ڕزگار مه‌حمود؛ گوڵستان


Loading

ڤانكوخ؛ دایكه‌ك به‌دیار منداڵه‌كه‌یه‌وه‌ خه‌وبردوویته‌وه‌..

گوڵستانی گوڵاوگر، سەیدگوڵی کوڕی بەشیلەی گوڵان گۆشکرد.  بەگوڵاو دەیشۆرد، ناوبێشکەکەی سەر پێخەفەکەی هەموو گوڵڕێژ کردبوو، وەختێ دەچوو بۆگوڵەوەچنی سەیدگوڵی جوان قۆناغ ئەکردو ئەیبەست بەکۆڵیەوە، پاشان دەمەو چێشتەنگاو دەگەڕانەوە بەرەو ماڵ. بەگوڵاو سەید گوڵی ئەشۆری و جوان جوان پاکیدەکردەوە. بەبۆنەی ماڵی گوڵستانەوە گەڕەکەکەشمان بۆنی گوڵی گرتبوو، هەرچی هەنگی شار هەبوو ڕووی لەگەڕەکی ئێمە کردبوو .

گوڵستان خان بەمجۆرە سەیدگوڵی بەخێوکرد و پێیگەیاند، کوڕەکەی بەناوی گوڵەکان زمانی پژا، ئەو لەتەمەنێکی کەمدا ناوی هەموو گۆڵەکان فێربوو بوو، کاتی (سەیدگوڵ) سکی دەیەشا دایکی گوڵەبەیبوونی بۆ دەکوڵاند و ئاوەکەی دەدایە ئەو، تەنانەت نەیئەهێشت دکتۆرەکان گیانی کوڕەکەی پڕبکەن لە مادەی کیمیایی .

سەیدگوڵ هەمیشە گوڵاڵەسوورەی لەهەمو گوڵەکانی تر خۆشتردەویست، چونکە هەمووان پێیانڕاگەیاندبوو گوڵاڵە سوورە خوێنی شەهیدە، ئەویش لەگەڵ بینینی ئەم گوڵەدا خوێنی باوکی دەهاتەوەبیر، بۆیە هەمیشه بیری تۆڵەی لەمێشکدا بوو، به‌تایبه‌ت  له‌ ئەوانەی  لەوشەی  (بابە) بێبەشیانکردووە و دەبێت باجەکەی بدەن، هەرئەمەش بوو کەگوڵستانی تۆقاندبوو.

سەید گەورە بوو، نەیدەهێشت دایکی بچێ بۆ گوڵەوەچنی خۆی بەتەنها دەچوو، دایکیشی کارەکانی تری ئەنجامدەدا. لەیەکێک لەڕۆژەکاندا سەیدگوڵ لەکاتی گوڵەوەچنیدا ده‌ستگیركرا بەو بیانووەی لە (ئەرزی محەڕەمە) دایە ، به‌مانای زه‌ویه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان كه‌ سوپا قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌ .

لەوڕۆژەوە (گوڵستانی گوڵاوگر) ئارامی نەماوە کەسێک نەماوە سەر بەکۆشیدا نەکات، تاوه‌كو هەواڵێکی کوڕەتاقانەکەی بزانێت، هەر یەکەی شتێک دەڵێت؛ یەکێ دەڵێت؛ سەید دووئەمنی بەچەقۆسەربڕیووە  یەکێکی تر دەڵێت ئاربیجی ناوە بە ئەمنەکەوە!  هەریەکەی شتێک دەڵێت، بەڵام گوڵستان هەمیشە دەیگووت؛ درۆیە .. من کوڕەکەم بەگوڵ بەخێو کردووە چۆن دەتوانێت ببێ بە بکوژ نا هەرگیز باوەڕناکەم ئێوە هەموتان درۆ دەکەن، ئەگینا سەیدگوڵەکەی من دڵی نایەت چۆلەکەیەک سەرببڕێت!  من ڕێک وەک گوڵ بەخێوم کردووە، بۆیەک ساتیش نەمهێشتووە بیر لەشتی خراپ بکاتەوە، کوڕی من ده‌تگووت فریشتەیە…

لەوڕۆژەوە سەیدگوڵ گیراوە گوڵستانیش تاقەتی گوڵاوگرتنی نەماوە، ئێستا گوڵاومان لەوڵاتانی دراوسێ وە بۆدێت. گەڕه‌کەکەشمان ئێستا بۆگەنترین گەڕەکی شارە. هێشتا سەیدگوڵ هەواڵی نییە و گوڵستانیش لەگەڕان بەردەوامە، بەدەم گەڕانەوە ئەڵێت: من وەک گوڵ بە خێومکرد چۆن ئەتوانێت ببێ بە بکوژ!

ماڵەکەی گوڵستانی گوڵاوگر ئێستا بووە بەگەراجی ئۆتۆمۆبێل  هەمووساڵێک لە مانگی گوڵاندا ڕێک لەوڕۆژەی کە سەیدگوڵی تێدا بێ سەر و شوێن بوو، دەنگی باجی گوڵستان لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا دێت و دەڵێت؛ من وەکو گوڵ بەخێوم کرد چۆن توانی ببێت بە بکوژ.

ڕزگار مەحموود

14/02/2018 – Stockholm

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین