عوسمان ئه‌حمه‌د؛ ئه‌نفال

هێشتا هه‌واڵی کاره‌ساتمان پێ نه‌گه‌یشتووه


Loading

دكتۆر مه‌سعود بینه‌نده‌ – مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ له‌ بواری فه‌لسه‌فه‌ و زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.

هێشتا هه‌واڵی کاره‌ساتمان پێ نه‌گه‌یشتووه!

(وتوێژ لەگەڵ د.مەسعود بینەندە سەبارەت بە پرسی کارەسات – به‌شی یه‌كه‌م 

وتووێژکار: ئەمجەد غوڵامی

 

پ) کارەسات وەک چەمکێکی مرۆیی هەڵگری چ ماناگەلێکی فەلسەفییە و پەیوەندییەکانی ئەم چەمکە لە گەڵ مۆدێرنیتە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

 

 

 مەسعود بینەندە:  شرۆڤەی فەلسەفی کارەسات لە شێوازی جیاوازدا(چ کارەساتی سروشتی و چ کارەساتە مرۆییەکان وەکوو کۆمەڵکوژی، فاشیزم، دیکتاتۆری و ھتد) بەبێ خوێندنەوەی چەمکی شەڕ (evil) و پێوەندی نێوانیان بەجۆرێک ناتەواو دەمێنێتەوە. تیۆدیسە(theodicy) یان عەداڵەتی خودایی واتە پاساوھێنانەوە بۆ ھەبوونی شەڕ لە جیھانی ژێر دەسەڵاتی خودایه‌؛ ئەم پاساودەرانەی شەڕ لە گۆشەنیگایەکی تیۆلۆژیکەوە(ئیلاھیاتی) کارەسات دەخوێنێتەوە و بەشێوەیەکی میتافیزیکی و ژەڤەرمێژوویی وەڵامی بۆ دەھێنێتەوە. گەلێک ئارگیۆمێنتی دژبەری تیۆدیسە ھاتوونەتە ئاراوە، بۆ نموونە ئارگیۆمێنتی لۆژیکی و ئارگیۆمێنتی ئێستێقرایی کە پێیان وایە؛ بە ھۆی ھەبوونی شەڕی سروشتی و شەڕی ئەخلاقی لە جیھاندا ناتوانین بە ھەبوونی عەدالەتێکی تیۆلۆژیکی قایل بین. بەگشتی زۆربەی تیۆدیسەکان بەتایبەت لە ئیلاھیاتی نەریتیدا ھەبوونایەتی شەڕ بەھەند وەرناگرن و بارستایی و بەربڵاوییەکەی لە مێژووی مرڤایەتیدا لە بن ھەنگڵ دەنێن.

 

ئیلاھیاتی کارەسات بە ھێنانەوەی پاساوگەلێک وەکو ئەوەی کە “شەڕ خێرێ مەزنتری بەدواوەیە“، “بەرەوڕووبوونەوەی شەڕ کار لەسەر گەشانەوەی ڕۆح (soul making)ی مرۆڤ دەکات (جان ھیک)”.  “ھەبوونی شەڕ بۆ بەئەنجام‌گەیشتنی خێر پێویستە“، “شەڕ پێوەندی بە هه‌ڵبژاردنی مرۆڤەوە ھەیە” و “شەڕ لە جیھانی نه‌هامه‌تی ماددییەوە سەرچاوە دەگرێ“، خۆی لە تێڕامان و تێگەیشتنی قووڵی کارەسات نەبان دەکات و دژوازی و ناتەباییەکانی پەردەپۆش دەکات. بەگشتی ئەم جۆرە بۆچوونانە بەو بۆنەوە خۆ لە دانپێدانان بە ھەبوونایەتییەکی سەربەخۆ و ئەرێنی (positive)  بۆ شەڕ دەبوێرن بەردەوام بە شێوەیەکی داشکێنەرانە (reductionism) و نەرێنی (negative) پێناسەی بۆ دەهێننەوە و تا ئاستێک ڕێگه‌ بە ھەبوونی دەدەن کە ڕیزبەندی و ھاوئاھەنگییەکانی پلانی مەزنی جیھانی دادوەرانە تێک‌نەشێوێنێت.

 

لە ئیلاھیاتی مودێرندا ئەو خۆنەبانکردن و داشکێنەربینییە تا ڕادەیەک وەلا دەنرێت و تێڕوانینی نوێ بۆ خوێندنەوەی جێگە و پێگەی شەڕ لە جیھاندا دێتە کایەوە. ئیلاھیاتی دینامیک، ئیلاھیاتی خودای کراوە، پرۆتێستۆ ئیلاھیات، ئیلاھیاتی فێمێنیستی و ئیکۆلۆژیستی و…. ھتد. لەو ڕەوتە نوێباوانەن کە بە گومانەوە لە وەڵامە پارادۆکسیکاڵ و گشتییەکانی پێشوو دەڕوانن و ھەوڵدەدەن تاڕادەیەک لەگەڵ ھەبوونی دیاردەی شەڕدا ڕابێن و بە ئینکاری تەواو چاوی لێنەکەن.

بە گشتی ڕەوایەتی تیۆدیسەکان جۆرێک میکانیزمی بەرگریین کە شۆکی کارەسات و ھەڕەشەی شەڕ بۆ بەرکەوتووان و پاشماوەکان نەرمونیان‌تر دەکەنەوە. زۆرجار ئەم چەشنە گێڕانەوانە دەبنە فانتازیایەک تاوه‌کو ڕووخساری دزێو و ترسێنەری واقیع جوان بنوێنن و قوربانیان بە وەرگرتن و ڕاھاتن لەگەڵ دۆخی سەپاو پێمل بکەن. ئەوەیە کە زۆرجار تیۆدیسە نە لە چاوی قوربانییەوە بەڵکو لە چاوی خوداکانەوە بۆ کارەسات دەڕوانن. کۆنراد گووتەنی؛ تەنیا قوربانیان دەتوانن بەدروستی لە واتای ڕەنج و خۆبەختکردن تێبگەن…. کەوایە دەبێ تیۆدیسە لە گۆشەنیگای قوربانییەوە بگێڕدرێتەوە. ڕیکۆر مەترسیی داپۆشکردنی واقیعی کۆمەڵگه‌ لە لایەن تیۆدیسەکانەوە بە دەستەواژەی “خراپە ‌باوەڕیی تیۆدیسە” نێودێر دەکات و پێیوایە: تیۆدیسە نە لەسەر شەڕی ڕاستەقینە، بەڵکو تەنێ بەسەر تارماییی ھونەریی شەڕدا زاڵ دەبێت، ئەگەر تیۆدیسەکان ڕێگر بن لەوەی کە ھاوارەکانی کۆمەڵگا بگاتە گوێ، ھیچ بایەخێکیان نامێنێ.

 

ئەڵبەتە ڕوانگەی ئیلاھیاتی و تیۆدیسە جۆربەجۆرەکانی تاقە ڕوانگە نەبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی شەڕدا؛ ڕوانگەی تراژیک ھەروەھا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی و کەونارایە کە ھەڵوێستی جیاوازی لە ئاست جێگە‌وپێگەی شەڕ لە جیھاندا نواندووە. بەکورتی(دوایی دێمەوە سەری) ڕوانگەی تراژیك پێی وایە چارەنوسی جیھان بە شەڕ و چارە ڕەشییەوە تێوەگلاوە، و ھیچ تیۆدیسەیەک ناتوانێ ئەو یاسا بنەڕەتییە بگۆڕێ؛ تەنیا دەکرێ لە بەرپەرچدانەوەی تراژێدیا و شەڕی ھەرەمەزنیدا ھەڵوێستی جیاواز بێتە ئاراوە؛ واتە ئەرێبێژانە یان نەرێبێژانە ڕووبەڕووی ژیانی تراژیک ببینەوە.

 

مودێڕنیتە بریتییە لە پێکھاتن و پەرەسەندنی سیستەمەکانی بەرھەمھێنانی سێ ئۆبژەی سەرەکیی؛  کاڵا، واتا  ، دەسەڵات؛ بۆ ئەم مەبەستە سیستەمەکان لە ڕێگای کارکردەکانی بەرھەمھێنان، نواندنەوە و کۆنتڕۆڵ لە ھەموو شتێ بنەماسڕینەوە دەکەن و فۆرمی گشتیی بایەخ و نیشانە و قانوون لە ھەموو ڕووبەرێکدا بڵاوە پێدەدەن. لە ڕەوتی پەرەسەندن و زاڵبوونی “فۆرمی بەرھەمھێنانی سەرمایەدارانە“، “فۆرمی پیشەسازیی فەرھەنگ” و “فۆرمی دەوڵەتی بۆرۆکراتیک”دا تەواوی ناوەرۆکە لەپێشدراو و ئامادەکان دەسڕدرێنەوە و فۆرمێکی بۆش بۆ وەرگرتنی ھەر ناوەرۆکێکی بگۆڕ دێتە ئاراوە.

پێکھاتنی ئەم دۆخە بێ‌بنەما و لخێزە، “دۆخی قەیران” بەشێوەیەکی بنەڕەتی جێگیر دەکات و ھاوکات لەگەڵ بەرھەمھێنان و نواندنەوە و کونتڕۆڵدا قەیرانی بەرھەمھێنان، قەیرانی نواندنەوە و قەیرانی کونتڕۆڵ دێنە کایەوە. ڕەوتی پێکھاتنی مۆدێڕنیتە و جێگیربوونی ستەیتەکان لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتووی دیاردەی کارەساتە؛ واتە ھەم لە پێکھاتنی فۆرمە بۆشەکاندا و ھەم لە سەرھەڵدانی قەیرانە بەردەوامەکاندا کارەسات ڕووی خۆی دەنوێنێ و شەڕی خۆی تووشی کۆمەڵگه‌ دەکات. حاکمییەتی کۆمپلێکسی ستەیتەکان لە کۆتاییدا “فەزا-سیاسەت“ێک بەدی دێنێت کە لە پارادایمی سنووردا خۆی دەنوێنێ؛ سنووربەندییەکی بەردەوام کە دۆخی ئاوارتە و توندووتیژیی یاسا بەسەر مرۆڤەکاندا دەسەپێنێ و ژیانیان لە “ژین- ئۆردوگا“کاندا ڕۆ دەبات.

لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا فیگورەکانی “ئەنفالکراو“، “پەنابەر” و “کۆڵبەر” بەرھەمی ژین-ئۆردووگای پارادایمی سنوور و فەزا-سیاسەتی سەردەمن. کەوایە پێوەندی مۆدێڕنیتە و کارەسات لەوەدایە کە کارەسات بە‌شێوەیەکی بنەمایی لە میکانیزمی سیستەمەکانی بەرھەمھێنانی کاڵا و واتا و دەسەڵاتدا چێنراوە و لە ھەر ساتەوەختێکدا ئەگەری سەرھەڵدانی ھەیە؛ بۆ نموونە کاتێک سیستەمی بەرھەمھێنان تووشی قەیران دەبێ ڕێگا بە فەزا-سیاسەتی سەرمایەداری دەدرێ تاوه‌کو بە  هه‌ژارخستنەوەی بەردەوام و چەقبەستووکردنەوەی سیستەمی کەڵەکەکردنی سەرمایە و پاوانکاریی بەرفراوان، تەمەنی ئەو کۆمەڵگا نابەرابەرە درێژتر بکاتەوە.

 

 

كۆڵبه‌ران

 

ھەروەھا کاتێ “سیستەمی نواندنەوەی واتا“  تووشی قەیران دەبێت، ڕێگه‌ بە فەزا سیاسەتی نواندنەوە دەدرێ لە ڕێگای بەرھەمھێنانی ئایدۆلۆژیای داخراو و دژەئەویدی، نەزمی ھێمایینی کۆمەڵگه‌ی نمایش و نواندنەوە بەرھەم بھێنێتەوە. بۆ ئێمەی کورد ئەم سیناریۆیە زۆر ئاشنایە کاتێک سیستەمی کۆنتڕۆڵ تووشی قەیران دەبێت، فەزاسیاسەتی کۆنتڕۆڵ لە توندئاژۆترین شێوازیدا دەردەکەوێ تاوه‌کو ئاسایش و نەزمی سیستەم مسۆگەر بکاتەوە.  کارەساتی ئەنفال لە ئاوەھا دۆخێکدا ڕوو دەدات کاتێ فەزاسیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە شێوازی (ترحیل و تعریب و تبعیث‌) دا دەیەوێ کۆمەڵگه‌یەکی پاقژکراو و مرۆڤێکی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ر  بەرھەمبێنێ و بۆ ئەم مەبەستەش لە تەکنیکی بەئۆردووگاکردنی تەواوی ڕەھەندەکانی ژیانی مرۆڤی کورد کەڵک وەردەگرێت. مۆدێڕنیتە بڕیار بوو مەترسیی مەرگ و نەزانین و ئاژاوە لە ڕووبەری کۆمەڵگه‌ی نوێ بسڕێتەوە بەڵام بەشێوەیەکی سڕینەوەی‌ تێکەڵکردنەوە (inclusive exclusion)، ئەم شەڕ و مەترسیانەوەی ھێشتەوە و لەکات ‌و ساتی تایبەتدا بەردەوام بەرەوڕووی ژیانی مرۆڤیان دەکاتەوە. ڕەوایەتی کارەساتباری مۆدێڕنیتە لە چیرۆکی فاۆستەکاندا دەبینین کە لە گێڕانەوەی تراژیکی گۆتەدا وەکوو فاوستی پێشکەوتن دەرکەوتوون. لێرەدا مۆدێڕنیتە بریتییە لە تێخزانی ڕۆحی مفیستۆیی لە پەیکەری زانستی و ئینسانی فاۆستدا.

 

 

فاوست – گره‌و له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا
شاكاری شاعیری ئه‌ڵمانی گۆته‌

فاۆست بە ئامانجی پێشکەوتن ڕۆحی خۆی بە مفیستۆ (شەیتان) دەفرۆشی و سەرەڕای ئەوەی کە دەستکەوتی مادیی بەرچاو بەرھەمدێنێ، ئازاری زۆر بە ڕۆح و گیانی مرۆڤەکان دەگەیەنێت. بەستەڵەکی مۆدێرنیزاسیۆن فەرھەنگی مرۆڤایەتی تووشی نامۆیی و بێ‌واتایی دەکات و ھاواری قوربانیان بەرز دەکاتەوە: خوێنی قوربانیان جۆگەی بەستبوو و ھاوارەکانی ئەشکەنجە جەستەی شەوی شەق دەکرد. گۆتە لە فاۆستدا لە زاری شەیتانەوە دەڵێت: ھەموو شتێ ئاساییە، گوایە ھیچکات ئەم کارەساتە ڕووی نەداوەئادۆرنۆ باسی ئەوە دەکات کە فاۆستی پێشکەوتن سەرەڕای خوڵقاندنی کارەسات، دەیەوێت یادەوەریی کارەسات بسڕێتەوە و لێقەوماوان و بەرکەوتووانی کارەسات لە مێژووی فەرامۆشیدا ڕۆ ببات. لێرەدا ئەرکی ئەخلاقی سەرەکی پێکھێنانی ئاوەزی کارەساتە تاوه‌کو بەبیرھێنانەوە و یادکردنی ئێش و ئازاری قوربانیان، کۆمەڵگه‌یەکی دەردمەند و بە پەرۆش بونیاد بنرێت.

میتۆسی ڕۆشنگەریی و گێشتالتی  مۆدێڕنیتە (شێوه‌ی مۆدێرنه‌) ئەوڕۆکە لە چوارچێوەی فەزاسیاسەتی سەردەم و پارادایمی سنووردا بەرھەمھێنەری سەرەکیی كاره‌ساتاوین و ھاوکات لە ڕێگه‌ی بە میدیایکردنەوە‌ی ڕەنج و ئازارەکانەوە، بێدەروەستی و کەمتەرخەمی کۆمەڵگەی خامۆش و مرۆڤە ھاوشێوازەکان بەرھەم دێنن.

 

 

 

 

 

پ) پەیوەندی نێوان چەمکەکانی چارەڕەشی، تراژێدیا و کارەسات چۆن دەبینی؛ بە تایبەت کە ئەو سێ چەمکە بە جۆرێک لە پێناسەی ئەرەستوویی لە تراژێدیادا یەکدەگرنەوە؟

 

مه‌سعود بینه‌نده‌:  تراژیدیا لای ئەرەستۆ فۆرمێکی دراماتیکە کە لە کتێبی بووتیقادا پێناسەی بۆ ھێناوەتەوە و پێکھاتە و توخمە سەرەکییەکانی دەستنیشانکردووە. ئەرەستوو پێیوایە؛ تراژیدیا بەھۆی ھامارتیا یان ناتەواوی و ھەڵەیەک کە په‌یوەندی بە کرداری تراژیک و ئێتۆسی قارەمانەوە ھەیە، لە ھەڵبەزین و دابەزینی ڕەوتی ڕەوایەتدا دەگا بە کاتاسترۆفی یان کارەسات کە کۆتاییەکی مەرگەساتبار بۆ قارەمان بەدی دێنێت.

کەوایە تراژێدیا بەپێی بابەت و دۆخی ترژیک پێناسە دەکرێ کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مەرگەساتبار و بێ‌سەرەنجامە لەھەمبەر خودا-زلھێزەکان و بە کارەساتەوە کۆتایی دێ. بێگومان چارەڕەشی یان وەیشوومە بەشێکە لە چارەنوسی قارەمانی تراژیک، بەڵام ئەوەی کە ئەم وەیشومەیە قەدەرێکی بێ ئەملاولا و بەرھەمی چارەنوسێکی نادیارە یان بەشێک لە ئیرادە و بژاردەی قارەمانی تێیدا دەخیلە، جێگای مشتوومڕە.

 

تراژێدیای قۆناغی ھۆمێری ئەم فۆرتیۆنا و وەیشوومەیە بەتەواوی بە شتێکی ژەڤەرئاسا و بێ دەخڵ و تەسەڕووفی مرۆڤ دادەنێ؛ بەڵام ھەرچی لە قۆناغی ھۆمێری بەرەو پێشەوە دێین دەوری مرۆڤ لە دابینکردنی ئەو فۆرتیۆنایەدا (به‌خت) زۆرتر دەبێت؛ بەچەشنێک کە ئەرەستوو پێی وایە ئەگەر قارەمانی تراژیک بە ئیرادە و بژاردەی خۆی تووشی وەیشوومە ھاتبێ ناتوانێ کاتارسیس واتە ترس(phobos) و بەزەیی(eleos) لە بەردەنگدا بورووژێنێ و ھاوسەنگیی دەروونی و سۆزدارانەی بۆ بەدی بێنێت.

 

سەرھەڵدانی فەلسەفەی ئیوونی و بەھێزبوونی ئەقڵی فەلسەفی بە ھۆکاری سەرەکی لاوازبوون و کۆتایی بابەتی تراژیک لەقەڵەم دەدرێ بۆیە نیچە پێیوایە؛ پاش ھاتنی ئۆریپیدێس و سوکرات فۆرمی تراژیدیا تووشی مەرگ و فەوتان ھات. وەک ئاماژەمان پێدا ئاوەزی تراژیک لەگەڵ بیری تیۆدیسیدا یەک ناگرنەوە، واتە ھەرچەشنە ڕوانینێکی ئەخلاقی و ئایینی بۆ جیھان کە ئاکامبەندییەکی پیرۆز و عاقیبەت ‌بەخێر بۆ ژیان دەستەبەر بکات لەگەڵ ڕۆحی تراژێدیا کە ئاکامی جیھان لە ڕۆچوون لە کائۆس و ئاژاوەدا دەبینێ ناکۆک و ناتەبایە.

 

 

خورخێ لویس بۆرخێس

ئێشتاینێر دەڵێ نەریت و تێگەیشتنی عیبری لەگەڵ ئاوەزی تراژیکی یۆنانیدا پێکەوە نامۆن کاتێ نەریتی عیبری لە ھەر ڕەنج و کارەساتێکدا لەدووی عەدالەتی یەھۆوە و ڕزگاربوونی ڕۆژی پەسڵان دەگەڕێ. ئەوەیە کە  كه‌فوكوڵه‌ ئایینییەکان لە چەشنی لەخاچدرانی مەسیح ئەگەرچی بەسەرھاتێکی تراژیکە بەڵام ھەڵگری بابەت و دۆخی تراژیک نییە. ھەرچەندە ئەوانەی كه‌فوكوڵی مەسیح لە ڕەھەندێکی تراژێدیا ئامێزەوە دەخوێننەوە، فیگوری “مەسیحی بەرەنگار” لەھەمبەر فیگرری “مەسیحی تەسلیمی“دا دادەنێن و ئاماژە بە پەیڤی کۆتایی سەر خاچەکەی ئەدەن کە لە ھەناوی دۆخێکی تراژیکەوە گۆ دەگرێ: خودایا، خودایا بۆ دەسبەردارم بووی.  بۆرخێس لە وتارێکدا بەجوانی باسی تێنەگەیشتنی فەرھەنگی ڕۆژھەڵاتی و ئیسلامی لە تراژێدیا و کۆمێدیای یۆنانی دەکات و دەڵێ: ئیبنی ڕوشد وەبیر دێنمەوە کە چۆن لە فەرھەنگی ئیسلامیدا قەتیس کەوتبوو، ھیچکات توانای ئەوەی نەبوو لە واتای چەمکەکانی تراژێدیا و کۆمێدیا تێبگات.

 

تراژێدیا لە فۆرمی نمایشدا، ئۆرکێسترا واتە تەختەی شانۆ بە گۆڕەپانی جیھان دەداتە قەڵەم و ھەرکامە لە بەشەکانی پێکھاتەی دراما بەجۆرێک لەگەڵ بڕگەکانی ژیان و جیھاندا بە ھاوتەریب دادەنێ (mimesis). لێرەدا دەسبەرداری تراژیدیا لە شێوازی فۆرمی دراما دەبین و لە تراژیدیا وەکوو جیھانبینی و شێوازی ھەڵوێست وهر‌‌گرتن لەھەمبەر جیھان و چارەنوس دەکۆڵینەوە تاوه‌کو بە وەڵامی پرسیارەکە نیزیکتر ببینەوە.

 

بابەت و دۆخی تراژیک بریتییە لە کۆتایی مەرگەساتباری چارەنوسی مرۆڤ کە ھاوکات لەگەڵ ڕەنج و ئازار و شکستدا تێکئاڵاوە. ئەگەرچی تراژیدیا و دۆخی تراژیک تێکچنراون بەڵام ئەمە مێژووی گەشەکردنی تراژیدیایە کە بابەت و دۆخی تراژیکی پێناسە کردووە و بەرھەمیھێناوە. بۆیە دواتر ھەر دۆخ و بەستێنێک ھەڵگری کەشوھەوای چارەڕەشی و ڕەنج و داڕووخان بووە ئاوەڵناوی دۆخی تراژیکی لەخۆ گرتووە (کە ڕەنگە خۆی‌لەخۆیدا تراژیک نەبێت).

پێناسەی دۆخی تراژیک لە بیروھزری تراژیدیاناساندا وەکو ھامارتیا یان ھەڵە و لەخۆبایی ڕووخێنەر(ئەرەستۆ)، باوەڕ ودۆکسای دژبەر یان دژوازیی بنەمایی لایەنەکانی کۆمەڵگه ‌(ھێگێل)، ئیرادەی کوێری ھەستی(شوپێنھاوێر)، مەرگ و ژیانی بەردەوام (نیچە)، چەشنێک ناتەواوی و ناکامڵی(برێتۆن)، بە ئەنجام‌ نەگەیشتوویی بەردەوام(لۆکاش)، دەستەمۆی ھێزە نادیار و تارماییە مەترسیدارەکان(کافکا)، ئاگایی ڕەنجھێنەر (ده‌ستۆیێفسكی)، نیھیلیزم (کامۆ)  ھێڵنج و کەڵوکوفی بێھوودەی ژیان(سارتر) و… ھتد. چاره‌نوسی دەگێڕنەوە کە نە بەشێوەی ڕێکەوت و لاوەکی بەڵکوو بەشێوی بنەڕەتی و پێکھاتەیی لێوانلێوە لە دژوازی و ڕەنج و بەئەنجام‌نەگەیشتوویی؛ و ھیچ بڕیار نییە دەستێک لە غەیبەوە بە ھانای مرۆڤەوە بێت و ھاوئاھەنگی و تەبایی لە بەختەوەریی و ڕزگاریدا بەدی بێنێت.

 

ئاگایی و ھوشیاریی تراژیک بریتییە لە تێگەیشتن لە دۆخی تراژیک و ئەنجامی بێ‌سەرەنجامی جیھان. قارەمانی تراژیک سەرەڕای ئاگایی لەم قەدەری فەوتان و داڕووخانە ھیچ ھەوڵی ئەوە ناخاتە گەڕ تاوه‌کو لەم دۆزەخی مەرگەساتە ھەڵبێت یان بە ئامرازی سڕکەر و ھۆشبەرانە، خۆی لە ژینەمەرگی پڕ لە ئێش و ئازار نەبان بکات. قارەمانەکانی بەرئاماژەی ئەم تراژیدیاناسانە؛ واتە ئاشیلی ھۆمێر، ئۆدیپی سۆفۆکلێس، پرۆمتەی ئایسخۆلێس، سووپێرمانی دیۆنیزۆسیی نیچە، سیزیفووسی کامۆ، مرۆڤی ئازادیخواز و بەدەروەستی سارتر و قارەمانی تراژیکی لۆکاچ سەرەڕای جیاوازی و تایبەتمەندیی خۆیان، ھەموو لە بەستێنی شکست و مەرگدا پێ ھەڵدەنێن و ھاوکات بەرەنگاری ھێزە سەرکەش و داپڵۆسێنەرەکان دەبنەوە.

ئه‌نفال عوسمان قادر ئه‌حمه‌د

 

کامۆ سیزیفۆس بە بەختەوەر دەزانێ بەوبۆنەوە کە چارەنوسی، تایبەت بە خۆی و لە ئەستۆی خۆیدایە، بەردەشانەکە پرسی خۆیەتی؛ کەوایە هاوکات گیرۆدەی پووچی و بەختەوەرییە. سارتر ئەو کۆیلەیە کە شۆڕش دەکات و لە پێناو ئازادیدا دەمرێ بە مرۆڤی ئازاد وێنا دەکات. نیچە مرۆڤی دیۆنیزۆسی کە چالاکانە لە گێژاوی ڕەشایی و بێواتاییەوە ھەڵدەبەزێ و ئەرێبێژانە بەدەم ژیانەوە پێدەکەنێ و لەگەڵ دەنگی موزیكدا ھەڵدەپەڕێ، بە قارەمانی تراژیک و مرۆڤی ژەڤەر وەسف دەکات.  جۆرج لۆکاش پێیوایە؛ مەرگ وەکو ئاکسیۆمێک لە ھەر بەستێنێکی تراژیکدا ئامادەیە، بەڵام ئەم ئاکسیۆمە ڕووخێنەر و ڕزێنەرە ھاوکات ئاگایی‌بەخش و ڕاچڵەکێنەرە و بە وتەی فرۆید مەرگ ئەگەرچی دەمانکوژێ بەڵام بیرکردنەوە لە سەر مەرگ، ڕزگارمان دەکات. کەوایە لای لۆکاچ تراژێدیا تەنیا ھەوێنی ھونەر و جوانناسی نییە بەڵکو ئەزموونێکی ھەرە مەزنە کە مرۆڤی مەزن و بەئاگا لە گەوھەری خۆی و زەروورەتەکانی ژیان دەخولقێنێ. قارەمانی تراژێدیا ئەگەرچی لە نێو جەنگەی شەڕ و کاتاسترۆفیدا تووشی ڕەنج و ئازاری تاقەتپڕووکێن دەبێ بەڵام لەم تۆفی ڕەنج و ئازارە ھەڵنایەت و سەربزێوانە ھەڵیاندەبژێرێ و لەگەڵیاندا ڕادێ. ھەربۆیە قارەمانی تراژیک ھەڵبژاردن ھەڵدەبژێرێتەوە و بەشێویەکی بەرەودواوە(retroactive) بازنەی تەنگی ھەڵبژاردنی سەرەتایی ھەراوتر و ئاوەڵاتر دەکاتەوە. ھەڵبژاردنی ڕەنج و مەرگ پاشەکشێ بە چارەنووسی سەپێنراوی دۆخی تراژیک و کارەساتبار دەکات؛ واتە لەم پراکتیسە ئازایانەدا جەنەم و جەرگی ڕەنج و ئازارەکان دەگۆڕدرێ و پاشھاتێکی ڕۆشنگەرانە و داھێنەرانەیان لێ دەکەوێتەوە. بەرپرسێتی تراژیک و ڕەنجی داھێنەرانە ئەو دەسکەوتە مەزنانەن کە ئەگەرچی ناتوانن لە ھێڵی قیسمەت (moira) و بەخت (fortuna) و گوناھه‌(ate) خۆ دەرباز کەن بەڵام بە بەرەنگاربوونەوە و بەرخۆدانی تراژیک، توخم و کرۆکی رزگاری‌بەخش و ھوشیاریدەری ئەو چارەنووسە سەپاوە ئازاد دەکەن و بەسەرھاتێکی جیاواز بەدی دێنن. جان مۆرێل لە کتێبی “تراژێدیا، کۆمێدیا و دین“دا بۆ ناسینی ئاوەزی تراژیک پێنج پرسیاری سەرەکی دەپرسێ و بەم شێوەیە وەڵامەکانی ڕوانگەی تراژیک دیاری دەکات:

 

  1. داخۆ ڕەنج نەزمێکی تایبەتی هەیە و دەکرێ لێی تێبگەین؟، یان بەڕێکەوتە و تێگەیشتنی ئەستەمە؟بێ‌ نەزمە و لێی تێ‌ناگەین،

  2.  دەکرێ خۆمان لە ڕەنج ببوێرین؟ 

  3. ڕەنج خێرێکی مەزنتری بەدواوەیە؟ 

  4.  ھیچ ھیوایەک لە ئارادایە؟ 

  5.  په‌رچەکردارمان لە ئاست ڕەنج؟

    ڕاوەستان و خۆڕاگریی شکۆمەندانە، مۆرێل بەپێی ئەم تایبەتمەندییانە سنووری ئاوەزی تراژیک لەگەڵ کۆمێدیا و بوارەکانی تر دەستنیشان دەکات و دەڵێ تراژێدیا بەبێ‌ھیچ ھیوادارییەک ڕووبەڕووی ڕەنج و قەدەر دەبێتەوە بەڵام کۆمێدیا بۆ تێپەڕاندنی ڕەنج و ئازار بە پێکەنینەوە گاڵتەی پێ دەکات. ئایینە ڕۆژھەڵاتییەکان(بوودیزم و ھێندویزم) ھەوڵ ئەدەن بە سڕینەوەی ویست و خواستەکانی خۆ، لە ڕەنج ڕزگاریان ببێ. فەلسەفە بە پێچەوانەی ئەم چەشنە پەرچەکردارانەوە ھەوڵی تێگەیشتن و تێڕامان لە ڕەنج و ئازارەکانی مرۆڤ دەدات؛ سپینۆزا گووتەنی؛ لە بینینی دیمەنی ژیان و کردەوەی مرۆڤ نە دەگریم، نە پێدەکەنم و نەش ڕقھاوێژیی دەکەم بەڵکوو ھەوڵ ئەدەم لێیان تێ‌بگەم.

