موجاهید بلیچی - نوسەر
موجاهید بلیچی - نوسەر

چۆن چەپی جیھانی بەربەست بۆ ڕزگاریخوازی کوردی ساز دەکات؟ وەڵامێک بۆ سڵاڤۆ ژیژاک


وەرگێڕانی هزری

Loading

چۆن چەپی جیھانی بەربەست بۆ ڕزگاریخوازی کوردی ساز دەکات؟

وەڵامێک بۆ سڵاڤۆ ژیژاک

نووسەر: موجاھید بیلیچی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە*؛  حیسامەدین ( ھیوا) خاکپوور

 

 

 

تێبینی وەرگێڕ

پرسیارێ کە ھەر مرۆڤێکی خۆھۆشیار بە تایبەت ھۆشیار بە دۆخی نەتەوەکەی، دەتوانێت بیپرسێت ئەوەیە: بۆچی دەبێت مرۆڤ لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی، یاخود لەبەر ئایدیۆلۆژیا بەناو گەردوونی و جیھانداگرییەکان دەست ھەڵبگرێت لە نەتەوەکەی و ببێتە کرێکاریی بێ ئەملاوئەولای ئایدیۆلۆژیگەلێ وەکوو؛ مارکسیزم و یان ئیسلامیزم و یان فیمنیزم و…هتد؟!

بە گوزارشێکی  دیکە چ بەڵگاندێکی فەلسەفی و ئەخلاقی لە پشتدایە کە کورد بە جێگەی ئەوەی تێبکۆشێت، ھەر وەکوو دیکەی نەتەوەکان، بە پێیی واقیعی سەردەمی مۆدێرن لە ھەوڵی ڕزگاری خۆیدا بێت، ھەوڵی خۆی بۆ بیرۆکە جیھانباوەڕییەکان دەخاتە گەڕ کە لە عەینی تەواوی سوودەکانی ئەو بیرۆکانە، ئەزموونیش سەلماندوویەتی زیاترین خەسار و قەیرانی بۆ کورد لێکەوتووتەوە.

مرۆڤی کورد، بە گشتی و بە تایبەتی لە درێژایی ئەم سەد ساڵەی ڕابوردوودا؛ زیاتر لەوەی ھەوڵ بۆ ڕزگاری خۆی بدات و زەمینی واقیعی خۆی ڕەچاو بکات؛ گرفتاری زیندانی تیۆری و تێگەی ئەو بیرۆکانە بووە کە ھیچ کات نەیانتوانیوە ئایدیال تایپی جیھانی مۆدێرن واتە پاڕادایمی ناسیۆنالیزم تێپەڕێنن.

لێرەدایە ئەندێشەی چەپیش کە لە لایەن ھەندێک ڕۆشنبیر و حیزب و دەستەجاتی کوردییە وەرگیراوە، بە جێگەی ئەوەی بە شێوەی ڕەخنەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت تا ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ ژیانێکی ئازادانە و یەکسانیخوازنە و  ڕێکوپێکتر بۆ مرۆڤی کورد، کوردی کردووتە ” قۆچی قۆربانی“ دیمۆکراتیزەکردنی ئەم و ئەو. بە وشەیەکی دیکە؛ بە جێگەی ئەوەی کورد ئەو ئەندێشانە بەھی خۆ بکات و لە خۆی بگرێت و لەگەڵ واقیعی خۆی بیگونجێنێت، زۆر بە سادەیی خۆی کردووتە قوربانی ئەو ئەندێشانە.

لەکاتێکدا نە ئیسلامیزم ( ھەر وەکوو جەمال نەبەز لە کتێبی ”کوردانی سەرگەردان و برا موسوڵمانەکانیان“ دەڵێت: کورد خزمەتی زۆری بە ئیسلام کردووە بەڵام موسوڵمانان و بزاڤی ئیسلامی تەنانەت مافی چارەی خۆنووسین لە کورد زەوت دەکەن) و نە مارکسیزم ( وەکوو نووسەر لەم وتارەدا دەیڵێت کە چەپی جیھانی ھیچ بەرپرسیاریەتێک لە ھەمبەر دۆخی کورد وە ئەستۆ ناگرێت و لە ئاکامدا دەبنە ڕێگری ڕزگاریخوازی کوردی) و نە دیکەی بیرۆکەکان، نەیانتوانیوە گرێیەک لە گرێ کوێرەکانی مرۆڤی کورد بکەنەوە.

