فەلسەفەی جەستە

نوسەر و شاعیر
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
بێگومان زمان سرووشتێکی تەمومژاوی ھەیە. لەمیانی لایەنە نادیارەکەی زمانیشدا ڕەگەزدۆزی بەرجەستە دەبێت، لێرەوەیە زمان گەمە دەکات و ئێمە گەمە بە زمان دەکەین. بەمانایەکی دیکە زمان گەمەکەری تێدایە وەک چۆن چەندین ڕێسا و یاسای تایبەت بەخۆی ھەیە، کە ھەندێکیان لەگەڵ یەکتر جیاواز و نێودژ دەکەونەوە. لەسەر ئەو بنەمایە دەمەوێ بڵێم ھەر لە چاخی ناوەڕاستەوە بۆچوونی نێر و نێرسالاری دەڵێ: ئافرەتان لەپاش پیاوانەوە دێن، چونکە وشەی (Female- مۆنپ) لە وشەی (Male- مژکر) وەرگیراوە.. یان چونکە لە وشەی لاتینی (Femina) ھەڵھێنجراوە، واتای وشەی (Femina)ەش بە (ادنی ایمانا) دێت.
ئەو دوالیزمییە ھەر تەنھا لە زماندا بەرجەستە نییە، ھەڵبەتە مەبەستم وڕوژانی پرسیاری زمان پێش بیرکردنەوە دەکەوێ یان بیرکردنەوە پێش زمان دەکەوێ نییە. بەڵکو بەگشتی مەبەستم وروژاندنی دوالیزمەکانە، واتە جگە لەو دابەشکردنە (نێر/مێ) دەبینین فیکری یۆنان و فیکری سەدەکانی ناوەڕاست و ئایینەکانیش، جەستەی مرۆڤیان دابەشی دوو بەش کردووە؛ جەستە و ڕۆح… یەکەمیان ھەڵگری لەناوچوون و دووەمیان نەمرییە. بێگومان وەک دەردەکەوێ ئەو تێڕوانینە بۆ جەستە لە ئاستێکی نزمی بیرکردنەوەدا خۆی دەبینێتەوە، بە بەراورد بە تێڕوانینی ئەمڕۆ بۆ جەستە. وەک چۆن ئەگەر ئەمڕۆ سەیری (Womina- امراە) بکەین، دەبینین لە دەستەواژەی (Woe toman- الویل للرجل) ھەڵێنجراوە. وەک چۆن ئەمڕۆ چەمکی جەستە وەک چەمکێکی سێنتراڵی سەیر دەکرێت، لەو بارەشەوە بزاڤی ئافرەتان ڕۆڵی سەرەکییان لە بڵاوکردنەوەی ئاگایی لەبارەی تێگەیشتنی جەستەدا گێڕاوە. بەمجۆرە ئەگەر دوێنێ گوتاری فیکری بۆ تەماشاکردنی جەستە کەوتبێتە نێو سیستمی ئەخلاقییەوە، ئەوە ئەمڕۆ قسە لەوە دەکرێت کە جەستە وەک شتێکی ماددی لە بنەڕەتدا لە ھەموو بەھا ئەخلاقییەکانەوە دوورە، نە پیرۆزە و نە پیس، بەڵکو ئەوە بەھای ئەخلاقییە خۆی بە جەستەوە ھەڵواسیووە، بێگومان ئەوەش بۆ سرووشتی کۆمەڵگە و رۆشنبیریی نێرایەتی باو دەگەڕێتەوە.
کەواتە جەستە ئەو زیندانە نییە وەک فەلسەفەی کلاسیکی تێیگەیشتووە، ھەر تەنھا سەرقاڵی ئارەزووەکان و شەھوەتەکان بێت، ئەوە جەستە نییە مرۆڤ دەخاتە ئاستی ئاژەڵ و بەھا مرۆییەکان دەخاتە لەرزەوە، ئەو بۆچوونە سلبییە بۆ جەستە وەک چۆن مرۆڤایەتی مرۆڤ وندەکات، بەدیوەکەی دیکەش لە مانای هەقیقی ژیان دوورمان دەخاتەوە. جەستە بۆخۆی بە ھەموو دەرکەوتە و رووخسارییەوە تەعبیر لە ژیان دەکات. ئەو زەویەیە کە بە ژیانەوە پەیوەستمان دەکات، زەوی یەکەمە کە دەبێ لەوێوە پێشوازی لە ژیان بکەین و لەوێوە مامەڵەمان لەگەڵ ژیان رێکبخەینەوە. جەستە ئەو یەکەمەیە کە پەیوەستبوونمان بە ژیان رادەگەیەنێت، ئەو پردەیە کە رابردوو و ئێستا و داھاتوومان بەیەکەوە دەلکێنێ، جەستە شیاوێکی بێ کۆتاییە، بۆیە ھەمیشە لە بزاڤی بەردەوامدایە، ھەمیشە بەدوای ئاسۆ نەبینراوەکانەوەیە.
جەستە و دەروون
ئەگەر وای دابنێین کە جەستە ھەر تەنھا بابەت بێ لەو شوێنەدا کە دەتوانین بیبینین و دەستی لێبدەین و بە میتۆدی زانستییەوە دراسەی بکەین، ئەوە لە دیدی فینۆمینۆلۆژیدا ناتوانین لە پەیوەندی نێوان جەستە و دەروون تێبگەین، چونکە ئەو جەستەیەی کە بابەتە جەستەی من نییە، بەڵکو جەستەی ئەویدیکەیە وەک دەیبینین، یان ئەو لەشە خاوەیە کە لە ژووری توێکاری پزیشکی داوای توێکاری کراوە. بەڵام جەستەی تایبەتی من وەک (مۆریس میرلۆپۆنتی ١٩٠٨-١٩٦١) دەڵێت: دەرک ناکرێت، وەک چۆن بابەتە دەرەکییەکان دەرک دەکرێن، بەڵکو من دەژیم ئێستا لە ناوەوەدا زیندووم.
(رینیە دیکارت Rene Descartes،١٥٨٦-١٦٥٠) جیاوازی لەنێوان جەستە و دەروون دادەنێ، ھەریەک بە سەربەخۆ لە ئەویدیکە تەماشا دەکات، ھەر یەکێکیشیان جەوھەری خۆی ھەیە کە لە ئەویدیکە جیا دەبێتەوە. دەروون جەوھەری سەربەخۆی خۆی ھەیە و ماھیەتەکەشی بیرکردنەوەیە. جەستەش جەوھەری تایبەت بەخۆی ھەیە و ماھیەتەکەشی درێژبوونەوەیە. بۆ ئەو جیاکردنەوەیەش سێ بەڵگە دەخاتە روو: بەڵگەی یەکەم، بەڵگەی ھەنوکەییە، لە ھێنانی ئەو بەڵگەیە دیکارت دەیەوێ بڵێ مرۆڤ دەشێ لە ھەموو ئەو شتانەی دەوری داوە ھەتا ئەو جەستەیەی کە تێیدا نیشتەجێیە خۆی رووت بکاتەوە و تەنھا لەڕێگەی دەروونەوە بڵێ ھەم، چونکە ئەو رووتکردنەوەیە بوونی ئێمە رەتناکاتەوە، کەواتە بوونی ئێمە لە دەروونەوەیە نەک جەستەی ماددییەوە. بەڵام ئەو جەستەیەی کە خۆمان لێداماڵی ناتوانێ دەروون رەتبکاتەوە، چونکە دەروون (جەوھەری) بوونە، ئەوەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی جەوھەری دەروون لە جەستە جیا بکەینەوە. بەڵگەی دووەم: بەڵگەی یەکتایی دەروونە، واتە دەروون قابیلی دابەشبوون نییە، دەروون بە یەکتا دەژمێردرێت و دابەش نابێ، ناتوانین دەروون بەش بەش بکەین، ئەگەرچی دەروون