ئەگەرەکانی شەڕ لەنێوان ڕوسیا و تورکیا

Loading

 

دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا فڕۆکەیەکی جەنگی ‘ڕوسی’یان لە ئاسمانی سوریا خستەخوارەوە قسەوباسێکی زۆر لە میدیاکان لەسەر ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕ دەستیپێکرد. لێرە لەژێر تیشکی تێورەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەوڵدەدەین قسەوباسێک لەسەر ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ڕوسیاو تورکیادا بکەین.

بەگشتی دوو نزیکبوونەوە هەیە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شەڕ. نزیکبوونەوەی وەسفگەریی‌و نزیکبوونەوە تیورییەکان.

وەسفگەریی نزیکبوونەوەیەکە کە مێژونوسە سوننەتییەکان پێیانڕاستە. ئەوان هەڵگیرسانی شەڕ دەگێڕنەوە بۆ هۆکارە ڕاستەوخۆکان. بۆنمونە وەسفگەراکان پێیانوایە کە کوشتنی فرانز فێردیناند بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانی. بەگوێرەی ئەم تێگەیشتنەبێت خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ڕوسیا لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ.

نزیکبوونەوە تیورییەکان زیاتر توێژەرانی بواری سیاسەت‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەکاریدێن. ئەوانە پێیانوایە کە لە پشت هەڵگیرسانی شەڕ هۆکاری زۆرو ئاڵۆزو قوڵ هەن. 

بۆنمونە، ڕیالیستەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە شەڕو پێکدادان لە نێوان وڵاتاندا کارێکی ئاساییەو بەردەوام ڕوویداوەو ڕوودەدات‌و دەشگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارە ئەقڵانیانەی سەرکردەکانی وڵاتان، بە لەبەرچاوگرتنی قازانج‌و زەرەرەکانی شەڕ، دەیاندەن. ئەگەر ئەم تیورە بکەین بە پێوەر ئەوە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ هەم هەیە هەم نییە. ئەگەری هەیە چونکە هەم ڤلادیمێر پوتین هەم رەجەب تەیب ئۆردوگان چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت کە لە هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ قازانج‌و زەرەرەکانی شەڕ کورتبێنن، هەڵەبکەن یان هەر بەڕاستی واتێبگەن کە شەڕ لە قازانجایاندایە، ئەمەش لەوانەیە هەڵگیرسانی شەڕی لێبکەوێتەوە. پێچەوانەکەشی ڕاستە، واتە دەکرێت واتێبگەن کە شەڕ لە قازانجیان نییە، بەمەش خۆ لە شەڕ وەدووربگرن.

داعش لە پێشبڕکێی کاریکاتێری تاران مای ٢٠١٥
داعش لە پێشبڕکێی کاریکاتێری تاران مای ٢٠١٥

خۆ ئەگەر تیوری گۆڕانی تەرازوی هێز، کە تێگەیشتنێکی دیکەی ڕیالیستەکانە، بکەین بە پێوەر ئەوە دەبینین دیسان ئەگەرەکانی شەڕ هەم هەن‌و هەم نین. بەگوێرەی ئەم تیورە شەڕ کاتێک هەڵدەگیرسێت کە هێزێکی نوێ لە هەڵکشاندابێت‌و هەڕەشە بۆسەر هێزە هەژمونگەرییەکانی دیکە دروستبکات. ئەگەر ئەوە ڕەچاوبکەین کە ڕوسیا ماوەی چەند ساڵێکە بەهێزو گوڕو توانایەکی ئابوریی‌و سەربازی خەریکی هەڵکشانەو خەریکیشە دەبێتە هەڕەشە لەسەر هێزە هەژمونگەرەکە (ئەمریکاو ناتۆ، کە تورکیا ئەندامە لێی)، ئەوە دەکرێت بڵێین ئەگەری شەڕ هەیە. بەڵام ئەگەر تورکیاو ڕوسیا وەک دوو هێزەکەی تەرازوەکە وەربگرین، ئەوە ئەگەرەکانی شەڕ کەمن چونکە تواناکانی تورکیا زۆر کەمترن لە ڕوسیاو ناکرێت وەک هەڕەشەی جدی لەسەر ڕوسیا ببینرێن.

