پیاوه‌ له‌شفرۆشه‌كان

Salvador Dalí, Napaleon’s Nose, Transformed into a Pregnant Woman, Strolling His Shadow with Melancholia amongst Original Ruins (1945) Photo: © Gala-Salvador Dalí Foundation 2015
1,644

1

شه‌ماڵ، دوێنێ شه‌و له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆیدا كوژرا. ڕووداوێك هه‌مووانى تووشى خه‌م و ئازاركرد. له‌ ته‌مه‌نى په‌نجا و پێنج ساڵیدا، خۆى كوشت، یان كوژرا؟ یان باشتره‌ چیرۆكه‌كه‌ وه‌ك خۆى بگێڕینه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ هاوڕێكه‌ى كوشتبیه‌تى.

 

ئه‌وه‌ى شه‌ماڵى كوشت، هاوڕێى كۆنى شه‌ماڵ بوو، ئێستا پله‌به‌رزى ناو سوپایه‌، ناوى ڕه‌زایه‌…من بۆخۆم كه‌ ئه‌م چیرۆكه‌تان بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌، به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چ پله‌یه‌كى هه‌یه‌، یان بۆم گرنگ نییه‌، ناوى پله‌ى سه‌ربازییه‌كه‌ى به‌ دروستى بپرسم و بۆ ئێوه‌ى نه‌قڵ بكه‌م، چونكه‌ خۆم هیچ له‌باره‌ى پله‌ و ئه‌و ناوه‌ قۆڕانه‌ى سوپاو و سه‌ربازییه‌وه‌ نازانم، به‌ڵام ده‌زانم پله‌ به‌رزێكى ناو سوپایه‌. من شه‌ماڵ و ڕه‌زا له‌ هه‌مووان باشتر ده‌ناسم، ده‌زانم دواى یه‌كتر بینینى قاوه‌خانه‌كه‌، ڕه‌زا بیرۆكه‌ى كوشتى شه‌ماڵى بۆ دروست بوو، ده‌شبوو بیكوشتبا! له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ من ئێستا ترسى ئه‌وه‌م هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م چیرۆكه‌ ده‌نووسمه‌وه‌، دواتر بكوژرێم! چونكه‌ ئه‌وه‌ى من بیستوومه‌ ئه‌وانه‌ى له‌نێو سوپادا كارده‌كه‌ن، ئاگایان له‌هه‌موو شتێكه‌، ته‌نانه‌ت ده‌شزانن شه‌وان چ خه‌ونێكت بینیووه‌، ده‌ترسم منیش كه‌شف ببم و بمدۆزنه‌وه‌ و بزانن من بووم ئه‌م چیرۆكه‌م نووسیوه‌ته‌وه‌.
ڕه‌زا پێش ئه‌وه‌ى بیر له‌ كوشتنى شه‌ماڵ بكاته‌وه‌، وه‌ك دوو هاوڕێ له‌ قاوه‌خانه‌كه‌دا دانیشتبوون، باسى سه‌رده‌مى منداڵى و هه‌رزه‌كارى و لاوێتییان كردبوو. وه‌ك دوو هاوڕێ، كه‌ له‌مێژه‌ یه‌كتریان نه‌بینیوه‌…ده‌ڵێن سه‌رده‌مى زانكۆ، كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌یانخوێند، ڕۆژێك شه‌ماڵ له‌ ڕه‌زا ونبووه‌، تا ئه‌و رۆژه‌ى له‌ قاوه‌خانه‌كه‌دا یه‌كتریان بینیوه‌ته‌وه‌، یان باشتره‌ بڵێین ڕه‌زا شه‌ماڵى دۆزییه‌وه‌ته‌وه‌! كه‌مێك پێكه‌وه‌ گه‌ڕابوونه‌وه‌ نێو چیرۆكه‌كانى ڕابردوویان. هه‌ندێك كه‌س ئه‌و دووانه‌یان بینیوه‌ ده‌ڵێن پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ ونبوونى شه‌ماڵ هه‌ندێ كاغه‌زییان له‌به‌رده‌مدابووه‌ و شتیان نووسیوه‌، به‌ڵام بریا هه‌رگیز یه‌كتریان نه‌بینیبا! چونكه‌ ئه‌و یه‌كتر بینینه‌ بووه‌ هۆى كوشتنى شه‌ماڵ.
دیدارى ئه‌و رۆژه‌ى شه‌ماڵ و ڕه‌زا له‌ قاوه‌خانه‌كه‌دا، باسى زۆر شتیان كردبوو، گرنگترینیان نهێنییه‌كى ڕه‌زا بوو، كه‌بۆ شه‌ماڵى باسكردبوو، نهێنییه‌ك یان باشتره‌ بڵێین: باسكردنى ده‌ردێك، كه‌ ته‌نیا كه‌سه‌ بۆى باسكردووه‌. ئه‌و جارجار شه‌ماڵى لێ ده‌بێت به‌خۆى. ئه‌وه‌نده‌ متمانه‌ى پێیه‌تى، له‌مێژه‌ شتێكى گرنگى له‌ شه‌ماڵ شاردۆته‌وه‌، یان نه‌یشاردۆته‌وه‌. له‌ كاتى ونبوونى شه‌ماڵه‌وه‌ ڕه‌زا ده‌یه‌وێت شه‌ماڵ ببینێت و باسى ئه‌و نهێنییه‌ گرنگه‌ى خۆى بكات. باسى نهێنییه‌ك كه‌ ڕه‌زا به‌ده‌رد ناوى ده‌بات. دواتریش شه‌ماڵ باسى كارێكى شانۆیى خۆى بۆ كردبوو. كارێكى شانۆیى كه‌ بووه‌ هۆى ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى شه‌ماڵ، بووه‌ هۆى كوشتنى.. یان ڕه‌نگه‌ هۆكارێكى تر بووبێت.

2

ڕه‌زا چۆن شه‌ماڵى بینییه‌وه‌؟
كاتێك شه‌ماڵ و ڕه‌زا له‌ زانكۆ له‌به‌شى فیزیا ده‌خوێنن، به‌یانیان زوو وه‌ك پیشه‌ى هه‌میشه‌ییان پێش هه‌مووان ده‌چنه‌ زانكۆ، پێكه‌وه‌ كۆشش ده‌كه‌ن، پێكه‌وه‌ داده‌نیشن، پێكه‌وه‌ ده‌خوێنن، پێكه‌وه‌ وه‌ڵامى پرسیارى تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌، خۆشیان پێیان سه‌یره‌ كه‌ مامۆستاكان ڕێگه‌ده‌ده‌ن ئه‌و دووانه‌ پێكه‌وه‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كان بده‌نه‌وه‌، ته‌نیا خۆیان پێیان سه‌یره‌! هه‌رچه‌نده‌ له‌ پۆلى یه‌كه‌مى سه‌ره‌تاییه‌وه‌ هه‌ر پێكه‌وه‌بوون، هه‌ر پێكه‌وه‌ش هه‌موو شتێكیان كردووه‌، به‌جووته‌ خه‌ریكى شانۆ بوون، خه‌ریكى نووسینى ده‌قى شانۆ بوون. به‌ڵام له‌پڕ ڕۆژێك شه‌ماڵ ونده‌بێت، ڕه‌زا هه‌رچه‌ند ده‌گه‌ڕێت نایدۆزێته‌وه‌، نازانێت بۆ كوێ چووه‌، به‌ڵام گومانێكى هه‌یه‌، ئه‌و تا بینینه‌وه‌ شه‌ماڵ وایبرده‌كرده‌وه‌ كه‌ شه‌ماڵ ئیتر نایه‌وێت بخوێنێت، ئه‌و خوێندنى وه‌ك نه‌مانى پارچه‌كانى جه‌سته‌ى خۆى بینیوه‌، شه‌ماڵ ڕۆژ دواى ڕۆژ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌ خوێندن ئه‌وا ئیتر جه‌سته‌ى، خه‌یاڵه‌كانى، حه‌زه‌كانى بۆ شانۆ ونده‌بێت.
ڕه‌زا زه‌مه‌نێك به‌ته‌نیا ژیا، دواى شه‌ماڵ ئه‌ویش وازى له‌ زانكۆ هێنا، جارێكى تر په‌یوه‌ندى به‌ حزبه‌وه‌ كرد. ئیتر ده‌یزانى به‌بێ شه‌ماڵ خوێندنى بۆ ته‌واوناكرێت. هاوڕێكانى ترى بینیبوو هه‌ریه‌كه‌یان ببوونه‌ پله‌دار له‌نێو حزب و حكومه‌تدا، ئه‌میش ده‌یوسیت هه‌مان شت بێت، ده‌یوست ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت. پاسه‌وانى تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ئاسان بوو، چونكه‌ ڕۆژگارێك له‌ شاخ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى شۆڕش خه‌باتى كردووه‌، كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ناو حزب هه‌ر زووه‌ بووه‌ پله‌دار و به‌رپرس.
ڕه‌زا و شه‌ماڵ، كاتێك له‌ شاخیش بوون، خه‌ریكى شانۆ بوون، چه‌ندین تێكستى شانۆییان نووسى بوو. بۆیه‌ حه‌زى شانۆ شتێك بوو، له‌ خه‌یاڵى هه‌ردووكیاندا برووسكه‌ى ده‌دا. دواى ئه‌وه‌ى ڕه‌زا بووه‌ پله‌دارى سه‌ربازى، ئه‌وه‌ى له‌بیرى كرد شه‌ماڵ بوو. ئه‌وه‌ى تێیدا نه‌ما شانۆ بوو. ببوو به‌ پیاوێكى دڵڕه‌ق. پیاوێكى سه‌ربازى. پیاوێكى شه‌قوه‌شێنى حزب. پیاوكوژى حزب. ده‌ڵێن براى خۆى كوشتووه‌ بۆ حزب. براى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى له‌تله‌تكردووه‌.. به‌ڵام ته‌مه‌نێك له‌ ئازاردانى خه‌ڵك و شه‌قوه‌شاندن بۆ حزبه‌كه‌ى، له‌پڕ بیرى ئه‌وه‌ى ده‌كه‌وێته‌وه‌، شانۆییه‌ك بنووسێت! پیاوێكى سه‌ربازى دڵڕه‌ق ده‌یه‌وێت شانۆ بنووسێت! ڕه‌زا به‌یانییه‌ك به‌ پاسه‌وانه‌كانى ده‌ڵێت؛ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵم مه‌یه‌ن، قه‌ڵه‌م و هه‌ندێ كاغه‌ز هه‌ڵده‌گرێت و ده‌ڕواته‌ قاوه‌خانه‌یه‌ك، به‌ته‌نیا داده‌نیشێت، ده‌ستده‌كات به‌نووسینى ئه‌و شانۆییه‌ى خه‌یاڵیان به‌گیرهێناوه‌. ده‌نووسێت، ده‌نووسێت، ده‌نووسێت.. له‌وكاته‌دا شه‌ماڵ پاش ته‌مه‌نێك له‌ ونبوونى دێت و به‌رامبه‌ر ڕه‌زا داده‌نیشێت، سه‌یرى یه‌كتر ده‌كه‌ن، ته‌نیا كه‌مێك پێده‌كه‌نن و به‌ ساردییه‌كه‌وه‌ ته‌ماشاى یه‌كتر ده‌كه‌ن و شانۆییه‌كه‌ ده‌نووسن.