 

 

کۆی ئەو شتانەی سەبارەت بە ئاوەزی تراژیک ھاتە باسکردن لە ڕوانینێکی ئەرێنیەوە سنووری ئێتۆس و ئاکاری تراژیک لە گەڵ پارادایمی ئەقڵچێتیی به‌رژه‌وهندیخوازانر و ڕقەمبێژیی ئایینخوازنە دیاری دەکات. وه‌کو گوتاری بەرەنگاری و شۆڕشگێڕی دەیانخوێنێتەوە. گوتارێک کە ئاکاری ڕقئاژۆیی و ترسئاژنیی بەچۆک دا ھێناوە و خۆی لە وەھم و فانتازیای دڵخۆشکەری ژیانی بێ‌پرس و بێ‌دەرد رزگار کردووە. بەپێچەوانەی تەواوی شرۆڤە پۆزەتیڤەکانی تراژێدیاناسان، ڕەخنەگەلێک ھاتوونەتە ئاراوە کە زۆربەی کێشەکان لە خودی ئاوەزی تراژیکدا دەبینێتەوە و بانگەشەی تێپەڕان و دابڕان لەو گوتارە‌یان خستۆتە ڕۆژەڤەوە.

 

ئالێن رۆب گرییە پێیوایە؛ لە بنەمای ڕوانینی تراژیکدا جۆرێک ھیۆمانیزم خۆی حەشار داوە کە ھەموو توانستی خۆی لەسەر مەودای نێوان مرۆڤ و جیھان یان زەین و شتەکان داناوە…  واتە ھیۆمانیزمی تراژیک ئامانجی خۆی بۆ پێگەیاندنی کەلێن و دابڕانێک تەرخان دەکات کە لەپێشدا پێکگەیشتن و مۆتۆربەکردنیان بە نامومکین و نەگەر دانراوە. گرییە پێیوایە؛ ھەموو ھاتوھاوار و بانگوڕۆکانی مرۆڤ کردەوەگەلێکی وەھمی و مایەپووچن کە لە نەخشاندنی ھوشیارانەی جیھان بەشێوەی تراژیک و کاتاسترۆفیک سەرچاوە دەگرن.

گێڕانەوەی تراژیک واتە کۆریانەوە لە تەنیایی و چارەڕەشی و داڕووخانی بێئەملاولای مرۆڤ، ئەم قەدەرە دەستکردانە دەکاتە مۆیرا و فۆرتیۆنای بنەڕەتی و پێکھاتەیی. لەباتی ئەوەی ڕێگایەک بۆ دەربازبوونەوە لەو دۆخە ببینرێتەوە، دۆخەکە بەسروشتی و ھەتاھەتایی دەکرێت و لێرەوە تەنیا ئەرکی مرۆڤ دەبێتە جوانناسانەکردن و بەحەماسەکردنی ئەو شکست و ھەرەسھێنانەی کە خۆی بە خۆی کردووە.

 

جوانناسانەکردن و دیتێرمینیزەکردنی دیاردەی ڕەنج و کەشی تراژیک ده‌رگا لەڕووی ھیچ داھاتوویەکی بەرھەست و دیار ناکاتەوە، بەڵکو ژیانی ئێـمە بە شینگێڕی و سووکنایی بەردەوام خوو دەدات و دەرفەتی فرمان و دەستێوەردانمان لێ دەستێنێتەوە. کەوایە بەپێی بۆچوونی ئانتی ‌تراژیکی ئالان ڕۆب گرییە، تراژێدیا نە تەنیا ھیچ مەودایەک ناسڕێتەوە، بەڵکو میتافیزیکی مەودا و ھەرێمەکانی جودایی پان و بەرینتر دەکاتەوە. سەرەڕای ھەموو ئەم ڕوانگە جیاوازانە، تراژێدیا و ئاوەزی تراژیک ھێشتا زیندووە و بەردەوام لە شێوازی نوێدا خۆی بەرھەم دەھێنێتەوە. گرنگ ئەوەیە بتوانین بە خودئەندێشی و مەوداگرتن لە خۆ، پێوەندی و پێگەی خۆمان لەئاست تراژیدیا و کارەسات دیاری بکەین؛ واتە تەنێ لە ئیلاھیات و مەعریفەناسیی کارەساتدا نەمێنینەوە و بتوانین ئاکار و ئێتۆسی کارەسات بەرھەم بێنین.

 

 

ماویه‌تی  بۆ به‌شی دووهه‌م 

 

 

*دكتۆر مه‌سعود بینه‌نده‌ – مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ له‌ بواری  فه‌لسه‌فه‌ و زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.  

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