 فەرموون لەگەڵ دەقی گوتارەکە: 

 

چۆن چەپی جیھانی بەربەست بۆ ڕزگاریخوازی کوردی ساز دەکات؟ وەڵامێک بۆ سڵاڤۆ ژیژاک

موجاھید بیلیچی

 

تورکیا کە دانیشتووانی کوردی خۆی خستۆتە ژێر گوشاری ژیانێکی نایەکسانی و سەرکوتی سیاسییەوە (و بە دڵنیاییەوە ئەمە لە ڕژێمی پاوانخوازی ئەردۆغانەوە دەستی پێنەکردووە)، بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنی، هێرشێکی سنووربەزێنی بۆ سەر باکووری سوریا دەستپێکردووە. بەھەرجۆر، ئامانجی کۆتایی سڕینەوە و ڕووخاندنیی سەروەریی سیاسیی کوردانە. وێدەچێت تورکیا سوێندی خواردبێت لەگەڵ ھەر جۆرە خۆسەریییەکی کوردی لە ھەر شوێندکدا نەساچێنێت و دژایەتی لەگەڵ بکات. لەگەڵ بڕیاری ترامپ بۆ وازهێنان لە کورد، خەونی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی بێدەوڵەت لە ژێر پاراستنی دەوڵەتێک (ئەمریکا) یەکسەر داڕما.

لە دوای هێرشەکەوە شەپۆلێک لە پشتگیری لەلایەن کەسانی خاوەن ویژدان لە سەرانسەری جیهاندا ھاتە ئاراوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە لایەنی چەپەوەن و هەست بە هاودەنگی دەکەن لەگەڵ گەلێکی زۆر لەمێژە چەوساوەی وەکوو کورد. لە کاتێکدا کورد شایەنی ئەو هەموو هاوسۆزییە کە لەگەڵی دەکرێت، بەڵام زۆرجار میحنەت و دۆخی نالەباری بە زمانێک دەربڕاوە و دەردەبڕدرێت کە بە تەواوی هەقیقەت و ڕاستی نییە: واتە زمانی ژینۆسایدە.

بۆچی بەرگری لە کورد- کە بە تەواوەتی شایستەی بەرگرین- پێویستی بە خیانەت لە هەقیقەتە؟ و بۆچی تێگەیشتنی ڕۆشنبیران لە دۆخی کورد لە چوارچێوەی فانتازیای ئارەزووئەندێشانەدا دەمێنێتەوە؟ بۆ نموونە یادداشتی ئەم دواییەی `سلاڤۆ ژیژاک` لە ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت لە پێش چاو بگرن:

«چەپەکانی ئەوروپا لەسەر ئەوەی کورد پشتی بە ئەمریکا بەستووە، ڕەتیدەکەنەوە. ئەوە تەنها خیانەتێکی قێزەونی دیکەیە». وەک دەربڕینی هاوسۆزی، مرۆڤ تەنیا دەتوانێت سوپاسگوزاری نووسەر بێت بۆ ئاماژەکەی، بەڵام وەک پارچە ئەندێشەیەک، نموونەیەکە لە سادەلەوحیی ڕووکەش.

 

ژیژێک بە باس لەو وێنەیە “سەرەتاییە”ی کورد دەست پێدەکات کە تا ئەم دواییانە لە خەیاڵی ئەورووپیدا لە سووڕانەوەدا بووە و دواتر بە خۆشحاڵییەوە سەری سوڕدەمێنێت لەو وێنە ھەرە پێشکەوتنخوازەی کە ئەمڕۆکە  بە کوردەوە گرێدراوە. بەڵام ڕاناوەستێ کە بپرسێت چۆن دەکرا گواستنەوەیەکی ڕادیکاڵی لەو شێوەیە ڕووبدات. ئایا بەڕاستی ڕوویداوە؟ ئایا کورتەڕێگای کوردی بۆ داهاتوو لە ئارادا ھەیە؟ ئایا بەڕاستی کورد سەرمایەداری و دەوڵەتی نەتەوەیی تێپەڕاند و ڕاستەوخۆ گەیشتە سەرزەوینی خەیاڵی پاش ­سەرمایەداری؟ چی دەبوو ئەگەر هەمووی خەونێک بوایە- خەونێکی چەپ کە کوردەکانی تێدا لە ژێر دەسەڵاتی سەربازیدا ڕێپێوانیان کردووە؟