تیوری ئاشتی دیموکراسیی (democratic peace) کە جەخت لەسەر کارەکتەرەکانی دەوڵەت‌و کۆمەڵگە دەکاتەوە پێیوایە کە کۆمەڵگەو دەوڵەتە دیموکراتییەکان دوورە شەڕو کۆمەڵگەو دەوڵەتە نادیموکراتییەکان نزیکە شەڕن. لەژێر ڕۆشنایی ئەم تیورە، سەرەڕای ئەوەی کە هەم لە تورکیا هەم لە ڕوسیا هەڵبژاردن دەکرێت بەڵام هەردوو دەوڵەت‌و کۆمەڵگە هەڵگری هەندێک کاراکتەری نادیموکراسین، بەتایبەتی ئەگەر کارەکتەرە خۆسەپێن‌‌و مەیل بە دکتاتۆرییەکانی پوتین‌و ئۆردوگان ڕەچاوبکەین، ئەوە ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕ زۆرە.

لەولاشەوە مارکسییەکان پێیانوایە کە سیستەمی حوکمڕانی‌ لە وڵاتەکان کارەکتەری شەڕانگێزی وڵاتەکە دیاریدەکەن. ئەوان پێیانوایە کە دەوڵەتە تەماحکارە سەرمایەدارەکان فراوانخواز‌و شەڕانگێزن چونکە بۆ دامرکاندنەوەی تەماحەکانیان‌و پڕکردنەوەو خالیکردنی بازاڕەکانیان هەڵپەی داگیرکاریی دەدەن. بەگوێرەی تێگەیشتنەکانی مارکسییەکان بێت ئەگەری شەڕ هەیە چونکە سیستەمی سەرمایەداری لە هەردوو دەوڵەتی تورکی‌و ڕوسی بەرقەرارە.

ئەگەر تیوری کێبڕکێی خۆچەکدارکردنیش بکەینە پێوەر ئەوە هەر دەبینین کە ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕ لە ئارادان چونکە هەر دوو دەوڵەتی ڕوسی‌و تورکی چەندین دەیەیە بەردەوام خەریکی خۆپڕچەکردن‌و نوێکردنەوەی چەکەکانیانن.

ئەگەر لە ئاستی جیهانیش پرسەکە هەڵسەنگێنین ئەوە دوو تیوری دیکە هەن کە قسەیان لەسەر ئەگەرەکانی شەڕ هەیە. تیوری سوڕانەوە (cyclical) یەکێکیانە. بەپێی ئەم تیورە هەر پەنجا ساڵ یان سەد ساڵێک بەهۆکاری قەیرانی ئابوری جیهانی یان لاوازبوونی نیزامی جیهانی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ دروستدەبێت. ئەگەر شەڕی یەکەمی جیهانی بکەینە خاڵی دەستپێک ئەوە سەد ساڵ‌و ئەگەر شەڕی دووەمی جیهانیش بکەینە خاڵی دەستپێک ئەوە زیاتر لە شەست ساڵ دەبێت کە شەڕێکی جیهانی ڕووینەداوە. هاوکات بەڕەچاوکردنی ئەوەی کە جیهان بە قەیرانێکی ئابوری سەخت‌و نیزامە عالەمییەکەشی بەرەو لاوازی دەڕوات‌و زلهێزەکەی، ئەمریکا، خەریکە جڵەوی فەرمانڕەوایی لەدەستدەدات، وە ئەوە ئەگەر تێگەیشتنەکانی ئەم تیورە قەبوڵبکەین، ئەوە ئەوکات دەکرێت بڵێین کە ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕێکی جیهانی بوونی هەیە.

