دادایزم - ماكرس ئێرنست ١٩٢١؛ پاسكیلی ئه‌ڵمانی Max Ernst: The Gramineous Bicycle - Dadaism

چۆن چاودێریکردنی چڕتر دەست پێدەکا


Loading

چۆن چاودێریکردنی چڕتر دەست پێدەکا

نیگار نادر

 

ئایا دەکرێ ڤایرۆسێک ببێتە هەڕشە بۆ سەر کۆی ئاسایشی جیهان؟ ئایا چ زامنێک هەیە بۆ ئەوەی لێرەبەدوا مرۆڤ دەتوانێ بەسەلامەت هەناسە هەڵمژێ؟ ئایا سوپای دژە ڤایرۆسەکان دادەمەزرێنرێت؟ ئایا پیشەسازی دژە ڤایرۆس دەچێتە ڕیزبەندی پیشەسازی دروستکردنی چەک؟ ئایا مرۆڤایەتی لە قۆناغی چاوەڕوانییەوە دەگوازرێتەو بۆ قۆناغی چاودێریکردن  یا چاوبەستووی؟!

 

ئەگەر سەرنجێک لە سەرەتای دووهەزارەکان بدەینەو،ە دەبینین مرۆڤ لە چاوەڕوانی و هیواگەلێکی گەوەرە دابوو، کە گوایە بە جیهانیبوون لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت، لە پەیوەندیکردنی ئاسانتری مرۆڤەکان، لەکەوتنە ناو سوڕی دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان، ڕۆڵی رێکخراوە نا حکومیەکان، هەماهەنگی ڕۆژنامەنوسەکان ، کۆکردنەوەی بیرمەندان ، دادپەروەی و یەکگرتنی نەتەوەکان، هەتا پێشبینی دەکرا ئەو دەوڵەتانەی بڕوایان بەو سیستەمانە نییە دواتر دێنە ناو بەجیهانیبوونەوە. (جیهانی – بوون ) هەڵگری خەونی گەورەو خەیاڵی سەرسوڕهێنەر بوو بۆ مرۆڤایەتی، لەناو هەمووشیان دا فەراهەمکردنی ئاسایشی تەندروستی  ژیانێکی سەلامەتتر بۆ مرۆڤ جێگیر کرابوو .

 

 

ئێستا لەپڕ دەبینین لە سەرەتای  بیست ساڵەی ئەو خەونەدا لەپڕ بە جیهانیبوون درزی دا  بەدەرکەوتنی( کۆڤید ١٩ ) مرۆڤایەتی تووشی شۆکێكی گەورەی تەندروستی بوو، کە تا ئێستا زانست بەتەواوی سەری لێدەرناچێ و زانایان بەردەوام لە ئاڵنگاری دان، سیاسەت لەبەرامبەری دا دەستکورتە و هیچی لەدەست نایەت، کۆی سیستەمەکانی ئابووری پەککخستوە، توانی جیهانێک کە بەرەو بچووک بوونەوە و چوونەوەناویەکی چڕتر هەنگاوی دەنا، تەواو بەرین و لێک بڵاوکردۆتەوە.

 

 

The Art Critic 1919-20 Raoul Hausmann 1886-1971 Purchased 1974 http://www.tate.org.uk/art/work/T01918

