پێشه‌کی
فه‌لسه‌فه به‌رهه‌می هزر و بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه. هزری مرۆڤ وه‌ک به‌هره‌یه‌کی جیاکه‌ره‌وه‌ی له زیندووه‌کانی تر؛ به‌رده‌وام له گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندندایه، به‌م پێیه فه‌لسه‌فه‌ش وەک بەرهەمێکی هزر، به‌رده‌وام له پێشکه‌وتن و نێبوونه‌وه‌دایه. ئه‌م په‌ره‌سه‌ندن و نوێبوونه‌وه‌یه‌ش ده‌توانین له قۆناغه جیاوازه‌کانی مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا ببینینه‌وه، هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه تاوه‌کو ئه‌مڕۆ.
له سه‌ده‌ی هه‌ژده و بە دەرکەوتنی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی “ئیمانوێل کانت” (1724-1804)، فەلسەفە پێی نایە ناو قۆناغێکی نوێ، بەوەی کانت توانی تیۆر و میتۆدێکی نوێ پێشکه‌ش بکات و کاریگه‌ری گه‌وره بکاته سه‌ر بیرمه‌ندانی دوای خۆی، به‌شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری و گرنگی فه‌لسه‌فه‌که‌ی کانت هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه.
یه‌کێک له لایه‌نه پڕبایەخەکانی فه‌لسه‌فه‌ی کانت بریتیه له ڕه‌خنه‌گرتن و دواتر دامه‌زراندنی “ڕێبازی ڕه‌خنه‌یی” که لایه‌نێکی گرنگی فه‌لسه‌فه‌ی کانته، به‌شێوه‌یه‌ک گه‌ر بمانه‌وێ له هزری کانت و به‌تایبه‌ت لایه‌نی ئیپستمۆلۆجیه‌که‌ی تێبگه‌ین، ئه‌وا ده‌بێت له هه‌ڵوێسته ڕه‌خنه‌گرانه‌که‌ی کانت تێبگه‌ین.
کورته‌ی ژیان و گرنگترین به‌رهه‌مه‌کانی
ئیمانوێل کانت، یه‌کێکه له ناوه به‌رز و دیاره‌کان له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا، ئه‌م فه‌یله‌سوفه به ڕه‌گه‌ز ئه‌ڵمانیه له ڕۆژی 22 ی ئه‌پریلی ساڵی 1724 ی زایینی، له شاری کونگسبێرگ Königsberg پایته‌ختی پروسیا، له دایکبووه. هه‌روه‌ها له هه‌مان شوێن و له ڕۆژی 12 ی فێبریوه‌ری ساڵی 1804، کۆچی دوایی کردووه.
کانت له خێزانێکی ئایینی و به‌ڕێز و له هه‌مان کاتدا هه‌ژار په‌روه‌رده بووه، باوکی زین دروو بووه. “کانت له‌ناو خێزانه‌که‌یدا ته‌نیا بنه‌ماکانی ئه‌خلاق و ئاین فێرنه‌بووه، به‌ڵکو چاوی به خۆشویستنی سروشت و مه‌عریفه هه‌ڵهێناوه، چونکه زۆرجار دایکی که ناوی (ئانا ڕۆجینا ڕۆته‌ر)بوو، له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد بۆ گه‌ڕان به‌ناو شاردا بۆ ئه‌وه‌ی چاوی به جوانی سروشت و ئه‌و سیستمه‌ی ئاسمان و زه‌وی شاد بێت، هه‌روه‌ها هه‌وڵی لێکدانه‌وه‌ی دیارده‌کانی ده‌دا بۆ کانت، به‌گوێره‌ی ئه‌و مه‌عریفه و زانستانه‌ی که وه‌ریگرتبوو.”[1] ئه‌م شێوازی په‌روه‌رده‌کردنه‌ی دایکی کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر کانت هه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌ک که به‌وه ناسراوه که دایکی زۆر خۆشده‌وێت، کانت خۆی له‌باره‌ی دایکییه‌وه ده‌ڵێت: ” هه‌رگیز دایکم له‌بیر ناکه‌م، ئه‌و بوو یه‌که‌م تۆوی چاکه‌ی له‌مندا چاند و په‌روه‌رده‌ی کرد، هه‌روه‌ها دڵمی به ڕووی سروشتدا کرده‌وه، ئه‌و منی به ئاگا هێنایه‌وه و بیرکردنه‌وه‌کانمی فراوانکرد.”[2]
کانت له ته‌مه‌نی هه‌شت تا پانزده ساڵی له خوێندنگای ئایینی ده‌خوێنێت، له‌م قۆناغه‌دا ئاین سه‌رتاپای ژیانی کانت داگیرده‌کات، به‌ڵام پاش مه‌رگی دایکی، توشی خه‌مێکی زۆر ده‌بێت و ئه‌و قوتابخانه‌یه جێده‌هێڵێت، پاشان له شانزده ساڵی ده‌چێته زانکۆی کونگسبێرگ، له‌وێ وانه‌کانی ماتماتیک، فیزیک، فه‌لسه‌فه، تیۆلۆجی، هه‌روه‌ها ئه‌ده‌بی کلاسیکی لاتینی ده‌خوێنێت. له ماوه‌ی خوێندنیدا له زانکۆ، ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌ک په‌یدا ده‌کات به ناوی مارتن کنوچن Martin Knutzen (1713–1751) ، ئه‌م مامۆستایه هاوکاری کانت ده‌کات بۆ تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فه‌ی کریستیان ولف و لایبنیتس و بۆچوونه زانستیه‌کانی نیوتن، هه‌روه‌ها رێگا به کانت ده‌دات که کتێبخانه‌که‌ی به‌کار بهێنێت و کتێبه‌کانی بخوێنێته‌وه، که ئه‌مه کانت هان ده‌دات زیاتر شه‌یدای فه‌لسه‌فه و زانست ببێت.
له ساڵی 1746 زانکۆ به‌جێ دێڵێ و ده‌ست ده‌کات به توێژینه‌وه و نوسین، له‌م ماوه‌یه‌دا نوسینه‌کانی زیاتر زانستی بوون وه‌ک له‌وه‌ی فه‌لسه‌فی بن. پاشان له 1755 ده‌بێته وانه‌بێژ و وانه‌بێژی ده‌کاته پیشه‌یه‌ک بۆ بژێوی، له‌م ماوه‌یه‌دا وانه‌کانی لۆجیک و فیزک و ئاکار و میتافیزک و هه‌روه‌ها زۆرێک له بابه‌ته زانستیه‌کانی تریش ده‌داته‌وه.
له 1770 ده‌بێته مامۆستا و پرۆفیسۆری لۆجیک و میتافیزیک له زانکۆی کونگسبێرگ، هیچ یه‌کێک له خوێندکاره‌کانی و هاوسه‌رده‌مه‌کانی پێشبینی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌کرد که رۆژێک ئه‌م مامۆستا کورته باڵا و هێمن و له‌سه‌رخۆیه؛ ببێته دامه‌زرێنه‌ری تیۆرێکی فه‌لسه‌فی نوێ و مه‌زنی وا که جیهان بهه‌ژێنێت، ته‌نانه‌ت کانت خۆشی له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بوو که نوسین و بیروباوه‌ڕه‌کانی به‌وشێوه‌یه په‌سه‌ند بکرێت و ده‌نگ بداته‌وه. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی شاره‌زاییه‌کی ته‌واو په‌یدا ده‌کات له فه‌لسه‌فه‌ی پێش سه‌رده‌می خۆی و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی، ده‌ست ده‌کات به نوسینی گرنگترین کتێبه‌کانی و قۆناغێکی نوێ له هزر ده‌خوڵقێنێت.[3]
کانت له ماوه‌ی ژیانیدا گه‌لێک نوسین و کتێبی زانستی و فه‌لسه‌فی ده‌نوسێت، به‌ڵام هه‌ره گرگترین کتێبه‌کانی که تیایاندا ڕوانینێکی فه‌لسه‌فی نوێ ده‌هێنێته ئاراوه، بریتین له سێ کتێب:
-
ڕه‌خنه‌کردنی عەقڵی پەتی Critique of Pure Reason:
-
Kritik der reinen Vernunft
به‌رگی یه‌که‌می له 1781 بڵاو کرده‌وه و به‌رگی دووه‌میشی له 1787. له‌م کتێبه‌دا بابه‌تی تیۆری زانین و میتافیزیک به گشتی کراون به بابه‌تی توێژینه‌وه.
-
ڕه‌خنه‌کردنی عەقڵی پراکتیکی Critique of Practical Reason:
له 1788 بڵاو کراوه‌ته‌وه، بابه‌تی ئاکار و کردار و ڕه‌فتار ئه‌و که‌ره‌سه‌یه بووه که کتێبی ڕه‌خنه‌کردنی ژیری پراکتیکی تاووتوێی کردووه.
-
ڕه‌خنه‌کردنی توانای بڕیاردان Critique of Judgment:
له 1790 بڵاو کراوه‌ته‌وه، له‌م به‌رهه‌مه‌دا لایه‌ک له هونه‌ر و جوانی و ڕه‌خنه‌ی ئیستاتیک کراوه‌ته‌وه.[4]
خه‌سڵه‌ته‌کانی هزری کانت
سه‌رده‌می مێژوویی و فه‌لسه‌فی کانت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌ندین بزاوت و ڕێبازی فه‌لسه‌فی له ئارادابوون، له گرنگترین و دیارترین ئه‌و ڕێبازه فه‌لسه‌فیانه: ڕێبازی عەقڵ خوازی Rationalism، لای دیکارت و سپینۆزا و لایبنیتس. ڕیبازی ئه‌زموونی Empiricism، لای فرانسیس بیکۆن و پاشان له لای لۆک، بێرکلی، هیوم. هه‌روه‌ها ڕێبازی ڕۆشنگه‌ری فه‌ره‌نسی.[5]
سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌م ڕێبازانه، کانت توانی ڕێبازێکی نوێ لە هزردا بهێنێتە کایەوە، ڕێبازێک که تێیدا خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به خۆیه‌تی و جیا دەبێتەوە له ڕێبازه‌کانی پێش و پاشی خۆی، کانت ئه‌م خه‌سڵه‌تانه ده‌کاته شێواز و ده‌ستوورێکی تایبه‌تی خۆی و له تێکڕای ژیان و فه‌لسه‌فه‌که‌یدا په‌یڕه‌وی لێکردووه:
-
ڕه‌خنه‌گرتن: ڕه‌خنه‌گرتن له فه‌لسه‌فه‌ی کانتدا خه‌سڵه‌تێکی گرنگ و سه‌ره‌کییه، “کانت له‌و باوه‌ڕه‌دا بووه که ڕه‌خنه‌گرتن ئامرازێکی سه‌ره‌کی فه‌لسه‌فه‌یه و ده‌بێ هه‌موو بابه‌ت و لایه‌نێک بگرێته‌وه و ڕه‌خنه‌گرتنیش ته‌نیا هه‌ر ڕه‌خنه‌کردنی کتێب و نووسراو و ڕژێم و سیستمه‌کان نییه، به‌ڵکو ئایین و قانوون و ژیریش به‌خۆی و هێز و تواناکانی لێی به‌ده‌ر نین. کانت گوتوویه‌تی: ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان به‌تایبه‌تی سه‌رده‌می ڕه‌خنه گرتنه، که ده‌بێ هه‌موو شتێک بگرێته‌وه. ئایین به سایه‌ی پاکی و پیرۆزییه‌که‌یی و قانوون ڕۆنان به‌هۆی شکۆمه‌ندییه‌که‌یه‌وه ده‌خوازن لێی به‌ده‌ر بن، به‌ڵام به‌مه‌یان گومان و گازنده‌ی شایسته دژی خۆیان ده‌ورووژێنن و ناتوانن ئه‌و مافه‌یان هه‌بێ داوابکه‌ن ئه‌و ڕێزگرتنه ڕه‌وایه ڕاست و دروسته‌یان پێ ببڕێ که ژیر ته‌نیا هه‌ر به‌وانه‌ی ده‌به‌خشێ که له تاقی کردنه‌وه ئازاد و ئاشکراکه‌یدا ده‌رده‌چن.”[6]
گرنگی و جیاوازی سه‌ره‌کی کانت له‌م خه‌سڵه‌ته‌دا ئه‌وه‌یه؛ کانت نه‌ک ته‌نیا دیارده و هزره‌کانی پێش خۆی ڕه‌خنه ده‌کات، به‌ڵکو ڕه‌خنه له خودی ئه‌قڵیش ده‌گرێت و ئه‌قڵ ناخاته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ڕه‌خنه، به‌ڵکو ئه‌قڵیش به شیاوی ڕه‌خنه‌کردن ده‌زانێت.
-
نه‌زم و ڕێکوپێکی: “کانت له سنوور به‌ده‌ر بڕوای به ڕێکوپێکی و نه‌زم هه‌بوو، جا ئه‌و ڕێکوپێکیه له سروشت و ده‌وروبه‌ردا بێ یان له به‌رهه‌می بیر و هزری مرۆڤدا. کانت گوتوویه‌تی: دوو شت هه‌میشه و به‌رده‌وام ناخی ده‌روونم پڕده‌که‌ن له ڕێزلێنان و په‌سه‌ندکردن؛ ئاسمانی پڕ له ئه‌ستێره له سه‌رمه‌وه. قانوونی ئاکار له ناخی ده‌روونمدا.”[7]
لێره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت؛ بۆ کانت گه‌ردوون و مرۆڤ خاوه‌نی سیسته‌مێکی ڕێکوپێکن، وه‌ک چۆن گه‌ردوون به‌شێوه‌یه‌کی سیستماتیک نه‌خشێنراوه و ده‌جوڵێت، به‌هه‌مان شێوه مرۆڤیش خاوه‌نی به‌رنامه‌یه‌کی سیستماتیکه.
-
توانا و سنوری ژیر (ئه‌قڵ): خه‌سڵه‌تی سێیه‌م له فه‌لسه‌فه‌ی کانتدا ئه‌وه‌یه که تواناکانی ئه‌قڵ سنوردارن، ئه‌قڵ ڕه‌ها و بێ سنور نیه تا هه‌موو شتێ بزانێ به‌ڵکو “ژیری مرۆڤ چاره‌نووسێکی دیار و ده‌ستنیشانکراوی هه‌یه که له سروشتی هێز و توانا و پێکهاته‌که‌یه‌وه که‌وتۆته‌وه… هه‌روه‌ها ژیریش خۆی له که‌وتنه نێو گه‌رداوی ناکۆکی و ناته‌بایی و ته‌مومژاوی به دوور نییه.”[8]
وه‌رچه‌رخانی کۆپه‌رنیکۆسیانه
وه‌رچه‌رخانی کۆپه‌رنیکۆسی، یه‌کێکه له‌و وه‌رچه‌رخانه مه‌زنانه‌ی که زانست له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر ده‌ستی زانای ئه‌ستێره‌ناس کۆپه‌رنیکۆس Nikolaus Kopernikus (1473-1543) به‌خۆیه‌وه بینیووه، ئه‌م وه‌رچه‌رخانه شۆڕشێکی زانستی بوو به‌سه‌ر هزری باوی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، کاتێک باوه‌ڕیان وابوو که زه‌وی چه‌قی گه‌ردوونه و هه‌روه‌ها زه‌وی جێگیره و خۆر و هه‌ساره‌کانی تر به ده‌وریدا ده‌خولێنه‌وه. به‌ڵام کۆپه‌رنیکۆس ئه‌م باوه‌ڕه‌ی پوچه‌ڵکرده‌وه و سه‌لماندی که هاوکێشه‌که ته‌واو پێچه‌وانه‌یه، واته؛ خۆر چه‌قی گه‌ردوونه و زه‌وی و هه‌ساره‌کانی تر به ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێنه‌وه.[9]
