕنەوە. لەلایەکەوە لە دەردی نەخۆشی و ترسی مەرگ دوورمان دەخەنەوە بەڵام ھاوکات ئەگەری نەخۆشینی بەربڵاو و مەرگی بەکۆمەڵ بەدی دێنن.

 

تەقینەوەی ناوەکی، قەیرانی ئێکۆلۆژی، ھێرشی تێرۆریستی، پەتای مادەھۆشبەرەکان، قاچاخی ئینسان، شەڕی سایبێری، دەستێوەردانی بایۆژێنێتیک و سیستەمی ھاوشێوەسازی  بەشێ لەو دیاردانەن کە فەزا-سیاسەتی سەردەم بەرھەمی ھێناون. پێوەندیی جەستە و ڕەوتەکانی بەرھەمھێنان، نواندنەوە و کونتڕۆڵ ئەوڕۆکە لە ڕەوتەکانی مەسرەف، خوێندنەوە و خۆپارستەسازییدا دەلالەتی جیاوازی بەخۆوە گرتووە. ئەگەر پێشتر باسی مەسرەفی جەستە، خوێندنەوەی جەستە و پارستەسازیی جەستە دەکرا ئەوڕۆکە دیاردەی جەستەی مەسرەف، جەستەی خوێندنەوە و جەستەی خۆپارستەسازی ھاتۆتە گۆڕێ کە مونادەکانی جەستەی لە نێو جەستەیەکی یەکگرتوو و گرێچندا ڕۆ بردووە.  جەستەی حکوومەتمەندی واتە جەستەیەک کە چیدی بەپێی چەمکە باوەکانی سیاسەت و ئابووری ناخوێنرێنەوە. ئەم جەستەیە مێردئەزمەیەکی فرانکشتاینییە کە لە پاژ(fragments)ە جیاوازەکانی جەستەی مردووی کۆمەڵگا پێک ھاتووە؛ کۆمەڵگایەک کە پێشتر پێیان دەگوت کۆمەڵگای مەدەنی و لە سیاسەتی چەپ و ڕاستدا واتای ھەبوو. لە کۆمەڵگای مەدەنیدا پێوەندی لەگەڵ ئاخێزی کۆمەڵگا و بایەخەکان ھیشتا ڕێگەی تێدەچوو بەڵام جەستە-کۆمەڵگای ئێستا لە ئاستی بایەخەکان و ھەروەھا لادان و پاتۆلۆژی تێپەڕیوە و توانستی شیکارانەی ئەم دەستەواژانەی لەخشتە بردووە.

 

کۆمەڵگه‌ لە شێوازی کۆمەڵێک یەکەی ناھاوسەنگدا دەرکەوتووە و ئەم ناھاوسەنگییە وای لێدەکات بەردەوام فۆرم بگۆڕێت. کۆمەڵگایەک کە بە پێچەوانەی دۆخی پێشوو کۆمەڵگایەکی ئوودیپی و یاسامەند نییە بەڵکوو نافۆرمێکە کە سنوورەکانی ژیان و مەرگی تێکئاڵاندووە؛ ھەربۆیە پێویستە لە ڕستەیەکی ڕادیکاڵدا بڵێین لەم کۆمەڵگایەدا بەپێچەوانەی تێگەیشتنی باو ھیچ بژاردەیەک بۆ ژیان و مەرگ لە ئارادا نییە و تەنانەت مەرگ ھیچکات ڕوو نادات. لەم پەڕجیھانەدا مرۆڤەکان سەرەتا تووشی مەرگی ھێمایین دێن و پاش ئەوە بزر دەبن واتە چیدی مەرگ بە شێوەی کلاسیک لەئارادا نییە. جەستە-کۆمەڵگا کە ھەبوونایەتی خۆی لە فەزای سایبێری و تۆڕە جیاوازەکان دیھاوێژی دەکات، بەردەوام لە ژێر ھەڕەشەی پەتای ڕەش و سووردا دەژی. جەستە-کۆمەڵگا نە بە واتای تێگەیشتنی کلاسیکی ئۆرگانیستی، بەڵکوو لە کەشی فەزا-سیاسەت و پارادایمی سنووردا فەزا-فراگمێنتێکی ناھاوسەنگە کە سیاسەت و گۆڕانکاریی بەشێوی ڕابردوو نامومکین کردووە. ئەویدی لە کەشی سیاسەتدا ھەمیشە ھێمای ئاکار، یەکگرتوویی و بزووتنەوە بوو، بەڵام لە دۆخی کۆلۆنیالیزمی جەستە-کۆمەڵگادا ئەویدی لەناکاودا دەبێ بە نەخۆشێکی ڤایرووسیی مەترسیدار کە پێویستە قەرەنتینە بکرێت. لێرەدا جەستەکان  نە کۆمەڵە جەستەیەکی چالاکوان و بزوێنەرن کە شوناسێکی یەکگرتوو بەدی بێنن بەڵکوو ئۆبژەی تێکدان و دەستێوەردانی سایبێری و ڤایرۆسین. مرۆڤەکان شوناسێکی دیجیتاڵی و پیزیشکی وەردەگرن؛ واتە چەندە لە بەرەکانی فەزای مەجازیدا ھەبوونایەتییان ھەیە یان ڕادەی چەوری و شەکرە و ئانزیمەکانیانی جەستەیان چۆنە و ھتد؛ بە پێی ئەو کارکردەیان سەنگیان دەبێ و نواندنەوەیان بۆ دەکرێ. ئەم شوناسە دیجیتاڵی و پیزیشکییە بەردەوام لە قەیراندایە نە تەنیا بە ھۆی ھێرشی سایبێری و ڤایرووسی بەڵکوو بەھۆی ئەوەی کە پێگە و بنەمای شوناسیان لە دۆخێکی دژواز و نادیاردا لەنگەری گرتووە. لەم دۆخە سەیروسەمەرەدا چیدی جەستە تووش‌بووەکان بەشێوی کلاسیک نامرن و لە فەزای ھێمایینی شینگێڕیی کۆمەڵگادا شوناسی مردنیان بۆ دابین ناکرێ بەڵکوو لە پرۆسەیەکدا لە مەرگی ھێمایینەوە تا نووقمەساربوونی جەستە بزر دەبن و پێناسەی سەرەکییان واتە شوناسی دیجیتاڵ و پیزیشکییان دەکوژێتەوە.