ھەندێ شتی دەوێ وەک من دەمەوێ بگریم، من دەمەوێ بخەوم/ من دەمەوێ پێبکەنم… ھتد لە ویستە کردە شێوە جیاوازەکان، بەڵام ھەموو ئەو ویستە کردە شێوە جیاوازانە لە ناوەڕۆکدا یەکن و بۆ تاکە دەروونێک دەگەڕێنەوە، خودی دەروون بە ھەموو ئەو ویست و کردە جیاوازانە ھەڵدەسێ، ئەوەش ھەرگیز دابەشبوون نییە، بەڵکو ئەوە تاکێتی دەروون دەسەلمێنێ و تەواو پێچەوانەی جەستە دەکەوێـتەوە، چونکە جەستە دابەش دەبێ بۆ ھەردوو دەست ھەردوو قاچ، سەر و سک و…. ھتد، ناشێ ھەردوو دەست سەر بە ھەردوو قاچەکان بن، وەک چۆن ناشێ سک بە ھەردوو دەستەوە پەیوەست بێت، بەمجۆرە پەیوەستبوون بە بەشەکان جیاوازە و ناشێ بۆ یەک رەگەزییان بگەڕٍێنینەوە، ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە جیاوازییەکانی نێوان جەستە و دەروون. بەڵگەی سێیەم: دەروون دەرک بە زانیارییە سادەکان دەکات، لێرە دیکارت مەسەلەی فەنابوون (مردن) و (نەمری) دوای مەرگ بەرجەستە دەکات، جەستە دوای مردن قابیلی لەناوچوونە، بە پێچەوانەی دەروون کە بە نەمری دەمێنێتەوە، ئەگەرچی بەڵگەی ئەو مانەوەیەش نە لە پسپۆری ئەودایە و نە لە پسپۆری فەلسەفەدایە، بەڵکو شتێکە دەکەوێتە سەرووی عەقڵی بەشەرییەوە و ھیچ بەڵگەیەکی زانستی بەدەستەوە نییە، پەنا بردنە بەر ئەو مەسەلەیە لە تایبەتمەندییەکانی لاھوتە نەک فەلسەفە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەسەلەی مردن و نەمری لای دیکارت بە یەکێک لە جیاوازییەکانی جەستە و دەروون دەژمێردرێت. کەواتە ئەوەی دیکارت پێیدەڵێ فیکری رووت یان سەربەخۆ ئەوەیە کە دەکەوێتە نێو دەروونەوە، بەرانبەر ئەوەش جەستە دیار و لەبەرچاوە و دەشێ بکەوێتە ژێر کاریگەری سرووشت و دەوروبەر، جەستە دەوروبەر ئابڵوقەی داوە، جەستە پێویستی بە راڤەکردن و لێکدانەوە نییە، چونکە دیارە و نادیار نییە، بە پێچەوانەی دەروون کە نادیار و تەمومژاوییە. بەیەکگەیشتنی نێوان جەستە و دەروونیش لای دیکارت شتێکی روحییە، تا ئەوەی لە مردندا لێکجیا دەبنەوە.
جەستەی فینۆمینۆلۆژی بە ھەموو مەبەست و نیازەکانییەوە ئەوەیە کە جەستە ھەر تەنھا جەستە نییە، ھەر تەنھا ئەندامێک نییە، کە فیزیۆلۆژیا و زانستی دەروونی ئەزموونگەرا تێیدا رەنگبداتەوە. وەک دەزانین جەستە مۆڕگێکی وجودی ھەیە، بۆیە لەگەڵ شۆڕشی فینۆمینۆلۆژیادا تەواوی وێناکردنەکان بەرانبەر جەستە لە رەگەوە ھاتنە گۆڕان، چونکە فینۆمینۆلۆژیا گەڕانەوەیە بۆ خودی شتەکان وەک چۆن ھەن، ھەڵبەتە یەکەم ئەزموونی مرۆڤ لەگەڵ ژیان لەڕێگەی جەستەوەیە، لەڕێگەی جەستەوە مرۆڤ تەعبیر لە خودی خۆی دەکات. (ژان پۆل سارتەر ١٩٠٥-١٩٨٠) دەڵێت: جەستە ئەو ئاوازەیە کە لەڕێگەی ھیچ ئامرازێکەوە ناتوانرێ تەعبیری لێبکرێت، تەنھا لەڕێگەی خۆی نەبێت.
