ده‌ستی دایك

گەڕانەوەی تارماییەك


Loading

لە هۆڵی فڕۆکەخانەکە دێمە دەرەوە، دوای سیوحەوت ساڵ بۆ یەکەمجار پێ دەنێمەوە سەر ئەو خاکەی، کە نازانم چۆنم بە جێ هێشت. جانتاکەی شانم دادەنێمە سەر زەوییەکە و بە دەسەسڕێکی کلینکس، چاویلکەکەم پاك دەکەمەوە. هەست بە گەرما دەکەم، چاکەتەکەم دادەکەنم و دەیدەمە سەر دەستما و جانتاکەيشم، دەدەمە  شانما و دەست لە تەکسییەکی فڕۆکەخانە هەڵدێنم وشۆفێرێکی گەنجی لێ دادەبەزێت.

  • بەخێر بێیتەوە بۆ نیشتیمان

  • زۆر سوپاس

  • ئەدی جانتای ترت پێ نین؟

  • نەخێر

  • دەی کەواتە، فەرموو سەرکەوە، بۆ کوێ دەچیت؟

پارچە وەرەقەیەك لە گیرفانم دەردێنم و پێشانی شۆفێرەکەی دەدەم. ئەویش سەیرێکی دەکات و کەمێك ڕادەمێنێت و پارچەکاغەزەکەم پێ دەداتەوە و ئۆتۆمۆبیلەکە وەگەڕ دەخاتەوە.

لە ناوچەی فڕۆکەخانە دەردەچین و دەکەوینە سەر شەقامی سەرەکيی. لەگەڵ ئاژوونی ئۆتۆمۆبیلەکەدا من، سەرنجی خانووبەرە و ئەپارتمانەکانی سەر رێگە دەدەم، دەحەپەسێم و لە هەمان کاتدا ماتیی دامدەگرێت. ئەم شارە لەو شارە ناچێت، کە من جێم هێشتووه. نیگاکانم فریای گرتنی ئەو هەموو دیمەنەیان نییە؛ خێرایی ئۆتۆمۆبیلەکە چاوەکانم ماندوو دەکات.

کە چوومە ژوورەوە، وەکو هەموو جارێك کۆمەڵێک کتێب، بە زمانی جیاواز لەسەر مێزەکەی ‏دانرا بوون. ئەویش سەری بەسەر مێزەکەدا شۆڕ کردبووەوە و خەریکی خوێندنەوە بوو. ناو ژوورەکەيشی، شەپڕێو بوو. کاغەز و کلێنیکسی تۆپەڵکراو، لەملاولای تەنەکەی زبڵەکەوە ‏کەوتبوون. ‏چەند کوپێکی نەشۆراو، لەسەر زەوییەکە و لەلای قاچی مێزەکەوە دانرابوون.

  • فەرموو؟

  • ئەم کاتەتان باش؟

ئەو لە بەرم هەستا و بەرەوپیرم هات، بەدەم تەوقەکردنەوە بەخێرهاتنی کردم و لەسەر یەکێك لە کورسییەکانی بەردەم مێزەکە داینیشاندم و خۆیشی لەسەر کورسیی بەرامبەرم دادەنیشێت.

  • بەخە گیان، بەخێر بێیت

  • زۆر سوپاس. ناردبووتان بە شوێنما!

  • بەڵێ، ئێستا گەیشتووینەتە گرنگترین قۆناغی کارەکەمان

بە بزەیەکی تێکەڵ بە دڵەڕاوکێوە:

  • خوایە خێر بێت!!

  • دەبێت گۆڕی دایکت بدۆزیتەوە

  • بەڵام ئەمە کارێکی گران نییە؟ هێشتا زوو نییە؟

  • گرانە، بەڵام زوو نییە. چونکە ئەمڕۆ بێت یا سبەی هەر دەبێت ئەم کارە بکەیت. پاشان رەنگە ئەمە هۆکارێك بێت بۆ ئەوەی بە تەواوی یادەوەریت بۆ بگەڕێتەوە.

  • کەوایە؟

  • بە زووترین کات دەتوانیت سەفەر بکەیت. بلیتێک بە ئۆنلاین دەکڕین و تەواو.

ماشێنەکە لای سەرقەبرانەکە ڕای دەگرێت.

  • فەرموو کاکە.

دادەبەزم و لە دەروازەی قەبرسانەکەدا رادەوەستم.

(تۆسەیری ئەم ئاوەدانییە بکە!)

قەبرسانەکە لەوە قەرەباڵغترە، کە پێشبینیم دەکرد. بۆیە پێویستی بە پلان و سکێچێک هەیە بۆ گەڕان بە دوای گۆڕی عەتێی دایکما. هەر لە منداڵیمەوە سەرقەبران، یەکێك بوو لەو شوێنانەی، لەگەڵ هاوڕێکانما، روومان تێ دەکرد. لەگەڵ ئەوەی باوکیشم لەم قەبرسانە نێژراوە، بەڵام دایکم هەرگیز منی نەدەبرد بۆ سەر قەبرەکەی. دواتر تێگەییشتم ئەو، نەیدەویست گریانەکەی ببینم، نەکا کارم تێ بکات و مناڵێکی شکاو و لاوازم لێ دەرچێت. خەندە و پێکەنینەکانی وەکو نەرمە بارانێكی بەهار، ژیانی تێدا سەوز دەکردین و مانای چێژی ژیانی پێ دەبەخشین. بەدەم گەڕانەوە، جار جارە سەرێک هەڵ دەبڕم و سەیرێکی دیمەنی شار دەکەم. توێژاڵێکی تۆز ئاسمانی باشووری شاری داگرتووە. وەکو ئەو توێژاڵە تۆزەی بەسەر ئاسمانی یادەوەریمەوەیە و هاوڕێ نووسەرەکەم ساڵانێکە خەریکی ڕەواندنەوەیەتی. ئەم شارە چەندە تینووی بارانێکە بۆ ڕەوینەوەی ئەم تۆزە؛ منیش ئەوەندە بە هەڵپەم بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی یادەوەریم و بزانم دواجار من، چۆن گەیشتمە ئێرە.

کات دەمەو عەسرە، دەبێت فریای گۆڕینەوەی دراو بکەوم. بە دامێنی گردەکەدا دێمە خوارێ. لەگەڵ ئەوەی مناڵی ئەم گەڕەکە بووم؛ بەڵام کۆڵان و شەقامەکان گۆڕاون. ڕێبوارێك ناونیشانی شوێنی دراوگۆڕینەوەم پێ دەڵێت. دوای ئەوەی دراوەکان دەگۆڕمەوە، بەرەو شەقامێکی لاوەکی سەرەوخوار دەبمەوە. سەروپێفرۆشەکەی سەر سووچەکە ڕام دەگرێت. ئەو ئاگای لە من نییە و بەدەم رێکخستنی پێچکە و کەلـلەکانەوە هاواری خۆی دەکات. ئەو کاتانەی بەیانیان بە جلوبەرگی خوێناوییەوە لە قەسابخانە دەهاتمەوە، سڵاوێکم لەم سەروپێفرۆشە دەکرد و خۆم بە یەکێك لە گەرماوەکانی ئەم ناوەدا دەکرد. بە شەقامەکەدا سەرەوخوار دەبمەوە. لای مزگەوتێکدا ڕادەوستم و سەرنجی دوکانەکان دەدەم. ماتۆڕسوارێك دێتە خوارەوە، دەنگی ریکۆردەرەکەی بەرز کردۆتەوە. گۆرانییەک دەژنەووم. گۆرانییەکەی خۆمە کە ساڵانێكی زوو بەسەر شەقامەکانی ئەم شارەدا وتوومە. ماتۆڕسوارەکە لە چەقی ڕێگەکەدا ڕای دەگرێت و لەگەڵ برادەرێکی قسە دەکات. گۆرانییەکەش هەر بەردەوامە. من دەکەوومە سەر چیچکان و ڕادەمێنم.

جەمال بە ئاگام دەهێنێت

  • بەخە! هەتیو بەخە! مەچۆ ژێری. بە خوا تازە مەگەر بە سەردان بێتەوە بۆ ماڵی باوکی. جا بۆخۆت هەر ڕەشی بۆ بپۆشە!

هەڵدەستم و دەسڕە ئاوریشمەکەی بەر قەدم دەردەهێنم و سەیرێکی دەکەم.

  • ئەوە دەسڕەکەی ئەوە؟

  • بەڵێ.

  • ئەو دەسڕە کۆن دەبێت و نامێنێت، بەڵام گۆرانییەی تۆ، کە بۆ ئەوت گووت هەر دەمێنێت

  • ئەو رۆژە بینیم، دەگریا.

  • من متمانەم بە ژن نەماوە. تەنانەت ئەو کاتانەیش کە بە ناوی عیشقەوە دەگرین. راستگۆترین فرمێسکی ژن، فرمێسکی دایکە.

من بە بێ دەنگ هەروا لە دەسڕەکە ڕادەمێنم.

  • وەرە بە بۆنەی ئەو کراس و شەرواڵە تازەیەتەوە ئەم ئێوارەیە دەعوەتی منیت.

پێکەوە دەچین بۆ یەکێك لە باڕە تازەکانی شار. باڕمەنەکە و چەند مشتەرییەک، کە لەسەر یەک دوو مێز دانیشتوون، سەرنجمان دەدەن. ریکۆردەکە گۆرانی عەرەبی لێ دەدات. پاش ئەوەی کەمێك مەست دەبین، داوا لە باڕمەنەکە دەکەین کاسێتێکی کوردی بخاتە سەر. هێشتا گۆرانییە کوردییەکە تەواو نەبووە، دوو ئەمن داوا لە باڕمەنەکە دەکەن کاسێتە کوردییەکە بگۆڕێت و بیکاتەوە بە عەرەبی. لەگەڵ ئەمنەکان دەبێتە مشتومڕمان، پاشان دەمەقاڵە و ئینجا شەڕە بوتڵ. پاش ئەوەی دەستیان لێ دەوەشێنین، بۆ ئەوەی دەستگیرمان نەکەن، باڕەکە بە جێ دەهێڵێن وهەڵ دێین. بە دەم ڕاکردنەوە بە جەمال دەڵێم:

  • تازە ناتوانین لەم شارەدا دانیشین. دەبێت بچینە دەرەوە.

بە دەست و پل و جلوبەرگی خوێناوییەوە، بە پرتاو خۆم دەکەم بە ماڵدا. دایکم کە دەمبینێت پەشۆکاوم. ئەویش دەشڵەژێت. لە حەوشەکەدا دێت بەرەو پیرم و سەریکردنەکەی پڕە لە پرسیار.

  • لەگەڵ دوو ئەمندا شەڕمان کرد

  • کەس نەما شەڕی لەگەڵ بکەیت، ئەمن نەبێت؟

  • ئەوان ئەیانویست گووندەییمان بەسەردا بکەن. ئێمەش قەبوڵمان نەکرد

دایکم منی وا بە خێو نەکردووە کە گوندەیی لە کەس قەبوڵ بکەم. ئەو، هەر لە منداڵیمەوە، جۆرێك لە متمانەی پێ بەخشی بووم کە لە جموجۆڵ و بڕیارەکانمدا هەرگیز نەترسم و ڕاڕا نەبم. من، هەر لە منداڵیمەوە دەبا بە نیوەشەوان بە ناو تەق و تۆقی شەوانەی پێشمەرگە و حکومەت و ڕەوە سەگە بەرەڵاکانی قەراخ شاردا، بچم بۆ قەسابخانەی شار بۆ ئاژەڵ سەربڕین. ئەمەش جۆرێك لە چەقاوەسوویی و جەربەزەیی دەویست. دایکم منی لەسەر ئەم جەربەزەییە ڕاهێنا.دایکانی ئەم گەڕەکەی ئێمە زۆربەیان وان.ژیان ناچاریان دەکات مناڵەکانیان لەسەر چاونەترسیی ڕابهێنن. چونکە زۆربەی ژنەکانی ئەم گەڕەکە یا بێوەژنن یا مێردەکانیان لە بەیانی تا ئێوارە لەسەر کارن. ئەوەی لە ناو گەڕەکدا ئەرکی دەکەوێتە سەرشان و قورساییشی هەیە، ژنەکانن بە تایبەت بێوەژنەکان. هەر بۆیە زۆربەی کوڕەکان بە ناوی دایکیانەوە بانگ دەکرێن. من، بەخەی عەتێی دەم و چاو هەڵگرم. یەکێکی تر حەمەی خەجێ بێوەژن، ئەوی تر جەمالی ئاتەنێرە و ئیتر ئاوا.

  • دایکە ئیتر ناتوانم لەم شارە بمێنمەوە.

  • بڕۆ کوڕم هەر تۆ سەلامەت بیت، خەمی ئێمەت نەبێت.

نەسرینی خوشکم بۆ لامان ڕا دەکات، کە گوێی لە قسەکانمان دەبێت، دەست دەکات بە گریان وخەریکە هاوار بکات. دایکم لێی تووڕە دەبێت و دەینێرێتە ژوورەوە. من دەچم ناوچەوانی نەسرین ماچ دەکەم و دایکە پیرەکەمی پێ ئەسپێرم. دێمە دەرەوە، هەر دوو دەستی دایکم ماچ دەکەم و بە بێ ئاوڕدانەوە بەرەو دەرگای حەوشە دەڕۆم و ئاودیوی کۆڵان دەبم. پشت دەکەمە شار و ڕووەو ناوچەی شۆڕشگێڕەکان دەڕۆم. بە دەم ڕێگەوە خەون و خەیاڵی جۆراوجۆرم بۆ دروست دەبن. بە ناو قامیشەڵان و کێڵگەکانی سەوزەی قەراخ شاردا تێ دەپەڕم. تا دێت دوور دەکەومەوە لە ڕووناکی شار و تاریکی دەشتایی و زنجیرە شاخەکەی بەسەریدا دەڕوانێ قووتم دەدەن. وەلێ لە ناخمدا وزەیەکی ڕووناک دادەگیرسێت. بەڵام کاتێك کە دەگەم بە شۆڕشگێڕەکان، ڕادەچڵەکم. چونکە ئەوان بە ساردێکەوە پێشوازییم لێ دەکەن. ئەو شەڕەیش کە لەگەڵ ئەمنەکان کردوومە، بە بێبایەخ سەیری دەکەن.

ماوەیەك لەگەڵیاندا دەبم، چەکم نادەنێ؛ هەست دەکەم چاودێریم دەکەن. ئەگەرچی نایدەن لە ڕووم، بەڵام پێیانەوە دیارە متمانەم پێ ناکەن. رۆژێك ئامر مەفرەزەکە بانگم دەکات و پێم دەڵێت:

  • ئەمشەو دەردەچین بۆ ئەرکێکی تایبەت. ئەگەر لەگەڵمان بکەویت و لە بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانتا سەرکەوتوو بیت، ئەوا کە هاتینەوە چەکت پێ دەدەین.

دڵم خۆش دەبێت، دواجار من دەبم بە خاوەنی چەکی خۆم!

  • دەپرسم ئەرکەکە چییە؟

  • کوشتنی چەند خائینێکن کە هاتوچۆی ماڵەکانی پیاوانی ڕژێم دەکەن. لە ناویاندا ژنێکیش هەیە.

دڵم دەگوشرێت. ئاخر هەرچەندە خەڵک منیان بە کەسێکی شەڕانی و چەقۆوەشێن دەزانی، بەڵام هێشتا بەرامبەر بە ژن و بە تایبەت دایك زۆر لاوازم. ئەو ژنەیش کە دەچین بۆ کوشتنی دواجار هەر دایکێکە. لە یەکێک لە گوندەکانی سەر شاخ کە بەسەر شاردا دەڕوانێت، لا دەدەین. بۆ ئەوەی بەر لە تاریک داهاتن، ئێمە وردەوردە بەرەو خوار داگەڕێین. دەچینە مزگەوتەکە، ئامر مەفرەزەکە بۆ نانخواردنی ئێوارە بەسەر ماڵەکاندا دابەشمان دەکات. من، سەیرێکی ئەو بەشەی شار دەکەم، کە لێمەوە دیارە. گەلێك شتی خۆش و ناخۆشم دێنەوە یاد. چەرمەسەرییەکانی دایکم و هەوڵدانی ئەو بۆ ئەوەی پارووەیەك نانی شەریفانەمان بۆ پەیدا بکات. ژیانی گەنجی و شەقاوەیەتی، گۆرانی و کۆڕ و کۆمەڵی هاوڕێکانم. ئەو ژنانەی خۆشیان ویستم و خۆشم ویستن. جارێکی تر دڵم دەگووشرێت و ناچم بۆ نان خواردن. ناچار پێشمەرگەیەکم لەگەڵدا دادەنێن. پاش نانخواردن بەرەو شار بەڕێ دەکەوین. دەگەینە گەڕەکە هەژارنشینەکانی قەراخ شار. کۆڵانە و کۆڵان و بە دزە یەك لە دوای یەك دەڕۆین. شار کپ و بێ دەنگە. کە بە ناو کۆڵانەکاندا دەڕۆین، گوێم لە دەنگی ژن و مناڵ و پیاوانە لە ناو ماڵەکاندا. تەقەی قاپ و دەنگی مەنجەڵ و هاوارێکی ژنەکان بەسەر مناڵەکانیاندا. خەیاڵ دەمباتەوە بۆ حەوشەکەی خۆمان و سەرم لەسەر ڕانی دایکمە و پیاڵەیەك چام لەبەردەمدایە. بەرەو گەڕەکی خۆمان دەچین. دەکەوینە ناو کۆڵانەکەی خۆمانەوە. لە سیلەی کۆڵانەکەدا ڕایان دەگرم. وەکو شارەزایەك لە خێزانەکانی کۆڵانەکەمان، لە ئامر مەفرەزەکە دەپرسم.

  • من، ماڵمان لەم کۆڵانەیە! ئێوە دڵنیان لەم کۆڵانەدا کەسانی خراپ و تاوانبار هەن؟

  • ئەی قابیلە لە خۆمانەوە بێین؟! شۆڕش ئاگای لە هەموو شتێکە. لە سەرەوە پێیان وتووین و ناو و ناونیشانەکەیان پێم داوە.

  • باشە کام ماڵەیە؟

ئامر مەفرەزەکە بە بێ ئەوەی دەستی زۆر ڕابکێشێت، ئاماژە بۆ ماڵی ئێمە دەکات.

  • ئەوە ماڵی ئێمەیە!

  • ئەزانم بەخە گیان! رەنگە تۆ بێ ئاگا بیت لە هەندێك شت. بەڵام ئێمە هەواڵمان لایە، کە دایکت بە ناوی دەم و چاو هەڵگرتن و کاری ناو ماڵەوە، هاتوچۆی ماڵە ئەمنەکان دەکات و سیخووڕییان بۆ دەکات.

بە خێرایی دیمەنی دایکم دێتە بەرچاوم، کە بۆ نان پەیداکردن سەردانی ماڵەکان دەکات تا دەم و چاوی خانمان هەڵ بگرێت. هەرگیز… هەرگیز… لەم کاتەدا دوو پێشمەرگە دەمامکیان کردووە و لە دەرگەکەمان دەدەن. من ڕا دەکەم دەمەوێت لەبەردەمی دەرگەکەدا بوەستم، فریا ناکەوم و دایکم دەرگە دەکاتەوە، پێشمەرگەکان دەبینێت و منیش دەبینێت لە دوای ئەوانەوە بەرەو دەرگەکە ڕا دەکەم. دایکم نیگای لەسەر منە و زەردەخەنەیەك سیمای ڕووناك دەکاتەوە. دەیەوێت بێتە ئەمدیوی دەرگەکە و باوەشم بۆ بکاتەوە. ئەو دوو پێشمەرگەیەی لە دەرگەیان دا دەستڕێژێکی لێ دەکەن. من پڕ بە گەرووم هاوار دەکەم و شاڵاو بۆ پێشمەرگەکان دەبەم. لە دواوە دەستڕێژێکی ترم گوێ لێ دەبێت. هەست بە فشارێکی بەهێز دەکەم لەسەر پشتم و خوێن لە سنگ و سکمەوە فیچقە دەکات. ناگەمە دایکم و بە دەما دەکەوم. گوێم لە ئامر مەفرەزەکەیە، وەکو ئەوەی لە ناو بیرێکدا بم دەنگی دەبیستم، دەڵێت:

  • ئەبینن! گومانەکەمان لەسەر ئەمیش ڕاست دەرچوو, ده‌ی خێراكه‌ ڕاكه‌….

بەرلین

٢٣/١/٢٠١٨

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین