چۆن جۆکەر ئەکادیمییەکان، بوونەتە زەبرێکی کوشنده‌


Loading

نیگار نادر

لەگەڵ هەژموونی هاتنی شەپۆلی نیولیبراڵی سەرمایەداری بەسەر هەرێمی کوردستاندا، زەقترین دیاریدە بە بازاڕبوونی زانست و پلەبەندی ئەکادیمی لەزانکۆیەکاندا دەستیپێکرد، ئەوەش دەرکەوتی بێئەندازە ناعەقڵانی و هەرزانبەهای لێکەوتۆتەوە، لەناو ئەو بەبازاربوونەی ئەکادیمیەتدا بەدەستهێنانی دووجۆر بڕوانامەی دوکتۆرا دەکەونە رێزبەندی هەرەسەرەوە، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی سەرمایەی دارایی و سەرمایەی سیاسی، لەو رێزبەندەشدا یەکەمیان بەدەستهینانی بڕوانامەی دوكتۆرای تەنسازی(پزیشکی) یە دووەمیان بەدەستهێنانی دوكتۆرای ئەکادیمی یە، بەتایبەت دوكتۆرا لە بوارەکانی وەک سیاسەت، یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

کاتێک پرۆسەی پەروەردە و ئەکادیمیەت دەبێتە بازاڕێکی هەرزان ئەوکات هەل بۆ دروستبوونی جۆرەها جۆکەر ئەکادیمیست دەرەخسێ تاوەکو زیاتر خوبدەنە بەدەستهێنانی ناوبانگی زانستی بەمەبەستی قازانجی تایبەتی خۆیان، لە ئێستادا بەدەستهێنانی دوو جۆر دوکتۆرا ژمارەی خەیاڵی تێپەڕاندوە، هەروەها هەڵگرتنی ئەو جۆرە بڕوانامانە وەکوو مەرجێکی سەرەکیش ئەژماردەکرێن بۆ پەیداکردنی کار ، پۆستی سیاسی، ناوبانگی کۆمەڵایەتی و زانستی لەناو پارتی سیاسی و زانکۆیەکانی هەرێمدا.

بەبەردەوامیش خولیا و هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو دوو بڕوانامەیە لە هەڵکشاندایە و کێبركێیەکی بێزەوەری نائەکادیمی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامانە و دواتر بەدەستهێنانی پلەی پرۆفیسۆر پلە بەرزە زانستیەکان! بەگشتی مامۆستایانی زانکۆ لەهەڵپەی بەرزبوونەوەی پلەی ئەکادیمیاندا ملدەدەنە بەر ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ئاستنزمی زانستی، دەرئەنجامی ئەوەش گەندەڵی ئەکادیمی کۆی پرۆسەی خوێندنی باڵاو ئاستی زانستی لە هەموو زانکۆیەکانی هەرێمدا داتەنیووە …

یەکەم بڕوانامە و پێشگری دال دەبەخشرێ بە خاوەن بڕوانامەی زانستی تەنسازی کە پیشەی پزیشکیە و بە دوکتۆر ناسرێندراوە، داهاتێکی ئابووری زۆر باشی هەیە و لە پیشە بەناوبانگ باڵایەکانیشە، لە ئێستادا لە کوردستان کێبڕکێی نێوان نەخۆشخانە و پزیشکانی بیانی و نەخۆشخانە و پزیشکە ناوخۆیەکان بەمەستی پارە پەیداکردن دیاریدەی مەترسیدار و سەرسوڕهێنەری لێکەوتۆتەوە، بەشێوەیەکی گشتیش هاووڵاتیان لەڕووی تەنسازیەوە نەساغن و خێزان نییە نەخۆشێک و دووانی تیدا نەبێت،، هەڵەنین ئەگەر وا مەزەندە بکەین کە هاوڵاتیان بە تێکڕایی لەژیر چارەسەری پزیشکیدان و هاوکاتیش هاوڵاتیان بە ڕەوە بەرەوە وڵاتانی دەرەوەی هەرێم سەفەر دەکەن بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی!

لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمدا تابلۆی پزیشکان بە دیارترین تابلۆی سەر شەقامی شارەکان بەدیدەکرێن، بەو مانایەیی لە زۆر ڕووەوە و پیشەی پزیشکی بۆوەتە جۆرێک لە کاسبی و تاڵانکاری، ،لەبەر ئەو هۆکارانە ئەو جۆرە گەندەڵییە کوشندانەی لە کەرتی تەندروستیدا ئەنجامدەدرێن گەیشتونەتە ئاستیكی مەترسیدار کە بەپێی ستانداردی ئاسایشی تەندروستی جیهانی، جێگای نیگەرانی و مەترسین لەهەر کۆمەڵگایەکدا.

دووەم بڕوانامە و پێشگری دال دەبەخشرێ بە خاوەن بڕاونامەی دوکتۆرای ئەکادیمی کە وەکو مامۆستای زانکۆ دەناسێنرێن، بۆ بەمەبەستی بەدەستهێنانی پلەی ئەکادیمی بەرزترە لەبواری لێکۆڵینەوە و داهێنانی زانستیدا ، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەهەرێمی کوردستاندا، لەو چەند ساڵانەی دوواییدا بەدەستهێنانی ئەو جۆرە بڕوانامەی دوکتۆرایە بە خێزەرە زیادی کردووە، هەڵگری تایتڵی دوکتۆرا وەکوو ڤایرۆسیکی لێهاتووە کەوتۆتە گیانی بڕوانامەدارەکان ، بەتایبەت لەناو ڕێزی پارتییە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستاندا، بوونی ئەو بروانامەیە وەکوو پێوەرێکە بۆ پێدانی پلە و پۆست و رکابەری سیاسی، بەپێچەوانەشەوە بەدەستنەهێنانی دوکتۆرا بە کەموکورتییەکی لەکەسایەتیدا دەژمێردرێت! بەپێی هەندێک سەرچاوە گوایە جودا لە ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەو کادرانەی لەناو پارتە سیاسییەکاندا هەڵگری بروانامەی دوکتۆران بەهەزارەها کادیر مەزەندە دەکرێت!

گەندەڵی ئەکادیمی زۆر لق و جۆرو ستایلی جیاوازی لێ پەیدابووە و بووەتە هۆی پێگەیاندنی جۆرەها جۆکەر ئەکادیمیست کە هەڵگری ناوبانگی دوکتۆرا و پرۆفیسۆریان هەڵگرتووە و لە زانکۆیەکاندا زۆربەی هەرە زۆری لێکۆڵینەوەکانیان بەدەرن لە هەر پێوەر و ستانداردێکی زانستی لە جیهاندا ، ئەو گەندەڵییە ئەکادیمیە تیکهەڵکێشەیەکی چڕە لەگەڵ گەندەڵی سیاسی و سەرهەڵدانی دیاردەی زۆر کرچ و بەدەڵ لە پرۆسەی سیاسی هەرێمدا.

جۆکەر ئەکادیمیەکان جۆرێک لەو مرۆڤە خاوەن بڕوانامە دوکتۆرایانەن کە لە سەرێکی خاڵی و قاوغێکی پڕ لە ناونیشان و تایتڵی ئەکادیمی پێکهاتوون، ئەوان پێیان گرنگ نییە چۆن ستانداردی زانستی و پەروەردەیی زەبر لێدەدەن و تێکدەشکێنن، بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپ دەچنە ناو هەموو هاوکێشە سیاسیەکان و درزدەخەنە ناو یاساو ستاندارە زانستیەکان و کەمووکورتیەکانی سیاسەت سواخدەدەن، لەبەر هەندێ زۆربەی ئەو قوتابیانەی لەژێر دەستیشیان پەرورەردە دەبن جۆکەر دەردەچن و هەمان رێباز دەگرنەوەبەر …

ئێستا ئەو کۆمەڵگەیە لەبنەڕەتدا کۆمەڵگەیەکی ناسەغڵەمە و بۆ چارەسەریش دابەشکراوە بەسەر ئەو دوو جۆر دوکتۆرەدا، ئەوەی زۆر بەئازار و سەرنجکێشیشە (نەساغی گشتییە) بەو مانایەیەی هاووڵاتیان بەگشتی بەدەست خراپی باری تەندروستیانەوە دەتلێنەوە، ساڵبەساڵ تەندروستیان بەڕێژەیەکی نائاسایی تێکدەچێت! هاوکاتیش نەساغی پرۆسەی سیاسی و سیاسەتکردن لەهەرێمدا هێندە ئاڵۆز و نا تەنا‌‌هی و نائاساییە کە زۆر ئەستەمە بە هیچ پرۆسەیەکی تری سیاسی لە ناوچەکەدا بەراوردبکرێ!

سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان لەو چەند ساڵانەی دواییدا رێژەیەکی سەرسوڕهێنەر دوکتورو دوکتۆرای بەرهەمهێناوە بەڵام تا ئێستاش هیچ پارتێک، ئۆپۆزسێۆنێک، ئاسایشی تەندروستی و ئاسایشی سیاسی نەکردۆتە پلانی سەرەکی و ئامانجی ریفۆرمسازی! لەبەرئەوە دەکرێ بڵێین ئەو پرسە سەرەکی و گرنگانە چوونەتە خانەی پشتگوێخستنی گشتیەوە! بەپێچەوانەشەوە ژمارەی بڕوانامەی دوکتۆر و دوکتۆراکانی هێندە زیادەکات و زیادیکردووە، دەشێ کە ناوزەدبکرێ به هەرێمی دوکتۆرستان.

سەرهەڵدانی ئەو هەموو جۆکەر ئەکادیمییە وێرانیەکی قووڵی پرۆسەی پەروەردەیە و کاریگەری زۆر ترسەناکی هەیە بەسەر زۆربەی هەرە زۆری کایەکانی تری کۆمەڵگەوە، چونکە ئەو جۆکەر ئەکادیمیانە هەم لەڕووی سیاسەوە بوونەتە هۆی ناساغلەمی سیاسی و سیاسەتکردن هەم لەڕووی تەندروستیەوە بوونەتە هۆی ناتەنسازی و نەخۆشکەوتنی زیاتری هاووڵاتیان، لەبەرئەوە چەند ئازارهێنەربێت دەبێت ددان بەو راستیەدابنێنن کە ئێستا ئەوەی هەیە بریتییە لە کۆمەڵگەیەکی تەواو نەخۆش و پەککەوتە و سیاسەتێکی چەقبه‌ستە و سڕکراو، بەو مانایەیی بەگشتی نە هاووڵاتیان تەنسازن نە پرۆسەی سیاسیش تەندروستە، هەرێم وەک نەخۆشخانەیەکی پڕ لە دوکتۆرە کە نەک هەرچارەسەریان پێ نییە، بەڵکوو ئەوانە سەرچاوەی زۆربەی زەبری کوولتووری و دەردە کوشندەکانیشن …

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project