چۆن ڤی ئایپیەکان هەڵوەشاونەتەوە

لەو جیهانەی ئێمەدا  جیاواز لە ساماندارەکان ئەوا بە جۆرەها  شێواز و بیانووی یاسای سیاسی و پارێزبەندی بەخشرابوو بە بەشێک مرۆڤەکان، هەموو ئەوانە بە جۆرەها تایتڵ ژیانیان پارێزراوتر بوو لە مرۆڤەکانی تر، زۆربەیان بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەیان ، یان ژیانیان خستبۆوه‌ ناو بیمەی تەندروستی و دڵنیایەوە. بیباک بوون لە لەپڕ نەخۆش کەوتن و نەشتەرگەریەکان قورسەکان، هەروەها خاوەن پارێزبەندیەکان هەندێکیان زۆر بێمنەتانە تایتڵی (ڤیئایپی VIP) بە مانای کەسێکی زۆر گرنگیان بۆ هەموو کردوەیەکی ژیان بەکاردەهێنا، هەر وەکو فرۆکەخانەی تایبەت، نیشنگەی تایبەت، خزمەتی تایبەت، جۆرەها تایبەتمەندی تری ئەو تایتڵە. بە پێچەوانەوە و بەدەر لە چاوەڕوانییەکان ئەوەی ئێستا ڤایرۆسێک سەپاندی ئەوەیە، کە لە ئێستادا  و لەو جیهانە گەورەیەدا، هیچ کەسێک لە کەسێکی تر دەست ڕۆیشتووتر نییە، کەس نە خاوەن پارێزبەندیە نە ڤیئایپی! هەموو مرۆڤەکان یەکسانن لەو ترس و پاشەکەشەو خۆ حەشاردانەدا.

 

هه‌روەها هەموو زانست و فەلسەفەو ئایدۆلۆژیا و تەکنەلۆژیاو پەروەردەی ئەو جیهانە چەندین ساڵە بەیەکەوە مرۆڤیان فێر دەکرد ، پێشبکەوێت، ڕانەوەستێت، بەدەستبهێنێ، بەڵام لەو ماوەیە کورتەدا ئەو ڤایرۆسە بچوکە هات تا مرۆڤ ئاگادربکاتەوە تا  ڕابوەستێ، بگەرێتەوە ، لەدەستبدا،  پاشگەزببێتەوە، بۆئەوەی فێر ببێ چاوچنۆکی بۆ مرۆڤ چەند کوشندەیە و سەلامەتی چەند گرنگە.

 

 

 

خۆ پەراوێزکردن یان بەجیهانیبوونێکی چڕتر

دەبێت دڵنیا بین کۆرۆنا، ژمارەیەک گوڕانکاری بەدوای خۆێدا دەهێنیت، بەڵام تا ئێستا نازانین ئایا  چ جۆرە گۆڕانکاریەک بەسەر سیستەمەکانی ئەو جیهاندا دێت؟! ئایا ئەو ترسە چۆن و کەی بەتەواوی دەڕەوێتەوە؟ ئایا مرۆڤ بەخۆیدا دەچێتەوە و خۆی پەراوێزدەکا، یان بەجیهانیبوون چرتردەکاتەوە و زیاتر مرۆڤ پێکەوەدەبەستێتەوە؟

ئایا ژمارەی نەخۆشخانە تایبەتەکانی بە ڤایرۆس دروستکراون زیاتر دەبن؟ یان هەڵدەوەشێنەوە یان هەتا هەتایە دەپارێزرێن، قەیرانە داراییەکان بەچ فۆرمێک ڕوودەدەن؟ ئەوانە ئەو گؤرانکاریانەن کە دەبێت چاوڕەێیان بکەین، بەڵام بەدڵنیایەوە مرۆڤ کات و ئەزموونی پێویستە هەتا لەگەڵ ئەو فۆرمە نوێیانەی ژیان ڕادێێت کە ژیانی پۆست ڤایرۆس لەگەڵ خۆی دایان دەسەپێنێت.

 

 

دوشامپ ١٩١٧ ؛ فواره‌ – دادایزم .
Marcel Duchamp, Fountain, 1917.

لەسەردەمی  زۆر بەرخۆری دا  زۆر خۆپارێزی  ڕاماندەگرێت

ئیستا مرۆڤ لەسەردەمێکدا دەژین  کە لەبەر کەمخۆری و برسیەتی نا، بەڵکو بەپێچەوانەوە  لەبەر زۆرخۆری و گەندەخۆری بەردەوام نەخۆشن. لەو دوو دەیەی ڕابوردوودا مرۆڤ ئاڕاستەکراوەو ڕاهێنراوە لەسەر زێادەڕۆیی کردن لە هەموو شمەکێکی دەورەبەری دا، بەتایبەت خواردن و تەندروستی. بەو مانایەیی مرۆڤ بۆتە سەنتەرێکی بەرینی بەرخۆری، بۆ نموونە ئێستا لە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دا دەبینین چۆن خەڵک ترسی ئەوەی هەیە نەتوانێ ئەو زیادەخۆریەی لە پێشوو دا دەیکرد بۆی نەچێتەسەر و یا بەردەوامبێت! یان چۆن بەزیادەڕۆییەوە کەلوپەلی پاکژکردنەوە و دژە بەکتریا بەکاردەهێنێت کە پێشتر بەدەگمەن گوێی بە خاوێنی و خۆپاراستن نەدەدا؟! لێرەوە دەتوانین بڵێین، کۆرۆنا ترسێکی هێنا، مرۆڤی لە زۆرخۆری ڕا گواستەوە بۆ زۆرخۆپارێزی، مرۆڤ هەم ڕاهات لەسەر چاودێری کردنی خۆی هەم رەزامەندە لەسەر ئەوەی چاودێری بکرێت تەنها بۆئەوەی  تەندروستی پارێزراوبێت.

 

 

زەندەقچوونێکی گشتی

بیست ساڵ دەبێت، مرۆڤ لە نێوان پشکنین، پاراستن و تێکچوونی تەندروستی دا توشی وەسواسی و ترسێکی قووڵ بووە. لە دوای ئەوەی تەکنۆلۆژیا بەتایبەت سمارتفۆنەکان،  بوونە جۆرێک لە جێگرەوی دکتۆر و توانیان چرکە بەچرکە بە لێشاو زانیاری لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە تیژترین ماوە بهێننە بەرچاوان. ڕۆژانە بەدەیان جۆر زانیاری لەسەر ڤیتامینەکان دەبینرێت، کانزایەکان، پڕۆتینەکان بە جۆرەها شێواز ئاگادارمان دەکەنەوە چ جۆرە خواردنێک، ڕوەکێک ،بەهاراتێک ، میوەیەک بۆ بەرزکردنەوە چ جۆرە ڤیتامینێک  یان چارەسەرێک بەسوودە .

چ جۆرە خواردنێک مرۆڤ لە شێرپەنجە دەپارێزێت؟ چۆن مرۆڤ گەنجتر دەمێنێتەوە ، ریکلامی جۆرەها پزیشک و پزیشکی جێگرەوە ، چارەسەری سروشتی، لەبەرئەوە ئێمە دەبێت بزانین هەموومان بەگشتی ئێستا لە ناو تۆڕێک داین چەند ئاسایشی تەندوستیمان دەپارێزرێت، دەهێندەش دەشوێنرێت! ئەوەی ئێستا کۆرۆنای کردۆتە زەندەقچونێکی گشتگیر، زیاتر ئەو تۆڕە تەکنەلۆژیایە کە بڕیار لەسەر قوتار بوون و قوربانی بوونی مرۆڤ دەدات لەداهاتوودا.

 

 

دووجار کەرەنەنتینەکراو یان بەدەر لەکەرەنتینە

لە ئیستادا بۆ ملێۆنان مرۆڤی ئەو جیهانە  هۆشیاری و خۆپارێزی وبەرگریکردن لەسەرووی هەموو شتێکی ژیان دایە لە ترسی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە، لەهەمانکاتدادەبێت  مرۆڤ ئازایەتی  ئەو هەزارەها مرۆڤانەی کە لەگەڵمان دەژین زۆر باڵا بنرخێنێت، چونکە  لەو خۆپارێزیە جیهانیە ئەوان  بەدەرن لەکەرەنەتینەکردن لەبەرئەوەی  بەئەرکی پاراستنی هەموو کۆمەڵگە هەڵدەستن ، دەبی ئەو مرۆڤانە چۆن گەشبین و چەندە نەبەز بن بەرامبەر بە ژیان و سەلامەتیان.  ئەوانەش بریتین لە زاناو دوکتۆرەکانی چارەسەرکردنەکانی ئەو ڤایرۆسە ، تیمەکانی خاوێنکردنەوەو رشتنی دژە ڤایرۆس، هێزەکانی پۆلیس و ئێشکگری و بازگەکان، هێزەکانی بەرگری. لەهەمانکاتیشدا نابێت لەبیرمان بچێت هەر لەگەڵ ئێمە بە هەزارن مرۆڤ بەئەزموونی دووجار کەرەنتینەدا بوون دا  تێدەپەڕن  ئەوانەش بریتین لە پەنابەری سنوورەکانی تورکیا و یۆنان و ئەوروپا، زیندانییەکان و نەخۆشخانە دەروونیەکان، نەخۆش و نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە، کرێکارەکانی نانی شەویان نییە، کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژئاوا و هەموو جیهان.

 

ئەو دەرگایانەی دانەدەخران دایخستن

چ کابوسێکی دیجیتاڵی ،چ پێوەدانێکی خێرا، چ نەترەچونێکی جیهانی و چ مردنێکی ساردو سڕە، کۆرۆنا هاتوەو  پێماندەڵی ئاگادار بن لە بەجیهانی بوون بچوکترە ئەو جیهانە بۆ گیانسپاردن.  جیهانی پارێزراو  تەنها مەودای ماڵەکەی خۆمانە و چوونەوە ناو خۆمان لەهەوو شوێنێک پاریزراوترە. فێرمان دەکات چۆن بەبێ ئەوەی پەل بهاوێژن بژین، ئەو  دەسەڵاتە مۆدێرنە هات و توانی دەرگاکانی سەدان مۆزەخانە وکتێبخانەو سینەماو تیاترو کارخانە  دابخات کە سەد ساڵە کراونەتەوە، دەرگای نەخۆشخانەی تایبەت بەخۆی بۆ مرۆڤایەتی واڵا بکات.

 

چ  چاوێک چاودێریمان دەکات

گوومانی تێدا نییە لە بیست ساڵی بەڕێوە، مرۆڤ پێی خستۆتە ناو جیهانێکەوە کە تەنها چاو حوکمی تێدا دەدات لە هەمانکاتیشدا چاو، چاودێری دەکات، مرۆڤ بە ڕەزامەندی خۆی بە دەستی خۆی زۆربەی زانیاریەکانی ژیانی تایبەتی خۆی دەخاتە ناو تۆڕەکانی ئینتەرنێت بە شێوازی جیاواز لە فۆرمی سۆشیاڵ میدیادا، لەبەرئەوە ئەگەری هەیە سەردەمی پۆست کۆڤید١٩ و ڕێساکانی خۆپارێزی و سەلامەت مانەوەی مرۆڤ بە چڕکردنەوەی ئەو چاودێریە دەستپیبکات.  لەو سۆنگەیەشەوە، سکۆلاری ئەمەریکی  خاتوو شوشانا زۆبۆڤ لە کتێبەکە نایابەکەیدا بەناوی*( کاپیتالیزمی چاودێریکردن)  ئاماژە بە بە چاودێریکردنی مرۆڤ دەکات لەڕێگەی کۆمپانیا سۆپەر هۆشمەندەکانی وەک؛  ئەمازۆن ،گۆگل و فەیسبووک،  ئینستەرگرام…  کە ئەوان چۆن بە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری کەسی هەڵدەستن بە ئاسانی دووبارە بەمەبەستی بەکارهێنانەوەی قازانجی لێدەکەن، ئەوەش گەواهی یە بۆئەوەی چ کارەساتێک بۆ ئازادی و دیمۆکراسی دروستدەکات و لەئەنجامدا ئەوانە بوونەتە کاپیتالیزمێک و هەرجۆرە فۆرمێکی ئابووری دادەهێنن کە لەبەرژەوەندیان بێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ دەبێت ئاگاداربێت کە ئیتر مرۆڤێکی چاودێریکراوە بە ئامانجی قازانج وەرگرتن.

Negar nadir

 مای 2020

 

 

_1_https://theintercept.com/2019/02/02/shoshana-zuboff-age-of-surveillance-capitalism/

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌

 

تابلۆكان؛ بزوتنه‌وه‌ی دادایزم