ئهو شوێنپێیانەی بەسەر شەختەدا مابوونەوە
نەژاد عزیز سورمێ
( تاریکترین شوێن دەکەوێتە ژێر ڕوناھی چرا )
بەبیرم نەماوە لە کوێم بیستووە
یا خوێندووهتەوە ..
(1)
شەوقم لێ مەترازێنە
چاوم ھێشتا لە ئاسۆیە
ھێشتا ھەر شەوە
ئەستێران گەش دەکاتەوە…
(2)
زیندە خەون نەبوو
بەچاوی خۆم خۆمم بینی
لە خاچ دەدرێم
شایەد بەو شایەدیەی ،
پاڵتۆیەکی لەنگەم لەبەردا بوو
سوێندم لێ ناکەوێ ئەگەر بڵێم
لەوانەی کۆگایان جوانتر بوو .
(3)
چیرۆکی شانۆی ماندووم
بەڕێژنەی بارانێ تێگەیاندی
خۆر لە بەرابەر دڵەشکاوەکانەوە ھەڵات
لە چاوی نوقاوەوە بەیانی دا .
(4)
سیمام لە دورگەی زاراوان ون ببوو
گۆێم لە ئاوازی دونیایەکی دیکە بوو
بە پایزی دەسپاردم .
(5)
من لە مێژە دانم پێداناوە
بەجوانی ئەو ناوەستم
ئەم جیھانە تەنێ ئەوە نییە دەیبینین
خونکاری ،
سەرچڵیی ،
پیاڵەی بەتاڵ
ھەموومان عاشقکوژانە
لە بەڕێکردنی ڕۆژگاردا بەردەوامین .
(6)
ئەم ھوزارە ڕەنگینە بۆ کێ دەخوێنێ ؟
ھەندێ پرچیان دەڕننەوە
ھەندێ پاڵیان بەو دیوارانە داوە
بە ئێسقانان ھەڵنراون ..
ئەوانی دی
بەشەقام و شۆستە و
کۆچە بنبەستەکاندا بڵاوبوونەتەوە .
(7)
زۆرجاران لەخۆمدا ون دەبم
دەمبینی لە کۆڵانێکی
پێچاوپێچی (لەگەش) دەسووڕێمەوە
ناکاو شەھلا بۆ یەکێک لە خەراباتەکان
ڕامدەکێشی
سوبحانەڵڵا عەشقێک بۆ پەیمانە
لەسەرم دەدا
دەخۆمەوە ..
دەخۆمەوە ..
دەخۆمەوە ..
تا خۆم دەدۆزمەوە دەخۆمەوە .
(8)
ئەو گەڵایانە لەخۆڕا زەرد ھەڵنەگەڕاون .
ئەو گەڵایانە لەخۆڕا نەوەریون .
چاوەکانت لە سپێدە سافترن
دەمترسێنن
جودایی دەردێکی گرانە ..
وشە مابوو ، ئەویش ئێستا
دەزرنگێنەوە .
ئهوه من چی دەڵێم ؟
من چیم گوت ؟!
(9)
شەوانە بێرەدا تێدەپەڕن .
شەوان خۆیان لە بیر دەچێتەوە .
شەوان ھەندێکیان بەچەند فڕێ
باڵ دەگرن
ھەندێکی دیکەیان
ڕاپۆرتەکانی گیرفانیان
بە درەوشانەوەی گۆرانیچڕین دەنوێنن .
(10)
دڵم نایێ ، دەنا دەمگوت
چەند مەترێ ھەناسە
بەشی ژیانەوەی دارستان دەکا
دڵم نایێ دەنا دەمگوت
ھەقە عەشق و جندەبازی
لە یەکدی جودا بکرێنەوە
دڵم نایێ دەنا دەمگوت
بەس نەبێ ؟!
(11)
جلەکان بەڕستەوە ھەڵدەلەرزین ..
داوام لە دیوار کرد داڵدەیان بدا
بە گوێی نەکردم
لەباران پاڕامەوە لە (با) یان بپارێزێ
بە گوێی نەکردم ..
ئەوە چ زەمانێکە
کەس بە گوێی کەس ناکا ؟
(12)
لەو کاتەی شەڕ دەستی پێکردووە
کەزی شارستانیەت و چۆلپهرستی
تێکئاڵاون ..
لەو کاتەی شەڕ چووهته ناو قامووسانەوە
گەورەترین کارگەی ماسک دروستکردن
دامەزراون …
(13)
ئارەزوویەک لێوان لێو لە بیابان
بۆنی بارانی
بە خاکمانەوە نەھێشووە .
نیشتیمانم
تەنیا
تەنیا
تەنیا .
(14)
چ حیکمەتێکە ئەی دڵ
دواساتمان بەو خێراییە
لێ نزیک دەبێتەوە ؟
ئەی تارمایی نامۆ!
شەقامی بەئاواز و گۆرانییان شلۆغ!
تازە تەواو
من کە بە ساردەکێڵێ ڕانەگەم
چیم لە ئافەرینی بێ ڕوومەتانە.
(15)
کتێبخانەکەم لە دەست چوو
شێتیەتییەک تاوی بۆ ھێناوم
لەوە بترسم نیشتمانیشم
لە دەست بچێ
ئەی خودای دڵڕوون!
تکایە ھەموو دەرگاکانمان لێ دامەخە.
(16)
لە گۆڕستانی (ئوور)ڕا چیام خۆشەویستن
ئەگەر ئازای
مرۆڤ لەبەرامبەر مرۆڤ بوەستین
لەبیرت نەجێ
ھەور ھەمیشە ڕوویان لە چیایە .
(17)
ڕووبارە دوورەکان
ھاشەیان بەباڵی پەریانەوە دەگاتە من
بەرگرێک نییە زەماوەندێکی لێرە
لەم سارایەدا
لێدا بووکتم .
(18)
ئینجانەیەکی تەنیا
چ لە نەزمی پۆشتەکردنی با دەگا
شەیدایی خەرامانێ
کژو مەوسیمی نییە
من قاچم لە ڕۆژھەڵاتێ و
چاوم لە ڕۆژئاوایێ لەسەر دانا
ئینجا خەرامان
کەی لەو مەتەڵانە حاڵییە ؟
(19)
دەستم بۆ دواچڵ ھەڵبڕیوە
چەند خۆشە بەدوای ژیاندا ھەڵبێی
جاسوسێکی کڵۆڵیشت بەدواوە بێ
چەند خۆشە
بە (بۆمبا) و (مین) و (ئاڕ پی جی) جوانی
شەڕی ئامێردی کۆڵەواری وا بکەی
ڤایرۆسی ناخیان نەھێڵێ
فۆڕمات ببنهوه .
(20)
سەعاتی ژوورەکەم
ھەناسەی تێدا نەماوە
لەگەڵ ئەوەی
دوێنێ پیلم لێ گۆڕی بوو
پێدەچێ پیلەکە ستۆک بوو بێ .
(21)
گەڵای پایز بە ڕەنگی خۆیانەوە جوانن
سواندەی ماڵان کە ئێستا نەماون
بە ھێللانەی پاساریان .
(22)
ئای نەژاد
جاران چەند لە من نزیک بووی
ئای نەژاد
جاران ساوی گوڵەکانمان
چ ھەواو ختووکەیەکیان ھەبوو
پێتێکوەرانی زستانان
چ سۆز و گەرمییەکیان دەبەخشی
ئای نەژاد!
جاران چەند لە من نزیک بووی .
تەمووزی 2008