کانت هه‌وڵیدا فه‌لسه‌فه و به‌تایبه‌ت میتافیزک گه‌شه پێبدات، بۆ ئه‌م گه‌شه‌کردنه‌ش وه‌رچه‌رخانێک یان شۆڕشێکی به‌سه‌ر هزره فه‌لسه‌فیه‌کانی پێش خۆی به پێویست ده‌زانی، سه‌رئه‌نجامیش توانی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه بکات و هه‌رخۆی وه‌رچه‌رخانه‌که‌ی به‌وه‌ی کۆپه‌رنیکۆس چواند، به‌ڵام ئه‌مه‌ی کانت فه‌لسه‌فی بوو نه‌ک زانستی. وه‌رچه‌رخانه فه‌لسه‌فیه‌که‌ی کانت به‌م شێوه‌یه بوو:
له پێشتردا له پرۆسه‌ی زانیندا ده‌وترا (بابه‌ت) چه‌قی زانینه و ئه‌قڵ به ده‌وری بابه‌تدا ده‌سوڕێته‌وه و (بابه‌ت) ئه‌قڵ ئاراسته ده‌کات. به‌ڵام کانت ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی پێچه‌وانه کرده‌وه و وتی (ئه‌قڵ) سه‌نته‌ره و بابه‌ته‌کان به ده‌وری ئه‌قڵدا ده‌سوڕێنه‌وه، واته؛ بابه‌ت ئه‌قڵ ئاراسته ناکات، به‌ڵکو ئه‌قڵ بابه‌ت ئاراسته ده‌کات. هه‌روه‌کو کانت ده‌ڵێت: “تاوه‌کو ئێستا مرۆڤ وای داناوه که پێویسته زانینمان هه‌مووی به‌پێی بابه‌ته‌کان- شمه‌که‌کان ئاراسته ببێ،… با جارێک هه‌وڵبدرێت ئایا له کاروباری میتافیزیکیدا به‌شێوه‌یه‌کی باشتر به‌ره‌و پێش ناچین ئه‌گه‌ر وای دابنێین که شمه‌که‌کان- بابه‌ته‌کان خۆیان به پێی زانینی ئێمه ئاراسته بکه‌ن،… ئه‌وه وه‌ک یه‌که‌مین بیرۆکه وایه که بۆ کۆپه‌رنیکۆس هاتووه.”[10]
“لێره‌وه وه‌رچه‌رخانه‌که‌ی کانت ده‌بینین که ناوی ناوه ‘وه‌رچه‌رخانی کۆپه‌رنیکی’، واته گۆڕینی هزرۆکه‌ی گونجاندنی نێوان سه‌بژێکت و ئۆبژێکت… کانت له جێگه‌ی ئه‌وه‌ی بڵێت ئاوه‌ز [ئه‌قڵ] له ده‌وری ئۆبژێکته‌کان ده‌خولێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیانزانێت، ئاشکرای کرد که پێویسته بڵێین ئه‌وه شته‌کان و ئۆبژێکته‌کانن که له ده‌وری ئاوه‌ز ده‌خولێنه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ یاساکانیدا بگونجێنن و بچنه ژێر شێوازه‌که‌یه‌وه بۆ تێگه‌یشتن له ڕێی یاساکانی و ئه‌و وێنا کردن و گریمانانه‌ی که ئاوه‌ز له‌لای خۆی له لێڕوانینه شوێنکاتیه‌که‌یدا دایڕشتوون.”[11]
“کانت به ڕاشکاوی ڕۆڵی خودی مرۆڤ له پرۆسه‌ی شت زانیندا کارا ده‌کات و ده‌یخاته پێش بابه‌ته‌کانه‌وه. ئه‌گه‌ر پێشتر واگریمانه کرابێ بابه‌ته‌کانی ده‌وروبه‌ر، شمه‌ک کار له هه‌سته‌کانمان ده‌که‌ن و ده‌یان ورووژێنن و ڕۆڵی گرینگ به بابه‌ت درابێ، کانت ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ی به‌راواژوو کردۆته‌وه و خودی مرۆڤی هێناوه‌ته پێشه‌وه. له‌و ڕه‌وشه‌شدا چۆن کۆپه‌رنیکۆس مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌کی له زه‌وی ستاندۆته‌وه، به‌هه‌مان شێواز کانت ڕۆڵی جاران به شمه‌ک به‌خشراوی لاداوه و ژیری هێناوه‌ته کایه‌وه کردوویه‌تی به سه‌رپشک.”[12]
Aufklärung ist der Ausgang des Menschen aus seiner selbst verschuldeten Unmündigkeit
به‌م شێوه‌یه کانت، فه‌لسه‌فه‌که‌ی به ڕه‌خنه‌کردنی فه‌یله‌سوفان و ڕێبازه فه‌لسه‌فیه‌کانی پێش خۆی ده‌ستپێده‌کات و به توانا و لێهاتووییه‌کی به‌رز، هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی گرفت و که‌موکورتیه‌کانیان ده‌دات و له هه‌وڵدایه بۆ دامه‌زراندنی ڕێبازێکی فه‌لسه‌فی ڕه‌خنه‌ییانه؛ که بتوانێت گه‌شه به هزری فه‌لسه‌فی بکات و بیباته پێشه‌وه‌ی ئاستی زانسته‌کانی تر.
ڕێبازی ڕه‌خنه‌یی
ڕێبازی ڕه‌خنه‌یی، ڕێبازێکی فه‌لسه‌فی نوێبوو له‌سه‌ر ده‌ستی کانت دامه‌زرا، ئه‌م ڕێبازه به‌ده‌ر نیه له کاریگه‌ری و په‌یوه‌ندی به ڕێبازه‌کانی پێش سه‌رهه‌ڵدانی، به‌ڵکو به‌رهه‌می ئه‌و تێگه‌یشتن و کاردانه‌وه‌یه‌یه که دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی به‌رامبه‌ر ئاراسته و ڕێبازه‌کانی تر هه‌یبوه، که گرنگترینیان ڕێبازی ئه‌زموونی و ڕێبازی ئه‌قڵی بوون، که هه‌ردووکیان له ململانێدا بوون و له‌گه‌ڵ یه‌کدی ناکۆک بوون، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت بابه‌ته‌کانی ئیپستیمۆلۆجی.[13] “بانگه‌شه‌که‌رانی ئاراسته‌ی ئه‌قڵی پرۆسه‌ی زانینیان به ته‌واوی ده‌گێڕایه‌وه بۆ عه‌قڵ، به‌وپێیه‌ی عه‌قڵ به‌ته‌نیا، بنه‌ڕه‌ت و سه‌رچاوه و ئامرازی زانینه. بانگه‌شه‌که‌رانی ئاراسته‌ی ئه‌زموونی وه‌زیفه‌ی عه‌قڵیان بۆ چالاکی ڕێکخستنانه کورت ده‌کرده‌وه، و پێیان وابوو که عه‌قڵ ته‌نیا هه‌ڵده‌ستێ به جیاکردنه‌وه و ڕێکخستن و تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌و پێدراو و زانیاریانه‌ی که مرۆڤ به‌ده‌ستیان دێنێ، به‌هۆی هه‌سته‌کان یان ئه‌زموونی هه‌ستی یه‌وه.
ئه‌م ناکۆکییه له‌باره‌ی ڕۆڵی عه‌قڵ و وه‌زیفه‌که‌یه‌وه، وای له بانگه‌شه‌که‌رانی هه‌ر ئاراسته‌یه‌ک کرد که له ناکۆکی و کێشمه‌کێشدا بێت له‌گه‌ڵ به‌نگه‌شه‌که‌رانی ئاراسته‌که‌ی تردا، هه‌تا فه‌یله‌سوفی دیاری ئه‌ڵمانی ئه‌ویش (ئیمانوێل کانت)ه، هات و هه‌وڵیدا میانه‌ی هه‌ردوو ئاراسته‌که یه‌کبخات، و جیاوازی نێوانیان بسڕێته‌وه له میانه‌ی دیاریکردنی بازنه‌ی یان بواری هه‌ر یه‌که له (عه‌قڵ) و (ئه‌زموون). کانت له بنه‌ڕه‌ت و له بوون و سنووری زانین، و مه‌رجه‌کانی دروستی زانینی کۆڵییه‌وه. هه‌وڵه‌کانی کانت له‌م ڕێگه‌یه‌دا بوو به‌هۆی قایمکردنی پایه‌کانی ئاراسته‌یه‌کی نوێ له فه‌لسه‌فه‌ی نوێ‌دا، که به (ئاراسته‌ی ڕه‌خنه‌یی) ناوبرا.”[14]
له‌م ڕێبازه نوێیه‌دا کانت بانگه‌شه‌ی کرد بۆ “ڕه‌خنه‌گرتنی عه‌قڵ و زانینی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی که حوکمه‌کانمان له‌سه‌ریه‌وه داده‌مه‌زرێن، تا له کۆتاییدا، بگه‌ینه حه‌قیقه‌ته‌کان، نه‌ک حه‌قیقه‌ته ڕه‌هاکان، به‌ڵکو ته‌نیا حه‌قیقه‌ته ڕێژه‌ییه‌کان، و له‌به‌رئه‌وه ئه‌و ئاراسته فه‌لسه‌فیه‌ی که کانت بانگه‌شه‌ی بۆکرد ناونرا (ئاراسته‌ی ڕه‌خنه‌یی)، چونکه له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتنی عه‌قڵه‌وه داده‌مه‌زرێ.”[15]
بۆئه‌وه‌ی بتوانین له تیۆری ڕێبازی ڕه‌خنه‌یی کانت تێبگه‌ین، پێویسته بیروبۆچوونه‌کانی هه‌ریه‌ک له ڕێبازی ئه‌زموونی و ئه‌قڵی ڕوونبکه‌ینه‌وه و پاشان هه‌ڵوێستی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی کانت بزانین له‌به‌رامبه‌ریاندا.
