خۆشترین گۆرانی شانۆی سالار، كتێبێكی نوێی مامۆستا ئه‌حمه‌د سالاره كه سێ ده‌قی شانۆیی له خۆ گرتووه به‌ناوی ( ئه‌وانه‌ی توونی بابا چوون، خۆشترین گۆرانی، گره‌وی به‌ختی كوڕهداركهنه) ئه‌و كتێبه ساڵی 2006 له زنجیره كتێبی ئینستیتیوتی كه‌له‌پوری كورد چاپكراوه.
ئه‌حمه‌د سالار به‌ده‌ر له هونه‌ره‌كه‌ی، نوسه‌رێكی گه‌وره و پڕ ئه‌زموونی ساڵانی هه‌شتاكانه و له‌و ڕۆژگاره‌دا به زنجیرهیێك ده‌قی شانۆیی كهلهپورئامێز ده‌گاته چڵه‌پۆپه‌ی داهێنانی خۆی. ئه‌و به‌رهه‌مانه به شانۆیی ( نالی و خه‌ونێكی ئه‌رخه‌وانی) ده‌ستپێده‌كات و دواتر به شانۆیی ( جه‌زیری وانه‌ی ئه‌ڤین داده‌دات) ده‌گاته كۆتایی بازنه‌كه. سالار بۆ ئه‌و ڕۆژگاره له‌گه‌ڵ پۆلێك له هاوڕێیانی هونه‌رمه‌ندی خۆی مه‌شخه‌ڵێك له داهێنان به‌رزده‌كه‌نه‌وه كه لهودیوویی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌وه بزوتنه‌وه و زیندوێتی ڕۆحی ئینسانی كوردی ڕهنگپێدهدایهوه.
لێره‌دا نابێ ڕۆڵی ئه‌و گروپه له هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی موزیك و شێوه‌كاری و شانۆ، كه وه‌ك گروپێكی تۆكمه و یه‌ك ڕۆح هاوشانی مامۆستا سالار بوون نادیده بكرێن و من له‌به‌ر زۆری ناوه‌كان له‌لایێك و ناسراوی ئه‌وان له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا خۆم له ناوهێنانیان به‌دوور ده‌گرم…دۆست و ناحه‌زانی شانۆییه‌كانی سالار گه‌واهیده‌ری ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ن كه ئه‌و زنجیره شانۆییانه بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌ناو ڕۆژگاره‌كانی میلله‌تی كوردا به نه‌مری و زیندوێتی ده‌مێننه‌وه. ئه‌و ڕۆژگاره بڵێسه‌ی زیندوێتی و به‌رزی ئه‌و شانۆییانه نه‌ك هه‌ر له كوردستان به‌ڵكو له‌سه‌ر شانۆییه‌كانی به‌غدادی پایته‌ختیش شوێنی سه‌رنج و چاولێكردن بوون و شانۆكارانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بیش له بینییان بێبه‌ش نه‌بوون.
من لێره‌وه به وته‌ی خودی مامۆستا سالاریش خۆی؛ كه‌سێك بووم زۆر به قووڵی له‌و شانۆییانه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتووم و شیكارێكی زانستیانه‌م له‌كاتی خۆیدا بۆ كردوون. واته دوور و نزیك یه‌كێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی به‌و ئه‌زموونانه سه‌رسام و شاگه‌شكه‌بووم و هیچ كات گومانم له دهماخبهرزی و زرنگی ئه‌و نه‌بووه، له‌زۆر جێگه‌ش مامۆستا به ته‌نگمه‌وه هاتووه و كه‌سێك بووه دوور و نزیك پشتگیری گه‌وره‌ی لێكردوم. به‌ڵام له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و سێ شانۆییه تازه‌یه‌ی تووشی شۆكهاتم.
یه‌كه‌م پرسیارێك كه به‌ره‌و ڕووم بۆوه ده‌رباره‌ی هێزی نوسین بوو كه چۆن له شوێنێك نوسه‌ر ده‌باته كه‌شكه‌ڵانی ئاسمان و هه‌موو بوێرییه‌كی گه‌ڕان و قووڵبوونه‌وه و نزیكبونه‌وه له مه‌ترسیه‌كانی تێدا ده‌خوڵقێنێ و له شوێنێكی دیش ده‌ستبه‌رداری ده‌بێ و ڕه‌زیل و چرووك فڕێی ده‌داته خوارێ و هه‌ر وه‌كو تازهپێگهیشتوویێك خۆی لێ نه‌بان ده‌كات.
من له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌حمه‌د سالاره‌وه ده‌گه‌مه ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ی نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی كورد ( بێ له ده‌رهاویشته‌كان) له ده‌می كڵۆڵی و داماوی كوردا ده‌گه‌نه پله‌ی داهێنان و له ده‌می نزیكبوونه‌وه له ئیستقلالیش پشتی لێده‌كه‌نه‌وه و ڕوو له داهێنان و كاری جدی وه‌رده‌گێڕن.
من ئیدی به‌ر له‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ڕابوردووه‌ی ئه‌حمه‌د سالار بم و له‌م ئه‌زموونه نوێیه‌ی بڕوانم كه له‌م كتێبه‌ی به‌ر ده‌ستماندا خۆی نیشانده‌دات، ده‌ڵێم؛ ئه‌و پیاوه له ڕابوردوودا به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌له‌پوور و مێژووی كورد كردووه كه ئه‌وپه‌ڕی جوانناسی و سه‌لیقه‌ی به‌رزی خۆی نیشانداوه. هیچ كه‌سێكیش له‌و بواره‌دا گه‌ر بێ‌ئینسافی نه‌نوێنێ ئه‌وا ناتوانێ هه‌ر وا ساده به‌ناویا گوزه‌ر بكات. ئیدی كه‌وایه ئه‌و جوانناسه پهڕناسه له كوێوه به‌و ئه‌ندازه خێرایه له‌و به‌رزاییه‌وه به‌رده‌بێته‌وه خوارێ و له لاسایی هه‌ڵۆوه ده‌گاته ئه‌وه‌ی له دووی قه‌ل و داڵان بگه‌ڕێ و لاسایی ئه‌وان بكاته‌وه.
گره‌وی به‌ختی كوڕه داركهنهكه
گره‌وی به‌ختی كوڕه داركهنهكه، له ڕیزبه‌ندی ئه‌م كتێبه‌دا به شانۆی سێهه‌م و دوایین شانۆیی دێ و له‌ناو هه‌ر سێ شانۆییه‌كه‌ی دی دا له ڕووی داڕشتنه‌وه له‌وانیدی باشتر دهكهوێتهڕوو. ئێمه‌ش وه‌ك باشترینی شانۆییه‌كان لێی ده‌ڕوانین.
ئه‌م شانۆییه‌ش هه‌ر وه‌كو شانۆیی ئه‌وانه‌ی توونی بابا چوون به هه‌بوو نه‌بوو ده‌ستپێده‌كات. كه‌س له خوا گه‌وره‌تر نییه و كه‌س له پێغه‌مبه‌ر ئازیزتر نییه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ده‌ستپێكه بۆ دانیشتنێكی ساده‌ی گوێ ئاگردان ده‌گونجێ و كاری نوسه‌رانی گه‌وره نییه كه په‌نچا ساڵێك له‌ناو كرده‌ی شانۆیی دا هه‌ناسه بدات.
له‌ناو ده‌سپێكی شانۆییه‌كه‌وه كوڕه هه‌ژارێك دێته ده‌ره‌وه و ناوی لێده‌نێن؛ كوڕه داركهنه… كوڕه داركهنه، كوڕێكی داربڕه و ڕۆژێك له‌ناو هێلانه‌یه‌ك هێلكه‌ی باڵنده‌یێكی سه‌یر ده‌دۆزێته‌وه، هێلكه ده‌فرۆشێ و بازرگانێك به دوو لیره لێی ده‌كڕێ. ئێمه نازانین بۆچی ئه‌و بازرگانه ئه‌وه‌نده دڵگه‌وره‌یه و دوو لێره‌ی زێڕ ده‌دات به هێلكه‌ی باڵندهیێك كه هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی نییه. كوڕه داربڕ هه‌ر ڕۆژه هێلكهیێك ده‌هێنێ و دوو لیره وه‌رده‌گرێ و ئیدی داربڕینی له‌بیر ده‌چێته‌وه. له‌پڕ ده‌كه‌وینه به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كه بازرگان نه‌خۆشه و ته‌نیا به خواردنی گۆشتی ئه‌و باڵنده‌یه چاك ده‌بێته‌وه. تا ئێره ئه‌م دوو كاره‌كته‌ره هیچ سیمایێكی تایبه‌ت جیایان ناكه‌ته‌وه و هیچ ململانێیك له ئارادا نییه. ڕۆژێك بازرگان، كوڕه داركهنه ده‌باته دوكانه‌كه‌ی و داوای لێده‌كات هه‌رچۆنێك بێ ئه‌و باڵنده‌یه‌ی بۆ ڕاو بكات و چی داوا بكات پێیدهبهخشێ. كوڕ زۆر به ساده‌یی باڵنده ده‌گرێ و بۆ بازرگانی دێنێ. بازرگان خاوه‌نی ئه‌نگوستیله‌ی به‌خته و كوڕه داركهنهش داوای ئه‌نگوستیله‌كه‌ی لێ ده‌كات. بازرگان پێی ده‌ڵێ بڕۆ باڵنده‌م بۆ به‌ره‌وه بۆ ماڵێ و بۆم بكه به خواردن و بۆم بهێنه‌ره‌وه و منیش ئه‌نگوستیله‌ت ده‌ده‌مێ.كوڕه داربڕ ده‌ڕواته ماڵێ و باڵندهكهش ده‌گۆڕێ و باڵنده‌یێكی دی بۆ ئاماده ده‌كات…
با لێره‌دا ئێستێ بكه‌ین و كه‌مێك له‌و ڕووداوانه‌ی به‌رده‌ستمان بكۆڵینه‌وه. ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌یه، مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ چیرۆكێكی ئهفسانهئامێزدا. مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌دا ده‌بێ كارێكی لێ بێته‌ده‌ر كه له ئه‌فسانه‌كه باڵاتربێ. هێنانی ئه‌فسانه داخوازی دامه‌زراندت لێده‌كات. دامه‌زراندنیش بێ ململانێ ناگونجێت. دۆزینه‌وه‌ی هێلكه‌یه‌كی ئه‌فسوناوی بۆ هه‌موو ڕۆژێك هه‌ست نه‌كردنه به ناوازه‌یی كرده‌ی ململانێ و كرده‌ی شانۆیی. وه‌ك وێنه‌كێشانی منداڵێكه كه به‌رده‌وام كۆمه‌ڵێك هێڵ ده‌كێشێ و له‌ژێریا ده‌نوسێت: پیاو یان ژن! داربڕ وه‌كو ئه‌و منداڵه هه‌موو ڕۆژێك ده‌ڕوات و هێلكه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه و پاره‌یێكی مفت وه‌رده‌گرێت. نازانین بۆچی بازرگان ئه‌و هێلكه‌یه ده‌خوات و نه‌خۆشییه‌كه‌ی چییه؟ دواجار بازرگان داوای باڵنده‌كه ده‌كات و داربڕیش بێئه‌وه‌ی ڕه‌نجی فه‌رهاد بكێشێ ( به‌پێی هه‌موو ئه‌فسانه‌كان كه پاڵه‌وان به‌دوای مرازدا ڕێی هات و نه‌هات ده‌بڕێ) باڵنده‌ی بۆ ده‌هێنێت!
بازرگان داوا له داربڕ ده‌كات باڵنده‌ی بۆ به‌رێت و بۆی بكات به كه‌باب. داربڕ باڵنده ده‌با و زۆر به‌ساده‌یی ده‌یگۆڕێ و باڵنده‌یێكی تری بۆ ده‌كات به كه‌باب، به‌بێئه‌وه‌ی بازرگان هه‌ستی پێبكات. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی بازرگان گه‌مژه بێت!
داربڕ داوای ئه‌نگوستیله‌ی ئه‌فسوناوی له بازرگان ده‌كات و زۆر به ساده‌یی داربڕ ئه‌نگوستیله‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت! ( له ئه‌فسانه‌كان دا پاڵه‌وان هه‌زار و یه‌ك ڕێی هات و نه‌هات ده‌بڕێ و ده‌یان ئه‌ژدیها و دێ‌و ده‌كوژێ ئه‌وجا ئه‌نگوستیله‌ی ئه‌فسوناوی ده‌باته‌وه.)
كه‌س ناپرسێت؛ ئه‌گه‌ر بازرگان بۆ خۆی خاوه‌نی ئه‌نگوستیله‌ی ئه‌فسوناوییه بۆچی ناتوانێ ده‌ردی خۆی پێچاره‌سه‌ر بكات؟
ئێمه لێره‌دا له ئاستی هوشیاری نوسه‌ر ده‌كه‌وینه گومانه‌وه و ده‌پرسین ئایا چۆن تا ئێره بۆی نه‌كراوه كردهییهكی شانۆیی بخوڵقێنێت و وه‌ك خوێنه‌ر به منداڵ بزانێت ئاوا حیكایه‌تی كرچ و كاڵی بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
لاوازی و كرچ و كاڵی ده‌ق
سه‌ره‌تا با سه‌رنجی ئه‌م دیالۆگه بده‌ین: (( بازرگان: كوڕه‌كه‌م، من نهخوشییهكم هه‌یه به هیچ حه‌كیمێك چاری نایه، ته‌نیا و ته‌نیا به خواردنی گۆشتی ئه‌و باڵنده‌یه نه‌بێ كه تۆ هێلكهكهیم بۆ ده‌هێنی، گه‌ر تۆ بتوانی ئه‌و باڵنده‌یه‌م بۆ بگریت و بۆم بێنی، ئه‌وا دڵت به هه‌ر شتێكه‌وه بێ، هه‌ر شتێ بخوازی، پێشكه‌شتی ده‌كه‌م، به مه‌رجێ ئه‌و باڵنده‌یه‌م بۆ بێنی باشه؟))
ئێمه له لاوازی ئه‌و ڕسته‌یه نادوێین، كه ئاستی نوسه‌رێكی تازه پێگه‌یشتووه و به یه‌ك هه‌ناسه نوسراوه و خاڵێكی تیا نییه بۆ دابه‌شبوونی ڕسته‌كان. سایكۆلۆژیه‌تی ئه‌و كاراكته‌ره هه‌ر به‌وه ده‌كات له‌گه‌ڵ منداڵێك بدوێت. وشه‌ی باشه له كۆتاییدا ئه‌وه‌نده‌ی وشه‌یه‌كی گاڵته‌جارییه، ئه‌وه‌نده وشه‌یه‌كی دڵنیایی نییه. ده‌ی بڕۆ عاقڵ ئه‌و باڵنده‌یه‌م بۆ بێنه، باشه.
كاتێك بازرگان په‌یمانی ده‌داتێ له به‌رامبه‌ر گرتنی باڵنده‌كه‌دا، ئه‌نگوستیله‌ی ئه‌فسوناوی بداتێ، ئه‌و چونكه هێزی نییه و به‌گرتنی باڵنده‌كه‌وه ماندوو نابێ، هه‌م خۆی و هه‌م ئێمه‌ش وه‌ك بینه‌ر ته‌فره ده‌دات. كاتێكیش هیچ ململانێیه‌ك له ئارادا نییه بازرگان‌یش ته‌فره ده‌دات و هه‌ڵیده‌خه‌ڵه‌تێنێت. ئیدی ئێمه لێره‌وه له‌به‌رده‌م ساختهچییهكدا خۆمان ده‌بینینه‌وه.
((كوڕهداركهن: باشه من بۆ ئه‌و باڵنده دانسقه و ده‌گمه‌نه سه‌ر ببڕم؟ كه ئه‌و باڵنده‌یه نه‌ما هێلكه‌ی نامێنێ، توخمی نامێنێ، نا، ئه‌و كاره ناكه‌م، باڵنده‌یه‌كی تری بۆ ده‌كوڵێنم ئه‌و چوزانێ، خۆ پێشتر تامی گۆشتی ئه‌و جۆره باڵنده‌یه‌ی نه‌كردووه، گوناهه، گوناهه، هتد…))
له كاتێكدا بازرگان نه‌خۆش نییه، خواردنی گۆشتی باڵنده‌ش بخوا و نه‌یخوا شتێك ڕوونادات. خۆ ئه‌و تامی گۆشتی ئه‌و باڵنده‌یه‌ی نه‌كردووه! هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه شانۆییه‌كه له‌سه‌ر هیچ بنیادنراوه، ئه‌وه‌تا كوڕهداركهنهش باڵنده‌كه ده‌گۆڕێ و هیچ ڕوو نادات. ئه‌گه‌ر بازرگان ته‌نیا به گۆشتی ئه‌و باڵنده‌یه چاك بوایه‌ته‌وه، ده‌بوو پێچه‌وانه‌كه‌یمان ببینیایه كه مردنی بازرگانه.
لێره‌دا توخمێكی گرنگ بۆ ململانێ وه‌كو هێڵێكی كاڵ ده‌بینرێ. ئه‌و هێڵه پێویستی به كاراكته‌رێكه له شانۆییه‌كه‌دا بوونی نییه و ده‌بوو خاوه‌نی ئه‌و مۆڕاڵه بێ كه بۆچی ئه‌و باڵنده‌یه ببێ به قوربانی. واته شانۆییه‌كه هیچ به‌ربه‌ست و ململانێیه‌ك دروست ناكات، كوڕهداركهنه له‌پڕ ده‌یه‌وێ ببێ به پاڵه‌وان و له‌و كرداره خراپه‌ی خۆی په‌شیمان بێته‌وه. به‌ڵام ئایا له‌به‌رانبه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نگوستیله په‌شیمان ده‌بێته‌وه.
كوڕهداركهنه له‌یه‌ك كاتا ده‌یه‌وێ هه‌م پاڵه‌وانێكی به مۆڕاڵ و هه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندێكی بێ مۆڕاڵ بێ. ئایا كارێكی وا ده‌گونجێ؟ ئه‌گه‌ر بگونجێ چۆن ده‌بێ؟
ئه‌فسانه‌كان له ڕۆژگاری دێرینه‌وه پاڵه‌وان و خوێڕییان لێكجوداكردۆتهوه. هه‌میشه پاڵه‌وانه‌كان خاوه‌ن هێز و توانابوون و به‌دوای مه‌رامه‌كانی خۆیان دا ڕه‌نجی گه‌وره‌یان داوه، كاتێكیش به‌دوای كاری گه‌وره‌دا چوون به‌ره‌و ڕووی مه‌رگ بوونه‌ته‌وه و به‌دووی قازانجی گشتیا چوون و وازیان له سوود و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هێناوه. خوێڕییهكانیش هه‌میشه ڕێگه‌ی ئاسان و بێ مه‌ترسییان هه‌ڵبژاردووه و به‌رده‌وام له‌ناو سوود و قازانجی خۆیان دا ماونه‌ته‌وه. ناكرێ و مه‌حاڵه له یه‌ك كاتدا هه‌م پاڵه‌وان و هه‌م خوێڕی بیت. ئه‌م شانۆییه هه‌وڵی گه‌وره ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی دژی هه‌موو ئه‌فسانه‌كان كاره‌كته‌رێك بخوڵقێنێ هه‌م پاڵه‌وان و هه‌م خوێڕی. له‌پاڵ بینه‌ردا كه‌سێك بێ جوان و سه‌رنجڕاكێش و له‌ژێره‌وه‌ش چۆڕاوه له مۆراڵ و جوانی. كاره‌كته‌رێك له‌گه‌ڵ مه‌ڕ بگری و له‌گه‌ڵ گورگیش بخوات.
با لێره‌وه ته‌ماشا بكه‌ین شانۆییه‌كه به‌دوای چی دا ده‌گه‌ڕێ:
((كوڕهداركهن: نا هه‌رگیزاو هه‌رگیز كاری وا ناكه‌م، خۆ هه‌ر ده‌مێ ئاره‌زووی چنگ كه‌وتنی ئه‌و باڵنده‌یه بكه‌مه‌وه ئه‌وا كارێكی گران نییه، هه‌ر كه شه‌و داهات، به دزییه‌وه ده‌یبه‌مه‌وه هێلانه‌كه‌ی خۆی ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئاشكرا بوو؟ گرنگ نییه، ئه‌نگوستیله‌ی ئه‌فسوناوی خۆم له قامكی خۆم دایه.
ئافه‌رین كوڕهداركهن، هێشتا وه‌كو به مورادهكهت شاد نه‌بوویت، كه‌چی ده‌م له شتی سه‌یره‌وه ده‌ده‌یت ته‌واو، وا ده‌كه‌م، كێ پێ ده‌زانێ و كێ به كێیه؟ ده‌ی ڕێكه‌وه و دوودڵ مه‌به...))
ئیدی ئێمه لێره‌وه له‌به‌رده‌م پاڵهوانێكداین هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر. چۆڕاوه له پاكی و ده‌ستپاكی. ئه‌وه‌ی دوو دڵی بێ له‌ودا نییه. ئه‌و له دونیایێكدا ده‌ژی كێ پێی ده‌زانێ. دونیایێك كێ به كێیه. ئه‌و ده‌توانێ هه‌م پیاوچاك و هه‌م دڕنده بێ. هه‌م پاڵه‌وان و هه‌م خوێڕی بێ. كه‌ی ویستی باڵنده بباته‌وه و هه‌ر كاتێكیش كه‌وته ته‌نگانه به‌بێ ئه‌وه‌ی ماندوو بێت باڵنده بگرێ و بیهێنێته‌وه. واته باڵنده له‌ناو هێلانه‌كه‌ی خۆی دانیشتوه هه‌ر كات كوڕهداركهن ویستی ئه‌و له شوێنی خۆی نه‌جوڵێ و له‌ژێر فه‌رمانه‌كانیدا بێت. ئیدی كێ به كێیه، بڕۆ ترست له هیچ نه‌بێ و ده‌نك دوودڵ مه‌به.
كوڕهداركهنه، باڵنده به‌ره‌ڵا ده‌كات و باڵنده‌یێكی دی سه‌رده‌بڕێ و بۆ بازرگانی ده‌با. كه‌س نازانێ ئه‌و باڵنده‌یه قه‌باره‌ی چه‌نده، هێنده‌ی چۆله‌كه‌یه‌ك ده‌بێ یان ههڵۆیێك. تا ئێره‌ش به‌و دوو فاقییه‌ی كوڕهداركهنه ڕازی ده‌بین و به كاره‌كته‌رێكی هه‌م پاڵه‌وان و هه‌م خوێڕیش ڕازی ده‌بین. لێره‌دا پێشهاتێكی دی له شانۆییه‌كه‌دا دروست ده‌بێت. له ڕێگه كوڕه داركهنه تووشی مشك و پشیله و سه‌گێكی برسی ده‌بێت. ئه‌وانیش بێبه‌ش ناكات. هه‌ر یه‌كه و كه‌مێك گۆشتییان ده‌داتێ. ئه‌وه‌ش پیاوه‌تی كردنه به‌سه‌ر ئاوی حه‌مامه‌وه…
باشه ئه‌وا گوتمان بازرگان گه‌مژه‌یه و جیاوازی گۆشتی نێوان باڵنده‌كان ناكات، تۆ بڵێی بازرگان كوێریش بێ و نه‌زانێ باڵێك یان ڕانێكی ئه‌و باڵنده‌یه خوراوه؟ ئایا ئه‌و باڵنده‌یه بۆ خۆی ده‌بێ چه‌ندی گۆشت پێوه بێ وا بێ له بازرگان سێ ئاژه‌ڵی دیش لێ بخۆن؟ ئه‌وا گوتمان بازرگان هه‌م كوێر و هه‌م گه‌مژه‌ش بوو، ئه‌ی تۆ بڵێی بینه‌ر و خوێنه‌ری ئه‌و شانۆییه گه‌مژه و كوێر بن و هه‌ست به‌و هه‌موو هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه نه‌كه‌ن؟
لێره به‌دواوه كوڕهداركهنه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاره‌ق بكاته‌وه ده‌بێته خاوه‌نی ئه‌نگوستیله‌ی ئه‌فسوناوی. كاره‌كته‌رێكی ماندوونهبووش كاتێك ئه‌نگوستیله‌ی ئه‌فسوناوی به‌ده‌ست ده‌هێنێت ئیدی بێ له ژن و پاره و ئیسراحه‌ت ده‌بێ چی دی پێبكات؟
دواجار بازرگان به ئاگا دێته‌وه…با لێی بڕوانین:
((بازرگان: خه‌ڵكینه كهرێتییهكم كردوه، كه‌ر نه‌یكردوه، باشه من كه ئه‌و ئه‌نگوستیله‌یه‌م هه‌بوو، چ پێویستییه‌كی ده‌كرد داوای ئه‌و باڵنده‌یه‌م له‌و گوێ ڕووته بكرایه. ده‌متوانی هه‌موو شتێكی پێ بێنمه به‌رده‌ستم، هیچ نه‌بووه بچێ...))
دواجار بازرگان به‌ئاگادێته‌وه و ده‌ڵێت؛ من كهرێتیم كرد. ئه‌وجا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نگوستیله‌ی خۆی ده‌داته‌وه. هه‌ر وه‌كو چۆن خۆی گوته‌نی ئه‌نگوستیله‌ی به كهرێتی له ده‌ست داوه هه‌ر به‌و جۆره‌ش به كهرێتی به ده‌ستی ده‌هێنێته‌وه.
ده‌ره‌نجام و خوێندنه‌وه‌یێكی خێرا:
له ده‌می خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شانۆییه‌دا یه‌ك وشه له ده‌قی شانۆییه‌كه له لایه‌ن منه‌وه ئاڵوگۆڕی پێنه‌كراوه. ئه‌وه ده‌ق و له كتێبخانه‌كاندا ئاماده‌یی هه‌یه و ده‌توانن بۆ خۆتان لێیبكۆڵنهوه. لێره‌دا ده‌كرێت به گواستنهوهیێكی خێرا له پانتایی ده‌قه‌وه بۆ زه‌مینه‌ی ڕوداو هه‌ندێ ده‌ره‌نجام به‌ده‌ستبهێنین.
بۆ یه‌كه‌مجاره ده‌قێكی كوردی ئاوا به ساده‌یی بۆ نزمترین ئاستی هوشیاری خۆی دابه‌زێت و له‌سه‌ر دوو پێگه‌ی ئه‌ده‌بی ناوبازاڕی دابمه‌زرێت.
پێگه‌ی یه‌كه‌م: (كێ به كێیه)
داربڕ هیچ بایه‌خێكی بۆ ده‌وروبه‌ر و ڕۆژگاری خۆی نییه و له‌سه‌ر بنه‌مای كێ به كێیه كار ده‌كا و ده‌جوڵێته‌وه.
پێگه‌ی دووهه‌م: ( كهرێتی)
بازرگان له‌سه‌ر بنه‌مای كهرێتی ئه‌نگوستیله‌ی ئه‌فسوناوی ده‌به‌خشێ و بهدهستیدههێنێتهوه.
ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی ئه‌و شانۆییه‌ی لێ نووسراوه، كوردستانه و ساڵانی پاشی ڕاپه‌ڕینی كوردانه. داربڕ پێشینه‌ی له‌كاركردن و ڕه‌نجكێشان هه‌یه و تا ئه‌و شوێنه‌ی بازرگان ناناسێت ڕۆژانه قووتی ژیانی خۆی به ئاره‌قه‌ی ناوچه‌وان په‌یدا ده‌كات. به‌دوای ناسینی بازرگان دا ئیدی هه‌ر له خۆڕا و به‌بێ ئاره‌قه كردن ڕۆژانه دوو لیره‌ی ئاڵتونی مفت ده‌چێته گیرفانییه‌وه. هه‌ر زوو داربڕ كاره‌كه‌ی خۆی جێدێڵێت و ده‌كه‌وێته نێو دنیای ته‌مه‌ڵی.
بازرگان گه‌مژه و كوێر و نابینایه، بازرگان‌یش له دونیای ئێمه نمونه‌ی حیزبه كوردییه‌كانن كه هه‌ر زوو كه‌وتنه تهمهڵكردن و بێ خێركردنی خه‌ڵكانی هه‌ژار. ئیدی لێره‌وه كۆی په‌یوه‌ندیه‌كان ڕوون ئاشكرا خۆیان له‌به‌رده‌ممان دا ده‌خه‌نه سه‌ر گازهرای پشت و خودی (ئه‌حمه‌د سالار)یش به به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و شانۆییه له ناخودئاگاییدا بازرگانێكی گه‌مژه‌ی لێههڵكهوتووه كه ده‌سه‌ڵاتی كوردییه. ئیدی سالار له‌سه‌ر بنه‌مای (كێ به كێیه) و (لێخوڕه ده‌شته) له داربڕێكی ڕه‌نجبه‌ر و ماندونهناسهوه ده‌گاته ئه‌وه‌ی لیره‌ی ئاڵتون بچنێته‌وه…سالار بازرگانێكی كه‌ری وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی كوردی لێ هه‌ڵكه‌وتووه و له‌سه‌ر بنه‌مای كهرێتی، له‌جێی ده‌قێكی تۆكمه و پڕ داهێنان، به ده‌قێكی ساده و ناوبازاری ته‌فره‌مان ده‌دات. له كۆتایی دا ئه‌حمه‌د سالار ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ش ناشارێته‌وه كه ئیدی كێ به كێیه و گرنگ به‌ده‌ستهێنانی لیره‌ی ئاڵتونییه و ڕۆژگاری كاری گه‌وره و پڕ داهێنان گوزه‌شت و باوی به‌سه‌رچووه.
تێبینی:
هه‌موو ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی پێیدهگهیێن له‌م كتێبه‌وه به‌ده‌ستمان هێناون و به‌تایبه‌تی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كێك له باشترین ئه‌و سێ شانۆییه‌ی لێره‌دایه.