له‌ڕاسته‌وه‌؛ ئازاد حه‌مه‌شه‌ریف و سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

نامەى ئەدەبی نێوان ئازاد حەمە شەریف بۆ سەباح ڕەنجدەری شاعیر


Loading

برا و هاوڕێی رۆژانى جوانى و خۆشی و ناخۆشیم كاك (سەباح رەنجدەر): بابگەڕێینەوە بۆ سەرەتاكان.

دەمەوێ لەم نامەیەدا كەمێك باسی سەرەتای برادەرایەتیمانت بیر بهێنمەوە تاوەكو تیشكێك بخەمە سەر ئەو ڕۆژانەى خۆشەویستى و پاكی و دڵسۆزى و خۆنەویستی و خۆنەپەرستى لێ دەتكا، ئەو ڕۆژانەى برادەر بەقەد برا دڵسۆز بوو، بە پێچەوانەى ڕۆژانى ئەمڕۆ كەوا زۆربەی ئەوانەى خۆیان بە برادەر دەناسێنن، هیچ یەكێك لەو ئاكارانەى سەرەوەیان تێدا نەماوە، بۆیە منیش خۆم لەو جۆرە خەڵكانە دوورەپەرێز گرتووە و لەناو دونیای تەنیایى خۆمدا دەخولێمەوە، هەرگیز نامەوێت بە ڕەنگی ئەو رۆژگارە نەفرەتییەی ئەمڕۆ خۆم پیس بكەم. من هەمیشە بە یاد و یادەوەرى رۆژانى گوڵڕەنگی شەستەكان و حەفتاكان و هەشتاكان و نەوەدەكان دەژیم، نایەڵم چڕەدووكەڵی هەناسەی ئەم رۆژگارە چەپەڵەى ئەمڕۆ تێیدا دەژین منیش بخنكێنن.

 

 

وا لەو نامەیەدا باسی ئەو برادەرایەتییە لە برا زیاترە پاك و ڕاست و بێ فڕوفێڵ و بێ بەرژەوەندییەى نێوان هەردووكمان دەكەم، كەوا سەرەتاكەى دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستى هەشتاكانى سەدەى ڕابوردوو. چاكم لە بیرە سەرەداوى ناسیاوى و برادەرایەتیمان بۆ نزیكەى سی و شەش ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بە بۆنەى ئەوەى ئەو هەموو ماوە دوورودرێژە نە ساردییەك، نە ناكۆكییەك و نە هیچ دڵ ئێشانێك لە نێوانمان ڕووى نەداوە، بۆیە برادەرایەتییەكی وا دانسقە و دەگمەن و نایاب پێویستى بەوەیە بنووسرێتەوە و ڕێزی لێ بگیرێت و بە جوانى باسی بكرێت.

 

وەكو گوتم نزیكەى سی و شەش ساڵ لەمەوبەر، مانگى ئاداری ساڵی (1984) بوو تازە “قەلەڕەش” – شیعرە ناودارەكەى (ئێدگار ئالآن پۆ)م لە ژمارە (2)ی گۆڤارى (ئاسۆس)دا بڵاوكردبۆوە. ئەوسا (كۆلیژی ئاداب – زانكۆی سەڵاحەدین) لە سەر كەندەكەى گەڕەكی (گڵكەند)ی هەولێر بوو، من سەردانى برادەرانی دەستەى گۆڤاری (ئاسۆس)م كردبوو، لە پێش دەرگاى كۆلیژ لەگەڵ خاتوو (پەرێز سابیر)، ئەوسا دكتۆر نەبوو – خوێندكارى بەشی كوردی بوو، خوشكی هاوڕێی دێرینم (شاكر سابیر) بوو – قسەمان لەبارەى ئەدەب و ڕۆشنبیری دەكرد.