 

 

ئەمجەد غوڵامی:  پرسی سەرەکی کارەسات لە گۆشەنیگای گێڕانەوە، نەک ڕیوایەت کردنی ڕەنج، بەڵکوو شێوەکانی فامستی ڕەنجە. ئەمە لە کاتێکدایە کە وەک بلانشۆ دەڵێ خود کارەسات ئاستەنگ و نامومکینییەکە لە بەردەم فامستی ڕەنج. ئایا گێڕانەوەی ڕەنج لە دۆخێکی ئاودا مومکینە؟

مه‌سعود بیننه‌ده‌: کارەسات فاکتێک نییە کە بیناسین و ئەزموونی بکەین بەڵکوو واقیع‌مەندی(facticity)یەکە کە تێپەڕی دەکەین. کارەسات دۆخێکی ئێجگار ئاوارتە بۆ بەرکەوتوانی کارەسات بەدی دێنێ واتە دەیانباتەوە بۆ سنووری سیفری ئینسان‌بوون(the human in the neighborhood of zero)، هەربۆیە زۆربەی ئەوانەی لەسەر کارەسات توێژینەوەیان کردووە پێیان وایە ناسینی کارەسات بە واتایەکی باوی زانستی نامومکینە و تەنیا ئەگەری جۆرێ فامکردن و فامستی کارەسات لە دۆخێکی تایبەتدا لە ئارادایە. پریمیۆ لێوی سەبارەت بە هۆلۆکاست دەڵێ ئێمە ناتوانین بیناسین بەڵام دەتوانین و دەبێ فامستی کەین کە هۆلۆکاست لەکوێڕا سەری هەڵدا، بۆ ئەوەی ئەو شتەی ڕووی داوە جارێکی تر دووپات نەبێتەوە. هابێرماس لە شرۆڤەی کارەساتەکانی سەردەمی نازییەکاندا پێی وایە بەهۆییکردن(causing) و خوێندنەوەی داشکێنەرانە بۆ کارەسات دەبێتە هۆی ئاساییه‌کردنەوە و لە ئەنجامدا پاساوهێنانەوە بۆ کارەسات و هیچکات بێوێنەیی و تاقانەبوون(singularity)ی کارەساتی بۆ دەرناکەوێ. کەوایە پێشنیار دەکات هەرچەشنە خوێندنەوەیەک سەبارەت بە کارەسات دەبێ هوشیاری و شوناسێکی تایبەت لە ئاستی کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو تایبەت بە کارەسات بەدی بێنێ کە لەوێڕا هەمووان لە تێگەیشتنی ڕووکەشییەوە بەرەو فامکردنی بنەمایی هەموو ڕەهەندەکانی کارەسات هەنگاو هەڵێنن و بەرپرسایەتیی سەرەکیی خۆیان بۆ ئەو دۆخە بەدی بێنن.

