1
ناوی من ئازاده، پێش ڕاپه‌ڕین له دایك بووم، كاتێك ماڵه‌وه‌مان له‌شاخ بوون، من له شه‌وێكی پایزدا، شه‌وێكی
تۆفان و باراناوی، هاتوومه‌ته دنیاوه. هه‌میشه دایكم ده‌ڵێت: ژانی له‌دایكبوونی تۆ هیچ نه‌بوو له‌ئاست ئه‌و ڕه‌شه‌با و بارانه‌ی له‌و شه‌وه‌دا به‌شوێنمانه‌وه‌بوو، تۆ له ئه‌شكه‌وتێكدا له‌دایك بوویت. ئه‌شكه‌وتی چی له بن گابه‌ردێكدا! به‌ڵام خۆش نییه چیرۆكی له‌دایك بوونت بۆ خه‌ڵك وه‌ها باسبكه‌یت كه له بن گابه‌ردێكدا بووه، بۆئه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه كه‌مێك جوانتر بێت بڵێ ئه‌شكه‌وت! دایكم واده‌ڵێت. ده‌ڵێت باوكت بۆیه ناوی نایت ئازاد، حه‌زی له ئازادی بوو.. مرۆڤ هه‌مووی حه‌زی له ئازادییه، كێ هه‌یه ئازادی نه‌وێت؟ له‌نێوان چیرۆكی ژیانی من و ئه‌م چیرۆكه‌ی واخه‌ریكم بیگێڕمه‌وه، ڕوداوێكی سه‌یر هه‌یه، بۆمن سه‌یره! نازانم بۆ ئێوه چی ده‌بێت. به‌ڵام ئێستا ئیتر من دودڵی و گومان خه‌ریكه شێتم بكات له‌ئاست تێگه‌یشتنم بۆ ئازادی.
ماڵی ئێمه له لادێیه. خه‌ریكی جوتیاریم، زه‌وی ده‌كێڵین و تۆوی تێدا ده‌شارینه‌وه و خزمه‌تی ده‌كه‌ین و دواتر خۆتان ده‌زانن پیشه‌ی جوتیاری چۆنه. بۆمن ئیشێكی خۆشه. پاشان به‌روبوومه‌كه‌مان ده‌به‌ینه ئه‌و شارۆچكه‌یه. شارۆچكه‌كه حه‌وت كێلۆ مه‌تر لای ئێمه‌وه دووره، شه‌وان به‌جوانی گڵۆپه‌كانی ده‌بینین، به‌ڕۆژدا به‌هۆی ته‌پوتۆزه‌وه واده‌رده‌كه‌وێت كه دوورتربێت، به‌ڵام دڵنیابن ته‌نیا حه‌وت كیلۆمه‌تر دووره، بریا حه‌وت كیلۆ مه‌تر نه‌بوایه! هه‌رچه‌ندێكی تر بوایه ئاسایی بوو، ته‌نیا حه‌وت نه‌بوایه.
من خۆشم له ژماره حه‌وت نایه‌ت! ئه‌و كچه‌ی خۆشمده‌ویست و شوی به‌من نه‌كرد، ژماره‌ی پیتی ناوه‌كه‌ی حه‌ت بوو، هه‌ڵبه ته‌نیا ئه‌مه هۆكار نییه، به‌ڵكو شتێكی تر هه‌یه كه‌من ده‌مه‌وێت ئه‌وانه‌شتان بۆ بگێڕمه‌وه. نامه‌وێت باسی ئه‌و كچه بكه‌م، چونكه هه‌رچی چیرۆكی دنیا هه‌یه باسی ناكامی خۆشه‌ویستی ده‌كات، ده ئێوه بڵێن چیرۆكێك هه‌یه وانه‌بێت؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌و چیرۆكانه‌ی باسی خۆشه‌ویستی ده‌كه‌ن سه‌ره‌نجامیان تراژیدییه. گه‌ر ئه‌و كچه‌ش كه ژماره‌كانی پیتی ناوه‌كه‌ی حه‌وت بوو، شوی به‌من كردبا، ئێستا كه‌ی باسم ده‌كرد! یان ره‌نگه هێنده‌ش ئه‌و شارۆچكه‌یه ناحه‌ز نه‌بووایه له‌لام. ئاخر ئه‌و كچه‌ی كه خۆشمده‌ویست جگه له‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی حه‌وت پیته، هاوكات ئێستا له‌وێ ده‌ژی.. ببوورن كه وتم ئیتر باسی ئه‌و كچه ناكه‌م، به‌ڵام سوێند به‌خوا ئازاری له‌م دڵه‌م دایه، من ئێستا ئیتر ناچمه ئه‌و شارۆچكه‌یه، سوێندم خواردووه ئیتر نه‌ڕۆم. له‌وكاته‌وه‌ی ئه‌و رووداوه‌م به‌چاوی خۆم بینی ناوێرم بڕۆمه ئه‌وێ، هه‌ڵه تێمه‌گه‌ن باسی ئه‌و كچه ناكه‌م، من كاره‌ساتێك ده‌ڵێم كه سه‌رتاپا ژیانمی گۆڕی، به‌تایبه‌ت له‌وكاته‌وه هیچ هه‌ست به ئازادی خۆم ناكه‌م! ئێستا دایكم به‌رووبوومی جوتیاریمان ده‌باته ئه‌وێ، ببوورن له بیرم چوو، باوكم مردووه، هه‌مووان ده‌ڵێن شه‌هیده، به‌ڵام له‌ڕاستیدا وانییه. دایكم وتی هه‌ركات له‌م چیرۆكه‌دا باسی باوكت كرد، بڵێ شه‌هیده، ئامان سه‌د ئامان ڕاستی مردنه‌كه‌ی نه‌گێڕیته‌وه! نازانم چی بكه‌م؟ دڵی دایكم بشكێنم، یان درۆبكه‌م؟ باوكم پێشمه‌رگه بوو، خۆشتان ده‌زانن منیش له شاخ له‌دایك بووم، به‌ڵام به‌داخه‌وه له شه‌ڕی ناوخۆدا كه گرانی بوو، باوكم له دزیكردندا ده‌كوژرێت. به‌داخه‌وه‌م بۆ باوكم له‌به‌رئه‌وه‌ی ژن و منداڵه‌كانی نه‌مرن له‌برسا دزیكرد و كوشتیان. وێنه‌ی باوكمم وه‌ك خه‌و له‌یاد ماوه، ئێستاش خۆشمده‌وێت و وه‌ك قاره‌مانترین پیاو ده‌یبینم. دیسان ده‌یڵێمه‌وه من ڕقم له‌و شارۆچكه‌یه‌یه، ئاخر باوكیشم له‌وێ كوژرا.. من چیرۆكنووس نیم، زۆر داوای لێبووردن ده‌كه‌م گه‌ر ئه‌م چیرۆكه باش و سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت. ده‌ڵێن چیرۆكنووسه‌كان گوێ ناده‌ن به خوێنه‌ره‌كانیان، به‌ڵام من زۆر مه‌به‌ستمه ئاگام له ئێوه بێت، به‌گه‌وره‌یی خۆتان بمبوورن، گه‌ر هه‌ندێ شتم باس كردبێت ئێوه پێتان وابێت، گه‌ر باس نه‌كرایه ئاسایی بوو، به‌ڵام بڕوابكه‌ن له‌مێژه ده‌مه‌وێت ئه‌م چیرۆكه بنووسمه‌وه، هه‌رچه‌ندم كرد له‌مه باشتر ده‌رنه‌چوو، دڵنیاش بن كه گه‌یشتن به‌كۆتایی چیرۆكه‌كه تێده‌گه‌ن هه‌ر شتێك كه باسمكردووه گرنگی خۆی هه‌یه بۆیه لێره‌دا ئاماده‌یه.
