ڕووسیا - سۆڤیه‌تی جاران - سه‌ربازگه‌ ترسناكه‌كانی ستالین - ناسراو به‌ گولاگ - كاتی مردوو ناشتنی برسیه‌ك ١٩٣٦ - Ati - magazine

کۆستیکا براداتان؛ نیوە-ژیان لە سێبەری برسیبووندا


Loading

لیۆ ئاوبێرگ (Leo Auberg) کارەمانی- گێڕەرەوەی ‘فریشتەی برسێتی’، کە ڕۆمانێکی نوێی نووسەری ڕۆمانیایی هێرتا مولەری وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ٢٠٠٩  بۆ ئەدەب، دەبێژێ: ”هەرگیز وەها بە ڕژدییەوە دژی مەرگ نەبووم وەك ئەو پێنج ساڵەی نێو کامپ. بۆ خەبتین دژ بە مەرگ تۆ پتر لەو ژیانەت پێویست نییە، کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە”.

ڕۆمانەکە بە کۆتاییهاتنی جەنگ ئاوەڵادەبێ. ڕووسییە سەرکەوتووەکان لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و بەلکان بە ڕەگەز ئەڵمانییەکان کۆدەکەنەوە و ڕایان دەگوێزن بۆ کامپەکانی ئیشپێکردن لە یەکێتیی سۆڤیەت. ئەوە بەشێك بوو لە بەرنامەی ‘قەرەبووی جەنگ’، کە بەدەر نییە لە تەوسبێژی، ئاخر بە دەیان هەزار کەس لە پشتی پڕۆسەی چاککردنەوەوە ژیانیان لە دەستدا و تێکشکێنرا. ئەو خەڵکانە بۆ کامپ ڕاگوێزران نەك لەبەر ئەوەی شتێکیان کردووە، بەڵکو تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوان چین: ئەڵمانییەکانن. ئاوبێرگ دەبێژێ: ”هیچ کەس لە ئێمە بەشێك نەبوو لە هیچ جەنگێك، بەڵام ڕووسییەکان لەبەر ئەوەی ئێمە ئەڵمانی بووین وەك تاوانباری تاوانەکانی هیتلەر لە ئێمەیان دەڕوانی”.

لە کامپەکانی سۆڤیەتدا، ئەو خەڵکانە یەکسەر وەك سەرچاوەیەکی گەورەی ئیشپێکردنی کۆیلەیی ڕێکدەخران؛ ئەوان لە کشتکاری، کان- دەرهێنان، و بونیادناندا بەکاردەهێندران. بە تێگەیشتنێکی تایبەت ‘ئیشپێکردنی کۆیلەیی’ هێشتاش دۆخێکی خۆش بوو، ئاخر کۆیلەکان خواردنیان پێدەدرێ بۆ ئەوەی بەرهەمدار بمێننەوە، بەڵام کامپنشینان خواردنیان زۆر کەم پێدەدرا. هەر یەکێکیان ڕۆژانە تەنیا لەتێك نان و شۆربای کەلەرمیان پێدەدرا؛ ئەوەش بەس بوو بۆ ئەوەی بزانن، کە چەندە برسین.  ئاوبێرگ بەو کاتەی لەنێو کامپدا بووە دەڵێ: ”نەمرێتی شۆربای کەلەرم”. هەموو ڕۆژێك دوای ئیشکردنێکی دوور و درێژ، کامپنشینان دەبوایە بە دوای خۆراکدا بگەڕێن، جا لەنێو پاشماوەکاندا بێ یان بە پاڕانەوە و تکاکردن.

 

 

ڕووسیا – سۆڤیه‌تی جاران – سه‌ربازگه‌ ترسناكه‌كانی ستالین – ناسراو به‌ گولاگ – كاتی مردوو ناشتنی برسیه‌ك ١٩٣٦ – Ati – magazine

 

ڕۆمانەکەی مولەر لەنێو ترادیسیۆنی ئەدەبی کامپدا، چەند کێشەیەکی پێشبینیکراو دیاردەهێنێ، وەك ستەمکاریی پاسەوانان، دۆخی نامرۆڤانەی ئیشکردن، دازناندنی ناخەکی و جەستەیی کامپنشینان، ساتێکی کەمی ڕێزمەندی و کاتێکی زۆری شەرمەزارییەکی تەواو. بەڵام هێشتاش شێوازی مولەر لە هی ئەوانی دی جوداوازە، ئاخر مولەر گۆشەیەکی جیاواز بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەی هەڵدەبژێرێ: هەموو ڕووێکی لێرەبوون لەنێو کامپدا لە ڕوانگەی برسێتییەوە لێی دەڕوانرێ. بۆیە ژیان لەنێو کامپدا، لە سەرووی هەموو شتێکەوە، ژیانە لە سێبەری مەرگدا بەڕێی برسێتییەوە. لە ئەنجامدا، ئەوەی مولەر پێشکەشی دەکا فینۆمینۆلۆگییەکی فرەی برسێتییە، کە ڕەنگە لە ئەدەبی ئەورووپیدا لە سەردەمی ڕۆمانی ‘برسێتی’ (١٨٩٠)ی كونت هامسۆنەوە (Knut Hamsun) هاوشێوەی نەبووبێ.

ئەوە ئاسانە وەك شتێکی سادە، نەگۆڕ، و تاك- ڕەهەند لە برسێتی بهزرێی. هیچ شتێك لە هەقیقەت پتر بڕناکا؛ لێرەدا جۆری جیاوازی برسێتی هەن، هەروەها پلەی جیاوازی برسێتی هەن. بۆ نموونە ”برسێتییەك تۆ نەخۆش دەخا بە برسێتییەکی دی… ئاخر ئەو دێتە سەر برسێتییەك، کە تۆ پێشتر هەت بووە. لێرەدا برسێتییەك هەیە هەمیشە تازەیە، تێربوونی نییە، شاڵاو بۆ برسێتییە کۆنە هەمیشەییەکە دەهێنێ، کە تۆ پێشتر هەوڵت داوە هۆگری بکەی”.

لە توندترین باریدا، برسێتی هیچی دیکە پەیوەست بە خۆراك و خواردن پێدانەوە نییە، بەڵکو برسێتی هێزێکە سەرجەم بوونت داگیر دەکا: تۆ هیچی دیکە برسی نیت، بەڵکو ئێستا تۆ خۆت خودی برسێتیت. برسێتی داگیرکارێکی بێبەزەیی هۆش و جەستەیە؛ ناوێکی دیکەی نامرۆڤاندنە. قوربانییەکانی لە شوێنێك کۆتاییان پێدێ، کە نە شەرمە و نە شەرمەزاریی.

ڕۆژێك ئاوبێرگ لە گەرماوی پێکەوەییدا تێبینی ”کەسانی شێوە چەمیوو و گەڕ دەکا. لەنێو ڕووتێتییەکانماندا وەك ئاژەڵی وشکهەڵاتووی دڕاو دەردەکەوتین. بەڵام هیچ کەسێك شەرمەزار نەبوو، ئاخر شەرمەزاریی لە چی؛ کاتێ تۆ هیچی دیکە جەستەت نییە؟”. برسێتی لە تۆ دەخوات تاکو هیچت لێنامێنێتەوە، تەنانەت نیشانەکانی جێندەریشت. ”لە ڕاستیدا، مرۆڤانی برسی نە پیاون، نە ژنن، بەڵکو ئەوان وەك ئۆبژێکتەکان بێجێندەرن”.

برسێتی ئامادەییەکی بەردەوامی لەنێو کامپدا هەیە، کە ئاوبێرگ لە کۆتاییدا وەك پەرستنێکی خواوەندی پیشانی دەدا، وەك چۆن فریشتەیەك بێت. لە هەمان کاتدا فریشتەکان دوور و نزیکن، تێکەڵەیەکن لە بێگانە و ئاشنا، لەو دیو پێوانەوە دەسەڵاتدارن، ئاخر ئەوان لە هەر کاتێکدا دەتوانن تۆ ڕزگار بکەن، یان تۆ تێکبشکێنن. ئەوە فریشتەی برسێتییە، نەك سۆڤیەتییەکان، کامپ بە مستی ئاسنین بەڕێوەدەبەن. وەك ستەمکارێكی ڕەها و شێتبوو، کە هەرچی بێتە ڕێگەی هەڵیدەلوشێ، مرۆڤ دەخوات، و ئازاری دەدات. ”فریشتەی برسێتی لەگەڵ هەموواندا جووتبووە، ئاخر خەڵکی پێست و ئێسقانئاسا بێ سێکس لەگەڵ یەکدین”.

 

 

له‌برسا مردوویه‌كی جوله‌كه‌ – له‌ گیتۆی وارشۆ – جه‌نگی جیهانی دووهه‌م جیاكردنه‌وه‌ی جوله‌كه‌ و كوشتنیان له‌برساندا و له‌سه‌رما و كاری زۆملێ و جینۆساید له‌لایه‌ن نازیه‌كانه‌وه‌.

دایکی مولەر لە کامپی ئیشپێکردنی سۆڤیەتدا گیرابوو، بەڵام ئەو بە دەگمەن لەبارەیەوە دەئاخڤێ. بۆیە مولەر لە دایکییەوە فێری ژیانی ناو کامپ نەبوو، بەڵکو لە خەڵکانی دیکەی گوندەکەیەوە و بە تایبەت لە هاوڕێ هۆنەرەکەیەوە: ئۆسکار پاستیۆر (Oskar Pastior)، کە پێنج ساڵێ لەنێو کامپدا بەڕێکردووە. بۆیە پاستیۆر ئەو کەسەیە، کە کارەکتەری ئاوبێرگی لەسەر داڕێژراوە. گفتوگۆکانی مولەر لەگەڵ پاستیۆر چەندان دەستنووسی پڕکردۆتەوە، ئەوان پێکەوە ئامادەکارییان بۆ نووسینی کتێبێك دەکرد. بەڵام پاستیۆر لە ساڵی ٢٠٠٦دا مرد، پێش ئەوەی پڕۆژەکە شێوە بگرێ. بۆیە مولەر دەبوایە ”بە ئێمە بڵێ ماڵئاوا” و خۆی ڕۆمانێك بنووسێ. گەر تۆ لێڕوانەرێكی بە ئاگا بیت، ئەوا تۆ دەتوانی سێنسی ئازاری ئەنگاوتن و  شیوەن لەسەر لاپەڕەکان بکەی.

مولەر هەرگیز لەنێو کامپدا نەژیاوە، بەڵام هێشتاش تێڕوانینی ئەو بۆ ژیانی نێو کامپ ڕاستەوخۆیەتی و ڕۆشنایی هەیە، کە لە گێڕانەوەکانی دەربازبووانی کامپەوە سەرچاوەدەگرێ. هەروەك چۆن مولەر دەنگی خۆی بە پاستیۆر دەدا، ئەویش لە بەرانبەردا جووتێك چاوی باش بە مولەر دەدات.

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:

http://www.theaustralian.com.au/arts/review/half-lives-in-the-shadow-of-starvation/story-fn9n8gph-1226566626824?nk=dca78f06fc559b1e3a7aad216f4c6ee2