 

ئاگامبێن لە کتێبی “پاشماوەکانی ئاوسشڤیتز”دا دەڵێت؛ پرسیاری سەرەکی ئەمەیە کە کێ دەبێ سەبارەت بە کارەسات شایەتی بدات و شایەتحاڵی ڕاستەقینە کێیە؟ ئاگامبێن پێی وایە ئەوکەسانەی ئەزموونی ڕاستەقینەیان لە کارەسات هەیە تا ڕادەی سیفری ئینسانی ڕۆچوون  و زاریان بەند هاتووە؛ واتە پێگەی سووژەبوون و هوشیاریی خۆیان دۆڕاندووە و لە شێواز و فیگۆری نا-مرۆڤدا دەرکەوتوون؛ ئەو کەسانەش سووکە زانیارییەکیان سەبارەت بە کارەسات هەیە ناتوانن قووڵایی کارەسات و ڕادەی هەژێنەریی و دڵکوتبوونەکەی بگێڕنەوە. خودی ئەم دۆخە ئاپۆریکە مەودایەک دەکاتەوە بۆ پاشماوەیەک کە لە ناهاوگونجانی مرۆڤ و نا-مرۆڤدا سەرهەڵدێنێ و بەڵێن لەسەر مانەوە و خۆڕاگریی مرۆڤ ئەدات؛ بە وتەی ئاگامبێن ئەم پاشماوەیە هەمان شایەتحاڵە. ئاگامبێن ئەخلاق گرێ دەداتەوە بە دوو بواری شایەتی‌دان و بەسووژەبوون؛ واتە شایەتحاڵ شایەتی لەسەر نامومکین‌بوونی شایەتی‌دان ئەدات؛ باری گران و تاقەتپڕووکێنی شایەتی‌دان لە زماندا هەڵدەگرێ و شایەتی لەسەر لەگۆچوون و دەمبەسبوونی زمان ئەدات. هەربۆیە پێی وایە ئەخلاق زۆرتر لەوەی لە پێوەندی لەگەڵ قانوون و بەرپرسایەتیدا پێناسە بکرێت لە بەستێنی زماندا سەقام دەگرێت. واتە نامومکین‌بوونی شایەتی‌دان و لەگۆچوونی زمان، هەموو ناوەرۆک و واتا پۆزەتیڤەکانی زمان تووشی هەڵپەساردن دەکات و کرۆکی زمان لە شێوازی قوتاری میدیۆم‌بوونیدا دەردەخات. هەربۆیە پێی وایە ئەخلاق بریتییە لە شایەتی‌دانێک کە سووژە تووشی شەرم دەکات، سووژە لە شەرمی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگ و کارەساتدا، تووشی سووژە‌سڕینەوە و فەرامۆشیی خۆ دەبێت. لەم دۆخەدا و بەخۆبەستنەوە بە تاکە شایەتییەک کە زمان بتوانێ دەری ببڕێ؛ واتە نامومکین‌بوونی شایەتی، سووژەی ئەخلاق سەرهەڵدەدات.

 

 

سووژەی شایەتی ئەو کەسەیە کە شایەتی لەسەر سووژە‌سڕینەوە ئەدات، بۆیە هیچ سووژەی شایەتییەک لەئارادا نییە.  شایەتی‌دان لە ناشوێنی جومگەبەندی و ناهاوسەنگی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا دێتە کایەوە. ناشوێنی جومگەبەندیی واتە ئەو شوێنەی کە جیاوازیی و ناهاوسەنگیی بێسنووری نێوان ژینەوەر و زمان، فۆنە ولۆگۆس، واتا و حوزوور و مرۆڤ و نامرۆڤ دێتە ئاراوە. ئاگامبێن پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە ئەخلاق پرسێکی فەلسەفی و زمانییە و بەدەر لە سیاسەت و مێژوو پێناسەی بۆ ناکرێت. هەروەها پێی وایە هەر هەوڵێک بۆ نووسینەوەی کارەسات هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی زمانێکی نوێ بۆ ئەخلاق، زمانێک بەدوور لە زمانی هەراوهوریا و پڕووپاگاندا کە لە‌ڕاستیدا هەمان زمانی بێدەنگی و دەمبەسبوونە.

 