خۆ ئەگەر کەڵک لە تێگەیشتنەکانی تیوری گۆڕانی ڕاستەوانەیی درێژخایەن (theory of linear long-term change) وەربگرین دەبینین ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕ زۆر کەمن چونکە بەپێی تێگەیشتنەکانی ئەم تیورە شەڕو پێکدادانەکان لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەن کەمترو کەمتر بوونەتەوە، هۆکاری ئەمەش دەگێڕنەوە بۆ گەشەی تەکنۆلۆجی‌و نۆرم‌و بەها نێودەوڵەتییەکان.

ئەم تێگەیشتنە زۆر لە تیوری ئایدیالیستەکان (لیبرالەکان) لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نزیکە چونکە ئەوانیش پێیانوایە کە بەتێکەڵبوون‌و پشتبەیەکتربەستن‌و ئامێزانی ئابوری جیهانی ئەگەرەکانی شەڕ زۆر کەم دەبن. ئەوەی بەدی دەکرێت لە جیهاندا لەگەڵ شۆڕشی تەکنۆلۆجیاو ئینتەرنێت‌و پەیوەندییەکان، کە جیهانگیریی بەدوایخۆیدا هێناوە، ئابوری جیهانی تاڕادەیەکی زۆر ئامێزانی بەخۆیەوە بینیوەو وڵاتان ئێجگار زیاتر لەجاران پشتبەیەکتردەبەستن‌و ئابوریان تێکهەڵکێشی یەکدی بووە، ئەمەش ئەگەرەکانی شەڕ کەمدەکات.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم تیورانە بێت ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕ بوونیان هەیەو نییە. من پێموایە ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕ کەمن لەبەر چەند هۆیەک:

یەکەم، ئابوری ڕوسیاو تورکیا زۆر بەیەکەوەبەستراونەتەوە بەڕادەیەک کە بازرگانی نێوانیان گەیشتۆتە ٣٥ ملیار دۆلار ساڵانەو واچاوەڕواندەکرێت کە تا ٢٠٢٠ بگات بە ١٠٠ ملیار دۆلار.

دووەم، ڕوسیا سەرقاڵە بە پرسی ئۆکرانیاو کرایمییەو پشتیوانیکردن لە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بۆیە ناتوانێت‌و ناشیەوێت بەرەیەکی دیکە بۆ خۆی بکاتەوە.

سێیەم: ئەوەی لەنێوان ڕوسیاو تورکیا لە سوریا دەگوزەرێ ململانێیەکە لەسەر هێشتنەوەو لادانی ئەسەد، هەر بەوشێوەیەش دەمێنێتەوە، نەک ململانێیەکی ڕاستەوخۆبێت لەسەر خاکی تورکیا یان ڕوسیا. ئەگەرەکانی سەرکەوتنی ڕوسیا لە هێشتنەوەی ‘بەشار’ێک کە دەسەڵاتی نەک بەسەر تەواوی سوریا بەڵکو بەشێکی سوریا دابشکێ ئێجگار زۆرترە لە وەلانانی بەشار.

چوارەم: ڕوسیا دەتوانێت بە پشتیوانیکردن لە هێزە کوردییەکان لە سوریا دەستی تورکیا لە سوریا ببڕێت، یان لانیکەم تواناکانی گەمەکردنی تورکیا کەمبکاتەوە.

پێنجەم:، ڕوسیا بەهەڵگیرساندنی شەڕ دۆست بۆ تورکیا زیادو بۆ خۆی کەمدەکات، لەم ئانوساتەشدا کە ڕوسیا ئابڵوقەی ئابوری لەسەرەو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەنارگیرکراوە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە هاوڕێ‌و هاوپەیمان هەیە.

شەشەم: ڕوسیا بەتاوانبارکردن‌و ئاشکراکردنی پەیوەندییە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆکانی نێوان تورکیاو داعش باشتر دەتوانێت تورکیا کەنارگیربکات نەک بەهێرشکردنە سەری.

لەبەر ئەم هۆیانە ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕ کەمن بەڵام ناکرێت بڵێین نین.