له‌ م فۆتۆیه‌دا - حه‌فتاكان ؛ یزی یەکەم: جەمال شارباژێڕی، ریزی دووەم: ...؟، جەلال میرزا کەریم، حسێن عارف، شێرکۆ بێکەس، ...؟، ریزی دوایی: حه‌مه‌ سدیقی محامی ، کەمال رەوف محەمەد....

جەلالی میرزا کەریم, ده‌نگێكی نوێخواز له‌ناو بێده‌نگیدا


ڕۆژمێری ئەدەبی

Loading

جەلالی میرزا کەریم: ده‌نگێكی نوێخواز له‌ناو بێده‌نگیدا

سامی شۆڕش

 

 

سەرەتای ساڵی 1970 جەلالی میرزا كەریمم ناسی، ئەوسا من قوتابی ساڵی یەكەمی زانكۆ بووم لە بەغدا. دەستی شیعرنووسینیشم هەبوو، بەڵام زۆر تازە بووم لە شیعرنووسین. ئەوسا بەغدا ناوەندێكی گەورەی بزووتنەوەی رِۆشنبیریی كوردی بوو، بەتایبەتی دوای رِێككەوتننامەی یانزەی ئازاری ١٩٧٠، جموجۆڵێكی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و هونەریی فراوانی كوردی كەوتە بەغدا. لەناو گەرمەی ئەو چوست و چالاكییە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەی بەغدا، هەر زوو جەلالی میرزا كەریمم ناسی، چونكە ئەوسا شاعیرێكی تازەخواز و كارا و چالاك بوو. ناسینی بۆ یەكێكی وەكو من كە تازە دەستم دابووە شیعرنووسین، كارێكی گەورە و سەرەتای ئەزموونێكی گەورەی دروست دەكرد.

ئەوكات هێشتا (شێركۆ بێكەس و حوسێن عارف)م نەناسیبوو. تازە رِۆژنامەی هاوكاری دەستی بە دەرچوون كردبوو، چەند ژمارەیەكی لێ دەرچووبوو، ئەوەبوو من لەگەڵ ئەزموونی خوێندنم لە زانكۆ، یەكەم بەرهەمی شیعریی خۆمم لە هاوكاری بڵاوكردەوە، یەكسەریش دوای بڵاوبوونەوەی شیعرەكە، كەوتمە ئیش لەناو ستافی ڕۆژنامەكەدا. جەلالی میرزا كەریم ئەوسا سكرتێری نووسینی ڕۆژنامەی هاوكاری بوو، ئەو كاركردنەی من لە ڕۆژنامەی هاوكاری زەمینەی ئەوەی لەبەردەم خۆش كردم، كە زۆرتر بیناسم و دواتر (شێركۆ بێكەس ء حوسێن عارف)یشم ناسی، ئەوانیش دوو هەڵگری ئەزموونی نوێخوازی بوون لەناو ڕۆشنبیریی كوردیدا، بۆیە بۆ من لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی یەكەمی خوێندنی زانكۆم، دەستپێكی گەورەی ڕۆشنبیریش كرایەوە لە ڕێی جەلالی میرزا كەریم.

 

 

فۆتۆیەکی جەلالی میرزا کەریم لە ئەرشیفی شاعیر سەباح ڕەنجدەرەوە.
جەلالی میرزا کەریم -جه‌لالی میرزا كه‌ریم ١٩٣٥ له‌دایكبووه‌ نه‌وه‌ی نوێخوازانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕوانگه 1993.01.14دا به‌نه‌خۆشی دڵ له‌شاری هه‌ولێر كۆچی دواییكرد.

ئەوەندەی من ناسیم بیروڕایەكی زۆر قووڵ و گەرمی هەبوو لەبارەی نوێخوازی، ئەوسا بەغدا ببووە مەڵبەندی نوێخوازی نەك هەر لەناو شیعر و ئەدەبیاتی كوردیدا، بەڵكو لەناو شیعر و ئەدەبیاتی عەرەبیش دا. عەرەبی ئیراق بەتایبەتی شاعیرانی ئەدەبی ئیراقی: (سەرگۆن پۆڵس و فازل عەزاوی و ئەنوەر غەسانی و سەڵاح فایەق) و  كۆمەڵێكی دیكە، ئەوانیش لە باری خۆیانەوە خەریكی دارِشتنی سەرەتای شیعرێكی تازەبوون. دەستپێكی شیعری تازە لەناو شیعری عەرەبی، ئەوانیش پەیوەندی و یەكتردیتن و گفتوگۆی هاوچەرخانەیان هەبوو لەگەڵ ئەو كۆمەڵە نوێخوازەی مەیدانی شیعری كوردیدا كە جەلالی میرزا كەریم دیارترینیان بوو. ئەوەی زۆرتریش ئەو پردەی دروست كردبوو لە بەینی هەردوولا، هەر ئەوبوو، چونكە لە وەزارەتی ڕاگەیاندنی بەغدا لە بەشی وەرگێرِان كارى دەكرد. لە ڕێی وەزارەتی ڕاگەیاندنەوە پەیوەندی و هاموشۆ و یەكتردیتنی لەگەڵ شاعیرە نوێخوازە عەرەبەكان زۆر گەرم بوو.

من لە ڕێی جەلالی میرزا كەریمەوە تێكەڵاوی ئەو ئەزموونە بووم، تێكەڵاوییەكەش تێكەڵاوییەكی ڕاستەقینە بوو، چونكە جەلال پیاوێكی زۆر خۆرِسك و دڵسۆز بە شیعر و ڕۆشنبیری و خوێنگەرم بوو. لە ڕۆژنامەی هاوكاری بووە سكرتێری نووسین، دواتر ئەو ڕۆژنامەیە چەندین هەنگاوی گەورەی بەخۆیەوە دی، وای لێهات لە ماوەی ساڵێكدا بووە قیبلەی ڕۆژنامەگەریی لاوانی كورد. ئەوكات ڕۆژنامەكە هەفتانە بوو، كە دەهاتە بازاڕ خەڵك ڕیزیان بۆی دەگرت، لە سەعاتی یەكەمی بڵاوبوونەوەیدا نەدەما. بێگومان ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەبوو كە جەلالی میرزا كەریم هەوڵی بۆ دەدا، بەرهەمی ئەدەبی لاوان ئاسۆ و ڕەهەندی نوێخوازی لەبەردەم ڕۆژنامەكە بكاتەوە. هەرچی زۆرترین خەڵكی لاو هەبوو لە دەوری ڕۆژنامەكەدا كۆی دەكردنەوە، باسی شیعری تازە و ئەزموونی تازەی بۆ دەكردن، هەوڵی دەدا لە خەڵك بگەیەنێ كە شیعری تازە زادەكی خۆڕسك و سروشتى گۆرِانە كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردییە و شتێكی نامۆ نییە سەپێندرابێ بەسەر كۆمەڵگەی كوردیدا. وەك ئەوسا ڕێچكەیەكی دیكەی كۆنخواز هەبوو، هەموو دەم هەوڵیان دەدا ئەوە لە خەڵك بگەیەنن كە ئەو نوێخوازییەی تازە داهاتووە شتێكی هێنراوە، شتێكی سەپێنراوە لە دەرەوە بەسەر ئەدەبیات و شیعری كوردیدا، بەڵام جەلالی میرزا كەریم زۆر بە زمانێكی پاراو و بە بەرهەمی بەهێز و كاریگەر، بە تاقیكردنەوەی قووڵ و ڕەسەن، بە كاری رۆژنامەگەری، بە نووسین و شیعر و چالاكی هەوڵی دەدا ئەوە بگەیەنێ؛ کە نەخێر ئەو نوێخوازییە شتێكی سەپێنراو نییە، بەڵكو شتێكی خۆرِسكە و كارێكی سروشتییە لەناو هەموو كۆمەڵگەیەك كە ڕووە و گۆرڕان و بەرەوپێشچوون بچێت، شیعری تازەش دێتەپێش، زۆر شتی تازە دێنە پێش لە مەیدانی ژیاندا و ئەو شیعرە نوێیەش یەكێكە لەو شتە تازانە؛ من ئەوە لەوەوە فێربووم.

ڕۆمانی (خانەقای میرزا) ی ڕۆماننوس (میران ئەبراهام) ڕۆمانێکی بیۆگرافی لەمەڕ شاعیر جەلالی میرزا کەریم - ٢٠٢٣
ڕۆمانی (خانەقای میرزا) ی ڕۆماننوس (میران ئەبراهام) ڕۆمانێکی بیۆگرافی لەمەڕ شاعیر جەلالی میرزا کەریم – ٢٠٢٣

من زۆر نزیكی جەلالی میرزا كەریم بووم، نەك هەر لە ڕۆژنامە كارم لەگەڵی دەكرد، بەڵكو بەیەكەوە لە یەك خانوودا دەژیاین. بۆ ماوەی چەندین ساڵ، لەڕێی ئەو تێكەڵاوییەم زۆر شتی لێوە فێربووم، یەك لەو شتە باشانەی كە فێری بووم ئەوەبوو، تێكەڵاوی ژیانی ڕۆشنبیری ببم. من ئەو كات كە تازە چووبوومە بەغدا، زۆری نەبرد كەوتمە ژیانی ڕۆژنامەگەرییەوە، لە ئەنجامیشدا هەر ئەو بوو زۆر هەوڵی لەگەڵم دەدا, هانی دەدام كە كاری گەرم بكەم لەناو ڕۆژنامەكەدا. تاوەکو وای لێهات ساڵێكی نەبرد منی تازە دەست پێ كردوو بوومە لێپرسراوی لاپەرِەی (ئەدەب و ژیان) لە هاوكاری و هەتا ساڵی 1974 بەرِێوەم دەبرد. 

ئەو كات هاوكاری ببووە مەڵبەندی نوێخوازی لەناو  نێوەندی ڕۆشنبیری  كۆمەڵگەی كوردیدا. ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی جەلالی میرزا كەریم لە هەقیقەتدا زۆر قووڵتر بووەوە، كاتێك توانی لەگەڵ (شێركۆ بێكەس و حوسێن عارف) بەیەكەوە هاوكارییەكی ئەوتۆ بكەن كە بزووتنەوەی (ڕوانگە) دروست بكەن. ئەو نوێخوازییەیان لە قاڵبی پەرتوبڵاوی دەرهێنا، خستیانە ناو قاڵبێكی گونجاو، قاڵبێكی بەبەرنامە.

جەلالی میرزا كەریم زۆر كارا و چالاك بوو لەناو بزووتنەوەی ڕوانگەدا. لە دەوری ئەو شاعیر و ئەدیب و چیرۆكنووسە گەورانەدا، ئێمەش كۆمەڵێَك لاو بووین دەورمان دابوون. (من و سەلآح شوان و ڕەفیق سابیر و ئەنوەر قادر محەمەد و سەلام محەمەد) بووین، لەولاوەش: (لەتیف هەڵمەت و فەرهاد شاكەلی) ئەوانە هەر هەموومان هەریەك بەشێوەیەك دەوری ئەو بزووتنەوەی ڕوانگەیەمان دابوو، بە بەرهەم و نووسین و ئیشی رۆژنامەگەری هەوڵمان دەدا پەیامەكەی بگەیەنین، لەو پانتاییەدا جەلالی میرزا كەریم بەخۆی و ئەزموون و بەرهەمە شیعرییەكانییەوە مامۆستایەكی زۆر گەورەبوو، كار و كاریگەرى ئەو قەت لە بیر ناكرێ لەناو تاقیكردنەوەی نوێخوازیی شیعری كوردیدا.

هەرچەندە جەلالی میرزا كەریم یەكێكە لە داهێنەرانی گرووپی ڕوانگە بوو، یەكێكیش بوو لە داینەمۆكانی ئەو گرووپە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ (شێركۆ بێكەس و حوسێن عارف)دا كەمتر ناوی دێت! ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە؛ هۆكاری یەكەم ئەوەیە، كە جەلالی میرزا كەریم بەپێچەوانەی شێركۆ بێكەس و حوسێن عارف، ئەو كات لە سەرەتای دروستبوون و گەڵاڵەبوون و خەمڵانی بزووتنەوەی ڕوانگەدا چەند كارێكی دیكەشی دەكرد. كەسێكی سەرقاڵ بوو، لە وەزارەتی ڕۆشنبیری (ڕاگەیاندن)ی بەغدا كاری دەكرد؛ ئیشی وەرگێرِانی كوردی و عەرەبیی دەكرد، سەرباری ئیشی وەزیفی، سكرتێری نووسین بوو لە ڕۆژنامەی هاوكاری، كە ئەوەش وەختێكی زۆری دەویست لە بەرامبەردا حوسێن عارف و شێركۆ بێكەس دەستبەتاڵتربوون، هەر خەریكی یەك ئیش بوون و خەریكی شیعر و چیرۆكنووسین بوون.  دووهەم ئەوەیە کە  جەلالی میرزا كەریم زۆرتر خەریكی ڕێكخستنی بزووتنەوەكە بوو؛ كۆبووونەوە كردن، لە كوێ دادەنیشن؟ باسەكان چین؟ چی بنووسرێتەوە؟ بەیانەكان چۆن بنووسرێن؟ واتا وردەكاریی ڕوانگەی دەكرد. بێجگە لە ئیشە ڕۆژنامەگەرییەكەی خۆی، هەروەها ئیشێكی گرنگی دیكەشی لە ئەستۆ بوو, ئەویش ئەوە بوو؛ دەربرِینى پەیامى بزووتنەوەی ڕوانگە بوو لە ڕووی ڕۆژنامەی هاوكارییەوە. ئەوسا مەیدانی بڵاوكردنەوە لەبەردەم بزووتنەوەی روانگە زۆر تەسك بوو، بەتەنیا رۆژنامەی هاوكاری هەبوو، دەبووایە كارێك بكرێ ئەو رِۆژنامەیە دەرگایەك بكاتەوە بەسەر ئەو بزووتنەوەیەدا هەتا ڕوانگە بتوانێ دەنگی خۆی بگەیەنێ. ئەوەی زەمانەتی بەردەوامبوونی كرانەوەى ئەو دەرگایەی هاوكاری دەكرد لە بەردەم ڕوانگەدا، جەلالی میرزا كەریم بوو. ئەوەش كارى كردەنى و ماندووبوونی دەویست، لەبەر ئەمانە كەمتر كاتی هەبوو خەریكی شیعرنووسین بێت.

 

له‌ م فۆتۆیه‌دا – حه‌فتاكان ؛ ڕیزی یەکەم: جەمال شارباژێڕی، ریزی دووەم: …؟، جەلال میرزا کەریم، حسێن عارف، شێرکۆ بێکەس، …؟، ریزی دوایی: حه‌مه‌ سدیقی محامی ، کەمال رەوف محەمەد….

 

لەو ڕووەوە جەلالی میرزا كەریم داینەمۆ بوو. بیرم دێ شێركۆ بێكەس لە سلێمانی بوو، لەوێوە جارجار دەهاتە بەغدا، بۆ ئەو ئیشوكارانەی ڕوانگە. حوسێن عارف لە بەغدا بوو، بەڵام بارودۆخى سیاسی ڕێگربوو كە بتوانێ بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو كارا و چالاك بێَ لەناو بزووتنەوەكەدا. ئەوەی مابووەوە لە بەردەست كە زۆر كارا و چالاكانە دەجوڵایەوە و ئیشەكانی ڕادەپەرِاند، جەلالی میرزا كەریم بوو.

نابێ ئەوەمان لە بیرچێ كە هەردوو برادەرەكەی تر (حوسێن عارف  و شێركۆ بێكەس) دوو ئەدیبی گەورە بوون، شێركۆ شاعیرێكی گەورە بوو، حوسێن چیرۆكنووسنێكی گەورە بوو، ئەوانیش لە مەیدانی ئیشەكانی خۆیاندا هەوڵیان دەدا لە ڕێی بەرهەمەوە پەیامی ڕوانگە بگەیەنن. لە رێی شیعر و چیرۆكەوە پەیام بگەیەنن، بەڵام جەلالی میرزا كەریم دەیویست لە ڕووی شیعر و ئیشی رۆژانە و خۆشكردنی زەمینە و رێگا لە بەردەم بزووتنەوەی روانگەدا ئەو پەیامە بگەیەنێ.
پێم وایە جەلالی میرزا كەریم لە ماوەی ئەو نوێخوازییەی لە قۆناغی ڕوانگەدا توانی كەسایەتییەكی شیعریی كاریگەر و زۆر سەربەخۆ بۆ خۆی دابمەزرێنێ، پێش ڕوانگە جەلال شاعیرێكی دیار نەبوو، شاعیرێك نەبوو دەست و  پەنجەی خۆی بەسەر پانتایی بزووتنەوەی شیعرەوە زەق كردبێتەوە، بەڵام لە قۆناغی ڕوانگەدا ئەوەی پێ كرا، لەبەر كۆمەڵێك هۆ؛

 
یەكەم: توانی زمانێكی شیعریی تایبەتی بۆ خۆی دابرِێژێ، ئەگەر بەرهەمەكانی جەلالی میرزا كەریم بخوێنینەوە دەبینین ئەو تاقیكردنەوە شیعرییە, خاوەنی زمانی تایبەتی خۆیەتی، بۆ نموونە زمانێكی زۆر ڕاستەوخۆ بوو، بەڵام ڕاستەوخۆیەكی قووڵ و رِوون، كە عەرەب پێی دەڵێن (السهل الممتنع).

دووەم: ئەو زۆرتر بایەخی بەوە دەدا لە خەم و ئازار و ژانی سیاسیی میللەتەكەی خۆی نزیك بێتەوە. لەناو ڕوانگەدا هەوایەك دروست ببوو، كە ئەویش ئەوەیە دەكرێ شاعیر و ئەدیب و چیرۆكنووس زۆرتر خەریكی خەمە تایبەتییەكانی خۆیان بن، خەریكی خەمە مرۆییەكانی خۆ بن، خەریكی وردەكارییەكانی پانتایی ژیان بن، نەك هەر سیاسەت. جەلالی میرزا كەریم خەسڵەتەكەی ئەوەبوو لە رێی شیعری تازەوە هەوڵی دەدا لە ژان و خەمی كۆمەڵگە نزیك بێتەوە. ئەگەر شیعرەكانی ئەو قۆناغە بخوێنینەوە، دەبینین هەمووی باسی بارودۆخ و حاڵی میللەتەكەیەتی، بەڵام بە زمانێكی تازە، ئەوەش زۆر سەخت بوو، بە كەم كەس دەكرا، لەبەر ئەوەی شیعری تازە دووركەوتبووەوە لە ژانی كۆ و كۆمەڵگە، زیاتر خۆی نزیك كردبووەوە لە ژانی تاكە كەسى، بەڵام جەلالی میرزا كەریم توانی ئەو پەیوەندییە بپارێزێ.

سێیەم: توانی شتێكی زۆر گەورە بكات، ئەویش ئەوەیە، بێگومان شێركۆ و حوسێن عارفیش پێیان كرا، بەڵام جەلال زۆر بەزەقی توانی بیكات, تێكەڵاوكردنی تاقیكردنەوەی تازەگەریەتی لەناو عەرەب لەگەڵ شیعری كوردیدا، چونكە جەلالی میرزا كەریم لەناو ڕۆشنبیرانی عەرەبدا بوو، زۆر ئاگاداری تاقیكردنەوەكانی ئەوان بوو، زۆر ورد و وردەكار بوو، بەدواى كار و داهێنانیانەوە دەچوو، دەیزانی وردەكارییەكانی تاقیكردنەوەی نوێخوازی لەناو شیعری عەرەبیدا چییە و چی نییە، بۆیە ئەو ئەزموونەی بەشێوەیەكی زۆر كوردییانە دەگواستەوە ناو شیعری نوێی كوردی، ئەوەش تایبەتمەندییەكی جەلالی میرزا كەریم بوو.

ئەگەر تەماشا بكەین لە ماوەی ڕوانگەدا, جەلالی میرزا كەریم چەندین شیعرى نووسی. ئەو شیعرانەی ئەو دەینووسین جێگەپەنجەیان دیاربوو، لە بەرهەمی كەڵە ئەدیبەكانی ناو ڕوانگە كاریگەر و بالآتربوون. بە ڕاستی جەلالی میرزا كەریم تاقیكردنەوەیەكی زۆر قووڵ و بەرفراوانی بزووتنەوەی ڕوانگە بوو. هەر كاتێك، هەر كەسێك بیەوێت لە بزووتنەوەی ڕوانگە تێ بگات, یان لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بنووسێت, لە ئاسۆكانی وردبێتەوە، بەبێ وردبوونەوە و خوێندنەوە و لێكۆڵینەوەی شیعرەكانی جەلالی میرزا كەریم, ئەو كارە ناكرێ و مەحاڵە، چونكە رِوانگە لە شیعرەكانی جەلالی میرزا كەریمدا زۆر بەزەقی رِەنگی دابووەوە, لە هەمووان زیاتر ئازاری لەپێناویدا چەشت، بەڵام پشوو درێژ بوو، كارێكی كرد ڕوانگە هەتا ئێستا بەزیندوویی بمێنێتەوە. ئەگەرچی ئێستا ئێمەومانان بەشكڵێكی پێویست هەقی خۆی نادەینێ، بەڵام جەلالی میرزا كەریم لە ڕێی بەرهەمەكانییەوە قۆناغێكی زۆر گرنگە لە شیعر و ئەدەبیاتی تازەی كوردیدا.

 

 

سەرچاوە:
گۆڤارى ئایندە, ژمارە (79) 2008, ل: 19- 22.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