2
چه‌ند مانگێك پێش ئێستا، پێش خۆرهه‌ڵاتن، دایكم هاته ژووره‌كه‌م و خه‌به‌ری كردمه‌وه بڕۆمه ده‌شت، بڕۆم سه‌رێك له بێستانه شوتییه‌كه بده‌م، ڕه‌نگه ئاودانی پێویست بێت و ئاوی بده‌م.. وانه‌زانن كه ئیشی جوتیاری ده‌كه‌م و ماڵمان له لادێیه ژووری تایبه‌تم نییه! ماڵێكی خۆشمان هه‌یه چوارسه‌د مه‌تره و نزیكه‌ی دوو سه‌د مه‌تری خانووه. ئه‌وی تری حه‌وشه‌یه، خانووه‌كه‌مان ڕووی له ڕۆژهه‌ڵاته، من ژووری خۆمم هه‌یه، دایكم و خوشكه
بچووكه‌كه‌م پێكه‌وه له ژووره گه‌وره‌كه‌دان. حه‌وشه‌كه‌مان بۆته باخچه‌یه‌كی بچووك، چیمه‌ن و جۆره‌ها گوڵی تێدایه، من زۆر بۆم گرنگ نییه، خوشكه‌كه بچوكه‌كه‌م و دایكم خزمه‌تی ده‌كه‌ن، دوو خوشكی ترم هه‌یه مێردیان كردووه، له من گه‌وره‌ترن، ئه‌وانیش دێنه‌وه گوڵی تازه ده‌هێنن و گوڵیش لای ئێمه ده‌به‌ن. شه‌وانی كۆتایی به‌هار كه هه‌وار گه‌رم دادێت من له حه‌وشه‌كه‌دا ده‌خه‌وم، ته‌نیا وێنه‌ی ئه‌و شه‌وانه‌ی حه‌وشه‌كه‌مانم له خه‌یاڵدایه.. ئه‌و به‌یانییه دایكم خه‌به‌ری كردمه‌وه، خواردن و ته‌رمۆزه‌یه‌ك سه‌هۆڵی بۆ ئاماده‌كردم، هه‌ڵمگرتن و له پشتی تراكتۆره‌كه‌مانه‌وه دامنا، ئه‌و تراكۆره‌م زۆر خۆشده‌وێت، ئێستاش نایگۆڕمه‌وه به جوانترین ماشینی دنیا، ڕه‌نگه بڵێن كوڕێكی جوتیار ده‌بێت وابڵێت، به‌ڵام بڕوابكه‌ن چه‌ند ساڵه هه‌مانه مه‌سره‌فی نییه، خزمه‌تمان ده‌كات، منیش زۆر ئاگام لێیه‌تی.. تراكتۆره‌كه‌م پێكرد و به‌ڕێكه‌وتم، هێشتا خه‌و به‌ته‌واوی به‌رینه‌دابووم، به‌ڵام لێخوڕینی تراكتۆر جۆرێكه گه‌ر خه‌وتبێتیشیت بێدارت ده‌كاته‌وه، ئه‌وانده هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زت پێده‌كات. بڵێی شوتییه‌كه‌مان ئاوی بووێت؟ بڵێی ئه‌م ساڵ پاره بكات؟ بڵێی ده‌رد لێنه‌دات و داماو بێت؟ ئه‌م پرسیارانه خه‌یاڵی شه‌و و ڕۆژی ئێمه‌ی جوتیاره، ئه‌و به‌یانییه‌ش هه‌ر بیرم له‌و شتانه ده‌كرده‌وه، تادێت نزیكتر ده‌بوومه‌وه له بێستانه‌كه‌مان، من قوڵ قوڵ هه‌وای سپێدان هه‌ڵده‌مژم، هه‌موو به‌یانییه‌ك پێش خۆرهه‌ڵاتن كه ده‌چمه ئه‌و ده‌شته، ته‌نیا شتێك دووباره نییه هه‌ڵمژینی هه‌وای سپێده‌یه.. زۆرجار بینوومه و گوێم لێبووه كه دكتۆر و ڕۆشنبیره‌كان زۆر به‌جوانی و سودبه‌خش باسی سپێده‌یان كردووه، دڵنیام ئێوه‌ش بیستووتانه، به‌ڵام نازانم بینوویتانه یان نا؟
مام سمایل جووتیاره، زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كه‌ی له‌ته‌نیش زه‌وییه‌كانی ئێمه‌دایه، ئه‌و خه‌ڵكی گوندێكی تره، به‌ڵام ئێستا له‌و شارۆچكه‌یه ده‌ژی، شارۆچكه نه‌فره‌تییه‌كه ده‌ڵێم! هیچ كات نه‌متوانیوه یان نه‌بووه ڕۆژێك پێش ئه‌و بگه‌مه ئه‌و ده‌شته، ئه‌ویش تراكتۆرێكی هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه تووندوتۆڵ نییه. ئه‌و به‌یانییه بیرم له‌وه‌ش ده‌كرده‌وه كه‌ئێستا مام سمایل له‌وێیه و خه‌رێكی كاره، كه نزیك بوومه‌وه هه‌روابوو، ئه‌و له‌وێ بوو، له دووره‌وه چه‌ند هۆڕنێكم بۆ لێدا، سه‌ری هه‌ڵبڕی و به‌ده‌ست ئاماژه‌ی بۆكردم.. دواتر سه‌یرێكی ژێر كه‌پره‌كه‌ی ئێمه‌ی كرد.