ڕێبازی ئه‌زموونی و ڕێبازی عه‌قڵ خوازی
ڕێبازی ئه‌زموونی Empiricism، له‌سه‌ر ده‌ستی فرانسیس بیکۆن دامه‌زرا، پاشان لای جۆن لۆک و جۆرج بارکلی په‌ره‌یپێدرا و لای د‌یڤید هیوم گه‌یشته لوتکه.[16] پوخته‌ی تیۆری زانین له‌م ڕێبازه‌دا بریتیه له‌وه‌ی: “زانینی مرۆڤ سه‌رجه‌م و به‌گشتی و له کۆتاییدا له تاقیکردنه‌وه و ئه‌زموونی هه‌ست و هه‌سته‌کیه‌وه په‌یدا ده‌بێت و ده‌که‌وێته‌وه… زانینی مرۆڤ به‌هیچ جۆر و شێوازێک پابه‌ندی چه‌ند بیرۆکه و بنه‌مایه‌کی زگماکی نابێ که له پێش ئه‌زموونه‌وه بێن و له ناخی مرۆڤدا بن. مێشکی مرۆڤ، تێگه‌یشتنی له لاپه‌ڕه‌یه‌کی سپی ده‌چێ و هیچی له‌سه‌ر نه‌نووسراوه، ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌ی ژیانی ڕۆژانه شتی له‌سه‌ر ده‌نووسن و تۆماری ده‌که‌ن.”[17] هه‌روه‌ها له‌باره‌ت توانای زانینی مرۆییه‌وه پێیان وایه “توانای زانینی مرۆڤ له خۆیدا سنورداره و پتر بڕناکات، خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و سنووره‌ی به‌زاند له چوارچێوه‌ی زانینی ڕاسته‌قینه‌ی گومان هه‌ڵنه‌گر ده‌چێته ده‌ره‌وه.”[18]
ڕێبازی عەقڵ خوازی Rationalism، ئه‌م ڕێبازه له دیکارته‌وه ده‌ست پێده‌کات و پاشان په‌لده‌کێشێ بۆ لای سپینۆزا و پاشان لایبنیتس. پوخته‌ی تیۆری زانین لای ئه‌م ڕێبازه ئه‌مه‌یه: “هزری ژیرانه تاکه سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی زانینه… زانین له تاقیکردنه‌وه و ئه‌زموونی هه‌سته‌کان ناکه‌وێته‌وه. هه‌ست جێگای دڵنیایی لێکردن نییه، به‌بێ ڕه‌وش و هه‌لومه‌رجی له ئارادابوو گۆڕانی به‌سه‌ردا دێ و ئه‌و داتا و زانیارییه‌ش ده‌یداته ده‌ست، ده‌گۆڕێن و گومانیان لێده‌کرێت. ده‌رگای به‌ڕووی ڕێبازی ڕێژه‌یی داده‌خرێت، چونکه ئه‌و زانین و زانیارییانه‌ی به‌هۆی هزری ڕووت و ژیره‌وه به‌ده‌ست دێن، به‌پێی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی ڕێبازه‌که ده‌بێ هه‌مه‌کی_گشتی و ناچاریی بن و ده‌رفه‌تی هیچ جۆر و شێوه‌یه‌کی ڕێتێچوون ناده‌ن… مرۆڤ له مێشک و هزر و ژیریدا چه‌ندین ڕاستی زگماکی هه‌یه که له‌پێش ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌وه دێن. وه‌ک کات، جێگا و چه‌مکی دیکه، ئه‌وانه هیچ په‌کیان له‌سه‌ر ئه‌زموون نه‌که‌وتووه.”[19]
هه‌ڵوێستی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی کانت
ئه‌وه‌مانزانی که ئه‌زموونیه‌کان (هه‌ست)یان به سه‌رچاوه‌ی زانین دانا و پێیان وایه زانینی ڕاسته‌قینه له‌ڕێی ئه‌زموونی هه‌ستیه‌وه ده‌بێت. ئه‌قڵیه‌کانیش (ئه‌قڵ)یان به سه‌رچاوه‌ی زانین دانا و بۆ ئه‌مان زانینی ڕاسته‌قینه له‌ڕێی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌قڵییه‌وه به‌ده‌ست دێت. ئێستا ده‌مانه‌وێ بزانین هه‌ڵوێستی کانت چی‌بوو له به‌رامبه‌ر بۆچوونه‌کانی ئه‌م دوو ڕێبازه ناکۆکه به‌یه‌کتر.
به‌بڕوای کانت، هه‌ردوو ڕێبازی ئه‌زموونی و ئه‌قڵی “له‌هه‌ندێ لایه‌ندا ڕاستن و له هه‌ندێ لایه‌نی تریشدا هه‌ڵه‌ن. ئه‌و پرسیاره‌ی که هه‌مووان مه‌به‌ستیان بوو وه‌ڵامه‌که‌ی بدۆزنه‌وه. ئه‌وه‌بوو که ده‌یگووت: ئێمه ده‌توانین چ شتێک ده‌رباره‌ی جیهان بزانین؟… ئاماژه‌شیان بۆ دوو ئه‌گه‌ر ده‌کرد و ده‌یانگووت: ئایا جیهان به‌و جۆره‌یه که ئێمه هه‌ستی پێ ده‌که‌ین، یان به‌و جۆره‌یه که به‌هۆی ئه‌قڵمانه‌وه په‌ی پێ ده‌به‌ین؟… کانت ده‌یگووت: له‌کاتی ئه‌زموونکردنی جیهاندا هه‌م هه‌سته‌کانمان و هه‌م ئه‌قڵیشمان ڕۆڵێکی گرنگ ده‌بینن.”[20] کانت ئه‌قڵ و هه‌ست به دژوه‌ستاوی یه‌کتر دانانێت، یه‌کێکیان وه‌ربگرێت و ئه‌ویتریان ڕه‌تبکاته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو ڕێبازه کردیان، به‌ڵکو ئه‌قڵ و هه‌ست به ته‌واوکار و هاوکاری یه‌کتر داده‌نێت.
