68ی فەڕەنسا، ئەکتی سیاسی، بەرەنگاربوونەوەی کاپیتالیزم

Loading

دیدگایەکی فەلسەفیی (دولوز-گواتاریی) بۆ ڕووداوەکانی 68

“68 مانێڤستبوون و دەرکەوتنی سەیرورەیەک بوو لە دۆخی پەتیدا.”
” ئێمە بڕوامان بە فەلسەفەیەکی سیاسیی نییە کە چر نەبێتەوە لەسەر شیکار و شیکردنەوەی کاپیتالیزم و گەشە و پەرەسەندنەکانی.” ژیل دولوز

واقیعیبن، داوای مەحاڵ بکەن. ئەمە یەکێکە لە ڕستە و دروشمە ڕادیکاڵەکانی شۆڕی 68. بۆ ماوەیکی درێژ لە سایەی ڕووداوەکانی 68دا کۆمەڵێک ئیدیا و وێناکردن و ئیدیای وێناکراو لە بەرانبەر دەسەڵاتدا خۆیان فۆرمیولە دەکرد. هەر ڕستەیەکی 68 بە تەنیا گوزارشت و فۆرمێکی دەربڕین نەبوو لە ئارەزوویەکی ڕادیکالییانەی ژیان گۆڕین و گۆڕینی ژیان، جا چ سیاسی، ئابووری، پسیکی، کۆمەڵایەتی بێت، بەڵکو هەوڵ و تەقەلا و ئەکتێکی ڕادیکاڵ بوو لە پێناو کۆمەڵێک ئەگەر و شیمانەو ئیمکانی نوێی دسەڵات و هێزی قسەکردن و و دەنگ هەڵبڕین و دەنگ بەرزرکدنەوە. قسەوەرگرتن و چونە ناو قسەو قسەکردنەوە. واتە خولقاندن و داهێنانی کۆمەڵێک ڕووداوی ناوازەو دەگمەن. 68 دەنگ هەڵبڕین و وەرگرتنەوەی قسە بوو دژ بە کۆمەڵگەیەکی بەرخۆریی، دژ بە ئۆتۆریتێیەکی فەرزکراو سەپێنراو لە ناو ژیانێکی ڕۆژانەی ماندوکەر و تاقەت پڕۆکێندا. بەمشێوەیە (مەی) 68 سەرقاڵیبوون بوو بە ئۆنتۆلۆژیای ژیان و ئۆنتۆلۆژیای ژیانی ڕۆژانەوە لە ناو لە ئاستێکی جیانەکراوە لە گەڵ سیاسەت و ئەکتێکی سیاسی داهێنەرانە. ئێمە لێرەدا لە ناو ڕووداوەکانداین زیاتر لەوەی قسەوباسمان لە سەر لێکەتەو دەرئەنجامی ڕووداوەکانی 68 بێت. سەیرورەی شۆڕگێریی و شۆڕگێڕبوون لە ناو ڕووداوەکاندا نەک لەو دەرئەنجامانەی لێیدەکەوێتەوە. خودی ڕووداوەکان بوو بەرهەم و نەریتێکی فەلسەفیی لێکەوتەوە، خودی ڕووداوە چرکەساتە تیاژیاوەکانی ناو ڕووداوەکە بوو بە نەریتێکی نوێ داهێنان خولقاندنی فەلسەفیی لێکەوتەوە. شێواز و داهێنانێکی نوێی فەلسەفاندن و فەلسەفەکردن. پراتیکێکی نوێی فەلسەفیی و داهێنانی فەلسەفی کە جیاواز بوو لە گەڵ پێشخۆییدا، لە گەڵ نەریتی بیرکردنەوەی پێش خۆی. شێوازێک لە هێزو تواناو داهێنانی ملکەچکردنی نۆرمە کۆمڵایەتییەکان بۆ ئیمکان و شیمانەی نوێی ژیانکردن و ژیان و ئەزموونە ژیانییەکان. ئەزمونکردنی شێوازو ئەزموونی نیۆی ژیان و ژیانکردن لە ناو ئەکتێکی ئۆنتۆ-سیاسییدا نوێدا.

deleuze-and-guattari
دولوز و گواتاری

ژیل دولوز لە یەکێک لە وتارەکانییدا بە ناوی “سەیرورە و کۆنترۆل” باس لەوە دەکات کە: خۆی، واتە دولوز، جۆرێک لە سیاسەت و ئەکتی سیاسیی ئەزمونکردووە. لە 68 دا جۆرێک لە بەشداریی سیاسییانەی سەبارەت بە کۆمەڵێک کێشەی تایبەت و دیاریکراو، ئەمەش بە هۆی فێلیکس گواتاریی و میشێل فوکۆ و ئێلی سامبر، تا ئەو شوێنەی کتێبی ئەنتی-ئۆدیپ کتێبێکی فەلسەفەی سیاسییە، وە ئەم کتێبە چەمکاندن و تیۆریزەکردنی ئەوە بوو کە ڕوویدا لە ناو نەریتێکی نوێ داهێنان و خولقاندنی فەلسەفیی و ئەکتی فەلسەفی. ئەو دەربڕین و و گۆزارشت لە خۆکردن و خۆ پراتیککردنانەی (68) بوو بە بابەتی شیکار و ڕاڤەو شیکردنەوەی فەلسەفیی لە ناو شیکردنەوەو ڕاڤەی کاپیتالیزمدا. وەک دولوز دەلێت: “ئێمە بڕوامان بە فەلسەفەیەکی سیاسیی نییە کە چڕکرچڕ نەبێتەوە لە سەر شیکار و شیکردنەوەی کاپیتالیزم و گەشەو پەرەسەنندنەکانی کاپیتالیزم”  کتێبی بۆ قسەوباس و گفتوگر، 1990 .ل 232. هەر ئەم شیکردنەوەو شیکارییکردنەی کاپیتالیزم بوو هەردوو کتێبی “ئەنتی- ئۆدیب و هەزار ڕووتەختی” لە سەر بینا کرا. دوو کتێبی فەلسەفەی سیاسیی. لە گەڵ ئەو دوو کتێبەدا ئێمە هاوڕێی دوو کتێبی فەلسەفەی سیاسیین بە پلە نایاب. لە هەمان تێکستدا ژیل دولوز باسی ئەوە دەکات کە زۆر هەستیار بووە بەرانبەر (مەی 68 )و ئامانج و ئایندەی، بڕێکی باش نیگەرانیی لە خۆ هگرتبوو. بەڵام ئەمە نەیکردە ئەوەی ژیل دولوز قسوباسێکی جددی نەبێت لە سەر ئەو ڕووداوە دانسقەو دەگمەنانەی 68. نیگەرانیی و هەستیارییەک بووە کە رێشەییەکی نیتەچیی هەبوو لە بەرانبەر “سەیرورە و مێژوودا”، چونکە ئێمە لە ناو سەیرورەداین، سەیرورە و ڕووداوێکی سەیرورەیی بەرهەمهاتوی ڕێکەوتە کە بە هیچ شێوەیەک بەرهەمی مێژوو و گەڕانەوە نییە بۆ پارادایمێکی مێژوویی وەک چۆن دەرگیربوون هۆگر نەبووە بە یۆتۆپیاو خەونێک لە داهاتوودا. بۆ ژیل دولوز ڕووداو لە مێژوودا نییە و ناخرێتە ناو مێژووەوە، بەڵکو لە ئێستاو لێرەدایە. لە ناو سەرقاڵبوون بە کێشەو گیروگرفتەکانی ئێستاو ئێرەوەیە. دولوز لە چاوپێکەوتنە تۆمارییە ڤیدۆییەکەیدا لە گەڵ کلێر پارنێت دەگەڕێتەوە سەر ڕووداوەکانی 68 : مەی 68 چی بوو ؟ سەیرورەیەکی شۆڕگێریی بە بێ ئایندەیەکی شۆڕگێریی و بە بێ ئایندەو داهاتووی شۆڕش”.

دیسانەوە چاوپێکەوتنەکەی لە گەڵ فەیلەسوفی سیاسیی دولوزی تۆنی نیگری لە “سەیرورە و کۆنترۆڵدا دەڵێت: “مەی 68 مانیڤێستبوون بوو، دەرکەوتنێکی سەیرورە بوو لە دۆخی پەتییدا” Pourparler. بۆ دولوز 68 هیچ ڕژێمێک نەبوو جگە لە کۆمەڵێک داهێنان و خولقاندن، داهێنان و خولقاندنی ڕووداوی دەگمەن و جیاواز و ناوازە: “ئەوەی بە لای منەوە گرنگە، کۆمەلێک داهێنانی پێکەویی و پێکەوەبوون و دەستەجەمعی بوو زیاتر لە نوێنەرایەتیکردنەکان. بەمشێوەیە 68 ئەو ڕووداوە دەگمەنانەیە کە تەواو و بە شێوەیەکی دۆخی پەتی دەکەونە ناو سەیرورەوە، دەکەونە ئەودیو نوێنەرایەتیکردن و ئاڤانگاردی و پێشڕەوییکردن. ئەو دیو پێشڕەویی و ڕابەرایەتیکردنی چینیک. لێرەدا ئێمە لە بەردەم سوبژێکتیڤیتێیەکی دەستەجەمعیی و هەرەوەزیی و پێکەوەبوونی کۆمەڵانی خەڵکداین بە فۆرمیولەبوونی جیاواز و دوور لە پارت و هێزی سیاسیی، سوبژێکتیڤیتێیەکی گروپیی و هەرەوەزی و دەستەجەمعی کە ئەگەر و ئیمکان و شیمانەی سەیرورەیی ڕووداوە گروپییەکان لە خۆ دەگرێت، بەرهەمهێنانەوەی ئارەزوی دەستەجەمعیی و پێکەوەیی و هەرەوەزیی لە ناو سوبژێکتیڤێتییەکی سیاسیی و ئەکتێکی ئۆنتۆ- سیاسیی ژیانی ڕۆژانە. 68 ورتەو ورت و دەنگبەرزکردنەوەو دەنگهەڵبڕین و وڕێنەیەک بوو کە دواتر بۆ دولوزو گواتاری دەبنە سەرچاوەی تیۆریزەکردن و پرۆژەی ڕەخنەیەک لە کاپیتالیزم بەوشیوەی دولوزو گواتاری لە هەردوو کتێبی “ئەنتی- ئۆدیپ و هەزار ڕووتەختدا” باسیان کردووە. بۆ دولوز ، فەلسەفەی ژیانێکی داهێنەرانە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە، پێکەوەویی و پەیوەندیی نێوان تاکەکان و کار و ئەکتی دەستەجەمعی پێویست بە فەرمانپێدان و ڕابەرایەتی و پێشڕەویی و حزب و پارت و هێزی سیاسیی ئاڤانگاردی پێشڕەو ناکات، بەڵکو دەتوانێت دەستپێبکات بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرنامە بۆ دانەڕێژراو. هیچ سەروکارێکی لە گەڵ ڕێکخستن و کۆکردنەوەیان نییە لە لایەن ئۆرگانێکەوە. ڕووداوەکانی 68 دەرخەری ئەوەن کە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن نۆرمە چالاک و ئەکتیڤ و زیندوو ڤیتاڵ و داهێنەرەکان بپچڕن و لە ناویان بەرن، بییان چەپێنن و سەرکوتیان بکەن. ئێمە لێرەدا لە گەڵ کۆمەڵێک دیاگرامی نۆرمەکانداین، لە بەرانبەر ژیان و ئەو جیاوازیی و فرەیی و جۆراوجۆرییەداین کە شێوازێکی نوێی فەلسەفەو فەلسەفاندنی هێنایە کایەوە لە “ساڵانی 60″دا. بۆ دولوز، ئێمە سەروکارمان لە گەڵ کۆمەڵێک دیاگرامدایە کە دەتوانرێت و دەتوانێت لە ئارەزووی بەرهەمهێنارو بەرهەمهێنانی ئارەزوو لە ناو کار و ئەکتی دەستەجەمعیدا گوزارشت بێت لە فەلسەفەی ژیانێکی نوێکراوە و داهێنراو.

داهێنانە هەرەوەزیی و پێکەوەییەکان “دەستەجەمعییەکان”

چ لە دوورەوە یان لە نزیکەوە قەدێکی Pli داهێنەرانە ئامادەیە لە ناو گوتاری فەلسەفی ساڵانی 60 دا کە، هەردوو داهێنانی ئینیدڤیدوالیی و هەرەوەزیی و دەستەجەمعیش لە خۆ دەگرێت. گۆڕینی ژیان نەوشەیەکە و نە نەزمێکی سوبژێکتیڤ و نە ئاگادارکردنەوەیەکی قەزایی و کۆمەڵایەتی، بەڵکو دەرکەوتن و مانێڤستبووونی زیاترە وەک (بە سیاسیکردنێکی ژیان) کە پێویست بوو ژیانی تاک و ئیندیڤیوال و ژیانی پێکەوەییش چالاک بکات، کارای بکات. پێدان و بەخشینی کرێدی بە داهێنانە دەستەجەمعی و هەرەوەزییەکان، واتە شوێن کەوتن و شویێن پێهەڵگرتن بە دووی کۆمەڵێک پرۆسێسیوسی داەهێنەرانەی مۆڵتیتیود و زیندووبوون و چالاک. فۆرمیولەبوونی ژیانێکی نوێی داهێنراو کە دوورە دەست و دوورە پەرێز بوو لە بەرانبەر شیکارییەکانی ژیانێکی فۆرمیولەکراو بە یاساو لە بەرانبەر یاسادا، لە بەرانبەر مافدا، لە بەرانبەر کۆنتراکت و پەیمانێکدا. لێرەدا هەر شیکردنەوەو شیکارییەکی ماتریالی کۆمەڵگە لە هەناوی داهێنان و خولقاندنەکاندایە. دوو ڕژێمی کۆمەڵایەتی داخراو و کراوە، دوو رژێمی نەریتیی و سونەتی و داهێنان کە دەتوانرێت وەک بەرانبەربوونەوە و بەریەککەوتنی نێوان مێژوویی و سەیرورەیی ببینرێت لە نێوان دوبارەبوونەوە و جیاوازییدا. فەلسەفەی سیاسی لێرە بە دواوە وەک فەلسەفەیەکی ئەنتی-یاسایی و ئەنتی-دەستوری خۆی دەردەخات چونکە ئێمە لە هەناوی ڤیتالیتێی پرۆسێسیوسە پێکەوەیی و هەرەوەزی و دەستەجەمعییەکانداین کە وامان لێدەکات بچینە ناو ئاستێکی هەرە بەزی دۆخی سەیرورەکانەوە. ئەمەش نیشانە و ئاماژەو دەلالەتە کە: سیاسەت وەک دەسەڵات و هێزی چالاکردن و مۆدیفیکاسیۆن دەردەکەوێت، وەک ئەلتێرناتیڤ و جێگەرەوەیەک کە لە ناو ” وون- بە کەمینەکاندا” تەجەللا دەبێت. کەواتە داهێنان و دروستکردن و خولقاندنێکی هەرەوەزیی و پێکەوەیی و دەستەجەمعی چییە؟ کۆمەڵێک دژە کاراکردنی ڕژێمی هەژمونکارو سەردەست و زاڵ و باڵادەستی نۆرمەکانە، هونەری ڕاوەستاندنی نۆرمالیتێیە. سیاسەت بەم مانایە نابێت بە فۆرمێکی ڕۆیشتن و هەنگاو نان و جوڵە لە خۆیدا، سیاسەت بەم مانایە دامەزراو و سەپێنراو داکوتراو نییە لە ڕێگەی کارو پرۆسە یاسایی و دەستورییەکانەوە. سیاسەت دەبێت بە ئیمکان و شیمانەی دۆزینەوەی مومکینات و ئەگەری ژیانێکی نوێی داهێنراو لە ناو بازدان و پەڕینەوە بە سەر ڕژێمی نۆرمەکان و جێهێشتنیان و دژایەتی کردنی ڕژێمی نۆرمەکان. سیاسەت چییە؟ دژایەتیی و نەیاریی و کێشمەکێشی کەمینەییە لە بەرانبەر نۆرمەکاندا.

دولوز و گواتاری لە ڕووتەختی چوارەم لە کتێبی هەرزار ڕووتەختدا باس و خواسیان لە سەر سەیرورەیەکە لە ناو گرێدان و پێکەوەبوون و لکاندا لە گەڵ جیابوونەوەو جیاکردنەوەی زۆرینەو کەمینە لە ناو چوارچێوەی شیکاری شیکردنەوەی زماندا. لە ناو ئەم شیکاریی و شیکردنەوەیەدا دروستکردن و فۆرمیولەکردنی ئەو ڕێالیتێیە کە، زمان نا جیگیرو گۆڕاو هیترۆژینە نەک سیستەمێکی هۆمۆژینی بیناکراو لە سەر کۆمەڵێک جَگیرو بەڵگەنەویست و یەکلاکراوە، ڕووبەڕو بوونەوە لە گەڵ قسەوباسی گراماتیکی زمان. دولوزو گواتاری لە لایەکەوە دەتوانن ئەوە پێک بێنن کە، لە بەرانبەر بەرکارهێنانی پێکهاتووی دەستەواژەو دەستەواژەی پێکهاتووی زۆرینە لە زماندا، کەمینەکانیش بتوانن زمانێکی داهێنراو و داهێنەرانەیان هەبێت، لە ناو زماندا. ئەکتێک لە ناو زمانەکە خۆیدا. واتە زمانێک لە هەناوی زمانێکدا، لە لایەکی دیکەوە لە میانەو لە ڕێگەی بوون بە کەمینەوە، لە ناو داهێنانەکانیاندا، لە ناو بەکارهێنانە جیاوازو دەگمەن و دانسقەییەکانیاندا ماناو بەکارهێنانی جیاواز بدەن بە زمان. لە بیری نەکەین ئاستە دەلالی و ماناییەکانی زمان و ڕێکخستنەکانی لە ناو پەیوەندی هێزەکان و ستراتیژی ململانێدایە. دەسبردن بۆ کۆمەڵێک گۆڕاو جوڵاو لە پێناو لەقکردن و لەرزۆککردنی زمانی باڵادەست و زاڵ و هەژموونکار. گۆڕینی سروشتی زۆرینەیی زمان و ماناو ئاستی ماناپێدراوەکانی بۆ ئاستێکی کەمینەیی ماناو پەیوەندی. بەکارهێنان و بەکارخستنێکی کەمینەییانەی زمان کە دەبێت بە ماتریالێکی سیاسیی، چونکە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی شیمانەو ئیمکان و ئەگەری ڤیتال و زیندووی داهێنانە دەستەجەمعی و هەروەزیی و پێکەوەییەکان. وەک چۆن زۆرینەو کەمینەکان دوو شێوازی ڕۆیشتن و سەر ڕیگاخستنی ژیانن، ژیان لە سایەو سێبەری (سەیرورەدا) لە بەانبەر ژیان لە سایەو سێبەری (کۆنترۆڵدا) دەوەستێتەوە. دولوز بەوشێوەیە باس لە ژیانی زۆرینە دەکات کە سەر بە ژیانێکی کۆنترۆڵکراوە، وە ژیانی کەمینە سەر بە ژیانی سەیرورەو هێڵەکانی هەڵهاتنە، بەڵام هیچ کام لەم شێوە ژیانە لە ناو شوێنگەو پێگەو بوونێکی دەرەکییدا نین، بەڵکو هەریەک بۆ ئەوەیتر وەک سنورو تخوبێک دەردەکەوێت . کارابوون و کارایی کەمینە لە سایەی زۆرینەدا وەک هەردوو دۆخی داخراو و کراوەیی بیرگسۆنی دەردەکەوێت، کرانەوە لە ناو داخراودا، پۆتۆنسیالێتێی کرانەوەو لە ناو داخراودا. کۆمەڵێک پەیوەندی پچڕان و نە پچڕان لە ناو کاروبارو کارکردنەکانی زۆرینەو کەمینەدایە. ئەمە لە ناو زماندا هەیە. بۆ دولوز هیچ زمانێک نییە کەمینەی هەناویی و ناوەکی خۆی نەبێت و لە خۆییدا هەڵنەگرتبێت. خودی جێگیرو دامەزراوەکان هەڵگریی ناجێگیریی و نا چەقبەستوویین. لێرەوە دوو شێوازی بیرکردنەوەی سیاسییمان هەیە: دەتوانین وەک دەسەڵات، وەک شۆڕبوونەوەو کەوتنەوە ناو نۆرمەکانەوە بیری لێبکەینەوەو بیبینین، لە لایەکی دیکەشەوە دەتوانین وەک سەیرورەی داهێنەرانە بیری لێبکەینەوە. لە خاڵی یەکەمدا سیاسەت وەک دەسەڵاتی زۆرینە دەردەکەوێت کە، لە نا رژێمی نۆرمەکاندایە، وەک کاروبارو سەرقاڵی دەسەڵات، هەرچی خاڵی دووەمە سەرقاڵی و کاروباری سەیرورەیە، وەک کەمینە کەمەکان کە، درز دەخەنە ناو نۆرمەکانەوە، دەبن بە نەیارو دوژمنی نۆرمەکان، کاروبارو سەرقاڵی سەیرورەی بە کەمینە بووەکان. وەک بە یەکگەیشتنی هەر هێڵێکی هەڵهاتن بە هێڵێکی دیکەی هەڵهاتن ئەو کاتەی لە جەنگدایە.

سیاسەت بۆ دولوزو گواتاری بوونی نییە تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە دەستخستن و سەر ڕێگاخستنی داهێنان بێت لە بەرانبەر دەسڵات و لە سەر دەسەڵات. سیاسەت تەنیا لە سوڕانەوەی کورت و بازنەی کورتی دەگمەن و دانسقەو تاک و تەرادا بوونی هەی. کە دەبنە هۆی شکان و درزخستنە ناو نۆرمەکانەوە. ئەوەی ژیل دولوز ناوی ناوە (سەیرورە) کارکردنە لە ئێستاو مێژووی ئێستادا بە بێئەوەی بەردەوامیی مێژووییانەی هەبێت. لای دولوزو گواتاری سیاسەت بوونی نییە تەنیا لە ناو سەیرورەی داهێنەرانەدا نەبێت، کۆمەڵێک سەیرورەی داهێنەرانەیە. وە سیاسەت بە ئاگابوون و وشیارییە لە بەرانبەر ئەوەی لە لایەن زۆرینەوە دەکەوێتە خوارەوەو هەمیشە بە ڕێگایەوە. لێرەوە سیاسەت واتە سیاسەتی سەیرورەیی، وە هەوڵدانی بێوچان بۆ ئەوەی نەکەوێتە ناو زۆرینەوەو قوتی بدات. لە بەرانبەر دوو ڕژێمی داهێناندا نموونەی بوون بە بێگانەی کافکامان هەیە لە پراگ ، وە لەبەرانبەر سەیرورەی هەموان، لە بەانبەر داهێنانی دەستەجەمعیی و هەرەوەزییدا بزوتنەوە فیمینیستمان هەیە. ئیتۆلۆژی کەمینە وەک پێرسپێکتیڤێکی سیاسی لە سەیرورەی هەمواندا بوونی هەیە. سیاسەت لە ناو سەیرورە و بوون – بە کەمینەی بێگانەکاندا بوونی هەیە. لە ناو کەشفکردن و دۆزینەوەی زمانێکی کەمینەییدا وای کردووە زمانی زۆرینە تێپەڕێنیت. کۆمەڵێک هێڵی هەڵهاتن دەگرێتە بەر کە، فۆرمە زۆرینەییەکان لە خاکێکدا لە قَەڵەمڕەویی دەخات. کەمینە خولقاندن و کەمینە دروستکردن کاری سیاسەتێکی شادومانە، سیاسەتێکی بە چێژ، کەمینەی ئافرەتان، کەمینەیی ڕەشپێستەکان، کەمنەیی هۆمۆسێکسواڵەکان … بەمشێوەیە زۆرینە هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک ڕژێمی هەیمەنەکردن کە بە سەر کەمینەکاندا پراکتیک دەبێت. سیاسەت پێداگیری و جەختکردنەوە نییە لەوەی بە سە ر زۆرینەدا تێپەڕین و لەم کەمینەییە زۆرینەیەکی دیکە دروست بکەین، زۆرینەیەکی نوێ دروست بکات. سیاسەت دەرخستن و مانێڤستکردنی نا- دەسەڵاتێکە بۆ دۆخێکی دەسەڵات. لەو جیگایەی خاک و قەڵەمڕەویی هەمیشەو بەردەوام خەریکی خولخواردن و گیرسانەوە بێت بە دەوری نۆرمەکان و هەیمەنەکردن و هەژموونکردنەکاندا بە پێی لۆژیکێکی داخراو. سیاسەت کارو چالاکیی ئەکتێکی ڤیتال و زیندووی هەڵگرتنی فشاری نۆرمەکان و لە قەڵەمڕەویییخستنەلە ڕێگەی داهێنانە تاکانەیی یاخود گروپییەکان. بەمشێوەیە فەلسەفەی دولوز بە تەواوی فەلسەفەیەکی داهێنانە وەک ئەوەی ئێمە ناوی دەنێن “68 لە فەلسەفەدا”، چونکە وا لە سیاسەت تێدەگات وەک داهێنانێکی هەرەوەزیی و پێکەوەیی و دەسەتەجەمعییانەی تێکدان و شپرزەکردنی بەربەستە نۆرمییەکانە.

May68-01
فەڕەنسا ــ مای ٦٨

کاپیتالیزم و بەرەنگاربوونەوەی کەمینەیی

چۆن وا بکەین سیاسەت لە بەرەی کەمینەکان بێت نەوەک بکەوێت بە لای بەرەی دەسەڵاتدا؟ وە ببێت بە ئەو دینامیزمەی کاریگەری خراپ بە سەر هێڵەکانی هەڵهاتنەوە جێدێلن؟ لێرەوە ئێمە دەچینە ناوئەکتی خولقاندن و سەر ڕێگاخستنی سیاسەتێک لە بەرانبەر کاپیتالیزمدا، لە بەرانبەر کاپیتالیزم و کێشەو گرفتەکانی کاپیتالیزم. ئێمە لە بەرانبەر نەزمێکداین، لە بەرانبەر وشەی نەزمێکی جیهانی و گەردونیداین کە (بازاڕە). لە بەرانبەر کۆمەڵێک پەیوەندی هەیمەنەکردن و زاڵبوون و هەژمونخوازی و باڵادەستیداین کە فۆرم و پەیوەندی دەوڵەندو هەژار و بێنەوایی خولقاندووە. لە ناو کاپیتالیزمدا تەنیا یەک شت هەیە کە گەردوونییە ئەویش (بازاڕە). دەبێت لەوە بگەین کە، بازاڕ ناتوانێت جێگیرو دامەزراوو چەقبەستوو بێت تەنیا لە سایەی هەلومەرجی کۆنترۆڵ و کۆنترۆڵکردندا نەبێت. تەفسیرکردنی چەمکی دیسپلین و دیسپیلینی فوکۆ وەک ڕێوشوێن گرتنەبەری کۆنترۆڵکردن. دولوز وایدەبینێت کە هاتن و پەیدابوونی بازاڕ دەبێت ببەسترێتەوە نەک بە تەنیا لە ناو لۆژیکێکی تێگەیشتنیکی نێگەتیڤی بازاڕەوە، بەڵکو بە لۆژیکێکی بە پەیوەندیخستن و خستنە ناو پەیوەندی کۆمەڵێک ڕەگەزی جیاوازی شوێنی کراوەو، جوگرافیای کراوەو واڵا، کە نوێنەرایەتی بازاڕ دەکەن و دەینوێننەوە. لە لایەک ئێمە دەچینە ناو کۆمەڵگاگەلێکی کۆنترۆڵەوە کە لە ڕێگەی زیندانیکردن و گەمارۆدانەوە بە وەزیفەی خۆی هەڵناسێت، بەڵکو کۆمەڵگاگەلێکی کۆنترۆڵکراو کۆنترۆڵیی بەردەوام و پەیوەندی گرێدراو پَیکەوە بوو، پێکەوە بەستراو. لە لایەکی دیکەوە فۆرمەکانی کۆنترۆڵ وەک چڕیی و پیتەوییەکانی بازاڕ خۆیان دەردەخەن. وەک کۆمەڵێک ڕەگەزی سەرقاڵبوو بە دەوڵەمەندییەوە . ئەوەی بۆ کاپیتالیزم پێویستە تا دەسەڵاتی هەبێت و خۆی لە ناو پتەویی و چڕیی ڕیوشوێنگرتنەبەردا خۆی ڕیالیزە بکات، ڕێوشوێنی پەیوەندی و کۆمۆنیکاسیۆنە. بەردەوام و بە بێپچڕان دەسبەرداری ئەوە نابێت ڕەگەزە هیتیرۆژینەکان بخاتە ناو پەیوەندییەوە لە ناو گۆشەنیگاو تێڕوانینی گەشەکردنەکانی بازاڕدا. لێرەوە کۆنترۆڵ وەک ئامراز و کەرەستەی ئەم پەیوەندیبەستنە گشتییە دەردەکەوێت و خۆی پراوە دەکات. کۆنترۆڵکردن واتە دڵنیابوونە لەوەی فۆرمەکانی پەیوەندیی و کۆمۆنیکاسیۆن لە نێو خۆیاندا نەپچڕێن و تەنک نەبن. ئەمە لە کاتێکدا دیسلینکراو واتە گەمارۆدراو چوارچێوەدارکراو و زیندانیی لە ناو دەزگا لێکدابڕاوەکاندا (خێزان، خەستەخانە، زیندان..). کۆنترۆڵ ئازادی وەک بابەتێک وەردەگرێت کە دەسەڵاتێکی خولخواردوو بازنەییە. کۆنترۆَڵ و کۆنترۆڵکردن بۆ دولوز پراتیککردن و بە واقیعیکردنی ئیمکان و شیمانەی کاپیتالیزمە وەک هاتن و جێگرتن و پەیدابوونی بازاڕێکی سوڕخواردن و بازنەیی و خولخواردنی شتومەک و کەسەکان. هەمیشە سوڕانەوەو خولخواردن وەک سەرمایە. پێویستە بوترێت کە کاپیتالیزم لە ڕێکەی تواناو کارایی و چالاکبوونییەوە لە شوێنکەوتن و بە دووکەوتنی قوڵپدان و فیچەکردنەکانەوە خۆی فۆرمیولە دەکات: شوێن پێهەڵگرتنی ئەو قوڵپدانانەی کە،کۆمەڵگەیەک پێکدێنن و فۆرمیولەی دەکەن. لە ڕێگەی کارایی و توانایەوە لە سایەی وشەکانی نەزمێکی بەرهەمهاتوو لە لایەن خەڵکەوە، خۆی پێکدێنێت، کەواتە ئەوە ئارەزووە کە بابەت و ئۆبژێی کاپیتالیزمە.