ئێمه ساڵانه كه ده‌ست به جووتیاری ده‌كه‌ین به‌هۆی گه‌رمای هاوینه‌وه كه‌پر درووست ده‌كه‌ین، بۆ پشودان و زۆركاتیش شه‌وان له‌سه‌ر كه‌پره‌كان ده‌خه‌وین، ئه‌و شه‌وانه‌ی حه‌ره‌سی بێستانه‌كان ده‌بین.. به‌ڵام نازانم بۆ سه‌یری كه‌پره‌كه‌ی ئێمه‌ی كرد؟ تراكتۆره‌كه‌م وه‌ستاند و دابه‌زیم.. سڵاو مام سمایل. عه‌له‌یكومه سه‌لام ئازاد گیان، ئه‌وه بۆ ئێستا دێیت، ده‌ڵێی نیوه‌ڕۆ خه‌و ده‌كه‌یت؟ به پێكه‌نینه‌وه وتم: نێوه‌ڕۆ خه‌وی چی، هێشتا ئه‌ستێره به ئاسمانه‌وه‌یه.. مام سمایل هه‌رگیز نه‌بووه له ئیش و كاری من ڕازی بێت وه‌ك جووتیارێكی سه‌ركه‌وتوو قبوڵم بكات، من ئه‌مه‌م بۆ ئاساییه، وه‌ها وه‌رمگرتووه ئه‌و وه‌ك جارانی خۆیان بیرده‌كاته‌وه و هه‌رچۆن بێت ئێستا سه‌رده‌مه‌كه گۆڕاوه. شته‌كانم داگرت و ویستم بیانبه‌م بۆ ژێر كه‌پره‌كه، به‌ڵام مام سمایل سه‌ری هه‌ڵبڕی و وتی: كه‌سێك له‌ژێر كه‌پره‌كه‌تاندا نووستوه. وامزانی تۆ زوو هاتوویت و له‌وێدا خه‌وتووی.. به‌ڕاست ده‌بێت كێ بێت به‌م به‌ری به‌یانه له‌وێدا خه‌وتووه؟ زۆر بۆم گرنك نه‌بوو. مام سمایلم جێهێشت و ڕۆیشتم به ئاڕاسته‌ی كه‌پره‌كه. له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌مدا واده‌بینم كه‌سێك له‌ژێر كه‌پره‌كه‌دا له‌سه‌ر پشت پاڵكه‌وتووه، ده‌ستێكی له نزیك سه‌ریدایه و ده‌سته‌كه‌ی تری به‌ته‌نیشتیدا ڕایكێشاوه. به‌ره‌وڕوی ده‌ڕۆم، چه‌ند كۆكه‌یه‌ك ده‌كه‌م، فیكه ده‌كه‌م و له‌ژێر لێوه‌وه گۆرانی ده‌چڕم، دیاره خه‌وی قورسه! جوڵه ناكات، ئاڕاسته‌ی ڕۆیشتنم ڕوه‌و قاچه درێژه‌كانییه‌تی، سه‌ری ڕوی له شارۆچكه‌كه‌یه، شارۆچكه نه‌فره‌تییه‌كه‌یه!
3
نازانم سه‌ره‌تا چیتان بۆ باسكه‌م؟ ئه‌وه‌ی بینیم له‌ژێر كه‌پره‌كه‌دا، یان ڕووداوه‌كانی دواتر؟
كه‌چوومه پێشه‌وه بۆنێكی ناخۆش و خاو له‌و هه‌وا پاكه‌دا كاریكرده سه‌ر هه‌ناسه‌دانم، هێنده بۆنه‌كه ناخۆشبوو حه‌زمنه‌ده‌كرد هه‌ناسه بده‌م، بۆنی ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراو ده‌هات، بۆنی خوێن. ئااااای خوایه گیان من چی ده‌بینم؟ مام سمایییییییییلللللل، مام سماییییییییییلللللللللللل، مام سماییییییییییللللللللللللل… كه سه‌یری كردم، به هه‌ردوو ده‌ستیش با‌نگم كرد. مام سمایل به‌په‌له هات. ها كوڕه چیبووه؟ ده‌له‌رزێت، لێوه‌كانم، ده‌سته‌كانم، هه‌ردوو ئه‌ژنۆم ده‌له‌رزێت. خێرایی دڵم به‌رز به‌رز بوویه‌وه، خۆم گوێم له لێدانه‌كانی بوو، وه‌ختبوو دڵم له قه‌فه‌زه‌ی سنگمه‌وه بێته ده‌ر..