کاری کاتێلان – دادایزم

بلانشۆ لە چەمکێکی لویناسی بە نێوی ئیلیا کەڵک دەگرێ و سەبارەت بە کارەسات و مەرگ و دەرکەوتەکانی لە ئەدبیات دەدوێت. ئیلیا واتە “هەر شتێک ئەو شتە نییە کە هەیە و سەرووتر لەو شتەش هیچ شتێکی تر لە ئارادا نییە”. ئەم دۆخە پارادۆکسیکاڵە لە ئەدەبدا بەشێوەیەکی ئاپۆریک دەردەکەوێ و دەبێتە کەلێن و شکستێک لە دەربڕیندا؛ واتە ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانە کە داڵدەی مرۆڤ دەدەن لە فۆرمی ئەدەبی و بەگشتی هونەردا بەشێوەیەکی شکست‌خواردوو و لە هیچ‌وتنێکی نامۆ و نەناسدا دەردەکەون. بلانشۆ لە وەڵامی پرسیاری بۆچی جیهان بۆ ئێمە تەماوییە؟ دەڵێ بوولێڵی و تەماویبوون وەڵامی خۆیەتی و ئەدەبیات هەروەها پێوەندییەکی سەرەکیی لەگەڵ تەماوی‌بووندا هەیە؛ واتە ناڕوونی و بوولێڵی مافی سەرەکیی ئەدەبیاتە. لە ڕاستیدا کەشی تەماوی هەروەها خاڵێکی هاوبەشی تیۆرییەکانی مارکس و نیچە و فرۆیدە، لەو بابەتەوە کە جیهان چیدی ڕاستەوخۆ ڕوون و دیار نییە و هەرچەشنە دەرکەوتنێکی ڕوونی جیهان فریودەرانەیە. ئەندامانی بزاڤی هونەریی دادا(Dada) بەرەوڕووی هەرچەشنە دەربڕینێکی جوانناسانە دەبوونەوە و دەیانگوت چۆن دەتوانین ئەو کۆگایە لە تەرمی کوژراوانی شەڕ لەسەنگەرەکاندا ببینین و شیعر و وێنە و پەیکەری جوان بخولقێنین؟ بۆیە دروشمی مەرگ بۆ هونەر یان art is shit یان هەڵدەدا. هەروەها پێیان وابوو واقیعی سەردەم ئەوەندە وێران و کاولکەرە کە هیچ فورمێکی هونەری و جوانناسانە ناتوانێ لە دەربڕینیدا سەرکەوتوو بێت مەگەر ئەو نافۆرمەی کە لە هاوتەنیشتیی شتە جیاوازەکان(Collage) بەشێوەیەکی دژەجوانناسانە و ڕێکەوتگەرانە بەرهەم دێت.

بەپێی ڕوانگەی بلانشۆ ئێمە ناتوانین بە مەبەستێکی دیاردەناسانە بەرەوڕووی کارەسات ببینەوە و بیناسین، واتە کارەسات ڕووی خۆی لە مەیلی نواندنکارانەی ئێمە دادەپۆشێ و هەرچەشنە بڕیار و پلاندانانێک بۆ وەدەسخستنی ئەم دیاردەیە پووچەڵ دەکاتەوە. هەروەها ئاگاداری سەبارەت بەکارەسات یان دیاردەی مەرگ بە هاوچەشنی کردەوەی نووسین دادەنێ و پێی وایە هەرچەشنە هەستکردن بە ئاگاداری لەسەر کارەسات یان نووسین، خودی ئەو بابەتانە نامومکین دەکات. کەوایە ئەدەبیات لە کەلێنێکی دژواز کەوتووە کە لەلایەکەوە پێویستە نواندن و دەربڕینی هەبێ و لەلایەکی دیکەوە هیچ کەرەستەیەکی بۆ ئەم دەربڕینە بە دەستەوە نییە. سەرەڕای هەموو ئەم ئاستەنگ و بەربەستانە ئەدەبیات لە دوو بڕگەدا و بەسەر دوو هەورازدا هەڵدەبەزێ و لە ئەزموونی نێوان ئەم دوو هەڵبەزینەدا ڕازی ئەدەبیات و مافی مەرگ دێنە کایەوە. لە شیوی یەکەمدا زمان لە نەلێکردنێکی سادیستی-دیالێکتیکیدا بە شتەکان واتا دەبەخشێ و سووژەی دەربڕین دەڕسکێنێ. لە شیوی دووهەمدا لەدووی دۆخێکی پێش-زمانی دەگەڕێ و هەوڵ ئەدات شوناسی شتەکان پێش دەستێوەردان و تێکدانیان لە لایەن تەجاوزی توندئاژۆی زمانەوە ببینێتەوە.

ئۆژێن یۆنسکۆ لە شانۆنامەکانیدا بەتایبەت لە سترانبێژی تاسدا تراژیدیای زمان واتە فەشەل‌بوونی پێوەندی‌گرتن و شکستی دەربڕینی هاوگرانە نومایش دەکات. پێرسۆناژەکان لە زیندانی زمانی خۆیاندا بەند دەکرێن و دیالۆگێ بۆ پێوەندی لەگەڵ ئەویدی نادۆزنەوە. دژە-دیالۆگەکانی ئەم درامایە بە شێوەیەکی دژواز قسە دەکەن و لە ڕاستیدا هیچ شتێ ناڵێن، واتە بۆشایی و نەبوونی ژیانی دەروونی کەسایەتییەکان لە لاڵبێژیی و دەمبەسبوونێکی تراژی-کۆمیکدا خۆ دەنوێنێت. یۆنسکۆ لۆژیکی دیالۆگی شانۆیی و هەروەها بنەمای کلاسیکی شانۆ بەرەوڕووی کێشە دەکاتەوە و لێرەوە دژە-زمانێکی نوێ بۆ دەربڕینی شانۆیی بەرهەم دێنێت.  ئەبزۆردیستەکان لەدووی دژە‌زمانێک دەگەڕان کە دۆخی ئیزۆلە و تەریک‌کەوتەی مرۆڤی سەردەمی پێ نومایش بکەن، دۆخێک کە تێیدا تەواوی مەبەستە واتاخواز و ئامانجە گەشبینانەکان تووشی نسکۆ هاتوون و هەرچەشنە پەنابردنێک بۆ واتادارکردنەوەی ئەو دۆخە تێکەڵ بە دەبەنگیی و بەڕبەڕییەتی خودی ئەو ڕەوتە دەبێت.

ئەمجەد غوڵامی: هونەر و ئەدەبیات دەتوانن چ ڕۆڵێکیان هەبێ لە نواندنی ڕەنج و تێپەڕین لە دۆخی ڕەنجاوی؟ ئایا ئەو دووە توانیویانە ببنە مایەی تاقەت‌هێنانی کارەسات یان هێشتاش ڕیکۆر وتەنی هەڵگری ڕۆڵێکی ئەخلاقین بۆ لە بیر نەکرانی یادی قوربانیانی؟

   مه‌سعود بیننه‌ده‌: بە هێنانەوەی وتەیەکی جەنجاڵی لە ئادۆرنۆ لەم بوارەوە پەیجۆری وەڵامی پرسیارەکە دەبین. ئادۆرنۆ دەڵی پاش کارەساتی ئاشۆویتس شیعر وتن دڕندەگەرییە(barbaric)؛ وتەیەک کە راڤەی ئێجگار جیاوازی بۆ کرا و لێکدانەوەکانی خودی ئادۆرنۆش نەیتوانی ئاڵۆزکاوی و تەمی سەر ئەم بانگەشەیە بسڕێتەوە. ئەگەر لەدووی بنەمای ئەم ڕستەیە لە کرۆکی فەلسەفەی پاش-جوانناسیی ئادۆرنۆدا بگەڕێین بەوه دەگەین کە ئادۆرنۆ سێ تایبەتمەندی سەرەکی سەربەخۆبوون و کۆمەڵایەتی‌بوون و نەرێنی‌بوون بۆ زمانی هونەر ڕەچاو دەکات. ئۆتۆنۆمیی کانتی وەکوو پرەنسیپێک بۆ زمانی هونەر پێویستە تاکوو تێکەڵ بە لۆژیکی بوارەکانی سیاسەت و ئابووری و پڕۆپاگاندا نەبێت. پێناسەی مۆنادۆلۆژیکی ئادۆرنۆ بۆ هونەر و هاوکات دیالێکتیکی نەرێنی، ئەم سیکلە تەواو دەکات و لە کۆتاییدا بە ناوەرۆکی حەقیقەت(truth content)ەوە گرێی دەدات. هونەر هەرچی لە دینامیزمەکانی زاڵی سەردەم سەربەخۆتر بێت، زۆرتر دەتوانی ناسینێک لە ئاست حەقیقەت واتە ئاسۆیەک لە کۆمەڵگایەکی باشتر بەدەستەوە بدات. هونەری خودئایین ئەگەرچی دێتە ڕیزی گەڕیانی کاڵا و بازنەی بازاڕەوە بەڵام بە پێداگریی لەسەر بێ‌کارکردیی کۆمەڵایەتی و نەلێکردنی بایەخی ئاڵووێرانە، مەنتقی بەشتکراوی ئەو سیستەمە بەرەوڕووی تەنگژە دەکاتەوە. ئادۆرنۆ لە ڕاهێنانی پاش ئاشۆویتسدا دەلێت تەنیا هێزێکی تاقانەی ڕەسەن کە دژ بە بنەچەی ئاشۆویتس دەوەستێتەوە خودئایینی(autonomy)یە و ئەگەر بمانهەوێ لە دەربڕینێکی کانتی کەڵک وەرگرین واتە: توانستی تێڕامان، بەڵێندان بەپێی بڕیاری خۆ، و بەشداری‌نەکردن. بەم پێیە بانگەشەی “نامومکینیی شیعربێژیی پاش کارەسات” بە واتایەک پێمان دەڵێ هەرچەشنە دەربڕینێکی هونەری بە‌پێی مەنتق و جوانناسی زاڵ، هاودەست و لاتەنیشت لەگەڵ ئەو گوتارەدا دەوەستێ و نەتەنیا دەنگی کارەسات و بەرکەوتووان بەرز ناکاتەوە بەڵکوو کپ و بێ‌دەنگیشیان دەکات. کەوایە داهێنان لە چوارچێوەی فەرهەنگی زاڵدا، یادی قوربانیان و ڕەنجی پاشماوەکان نانوێنێتەوە بەڵکوو لە هێڵی پەرەپێدان بە فەرامۆشی و بێ‌دەروەستی لە ئاست کارەسات هەنگاو دەنێت.