3

به‌شێك له‌ گفتوگۆى نێو قاوه‌خانه‌كه‌.
ڕه‌زا: شه‌ماڵ گیان، قسه‌یه‌كى تۆ كه‌ كاتى خۆى كردت، ژیانى منى گۆڕى، قسه‌یه‌ك كه‌ زۆركات بیرى لێده‌كه‌مه‌وه‌، دڵته‌نگ ده‌بم، پێده‌كه‌نم، فرمێسك پێشچاوم لێڵ ده‌كات. به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌و قسه‌یه‌، ده‌خۆمه‌وه‌، له‌ خۆم ده‌ده‌م، گولـله‌ به‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌نێم، دواجار له‌خۆم ده‌پرسم بۆ وامكرد؟
شه‌ماڵ: ئێ ڕه‌زا گیان، من و تۆ زۆر قسه‌مانكردووه‌، نازانم كامه‌یانت مه‌به‌سته‌، ڕه‌نگه‌ ته‌واوى گفتوگۆكانى خۆمان كۆبكه‌ینه‌وه‌ تاكۆتایى ته‌مه‌ن بۆمان كۆنه‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ قسه‌مانكردووه‌.
ڕه‌زا: ده‌زانم شه‌ماڵ گیان، به‌ڵام من تا ئێستاش نازانم بۆ ئه‌و به‌شه‌ى ژیانم هه‌ڵبژارد؟ تێناگه‌م بۆ فریوى شتێكم خوارد، كه‌خۆم نه‌مده‌زانى و هه‌ستم پێنه‌كردبوو، نه‌مده‌ویست وه‌هابم، نه‌ باوه‌ڕم وابوو ڕۆژێك وه‌ها بژییه‌م؟ نه‌ هه‌رگیز كه‌سانى وه‌هام خۆشویستووه‌، به‌ڵام تازه‌ وام لێهاتووه‌ و ته‌نیا تۆش ده‌زانى من كێم و له‌كام جۆره‌ مرۆڤانه‌م.
شه‌ماڵ: ئه‌ها ئێستا تێده‌گه‌م! ڕاسته‌كه‌یت، به‌ڵام خه‌م مه‌خۆ كۆمه‌ڵگە به‌ گشتى وایلێهاتووه‌، دونیا والێهاتووه‌، مرۆڤایه‌تى هه‌موو وه‌هان.. تۆ ئێستا ئیتر به‌ده‌ریت له‌و گوزارشته‌، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ى خواره‌وه‌ت ده‌بێت ئه‌وه‌بن، پاسه‌وانه‌كانت وه‌ك تۆن، ئه‌وجا تۆ..
ڕه‌زا: شه‌ماڵ.. شه‌ماڵ.. شه‌ماڵ.. به‌سیكه‌، من ده‌زانم مرۆڤایه‌تى والێهاتووه‌، ده‌زانم كۆمه‌ڵگا چى به‌سه‌رهاتووه‌، به‌ڵام من نه‌ده‌بوو واملێبێت، چونكه‌ هاوڕێى تۆبووم! هاوڕێى كه‌سێك بووم، كه‌ به‌رله‌هه‌موو كه‌س ده‌ركى به‌م ده‌رده‌ كرد، من خه‌م بۆ ئه‌وه‌ ده‌خۆم، كه‌ به‌ده‌ستى خۆم و ئاگایانه‌ وه‌كو ڕێبازێك هه‌ڵمبژارد.
شه‌ماڵ: به‌ڵام من هێشتا تووشى ئه‌و ده‌رده‌ نه‌بووم، هێشتا دژى ئه‌و مرۆڤانه‌م، ئه‌سڵه‌ن ئێستا خه‌ریكى شانۆییه‌كم به‌ جوانى باس له‌و ده‌رده‌ ده‌كات. ئه‌ى نازانى بۆ وازم له‌ زانكۆ هێنا، ته‌نیا هه‌ستمده‌كرد منیش خه‌ریكه‌ تووشى ئه‌و ده‌رده‌ ده‌بم! ئێستا خه‌ریكى شانۆییه‌كم نازانم بۆ یه‌كێك له‌ كاراكته‌ره‌كانى له‌تۆ ده‌چێت، من پێش ئه‌وه‌ى بشزانم تۆ به‌ ویستى خۆت، خۆت تووشى ئه‌و ده‌رده‌ كردووه‌، هاوكات ئه‌م كاراكته‌ره‌ى منیش به‌ویستى خۆى و ئاگایانه‌ ئه‌و ده‌رده‌ هه‌ڵده‌بژێرێت.
ڕه‌زا: ئۆهــــــ ده‌ى كۆتایى پێبهێنه‌، بابه‌ مێشكم تێكمه‌ده‌، من خۆم بێزارم له‌خۆم، بێزارم له‌وه‌ى بۆ وامكردووه‌، تۆش هێنده‌ى تر ئازارى ئه‌خلاقم ده‌ده‌یت، ئازارى ویژدانم ده‌ده‌یت، من زۆرجار ویستوومه‌ خۆم بكوژم، ویستوومه‌ خۆم له‌كۆڵ خۆم بكه‌وم، وا خه‌ریكه‌ تۆش ده‌كه‌ویته‌ سه‌ر كۆڵم.
شه‌ماڵ: باشه‌ ڕه‌زا گیان، ئه‌وه‌ چیته‌؟ وه‌ك منداڵ مه‌جووڵێره‌وه‌، ئه‌وه‌ خه‌ڵكى سه‌یرمان ده‌كه‌ن، هه‌سته‌ بابڕۆین.

4

گفتوگۆى شه‌ماڵ و ڕه‌زا له‌باره‌ى پیاوه‌ له‌شفرۆشه‌كانه‌وه‌
یه‌كه‌مین گفتوگۆى شه‌ماڵ و ڕه‌زا له‌باره‌ى پیاوه‌ له‌شفرۆشه‌كانه‌وه‌، كاتێك بوو له‌ زانكۆ ده‌یانخوێند. كاتێك كه‌ شه‌ماڵ هێشتا وننه‌بوو بوو، به‌یانییه‌كى زستان له‌ باخچه‌ى كۆلێژ، به‌ده‌م پیاسه‌كردنه‌وه‌، شه‌ماڵ باسى پاوه‌ له‌شفرۆشه‌كانى بۆكردبوو..
شه‌ماڵ: ڕه‌زا تۆ باوه‌ڕده‌كه‌یت، پیاوانیش له‌شفرۆشى ده‌كه‌ن؟
ڕه‌زا: هاهاها ئاده‌ى چۆن بابزانم..
شه‌ماڵ: من ڕۆژانه‌ هاوڕێى خۆمان ده‌بینم له‌شى خۆیان ده‌فرۆشن، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ وه‌ك له‌شفرۆشه‌كان به‌ بڕێك پاره‌ له‌شفرۆشى بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وان به‌ نیگایه‌ك وه‌ك نیگاى سه‌رتەختی شانۆ، به‌ پێكه‌نینێك، كه‌نه‌ده‌بوو پێبكه‌نن، به‌ تووڕه‌بوونێكى ساخته‌، به‌ ڕازیبوون به‌ دۆخگه‌لێك یان به‌ جۆره‌ ژیانێك كه‌ هیچ باوه‌ڕێكیان پێى نییه‌، كه‌چى به‌رده‌وامن له‌سه‌رى. ئه‌وان له‌شى خۆیان به‌زۆر شێوه‌ ده‌فرۆشن. من هه‌ركات بیریان لێده‌كه‌مه‌وه‌ سه‌رم ژان ده‌كات. جاران مرۆڤ كه‌ى وابوو، ئێمه‌ كه‌ى وه‌ها ژیاین؟ ئێمه‌، كه‌چووینه‌ شاخ و بووینه‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌ى بۆ ئه‌مه‌ ڕۆیشتین؟ من مرۆڤگه‌لێكى زۆر ده‌بینم، كه‌ ڕۆژانه‌ له‌م وڵاته‌ى من و تۆدا، به‌لاماندا تێده‌په‌ڕن و سه‌رده‌كه‌ون و ده‌بنه‌ سه‌ركرده‌، ده‌بنه‌ كاربه‌ده‌ست، ده‌بنه‌ هه‌مووشتێك. ئه‌وانه‌ زۆربه‌یان له‌شى خۆیان ده‌فرۆشن، تا ده‌گه‌نه‌ ئه‌و شوێنانه‌ى ئیتر له‌ش ده‌كڕن! تۆ شه‌هابت بیرماوه‌؟
ڕه‌زا به‌ تێڕامانه‌وه‌ سه‌یری شه‌ماڵ ده‌كات، به‌ووردى گوێى بۆ قسه‌كانى گرتووه‌، به‌سه‌ره‌له‌قێ پێده‌ڵێت؛ به‌ڵێ… باوه‌ڕده‌كه‌یت ئه‌و ئێستا هه‌مووشتێكه‌ له‌م وڵاته‌دا، پاره‌، خانوو، ماشین و ژن، هه‌رچى خۆى بییه‌وێت هه‌یه‌تى. ئه‌و ته‌نیا له‌شى خۆى فرۆشت بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و شتانه‌. شه‌هاب، به‌ده‌م هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌ پێده‌كه‌نى، مرۆڤێكى بچووك بوو، پڕبوو له‌ ڕق، پڕبوو له‌ لاوازى، بۆیه‌ ته‌نیا پێده‌كه‌نى و به‌ پێكه‌نیینه‌كه‌ى دڵى هه‌مووكه‌سى ڕازی ده‌كرد. كاتى خۆیشى له‌گه‌ڵ ڕژێم هه‌موو شتێكى ده‌كرد، ئێستاش له‌گه‌ڵ هه‌مووكه‌سێكى تردا ئه‌وه‌ ده‌كات. ئه‌و ئێستا هه‌موو شتێكه‌ به‌ڵام ئه‌و ئیتر لاى من، له‌شفرۆشێك زیاتر نییه‌، بۆیه‌ ده‌توانین به‌و كه‌سانه‌ بڵێین: پیاوه‌ له‌شفرۆشه‌كان…به‌ڵام ڕه‌زا گیان ئه‌وه‌ى زیاتر من نیگه‌ران ده‌كات، مرۆڤه‌ پاكه‌كانن، مرۆڤه‌ جوانه‌كانن، ئه‌و پیاوه‌ قاره‌مانانه‌ن، كه‌ هه‌موو ژیانیان فرۆشت له‌پێناو سه‌ربه‌زى و شۆڕش و خاك و بیروباوه‌ڕیاندا، كه‌چى ئێستا له‌شیان ده‌فرۆشن، هه‌یانه‌ خۆى بازاڕ بۆخۆى په‌یدا ده‌كات. هه‌یانه‌ چێژ له‌ له‌شكڕین وه‌رده‌گرێت! له‌شكرێت له‌شى كڕیوه‌ و تێرنابێت، فێریان ده‌كه‌ن چۆن له‌ش بكڕن.

5

شه‌وى كوشتنى شه‌ماڵ
ڕه‌زا خۆى و پاسه‌وانه‌كانى، دێن بۆ ماڵى شه‌ماڵ، شه‌وێكى سارده‌، نازانم بۆ زۆربه‌ى چیرۆكه‌كان، ڕووداوه‌ سه‌یره‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ شه‌وه‌ سارده‌كانه‌وه‌، به‌ڵام به‌ڕاستى شه‌وێكى سارده‌.. شه‌ماڵ دیسانه‌وه‌ به‌ تێكستى شانۆییه‌كه‌دا ده‌چێته‌وه‌، ده‌یخوێنێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت ئیشێكى جوان بێت، هه‌رخۆى له‌ماڵه‌وه‌یه‌، یان باشتره‌ بڵێن: ئه‌و هێشتا هه‌ر به‌ته‌نیا ده‌ژى. چیرۆكى ته‌نیاییه‌كه‌ى چیرۆكێكى دوورودرێژه‌.. پاسه‌وانه‌كانى له‌ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كه‌ى شه‌ماڵ وه‌ستاون. ڕه‌زا به‌جلى سه‌ربازییه‌وه‌ دێته‌ ژووره‌وه‌، سڵاو له‌ شه‌ماڵ ده‌كات، شه‌ماڵ ترس دایده‌گرێت، نازانێت چى بڵێت.. ته‌نیا به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌ڵێت: ڕه‌زا!
ڕه‌زا به‌پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێت: بیرم له‌قسه‌كانى قاوه‌خانه‌كه‌ كرده‌وه‌، پێمخۆشبوو بێم بۆ لات، به‌ڵام هاتووم داوایه‌كت لێبكه‌م، سه‌رت سوڕنه‌مێنێت و بڵێى داوا؟ به‌ڵێ داوایه‌كم لێت هه‌یه‌.. شه‌ماڵ كاغه‌زه‌كانى هێشتا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و به‌ ڕه‌زا ده‌ڵێ: تۆ جارێ دانیشه‌ و دواتر داواكه‌شت بڵێ بزانم ده‌توانم بۆت بكه‌م.
ڕه‌زا به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌ڵێت: تۆ ده‌توانی خۆت بكوژیت؟
شه‌ماڵ: خۆكوشتنى چى؟ بۆ خۆم بكوژم؟!
ڕه‌زا: ئێستا تۆ ده‌توانى خۆت بكوژیت له‌به‌ر من؟
شه‌ماڵ: نه‌خێر، نه‌خێر، ئاخر بۆ خۆم بكوژم؟
ڕه‌زا: به‌داخه‌وه‌ وامزانى ده‌توانى خۆت بكوژیت، وامزانى ده‌توانى خۆت به‌خت بكه‌یت بۆمن، به‌ڵام قه‌ینا من خۆم ده‌تكوژم، من خۆم له‌ناوت ده‌به‌م و خۆم ڕزگار ده‌كه‌م له‌ مێشكم، خۆم ڕزگارده‌كه‌م له‌ تۆ، له‌ ڕابوردووم، له‌وه‌ى، كه‌ هه‌موو ڕۆژێك خۆمم وه‌ك له‌شفرۆشێك بێته‌ پێشچاو.
شه‌ماڵ: جارێ تۆ له‌ ئێستادا ئیتر له‌شفرۆش نیت، به‌ڵكو له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ش ده‌كڕن، له‌و به‌شه‌رانه‌ى هه‌موو سامانه‌كه‌ت ده‌به‌خشێت له‌شێكى تر بكڕیت… ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت له‌شى هه‌موو مرۆڤایه‌تى بكڕن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن به‌هاى له‌شى خۆتان به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌، بۆیه‌ بووه‌سته‌، واز له‌و بیرۆكه‌ خراپانه‌ت بهێنه‌..
ڕه‌زا: بێده‌نگبه‌ كوڕى سه‌گ! تۆ كوڕى سه‌گیت سه‌گ، من نه‌مده‌زانى له‌شفرۆشى چییه‌، نه‌مده‌زانى ڕێگاكانى له‌شفرۆشى چین، نه‌مده‌زانى ئه‌وانه‌ى به‌لاماندا تێده‌په‌ڕن و ده‌بنه‌ خودایه‌كى بچكۆله‌ له‌شفرۆشن، تۆ بۆت شیكردمه‌وه‌، تۆ ناڕاسته‌وخۆ هانتدام ببمه‌ له‌شفرۆش، من ڕقم له‌خۆمه‌، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى ڕقم له‌خۆم بێت، ڕقم له‌تۆیه‌، تۆ بۆ خۆت ونكرد؟ من حه‌زده‌كه‌م خۆم بكوژم، چونكه‌ ده‌زانم مرۆڤێكى ناشیرینم، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى حه‌زبكه‌م خۆم بكوژم، حه‌زده‌كه‌م تۆ بكوژم، چونكه‌ تۆ ناشیرینیت نیشاندام، تۆ دنیایه‌ك نابووتیت نیشاندام و خۆت ونكرد! شه‌ماڵ تۆ نه‌تده‌زانى مرۆڤگه‌لێكى وه‌ك من هه‌یه‌، كه‌ ناكرێت ناشیرینى ببینن، له‌گه‌ڵ بینینى نابووتییه‌كاندا زمانیان لیك ده‌كات، وه‌ك سه‌گه‌هاره‌كان حه‌زده‌كه‌ن گازبگرن و له‌نێو نابووتییه‌كاندا بتلێنه‌وه‌، تۆ له‌من تاوانبارتریت، تۆ به‌هه‌موو كه‌س ده‌لێى له‌شفرش، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ى بزانیت ئێستا هه‌موو مرۆڤایه‌تى له‌شفرۆشى ده‌كات، ئێستا زه‌وى بۆته‌ له‌شفرشخانه‌، تۆش له‌شفرشیت..
شه‌ماڵ: من؟ جا بۆمن له‌شفرۆ…
ڕه‌زا، ده‌مانچه‌كه‌ى ده‌رده‌هێنێت و به‌هاواره‌كه‌ى ناهێڵێت شه‌ماڵ قسه‌كه‌ى ته‌واوبكات.. هاوارده‌كات بێده‌نگبه‌ كوڕى سه‌گ.. گه‌ر ئێمه‌ له‌شفرش بین، تۆ كوڕى سه‌گیت، شانۆیى له‌باره‌ى منه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌یته‌وه‌؟ له‌ قاوه‌خانه‌كه‌ تۆ شانۆییت له‌باره‌ى منه‌وه‌ ده‌نووسى، من ده‌تكوژم ئه‌وجا جه‌سته‌ت له‌تله‌ت ده‌كه‌م.
شه‌ماڵ: ده‌ى بمكوژه‌، تۆ له‌م پارچه‌ كاغه‌زانه‌ ده‌ترسیت؟ له‌سه‌ر پارچه‌ نووسینێك ده‌مكوژیت..
دیسان ناهێڵت قسه‌كانى ته‌واوبكات و هاوارده‌كاته‌وه‌ ده‌ڵێت: من له‌سه‌ر شانۆ و مانۆ تۆ ناكوژم، من ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ تۆ ده‌كوژم، كه‌ تاكه‌ كه‌سى ده‌زانیت منیش له‌شفرشیم كردووه‌ تا گه‌یشتووم به‌ ئێستام. تۆ تاكه‌ كه‌سى كه‌ ده‌زانى من خۆم به‌ده‌ستى خۆم له‌شفرشیم هه‌ڵبژارد، من له‌و مرۆڤانه‌م عاشقى ناشرینى و نابووتییه‌كان بووم، به‌ڵام كێ ئه‌وه‌ ده‌زانێت جگه‌ له‌تۆ؟ ته‌نیا تۆ ده‌زانیت كه‌ من ته‌واوى جه‌سته‌ى خۆمم برده‌ به‌رده‌م به‌رپرسه‌كان و پێمفرشتن. به‌ ده‌سته‌كانم گولـله‌م ده‌نا به‌ كه‌سانێكه‌وه‌ كه‌ خۆم نه‌مده‌ویست پێیانه‌وه‌ بنێم، جۆره‌ها قسه‌م ده‌كرد، كه‌ خۆم نه‌مده‌ویست بیانكه‌م، شه‌قم له‌ كه‌سانێك داوه‌، كه‌ هه‌رگیز نه‌مویستوه‌ شه‌ق بوه‌شێنم، من مرۆڤم لاقه‌كردووه‌، به‌ڵام كه‌ى خۆم ویستوومه‌؟! به‌هۆى ئه‌وه‌ى  من جه‌سته‌ى خۆمم فرشتووه‌ ناتوانم به‌ دڵى خۆم به‌ بیروباوه‌ڕى خۆم بجووڵێمه‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه‌یه‌ ده‌مه‌وێت تۆ بكوژم، ده‌مه‌وێت ڕزگارمبێت له‌تۆ، ڕزگارم بێت له‌خۆم!

6

ڕه‌زا ئه‌مه‌ى وت و فیشه‌كێكى نا به‌سه‌رییه‌وه‌، شه‌ماڵ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وى.

7

به‌ده‌نگى فیشه‌كه‌كه‌دا، پاسه‌وانه‌كان هاتنه‌ ژووره‌وه‌، بینیان خۆی كوشتووه‌، جله‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌به‌ردایه‌ و هێشتا كاغه‌زه‌كانى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

 

تەواو

You might also like More from author

Comments are closed.

error: Content is protected !!