دلێر موحه‌مه‌د تاهیر؛ (لویس هاین) فۆتۆگرافەر و کرێکارە فریشتەکانی ئاسمان

Loading

1

لە هونەری نیگارکێشی سەدەکانی کۆندا بە تایبەت بەر لە مۆدرینزیم و پۆست مۆدیرنیزم، بەشیکی زۆر لە هونەرمەندانی شێوەکار پانتایەیەکی گەورەیان بەخشیبوو بە دەسەلاتە ئاسمانییەکان لە تابلۆکانیاندا. فیگوورە ئایینی و ئاسمانییەکان چەندین جار دووبارە دەبوونەوە. لە بەشی سەرەوەی تابلۆکاندا ئەو فۆرمانەی کە گوزارشت لە خواوەند دەکەن راستەوخۆ یان نارەستەوخۆ بەدی دەکران. فیگوورەکانی فریشتە و ئەهریمەن و خواوەندەکان لە پانتایی شینی ئاسماندا، لە بەرزییەوە بەدی دەکران. لە ژێر ئەوانیشدا و لەوان نزمتر و بچووکتر ژیانی سەر زەوەی مرۆڤەکان دەبینرێت. زۆربەی زۆری دیواربەندییەکانی ناو کەنیسەکان تاکو ئێستاش هەمان دابەش بوون بەخۆوە دەبینێ؛ لە بەرزایی و لە دۆخێکی شکۆمەندانەدا مەخلوقە جوان و ناسکەکانی ئاسمان بەدی دەکرێن، ئەم مەخلوقانە ڕووخسارێکی میهرەبانیان هەیە و هیچ ماندوو بوون و ئازێرێکیان پێوە دیار نییە. لە خواریشەوە بچووکی و لاوازیی مرۆوڤەکان بەدی دەکرێن. کە زۆرجار فریشەکان لە ئاسمانی ساف و بێگەرددا وەک کۆمەککار و فریادرەسی ئەم مرۆڤانە دەردەکەون .

ئادەم و حەوا ؛ لەلایەن نیگارکێش Alexandre_Cabanel / 1867

ئەم تێروانینە ڕەهایە ئەم دابەش بوونە لە نێوان ئاسمان و زەویدا، مرۆڤ لە سەر زەوی و خواوەند و فریشتەکانی لە ئاسماندا، نەریت و ئاسایەک بوو. دەستکاریکردنی تا ڕادەیەکی زۆر تابوو بوو. تا ساڵانێکی زۆر ئەم تێڕوانینە، تێڕوانینی زۆربەی هونەرمەندە گەورەکان بوو. وێناکردنی هونەرمەندەکانی ئەوکاتە بە گشتی لە ناو ئەم دابەشبوونەدا قەتیس ببوو. بە دەگمەن مرۆڤ بکەوتایەتە بەشی سەرەوە یان سەنتەری تابلۆکان.

ئاشکرایە هونەری وێنەکێشان لەو سەردەمە کۆنانەدا بە گشتی لە لایەن دیدێکی ئاینییەوە ئاڕاستە دەکرا. دیارە بە تیپەربوونی کات و ئەو گۆڕانکارییانەی لە بیری مرۆڤایەتیدا درووست بووە. ئەم پەیوەندییەش لە نێوان مرۆڤ و خوداوەندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. مرۆڤ وەک بوونەوەرێک خەون بە پێگەی زیاترەوە دەبینێت، چیتر مرۆڤ نابێتە ئەو بوونەوەرە بچووکەی کە سڵ لە ئاسمان وەک پانتاییەکی نهێنی بکاتەوە و لە ئاسمانەوە چاوەڕێی فریادڕەسێک بێت کۆمەکی بکات. لە سەردەمی مۆدێرن و پۆست مۆدێرنەدا، ئەم گۆڕانکارییانە ئاشکراتر دەبینرێت لە هونەردا. گەر سەیری کارەکانی لویس هاین بکەن، گەرچی ڕەهەندێکی دیکۆمێنتاری هەیە، بەڵام کارەکانی زۆر گەورەتر و ئەفسووناویتر خۆیان نیشان دەدەن و چەندین ڕەهەندیتر لە خۆ دەگرن. کارەکانی لویس سەدەیەک تێدەپەڕێنێت، بەڵام ئێستاشێ لەگەڵدا بێت

 

 

2

نموونەی گەورە و ئیکۆنەی بواری فۆتۆگرافین. فۆتۆی (نیوەڕۆخوانی کرێکارانی مانهاتن) بەربڵاوترین و نەمرترین فۆتۆیە کە لە گەلەرییەکاندا لەهەموو شوێنێکی ئەم دنیایەدا دەیبینین. لەم فۆتۆیەدا، سەرەتایەکی گەورەی جێگۆڕکێی مرۆڤ دەبینین لە گۆڕینی پێگەکەیدا، لە زەوییەوە بۆ ئاسمان. هەر لەم ساڵانەدایە لە ڕێگەی زانستەوە مرۆڤ دەستکەوتێکی دی بەدەست دەهێنێت، کە دیسان یارمەتیدەرە بۆ ئەم جێگۆڕکێیە لە زەوییەوە بۆ ئاسمان، ئەویش داهێنانی فڕۆکەیە. ئەوەی ئەم کارانه‌ی لویس ناوازە دەکات،ئەو دیدگا هونەرییەیە، ئەو گۆشەیەیە کە دەیەوێت بینەر لێوەی بروانێت، لەوێوە سەیری کرێکاران و توانای مرۆڤ بکات.

لویس هاین – نیوەڕۆخوانی کرێکارانی مانهاتن  – ١٩٣٠

لویس لەم فۆتویەدا هێڵێک لە نیوان ئاسمان زەویدا دروست دەکات، چیدی فریشتە و بوونەوەرە ئایەنیەکان لە ئاسماندا جیگایان نابیتەوە، مرۆڤ لە بەرگی کرێکاردا ئەم جێگایە پڕدەکاتەوە و شۆرشێک دەکات دژی باڵادەستی ئاسمان و زەلیلی و بێدەسەڵاتی مرۆڤ.

کاتێک لە فۆتۆی (نیوەڕۆخوانێک لە مانهانتن) دەڕوانین، تێدەگەین مرۆڤ هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی ئاسمان دەستپێکردووە، دانیشتن لە و پانتایەی ئاسماندا بە ئارامی، ئەوەمان پێ دەلێت کە قۆناغی کلاسیک تەواو بووە و هەڵکشانێک لە ئارادایە. سنوورێک دادەنێت و لە دوای ئەو سنوورەوە مرۆڤ دەکاتە باڵادەست و گۆڕانکارییە گەورەکان چیدی لەسەر دەستی مرۆڤەکان ڕوودەدەن نەک فریشتەکان. ئەم جێگۆڕکێیەی لویس، لە خۆڕا نییە، دانانی کرێکارانی لاواز و ماندوو لە بری فریشتە لە قوڵایی ئاسماندا، ئاماژەی سەردەمێکی نوێیە. چیدی فریشتە دانابارێت و فریادڕەسی مرۆڤ نییە، ئەوە مرڤە بەرەو ئاسمان دەکشێت، ئەوە چینی کرێکار کە بەسەر ئاسنە ئەستوور و ڕەقەکاندا سەردەکەوێت دەچێتە جێی فریشتە سپی و سوڵ و ناسکەکانی سەردەمەکانی پێشوو و شینایی ئاسمان شەق دەکات.

فۆتۆکانی لویس پێمان دەڵێن؛ ئەوەی کۆمەک دەکات و ژیان دروست دەکات لە خوارەوە، کرێکارەکانن، ئەوانن لە بەرزترین لووتکەدا لە قوڵایی ئاسماندا بەسەر هەموومانەوە شارستانییەتییەکی نوێ بەرهەم دەهێنن. ئەوان کاردەکەن و ماندووترینن. بە گشتی فۆتۆکانی لویس هەلگری دیدی هێجگار قوڵن بۆ سەردەمە نوێیەکەی ئەمریکای بنکەی کەپیتاڵیزم. فلیمی (سەردەمی نوی)ی شاپلین کە لە ساڵی ١٩٣٣/١٩٣٦ بەرهەمی هێناوە پێدەچیت زۆر کاریگەربوو بیت بە فۆتۆکانی لویس هاین یاخود لێکچوونێکی هیجگار زۆر هەیە لە نێوانیاندا، ئەوەیش بە تیکەڵبوونی کەرەستەی میکانیکی و ئاسن و گارگە بە مرۆڤ.

چاپلن ؛ كرێكاران

3

 فرێمەکانی شاپلن و فۆتۆکانی لویس هیندە نزیکن بەیەک کە زۆر سادە دەتوانین لە ڕێگەی کارەکانی ئەم دوو هونەرمەندەوە ڕووخساری ئەو سەردەمە بناسینەوە. دواجار لویس هاین بە کارەکانی لە سەردەمێکی نوێ بە ئاگامان دێنێت، سەردەمێک کە مرۆڤ تیایدا باڵا دەستە، سەردەمێک کە مرۆڤ لە قوڵایی زەوییەوە ئاسن دەردەهێنێت و هەڵی دەکشێنێت بۆ ئاسمان و پێگە بە فریشتە و فیگوورە ئاینییەکان لەق دەکات. مرۆڤ زیاتر لە سەنتراڵیزمە دەبات کە لە سەردەمی ڕێنیسانەوە کاری بۆ دەکرا، ئەم لە پۆست مۆدیرنەدا، مرۆڤ دەگەیەنێتە ئاستێک کە دەبێتە داگیرکەری ئاسمان. هەموو ئەم خەونانەی مرۆڤ لەسەر دەستی چینێک دەکرێت کە چینی کرێکارن. بەڵام ئەمانش جگە لە شوێنی کار هیچ نیشتمانێک و پێگەیەکیان نییە، کارکردن لە کوێ بێت ژیان لەوێ بەسەر دەبەن. لە فۆتۆکانی لویس هایندا بە ئاشکرا دەتوانین دیدی چەپ و ستەمی سەرمایەداری بەدی بکەین.

ته‌واو

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین – ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر