تێڕامان و زمانی کەمتێچوویی لە شیعری [لە گەورەیی شتەکان ڕادەمێنم]ـی بەختیار عەلیدا
پێشەوا کاکەیی
کلیلەوشە: بەختیار عەلی، شیعر، تێڕامان، زمان، کەمتێچوویی زمان، کات، شوێن، فەزا، مردن، ڕۆح، ژیان، خود، ئێمە، سرووشت، مرۆڤ، گەردوون، بوونەوەر، بوونگەرایی، بیرەوەری، پێکهاتە، هۆکارگەرایی، ڕابردوو، ئێستا، داهاتوو، مێژوو…
شیعر، چەندین بارودۆخ دەهێنێتە کایەوە کە وا لە مرۆڤەکان دەکات بە سۆزەوە ئاهێک هەڵبکێشن؛ بۆ نموونە: شیعرەکانی بەختیار عەلی لە ڕووبەری گشتیدا. ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە کێ بەرهەمی شاعیر دەخوێنێتەوە، یان لە چ بارودۆخێکدا دەخوێندرێتەوە. بۆ نموونە: ئایا خوێنەرێک کە شیعری بەختیار دەخوێنێتەوە دەتوانێت ببێتە خوێنەرێک کە بۆدلێر و ڕوودەکی و پاز و (هایزی)ـی چینیش بخوێنێتەوە؟ پێم وایە ئەمە کێشەکەیە، واتە لە خوێندنەوەدا، لە ڕووکەشدا، خوێنەر بەرهەمەکە هەڵدەبژێرێت، بەڵام ڕاستییەکەیشی ئەوەیە کە کارەکەیە خوێنەر هەڵدەبژێرێت. شاعیر، لە ئایدیاڵترین دۆخی خوێندنەوەدا، پێویستە خوێنەرانی خۆی بە بەرهەمەکانی هەڵبژێرێت، تەنیا بەم شێوەیە دەتوانرێت ئامانجی نووسین بە ڕاستی بە دی بهێنرێت. من هەمیشە باوەڕم وابووە کە تەنیا ئەو شاعیرانە شیعر دەنووسن کە بتوانن خوێنەر هەڵبژێرن، دەتوانن شتێک بە مانای بوونی شیعر بنیات بنێن. لێرەدا من شاعیرانە قسە ناکەم، بەڵکوو لەبارەی شیعرەوە قسە دەکەم کە ئەوە شاعیرە منی توێژەر وا لێ دەکات وەک خوێنەری دەق، دەقەکە بناسم. ئەگەر زیاتریش بچین، کە پێویستە بگوترێت ئەو شیعرەی کە ناتوانێت خوێنەر بۆ خۆی هەڵبژێرێت، نابێت بەدواداچوونی لەبارەی شیعرەکەوە بکرێت. [بۆ زەمەنی ئێستا ناڵێم، چونکە زۆربەی شاعیرەکان ناخوێننەوە، تەنیا دەنووسن و چاپ دەکەن؛ ڕێژەی فرۆشی چاپەکان دیارە کە شاعیرەکان لە سەدا دوویش ناخوێننەوە! بە شێوەیەکی گشتی.]
زمان خۆی ئامرازێکی پەیوەندییە، جا چ دەرکەوتنی وشەی نوێ بێت یان بەکارهێنانی وشەی کۆن، بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بەوەی کە بەکارهێنەر بە مانایەکی شیعریی چ مانایەکی پێدەدات. بۆ شاعیرێکی باش شتێک نییە بە ناوی «شێواندنی زمان»ـەوە، جا چ بەناو زمانێکی ڕەسەن بێت یان بەناو زمانێکی پووچەڵ بێت، ئەگەر نووسەر نەتوانێت «بنیاتنانی مانا» بە مانایەکی شیعریی تەواو بکات، ئەوە دەبێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ خودی توانای نووسەر. شاعیر بە پێچەوانەی شیعری نەوەی پێشووی، چەندین وشەی هێنایە ناو شیعرەوە، ئەوەی کە شاعیر زمانسازی تێدا کردووە، ئەوەیە کە فراوانکردنی توانای ئاماژەدانی خودی زمان بووە بە هاتنەناوەوەی بیر. زمان ڕابردوویەکی هەیە و داهاتوویشی ئەوەیە کە هێشتا ئامرازێکی پێویست دەبێت کە مرۆڤەکان بۆ دەربڕینی خۆیان و دامەزراندنی پەیوەندییەکان بە کاری بهێنن. ئەگەر کات بەرەو پێشەوە دەچێت، شتەکان دەگۆڕرێن، توانای مرۆڤ بۆ تێگەیشتنیش لە شتەکان بەرەو باشتر دەڕوات، ئەوا دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ دەربڕینی پەیوەندی لەگەڵ شتەکاندا، بۆ ئەوەیە زمان بتوانێت بە ڕوونتر بوونی مرۆڤ لە کات و شوێنی دیاریکراودا بخاتە ڕوو.
هەرچەندە ناتوانین لە ڕووی تیۆری پێشکەوتنەوە سەیری شیعر بکەین، بەڵام پێشکەوتنی مرۆڤ و تێگەیشتنی لە جیهان، بەتایبەت پێشکەوتنی زانستی سرووشتی لە تێگەیشتن لە گەردوون، ڕێگەی بە مرۆڤ داوە کە بزانێت ئەو جیهانەی تێیدا دەژیێت، ئاڵۆزتر بووە لە ڕابردوو. هەروەها ئەمەیش پێویستی بەوەیە مرۆڤەکان شێوازی ئاڵۆزتر بە کار بهێنن بۆ دامەزراندنی گفتوگۆ لەگەڵ جیهانی شیعردا. شیعر دەبێت خۆی لەگەڵ ئەو جۆرە گۆڕانکارییە ئاڵۆزانەدا بگونجێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت تێگەیشتنەکەی بخاتە ڕوو و توانای گەڕان بە دوای نهێنییەکانیدا بە دەست بهێنێت.سەرەڕای ئاڵۆزییەکەی، هێشتا دەبێت ئەوە ببینین کە نوێیەتی بڕبڕەی پشتی شیعری هاوچەرخە. وەک ئەوە وایە کارەبا بنەمای ژیانی هاوچەرخ بێت، ئەگەر کارەبا نەبوایە ژیانی هاوچەرخ شتێک نەدەبوو! بەبێ جێبەجێکردنی نوێیەتی لە نووسینی هاوچەرخدا، ئەو بەرهەمانەی کە هەر کەسێک نووسیویەتی، بێگومان دەکەونە ناو هێلانەی ڕابردووەوە. هەرچەندە شێوازی شیعر بگۆڕێت، پێکهاتەی شیعر هێشتا پێویستی بە [دەستپێکردن و گواستنەوە و یەکگرتن]ـە لە ڕووی هونەرییەوە.
بەختیار عەلی لەم شیعرەدا، فێری دەستپێکردن و گواستنەوە و یەکگرتنمان دەکاتەوە. بە تێڕامانێکی قووڵ و بە زمانێکی کەمتێچوو لە وشە، گەردوونمان بۆ دەخاتە ناو پرسیاری سەرسووڕمان لە دەرەوەی هێزی مرۆڤەوە. کە مرۆڤ بتوانێت لە هێزی ئەوی تری بوونەوەر بە گشتی و گەردوون بنواڕێت و خۆی لەناو ئەو پرسەدا چۆن مامەڵە بکات. مرۆڤ لەکاتی چاودێریکردنی سرووشتدا، زۆر جار تووشی «شتە بێئەقڵەکان» دەبێتەوە، بەڵام شاعیر تێگەیشتنێکی قووڵی هەیە بۆ هەوراز و نشێوەکان، زۆر ئاسانە مەبەستی ڕەسەنی شاعیر هان بدات بۆ تێگەیشتن لە ژیان.
ئەگەر نموونەیەک لە شیعرەکە وەربگرین؛
(گەورەیە ئەم ئەستێرەیە… کە ئەو هەموو تیشکەی تیا جێدەبێتەوە
گەورەیە ئەم دڵۆپەئاوە کە بەم بچووکییە، خۆی بە منداڵی دەریا دەزانێت.
گەورەیە ئەم تیشکە کە لە مێژە لە ئاسماندا وێڵە و ئێستاش خۆری بیرنەچۆتەوە.
گەورەیە ئەم کێڵگەیە کە ئەگەر بێتە بەر، پڕە لە سێوی نەبینراو.
گەورەیە ئەم غونچەیەی کە ئەگەر بگەشێتەوە، پڕە لە باغی نەوتراو[1].)
لێرەدا ناسنامەی مرۆڤ و سرووشت و گەردوون نیشان دەدرێت لەسەر پرسیار. پرسیار لە گەورەیی شتەکان و بچووکی ئەقڵ. خود تەنیا چاودێرێک نییە، بەڵکوو پێکهاتەیەکی دیمەنی سرووشتییە. هەروەها پەیڕەوی لەم نەریتە کردووە کە مانای ئەقڵانی بۆ دیمەنە سرووشتییەکانی داناوە، ڕاستەوخۆ هەستی بە شتە دەرەکییەکانی کردووە، هەروەها شیعر بۆ بەدیهێنانی تێگەیشتن لە ژیان لە خودی ژیانەوە بە کار هێناوە. تێبینییەکانی لەسەر «گەردوونی کۆنکرێتی»ـیە و گرنگییەکی هێمای گشتگیریان هەیە. ڕوانگەی خۆی بە کار هێناوە بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتن لە پەیوەندی شاراوەی نێوان مرۆڤ و سرووشت و بەردەوامبوون لە فۆرمولەکردنی لە شیعرەکانیدا. گەردوون و سرووشت بە کار دەهێنێت بۆ پرسیار و تێڕامان لە گەردوون و ڕۆح و سرووشت، وەک [تیشک لەناو ئەستێرەدا] کە «هێزی ڕووناکی» لەناو زماندا نیشان دەدات. یانژی [دڵۆپێک ئاو] لە [دەریا]دا، زمان تێکەڵی دیمەنەکەی دەکات بۆ بانگهێشتکردنی شیعر. شاعیر پرسیار لە نەبینراوەکان و نەگوتراوەکان دەکات و بانگهێشتمان دەکات بۆ گفتوگۆی مێژوویی و ئێستا و داهاتوو. کە گەڕانەوەیە بۆ گەورەیی [کێڵگە] لە پانتاییی مێژووی مرۆڤایەتی و سرووشت و گەردووندا. تێڕامانی مرۆڤە بۆ گوناهـ، کە ئەم میوەیە سەدان پرسیار دەخوڵقێنێتەوە. شاعیر گەڕانێکی تایبەتی خۆی هەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەقڵی ناوەوە و شتە دەرەکییەکانی. کە تیشک دەخاتە سەر «لێکۆڵینەوە لە شتەکان» لە یەکگرتنی خود و بابەتدا.
کەڵکوەرگرتن لە ساتەکان بۆ تێگەیشتن لە کڕۆکی شتەکان لە لایەن شاعیرەوە، تەنیا شیعرێکی ئامادەسازی نییە، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە جەخت لەسەر ئەزموونی قووڵی کاتەکانی ناوەوە بکاتەوە و تێپەڕبوونی جیهانی دەرەکی تێپەڕێنێت. کات شوێنی نیشتەجێبوونی شاعیرە، کات بە فەزایی دەکات و ئارامی ناوەوە دەپارێزێت. گەڕانەوە بۆ ئەزموون و یادەوەرییەکانی ڕابردوو و گەڕانەوە بۆ ماڵێکی گەرم، کارێکی نۆستالژیایشە، شاعیر نۆستالژیا وەک میدیۆمێک بە کار دەهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی خنکاندنی کات. لە کاتدا چۆن بەر تێڕامان و زمان بکەوین؟ شاعیر ناتوانێت ڕێگری لە تێپەڕبوونی کات بکات، بەڵام دەتوانێت کات لە یادەوەرییەکانیدا بپارێزێت و بەرەنگاری خەسارناسیی زمان ببێتەوە لە قەرەباڵغی سەردەمەکەدا.
دواتر شاعیر بانگەشەی ئەوە دەکات بەشداریمان پێبکات لە پرسەی بوون و تێڕوانین لەوانی دیکە. لە شیعردا، زمان لە ئاژاوەییبوون و هیچبووندا بیرکردنەوەی فەلسەفی هەنگاو بە هەنگاو تەواو دەکات. بە گوێرەی بوونگەرایی، ئەوەی پێی دەگوترێت: کات، فەزا، هۆکارگەرایی، مەرج، تاکایەتی و پێکهاتە، هەموو بەرهەمی بوونی چالاکانەی مرۆڤن کاتێک بەرکەوتنیان لەگەڵ جیهاندا دەبێت، هەروەها ڕەنگدانەوەی دۆخی بوونی مرۆڤن. زمانی شیعر پرسیاری کۆتاییی بوون و هیچبوون لە گۆڕانی بەردەوامدا تەواو دەکات، بیرکردنەوەکان لەسەر فەلسەفەی بوونگەرایی و مێتافیزیکی لەگەڵ ئاژاوەی دووبارەبووەوەدا تێکەڵ دەکات.
ئەم شیعرە پێمان دەڵێت: کە تێڕامانێکی قووڵ پانتایی زمانی داگیر کردووە لەناو پرسەکانی کات و فەزا و هۆکاری مێژوویی و ئایینی و ڕۆحیدا. بوونێتی دەداتەوە بە [چڵەگیا]یەک کە لە قووڵاییدا بوونێکی تر دەداتەوە بەر خۆی کە [گوڵ]ـە و هەناسە بە سەنتەربوونی بوونە. دواتر [کۆتر] کە لە گێژاوی شیعریدا ڕۆ چووە و لە شەقەی باڵ دەدات، پێمان دەڵێت کە کۆتر لە شڵەژاندا دەژیێت. لەدایکبوون و ژیان و مردنی خۆی بە سێ وێستگە تەواو دەکات، ئەوەی کە کەشوهەوایەی ناو ئەم شیعرییش دەپارێزێت، ئەم سێ کەرەستەیەیە: [جەنگەڵ، گوللە و هەڵفڕین].
بە واتایەکی دیکه:
– دڵپڕی جەنگەڵێ بچووک گوللەی کتوپڕ هەڵفرینی لەناکاو
بوون یان نەبوون؟ لەناوبردن یان لەناونەچوون؟ ئەم پرسیارە بنەڕەتییە لەگەڵ پەرەسەندنی زماندا بێکۆتایی بڵاو دەبێتەوە. هەموو بوونێک یەکسەر جێگای بوونێکی تر دەگرێتەوە و بوون تەنیا مانای نەبوونە. شیعرەکە باسی ئەو دنیا بێمانا و ئاژاوەگێڕە دەکات کە بوون و هیچیی تێدا تێکەڵاون و بێماناییی ئەم جیهانە چڕ دەکاتەوە بۆ ناو نهێنیترین کایەکانی مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەیشدا، تێڕامانی شاعیر بۆ مردن لە ژیان گەورەترە، هۆکاری ئەوەی کە نادیارییەک هەیە و لە ژیاندا بەرکەوتن هەیە. شاعیر ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە بوون بێمانایە. هەر وەک چۆن شێوازی ژیانی زۆر کەس کە وایان لێدەکات گومان لە بەها و ئامانجی بوونیان هەبێت، هەستێکی بەهێز بە تێپەڕبوونی کات، کاتیش دەبێتە هێزێکی وێرانکەر، وا لە مرۆڤەکان دەکات هەست بە «ئەویتربوون» و دابڕان لە کەسانی دیکە بکەن.
پرسیاری شاعیر لە نێوان تێڕامان لە شتەکان و دەربڕینی زمان لە کەمتێچوویی، سەرقاڵمان دەکات بەوەی «لەناوبردن» هیچبوون نییە، بەڵکوو نکۆڵیکردنە لە «بوون»، لەناوبردن لە شوێنێکی تردا نییە، لە خودی بووندا جێگیر بووە و لە ڕێگەی بوونەوە ئاشکرا دەبێت، ڕێگایەکە بۆ ئازادکردنی کڕۆکی شتەکان. ئەوەی بە ڕاستی بوونی هەیە، پێشەنگی دەستپێکردن و لەناوچوونی شتەکانە. کاتێک مرۆڤەکان درک بەوە دەکەن کە بوونی هەموو شت و ڕووداوەکان تەنیا ئەڵقەی گۆڕاو و تێپەڕینن، ئەوا تەنیا ڕێبوارن لە بووندا، هەروەها «من» بەشێکە لە هەموو شتەکان و لەگەڵ لەناوچوونی هەموو شتەکاندا لەناو دەبرێت. بۆیە شاعیر پرسیاری مردن بە هەموو ڕێگەکانەوە دەبەستێتەوە و وەک تێڕامان لە شتەکان و هەم زمان وەک کەمتێچوویش دەخاتە بەر باس.
ئۆکتاڤیۆ پاز لە شوێنێکدا دەڵێت: [هەموومان کاتین]، هەروەها جۆزێف برۆدسکی دەڵێت: [شیعر دەربڕینی یادەوەری مرۆڤە.] لەمەوە دەچینە سەر ئەوەی بۆچی بەختیار عەلی لەم شیعرەدا دەڵێت:
(بەڵام لە هەموو شتێک گەورەتر هاوڕێم، مردنە…[2])
چەقی ئەم شیعرە، بە کەمترین تێچووی زمان پێمان دەڵێت: [چەمکی مردن لەناو پرسیارەکاندا لە هەموویان گەورەترە]؛ واتە شاعیر زۆر بە ئاگاییانەوە ئەم پرسە دەجووڵێنێت کە تێڕامان لە گەردوون و سرووشت و ژیان هێندەی پرسیار لە مەرگ هەستیارتر نییە، بەو مانایەی کە دەرفەتمان دەداتێ بۆ هەموو شتێک و ببینە هەموو شتێکیش، بەڵام دواجار خۆیەتی. کە شاعیر دەڵێت:
(کاتێک لە جوانی تێر بووین، بە میهرەوە وەک دایکێک بانگمان دەکات:
وەرنەوە بۆ باوەشی من… وەرنەوە بۆ باوەشی من… ئیتر تەواو[3].)
کە وایە شاعیر دەمانباتە ناو تێڕامان لە «کات» و «بیرەوەری»ـیەوە کە هەردووکیان ئاماژە بە ژیانی تاکەکەسی دەکەن. ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە ئەمڕۆ ڕەهەندی جوانیناسیی شیعر لە ڕادەبەدەر کەسایەتی و هەمەچەشن و تەنانەت جیاوازیش بووە، ئەوەی کەممان هەیە شیعری گشتی سەردەمە و «شیعری کۆتایی»ـە کە هەم لە سەردەمەوە دێت و هەم تێدەپەڕێت بە سەردەمەکەدا و ئاڕاستەکراوە بۆ خوێنەرانی داهاتوو.
ئەو ئەزموونەی شاعیر ئاماژەی پێدەکات، نەک هەر ئاماژە بە ئەزموونی ژیانی «خود- ئێمە» دەدات، بەڵکوو بوونی «شتە» جۆراوجۆرەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە کە شاعیر هەستی پێدەکات. هەروەها دەکرێت بڵێین ئەو ئەزموونەی لێرەدا ئاماژەی پێکراوە، تێڕوانینی شاعیرە بۆ جیهانی هەبوو، کاتێکیش جیهان و شاعیر یەکدەگرنەوە، جیاکردنەوەی یەکتریان قورستر دەکەن، ئەو شیعرەی لەم کاتەدا بەرهەم دێت، شیعری ڕاستەقینەیە. بۆیە لە ڕوانگەی شاعیرەوە، کەڵەکەبوونی ئەزموون پێشمەرجێکی پێویستە بۆ خوڵقاندنی شیعر بە مانا ڕاستەقینەکەی. پێم وایە تێڕوانینی بەختیار بۆ شیعر، هاوشێوەی چەمکی «یەکێتیی سرووشت و مرۆڤ»ـە کە هەردووکیان بەرزترین کایە ئاشکرا دەکەن کە دەتوانرێت لە هونەردا بە دەست بهێنرێت.
تەممووزی ٢٠٢٤
شوێنپێ: قەڵادزێ
[1]. ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتیی دوژمن، بەختیار عەلی، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، چ٣، سلێمانی، ٢٠١٥، ل١٥
[2]. هەمان سەرچاوەی پێشوو… ل١٦
[3]. هەمان سەرچاوە…