جه‌مال نه‌به‌ز و هاوڕێی ژیانی هانالۆره‌

بۆ جەمال نەبەزی خودنەویست


Loading

مرۆڤی ڕه‌سه‌ن ئه‌وانه‌ن تاوه‌کو له‌ بوون و له‌ ژیاندا بن شه‌ڕ له‌دژی مه‌رگ و پوکانه‌وه‌ و وه‌ستان و هیچایه‌تی و نه‌بوونایه‌تی و خودپەرستی ده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی بژین و هه‌بن ناڕه‌سه‌نایه‌تی خۆیان ده‌کوژن، خۆیان بێخود دەکەن، مرۆڤی ڕەسەن مرۆڤێکی خودنەویستە.

نیتچه‌ دروست گوتویه‌تی : پاڵه‌وانێتی باشترین ئیراده‌ی خۆله‌ناوبردنه‌. لێره‌دا پاڵه‌وانێتی و ڕه‌سه‌نایه‌تی و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و خودنەویستی هاوناوی یه‌کترن. له‌ڕاستیدا بێهووده‌یی ژیان و بێمانایی بوون له‌وه‌دا نییه‌ که‌ به‌ مه‌رگ کۆتایی دێت،به‌ڵکو له‌وه‌دایه‌ مرۆڤ ژیانێکی هه‌ڵه‌ و ساخته‌ بژی و نه‌خوازێت بیگۆڕێت،ئه‌گه‌ر وه‌هابووایه‌ سیزیف که‌ هه‌موو جارێک تاوێره‌به‌رده‌که‌ی له‌ به‌رزاییه‌وه‌ لێ تل ده‌بۆوه‌ بۆ خواره‌وه‌، کۆڵی ده‌دا و به‌ره‌نگاری ئه‌و چاره‌نووسه‌ جه‌برییه‌ نه‌ده‌بۆوه‌ که‌ مه‌حکومی کردبوو به‌ بردنه‌ سه‌ره‌وه‌ی تاوێره‌که‌ بۆ به‌رزاییه‌که‌. بێمانایی ژیان له‌وه‌دایه‌ مرۆڤ دۆخێک بژی که‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێکی مرۆڤانه‌ی تێدا کرابێته‌ هه‌لومه‌رجی نامرۆڤانه‌ و ئێمه‌ خه‌بات نه‌که‌ین بۆ دووباره‌ به‌ مرۆڤانه‌کردنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌.

ژیان له‌ چاوی مندا هەوڵی گرتنه‌وه‌ی کۆتره‌ ماڵییه‌کانمانه‌ که‌ ته‌قه‌ و هه‌را و ئاژاوه‌ی مرۆڤه‌ به‌ربه‌ره‌کان لێیان هه‌ڵفڕاندووین بۆ ئاسمان و لێیان ته‌راندووین، ئه‌مه‌ش ساته‌وه‌ختێکه‌ ده‌بێت وا له‌ مرۆڤ بکات بخوازێت بفڕێت بۆ به‌رزاییه‌کان و کۆتری ژیان بهێنێته‌وه‌ نێو ژینگه مرۆییه‌کانه‌وه‌، له‌ ساته‌وه‌ختێکی وه‌هادا ده‌بێت مرۆڤ هه‌لبکشێت بۆ (( سه‌ره‌وه‌)) تاوه‌کو له‌وێوه‌ ئامرازه‌کانی گۆڕینی ڕێگای هه‌ڵه‌ی ژیان بهێنێته‌ (( خواره‌وه‌)) بۆ سه‌ر زه‌وی.

جەمال نەبەز هەموو هەوڵەکانی بۆ ڕامکردنەوەی کۆترە تەریوەکەی کوردبوون بوو، کە هەم بەربەریەتی زلهێزە دەرەکییەکان و هەم وەحشیەتی حیزبە کوردییەکان هەڵیانفڕیواندووە. نەبەز خودێکی خودنەویست بوو، جاویدێک بوو جاویدانە بیری خۆی بۆ ژیانی زانستی و مێژوویی و زمانەوانی و سیاسییانەی میللەتێک بەکاردەهێنا کە هیچ بەرژەوەندییەکی خۆیی تێدانەبوو. لەدنیای ئەمڕۆدا ڕوناکبیری ئەوتۆ سەریانهەڵداوە بەبێ بەرانبەر نەک ستوونێک نانووسن، بگرە تەسریحێکیش نادەن.

ئەو کۆچ دەکات و نەوەکانی، خوێنەرەکانی بەردەوامی بە دنیای نووسینەکانی ئەو دەدەن، بەڵام روناکبیرە موزەیەفەکان هەر ڕیسواییان بۆ دەمێنێتەوە. لەبەرئەوە گوناهە ڕێز لە مرۆڤێک بگیرێت کە لەدوای خۆیەوە جوانی و چاکە بەجێ نەهێڵێت بۆ زیندووەکان، ئەوەی مرد و لە پاش خۆی چاکەی بۆ زیندووەکان بەجێهێشت، ئەوە هەمیشە سەردانی زیندووەکان و یادەوەری زیندووەکان دەکاتەوە. نەبەز، دەبێتە میوانێکی بەردەوامی خۆنەویست لای زیندووەکان.

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.