چەپی جیهانی ڕێک بەهەمان شت تاوانبارە کە زلهێزەکان لەمێژە وەک یارییەک لە ئەجێندای ستراتیژی خۆیاندا مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردووە. ئەوان دەیانەوێت وا کوردەکان ببینن کە هەموو خەیاڵەکانی کۆمەڵگەیەکی یۆتۆپیایی بەجێدێنن و هیچ لەوە  بیر ناکەنەوە ئایا ئەوە لە بەرژەوەندیی ڕاستەقینە و کردەیی کورددا ھەیە یان نا. نابوودی ئەزموونی پاشنەتەوەیی کورد لە سوریادا، زیاترین تێچوویەک کە بۆ پێشکەوتنخوازانی ئەورووپی ھەیبوو، ھەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبردنی کونفرانسێک لە تورکیادا بوو!( وەک لە نموونەی دەیڤید ھارڤەیدا بیندرا) و دەرفەتی پێدان چەن سووکایەتی و ئیھانەتێک بە تورکیا بکەن و لە ھەمانکاتدا ستایشێکی کوردە بوێر و بەشمەینەتەکانیش بەجێبێنن!. بەڵام تێچووەکەی بۆ کورد، جارێکی دیکە لەم سەدەیەدا تیرێکی کوشەندە بوو لە سەربەخۆیی کوردستان.

مارکسیزم و فۆرمەکانی ئەندێشەی بانزەوینی و ترانسێندەنسی پەیوەندیدار بەوەوە، لەنێویاندا کۆمۆنالیزمی ئیکۆلۆژی مۆرای بووکچین، بوونەتە میتافیزیکێک بۆ سیاسەتی کوردی و ھاوکات میتافیزیکێکی زیانبەخش. ئەم تیۆریانە کە بە شێوەیەکی دۆگماتیکی لە لایەن سەرکردە(ەکان)ی بزووتنەوەی کورد پەیڕەو دەکرێن، دەبنە ڕێگر لە بیرکردنەوەی ڕوون و بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندی کورد. لە سایەی مەیلی ئایدیۆلۆژیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە، کورد بووەتە ئەسیری هۆشیارییەکی ناڕاست و درۆیین.

بۆچی دەبێت لە نێو هەموو مرۆڤەکاندا کوردە هەژار و لێقەوماوەکان،  بارگرانی ئەو شتە بە کۆڵ بکێشن کە  ژیژاک پێیدەڵێت: ”میراتی ئەورووپی ڕزگاری“؟. چۆنە دەکرێت کورد، لەو بارودۆخە لەرزۆک و نالەبار و ڕۆحپڕووکێنەیدا کە بێبەشترینی هەموو گەلانی ناوچەکەیە( بە گوزارشی ژیژاک”سەرچەشنی قوربانی بوون“)- ”تەنیا ڕۆچنەی هیوا“ بێت؟ ئایا لێرەدا شتێکی نائاسایی لە کاردا نییە؟ کاتێک ژیژاک بانگەشەی ئەوە دەکات کە «کورد تاکە فریشتەیە لەو بەشەی جیهاندا»، سەرزەنشتەکەی بۆ ترامپ، وەک ژێستێک لە هاودەنگی و ھاوسۆزی لەگەڵ کورد، بەهایەکی کەم و سنوورداری هەیە، چونکە هاوکات پشتگیرییەکی مەترسیدار لە خۆوەھماندن و خۆفریویی ئایدیۆلۆژیکی کورد دەکات . ئایا لە نیگارکێشانی قوربانییەکان وەک فریشتە، ئێمە لە مرۆڤایەتی بێبەشیان ناکەین؟

شۆڕشی ڕۆژاڤا لە مێشکی پێشکەوتنخوازان و فیلمە خۆبەرزێنەرەکانی بێرنارد هێنری لیڤیدا زیاتر ڕاستە تا لەسەر عەرزی واقیعدا. وە بەدڵنیاییەوە کورد ئەگەر هان نەدرابا بۆ ئەوەی ببنە فریشتە لەخزمەتی مرۆڤایەتیدا، لەڕووی یەکسانی و توانای بەرگریکردن لەخۆی باشتر دەبوو. بەداخەوە کورد وەک ”سەرچەشنێکی قوربانی“ بووەتە فریشتەی فیداکاری لەسەر قوربانگای چەپی جیهانی. گەلێک کە ھێزی کار و ژیانی نەک تەنها لەلایەن زلهێزە ”ئیمپریالیستەکانەوە“ وەک بریکارانی شەڕ، بەڵکوو وەک بەرازی گینیایی لە تاقیگە ئایدۆلۆژییەکانی چەپی ڕۆژئاڤایی بە تەواوی دەچەوسێنرێتەوە. ئەوەی پێی دەوترێت ئەزموون و تاقیکاری کوردی لە باشترین حاڵەتدا ئاماژەیەکی بازاڕگەرییە و لە خراپترین حاڵەتدا چەوساندنەوەی ڕاشکاوانەی گەلێکی خۆجێیی و لۆکاڵە لەلایەن یۆتۆپیاخوازی پۆستمۆدێرنەوە. نابێت ماجەراجوویی ڕۆشنبیران ھانی شتێک بات کە تووشیاری خەسارەکانی ئیستێعمار بێت. ھیچ کەس زەحمەتی ئەوە بە خۆی نادات کە بە کوردەکان بڵێت؛ ئەو فانتازیا بریقەدارانەی کە خۆراکی دانیشتوانی بێرلینگتۆنی و ڤێرمۆنت دابین دەکەن، ئەوەندە بە باشی لەگەڵ قامیشلۆی ڕۆژئاڤا ناگونجێت.

ئەو تاوانبارییەی کە تەماشاگەرانی چەپی جیهانیی بە نیسبەتی ئەزموونی کورد لە ئەستۆیاندایە، بریتییە لە شکستیان لە ڕەخنەگرتن و دەستوەردان لە (یان تەنانەت دانپێدانانی) ئەو هۆشیارییە درۆینەیەی کە لە ڕووی فیکرییەوە سەرکردایەتیی بێهەڵوێستی کورد پێیەوە دەناڵێنێت. لە کاتێکدا کە حەماسەت و شەوقێکی ناڕەخنەیی بۆ ئەزموونی کورد لە باکووری سووریا خزمەت بە بەرژەوەندیی فیکری و چینایەتیی ئارەزومەندانی دووری خۆی دەکات، بەڵام وایکردووە کە کورد تێگەیشتنێکی درووستی لە واقیعی خۆی نەبێت.

ژیژاک و چۆمسکی و ھارڤێی ھاوسۆزیی و ھاودڵیی نیازپاکانەی رووتن،  کە ھاوڕایە لەگەڵ پشتیوانی نائاگایانە و ڕووکەش لە کورد. دەبێت ئەمانە بەپرسیاریەتیی ئەو شکستەس لە ئەستۆ بگرن کە چۆن میتافیزیکی مارکسیستی ڕێگری لە خواستی ڕزگاریخوازی کورد دەکات. ئەوان وەکوو چەپی ئەورووپی-ئەمریکی بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆیان لە ئەستۆدایە لە ڕێگەدان بە دروستبوونی ئەو ”بڵقی تیۆرییە“ کە کڕیاڕە ڕۆشنبیرە کوردەکانیان لە دەوری خۆیان سازیان کردووە. لێرەوە خۆنەویستی کورد زیانی بۆ کورد هەیە و هیچ سوودێکی بۆ مرۆڤایەتی نییە.

 

 

سەرچاوەی گوتارەکە بە زمانی ئینگلیزی

 

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