(سپینۆزا ، باروخ ئۆر بندیک (١٦٣٢-١٦٧ SPINOZA, Baruch or Benedict) فەیلەسوفی ھۆڵەندی دامەزرێنەری رێبازی ئەندازەخوازی لە فەلسەفەدا، پێیوایە جەستە و دەروون یەک بوونن. ئەو بیرکردنەوەیە لەوێوە ھاتووە کە پێناسەی سپینۆزا بۆ (جەوھەر) تەواو پێچەوانەی پێناسەی دیکارت بۆ جەوھەر دەکەوێتەوە. ئەگەرچی دیکارت لەبارەی جەستە و دەروون لە ئەرستۆ و ئەفلاتوون جیا دەبێتەوە، لای دیکارت مرۆڤ دەروونی ھەیە، جەستەش تەواو لە دەروون دەکات، جەوھەرێکی سەربەخۆی ھەیە، کە دەجولێ، دواتر بە تەنیا لە جەستەدا چارەسەر دەبێ و دەجولێ، بە پێی ماددیبوونی، جولەی میکانیکی کە دەروون ھیچ بەشدارییەکی نییە. دەروون بۆخۆی سەربەخۆ نییە ئەوە مرۆڤە، جەستە جەوھەرە، پەیوەندی نێوان جەستە و دەروون، پەیوەندییەکی جەوھەرییە و جەوھەری سێیەم بەرھەم دەھێنێ ئەویش جەوھەرە، لەڕێگەی ئەویشەوە “بۆخۆی سەربەخۆ دەبێت” ئەگەر دیکارت بنەمای پیناسەکەی بۆ وشەی “جەوھەر” ئەرستۆییانە بکەوێـتەوە، واتە ئەوەی کە ھۆکارە بۆ خود، لەو لۆژیکەوە “خودا” ھەموو ئەوەبێ کە ھەیە و خودا تاکە جەوھەر بێت، ئەوە جەوھەر پێکھاتووە لە یەک جەوھەر ئەویش خودایە، لێرەدا جەوھەر یەکە بەڵام حاڵەتەکان فرە و بێ کۆتایین. بەو مانایەی ئەوەی ھەیە ماھیەتی ئەوە، بێ کۆتا لە خەسڵەتەکان، بەڵام خەسڵەت لای سپینۆزا ئەوەیە کە عەقڵ لە جەوھەری فیکر و درێژبوونەوەدا دەرکی دەکات. واتە سپینۆزا جیاوازی لەنێوان جەوھەر و وجودی بێ مەرج و دنیای شتەکان یان حاڵەتە بێ کۆتاییە فەردییەکان و ھەر یەک لە جەستەی و فیکری دەکات. عەقڵی بێ کۆتا دەتوانێ دەرک بە جەوھەری بێ کۆتا بکات، لە ھەموو شێوە و دەرکەوتەکانیدا. بەڵام عەقڵی مرۆیی کۆتائامێز ناتوانێ وەک شتێکی بێ کۆتایی دەرک بە ماھیەتی جەوھەر بکات، تەنھا لە دوو رووخساردا نەبێت، ئەویش درێژبوونەوە و فیکرە. ئەو دوو خەسڵەتەش دوو پێداویستین بۆ جەوھەر. ھەموو خەسڵەتێکیش لەو خەسڵەتانە پێکدێت، مرۆڤ تەنھا دوو خەسڵەت دەرک ناکات، ئەویش خەسڵەتی لێکدان (لێکدان لای سپینۆزا ھەڵچوونی جەوھەرە). واتە ژمارە بێ کۆتاییەکان لە فیکر، لە سرووشت، یان لێکدانێک کە خەسڵەتی درێژبوونەوەی لێکدانەکانە، یان لێکدانێکە لە لێکدانەکانی خەسڵەتێک کە جەستە دیاری دەکات بەوەی کە وەک خەسڵەتێکی دیکە لێکدانێکە لە لێکدانەکان کە مرۆڤ نایناسێ، مرۆڤ نایناسێ بەو مانایەی کە لێکدانێکە لە لێکدانەکانی خەسڵەتی فیکر و لێکدانێکە لە لێکدانەکانی خەسڵەتی درێژبوونەوە. بەرانبەر ئەوەش دەروون دوو لێکدان دیاری دەکات، پەیوەندی ئەو دوو لێکدانە (واتە درێژبوونەوە و فیکر) لێکدانێک بەرھەم دەھێنێ ئەویش مرۆڤە. مرۆڤ لای سپینۆزا ئەو مەخلوقەیە کە پەیوەستە بە حاڵەتی درێَژبوونەوە (جەستە) و حاڵەتی فیکر (دەروون).

Spinoza and the Rabbis by
Samuel Hirszenberg
مرۆڤ لەدووتوێی ئەو دوو حاڵەتەدا بەشێکە لە سرووشت. سپینۆزا یەکبوونی ئیرادە و عەقڵ بەرز دەکاتەوە و پێیوایە رەفتاری مرۆڤ بەدوای پارێزگاریکردنی خود و بەرژەوەندییە کەسییەکاندا دەگەڕێت. ئەو فیکرە میسالییە لەبارەی ئازادی ئیرادە رەتدەکاتەوە و ئیرادە بەوە پێناسە دەکات کە ھەمیشە لەسەر پاڵنەر وەستاوە. لەھەمان کاتتدا دەڵێت لەوانەیە ئازادی وەک رەفتارێک لەسەر مەعریفەی پێویست وەستا بێت. ھەڵبەتە ئەو راڤەکردنە بۆ ئازادی راڤەکردنێکی رووتە و مێژوویی نییە.
سپینۆزا مرۆڤ وەک گواستنەوە بۆ مرۆڤ (لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ) دیاری دەکات. پارێزیکردن لە مانەوە، ناشێ کردەیەکی دەروون بێت و بکەوێتە دەرەوەی جەستەوە، ھەر دەبێ جەستەو دەروون لە ھەمان ئاستی ھێز و کاردابن بۆ پارێزگاریکردن لە مانەوە. بەمجۆرە سپینۆزا بەیەکەوەبوونی ئەنتۆلۆژی دەخاتە روو، ئەویش ئەوەیە کە دەروون جەستەی بینراوە و لە لایەکی دیکە خەسڵەتی بیرکردنەوەی ھەیە. دەروونی بینراویش خەسڵەتی درێژبوونەوەی جەستەی ھەیە، ئەویش بوونە.
جەستە و لەش
(ھۆسرەل، ئەدمۆند Edmund Husserl (١٨٥٩-١٩٣٨) لە کتێبی (ڕامانەکانی دیکارتی) جیاوازی لەنێوان جەستە (الجسد) و لەش (الجسم) دەخاتە ڕوو. لەش لەڕێگەی کات و شوێن و دەرککردنە ھەستییەکانەوە گرفتەکانی خۆی چارەسەر دەکات. ھۆسرەل پێیوایە؛ گرفتی لەش بەرە بەرە دەبێتە گرفتێکی بەدوایەکداھاتوو یان خولئامێز واتە: لەش، خوازە، ڕەمز… لەوێشەوە فەلسەفە ھەوڵدەدات گوزارشی لێ بکات و ئاڕاستەمان بەرەو دنیای خۆی دەبات، چونکە ھەتا ھەستیش بۆخۆی دەکەوێتە نێو لەشەوە.
(ئیمانۆیل لیفیناس Emmanuel Levinas ١٩٠٦-١٩٩٥) دەڵێت: من لەشی من نییە، ھەتا بە ئەویدیکەوە بەند بم، بەر لەوەی بە جەستەی خۆمەوە بەند بم. واتە بە ڕای لیفیناس ئەوە ئەویدیکەیە وا دەکات من لەدایک بم، جا ئەوە چ بە بیۆلۆژیاوە بەند بێـت، یان لەڕێگەی دەستبازی و ھەوەستەبازییەوە بێ.
ئەگەر شوێنگەی لەش ئەوەبێ کە شوێنێ داگیردەکات، ئەوە لەشی مرۆڤ ئەوەیە کە تۆ پێکدێنێ و تۆی تێدا دەردەکەوێت، ئەو شوێنەی کە لێی لەدایک دەبیت، ئەو شوێنەیە کە ئارەزووەکانی تێدا دەردەکەوێت و دەردەکەوێت کە ئێمە چ جۆرە بوونەوەرێکی ئەخلاقین؟! ئەو ئاماژەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کرۆمۆسۆمەکانی لەشی مرۆڤەوە دەکات، چونکە بیرکردنەوەیەک ھەیە پێیوایە ھەموو خەسڵەتە ئەندامییەکان فیزیاوین و دەکەونە ژێر کاریگەری (ADN)، واتە جین و پرۆتین و سیفەت. بەو مانایەش دەوروبەر و ژینگەی تایبەت و فشاری دەوروبەر ھیچ لەو سیفەتانە زیاد و کەم ناکات. ھەر لەبەر ھەندێش لە ١٩ی ئاداری ٢٠٠٣ (نیکۆلای سارکۆزی) فەڕەنسی یاسای ئاسایشی ناوەخۆی دەرکرد، کە جەخت لەسەر پەنجەمۆری تاوانبار دەکاتەوە.
وەک دەزانین کۆی ئەو بیروڕا جیاوازانە لەبارەی کرۆمۆس و ژینگە و فشارەوە دەکەونە نێو ئەنترۆپۆلۆژیای سرووشتی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەوە… بەڵام سەدەی بیستەم جەختی لەسەر واقیع کردەوە و پێیوایە ھەموو رووداوێک بە زەرورەت کردەیەکی کۆمەڵایەتییە، بەو مانایەش لەش بۆخۆی لەڕاستیدا جگە لەبەرھەمێکی ئەو پێکھاتە کۆمەڵایەتییە-رۆشنبیرییە شتێکی دیکە نییە. کەواتە ھەر کۆمەڵگەیەک خاوەنی لەشی خۆیەتی وەک چۆن خاوەنی زمانی خۆیەتی. ھەر وەک زمان دەشێ لەش بکەوێتە ژێر ئیرادەی کۆمەڵایەتییەوە و دەشێ بکەوێتە ژێر ئیرادەی یاسا و کەش و کاریگەری دەرھاوێشتەکانی رۆژانەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا لەش واقیعێکی کەسییە.
بزاڤی بونیادگەری و فۆکۆ وای دەبینین کە لەش ھەر تەنھا دەقێکە کە رۆشنبیریی نووسیوویەتی، بەو مانایەش لەش دەبێتە خەیاڵ و کۆمەڵێک نواندنی عەقڵی و وێنەیەکی نەستی ئامادە. لەو بیرکردنەوەیەدا تاکە رێگەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی رۆشنبیریی باو ھەڵوەشانەوەی ئەو دەقەیە لەڕێگەی بەرھەمھێنانی دەقێکی دیکەوە.
جەستەی ئازاد
ئەگەرچی مرۆڤ لەسەر زەوی دەژی، بەڵام ھەر لە سوکرات و ئەفلاتوونەوە تا بە شۆڕشی فینۆمینۆلۆژیا دەگات، جەستەیان وەک زیندانی رۆح و لەوێشەوە بە ئارەزووەکانیان لکاندووە، دەمەوێ بڵێم ئەو دیدە مرۆڤ لە مانای زەوی دوور دەخاتەوە. بەڵام جەستە لای (نیتشە، فریدرچ ڤیلھیلم Friedrich Wilhelm Nietzsche ١٨٤٤-١٩٠٠) بە ھەموو رووخسار و دەرکەوتەکانیەوە بۆخۆی ژیانە و ڕووکارەکانی ھێز دەنوێنێ، فیکرەی جەستە لە فیکرەی رۆح و دەروون جوانترە، جەستە زەوی یەکەمە، پابەندبوونمان بە ژیان رادەگەیەنێت، بۆیە پێویستە وەک چۆن پێشوازی لە ژیان دەکەین بە ھەمان شێوەش جەستە بخەینە پێشەوە، چونکە جەستە پردێکە لەنێوان رابردوو و ئێستا و داھاتوودا، شیانێکی بێ کۆتاییە، بۆیە بێ وەستان ھەمیشە لە جوڵەدایە و ھەوڵی کەشفکردنی ئاسۆ نادیارەکان دەدات. بەمجۆرە ناتوانین بەبێ جەستە قسە لە بیرکردنەوە بکەین.
بێگومان مرۆڤ لەڕێگەی جەستەوە ھەیە، ژیانیش بە دڵنیایی بەبێ جەستە دەکەوێتە نێو وەھمەوە، کەواتە ژیان ژیانی جەستەیە، لێرەوە بڕواھێنان بە جەستە جێگیرترە لە بڕواھێنان بە رۆح (دەروون). کەواتە ئەگەر ژیان لە دەرەوەی جەستە لە وەھم بکات، چۆن دەشێ لە دەرەوەی جەستە قسە لە بیرکردنەوە بکەین؟ ئەوە جەستەیە بیر دەکاتەوە، یان بەشێوەیەکی وردتر بیرکردنەوە لە جەستە ھەڵدەقوڵێ. لەلای نیتشە جەستە کۆمەڵێک ھێزە بەیەکەوە ئیرادەی ھێز درووست دەکەن، ھەر لەوێشەوە کە جەستە دەبێ بە خاوەنی ویستی ھێز مژدەی مرۆڤی باڵا رادەگەیەنرێ و شیانی چوونە نێو بازنەکانی زەمەنی بەدوایەکداھاتوو و گەڕانەوەی ئەبەدی رێگەی بۆ خۆش دەبێت.
وەک دەردەکەوێت نیتشە تێگەیشتنی تەقلیدی بۆ جەستە و رۆح بەتاڵدەکاتەوە، پێیوایە دەشێ ھیچ پەیوەستبوونێک لەنێوان جەستە و ڕۆحدا بوونی نەبێت، واتە دوالیزمییەتی جەستە و رۆح ھیچ بەھایەکی نییە.
سەرچاوەکان:
– بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە (جان جاک لوسیرکل، عنف اللغە، ترجمە و تقدیم: د. محمد بدوی، النڤمە العربیە للترجمە، بیروت-لبنان، گ٢ ٢٠٠٦، ێ١٠٠-١٠١.
٢ – ە.س.پ. ل١٠١.
٣ – فلسفە الجسد، میشیلان مارزانو، ترجمە، نبیل ابو ێعب، بیروت، ٢٠١١، ێ٥٧.
٤ – علاقە الوعی و الجسد، ٢٠٠٧/٧/٢. و سپینوزا باروخ او بندیکت ١٦٣٢-١٦٧٧، بڕوانە ئینتەرنێت.
٥ – فلسفە الجسد، میشیلان مارزانو، ێ ٥٧،٥٨، ێ٦١، ێ٨٦، ێ٩٠، ٩٥.
٦ – فریدیریک نیتشە، ھکژا تکلم زرادشت، ترجمە، فلکس فارس، دار القلم، بیروت- لبنان، ێ٣٣.
٧ە.س.پ. ل٥٧.
