سووتاندنی بەشێک لە پرۆژەی مێینە لە لایەن چەند کەسێکی نادیار - پرۆژەکە ناوی " مێینە" یە و چوار هەزار و 800 مەتر درێژە و 99 هەزار 678 ژن بەشدارییان تێداکردووە

هونەری مێێنە، ئاشنابوونەوەی هونەر لە گەڵ هەقیقەت


Loading

شارا تاهیر – نوسەر، فێمینست ، سایکۆلۆژست

هونەری مێێنە، ئاشنابوونەوەی هونەر لە گەڵ هەقیقەت

نوسینی: شارا تاهیر

لەم ماوەیەی پێشوودا خانمە هونەرمەند تارا عەبدوڵا، کارێکی هونەری بە ناوی (پرۆژەی میینە)، لە ئاسمانی شاری سلێمانیدا نمایشکرد. هەر دوا بە دوای نمایشکردنی کارەکە دەنگۆیەکی زۆری لێکەوتەوە، وەک هەموو کارێکی تری هونەری دوو جۆر لە جەماوەری بە لای خۆیدا ڕاکێشا. یەکەمیان ئەو گروپە بوون کە دەستخۆشیان لەم خانمە کرد و کارەکەیشیان وەک کارێکی ناوازە و سەرنجڕاکێش شوبهاند، چ وەک کارێکی هونەری وە هەمیش کە هەڵگری پرسێکی گرنگی وەک مەسەلەی توندوتیژی دژ بە ژنە. دووەمیان کۆمەڵیکی تر لە جەماوەر بوون کە جەختیان لە سەر بێمانایی و ناشرینی ئەم کارە کردەوە، پێیانوابوو کە هیچ پەیوەندییەکی بە هونەرەوە نییە،  بگرە زیاترسیمای شار و ئاسمانەکەی ورووژاندوە، تەنانەت ئەم گروپە ئەم کارەیان بە جۆرك ڕەتکردەوە و بە نەشیاو و دنەدەر بینیان، دوای رۆژێک لە نمایشکردنەکەی سووتاندیان.

پرۆژەی ئینستلەیشن بە ناوی پڕۆژەی ” مێینە” هونەرمەند تارا ئیبراهیم – چوار هەزار و 800 مەتر جلوبەرگی ڕۆژانەی ژنانە درێژە و 99 هەزار 678 ژن بەشدارییان تێداکردووە. لە شاری سلێمانی لە دوا هەفتەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دا نمایشکراوە.

هەڵبژاردنی من بۆ قسەکردن لەسەر ئەم کارە هونەرییە و ئامانج لێی پیاهەڵدانی کارە هونەرییەکە نییە وەک ستایشی ژنێک بۆ ژنێک، ئەگەر چی من تەواو سەرسامم بەو ئایدیایەی کەلە پشت کارە هونەرییەکەیە وشێوازی نمایشکردنەکەیشی، وەلێ لە گەڵ ئەوەیشدا مەبەست شیکارکردنی ئەو بونیاد و گوتارەیە کە لە پشت بەرەی دووەمی جەماوەرە بۆ لێکدانەوە و تێگەشتن لەم کارە هونەرییە. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی وورد و ئەکادیمی بتوانین ڕاڤە و شیکاری ئەو مۆتیڤە بکەین کەلە پشت ڕەخنەو دوا جاریش سووتانی کارەکەوەیە ئەوا هەوڵ دەدەم چەند گریمانەیەک لە کۆی ئەو ناڕەزایی و ڕەخنانەدا.

یەکەمیان: کارەکە هونەرییەکە شایانی نمایش نییە، چونکە ناشرینە وهەڵگری هیچ ڕۆحێکی ئێستەتیکی نییە.

دووەمیان:کارەکە هیچ پەیوەندی بە پرسی توندوتیژی دژ بە ژنانەوە نییە، هەر بۆیەش هەڵگری هیچ حەقیقەتێک نییە.

سێیەمیان: هەر خودی کارەکە خۆی هونەر نییە .

گەربە گریمانەی سێهەم دەتسپێبکەین کە گوایە  ئەم کارە فڕی بە سەر هونەرەوە نییە و ئەم خانمە هیچی نەکردەوە، بەڵكو بڕیك پەڕۆپەتاڵی بە ئاسمانی شاردا هەڵواسیوە وئەمەیش بۆتە ناشرینکردنی سیمای شار نەک جوانکردنی. بۆ ئەوەی بتوانم ئارگومێنتی ئەم گریمانەیە بکەم و بیسەلمێنم کە خودی گریمانەکە هێندەی پەیوەندی بە دەمارگیری و تاکڕەهەندی کاردانەوەی گروپێک لە مرۆڤ و جەماوەرەوە هەیە نیو هێندە هەڵوەستە نییە لە سەر چەمکی هونەرخۆی. ئەوا سەرەتا پێوستە بە پێناسەیەکی هونەر دەستپێبکەین. لە ڕاستیدا من لە هیگڵ

هێگڵ – هێڵكاری

باشتر شک نابەم تا بتوانم لە ڕێیەوە  ئارگومێنتی ئەو گریامەنەیە ی پێبکەم. هیگڵ دەڵێت:

``هونەر گوزارشتی مرۆڤە بۆ قووڵترین پێویستی و غەمەکانی خۆی ،هەموو ئەو شتانەی کە لە سەر ئەرز و ئاسماندا ڕوودەدەن، لە ناویشەوە ڕوودەدەن-ژیانی خودا و هەموو ئەو شتانەیش کە ڕوویان داوە، هەمووی هەر عەوداڵی ئەوەن کە مرۆڤ ڕۆحی خۆی بناسێتەوە، خۆی بکاتەوە بە ئۆبێکت بۆ خۆی، خۆی بدۆزێتەوە، ببێتەوە بە خۆی، خۆی ئاشنا بکاتەوە لەگەڵ خۆی“.

ئەگەرئەم دیدە هیگڵییەمان بۆ هونەر قبوڵ بێت و کەمێک لە کارەکەی تارایش ووردبینەوە و بزانین دەیەوێت گوزارشت لە چی بکات؟ ئەوا دەزانین کە تارا لە ڕێی ئەم کارەوە نەک دەیەوێت بە ڕۆحی خۆی ئاشنا بێتەوە و خۆیشی بدۆزیتەوە هەم وەک هونەرمەند وە هەمیش وەک ژنێک.  بەڵکو ڕۆحی هەموو ئەو ژنانەیش کە دەستدرێژیان بەرامبەر کراوە لە ڕیی  پارچە پارچەی جلەکانیانەوە جارێکی تر زیندوو دەکاتەوە، دەیانکاتەوە بە ئۆبێکت بۆ خۆیان.

بەڕای من هەڵواسینی تەنافێک لە پارچەی جلوبەرگی ئەو ژنانە، ئەگەرچی  بۆ هەندێک کارێکی نەشیاو ناشرین بێت، ئەوا بۆ من گەڕانەوەی جەستەی دایکی کوژراوە بە مانا کریستیڤایەکەی. کارەکەی تارا لەوەدا بۆ من هونەرە کە ئەو تێزەی (جولیا کریستیڤا) پشتڕاستدەکاتەوە کە تراژییدی یەکەمی مرۆڤ کوشتنی باوک و گرفتی ئۆدیپوس نییە بە مانا فرۆییدییەکەی بەڵکو گرفتی کوشتنی دایک و گرێی ئۆریستەیە (تراژیدییەکەی گریکیە کە تیایدا ئۆریستەی کوڕ، کلاتمینسترای دایکی دەکوژێت و دواتر لە ژیانی رەمزیدا دەیدۆزێتەوە).  جیاوازی لە نێوان ئەم کارە هونەرییە و ئەو تابلۆ و پەیکەرە بێسەرانەی کە لە مۆزەخانەی لۆڤەر نمایشکراون و ژولیا کرێستیڤا لە کتێبێکدا بە ناوی (سەرێکی بڕاو- دیدێکی سەرمایەداری)دا لە سەری نوسیوون ئەوەیە کە لانیکەم لە فیکرو هزری ڕۆژئاوادا بە یارمەتی هونەر خۆی، ژن هیچ نەبێت جەستەیەکی بێسەری بۆ ماوەتەوە تا خۆی بدۆزێتەوە و جارێکی تر خۆی بنوسێتەوە، بەڵام ژنی کورد لە ناو تەپوتۆزی ئەم سیستمە پەتریارکیەدا خاوەنی ئەو جەستە سەربڕاوەیش نییە و بگرە  هەر ئێسکوپروسکیشی نەماوە. ئەم کاردانەوە نائەقڵانییە بەرامبەر ئەو کارە ترس و تۆقینە لە ئەگەری گەڕانەوەی تارمایی دایکە کوژراوەکەیە، ترسە لە بەکارهێنانی سیمبول وەک ئاماژەیەک بۆ جەسەتەی هەلاهەلاکراوی ژن، ترسە لە ئەگەری دروستبوونی دەنگێگ بۆ خود دۆزینەوەی ژن بە دۆزی خۆی.

با بگەڕینەوە سەر گریمانەی یەکەم و وایدانێن کەتێزی سەرەکی ئەم ڕەخنەیە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە  کە ئەم گروپە بە دیدێکی ئێستەتیکیەوە تەماشای هونەر دەکەن و پێیانوایە هونەری جوان، هونەرێکە دەبێت چێژ بەخش بێت و لە خزمەتی جوانیدا بێت. با وایشیدانێین ئەم کەسانە سەر بەو بەرەیەن لە جەماوەر کە پێیانوایە هونەر هیج کارێکی بە سەر هەقیقەتەوە نییە بەڵکو (هونەری ڕووت)  ئەو هونەرەیە کە گوزارشت لە چێژو، جوانی و ئێستەتیکا دەکات. کاتێک هونەر دەبێت بە زمانحاڵی هەقیقەت ئەوا جەوهەری خۆی وندەکات. گەر بچینەوە سەر ئەو پێناسە سانایە بۆ ئێستەتیکا، کە هونەر بە تەنها وەک ئۆبێکتێک بۆچێژ دەبینێت و دەیخاتە دەرەوەی هەقیقەت و مۆڕاڵەوە، ئەوا  ئەم جۆرە لە دید و بۆچوون سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هونەر و ئێستەتیکا شتێکی نوێ نییە. کورتکردنەوەی کاری هونەری بۆ جوان یان ناشرین، چێژبەخش و چێژنەبەخش وایکردوە کە خودی هونەر ببێتە پرسێکی فەلسەفی و هزر و بیری فەیەلەسوفەکان داگیر بکات. وەلێ بۆ زیاتر تێگەشتن لەم دیدە  پێوستە بگەڕێنەوە سەر پەیوەندی نێوان (هونەر و هەقیقەت) چونکە بەرەیەکی تری فەیلوسوفمان هەیە کە بە چاوێکی زۆر ڕەخنە ئامێز دەڕوانە ئەم تێگەشتنە بۆ هونەر و پێیانوایە کە هونەر و کاری هونەری دەبێتت لە دەرەوەی بازنەی ئیتستەتکەوە تەماشبکرێت.

بۆ فەیلەسوفێکی وەک نیتچە پەیوەندی هونەر و هەقیقەت جۆرێک لە ترس و دڵەڕواكیێی بۆ دروستدەکات و بە ترسی پیرۆز ناوی دەبات. ئەو ترسەیشی لە بەر دوو هۆکارە؛ یەکەمیان ئەزموونی مرۆڤ سەبارەت بە هونەر و تێگەشتن لە هونەر ئەوەیە کە  هونەر خۆی شتێکە پەیوەندی تەواوی بە چێژەوە هەیە.  دووەم هۆکاریش ئەوەیە کە  هونەر و ئێستەتیکا خۆیان بابەت گەلێکن لە دەرەوەی هەقیقەت، لۆژیک و مۆڕاڵن. کەواتە کاتێک کە هونەر دەبیتە زمانحاڵ بۆ دەربڕین و گوزارشتکردن لە هەقیقەت دیوە ئێستەتیکیەکەی خۆی وندەکات و لە هونەر دەردەچێت. بەم دیوەدا دەتوانین بڵێین ڕەخنەی ئەو گروپە لە جەماوەر و لەم ڕوانگەیەوە لە جێگەی خۆدایەتی، چونکە ئەم کارە گوزارشتێکی تەواوە سەبارەت بە پرسێکی جیدی. خودی کارەکە هیج ئاماژە و تروسکایەکی لە چێژ بۆ تەماشاکەرانی نەگرتۆتە خۆی.  نەک هەر ئەوەیش بەڵکو بۆ ئەوەی بتوانێت  کارە هونەرییەکە ببینیت ئەوا دەبێت ڕووی خۆت بکەیتە ئاسمان، ڕەنگە ئەمە بۆ خۆی ئیشکالیەتی ئەم کارە بێت لە لای ئەم جەماەرە چونکە ئەوان دەزانن کە لە ئاسماندا تەنها و تەنها یەک حەقیقەت و یەک جوانی هەیە.

هایدگەر لە (بنەمای کاری هونەری) دا تەواو باوەڕ بەو ڕاستیە دەکات کە نەک هەر پێویستە بەسەر تێگەیشتنی ئێستەتیکا، بچیینەوە بەڵکو دەبێت تەواو خۆمانی لێ داببڕین، بەو پێیەی کە ئێستەتیکای تەقلیدی چیتر کاری خۆی نەکات. هایدگەر وەک هیگڵ ڕەهەندی ئێستەتیکی دەبەستێتەوە بە مەرگی هونەرەوە. ئەو پێیوایە کە ئەرکی هونەر وەسفکردن و شیکارکردن نییە، وەک چۆنیش ئیشی ئەوە نییە چێژ و خۆشی ببەخشێتەوە بەڵکو وەزیفە سەرەکیەکەی هونەر ئەوەیە، کە ئێمە  وەک بوونێک بخاتە ناو دونیایەکەوە تا لە ناویدا بتوانین لە هەقیقەتی بوونی خۆمان بگەین و بە هۆیەوە بەرگەی ئەو ژیانە بکەین کە بەرگەی  ژیانکردنی ناگرین . بە ڕای هایدگەر ئەوە کاری هونەرە کە دەتوانێت ئێمە لە  تەبیاتێکەوە   (میزاج، مود) و بخاتە ناو تەبیاتێکی  تر، ئەم تەبیات  گۆڕینەیە توانای بینین و تێگەشتنمان بۆ شتەکان هەم دەگۆڕێت وەهەم فێری فرە دید و فرە ڕەهەندماندەکات.

بە ىۆچوونی هایدگەر تێگەشتن و ئەزمونکردنی کاری هونەری بە تەنها  لە ڕوانگەی ئێستەتیکاوە نەک سوود بە کارە هونەرییەکە ناگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە زەرەرو دوورخستنەوەی هونەر لە وەزیفە سەرەکیەکەی خۆی کە ئەویش ئەرکە ئەخلاقیەکەیەتی. کورتکردنەوەی کاری هونەری بۆ دیکۆر وڕازانەوە نەک دەبێتەوە بە سوودو قازانچ بۆ هونەر و شكۆی هونەر بەڵكو خودی ئەم جەختکردنە لە سەر جوانی خۆی هەڕەشەیەکە لە سەر مرۆڤایەتی. هایدگەر لە پێشەکی (بنەمای کاری هونەری) دا و بە پاڵپشتی هیگڵ پەیوەندی نێوان هونەر و هەقیقەت پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت تێگەشتن و تەماشاکردنی هونەر لە دیدێکی ئێستەتیکییەوە هونەر لە وەزیفە سەرەکیەکەی خۆی دووردەخاتەوە. ئەو پێێوایە  کە هونەر باڵاترین ڕێگەیە کە بە هۆیەوە هەقیقەت دەتوانێت بگاتە ترۆپکی بوونی خۆی.  لە بەرئەوەی تیێزەی سەرەکی ئێستەتیکە لە بنەڕەتدا لە سەر بنەمای بەدەرکردن وئەفەرۆز کردن-مەبەست لە دەرکردنی شاعیرەکانە لە کۆماری پلاتۆ- وەستاوە کە ئەمانەیش جۆرێک لە هەقیقەت و ڕاستیان لە ناوەخنی خۆیاندا هەلگرتووە. ئەم جۆرە لە تێڕوانین بۆ تێگەشتن لە دیوە مەعریفیەکەی هونەر، هەر خودی هونەر خۆیشی بەکاردێننەوە بۆ ململانیکردن لەگەڵ هەقیقەت، هەر بۆیەیش هایدگەر زۆر دوورتر لە شیکارەکەی دەڕوات و دەکەوێتە ململانێ لە گەل پلاتۆیش پێیوایە دەبێت شاعیرەکان بگەڕێنێتەوە ناو کۆمارەکەی.

لەبەرئەوە شتێکی ئاساییە کاتێک فەیەلسوفێکی وەک هیگڵ هونەر دەخاتە ناو بازنەی ئایین و فەلەسەفەوە و دەڵێت: هونەری جوان بە هونەری ڕاستەقینە دانانرێت ئەگەر خۆی ئازاد نەکات و ئەرکە ڕاستەقینە و سەرەکیەکەی خۆی نەبینێت و نەچیتەوە ناو فەزای ئایین و فەلسەفە. بە مانایەکی تر، وەزیفەی هونەر بە گوزراشتکردن  لە سروشتی پیرۆز دەبینێت. بە ڕای هیگڵ ئەوە لە ڕێگەی هونەر و کارە هونەرییەکانەوەیە کە نەتەوەکان توانییویانە هزر و بیری ئەقڵیان و دڵیان نماش بکەن، هونەر بۆ زۆرێک لە مییللەتان شاکلیلە و هیچی تریان نییە تا لە زیرەکی خۆیان و ئایینەکەیان بگەن و ڕاڤەی بکەن.

هیگڵ لە ساڵانی نێوان ( 1829-1826) لە (وانەکانی لە سەر ئێستەتیکا)دا  لە زانکۆی بەرلیندا دەڵێت: کە هونەر مردووە، بەو مانایەی کە هونەر چیتر ئەوە هەقیقەتە لە خۆی ناگرێت و نمایش ناکات کە جەوهەرییە بۆ بوونی مرۆڤ. بەڵام ئێمە هەموو دەزاینن کە هونەر، لە دوای ئەم بەیانکردنەوی هیگڵ  سەبارەت بە مەرگی هونەر لە مۆدێرنەدا،نەک بەرەو دواوە نەچووە بەڵکو  بە هەزارەها کاری هونەی نوێ لە هەموو دونیادا هاتۆتە بەرهەم. ئەی کەواتە پرسیارەکە دەبێت چی بێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە هایدگەر باس لە دوو جۆر هونەر دەکات ئەویش یەکەمیان بە (هونەری مەزن)ناوی دەبات، هونەرێکە ئەو هەقیقەتە لە خۆی دەگرێت کە بۆ بوونی مرۆڤ جەوهەرییە، دووەمیان هونەرێکە کە بایەخ و گرنگی بە هەقیقەت نادات و ئیش لە سەر ئێستەتیکا دەکات کە خۆی دوورە لە هەقیقەتەوە، جوانی و لە حەقیقەت جیادەکاتەوە. بە ڕای هایدگەر ئێستەتیکا خودی کارە هونەرییەکە دەکاتەوە بە ئۆبێکت واتە کارە هونەرییەکە خۆی دەبێتەوە بە ئوبێکتیکی ئێستەتیکی. ئەوەی کە بڕیار لە سەر باش و خراپی یان جوانی و ناشرینی ئەم ئۆبێکتە ئێستەتیکیەی هونەر دەدات تێگەشتن و ئەزمونکردنی مرۆڤە بۆ ئۆبێکتەکە. ئەو شیێوەیەی کە چۆن مرۆڤ ئەزمونی کارێکی هونەری دەکات خۆی لە خۆیدا شێوازیکیشە بۆ ئەوەی شتێکیشمان لە سەر هزرو بیری مرۆڤ پێبڵێت. کانت لە پێشەکی یەکەمی (ڕەخنە لە بڕیاردان)دا، باس لە دوو جۆر ئێستەتیکا دەکات، یەکەمیان ئەوەیە کە پەیوەندی بە هەستەوە هەیە، واتە ئێستەتیکا دەبەسترێتەوە بە ئۆبێکتەوە یان بە دیاردەیەکەوە بۆ نموونە جوانی مانگ، زەردی پاییز ئەمانە سیما و خاسیەتە جوانی و ئێستەتیکای خۆیانیان هەیە. لە تێگەشتنمان بۆ جۆری یەکەم دەتوانین جۆری دووەم جیابکەینەوە کە بە هزرێکی ئێستەتیکیەوە تەماشای ئەوە دەکەین کە نمایشدەکرێت و ئۆبێکتی نمایشکراو پەیوەندی بە توانای مەعریفی نیەو ناچیتەوە سەری بەڵکو بە هەست و سۆز حوکمی لە سەر دەدرێت بە مانایەی چێژ بەخشە یان جێژبەخش نییە.

کەواتە پرسیارەکە دەبێت ئەوە بێت بۆ لە ئێستادا لە کۆمەڵگەیەکی تاکڕەهەندی وەک کۆمەڵگەی کوردی کارێکی هونەری  بە بیانووی ئێستەتیکەوە بسوتێنرێت؟ گەر ئەو ئارگومێێتەش بە هەند وەربگرین کە کارە هونەرییەکە خاوەنی مۆركیکی هونەری و ئێستەتیکی نییە بەلام هێشتا دەکرا بکەوتایەتە بەر شەپۆلی ڕەخنە و ئارگومێنتی جیدییەوە نەک سوتاندن. بە رای من ئەوەی کە سوتێنراو بەو پەلە پوڕوزێە خودی کارە هونەرییەکە نەبوو بەڵکو ئەو هەقیقەتە بوو کە لە پشت کارە هونەرییەکەوە خۆی مەڵاس دابوو. خودی کاردانەوەکە و سوتاندنی کارەکە، گریمانەی دووەم کە گوایە ئەو ئیشە هیچ پەیوەندی بە پرسی توندوتیژی دژ بە ژنانەوە نییە، هەر بۆیەش هەڵگری هیچ هەقیقەتێک نییە، پووچەڵدەکاتەوە و پێچەوانەکەیشی دەسەلمێنێت.

سووتاندنی بەشێک لە پرۆژەی مێینە لە لایەن چەند کەسێکی نادیار – پرۆژەکە ناوی ” مێینە” یە و چوار هەزار و 800 مەتر درێژە و 99 هەزار 678 ژن بەشدارییان تێداکردووە

ئەگەرچی هایدگەر پێێوایە  کە قەدەری هونەرمەند لە دونیای ئەمڕۆدا ئەوەیە کە  نەخۆی دەتوانێت جیگەیەکی گونجاو بۆ هونەرەکەی بدۆزێتەوە  تا نمایشی بکات، وە نە هونەرەکەیشی دەتوانێت جێگەیەکی هەبێت بۆ خۆی وە نە بۆ ئەو هونەرەیش کە بە دوای خۆیدا دێت.  بەڵام من دەڵێم  تارا وەک هونەرمەندێک توانی جێگەیەک بۆ هونەرەکەی بدۆزیتەوە وەلێ ئەوەی کارەکەی دابڕان لە هونەر خودی تارا خۆی بوو. ئەو هات بەر لە نمایشکردنی کارەکەی کۆی تەواوی ئایدیای پشت کارەکەی خۆی بۆ جەماوەر شیکردەوە و باسکرد، بەم کارەیشی  گرێی جوغزو سیحری هونەرەکەی  بەتاڵ کردەوە کە نەدەبوو بیکات، ئەی مەگەر ئەو وەک هونەرمەندێک نازانێت کە هونەر لە سانترین پێناسەیەدا جوغزێکە کە گرێ کردنەوەی ئەو جوغزەیش ئیشی هونەرمەند نییە بەڵکو کاری جەماوەرە. ئەوە جەماوەرە کە لە شتێک هەزارەها شت دەهۆنێتەوە، لە بوونێک چەندین بوون دروستدەکات. کاتێک تارا هات و خۆی بە دەست خۆی سیحری کارەکەی خۆی بەتاڵکردەوە، هیچی نە‌هێشتەوە بۆ ووتن، ئەوا زۆر سەیر نییە کە جەماوەریش بەو شیوەیە وەڵامی بدەنەوە سەرزەنشتی بکەن بە بیانوی ئەوەی کردوویەتی  کارێکی هونەری جوان نییە و لاساییە. تەنانەت فەیلەسوفێکی وەک کانت پێیوایە کە هەموو شتێکی جوان لە خۆیدا جوغزە، گەر تۆ گرێی ئەو لوغزەت کردەوە و ماسکەکەت ‌هەڵماڵی ئەوا ئەوەی دەمێنێتەوە کۆپی و لاساییە.

بە ڕای من کێشەبەندی  گەورەی زۆربەی کار هونەری کوردی بێئاگاییە لە ئیشکردن بە چەمکی ئەنگێزەی مەرگ و پەیوەندی بە هونەرەوە بە مانا فرۆییدییەکەی، ترۆپکی ئەم گرفتە یش تەواو لە پەیکەری (کولتور و خۆشەویستی) ی پەیکەرساز زیرەک میردا دیارە، کە من لە کاتێکی تردا دێمەوە سەر ئەم باسە. بەڵام لە ئێستادا ئەوەندە بەسە بڵێن کە ئەزموونکردن و تێگەشتن لە وکارە هونەرییەی تارا  وەک کارێکی ناشرین و دوور لە هونەر و جوانی، دوا جاریش سووتاندنی بە مەبەستی شاردنەوەی ئەو ناشرینی و عەیبوعارییەی کە گوایە؛ ئەم پرۆژە هونەرییە دروستیکردوە، ئەوەمان بۆ دووپاتدەکاتەوە کە ئەم سووتاندنە نەک بەهاو جەوهەری ئیشەکەی شاردەوە بەڵکو جەختی لەو ڕاستیەش کردەوە کە هونەر گەر ئاشنابێتەوە لە گەڵ هەقیقەت و زمانی دەربڕینی هەقیقەت بێت نەک تەواو نابێت و نامرێت بەڵكو ئەوەتا لە ناو سیاقێکی بەرتەسکی وەک کۆمەڵگەی کوردیدا بۆ یەکەم جار وەک هونەری مێینە لە دایک دەبێت.

سەرچاوەکان

1- Hegel, Introductory Lectures on Aesthetics, trans. Bernard Bosanquet.

2- Julia Kristeva, The Severed Head: Capital Visions, 2012.

3- Martin Heidegger, The Origin of the Work of Art,’ 1935.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