‎پوورە گوڵاڵەم

كارزان خدر – پرۆژه‌ی كانه‌بی بۆ چیرۆكنووسین – دایك

288
كارزان خدر

دونیا کشومات بوو، هەمووان خۆیان لە جێگە ڕاکردبوو و خەو بردبوونیەوە. ئەستێرە دەیانزریواند. مانگەشەو بوو. تەنیا من بووم، پەڕه‌پەڕه‌ی “کەلیدەر”م دەخوێندەوە و بە تامەزرۆییەوە، چاوەڕێی ڕووداوی داهاتوو بووم، تا بزانم گوڵمەحەمەد بە کوێ دەگات؟ لەناکاو زیڕەیەک، ئەو کەشەی لێ تێکدام، دەنگی منداڵەکەی پوورم بوو، کە خەوی زڕابوو و دەگریا. پوورم، لە ژوورەکەی تەنیشتم، خۆی و منداڵەکەی نووستبوون. بەتەنیا من بووم، لە دیوەخان گڵۆپم پێ کردبوو، کتێبم دەخوێندەوە. لەگەڵ گریانی منداڵەکەی، گوێم لە دەنگی پوورم بوو، کە دەیگوت:
‎- وەی ژەقنەمووت، جەرگت هەلاهەلابێت، ئێستام شیر داویەی. بۆ نانوویت؟ بتۆپە دەی …
‎کەزی، کچە شیرەخۆرەکەی پوورم بوو. بابی بە جێی هێشتبوون و سەفەری ئەوروپای کردبوو. تاقە کچی پوورم بوو، چەندان دکتۆریان کردبوون، تا ئەو منداڵەیان ببێت. بەو حاڵەشەوە یەکێک دەیگوت: لەوانەیە شەل بێت، یەکی دی لەوسەریەوە ڕاستدەبووه‌وە دەیگوت: لەوانەیە کوێر بێت، خولاسە هەر کەسە و قسەیەکی دەکرد. بەڵام کە لەدایک بوو، قسەی هەموویانی بڕی و جوانترین منداڵ دەرچوو. تەنانەت خەڵک بۆ جوانی دەهاتن و سەیریان دەکرد. هەرچی دەهات دەیدی، دەیگوت: ماشەڵڵای دەوێت، لە جوانیان بێ وێنەیە، خودای گەورە دەرووی خێری لێ کردۆتەوە … ئەوانە و چەندان قسەی دی. ئیدی ئەوکاتەی بابیان بەجێی هێشتن و بۆ سەفەر دەچوو، پوورم بە خۆی و بە منداڵەکەیەوە دەهاتە ماڵی ئێمە و تا مێردەکەی دەهاتەوە، لە ماڵی ئێمە دەمایەوە. هەستێکی ناخۆشم هەبوو، کە گوێم لێبوو پوورم ئەو قسانەی پێ دەڵێت. دەمگوت: ئاخۆ دایکان هەموویان وا بن؟ بەڵام منداڵ خۆ تێناگات، تا بزانێت دایکی چی پێ دەڵێت؟ کۆرپەیەکی بێدەسەڵات چوزانێت (ژەقنەمووت) چییە؟ چووزانێت (هەلاهەلابیت) چییە؟ منداڵ تەنیا لە سێ حاڵەتدا دەگری، یەکەم: کە برسی بێت. دووەم: کە شوێنێکی بئێشێت. سێیەم: کە خەوی بێت. هەرچییەک بێت، منداڵە ئیدی منداڵه‌، خۆ زمانی نییە، تا بە دایکی بڵێت:

‎- نەخۆشم دایە گیان، بەخوای دەنا ناگریەم.
‎بەڵام مەگەر دڵی دایک ئەوە دەزانێت؟ مەگەر دایک لە ژیانیدا بیری لەوە کردۆتەوە، کە منداڵ ناتوانێت بێتەگۆ؟ بەڵام کێ چوزانێت؟ ڕەنگە زمانێکی تایبەت هەبێت، لە نێوان منداڵ و دایکدا، کە جگە لە خۆیان کەس تێیان نەگات. ئەگەر نا، دایک شێت نییە، تا لەخۆوە قسە لەگەڵ منداڵێکی شیرەخۆرە بکات. ڕەنگە زمان و گفتوگۆش نەبێت، دەشێت هەستی بێزاری، هانی دایک بدات، تا ئەو قسەیە بکات. بەڵام هەرچییەک بێت، ئەمە دایکە، سەرما و گەرما، خۆش ناخۆش، تاڵ و شیرین، دەبێت تەحەموولی منداڵ بکات. ئاخر نۆ مانگ چاوەڕوانی کەمە؟ ئازاری منداڵبوون ناخۆش نییە؟ هەموو شەوێک تا سپێدە بێداربوون ئاسانە؟ نا، هەموو ئەوانە، تۆزقاڵێک لە سۆزی دایک کەم ناکەنەوە بەرانبەر ئەو کۆرپەیەی، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گەورەبوونی لێ دەکرێت و ئومێدێکی لە دڵی دایکیدا چاندووە. ئەوانە و زیاتریش لەوانە، ناتوانن منداڵێک لەپێش چاوی دایکی ناشیرن بکەن، کە خۆی ڕەنجی لەگەڵ کێشاوە. دایک، تا ئەوکاتە ئەو قسەیە دەکات، کە لە حاڵی منداڵەکەی ئەرخەیان بێت، ئەگەرنا ببینێ چەقڵیەک بە دەستی منداڵەکەیدا چووە، ئۆقرەی لێ دەبڕێت و لە کەوڵی خۆیدا هەڵناکات. مەگەر دایک، ئەو مەخلوقە سۆزدارە نییە، کە خودا بەهەشتی خسۆتە ژێر پێی؟ مەگەر خودا نافەرموێت: سزای قەبر بۆ موسوڵمان، وەک باوەشی دایکێک وایە بۆ کۆرپەکەی؟ دەی دەبێ چ سۆزێک بێت، دەبێت چ ئەوینێک لە ناخی دایکدا هەبێت؟ دەبێت چ گەورەییەک ئەم سۆزەی خولقاندبێت؟
‎بە واتای وشه‌، دایک، دایکە. پڕاوپڕ لە ئەوین، لێوانلێو لە سۆز و موحیببەت. دایک، دایکە ئیدی
‎هەستم بە دڵتەنگی کرد. هەستام و دەسکی دەرگام کردەوە تا بزانم پوورم هیچی پێویست نییە؟ کە زانی منم، ئاوڕی دایەوە و بە ئیشارەی دەست پێی گوتم:
‎- بڕۆ بڕۆ، ئێستا دەینوێنمەوە.

منیش لەسەرخۆ دەرگاکەم داخستەوە و بە خەمگینییەوە، دەستم دایەوە کتێبەکەم. بەڵام مەگەر هیچ دەخوێنرێتەوە؟ مەگەر دەکرێت مرۆڤ خەمێکی هەبێت و کتێب بخوێنێتەوە؟ مرۆڤ کە دڵی تەنگ بوو، بەهێزترین قسەش کاری تێناکات، جوانترین وتە ڕایناچڵەکێنێت. دەی کەوایە لەو کاتەدا کتێب بە کەڵکی چی دێت؟ هەبێت و نەبێت، چی لە مەسەلەکە دەگۆڕێت؟ ئەگەر کتێب ئێستا بە فریای مرۆڤ نەکەوێت، ئەی کەی بەفریای دێت؟
‎لەناکاو منداڵەکە بێدەنگ بوو، دونیا خامۆش. موچرکێک بە جەستەمدا هات. تیشکێک لە ناو تاریکییەکی زۆر. ڕووناکیەکی بچووک لە نێو سەدان فرسەخ تاریکیدا. ئومێدێک لە ناو دونیایەکی وێرانەدا. لە ناو فکران ڕۆچووبووم، کە بە هێمنی دەرگای پوورم کرایەوە و هاتە دەرێ. چاوم ئەبڵەق بوون. هات و لەکنم دانیشت. گوتی:
‎- ئەتووشمان بێزار کردووە ها؟ بەس بەو خوایەی کارە، ئەو منداڵە سەیە هەر وایە. وابزانم ترساوە، لەناکاو تێکڕادەبێت. بەبێ هۆ لەخەو هەڵدەستێ و دەگری.
‎منیش گوتم:
‎- پوورێ ئەمن کێشەم نییە. بەس ئەتوو بۆ ئاوا جنێوانی پێ دەدەیت؟ دڵت دێت؟ یانی ئێستا یەکێک ئەو جنێوانەی پێ بدا، لێی قبووڵ دەکەیت؟
‎زەردەیەکی هاتێ و گوتی:
‎- ئەیڕۆۆ. بە خوای کارە، ئەو منداڵە هەموو شتێکی منە. کەزی نەبێت، ئەمن شێت دەبم. بە تایبەت ئەگەر بابی دەچێتەوە ئەوروپا. کەزی نەبێت، ناژیم.
‎منیش کەمێک هاتمەوە سەرخۆ و گوتم:
‎- وەڵا پوورێ گوناحە، وای پێ مەڵێ، با هیچیشی لێ نەیەت.
‎خەندەیەکی کرد و گوتی:
‎- ئەوە بۆ نەنووستوویت؟ درەنگە، ئەدی کەنگی دەنوویت و کەنگی دەچیە مەکتەبێ؟
‎منیش گوتم:

– وەڵا پوورێ کتێبم دەخوێندەوە، کە گوێم لە گریانی کەزی بوو.
‎گوتی:
‎- ئەرێ دە بەسە واز لە کتێبان بێنە. بەو خوایەی هەمووانت لێ دەسووتێنم. بەکەڵکی چ دێن کتێب؟ خووت بەو کتێبانەوە گرتووە، شەربێ بە داکت بڵێم هەمووانت لێ فڕێدا. ئەو هەموو جێیەشیان گرتووە.
‎منیش پێکەنیم و دەمێکی چاک دڵم دایەوە. لەسەر ئەوە ڕازی بوو، کە ئیدی جنێوان بە کەزی نەداتەوە. لەو قسانە دابووین، کە زیڕەی گریان هەردووکمانی ڕاچڵەکاند و پوورم بە غاردانی بۆ ژوورەکەی خۆی چوو و بەدەم ڕۆیشتنەوە دەیگوت:
‎- دەک خوا لەناوت بەرێت، کوێڕا هەستایت …

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین

You might also like More from author

Comments are closed.

error: Content is protected !!