 

گەنجێكی كۆك و تازە سمێڵ دەركردوو، قسەنەرم و خۆش گوفتار هاتە پێش و لەگەڵ (پەرێز خان) لەبارەى گۆڤارى (ئاسۆس) و وەرگێڕانى شیعرەكەى (ئێدگار ئالان پۆ) قسەی كرد. (پەرێز خان)یش گووتى ئەوە (ئازاد حەمە شەریف)ى وەرگێڕی شیعرەكەیە و چیت هەیە بۆ خۆت یەكسەر لەگەڵ ئەوى باس بكە. لە قسەكانی ئەوسا وادیاربوو زۆر بە شیعرەكە و وەرگێڕانەكەى دڵبەند بوو، داوای دەكرد شیعری بەرزى لەو بابەتە وەربگێڕم تاوەكو خوێندەوارانى دیكە كەوا بە ئاسانى دەستیان بە شیعری جیهانى ڕاناگات، بتوانن سوود لە ئەزموونى شیعری دنیا وەربگرن. ئەگەرچی كاك (سەباح ڕەنجدەر) بە تەمەن حەوت ساڵێك لە من گەنجتر بوو، به‌ڵام چونكە برادەرایەتیمان لەسەر بناغەى ڕۆشنبیری و ئەدەبی، نەك بەرژەوەندی و خۆپەرستى دامەزرابوو، بۆیە ئەو برادەرایەتییە ڕۆژ بە ڕۆژ بەتینتر دەبوو، گەشەى دەكرد. ئیتر لەوساوە تا ئێستا بێ پسانەوە برادەرایەتییەكى پاك و دڵسۆز و راستگۆیانە لە نێوانمان هەیە.

 

هاوڕێیەتیمان هێشتا بەهێزتر بوو، وابزانم دووەم، یان سێیەم دیدەنمان بوو لە كۆڕێكی ساڵی 1984ی كاك “عەبدوڵلآ عەباس” كەوا لەبارەی “ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری لە پێشخستنی ڕۆشنبیریدا” یان بابەتێكی ئاوایی بوو لە هۆڵی “چاودێری زانستی” لە هەولێر یەكترمان بینییەوە. (سەباح ڕەنجدەریش وەك هەر كەسێكی دی) هاتبووە ئەو كوۆڕە.

دوای كوَتایی هاتنی كۆڕەكە مامۆستا (محەمەد مەولوود مەم)ى چیرۆكنووسى گەورەى كوردم ناسی وەك لە نوسینێكم بەناوى “چۆن (مەم)م ناسی؟”دا بڵاوكردۆتەوە. هەر لەو دەمیشدا كاك (سەباح) لە پشت (مەم) ڕاوەستا بوو، یەكسەر هەردووكیانم پێكتر ناساند. دواى ئەوە بە دەم رێگاوە بەرەو خوار بۆ لاى (فلكەى زەعیم) بە پێ دەچووینە خوارەوە و لەوێ (مەم) گوتی: “دەباشە، ماڵی منیش لەم خوارەوەیە”

بەدەم رێگاوە باسی پرۆژە ڕۆشنبیرییەكانى خوَم و خوێندنەوەم و ئەو وەرگێڕانانەی كردبوومن وەك “مردنی دێوەرەیەك”و “كافكا” و تاد…..، كە هێشتا چاپ نەكرابوون، بوَ “مەم”م گێڕانەوە. ئەویش باسی رۆمانى (ڕێگا) و (پایزە خەون)ی، بۆمان كرد كەوا هێشتا دەستنووس بوون، دیاربوو ئەو حەزی دەكرد زیاتر ئاشنای یەك بین، بوَیە كاتێ گەیشتینە لای (فلكەی زەعیم) گوتی: “دەبا بچینە ماڵەوە و قاوەیەك بخوَینەوە”. ئێمەش پێمان خۆش بوو پیاوێكى وا گەورە بانگێشتمان بكاتە ماڵی خۆی و ئیتر لەناو باخچەى ماڵەكەى دانیشتین و ئینجا لەجیاتى قاوە، ماستاوى مەڕی پێداین.

 

دواتر من ژنم هێنا و خەریكی ژیانى خێزانیی خۆم بووم، ماوەى نزیكەى شەش مانگێك ئاگام لە نوسین و نوسەران بڕا و تا ڕۆژێ لە ڕێكەوتى 28/10/1985 لە دیدارى (یەكەم زنجیرە لێكۆڵینەوەى شانۆ و ئەدەبى شانۆیى) كەوا لە هۆڵى (نەقابەى كرێكاران)ى شارى هەولێر سازكرابوو، بە توێژینەوەیەك لەبارەى (مردنى دێوەرەیەك) بەشدار بووم. ئێوارەكەى ئەو ڕۆژە ڕاستەوخۆ لەلایەن خودى (بەڕێوەبەرى ئەمنى بەلدەى هەولێر)ەوە لەناو هۆڵى دیدارەكە دەستگیركرام و لە ڕێكەوتى 16/4/1986 بە لێبووردنێكی مەرجدار ئازادكرام، بەڵام چ جۆرە لێبووردنێك؟ لێبووردنێك كەوا رێك ماناى مەرگ بوو، بەو مەرجە ئازادكراین بچینە ناو كێڵگە بە مین داچێنراوەكانى (فاو) كەوا تازە لەلایەن ئێرانەوە گیرابوو، بچین جەنگ لەگەڵ مین و دێوەزمەى مەرگ بكەین. هەرچۆنێك بێت، بە هەزار قوڕبەسەرى و دەردەسەرى خۆم گەیاندەوە كوردستان.

 

 

 

محه‌مه‌د مه‌م چیرۆكنوس

دواى ڕاكردنم بۆ جارێكى دیكە لە سەربازى و هاتنەوەم بۆ هەولێر، بە پەنادزە و لێرە و لەوێ پەیوەندیم لەگەڵ نوسەران دەستی پێ كردەوە. ئەوە بوو لە ڕێگاى كاك (ئیسماعیل بەرزنجی)یەوە زانیم مامۆستا (مەم) نەخۆشە و (مەم)یش هەواڵی هاتنەوە (هەولێر)ی منى پێگەیشتبوو، بەڵام چونكە نەخۆش بوو لە ڕێگاى كاك (ئیسماعیل بەرزنجی)یەوە هەواڵی ناردبوو كەوا پێی خۆشە سەردانى بكەم. دیسان چوومەوە ماڵی (مەم) و سەردانم كرد و ئەوسا باسی (كاروان و سەگوەڕ)ی خۆی كرد و پاشتریش زۆر باسی ئەدەب و چیرۆك و كورد و نوسەرانمان كرد. دواتر كاك (سەباح ڕەنجدەر)یش پەیوەندی پێوە كردمەوە و هەفتانە، یان من سەردانى ئەوم دەكرد، یان ئەو سەردانى منى دەكرد.

ڕاستییەكەى لەسەرەتاى هەشتاكاندا ڕۆژانى زۆر ناخۆشمان بە ڕێ كرد. ئەوسا (سەباح رەنجدەر) لە كۆڵانەكەى خۆیان، دوكانێكی بچووكی هەبوو، بە ڕەنجی شانى نانى خۆی و دایك و برا و خوشكى پەیدا دەكرد، چونكە كاتێك ئەوم ناسی، بەداخەوە باوكى كۆچی دوایی كردبوو. هاتوچۆى نێوانمان لە ترسی گیران و ڕاوەدوونانى چەتەكانى (بەعس) هەر بە پێیان بوو. زۆرجاران كۆڵانە و كۆڵان بەناو گەڕەكی (سەیداوە)دا دەهاتینە بن قەڵات، یان چایخانەى (مەچكۆ) و جاروبار لەوێ یەكترمان دەبینی و كاتى بینینى پاشترمان دادەنا.

 

 

 

زۆرجاران كاك (سەباح) پیاوەتى ئێوە و بنەماڵەى ئێوەم لە بیرە كەوا دواى بەربوونم لە زیندانى (بەعس) و ڕاكردنەوەم لە كێڵگە مینەكانى (فاو) و بڕیاری نەكردنى سەربازیم بۆ (بەعس)، بە حوكمى ئەوەى كاك (عەباس)ى خوالێخۆشبووى برات پۆلیس بوو، لە (بەشى جموجۆڵی پۆلیسی هەولێر) بوو، هەواڵت پێداوم كەوا كام گەڕەك لە هەولێر دەكەوێتە بەر شالآوى پشكنین. منیش چیم پێكراوە بە برادەرانی خۆمم گوتووە، لە پشكنینی گەڕەكەكان ئاگادارم كردوونەتەوە و بەوەش زۆرجار گیانى من و گیانى دەیان برادەر لە كەوتنە چنگ چەتەكانى (بەعس)و نۆكەرانى (بەعس) پاراستووە. تەنانەت جارێكیش چاكم لە بیرە برادەرێكم گیرابوو كاك (عەباس)ى برات لەبەر خاتری من وای كرد رزگارى ببێت.

 

 

ڕۆژ لەدواى ڕۆژ برادەرایەتیمان بەهێز دەبوو، ئەوە بوو لە یەكێك لەو یەكتر بینینانەدا پێت گوتم كەوا شیعر دەنووسیت و دیوانە شیعرێكى دەستنووسیشت هەیە بەناوى (زێوان). دواتر ئەگەر هەڵە نەبووبم ساڵی 1987 بوو پێت گوتم كەوا لە (دەزگاى سانسۆری كتێب) لە (بەغدا) سێ جار لەسەر یەك ڕەفز كراوەتەوە. منیش لەوبارەیەوە لە چایخانەى (مەچكۆ) قسەم لەگەڵ خوالێخۆشبوو (مەحموود زامدار) كرد، ئەویش دواى چەند مانگێك بۆی لە (دەزگاى سانسۆری كتێب) دەرهێنایت. باشە ئەوە دیوان دەرچوو، خۆ پارەى چاپكردن لە تواناى گەنجێكی تازە پێگەیشتووى بێ مووچەی (هەولێر)دا نەبوو.

 

لەو سەرودەرەدابوو منیش وەرگێڕانى (وێنەى هونەرمەند لە تافی لاویدا)ى (جێمس جۆیس)م لە (دەزگاى سانسۆری كتێب) دەرچوو بوو، لە بیرتە پێكەوە چووینە (ئەمیندارێتى رۆشنبیری و لاوان – ناوچەى ئۆتۆنۆمى) و لەوێ لاى كاك (سەعید یەحیا خەتات) كتێبەكەى تۆم لەگەڵ وەرگیڕانەكەى خۆم پێشكەش ئەوێ كرد بۆ وەرگرتنى (پشتگیری چاپ) و دواتر چاكم لە بیرە كەوا پسپۆری هەڵسەنگاندنى دیوانە شیعری (زێوان) مامۆستای شاعیر (حەسیب قەرەداخی)ی خوالێخۆشبوو بوو.

 

 

دواى نیوەڕۆ بوو، وابزانم دەوروبەرى كاژێر 2:15 بوو، بە پەنادزە سەرێكم لە (چایخانەى مەچكۆ) دا، دواى سلآوكردن كاك (تەحسین مەچكۆ)ى خاوەن چایخانەكە پێی گووتم ئەو پیاوەى ئەوێ ناناسیت، منیش دیاربوو بە خزمەت مامۆستا (حەسیب قەرەداخی) نەگەیشتبووم، چوومە خزمەتى و خودالێخۆشبوو (تەحسین مەچكۆ) پێكى ناساندین. مامۆستا (حەسیب قەرەداخی) پیاوێكى جوانى قسەخۆش بوو، وابزانم ئەوسا لە كۆتایی پەنجاكانى تەمەنیدا بوو. دواى یەكترناسین لێی پرسیم: “(ئازا)ی كوڕم ئەناسیت؟”
منیش گوتم: “بەڵێ. فەرموو چیت پێویستە، لە خزمەتتام؟”
گوتى: “ئەوە كاژێرێك زیاترە لێرە دانیشتووم و ماڵی (ئازا)ى كوڕم پێ نازانم. ئەگەر تۆ دەزانى لە كوێیە، زەحمەت نەبێت بمگەیەنیتە ماڵەكەى.”
منیش گوتم: “بەڵێ پێی دەزانم و (ئازا) برادەرمە. بە چاوان. فەرموو .”

 

زێوان – سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ئەوسا ماڵی (ئازا) لە شوقەیەكی لاى (شەقامى پزیشكان)ى لاى (فلكەى شێخ مەحموود) بوو. بۆیە بە پێیان كەوتینە ڕێ. مامۆستا جانتایەكی دەستى پێ بوو، هەستم كرد بۆ ئەو گرانە، چونكە پێی گوتم ئەگەر دوورە بە تاكسی بچین، منیش جانتاكەم لێی وەرگرت و كەوتینە ڕێ و پێم گووت ماڵی كاك (ئازا) ئەوەندە دوور نییە و پێویست بە تاكسی ناكات. بەلآم ڕاستییەكەى من ڕاكردووى سەربازی بووم، نەدەوێرام سوارى تاكسی بم، بۆیە هەموودەم بۆ من بە پێیان باشتر بوو.

لە ڕێگا مامۆستا لێی پرسیم: “(سەباح رەنجدەر) دەناسیت؟”
گوتم: “بەڵێ. برادەریشمە. بەلآم بۆ دەپرسیت؟”
گوتى: “شیعرەكانى زۆر ئاڵۆزن و ئەو برادەرە زۆر لە ڕێرەوى شیعری كوردی لایداوە.”
منیش گوتم: “(سەباح رەنجدەر) گەنجێكى تازە هەڵچووە، خۆ ناكرێت نەوەى نوێ وەكو نەوەى كۆن بنووسێت. ئەگینا هەموو شتەكان بێتام دەبن و دەبنە دووبارە. با هەركەسە و شێوازى خۆی هەبێت.”
دیاربوو مامۆستا (حەسیب قەرەداخی) پسپۆری هەڵسەنگاندنى شیعرەكانى (سەباح ڕەنجدەر) بوو، دەیەویست لە نزیكەوە زانیاری لەبارەى خاوەنى ئەو دیوانە بزانێت، بۆیە دواى گەیاندنى مامۆستا بە ماڵى كاك (ئازا)ى كوڕی بە مامۆستام گووت: “حەز دەكەیت لە نزیكەوە خاوەنى دیوانى (زێوان) بناسیت؟”
مامۆستا (حەسیب قەرەداخى) گوتى: “بۆ نا؟”
گوتم: “دواى دوو كاژێری دیكە لەگەڵ كاك (سەباح ڕەنجدەر) دێینەوە خزمەتت.”

 

وابزانم ئەو دەمەى خواحافیزیم لە مامۆستا كرد، كاتەكە نزیكەى ببووە (3:00)ى دواى نیوەڕۆ. هەڵكوت هەڵكوت بە پێیان لە (شەقامی پزیشكان)ەوە بە كەمتر لە كاژێرێك، خۆم لەناو گەڕەكى (بەلاشاوە)، لە دوكانەكەى كاك (سەباح ڕەنجدەر) دیتەوە. لەوێشەوە هەڵتەك هەڵتەك لەگەڵ كاك (سەباح رەنجدەر) بە پێیان كەوتینە ڕێ تا گەیشتینەوە ماڵەكەى كاك (ئازا) و لاى مامۆستا (حەسیب قەرەداخی) بەڕێز.
هەر دواى دەرگا كردنەوە گوتم: “مامۆستا، فەرموو ئەوەش كاك (سەباح رەنجدەر)؟”
دواى یەكترناسینی كاك (سەباح رەنجدەر) و شاعیرى گەورەى كورد مامۆستا (حەسیب قەرەداخی)، من لە هاوكێشەی شیعربوون و شیعرنەبوون هاتمەدەرەوە، ئەوەم بۆ هەردوو برای شاعیر بەجێهێشت و هەردووكیان بۆ ماوەى پتر لە كاژێرێك لە ماڵەكەى (ئازا) كەوتنە گفتوگۆ. قسەكان زۆر بوون و تەواو نەدەبوون، ئەوە بوو بڕیاریان دا بچنە (یانەى فەرمانبەران) و ئێوارەكەى ئەو ڕۆژە لەوێوە سەرلەنوێ باسی شیعر و ناشیعر، باسی چۆنیەتى بەكارهێنانى زمان لە شیعردا، باسی بابەتى ناوەڕۆكی شیعر، باسی وێنەى شیعری سادە و ئاڵۆز و چەندان بابەتى دیكە بكەن.

من تا بەردەرگاى (یانەى فەرمانبەران) لەگەڵیان چووم، بەلآم چونكە ڕاكردووى سەربازى بووم و زۆریش نەبوو لە چنگ زیندان ڕزگار ببووم، بۆیە دەترسام نەوەك یەكێك لەوێ بمبینێ و وەكو جاری جاران زمانم لێ بدرێت و بكەومە داوەوە، بۆیە داواى لێبووردنم لە هەردووكیان خواست و بە پێ بەرەو ماڵ چوومەوە. ئیتر ئەو ئێوارەیە چۆن كاك (سەباح رەنجدەر) و مامۆستا (حەسیب قەرەداخی) گەیشتبوونە لێك تێگەیشتن كەوا دیوانى (زێوان) شایەنى پەسەندكردن و چاپكردنە، ئەوا من نایزانم، بەلآم دڵنیام ئێوارەكەى زۆر قسەیان لەبارەى دنیای پاكی شیعر كردووە، چونكە مامۆستا (حەسیب قەرەداخى) پیاوێكی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و شیعرناس بوو. قسەكانى بەڕێ و جێ و دیالیكتیكیانە و سەلمێنەر بوون. بەداخەوە، من هەر ئەو جارە بە خزمەتى ئەو زاتە گەیشتووم، لەو ماوە كورتەدا زانیم (حەسیب قەرەداخی) كەسێكە بە زەمینەیەكی گەورەی زانیارییەوە لەناو گۆڕەپانى ئەدەبی كوردییە.

 

دواى پەسندكردنى دیوانى (زێوان) بڕیاری لە چاپدانى دیوانەكە درا لەسەر بودجەى (ئەمیندارێتى رۆشنبیری و لاوان -ناوچەى ئۆتۆنۆمى)، دەبوایە كتێبەكە بۆ چاپكردن بۆ شارى (سلێمانى) یان بۆ (بەغدا)، بنێردرێت، چونكە ئەوسا تواناى چاپكردنى كتێب لە شارى (هەولێر) زۆر كەم و سنووردار بوو. كاك (سەباح رەنجدەر) نەیدەزانى چی بكات، بەلآم چونكە من پێشتر لە (بەغدا) خوێندبووم و ژیابووم، خەڵكیشم زۆرتر دەناسی و كتێبی (مردنى دێوەرەیەك)یشم پێشتر چاپ كرد بوو، بۆیە پێم گوت: “ئەوەش ئاسانە و ئەگەر پێتخۆش بێت من (وێنەى هونەرمەند)م بە كاك (نازم دڵبەند) داوە تا سەرپەرشتى چاپكردنیم بۆ بكات، هی تۆش هەر بەودا دەنێرین چاپ بكرێت؟”

سەرەنجام، ئەوە بوو كتێبی (زێوان) درا كاك (نازم دڵبەند) و ئەویش سەرپەرشتی كتێبەكەى كرد و لە ساڵی (1988)دا بە چاپ گەیشت. لێرە بۆیە ئەو شتانەم باسكرد چونكە هەستم كرد لەو بابەتەى بە ناوونیشانى “لە ئاهەنگی بیست ساڵەى زیۆاندا” كەوا وەكو پێشەكی بۆ بلآوكردنەوە ئەلیكترۆنیە (PDF)ەكەدا لە حوزەیرانى (2008)دا لە سایتى (دەنگەكان)دا بلآوكراوەتەوە. دواتر گوازراوەتەوە سەر سایتى (كوردپیدیا)، ئەو بەشە زانیارییانەى سەرەوە لەبیركراون، ئەگینا دەزانم ئێوە چەند ڕاستگۆ و دڵسۆز و بەئەمەكن، هەرگیز چاكەى كەس لە بیر ناكەن.

ئەگەر بمەوێت چەندان بیرەوەرى دیكەى ڕۆژانى خۆش و ناخۆش لە نێوانمان هەن دەكرێ باسیان بكەم، بەڵام چونكە ئەوانە پەیوەندیان بە هەندێك لایەنى ڕۆشنبیری و كەسایەتى رۆشنبیری میللەتەكەمانەوە هەبوو، ئەوانیش رۆڵی جوان و چاكیان بینیوە لە یارمەتیدانى گەنجێكی تازەهەڵچوودا، بۆیە زیاتر تیشكم خستەسەر ئەوانە. ئەوانى دیكە با بۆ كاتێكی دیكە و بۆنەى دیكە بمێنن. هەر بەرز و سەرفراز بێت برایەتى و برادەرایەتیمان، بە هیوام زۆر لەوە بەرەو پێشتر بچیت و هەر سەركەوتوو بن.

 

د. ئازاد حەمە شەریف
1/1/2020 هەولێر

 

 

 

 

كولتور مه‌گه‌زین؛  بۆ داگرتنی دیوانی زێوان و كاره‌ شیعرییه‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر كرته‌ بكه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه‌و كوردپدییا

https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=2010121608555012874&lng=10

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