 

لێرەدا ڕەگێکی هاوبەش لە بۆچوونەکانی ئادۆرنۆ و بلانشۆ و ئاگامبێندا دەبینینەوە کە بە چەشنێک لە نامومکین‌بوونی بنەڕەتیی ڕەوایەتی کارەسات دەدوێن؛ واتە هەژێن و دڵکوتی کاتاسترۆفی وەکوو “بابەتی واقیعی(the real) لاکانی”یە کە سیستەمی هێمایینی زمان لە سیمبولایزکردن و وەچنگخستنی‌دا کڵۆڵ و لاواز کەوتووە. بەڵام خودی ئەم پێگە خۆڵەمێشی و مەرگئاسایەی کارەسات هەمان ناشوێنی ڕاستەقینەی مرۆڤە، واتە ئەوە هەرێمی “نا-مرۆڤ، نا-مومکین و نا-زمان”ە کە ئەگەری “مرۆڤ، مومکین و زمان” دەڕەخسێنێ. خۆبواردن لە جوانناسانەکردنی کارەسات و دەربڕینی ڕەنج و ئازاری قوربانیان بە زمانی کارەسات؛ نەوەک زمانی لیریکایی و سانتیمێنتاڵ، ئەو ئەرکەیە کە ڕەوایەتی شایەتحاڵ بەرەوپێش دەبات و باهۆزی کاتاسترۆفی لە لابیرێنتەکانی ڕۆح و کڕاکەی زماندا هەڵدەسووڕێنێ؛ هەروەها مەودایەک دەبەخشێ کە زەربەتی کوشندە و تاقەتپڕووکێنی ئەو باهۆزە لە زمانی داهێناندا تاقەت بگرین.

 

ئادۆرنۆ پێی وایە نومایشنامەی “کۆتایی گەمە”ی بێکێت تەنیا دەربڕینێکی شیاو بۆ ئۆردووگاکانی مەرگی نازییەکانە، بەو بۆنەوە کە بێکێت هەوڵی ناودێرکردن و واتامەندکردنی هۆلۆکاست نادات بەڵکوو هێمای نائینسانی و بێ‌واتایی شاڵاوەکانی کۆمەڵکووژیی دەنوێنێتەوە. دۆخی نیهیلیستیی جیهانی مودێڕن کە لەژێر کاریگەریی عەقڵی کەرەسەمەندی ڕۆشنگەری و پیشەسازیی فەرهەنگی سەرمایەداریدا بەدی هاتووە، دەبێ بەشێوەیەکی تایبەت لە فۆرمی هونەریدا بنوێنرێتەوە؛ واتە نەوەک واتابەخشی و جوانکردنی ڕووخساری دزێو و

پڕۆتێست لەدژی ئادۆڕنۆ: ئادۆرنۆ وەک دەزگایەک مردووە!

دڕندانەی ئەم دۆخە و نەش خۆبەدەستەوەدان و گیرۆدەبوونی پووچی و بێ‌واتایی؛ بەڵکوو نواندنەوەی واتا لە کاتی لەکیس‌چوون و بزربوونیدا، سنووربەندی و نەخشاندنی ئاقاری نیهیلیسم کە نە تێکەڵی ببێت و نە بانگەشەی تێپەڕاندنی بدات. کەوایە واتای بێ‌واتایی و ڕێزمانی لاڵبێژیی چەشنێک ڕزگاربوون لە ڕزگاری و تێکشکاندنی جەغزی داخراوی دیالێکتیکی ڕۆشنگەری و ئوستوورە بەدی دێنێت. بوولێڵی بلانشۆیی لای ئادۆرنۆ هەروەها کەسنەزان و دیلیمایەکی بنەڕەتییە کە بەپێی دیالێکتیکی دەروونیی بەرهەمی هونەری، هاوکات کە چەرخی ڕاڤە و شرۆڤە هەڵدەسووڕێنێ، چییەتی و چمانی واتای بەرهەم بەردەوام دەکات و شکان و تێکچڕژانی جیهان لە فۆرمێکی فراگمێنت و تێکشکاودا دەنوێنێتەوە. ئادۆرنۆ پێی وایە جیاوازیی فۆرم و ناوەرۆک بانگەشەیەکی نابەجێیە بەو بۆنەوە کە فۆرم هەمیشە و لە هەموو شوێنێک خۆی ناوەرۆکە. پێشتر ئەرکی فۆرم ئەوە بوو ڕوخسارێکی دڵڕفێن بە دزێوترین دیاردەکانی جیهان ببەخشێ و بەردەنگ و جیهان لە یەکگرتنەوەدا ئاشتی بداتەوە، بەڵام لە جیهانی تێکشکاودا ئەرکی فۆرمی تێکچڕژاو(mutilee) ئەوەیە ڕووی درۆزن و فەشەلی ئەم جیهانە لەقاو بدات.

 

 

جوانناسیی مەنفی یان دژە‌جوانناسیی ئادۆرنۆ بەڵێنی بەختەوەری لە هونەردا دەبینێتەوە و پێی وایە فۆرمە تێکشکاوەکان کە هەڵگریی حەقیقەتی مێژوویین بەشێوەیەکی سەلبی و نەرێنی بانگی ئەم حەقیقەتە دەردەبڕن. کەوایە تیۆریی ڕەخنەگرانەی ئادۆرنۆ بەشێویەکی بەرپرسیارانە هەوڵ ئەدات هەستیاربوونی سووژە لە ئاست ڕەنج و تێگەیشتن لە دۆخ و بەستێنێک کە ئەو ڕەنج و ئازارە بەرهەم دێنێت زیندوو ڕابگرێت. ڤالته‌ر بێنیامین لە چەمکی داڕووخانی ئەزموون(destruction of experience) بۆ پێناسەکردنی دۆخی داهێنان و دەربڕین لە سەردەمی مۆدێرن کەڵک دەگرێت و پێی وایە لەم سەردەمەدا ئەزموونە ڕاگوێستنییەکان‌ تووشی قەیرانی ڕاگواستن هاتوون و چیدی ناکرێ ئەزموونی چرکەسات‌ئاسا و ناکاوهات، لە شێوازی ئەزموونی ڕاگوێستن‌گەرانە و کەڵەکەکراودا بخەینە ڕۆژەڤەوە. شۆک و شەکانی دۆخی بزۆز و لخێزی سەردەم کە لە جەماوەری شاری مودێڕن و جمووجووڵی قەرەباڵغی خیابان و پاساژەکان(arcades)دا دەردەکەوێ بەشێوەیەکی هوشیارانە و ویستەنی ئەزموون ناکرێ. بێنیامین دژەقارەمانی ئەم دۆخە لە فیگۆری فلانۆردا دەبینێتەوە؛ پێرسۆنایەکی تەماوی کە ڕووخسار و پێگەیەکی دیاریکراوی نییە بەڵام دەبێتە فۆرم و گوتارێک بۆ دەنگدارکردن و خوێندنەوەی شێوازی نەوەستاوەی ژیانی مودێڕن و وەچنگ‌خستنی لایەنە نادیار و ناسەقامگرتووەکانی لابیرێنتی پێچاوپێچی شار.

 

 

 

“فلانۆر ناوەندی بوومەلەرزەی مۆدێڕنیتەیە”، ئەگەرچی لە نێو ئاپۆڕەی جەماوەردا دەژی بەڵام تەریککەوتە و پەراوێزی کۆمەڵگەیە، ئاڕاستەی ڕوانینی فلانۆر سووچی نیگای گشتی تێکدەشێوێنێ و واتای دیتن و دیدەوەریی دەگۆڕێت. فلانۆر بۆ خوێندنەوەی شار ئاقارەکانی خوێندنەوە و شرۆڤەکردن تێدەپەڕێنێ و لە پێگەیەکی ناشوێنەوە، دەقی ئاڵۆزی شار ڕاڤە و کۆدشکێنی دەکات. فلانۆر کە بە وتەی بوودلێر نیگارکێشی جیهانی مودێڕنە لە خوێندنەوەی پیاسەگەرانەی خۆیدا زەربەتی ناکاوهاتە و بیرەوەریی ناویستەنیی دۆخی دژوازی مودێڕن وەچنگ دەخات. کەوایە ئەدەبی پاش‌داڕووخانی ئەزموون ئەدەبێکە لە ڕێگای پیاسەگەریی بێ‌مەبەست و سەرگەردانیی بیرەوەرییەکاندا، بیرمان و یادەوەرییەکی جیاواز بەرهەم دێنێت.

ئاگامبێن لە دوانەبینیی هونەری سەربەخۆ/سیاسی تێدەپەڕێ و پێی وایە هونەر چەشنێ جوانناسی نییە کە دەلالەتی سیاسی بەخۆوە بگرێ بەڵکوو خۆی‌لەخۆیدا سیاسییە، واتە وەکوو سیاسەت لە پانتایی کەرەسەی پاک و پیووردا هەڵدەسووڕێ. ئاگامبێن چەمکی ژێست(gesture) بۆ ئاماژە بە زمانی هونەر و تەنانەت سیاسەت بەکار دێنێ کە نە بە واتای پۆئێسیس(ئەفراندن)ە؛ واتە ئامێرێ لە خزمەت ئامانجێکدا، و نە پراکسیس(کردەوە)ە؛ واتە ئامانجێکی بێ ئامێر و کەرەسە، بەڵکوو نواندنی نێوەنجی و ئاشکراکردنی ئامێره لە کرۆک و زاتی خۆیدا. بۆ نموونە ئێمە لە زمان وەکوو ئامێرێک کەڵک دەگرین تاکوو مەبەستێ ڕابگەیەنێن یان واتایەک ڕاگوێزین، لە ژێستی هونەریدا ئەم چەشنە پێوەندییە لە نێوان ئامێر(زمان) و ئامانج(گەیاندنی پەیام)دا تێکدەچێت و خودی ئامێری زمان وەکوو نێوەنجی و کەرەسەیەک نومایش دەکرێت(بێ هیچ مەبەستێک). ئەگەرچی ئاگامبێن زۆرتر ئەم چەمکە لە پێوەندی لەگەڵ سینەما و وێنەی فیلمدا دەخوێنێتەوە بەڵام هاوکات پێگەی ژێست لە زمانیشدا دەبینێتەوە و تەنانەت سەرووتر لە جوانناسی و زمان، بەرەو بوارەکانی سیاسەت و ئەخلاق ڕایدەنێ. نیهیلیزمی چالاکی ژێست(هیچ نەوتن) بەرانبەر بە نیهیلیزمی پەسیڤی فۆرماڵیزمی ئەدەبی و هونەری دەوەستێتەوە بەڵام نە لە ڕێگای تێکەڵکردنەوەی پانتایی هونەر و ژیان(ئاوانگاردیزم)، بەڵکوو لە سەرووی ئەرکی ڕاگوێزکردنی فەرهەنگی، کەلێنی نێوان فۆرم و ناوەرۆک ڕەش دەکاتەوە و پێش بە کاولبوون و داڕووخانی سووژە دەگرێت. ئاگامبێن بەدواداچوون بۆ سەرهەڵدانی مێدیۆم لە چوارچێوی ژێستدا دەکات لە بەستێنەکانی ئەدەب(زمان)، سینەما(وێنە) و سیاسەت(پراکسیس) و بەتایبەت جەخت لەسەر ژانری شیعر دەکات وەکوو مەکۆی دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە. لە هەڵسەنگاندنی شیعر و پەخشاندا دەڵێت لە پەخشاندا هاوئاهەنگی لە نێوان ڕێزمان و وشەدا لە ئارادایە بەڵام لە شیعردا ململانێ و ناکۆکییەکی بنەڕەتی لە نێوان ڕێزمان و وشە و هەروەها لە نێوان واتای ڕستە و ئاهەنگدا بوونی هەیە. کەوایە شیعر لە توانایدایە کە ڕیتم و ناوەرۆکی دەق تووشی ئاژاوە بکات و هەڵپەساردن و ڕاگرتنی واتا بە ئەنجام بگەیەنێت.

 

 

نائیلاهیاتی شاعیرانە(poetic atheology) بە گەمەکردن و پیرۆزی‌داماڵین لە زمان، خودی زمان دەکا بە ئۆبژەی خۆی و دەمبەسبوون و هیچ‌نەوتن لە ژێستدا دێنێتە ئاراوە. ژێستی شیعری بە پێچەوانەی پۆرنۆگرافی و پڕووپاگاندا کە توانست و پوتانسیەلی پیرۆزی‌‌سڕێنەرەوەی کردارەکانی مرۆڤ پووچەڵ دەکەنەوە، هەوڵ ئەدات پیرۆزی لە بابەتی‌ بەپیرۆزچێنراو دابماڵێ و توانستی سەرەکیی زمان بەرهەم بهێنێتەوە. هونەر و ئەدەب بەگشتی و شیعر و سینەما بە تایبەتی، دەتوانن بە نەلێکردنی زمان و وێنەی بەکاڵاکراو، و هەروەها بە تێکشکانی فۆرمی سازشکار و پەسیڤ، وزە و توانستی بنەمایییان رزگار بکەن و پرسی هونەر و ئەدەب لە پرسێکی ئەستەتیکییەوە بکەن بە پرسێکی ئەخلاقی و سیاسی. کەوایە تەنیا وەگەڕخستنەوەی گەمەی ژێستەکانە کە دەتوانێ پێگەیەک بۆ شایەتی‌دان و پراکسیسی ئەخلاقی بکاتەوە و بەرگەی بارستایی کارەسات بگرێت بە‌بێ ئەوەی لە هاودەنگی و هاودەستیی جەلادا ڕۆ بچێت.

 

ماویه‌تی… بۆ به‌شی سێهه‌م 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