Fernando Arrabal

فێرناندۆ ئاراباڵ و دوو قۆناغی جیاواز


Loading

کاریگەریی کەش و زمان و کاراکتەر و ڕووداو و ھێڵ و ھتد لە نێوان نوسەرەکانی بواری شانۆنامەدا شتێکی ڕوون و لە مێژینەیە، ئەم کاریگەرییە لە زۆر جێگەدا داھێنانی نوێی لێ کەوتۆتەوە، وەک دەڵێن: ئەگەر تێکستە کۆنەکانی یۆنان نەبوونایە ئەوا تێکستەکانی ئێستا بەم جۆرە نەدەبوون، بەو مانایەی ئەوان ڕەچەڵەکن بۆ تێکستەکانی پاش خۆیان، لە نێوان نوسەرەکانیشدا کاریگەربوون بە یەکتری یەکێکی دیکەیە لە دیاردە باوەکان، ئەمەش لە نوسەرە لوتکەکانەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ نوسەرانی پاش خۆیان، مەبەستیش لە نوسەری لوتکە ئەو نوسەرانەن کە بە بەرھەکانیان خاڵێک بۆ شێوازی نوسینی پێش خۆیان دادەنێن و شێواز و ڕەوتی نوێ دەھێننەوە ئاراوە، لەو نوسەرانەش ئەگەر لە پاش کلاسیکی کۆن وەربگرین ئەوان بێگومان (شێکسپیر) یەکێک دەبێت لەو لوتکانە، لە پاش (شێکسپیر)، (ھێنریک ئەپسن و ئۆگۆست سترنبێرێگ و ئارسەر میلەر و ئەنتوان چێخەڤ و برتۆڵد برێشت و سامۆئیل بیکێت) لە جۆری ئەو نوسەرانەن کە ھەریەکەیان لوتکەیەکن و نوسەرانی پاش خۆیان کاریگەرن بە بەرھەمەکانیان، چ لە ڕووی شێواز، چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە.

ئەوەی لێرەدا ئێمە مەبەستمانە بەتایبەتی باسی لێوە بکەین یەکێک لەو نوسەرە دیارانەی پاش (بیکێت)ە کە لە جیھانی شانۆدا خاوەن کۆمەڵێک شانۆنامەیە، بەتایبەتر ھەریەک لە شانۆنامەکانی (فاندۆ و لیز، نزاکار، جێرنیکا، گەشتێک بۆ شەڕگە).

(سامۆئیل بیکێت) لە شانۆی مۆدێرندا ئەو نوسەرەیە کە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە بواری درامانوسیدا کرد، بەرھەمەکانیشی سەلمێنەری ئەم بۆچوونەن، بەتایبەت شانۆنامەکانی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە، کۆتایی گەمە، ڕۆژە خۆشەکان …) کە ھەریەکێکیان بگرین نمونەی بەرزی شێوازی نوسینی ئەم نوسەرە دەردەخەن، ھەربۆیەش زۆر لە نوسەرانی پاش خۆی دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە و زمان و کەش و کاراکتەرەکانی بە ڕوونی لە بەرھەمەکانیاندا دەبینرێن، لە دیارترینیان (ھاڕۆڵد پینتەر، سلاڤومیر مرۆژیک، فێرناندۆ ئاراباڵ …)

فاندۆ و لیز

فاندۆ و لیز، ڤلادیمێر و ستڕاگۆن یان ھام و کڵۆف؟

وەک لە سەرەتادا باسمان کرد (فێرناندۆ ئاراباڵ) یەکێک لەو نوسەرانەی بواری شانۆنامەیە کە کاریگەربووە بە (سامۆئیل بیکێت) بەتایبەت پێش ئەوەی شێوازی خۆی لە بواری شانۆنامەدا جیابکاتەوە، واتە لەو شانۆنامانەی کاریگەربووە بە بیکێت، بۆ نمونە شانۆنامەی (فاندۆ و لیز) ھاوکات لەو کارانەشی کە ئیدی بەرەو جیاکردنەوەی ستایلی خۆی دەڕوات، نمونەش بۆ ئەمە شانۆنامەی (جێرنیکا)یە.

ئاراباڵ لە شانۆنامەی (فاندۆ و لیز) وێنەی ژن و مێردێکی نوقمی ڕابردوومان بۆ دەکێشێت، کە ژیانیان پڕیەتی لە ململانێ، ململانێیەکی سەخت و دژواری وەھا کە بەرگەگرتنی ئاسان نییە، ئەم ژن و مێردە دەیانەوێت بڕۆنە شارێک بەناوی (تار) ژنەکە بەھۆی ئەوەی ئیفلیجە و تونای ڕۆیشتن و جوڵەکردنی کەمە، زۆرینەی کات لەسەر گالیسکەیەکی کۆنە، پیاوەکەش کاراکتەرێکی ناجێگیری وەھای ھەیە کە لە ھەندێک دیمەندا نازانیت ئایا ھەر بەڕاستی ژنەکەی خۆشدەوێت یاخود ئەوەی دەیکات تەنیا نواندنێکی کاتییە و لە ڕاستیدا ئەم پیاوێکی توند و تیژە بەجۆرێک کە لە ڕەفتارەکانیدا دەردەکەوێت کەسایەتییەکی (ساد)ی ھەیە، کە حەز بە ئازاردانی بەرانبەرەکەی دەکات.

(سادییەت) لەلای کاراکتەری پیاو لە ئاستێکدایە کە ھەر دوو جۆری ئازاردانەکەی لێدەکەوێتەوە مەبەست لە ئازاردانی (دەروونی و جەستەییە) ھەندێک کات لە ڕووی جەستەییەوە ئازاری دەدات، وەک ئەو کاتەی زۆری لێدەکات کە لەسەر سک بڕوات، لە کاتێکدا لیز توانای ئەوەی نییە، یاخود شەوێک بە ڕووتی لەسەر ڕێگاکە دایدەنێت و ئەمەش دەبێتە ھۆی نەخۆش کەوتنی (لیز) و ھەر بەھۆی ئەمەشەوە لە کۆتاییدا دەمرێت، ئەو کاتانەشی لە ڕووی جەستەییەوە ئازاری نادات، جەنگی دەروونی لەگەڵدا دەکات، وەک ئەو دیمەنەی دەیداتە دەست سێ پیاوی چەترەکە کە وەک لێبوکێک دەستبازی لەگەڵ دەکەن و یاری بە جەستەی دەکەن، یاخود ئەو دیالۆگەی کە بە زمانێکی ھەڕەشەئامێز پێی دەڵێت: پێت دەڵێم نەگریت، ھەر ئێستا ژیر نەبیتەوە بەجێتدەھێڵم. ھەڕەشەکردن لە ژنێکی ئیفلیج کە بەھۆی گالیسکەیەکەوە دەڕوات بێگومان ئازاردانێکی زۆری دەروونییە، چونکە ئەو لەو شوێنەدا کەس شک نابات جگە لە پیاوەکەی، بەڵام پیاوکەی واتە (فاندۆ) بۆ ماوەیەک جێی دەھێڵێت و کاتێکیش دەگەڕێتەوە پەشیمانی پێوە دیارە و باوەشی پێدا دەکات، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە سیفەتەکانی ھەندێک خەڵکی (سادیزم) لەپاش ئازاردانی زۆری بەرامبەر پەشیمانییەکی زۆر دەکێشن و ئامادەن زۆر لە خۆیان ببورن، ئەوەی بەرانبەر بخەنەوە دۆخی ئاسایی خۆی، وەک دەزانین لەلای (بیکێت)یش ھەردوو کاراکتەری (ھام) لە شانۆنامەی (دوا یاری) و (پۆزۆ) لە شانۆنامەی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە) نمونەی دیاری (سادیزم)ن.

ئەم دوو کاراکتەرە لە زۆر جێگەدا لە کاراکتەرەکانی (ھام و گلۆف) لە شانۆنامەی (دوا یاری)ی بیکێت و (فلادیمێر و ستراگۆن) لە شانۆنامەی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە)ی ھەمان نووسەر نزیک دەبنەوە، لە سەرەتای شانۆنامەکەدا (لیز) داوا لە (فاندۆ) دەکات پیاسەیەکی پێ بکات، کە ئەمە نزیکە لەو دیمەنەی کە (ھام) داوا لە (کڵۆف) دەکات بە کورسییەکەیەوە پیاسەیەکی پێ بکات، ھەمان کردار لە شانۆنامەی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە)شدا لەلایەن کاراکتەری (لەکی)یەوە ئەنجام دەدرێت لەسەر داوای (پۆزۆ) ھەر نزیک لە ھەمان کردار (فاندۆ) داوا لە (لیز) دەکات سەیری گوڵەکان بکات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: ھیچ گوڵێکی لێ نییە، ھەمان دیالۆگ بەجۆرێکی دیکە لە شانۆنامەی (دوا یاری)دا ھەیە، لەو جێگەیەدا کە ھام بە کلۆف دەڵێت: سروشت ئێمەی لە بیرکردووە، کلۆف لە وەڵامدا دەڵێت: سروشتی لێ نەماوە. لەلای ئاراباڵ لە جیاتی وشەی سروشت وشەی گوڵ بەکارھاتووە، کە زۆرجار وشەی گوڵ سیمبۆلە بۆ سروشت، بەوپێیەی گوڵ بەشێکی دانەبڕاوە لە سروشت.

خەونی ڕۆیشتن بۆ شارێک بەناوی (تار) و کەچی مانەوە لە ھەمان شوێندا یەکێکی دیکەیە لە شتە لە یەکچووەکانی ئەم شانۆنامەیە لەگەڵ شانۆنامەی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە) کە (فلادیمێر و ستڕاگۆن) بەردەوام چاوڕوانی کەسێک دەکەن بە ناوی (گۆدۆ) وەک ھێمایەک بۆ فریادڕەسێک کە دێت و ڕزگاریان دەکات، ھەرچی (فاندۆ و لیز)یشە چاوەڕێن بگەن بە شارێک بەناوی (تار) کە دەکرێت شاری (تار) ئەو فریادڕەسە بێت کە ئەمان ھەرگیز پێی ناگەن، وەک (گۆدۆ) کە ھەرگیز نایەت، (فلادیمێر و ستراگۆن) بە بەردەوامی لەسەرە ڕێگایەکدا وەستاون و ناڕۆن بەدەم چاوەڕوانییە خەریکن ڕابردووی خۆیان دەگێڕنەوە و ئێستاش بە یاریکردن دەبەنەسەر، ھەموو ئەمانەش بە دیدێکی گاڵتەجاڕ و کۆمیدیایەک کە پێی دەگوترێت (کۆمیدیای ڕەش) لەھەمان کاتی چاوەڕوانی ئەماندا ھەریەک لە (پۆزۆ و لەکی) دێنە ناو ڕووداوەکانەوە و بۆ ماوەیەک دەبنە بەشێک لە یارییەکانی ئەمان، منداڵێکیش لە شێوەی (پەیامھێن)ێکدا لە ھەر پەردەیەکدا و جارێک دێت و لە نەھاتنی (گۆدۆ) ئاگاداریان دەکاتەوە.

(فاندۆ و لیز)یش بە ڕێگاوەن بەبێ ئەوەی بڕۆن، خەریکی گێڕانەی ڕابردوون و ئێستاش بە ململانێکانیان دەبەنە سەر، لە ناکاو سێ پیاوی چەترەکە بەناوەکانی (نامەر، میتەرۆ، تۆزۆ) دێنە ناو ڕووداوەکانیانەوە، بۆماوەیەک پەیوەندییەکی کورتیان لەگەڵدا دەبەستن و پاش ئەوەی بڕیار دەدەن پێکەوە ڕێگەببڕن بەرەو شاری (تار) لە یەکتر دادەبڕێن، ناوی یەکێک لەم پیاوانە (تۆزۆ) لە ڕووی فۆنەتیکەوە نزیکە لە ناوی (پۆزۆ) لە ڕووی کاراکتەریشەوە لێچووییەک ھەیە لە نێوانیاندا بەوەی (تۆزۆ) ھەمیشە حەز بە سەپاندنی بۆچوونەکانی دەکات و دەبێتە کۆسپ لەبەردەم ڕایەکانی دوو ھاوڕێکەی دیکەیدا، وەک دەزانین (پۆزۆ)ش لە شانۆنامەی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە) ئاغایە و ھەمیشە بۆچوونەکانی دەسەپێنێت.

 

قوڵایی بێدەنگی، ئەوپەڕی قسەکردن

لە دیمەنی دووەم تاکو دیمەنی سێیەم کاراکتەری (لیز) بێدەنگ دەبێت، ئەم بێدەنگییە ئەوپەڕی ھەڵوێست و ھاواری ئەو نیشان دەدات لەبەرامبەر ئەو ئازار و ناڕەحەتییانەی بەدەستی (فاندۆ) دەیچێژێت، توڕەیی و وتنی-نا-یە بەرانبەر ئەو پەژارە قوڵەی لە دڵ و دەروون و گیانیدا پەنگیان خواردۆتەوە، ئەمە ئەو شوێنەیە کە (لیز) ھەست دەکات ئیدی چارەسەرێک نییە بۆ گرفت و کێشەکان، ئەوەتا نە (فاندۆ) بەڵێنەکانی دەباتەسەر و دەست لە ئازاردانی ھەڵدەگرێت، نە دەشگەنە شاری (تار) کە دەکرێت (تار) ئەو شوێنەبێت تێیدا شتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، وەک پێشتر وتمان جۆرێک بێت وەک ڕزگارکەر.

بێدەنگییە پڕ لە قسەکردنەکەی (لیز) داخستنی خودە بەسەر جیھانی دەوروبەردا، بەڵام مەرج نییە قبوڵکردن و خۆبەدەستەوەدانی ئەومان بۆ دەربخات، بەڵکو قوڵبوونەوە بە ناو خوددا و پاشان ھەوڵدانە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی تێیدایە ئەگەر بە مەرگیش بێت، ئەو ئیتر نایەوێت ھەرچی بێت یاری بە جەستە و دەروونی بکات، بەڵکو دەیەوێت سنورێک بۆ ئەو دزێویانە دابنێت کە جارێک بە دەستی مێردەکەی و جارێکیش ھەر لەسەر داوای مێردەکەی بە دەستی ئەوانیتر پێی دەکرێت، ھەربۆیە کە لە فیگۆری (لیز) ورد دەبینەوە لە ھەریەک لەو دوو دیمەنەدا پڕیەتی لە بەھا و جوانی، بەھا و جوانییەک لەسەر ئاستی مانا و ھەروەھا لەسەر ئاستی نواندنیش کە پێویستی بە ھێزێکی باشی نواندن ھەیە و ئەکتەر ھۆشیار دەزانێت چۆن ئەو دۆخە بەرجەستە دەکات، بۆیە گرنگە دەرھێنەر لە کاتی خستەسەرشانۆی ئەم دەقەدا لەسەر ئەم بێدەنگییە بوەستێت و ئاستێکی بەرزی ھونەری پێبدات و نەھێڵێت بە ئاسانی بەسەریدا تێپەڕێت، وەک بڵێی ئەو کاراکتەرە ڕۆڵی نەماوە، بە پێچەوانە جوانترن کاراکتەر ئەوانەن بەبێ دیالۆگ قوڵایی خۆیانمان نیشان دەدەن، ئەم بێدەنگییەی (لیز) ئاستێکی فەلسەفی و بەھایەکی بەرزی ھونەری ھەیە.

پاش ئەوەی (لیز) دەکەوێتەوە قسەکردن، بەھۆی ئەوەی شەوێک بە ڕووتی لەسەر ڕێگایەک دانراوە لەلایەن (فاندۆ)وە نەخۆشە، ئەمەش درێژکراوەی ئەو ڕەفتارە خراپانەی (فاندۆ) یە بەرانبەری، ھاوکات ئەوەمان پێدەڵێت کە (فاندۆ) ھەرگیز چاک نابێت و بەردەوامە لەسەر ڕەفتارە دزێوەکانی، ئەو بەڵێنانەشی پێی دەدات تەنیا لە پێناو غەریزەیەکی کاتیدایە، پاشان دەبێتەوە ھەمان کاراکتەرە دزێوەکەی پێشوو، نەخۆشی و نالەباری تەندروستی لیز دەکاتە ئەوەی (لیز) بمرێت، (فاندۆ)ش وەک پێشتر بەڵێنی پێدابوو ئەگەر (لیز) بمرێت ھەوڵدەدات بگری.

 

نزاکار، لەبەردەم باوەڕ و بێباوەڕیدا

شانۆنامەی (نزاکار) لە کەشێکی ترسناک و تەمومژاویدا ڕوودەدات، ھەردوو کاراکتەری ژن و پیاو بە ناوەکانی (فیدۆ و لێڵبی) ئامادەیی سەرەکییان دەکەن، بە یاوەری کفنی منداڵێک کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێشتر ئەمان ئەو منداڵەیان کوشتووە، ئەم دوو کاراکتەرە لە قوڵایی خۆیانەوە پرسیار لەبارەی شتە گەورەکانەوە دەکەن، ئەو شتانەی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو لە ڕێگەی ئەفسانە و ئایین و فەلسەفە و زانستەوە وێڵی زانینیان بووە، پرسیار لەبارەی درووستبوونی زەوی و ئاسمان، مرۆڤ و گیانەوەرانی دیکە، لەم شانۆنامەیەدا چۆنێتی دروستبوونی زەوی و ئاسمان بە تێڕوانینی پەیمانی کۆن دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، ئەگەرچی ئەمان ئینیجیلێکیان پێیە و دەیانەوێت باوەڕبێنن و چیدی دەست لەو ڕەفتارانەی پێشوویان ھەڵبگرن، کە وەک لە دیالۆگەکانی خۆیاندا دەرکەوێت کوشتن یەکێکە لەوانە، بوونی فیگۆری منداڵێک لە کفنێکدا زیاتر ئەوە ڕوون دەکاتەوە.

بیرکردنەوەی لە چۆنێتی دروستبوونی زەوی و ئاسمان یەکێکە لەو دیاردانەی مرۆڤ لە مێژە وێڵی بووە، لە پەیمانی کۆندا دەبارەی چۆنێتی ئەم دیاردەیە ھاتووە: لەسەرەتادا خودا ئاسمان و زەوی بەدیھێنا٢. زەویش بێ شێوە و ھیچی تیانەبوو تاریکیش بەسەر ڕووی قوڵاییەکانەوە بوو، ڕۆحی خوداش بەسەر ڕووی ئاوەکاندا دەجووڵایەوە٣. خودا فەرمووی با ڕووناکی ببێت.

ھەمان ئەم دیدگایەی پەیمانی کۆن بۆ چۆنێتی دروستبوونی زەوی و ئاسمان، لەلای کاراکتەری (فیدۆ)وە دەگوترێت، واتە تێڕوانینی ئەم کاراکتەرە بۆ دروستبوونی زەوی و ئاسمانی تێڕوانینەکەی پەیمانی کۆنە، وەک خۆشیان دەڵێن ئینیجێلێکیان پێیە بەو نیازەی لە ڕێگەی ئینجیلەوە ببنە کەسانی باش و پاکی وەکو مەسیح، ھەوەرھا سەرسوڕمانی خۆیان نیشان دەدەن بەرانبەر بە پەرجووەکانی مەسیح لەوانە پەرجووی گەڕاندنەوەی بینایی بۆ کەسێکی نابینا، لەھەمان کاتدا ئەم دوو مرۆڤە وەک دوو مرۆڤی ترسناک کە (ئاراباڵ) زۆرکات ئاماژەی بۆ دەکات و شێوە و ناوەخنی مرۆڤی ترسناکمان بۆ باس دەکات، بەتاڵ نین لە پرسیار و گومانە گەورەکانیان لە ئایین، ئەوەتا لە باسی بەھەشتدا ئەوان سەرسوڕماون بەوەی بۆچی بەھەشت تەنیا شوێنێکە بۆ سەرگەرمی مرۆڤ، ئەمە ئەو پرسیارە گرنگەیە مرۆڤە ھۆشیارەکان لە ئایینی دەکەن، ھەربۆیەش لە زۆر جێگەدا ئایین مرۆڤە بیرکەرەوەکان ڕازی ناکات و ئەوان پێیان وایە زانین دەکەوێتە کوێی ئەم بەھەشتەوە؟ لە کاتێکدا بەھەشت شوێنێکە نوقمی کات بەسەربردن و سەرگەرمییە غەریزەییەکانی مرۆڤە.

ئەمە لە کاتێکدایە ھەریەک لەم دوو کاراکتەرە لە ڕابردوودا کەسانی ترسناکبوون و ئاراباڵ لە ڕێگەی ئەم دوو کاراکتەرەوە مەبەستێتی وێنای دیوە ترسناکەکەی مرۆڤمان بۆ بەیان بکات و لە ھەمان کاتدا پێمان بڵێت: دزێوەکانیش دەکرێت ببنە مرۆڤی باش و بەخشندە، کە ئەمەش بۆچوونی جیاواز ھەڵدەگرێت، ئەوەی کە ئایان مرۆڤێک لە دزێوەوە دەبێتە جوان، جەلادێک دەبێتە بەخشندە؟

کاتێک بە وردی سەرنجی ھەردوو کاراکتەری ئەم شانۆنامەیە دەدەیت و لە مەوداکانی کەسایەتییان ورد دەبیتەوە، لێکچوونێکی زۆرت بۆ دەردەکەوێت لەگەڵ شانۆنامەی (فاندۆ و لیز)ی ھەمان نووسەردا، وەک ئەوەی بڵێی (فاندۆ و لیز) لە جێگەیەکی دیکەدا و بەجۆرێکیتر پێکەوەن و درێژە بە دیالۆگەکانیان دەدەن و ئەمجارە دەیانەوێت لە ڕێگەی باوەڕھێنانەوە خۆیان باش بکەن و لەو تەنگەنەفەسییەی ژیانیان ڕزگاریان بێت، بەڵام ئایا ڕزگاربوون ھەیە؟

لە یەکێک لە ساتەکانی ئەم شانۆنامەیەدا، کاراکتەری (لێبڵی) کە ژنە، دەڵێت: (ئەی ئەوەی کە تۆ ڕووتت دەکردمەوە بۆ ئەوەی ھاوڕێکانت بێن و بتوانن لاقەم بکەن؟) ئەمە ھەمان ئەو ڕووداوەیە لە شانۆنامەی (فاندۆ و لیز)دا کە (فاندۆ) بەرامبەر (لیز) ئەنجامی دەدات، ئەوکاتەی (لیز) ڕووت دەکاتەوە و داوا لە پیاوانی چەترەکە دەکات دەست بۆ (لیز) بەرن و چێژ لە دەستدان لە ڕوومەت و بەشەکانی دیکەی جەستەی وەربگرن، ئەوەتا لەم شانۆنامەیەشدا بەجۆرێکیتر ھاتۆتەوە ناوەوە. ئەمەش زیاتر ئەوەمان نیشاندەدات کە ئەم شانۆنامەیە درێژکراوەی (فاند و لیز) بێت، تەنانەت ناوی کاراکتەری (فیدۆ) لەم کارەدا لە ڕووی فۆنەتیکەوە نزیکە لە ناوی کاراکتەری (فاندۆ)وە.

چێژ لە ئازاردان و تەنانەت کوشتن لە ھەردوو شانۆنامەی (فاندۆ و لیز) و (نزاکار) ئامادەیی ھەیە، بۆیە دەکرێت ھەندێک لەم کاراکتەرانە وەک کاراکتەری سادیزم تەماشا بکەین و لە کاتی بە نمایشکردنیشیاندا دەرھێنەر ئاگاداری شرۆڤەکردنیان بێت، ھەروەھا ئەکتەریش بە ھۆشیارییەوە کاری بەرجەستەکردنیان بکات، کە زۆرینەی کات دەرھێنەران و ئەکتەرانی کورد بەرانبەر خوێندنەوە و مامەڵەی ھۆشیارانەی کاراکتەر بەئاگا نین، ئەمەش وایکردووە یەک شێوازی لە نمایشە شانۆییەکاندا دروست بێت و بە دەگمەن کارێکی شانۆیی دەبینین کە جیاوازیی ڕیشەیی ھەبێت لە ڕووی ستایل و جۆری بەرجەستەکردنەوە، ئەوەی کە ھەیە کۆمەڵە نمایشێکی ھاوشێوە و لە یەکچوون لە ڕووی دەرھێنان و نواندنەوە.

لە کۆتا دیالۆگەکانی ئەم شانۆنامەیەدا دەردەکەوێت کە ڕوون نییە ئایا ئەم دوو کاراکتەرە دەگۆڕدرێن یان نا، بەوپێیەی لێڵبی دەڵێت: ئەوەش بۆ خۆی تاقەت پڕوکێنە (بێدەنگی فیدۆ بێئومێد دەبێت) ئەوەش بۆ خۆی ھەر وەک شتەکانی دی لێ دێتەوە. (بێدەنگی) لە دەست باش بوونیش ماندوو دەبین.

ئەمەیە تێڕوانینی ئەپسۆردانە بۆ ژیان، ماندووبوون لە دەست باشبوون، بەوپێیەی ھیچ شتێک دادی مرۆڤ نادات، بەڵکو مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە لە دەست ھەموو شتێک وەڕس دەبێت و ھەڵدێت، ئەو شتانەشی پێمان وایە باشن بۆ ماوەیەکن و لە ئەنجامدا لەوانیش ماندوو دەبین، وەک لە دوایین دیالۆگی ئەم شانۆنامەیەدا دیارە لە باش بوونیش ماندوو دەبین، ئەمەش ئەوپەڕی کارەساتی مرۆڤە، کە ھیچ شتێک چارەسەری ناکات و ساتێک ھەیە بەر ئەوپەڕی توندی و ڕەقی ژیان دەکەوێتەوە و بە دۆخێکی ئەپسۆرد و تاقەت پڕوکێن گەمارۆ دەدرێتەوە!

 

تێبینی:

بۆ بیستنی ئاوازی (ڕەش و شین) کە (ئاراباڵ) لە سەرەتا و کۆتایی ئەم شانۆنامەیەدا داوایکردووە ببیسترێت، دەکرێت سوود لەم لینکەی یوتوب وەربگیرێت:

https://www.youtube.com/watch?v=-vDmlomVHU

جێرنیكا

جێرنیکا و گەشتێک بۆ شەڕگە، لەناو جەرگەی جەنگدا

لە ھەردوو شانۆنامەی (جێرنیکا و گەشتێک بۆ شەڕگە)دا، (ئاراباڵ) باشتر ستایڵی خۆی دەچەسپێنێت و لەو شێوازە دوور دەکەوێتەوە کە ھەردوو شانۆنامەی (فاندۆ و لیز، نزاکار)ی پێ نوسیوە، بەڵکو ئیدی ھەنگاو دەنێت بەرەو جیاکردنەوەی شێوازی تایبەت بە خۆی، بۆیە ئێمەش لێرەدا باسی ھەردوو شانۆنامەکە پێکەوە دەکەین، بەوپێیەی بابەت و کەشی ھەردووکیان باس لە جەنگ و کاولکارییەکانی جەنگ دەکات، ئەمەش وایکردووە ئەم دوو شانۆنامەیە نزیکییەکی زۆر ھەبێت لە نێوانیاندا.

لە شانۆنامەی (جێرنیکا)دا ژنێک لە ژێر دار و پەردووی ماڵێکی ڕووخاودا گیری خواردووە، پیاوەکەشی لە دەرەوە بە دیارییە وەستاوە، بەردەوام دیالۆگ دەکەن دەربارەی ئێستا و ڕابردوویان و جار جارەش ئایندەیان، کە ئایندەیە ھێندەی لە مەرگەوە نزیکە ئەوەندە لە ژیانەوە نزیک نییە، ئەمانە مرۆڤی دوای جەنگن، ئەمەش وایکردووە بڕوایان بە ھیچ شتێک نەمێنێت، نە ئایین، نە خودا، تەنانەت بڕوایان بە یەکتریش نەماوە، ئەمەش ئەو دۆخەیە زۆرجار مرۆڤ لە ئەنجامی جەنگەکان تێی دەکەوێت، لەو شوێنەدا کە ئیدی شوێنێک نامێنێتەوە بۆ بەھای مرۆڤ و ژیان.

لە شانۆنامەی (گەشتێک بۆ شەرگە)شدا، دایک و باوکێک ھاتوون بۆ بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، بەو نیازەی چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێت و سەیرانی لەگەڵدا بکەن، واتە لە یەک کاتدا بەرەی پێشەوەی جەنگ دەبێتەوە شوێنێک بۆ سەیران و سەرگەرمیش، لەگەڵ ئەوەی لە بنەمادا شوێنێکە بۆ کوشتن، ئەمەش ئەو دیدە گاڵتەجار و ناباوەیە کە ئاراباڵ دەیەوێت لەم شانۆنامەیەدا کاری پێ بکات، گاڵتەجارە لەوێدا کە شوێنی شەڕ و تەق و تۆقە و لەو شوێنەدا کە لایەنەکان بەرانبەر یەکتر وەستاون، بۆ قڕکردن و لەناوبردنی یەکتر، کەچی کە مرۆڤێک سەیران دەکەن و شەراب دەخۆنەوە و مەست دەبن، ھاوکات ناباوە بەو پێیەی شوێن کە شەڕگەیەکە لە ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی دادەماڵێت و ئەرکێکی دیکەی پێدەدات، کە نامۆیە بۆی، ئەویش شوێنی سەیران و سەرگەرمییە، ئەمەش بەو مانایەی جەنگ ھیچ شتێک لە مانای خۆیدا ناھێڵێت و بەردەوام خەریکە شتەکان لە مانای ڕاستەقینەی خۆی دادەماڵێت، ئەوەتا لە ھەمان شانۆنامەدا دیلێک کە لەلایەن کوڕەکەوە دەگیرێت دەبێتە بەشێک لە دانیشتن و سەیرانەکەیان و وەک ئەوان دەخوات و دەخواتەوە و کاتێک دەنگی بۆمباران دێت لەگەڵ کوڕە سەربازەکەی نەیاریدا گیانی خۆیان دەپارێزن، لە کاتێکدا لە بارە ڕاستەقینەکەدا ئەمان دووژمنی یەکترن.

کاتێک شانۆنامەی (جێرنیکا) دەخوێنیتەوە، نزیکە ھەست بەوە بکەیت کە ئەم ژن و مێردە ھەمان ژن و مێردن کە لە شانۆنامەی فاندۆ و لیزدا ھەن، ئەوەتا لە یەکێک لە دیالۆگەکانی پیاوەکەدا دەردەکەوێت کە دەڵێت: (دەمێک ڕووتم دەکردیتەوە بۆ ئەوەی ھاوڕێکانم دەستبازیت لەگەڵ بکەن.) ئەمەش ھەمان ئەو ڕەفتارەیە فاندۆ بەرانبەر لیز ئەنجامی دەدات و لە ئەنجامدا پێی نیگەران دەبوو، ئەم دیدە لە چەند کارێکی ئاراباڵدا دووبارە دەبێتەوە، توندوتیژی پیاو بەرانبەر ژن، کە ھەندێک پێیانوایە لە ژیانی تایبەتی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە، کە باوکی مرۆڤێکی ئیفلیج و زەلیلی سەرجێگە بووە، دایکیشی مرۆڤێکی توند و خراپ بووە بۆ باوکی، بەڵام ئەم پێچەوانەی لە دۆخەی وەرگرتووە، نوزاندنەوە و پاڕانەوەی ژنێکی بێدەسەڵات لە بەرانبەر پیاوێکی توندوتیژدا لە کارەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

کۆی ئەم دوو شانۆنامەیە (جێرنیکا، گەشتێک بۆ شەڕگە) چیرۆکی تراژیدیا و ھاوکات گاڵتەجاڕانەی جەنگ دەخەنە ڕوو، (ئاراباڵ) مەبەستێتی پێمان بڵێت: جەنگ تەواوی شتەکان لە مانای ڕاستەقینەی خۆی دادەماڵێت، تا ئەو ئاستەی شوێن و کەسایەتییەکانمان لی تێکەڵ دەبێت، زانین کامە شوێن بۆ جەنگە و کامە بۆ سەیران، کامە مرۆڤ دۆستە و کامە نەیار، بەڵام ئەوەی ون نابێت پەیوەندی مرۆڤانەیە وەک لە شانۆنامەی (گەشتێک بۆ شەڕگە)دا دەرکەوێت، ئەوەی ون نابێت پەیوەندی مرۆڤانەیە، ئەوەتا لە ھەندێک ساتدا لە دیالۆگەکانی (زاپۆ و زیپۆ) کە یەکیان ئەویتری بە دیل گرتووە، نزیکە وادەربکەوێت ئەم دوو کاراکتەرە برای یەکتربن، نەک دووژمن، ھەتا ناوەکانیشیان لە ڕووی فۆنەتیکەوە لەسەر یەک ئاوان کە ئەمەش زۆرکات لە نێوان دوو برادا ڕوودەدات، کە دەکرێت (ئاراباڵ) بە ئەنقەست ئەو دوو ناوەی بۆ ئەو دوو کاراکتەرە ھەڵبژاردبێت، دیدی ئاراباڵ لەم شانۆنامەیەدا دیدێکی تەواو مرۆڤدۆستانەیە، ئەو دەیەوێت پێمان بڵێن ھیچ شتێک ڕێگر نییە لە بەردەم ئەو پەیوەندییە قوڵەی لە نێوان مرۆڤدا ھەیە، بە مەرجێک مرۆڤ بە ھەر ھۆیەک بێت ئەو پەیوەندییە چالاک بکات و نەھێڵێت، ئایین و گۆمەڵگا و سیاسەت و … ئەو پەیوەندییە سنوردار بکەن.

 

سەرچاوەکان

١-شانۆنامەی (فاندۆ و لیز) نووسینی: فێرناندۆ ئاراباڵ، وەرگێڕانی: فاروق ھۆمەر.

٢-شانۆنامەی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە) نوسینی: سامۆئیل بیکێت، وەرگێڕانی: سمکۆ ناکام.

٣-شانۆنامەی کۆتاییی گەمە، نوسینی سامۆئیل بیکێت، وەرگێڕانی: مستەفا قەسیم، پێدچوونەوەی: شوان جافەر.

٤-ھاڕۆڵد پینتەر، نوسینی: دانا ڕەئوف.

٥-شانۆنامەی جێرنیکا، نوسینی: فێرناندۆ ئاراباڵ، وەرگێڕانی: فاروق ھۆمەر.

٦-شانۆنامەی (گەشتێک بۆ شەڕگە) نوسینی: فێرناندۆ ئاراباڵ، وەرگێڕانی: فاروق ھۆمەر.

٧-سامۆئیل بیکێت، نوسەرە ترسناکەکە، نوسینی: داستان بەرزان، پاشکۆی ڕەخنەی چاودێر.

٨-شانۆنامەی (نزاکار)، نوسینی: فێرناندۆ ئاراباڵ، وەرگێڕانی: فاروق ھۆمەر

٩-پەیمانی کۆن، بەشێوەی کوردی سۆرانی، وەرگێڕانی: دەستەیەک

١٠-ڕەوتە نوێگەرەکانی شانۆی جیھانی، نوسینی: بورھان قەرەداخی

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین