Wreckers_Coast_of_Northumberland_Joseph_Mallord_William_Turner

لەدوورەوە کەنارەکان دەبینیم 


Loading

لەدوورەوە  کەنارەکان دەبینیم

لەدوورەوە  بەلەمێکی بەجێماو لەنێو لمی کەنار

گیاکەڵەکان ، گیا وەحشییەکان،

گژوگیاکان لەنێو هەناویدا هەراشتر بوون لەخۆیان.

 

***

Wreckers_Coast_of_Northumberland_Joseph_Mallord_William_Turner

لەوێوە دیارە ئاسمان نزم و زۆر نزم

لەوێوە دیارە، هەورەکان بەنزمی خۆیان لەشەپۆلەکان دەدەن.

نەوڕەسێک لەبەردەمدا دەنیشێتەوە و

 پاشان لەنێو قوڵایی ئاسماندا وندەبێت

بۆ کوێ ئەی نەوڕەس ، بۆ کوێ!

 

***

لەدوورەوە دەستێک، دەستی ئازیزێك ده‌گرم

بەرز لەکەنارێکی دوورەوە بانگمدەکات؛  وەرە بۆئێرە، وەرە بۆ ئێرە ئه‌زیزم…

دەستێک لەنێزیک شەپۆلەکاندا  بانگمدەکات و

دەترسم شەپۆلەکان لەگەڵ خۆیاندا  بیبەن، نەگەڕێتەوە

خودایە چەندە دەترسم نەگەڕێتەوە،

چەندە دەترسم لەنێو شەپۆلەکاندا ونبێت و نەگەڕێتەوە

چەندە دەترسم لە گۆشه‌گیریی من بترسێت و نەگەڕێتەوە …

 

***

 

مەترسە لەشەپۆلەکانی من و دەستت هەڵبڕە ،

مەترسه‌ لەترسی من، کە شەپۆلەکان ببتبات…

دەترسم شەپۆلەکان بتبات

دەترسم شەپۆلەکان بتبات

ئاخر شەپۆلەکانی ئەم ژیانەم زۆری بردن و نەگەڕانەوە …

 

***

دەنگێک لەپشتمەوەیە  هاوارم بۆ دەکات، دەنگێک لەدەنگی نالی کوڕم دەچێت

کە ئاوڕدەدەمەوە کەس نییە، کەس لێرە نییە

کوا نالی، کوا کوڕەکانم

کوان ئەو نەوڕەسانەی تۆزێک لەمەوبەر لەنیو لمی ئەم کەنارەدا بەدووی مندا دەگەڕان و

منیان نەدەدۆزیەوە

کوان کوڕەکانم خودایە.

خواد تۆ بۆ هەیت،

تۆ بۆچی هەیت گەر کوڕەکانم بۆ نەهێنتەوە…

ئەی باوکی من ، ئەی خودا ، ئەی خواوەندەکان ، کوان منداڵەکانم؟!

***

ئاوڕدەدەمەوە ؛دەنگی ئەوان ونبوو، لەگەڵ شەپۆلی ئەم کەنارەدا ئەوانیش

ڕۆیشتن و نەگەڕانەوە.

شەپۆلەکان  بگەڕێنەوە

شەپۆلەکان بگەڕێنەوە، چ نەبیت دەنگیان، هەناسەیان، خەونەکانیانم بۆ بهێنەوە،

خوای من کوڕی تۆم  کوان منداڵەکانم ؟

***

کوا ئەو کەسەی گووتی؛ وەرە بۆ ئێرە

کوا ئەو دەستەی لەسەر کەنارەکە بەرزبۆوە

کوا ئەو شەپۆلەی  ئەویبرد، بۆ کوێ بردی …

****

 

 

ڕەشەبای ئەم کەنارە دەنگەکانم  بۆ دێنیت

Wreckers Coast of Northumberland, c. 1836, oil on canvas,

 دەنگی هاوڕێکانم

دەنگی منداڵەکانم

دەنگی کوڕەکانم ژێنوا و نالی…

ها ها ها… دەنگی هاوڕێ سیاسییەکانم

دوژمنەکانم، دوژمنە ئازیزەکانم

دەنگی دایکم کە دێر زەمانێکە دونیای بۆ تەنیایی من جێهیشتووە و

دەڵێت؛ خوا ئاگای لێت بێت،

خوا ئاگای لێت بێت کوڕە تەنیایەکەم

خوا ئاگای لەو دڵەت بێت کوڕم کەهەرگیز گەورە نابێت،

خوا ئاگای لێت بێت کەدڵت وەک منداڵیک هەڵدەچێت و

وەک منداڵێک ژیر، ژیر دەبێتەوە و

بەقسەیەک هەموویت بیردەچێتەوە.

 

***

وەک ئەم شەپۆلانە  گیان توڕەدەبم،

 وەک ئەوانیش دەکشێمەوە نێو لەبیرچوونەوە

وەک ئەوانیش خامۆش، خامۆش دەبمەوە…

 

***

 

 من وەک منداڵێک بەدونیادا ڕێدەکەم

هەرچەندە نیو سه‌ده‌ زیاتره‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌م، بەڵام هێشتا

من لە نالی کوڕە نۆساڵانەکەم  منداڵتر  و

 خەوبینەرترم بەشتە بچوکەکانی ئەم دونیایه‌…

دەمەوێت شەوێک لەنێو قاوغەی هێلکە شەیتانۆکەیەکدا بخەوم

دەمەوێت وەک کیسەڵێک کە چوومە نێو قاوغەکەمەوە

  بیجامەیەکی خەت خەتی شین لەبەر بکەم و ئاسوودەبم لەگەڵ دونیا

گڕوگاڵتر و زویتر و زیزتر و

بەختەوەرتبرم بەدونیا.

***

هێشتا خەیاڵ دەمباتەوە وەک جاران،

هێشتا من وەک جاران خەیاڵ لە پێش دونیای ڕیاڵە بۆ من

ئاخر من گەورە نابم  دایە گیان

من گەورەنابم،

من گەورەنابم و سەیری ئەم شەپۆلانە دەکەم و

دەگریم بۆ تۆ

بۆ دووری تۆ

بۆ تۆ وە منداڵێک لەدوای تۆوە هەموو شتێک کۆتایی پێهات

هەموو شتێک دایە گیان،

دونیا و منداڵەکانم و خۆم  و هەموو شتێک…

 

***

 وەک ئەم شەپۆلانە کە دەترسم  ئازیزم لەگەڵ خۆیاندا ببەن

ئاوەها هەموو شتێک ونبوو، نالییەکەم و ژێنواکەم و خۆم و دونیا

هەموو شتێک دایە گیان لەگەڵ تۆدا ڕۆیشتن،

وەک ئەم شەپۆلانە ڕۆیشتن

وەک ئەم کەنارە جوانە  شەپۆلی ئەم ئۆقیانوسە لەگەڵ خۆیدا بردی.

چیدی بەردەکانم نابینیمەوە

 کەدوای نیوەڕۆ تیشکدانەوەی خۆرمان دەبینی، لەسەری بریسکەی دەهات

چیدی ئەم گوێچکە ماسیانە نابینین،

 کە هەناسەی تووڕەو دەهری لە ئاسمان و مرۆڤی بەنێویدا تێپەڕبووە.

 

ولیه‌م تێرنه‌ر – ده‌ریایه‌كی توند و له‌گه‌ڵ تێكشاویی پاپۆڕێك – ١٨٤٢
William_Turner_-_Rough_Sea_with_Wreckage

***

گوێت لێیە ئازیز ..

گوێت لەهەناسەی دەهریبوونی دەریاو ئۆقیانوسەکانە

گوێت لەهەنسکی گریانەکانیان بووە وەک من،

گوێت لەبەربوونەوەی فرمێسەکەکانی خۆت بووە وەک من،

گوێت لەشەپۆلەکان نەبووە کە شەوانە چاو لێکدەنێم لە سەرمدا شەپۆل دەدەن.

 

***

ئاوەها  نەوڕەسەکان لەنگەر دەگرن لەنێو ڕەشەبادا،

لەنێوان هەورو شەپۆلەکان و ڕەشەبادا لەنگەر دەگرن و دەقاژوێنن

 دونیا بۆ من نییە نەوڕەسەکانی هاوڕێم ..

هەرگیز بۆ من نەبووە.

بقاژێنن هاوڕێانم، نەوڕەسەکان،

چەندە لەتەنیایدا وەک یەکین

بقاژوێین هاوڕێانم نەوڕەسەکان  من و ئێوە تەنیاین،

تەنیاین  وەک ئەو شەپۆلانەی

وەک یەک لەسەر بەردەکانی ژیان دەشکێنیەوە،

وەک هەناسەکان دێن و دەچن و کۆتاییان نایەت.

 ئای نەوڕەسەکان، شەپۆلەکان چەندە تەنیان

من چەندە تەنیام،

جیهان چەندە تەنیایە…

 

 لەدوورەوە خودا  و خوشکە دڵ بریندارەکان دەبینم

چەندە تەنیان،

چیبکەم بۆیان ئەی نەوڕەسەکان

چیبکەم بۆ دڵم کە هیجرەتی کردووە بۆ دوور، زۆر دوور و

پێدەچێت نەگەڕێتەوە.

چی بکەم  بۆیان ئەی بەردەکانی کەنار

چیبکەم بۆیان ئەی ئاسمانی تەنیام …

کەنارەکان دوورن

بەندەرەکان دوورن

کەنارەکان  دوور، زۆر دوور، دوورن ….

 

 

 

 

لەندەن : ‏2020‏/5‏/12

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