پاش ئه‌م ئاشتکردنه‌وه‌یه‌ی ئه‌قڵ و هه‌ست، ئینجا کانت بۆچوونه ئیپستمۆلۆجیه‌کانیان ڕه‌خنه ده‌کات. سه‌باره‌ت به بۆچوونی ڕێبازی ئه‌قڵی که پێی وایه “چه‌ند بیرۆکه و بۆچوونی زگماکی له مێشک و ناخی مرۆڤدا هه‌ن، ئه‌وانه [ئه‌و بیرۆکه زگماکانه] یارمه‌تی هزرمه‌ند ده‌ده‌ن به جیهانی پشت ئه‌زموون و ئه‌ودیو تاقیکردنه‌وه و به جیهانی ژیره‌کی په‌ی به‌رێت. به‌لای کانته‌وه ئه‌و بڕیار و بۆچوونه‌ی ژیره‌کی دوو لایه‌ن ده‌گرێته خۆی، لایه‌کیان ڕاسته و ئه‌وی دیکه‌یان چه‌وت و هه‌ڵه‌یه و پشت ڕاست ناکرێته‌وه: ڕاسته له مێشکی مرۆڤدا بیرۆکه و بۆچوونی زگماکی هه‌یه و ئه‌و بۆچوونانه به هیچ جۆرێک په‌کیان له‌سه‌ر ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه نه‌که‌وتووه و پابه‌ندی نین. به‌ڵام هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر وابزانرێ ئه‌و بۆچوونه زگماکییانه ده‌بنه مایه‌ی زانین و په‌یبردن به جیهانی ژیره‌کی. ڕاسته مرۆڤ ئاوات و ڕاز و نیازی هه‌یه، به‌ڵام توانای بڕکردنی ژیر سنوورداره. ئه‌گه‌ر ژیر سنووری ڕه‌نگ بۆ ڕێژراوی ئه‌زموون و شاره‌زایی شیاوه‌کی به‌زاند، له‌گه‌ڵ خۆیدا ناکۆک دابێ و شتێک ده‌ڵێ بێ سه‌روپابێ و به‌هیچ شێوازێک پشت ڕاست نه‌کرێته‌وه.”[21]
به‌مشێوه‌یه کانت بۆچوونی ڕێبازی ژیری له بێژنگ ده‌دات و لایه‌نێکی وه‌رده‌گرێت که بوونی بیرۆکه‌ی زگماکیه، لایه‌نێکیش ڕه‌تده‌کاته‌وه که ئه‌و بیرۆکانه به‌ته‌نیا بتوانن زانینی ته‌واومان بده‌نێ، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕه‌تکرد که توانای ژیر_ئه‌قڵ بێ سنووربێت و بتوانێ هه‌موو شت بزانێت.
به‌هه‌مان شێواز بۆچوونی ڕێبازی ئه‌زموونیش ده‌پاڵێوێت و پێی وایه ڕێبازی ئه‌زموونی “له‌وه‌دا ڕاست بووه که مرۆڤ زانینی له‌باره‌ی جیهانی ژیره‌کییه‌وه نییه و ئه‌و زانینه‌ی سنووری جیهانی هه‌سته‌کان (هه‌سته‌کی) نابه‌زێنێ. به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه له‌وه‌دا به هه‌ڵه چووه که ته‌نیا هه‌ر هاورده و داتای هه‌سته‌کانی مرۆڤ و بۆچوونی هه‌سته‌کی سه‌رچاوه‌ی په‌ی پێ بردن و زانینی جیهانی هه‌سته‌کین. به‌لای کانته‌وه ڕاسته مرۆڤ هیچ ده‌رباره‌ی جیهانی ژیره‌کی (ترانسندێنت) نازانێ و زانین به په‌ی بردن به جیهانی دیارده (فینۆمین) سنووردارکراوه، به‌ڵام بۆ زانینی ئه‌و جیهانه ده‌بێ داتا هه‌سته‌کییه‌کان و بۆچوونه پێشییه‌کان هاوکاری و کۆمه‌کی یه‌کتری بکه‌ن.”[22]
به‌مجۆره کانت هه‌ردوو ڕێبازه‌که‌ی پێشووتری ڕه‌خنه‌کرد و که‌موکورتی و ناکۆکیه‌کانی نێوانیانی چاره‌سه‌رکرد و گونجاندنی له‌نێوان کێشه ئیپستمۆلۆجیه‌کان دۆزیه‌وه و به‌مه‌ش ڕێبازێکی نوێی دامه‌زراند که ڕێبازی ڕه‌خنه‌یی بوو.
ڕێبازی ڕه‌خنه‌یی کانت، ته‌نیا به‌وه نه‌وه‌ستا ڕه‌خنه له‌و دوو ڕێبازه‌ی پێشوو بگرێت، به‌ڵکو کانت خودی ئه‌قڵیشی خسته ژێر تیشکی ڕه‌خنه‌وه و ده‌ریخست که نابێ ئه‌قڵ به‌بێ که‌موکوڕی و بێ ناکۆکی بزانین، چونکه کانت پێی وایه ئه‌قڵ تووشی ناکۆکی و لێکدژی ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی “ژیر [ئه‌قڵ] هه‌میشه به‌دوای ڕه‌هادا وێڵه و سه‌رگه‌رمی به‌زاندنی سنووری توانا و بڕکردنیه‌تی.”[23] ئه‌م هه‌وڵدانه‌ی ئه‌قڵ بۆ گه‌یشتن به زانینی ڕه‌هایی ئه‌قڵ توشی ناکۆکی ده‌کات. “له‌لای کانت ناکۆکی ڕه‌وشێکه ژیر دووچاری ده‌بێ، ته‌نگژه‌یه‌که تێی ده‌که‌وێ، چونکه به‌بێ پشت به‌ستن به بنه‌مایه‌کی ئه‌زموونی_ئیمپری، ئاره‌زووی زانینی ڕه‌ها ده‌کات و سنووری ئاسایی توانای خۆی ده‌به‌زێنێ.” که‌واته کانت له‌وه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌زموونیه‌کان هاوڕایه که توانای زانینی ئه‌قڵ سنوورداره. لای کانت مرۆڤ ته‌نیا کاتێک ده‌توانێ زانینێکی دروستی هه‌بێ که ئه‌و بابه‌ته‌ی که ده‌یه‌وێ بیزانێ؛ له چوارچێوه‌ی جیهانی فینۆمینادا بێت، واته بتوانین هه‌ستی پێبکه‌ین و ئه‌زموونی بکه‌ین.
ئه‌نجام:
-
کانت له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنیدا، قۆناغێکی نوێی له هزری فه‌لسه‌فی هێنایه کایه‌وه، توانی فه‌لسه‌فه له قۆناغێکه‌وه به‌ره‌و قۆناغێکی تر په‌ره‌پێبدات.
-
هزری فه‌لسه‌فی کانت خاوه‌نی خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی خۆیه‌تی، که جیای ده‌کاته‌وه له هزره‌کانی پێش و پاشی خۆی.
-
کانت شۆڕشێکی کۆپه‌رنیکۆسیانه‌ی کرد، کاتێک له بواری تیۆری زانیندا ئه‌و باوه‌ڕه‌ی پێچه‌وانه کرده‌وه که پێی وابوو بابه‌ت ئه‌قڵ ئاراسته ده‌کات، به‌ڵکو ئه‌وه ئه‌قڵه بابه‌ت ئاراسته ده‌کات.
-
ڕه‌خنه‌گرتن، خه‌سڵه‌تێکی گرنگی هزر و فه‌لسه‌فه‌ی کانته و ڕه‌خنه به ئامرازی فه‌لسه‌فه داده‌نێت بۆ په‌ره‌سه‌ندن و نوێبوونه‌وه.
-
ڕێبازه‌که‌ی به ڕه‌خنه‌یی ناسراوه، چونکه به ڕه‌خنه‌کردنی فه‌لسه‌فه‌کانی پێشخۆی ده‌ستپێده‌کات، ڕه‌خنه له هه‌ردوو ئاراسته‌ی عه‌قڵی و هه‌ستی ده‌گرێت، پێی وایه زیاده‌ڕه‌ویان کردووه.
-
کانت تێگه‌یشتنی دوالیزم کۆتایی پێهێنا له نێوان ئه‌قڵ و هه‌ستدا، پێی وایه ئه‌قڵ و هه‌ست دژی یه‌کترنین، به‌ڵکو هاوکار و هاوبه‌شن له پرۆسه‌ی زانیندا.
ته‌واو
په‌راوێزه‌كان
[1] عیماد عه‌بدولسه‌لام، کانت، و: په‌ژاره عه‌بدولحه‌مید، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2005، ل6.
[2] J.H.W.Stuckenberg, The Life Of Emmanuel Kant, London, Macmilan, 1882, p7.
[3] بڕوانه: www.plato.stanford.edu/enteris/kant
[4] بڕوانه: د. حه‌مید عه‌زیز، فه‌لسه‌فه‌ی نوێ، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2012، ل 250.
[5] بڕوانه: د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 247-249.
[6] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 252-253.
[7] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 253.
[8] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 254-255.
[9] بڕوانه: en.wikipedia.org/wiki/Copernican_Revolution.
[10] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 289.
[11] نیگار ئیبراهیم، تیۆری زانین لای کانت، چاپخانه‌ی موکریانی، هه‌ولێر، 2010، ل 24.
[12] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 289.
[13] بڕوانه: ویل دیۆرانت، مێژووی فه‌لسه‌فه، و: ئه‌حمه‌د سه‌یید عه‌لی به‌رزنجی، خانه‌ی وه‌رگێڕان، کوردستان، 2012، ل 330-350.
[14] د. نه‌بیل عه‌بدولحه‌مید عه‌بدولجه‌بار، فه‌لسه‌فه بۆ ئه‌وکه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت، و:هاوار محمد رشید، چ ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2010، ل220-221.
[15] د. نه‌بیل عه‌بدولحه‌مید عه‌بدولجه‌بار، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 240.
[16] بڕوانه: د. نه‌بیل عه‌بدولحه‌مید عه‌بدولجه‌بار، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 223-233.
[17] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 256.
[18] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 257.
[19] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 258.
[20] یۆستاین گارده‌ر، جیهانی سۆفیا، و:به‌هرۆز حه‌سه‌ن، چاپخانه‌ی کارۆ، سلێمانی، 2012، ل332.
[21] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل259.
[22] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 259.
[23] د. حه‌مید عه‌زیز، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 260.
سه‌رچاوه‌کان
-
عه‌بدولجه‌بار (د. نه‌بیل عه‌بدولحه‌مید)، فه‌لسه‌فه بۆ ئه‌وکه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت، و:هاوار محمد رشید،
چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2010.
-
عه‌بدولسه‌لام (عیماد)، کانت، و: په‌ژاره عه‌بدولحه‌مید، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر،
-
عه‌زیز (د. حه‌مید)، فه‌لسه‌فه‌ی نوێ، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2012.
-
ئیبراهیم (نیگار)، تیۆری زانین لای کانت، چاپخانه‌ی موکریانی، هه‌ولێر، 2010.
-
دیۆرانت (ویل)، مێژووی فه‌لسه‌فه، و: ئه‌حمه‌د سه‌یید عه‌لی به‌رزنجی، خانه‌ی وه‌رگێڕان،
کوردستان، 2012.
-
گارده‌ر (یۆستاین)، جیهانی سۆفیا، و:به‌هرۆز حه‌سه‌ن، چاپخانه‌ی کارۆ، سلێمانی، 2012.
-
Stuckenberg (J.H.W.), The Life Of Emmanuel Kant, London, Macmilan, 1882
-
http://plato.stanford.edu/entries/kant
Views on: March/20 /2013 04:30 pm.