كوڕێكی نزیك سی ساڵان بگره زیاتریش له‌ژێر كه‌پره‌كه‌دا خۆی كووشتووه! خوێن به‌شێكی ژێر كه‌پره‌كه‌ی سوور كردووه، خوێنه‌كه وه‌ك شیری كوڵاو, كه سارد ده‌بێته‌وه، توێژی سه‌ره‌وه‌ی به‌ستبووی، هه‌ندێ تاڵی قژی كه خوێن پێوه‌ی وشك ببوویه‌وه، وه‌ك قژی هه‌ندێ گه‌نج كه له سه‌رتاشخانه‌كان دایدێنن تیژ ببوو، ده‌ستی ڕاستی له‌نزیك سه‌ریه‌وه، ده‌مانچه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌بوو. ده‌می كرابوویه‌وه و مێش تێیدابوو. كراسێكی سپی و پانتۆڵێكی ڕه‌شی له‌به‌ردابوو، جووتێك قۆنده‌ره‌ی گرانبه‌ها، كه تۆز شاردبوویه‌وه، دیاربوو به‌ناو خۆڵدا به‌پێ ڕێیكردووه.
مام سمایل: ئه‌ی هاوار ئه‌مه چییه ئازاد؟ من ته‌نیا له‌دووری چه‌ند مه‌ترێكه‌وه وه‌ستاوم، مام سمایل ناوێری ده‌ستی لێبدات، سه‌ری شۆڕكردۆته‌وه به‌سه‌ریدا، له‌به‌رخۆیه‌وه هه‌ر قسه‌ده‌كات منیش هیچ ناڵێم. ئازاد چی بكه‌ین؟ نازانم، وه‌ڵا نازانم.. بڕۆ خێرا بڕۆ بۆ شار، هه‌واڵ به پۆلیس به شوێنێك بده. من ده‌ڵێی مام سمایل؟ ئه‌ی جگه له من و تۆ كێی تێدایه؟ ده‌ی خێرا بڕۆ..
-نا نا من ناتوانم! نا‌بینیت ئه‌ژنۆم ده‌له‌رزێت.
مشتوومڕی نێوانمان زۆری خایاند.. دواتر مام سمایل تراكتۆره‌كه‌ی ئێش پێكرد و ڕۆیشت به‌ره‌و شارۆچكه‌كه.
نازانم ئه‌وه خه‌وه من ده‌یبینم یان ڕاستی؟ هه‌رچۆن و هه‌رچی بێت زۆر ناخۆشه، كه‌سێك له ته‌نیشتتدا مردبێت،
كوڕه خۆی كوشتبێت. بۆنی خوێن و مێش و مه‌گه‌ز ژێر كه‌پره‌كه‌ی داگیركردووه، هه‌وای سپێده‌ش كه‌م كه‌م گه‌رم دادێت، من چاوه‌ڕێم مام سمایل بێته‌وه و پۆلیس له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت. تینوومه، قوڕگم وشك داهاتووه، په‌رداخێك ئاو له ته‌رمۆزه‌كه ده‌خۆمه‌وه، جار جار نزیك ده‌بمه‌وه له‌و خۆكوژه و سه‌یری ده‌كه‌م. هه‌رجاره و ڕوخساری شێوه‌یه‌ك ده‌نوێنێت. بیرله‌وه ده‌كه‌مه‌وه ژیان به‌م خۆشییه‌وه بۆ خۆیكوشت؟ ئاخر بۆ ده‌بێت مرۆڤ خۆی بكوژێت؟ چۆن ده‌ستی چووه‌ته خۆی، گولله بكات به‌ناو ده‌میدا و مێشكی خۆی بپژێنێت؟ چی وایكردووه ئه‌م به‌دبه‌خته واله‌خۆی بكات؟ من سه‌یری چاوه‌كانی ده‌كه‌م و هیچ هۆكارێك نادۆزمه‌وه بۆ خۆكوشتنی. وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكم له جه‌سته‌ی ساردی ئه‌ودا ونكردبێت، به‌وردی سه‌یری ده‌كه‌م، له‌پڕ سه‌رنجم ده‌چێته سه‌ر سوچی كاغه‌زێك له گیرفانی چه‌پی پانتۆڵه‌كه‌یدا، كاغه‌زێكی سپی له گیرفانێكی ڕه‌شدا! گومان و دوودڵی وه‌خته مێشكم بته‌قێت، نازانم كاغه‌زه‌كه ده‌ربهێنم یان لێیگه‌ڕێم؟ وه‌سوه‌سه‌یه‌ك وه‌ك باران ده‌بارێته قوڵایی دڵم، وه‌سوه‌سه‌ی ئه‌و كاغه‌زه، خۆم نه‌وی ده‌كه‌م به‌سه‌ر جه‌سته‌یدا، به دوو په‌نجه و به له‌رزه‌له‌رز ده‌ست ده‌بم بۆ كاغه‌زه‌كه، ده‌مه‌وێت سوچێكی بگرم و بیهێنمه ده‌ره‌وه. ده‌نگێك وه‌ك ده‌نگی گریانی منداڵێك ڕامده‌چڵه‌كێنێت، ترسێك به‌ته‌واوی ئه‌ژنۆم ده‌شكێنێت. ترسی ده‌نگی ئه‌و منداڵه له‌و ده‌شته چۆڵه‌دا! ئه‌و كاغه‌زه ده‌بێت چی بێت؟ من چیم داوه له‌وه، كێ ناڵێ به‌هۆی ئه‌و كاغه‌زه‌وه ڕه‌نجه‌ڕۆ نابم و تووش نابم؟ تووش بوونی چی ها؟ پێمبڵێ ڕه‌نجه‌ڕۆیی چی؟ جارێكی تر ده‌سته له‌رزۆكه‌كه‌م ئاماده ده‌كه‌م بۆ ده‌رهێنانی كاغه‌زه‌كه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له بنی ده‌ریایه‌كدا یان له بنی بیرێكدا بێت، هێنده هه‌ناسه‌م توونده، له‌پڕ ده‌نگی قه‌له ڕه‌شه‌یه‌ك زیڕه‌م پێده‌كات.. ڕێك ده‌بمه‌وه و چه‌ند گڵمتكێك ده‌نێم به ئاسمانه‌وه…
ئاخر مام سمایل چی بوو، هه‌ر دیار نه‌بوویت؟ هه‌میشه گاڵته به من و گه‌نجی وه‌ك من ده‌كه‌یت، ده‌ی ئه‌و شارۆچكه نه‌فره‌تییه ئه‌وه‌نده دووره وا تۆشی ونكرد؟ شتێك له ده‌روونمدا دێت و ده‌چێت، ده‌ڵێت كاغه‌زه‌كه، كاغه‌زه‌كه، كا غه زه كه! ك ا غ ه ز ه ك ه. سێیه‌من سوونه‌ته، كه‌مێك له‌رزینی ده‌سته‌كانم خاوبۆته‌وه، وه‌ك شتێك هه‌ستده‌كه‌م ئه‌و كاغه‌زه په‌یوه‌ندی به ژیانی منه‌وه هه‌یه، من بیری ئه‌و كچه‌م ده‌كه‌وێته‌وه كه خۆشمده‌ویست، بیری باوكم كه كوژرا، نازانم بۆ هه‌ركاتێك بیتاقه‌ت بم یان شتێكی ناخۆش ڕووبدات بیری ئه‌و دووانه‌م ده‌كه‌وێته‌وه؟! هێزێك وه‌ك بروسكه له ناخمدا په‌یدا ده‌بێت، هێزی خۆشه‌ویستی، هێزی له‌ده‌ستدانی باوك! ده‌ست ده‌به‌م كاغه‌زه‌كه ده‌ردێنم.. گوێم له ده‌نگی تراكتۆره، ئاوڕده‌ده‌مه‌وه تراكتۆره‌كه‌ی مام سمایل و قافڵه‌یه‌ك ماشینی پۆلیس وادێن، دڵم كه‌مێك ئارامی تێده‌كه‌وێت، من هێشتا كاغه‌زه‌كه‌م به‌ده‌سته‌وه‌یه، نازانم چی لێبكه‌م؟ گه‌ر پۆلیس ئه‌و كاغه‌زه‌م پێ بگرێت چی له من ده‌كه‌ن؟ ده‌ترسم، ئاخر تا ئه‌وكاته‌ی ژیانم پۆلیس م له نزیكه‌وه نه‌بینیوه، سوێند به‌خوا هێنده ده‌ترسم گه‌ر بشڵێن تۆ ئه‌م كابرایه‌ت كوشتووه، ناتوانم بڵێم نا من نه‌بووم.
قافڵه‌ی پۆلیسه‌كان ده‌گه‌نه ئێره و من كاغه‌زه‌كه‌م به‌ده‌سته‌وه‌یه.. له‌گیرفانمدا ونیده‌كه‌م و ده‌یشارمه‌وه، كه‌مێك خۆم ڕێكده‌خه‌مه‌وه و ئه‌وان داده‌به‌زن و دێن. پۆلسه‌كان كه‌هاتن ژن و پیاوێكیان له‌گه‌ڵ بوو، پێش ئه‌وه‌ی كه‌س ده‌ست بۆ ته‌رمه‌كه به‌رێت، پیاوه‌كه كه هه‌ردوو چاوی سور هه‌ڵگه‌ڕاوه، دێت و له‌سه‌ر خۆكوژه‌كه ده‌گریه‌ت، له‌و لاوه ژنه‌كه كه پۆلیسه‌كان گرتوویانه هاواری لێبه‌رز ده‌بێته‌وه و ده‌قیژێنێت و ده‌گرییه‌ت، من تێده‌گه‌م ئه‌وان دایك و باوكی ئه‌و كوڕه‌ن كه له‌ژێر كه‌پره‌كه‌ی ئێمه‌دا خویكوشتووه. كه‌س هیچی به‌من نه‌وت، نه پۆلیسه‌كان، نه ژن و پیاوه‌كه، ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و بردیان، من ده‌ستم كرد به گیرفانمدا و ده‌ستم دای له كاغه‌زه‌كه، وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌وهه‌رێكی گرانبه‌هام دۆزیبێته‌وه وه‌هابوو.
4
مه‌رگی ترس؛ … من ده‌مه‌وێت مرۆڤێك، بوونه‌وه‌رێك، گیاندارێكی ئازاد بم. ئێمه مه‌حكومین به ژیان! هه‌رچه‌نده ئه‌م ئه‌م گوزارشته سه‌ده‌ها باره‌یه، به‌ڵام پرسیارێكی گرنگه و منی خراپ سه‌رقاڵ كردووه. گه‌ر ئێمه مه‌حكومی شتێك بێن كه هیچ ئاگامان لێی نه‌بووه، كه‌ی ئازادین؟ من شێتی ئازادی ڕه‌هام! ئازادییه‌ك هیچ مه‌حكوم بوونێكی تێدا نه‌بێت، مه‌حكوم نه‌بین به له‌دایك بوون، مه‌حكووم نه‌بین به ئازار و نه‌خۆشی و پیری و هه‌ژاری، مه‌حكوم نه‌بین به مردن. نازانم گه‌ر مه‌حكووم نه‌بین به‌هیچ شتێك، گه‌ردوون چی لێدێت! به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌بوو مه‌حكوومی هیج شتێك نه‌بین.
ئێستا له‌و بڕوایه‌دام مرۆڤ تا نه‌توانێت یان هێزی ئه‌وه‌ی نه‌بێت خۆی بكوژیت هه‌رگیز ئازاد نییه و ئازاد نابێت! ته‌واو دڵنیام مرۆڤ تا خۆی له وه‌همی ترس و تۆقانی خۆكوشتن نه‌جات نه‌دات هه‌گیز ناگات به ئازادی ڕه‌ها، من هه‌نووكه ده‌مه‌وێت پێش گه‌یشتن به‌و ئازادییه‌ی خۆم ده‌یزانم، ترس له‌ناوبه‌رم! وای له ترس چۆن مرۆڤ ده‌كاته كۆیله و به‌ڵگه بۆ كۆیله‌بوونی خۆی ده‌هێنێته‌وه. واده‌م هه‌موو مرۆڤایه‌تی خه‌سڵه‌تی ترسیان تێدایه كه‌واته هه‌موومان كۆیله‌ین. ترس له‌مێژه ده‌مبات و ده‌مهێنێت، به‌ڵام ئێستا ئیتر ترسم له ناخمدا ڕامكردووه، له قه‌فه‌زێكی زۆر بچو‌وكدا زیندانم كردووه. ترس باڵی نییه بفڕێت، قاچی نییه ڕابكات و هه‌ڵبێت، هێزی نییه قه‌فه‌زی ئازادیی تێكبشكێنێت و خۆی قوتار بكات، ترس له هیچ شتێك ناترسێت! ته‌نیا شت كه ترس له‌ناو ده‌بات ئازادی ڕه‌هایه. وای ئازادی ڕه‌ها چه‌ند حه‌زم به دیدارته.
ئێستا كه له‌م ده‌شته كاكی به كاكییه‌دام و له‌ژێر كه‌پرێكی قه‌شه‌نگ و جواندام، ده‌مه‌وێت كۆتایی به ژیانی خۆم بهێنم، ده‌مه‌وێت ڕزگارم بێت له ترس و له كۆیله‌بوون. نه‌جاتم بێت له درێژه‌دان به‌م پووچییه‌ی ژیان، ده‌مانچه‌كه‌م ئاماده‌كردووه تا بگه‌م به ئازادی ڕه‌ها، سپاس بۆتۆ ده‌مانچه، سپاس ئه‌ی گولـله‌ی فریاد ڕه‌س.
5
ناوی من ئازاده، تێگه‌یشتنم زۆر گۆڕاوه بۆ ئازادی، منیش عاشقی ئازادی ڕه‌هام! پاش ئه‌و ڕووداوه‌ی له ژێر كه‌پره‌كه‌دا بینیم هێزم له‌به‌ر بڕاوه، له ماڵه‌وه دانیشتووم و بیرله نامه و قسه‌كانی ئه‌و خۆكوژه ده‌كه‌مه‌وه، ئێستا ئیتر ناوێرم بڕۆمه ده‌شته‌كه و ئاگام له بێستانه‌كه‌مان بێت، شه‌وان خه‌و به كه‌پره‌كه‌وه ده‌بینم، له‌وێدام و خۆم ده‌كوژم! له‌وێدام و له‌نێو خوێنێكی زۆردا خه‌ریكه بخنكێم، خه‌و ده‌بینم له‌ژێر كه‌پره‌كه‌دا په‌تم هه‌ڵواسیوه خۆم بكوژم، ملم ده‌كه‌م به په‌ته‌كه‌دا و خوێن له كه‌لـله‌ی سه‌رمه‌وه فواره ده‌كات. ئێستا ئیتر كه‌پره‌كه قه‌شه‌نگ و جوان نییه، ئه‌وێ بۆنی خوێن و مردنی لێدێت!
گه‌ر ئێمه له‌م گه‌ردوونه‌دا به كۆیله‌یی له دایكبووین ده‌سه‌ڵاتمان چییه؟ گه‌ر مه‌حكومین به ژیان، تاوانمان چییه؟ نازانم ئازادی بۆ ده‌بێت یه‌كسان بێت به خۆكوشتن؟ من خۆم بكوژم، دایكم و خوشكه‌كانم چیان به‌سه‌ر دێت؟ وه‌ڵا زیڕه ده‌كه‌ن و شێت ده‌بن! باوكم كه بۆ زیندووبون و شكۆی ئێمه گیانی به‌ختكرد، چیم پێده‌ڵێت؟ هه‌رگیز كێشه‌ی ئازادییه كۆتایی نایه‌ت، چونكه هه‌رگیز هه‌موو مرۆڤایه‌تی خۆكوژی ناكه‌ن، به‌ڵام دڵنیام ژیانیش خۆش و جوانه، هه‌وای سپێدان یانی عه‌شق، یانی ئازادی. ده‌نگی دایكم و پێكه‌نینی خوشكه‌كانم بۆ من ئازادی راسته‌قینه‌یه، ئازادی تیشكێكه ڕژاوه به‌سه‌ر ژیاندا، هه‌ر به‌شێكی ژیان تام و بۆنی ئازادی تێدایه، هه‌رگیز ئازادی یه‌كسان نییه به تاكه شتێك. منیش عاشقی ئازادی ڕه‌هام، واته عاشقی هه‌موو بوونێكم له‌م گه‌ردوونه‌دا، ته‌نانه‌ت كه‌پره سووره‌كه‌ش.