کاری کۆلاژ - نەژاد عەزیز سورمێ
کاری کۆلاژ - نەژاد عەزیز سورمێ

بۆ مانەوە


قەسیدە

Loading

بۆ مانەوە

قەسیدە 

کاژین گەردی

 

شەو بوو بە تەواوی شارەزای کات و بەروار وڕۆژ نەبووم

بیرمە لە تولە شەقامێکی ناشرینی هەولێردا لەرەی دەنگێك هەولێری دەهەژاند،

خوێن لە لاشەی چەندین ئافرەت فیچقەی دەکرد, بۆنی خوێن لوتی گرتبووم…

تێنەدەگەشتم بۆ؟ و لەبەرچی؟

ئەم هەموو نێرە تەماشاکەرە شێوە شەیتانییە دەمار بڕە، مێیینە کوژە،

قاقاکانیان تا ئەوسەری شار دەڕۆشت.

ئەوان دەمار بڕ ببوون و  ئەمن هەست بڕ…

 

بیرم دەکردەوە ئێمە لەو ژیانە ئابڕوو تکاوە، داوێن تەڕە،

چۆن دەتوانین لەم ڕێگوزەرەدا ڕۆشتووان بین؟

وەلێ ڕۆژانێکە سڵم لە هیچ شتێکی ئەو ژیانە بەدەدا نییە تەنها ویستوومە لە پەڕاوی ویستەمەنییەکانم

چەند خێزێك خستەنە سەر بکەم  و گلەییەکانم  بهێنمەوە.

چەندە بە پووچی چاو دەبڕمە بوکەڵە ڕەنگ ئەسمەرەکەم،

فرمێسک بەرچاوم دەگرێت.

 

تەماشای دواوە دەکەم و دەڵێم؛ شارە حیلەکارەکەی منداڵیم، شارە قومارچییە مرۆڤ دۆڕەکە پێت ناخۆش نەبێت وا دەزانم پەڕۆیەکی بێنوێژت لە کەمەرت بەستووە بویت بە لەشفرۆشە،سەماکەرە، هۆشبردووەکان، لەسەر مێزی سەرخۆشەکان، لەوەتەی تۆ پشیلە بیژییە خوێناوییەکانت بە تەلارەکان بڵاوکردۆتەوە، ئەمن لە بری تۆ بە ڕووشکاوی سەردادەخەم و فرمێسك بۆ حاڵی بێحاڵت دەڕژم…

 

 گەڕۆكێك بووم، دەڕۆیشتم.. بە قایمی دەڕۆیشتم

ئەوجا زانیم ئەو پیاوانەی لەبەردەم مزگەوت خێر بە مێینەکان دەکەن لە نێو کاغەزێکی لوولدراو داوای سێکسیان لێ دەکەن بەدەم ڕێگاوە زیکری ئازادییم دەکرد و دەمگوت؛

دەچینە کڵێساکان هاواری ئازادی دەکەین،

دەڕۆین بۆ مزگەوتەکان لەسەر مینبەرەکان قیژە لە پێناو ئازادت دەکەین..

بەد کرداری دەکەین لە پێناو ئازادی،

پێنج فەرزە وێردی ئازادی دەکەین و هەموو هەینیەک  ئاواز بۆ ئازادی دادەنێین،

هەموو یەکشەمەیەك گۆرانی بۆ ئازادی دەخوێنین،

مۆم بۆ ئازادی دادەگیرسێنین.

ئەمن دڵنیام ئەگەر ئازادی ئاگری هەبوایە

وەك دۆزەخ لە دونیا بەرپا دەبوو.

 

 

کاژین گەردی

هەینی 2019\7\5

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