کاپیتالیزم وات شوێن پێهەڵگرتن و وەدوو کەوتنی ئارەزوو قزڵپیدانەکانی بە ئیماناتی. و ماکینەکانی کاپیتالیزم بە ئیمانانت شوێنپێ هەڵگرن. لە ئەنتی- ئۆدیپدا دولوزو گواتاری باس لەوە دەکەن بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بە تەواویی و یەکلاکراوەیی بەرهەمهێنانی خودی ئارەزووە. ئەنتی-ئۆدیپ، AOل36. ئەمەش لە ناو بەهەند وەرگرتنی ئارەزودا وەک تەنیا ماڵ و نشینگەی بەرهەمهێنان و لە دایکبوونی واقیعی کۆمەڵایەتی. لێرەشەوەلە خۆگرتنیان وەک کۆمەڵێک ئاژانسمۆی پێکەوەبووی ئارەزوو. ئەوە خودی ئارەزووە وەک پرۆسێسیوسەکانی لە دایکبوون و هاتنە ئاراوەی ژیانێکی کۆمەڵایەتی دێتە بوون، وە کاپیتالیزم هەمیشە لە هەوڵدایە تاوەکو دەستی بخات و دەستی بە سەردا بگرێت و بیگەڕێنێتەوە سەر ماکینەیەکی بەرهەمهێنان. کاپیتالیزم لێرەدا وەک دوو سەر دەردەکەوێت: ئارەزوو، و لە گەڵ دەزگای وەرگرتن و دەس بەسەرداگرتن و چنگخستن و بە دەستهێنان. لە لایەکەوە لە سەر هێڵەکانی هەڵهاتن، یان لە نزیک هێڵەکانی هەڵهاتن گەشە بە خۆی دەدات و پەرە بە خۆی دەدات. کاپیتالیزم واتە کردنەوەو لە کۆدخستنی کۆدەکانی قوڵپدان، بەرهەمهێنانەوەی قوڵپدانە کۆدکراوەکان و لە کۆدخراوەکان. کردنەوەی کۆدەکان بە واتای سڕینەوە نایەت، بەڵکو بە مانای خستنە ناو لۆژیکێکی بەرهەمهێنانەوە دێت. کاپیتالیزم مۆندیالیی وجیهانییە چونکە توانای بەستنەوەی تەواوی وزە ئارەزو و ئارەزووکراوەکانی هەیە لە ناو بەشداریپێکردنیان لە ناو دەسەڵات و “مەملەکەتی پارەدا”. بە مانایەکی دیکە بڵێن” کاپیتالیزم دەوڵەت لە قەڵەمڕەویدەخات. کاری دەبێت بە لەقەڵەمڕەوییخستنی دەوڵەت. ئەمەش لە سایەی نەزمدا، هەمیشە وەک سەربەخۆ خۆی دەنوێنێت. کاپیتالیزم و هێزەکانی هاوشان و هاوڕیی قوڵپدان و فیچقەکردنی ئارەزووەکانن. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەت لە ناو قەڵەمڕەوییدرستکردنەوەوە سەرقاڵی دیسپلینکردنە، سەرقاڵی گەمارۆدان و بەستنەوەو دیواربەندکردن و دیوار هەڵچنینە. کاپیتایزم بە هۆی کۆمەڵێک میکانیزمەوە کاری دەبێت بە لە قەڵەمڕەوییخستن و لە نیشتمان هەڵکەندن. کاپیتالیزم لە سەر سەیرورەی بوون بە – کەمینەکانیش دەوەستێت،بەڵام ناتوانێت بە تەواوی دەستیان بەسەردا بگرێت. لێرەوە تێدەگەین بۆچی کاپیتالیزم لە سایەی کۆنترۆڵکردندایە، بۆچی لە گەڵ کۆمەڵگە کۆنترۆڵییەکاندا تێکەڵبوون و ئاوێزانبوونێک دروست دەکات. بەرهەمهێنانی ئارەزوو، شوێنکەوتن و جێپێهەڵگرتنی قوڵپدان Flux و فیچقەکردنی ئارەزووکان و بەرهەمهێنانەوەیان لە بازاڕدا. لێرەدا سیاسەت دەتوانێت وەک پرۆژەی ئازادکردنی ئارەزووەکان بێتە ئاراوە لە دەرەوەی ئەکسیۆمەکانی کاپیتالیزم. ئەمەش هەلومەرجی بوون بە –کەمینەو سیاسەتی سەیرورەو بوون بە –کەمینەیە کە دێتە ناوەوەو کار دەکات.

لە ناو گەشەپێکردن و پەرەپێدانی زۆرینە لە ڕێگەی ئەکسیۆمەکانەوە کاپیتالیزم وەک ئەوەی فینۆمینێکی زۆرینەیی و زۆرییە دەچێتە ناو دەسبەرداربوون و دەسەهەڵگرتن لە بوون بە کەمینەوە. ئەگەر کاپیتالیزم زمانی زۆرینە بێت ئەوا لە ناو هەوڵی دەستگرتن و کۆنترۆڵکردنی ئارازووی کەمینەکاندایە. ئەکسیۆماتیکی کاپیتالیزم پەیوەندیگیرییە، پەیوەندگیرە، خراوەتە ناو پەیوەندییەوە. سیاسەت هەوڵی خولقاندن و بەدیهێنان و داهێنانی فیگیوری نا پولەکەیی و نا-پارەیییە. واتە ئەگەر کاپیتالیزم یەکخستنی قوڵپدان و ئارەزووە بەرهەمێنراوەکاندا بێت لە فیگیوری (پارەدا)، سیاسەت وئەکتی سیاسی کاری دەبێت بە دۆزینەوەو خولقاندنی فیگیوری غەیرە پارە. دژبوونە بە پرۆژیەک. سیاسەت بە هەنووکەییکردن و ئەکتویلیزەکردنی کەمینەیەکی نا-بازاڕیی و دەرە بازاڕییە. دەبێت سیاسەت کاری ببێت بە خولقاندن و دروستکردنی هەلومەرجی ژیانێکی جێگرەوەو ئەلتەرناتیڤ. لێرەوە ڕووداوەکانی 68 بۆ دولوزو گواتاری دەرکەوت و پەیدابوونی فیگیوری نا- پارەیی و نا پولەکییانەی بەرهەمهێنانەوەی ئارەزوو بوو لە ناو پرۆسیًَسیوسەکانی بە کەمینەبوون و سەیرورەی کەمینە. ئەمەش وەک هێزو تواناو کارامەییەکی نا-شیفرەیی و بە شیفرەنەکراویی ئارەزووەکان. لەوێدا و لەو ساتەدا واکرا کە کەمینەکان قسە بکەن، هێزو توانای کەمینەکان قسە بکەن و وەک داهێنان و خولقاندن و پێکهێنانی دەستەجەمعیی و هەرەوەزی دەرکەون. (ڕووداوەکانی 68) نەیانهێشت لە ڕێگەی ماکرۆ نۆرمەکانەوە بەرهەم بهێنرێنەوە ،بەڵکو لە ناو و لە ڕێگەی میکرۆ نۆرمەکانەوە ، لە ڕێگەی کۆمەڵێک (میکرۆ- نۆرمی ) ئاراستەکراو بەرەو گۆڕان و گۆڕانکارییەک لە ژیانی ڕۆژانەو ئاساییدا. مەی 68 دەرکەوتن و مانێڤستبوونی میکرۆ-سیاسەتی کەمینەکان بوو . مەی 68 لە فەرەنسا مۆلیکیولێر” گەردیلەیی” بوو. بەمشێوەیە داهێنان و خولقاندنی سیاسیی دەبێت میکرۆ-سیاسی بێت.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