Loading

زۆراب ئیسماعیل

ئەو نابینایە.

ڕۆژێکی گەرمی هاوین، کەشوهەوا تا بڵێیت ڕووناک و پر بە ڕەنگەکانی سروشت بوو، دنیا ئاویتان بوو بە ڕەنگی سەوزی گەڵای دار و بە ڕەنگی شینی دەریاچەکەی بەردەمی، تا بڵییت کەشوهەوایەکی خامۆش بوو، خۆی دەیگووت کە:

-گوێچکەکانم زۆر هەستیارن، لە توانای بیستندا بە گوێچکەی مشک دەچن، هەر کە ماسییەکان نزیکدەبنەوە گوێم لە جوڵەیانە.

بە دەنگەکاندا کە دەیبیستن دەیتوانی ڕەنگ و بۆنەکانیش هەست پێبکات. بەو جۆرە هەستی بە بۆنی ماسییەکان دەکرد. هەر لەو کاتەوەی قومبەلەکە بە دەست و دەموچاویدا تەقیبۆوە، ڕۆشنایی چاوەکانی بۆ هەمیشە جێیان هێشتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەیوست توانای بینینی لە دەستچووی بە شتی تر پڕ بکاتەوە.

ڕۆژێکیان لێیان پرسی: تۆ دنیا چۆن دەبینیت؟

دیارە کە مەبەستیان ئەوە نەبوو بە چاو چۆنیان دەبینێت، بەڵکو هەلومەرجە سیاسیەکە چۆن دەبینێت، هاوڕێکەم لە وەڵامدا پێی گووتن:

– تاریک دەیبینم، بەو وەڵامە مەبەستی لە هەلومەرجەکە نەبوو، مەبەستی نەبینینی ڕۆشنایی بوو.

لەو ڕۆژەوەی وای لێهاتبوو دنیای دەوروپشتی بە تاریکیی دەبینی، ڕۆشنایی شتێک بوو تەنیا لە خەیاڵیدا هەبوو. شتێک بوو کە تەنیا لە یادگارییەکانی دا بوونی هەبوو. لە یادگاری و بیرەوەری پێش کارەساتەکەدا.

کە لە ڕۆخی دەریاچەکە دانیشتبوو، هەستی وا هەڵخستبوو ماسییەکانیش پێیان نەدەزانی کە لەوێیە، ئێمەش گەر نەمانبینییایە نەماندەزانی کە لەوێ دانیشتووە، هێند بێدەنگ و مات خۆی مەڵاس دابوو. سەرباری ئەوە ئەو لەوێ بوو، بە بونێکی بەرجەستەوە.

ئەو گووتی کە لە بەیانی زوەوە لەوێدا بێ جووڵە دانیشتبوو و خەریکی ڕاوە ماسی بوو. ڕاوە ماسی یەکێک بوو لەو سەرقاڵێانەی زۆر پێی دڵخۆش بوو… نە هەوا، نە درێژی کات، نە برسێتی، هیچ کام لەوانەی بیر نەدەهاتەوە، کاتێک کە لەوێدا دادەنیشت و ڕاوی ماسی دەکرد. هیچکامیان کۆڵیان پێنەدەدا و لەوێ هەڵیان نەدەبڕی. خۆی دەیوت کە لە منداڵییەوە ماسی زۆر خۆشویستووە، وەک خواردن حەزی لێبووە و وەک گیانلەبەرێکی جوان و سەرنجڕاکێشیش تامەزرۆی بینینی بووە.

لەو هەلومەرجە جەستەییەی ئێستایدا هەموو هەستەکانی کاریان نەدەکرد، بۆ نمونە هەستی بینین و بۆنکردنی.

قومبەلەکە تەنیا چاوەکانی لێنەسەندبۆوە بەڵکو توانای بۆنکردنیشی بەتەواوی لێسەندبۆوە. بۆن و ڕۆشنایی دوو مادە بوون ئەو تەنیا لە بیرەوەریدا دەرکی پێدەکردن. ئێستا ئیتر هەموو تواناکانی خۆی لە هەستەکانی بەرکەوتن، تام و بیستن دا کۆکردبۆوە. چڕکردنەوەی هەموو تواناکانی هەستکردنی لەو سیانەدا وای لێکردبوو هەستێکی نوێ بۆ خۆی دروست بکات، ئەوەیان نا کە پێی دەوترێت هەستی شەشەم، بەڵكو ئەوەیان کە لە کۆی سێ هەستە زیندووەکەی و لە یادەوەرییەکانی و لەو وێنە و بۆنانە کە لە پێش کارەساتەکەدا ئەزمونی کردبوون، دروستی کردبوو.

خۆی دەیگووت؛ کە شەو نییە خەو بەو شتانەوە نەبینێت کە بە منداڵی بینیونی، یان بەو شتانەوە کە ئەو کاتانە بینیونی کە هێشتا چاوی لەدەست نەدابوو. لە خەونەکانیدا بۆنی ئەو بۆنانەشی دەکرد کە پێش لەدەستدانی هەستی بۆنکردنی، بۆنی کردبوون.

لە ناو هەموو ئەو مرۆڤانەشدا کە خەوی پێوە دەبینین، زۆرتر خەوی بەیەکێکیانەوە دەبینی. خۆی دەیگووت بە خۆشەویستەکەیەوە، بەو کیژەوە کە بۆنی پرچە خاوەکەی ئێستاش هەر لە مێشکیدا بوو.

جارێک پێی گووتم: من یەک کیژ هەیە دەمەوێت بیکەمە هاوژینی خۆم، ئەو و تەنیا ئەو، کەسی تر نا. شەو نییە خەوی پێوە نەبینم.

لێمپرسی بۆ ئەو؟ بۆچی تەنیا ئەو؟

گووتی:  لە بیرمە کە جارێک لە ماڵیان بووم سەرم دەشۆرد، داوام لێکرد شانەیەکم بۆ بهێنێت، کە دایە دەستم، پرچەکەی بەلای ملمدا شۆڕبۆوە، بۆنی ئەو پرچە وەک مۆر لکا بە ناخمەوە. ئێستاش بەو بۆنە دەژیم. کە پێی گووتم؛ فەرموو، دەنگە نەرم پڕ ئەوینەکەی بووە ئاوازێک تا ئێستاش هەر لە گوێمدا خۆشترین ئاوازە. من شەو نییە خەون بەو بۆنەوە نەبینم، شەو نییە خەو بەو کیژەوە نەبینم…

ئەو کاتەی ئەوانەی بۆ باسکردم، ئیدی نەیدەتوانی ببینێت، نەیدەتوانی بۆن بکات، نەیدەتوانی وێنای کیژێک لە نوێ بخاتە ناو خەیاڵی خۆیەوە بێجگە لەو وێنانەی ئەو، بە تایبەتی وێنەی ئەو چرکەساتەی کە شانەکەی دابووە دەستی. وێنە و خەیاڵی ئەوی هەمیشە لە یاد بوو.

خۆی دەیگووت؛ شەو نییە خەو نەبینم، بە ڕەنگەکانەوە، بە ڕۆشناییەوە، بەوەوە، بە گیانلەبەرەکانەوە کە بینیوومن، بە ماسییەکانەوە، بە کەسوکارەکانمەوە کە پێشتر بینیوومن، بە دنیای پێش تاریکبونمەوە، بەو دنیایەوە کە پێش تەقینەوەکە بینیبووم.

 – من شەو نییە خەو نەبینم، خەو بەوانەوە نەبینم. حەسرەتی لەدەستدان وا گەورەیە. کە ناتوانم دووبارە دنیا ببینمەوە، ناچارم بە چاوی ئەو کاتەمەوە بیانبینمەوە، کە ناتوانم بەڕاستی بیانبینمەوە، ناچارم بە خەون بیانبینم. شەو نییە خەویان پێوە نەبینم. شەو نییە خەو نەبینم بە هەموو ئەو شتانەوە کە ئیتر ناتوانم بیانبینمەوە.

کە لە ڕۆخی دەریاچەکە دانیشتبوو، کە لە مەتەرێزی ڕاوەماسیدا بوو، سەرباری ئەوەی بێدەنگ بوو، سەرباری ئەوەی وا بێجووڵە دانیشتبوو کە بە ئاستەم دەزانرا لەوێیە، کەچی هەست بە ئامادەیی دەکرا. ئەو بونه‌وه‌رێك بوو کە لە هەموو شوێنێکدا جێگەی خۆی دەکردەوە، هەست بە بوونی دەکرا، بوونێکی کاریگەر و دیار، بونێکی پڕ یادەوەریی و خەون.

 

ته‌واو

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –   پرۆژەی کانەبی بۆ نوسینی چیرۆک
هەنگاوی سێیەم: لەهەر کوێوە هەنگاو دەنێین پەشێو لەگەڵمانە