ژان-لوک گۆدار و گلوبێر ڕۆشا، لەکاتی دەرهێنانی فیلمی: بای ڕۆژهەڵات

دوایین ڕسوایی گۆدار


Loading

دوایین ڕسوایی گۆدار[1]

 

ژان-لوک گۆدار و گلوبێر ڕۆشا لە کاتی دەرهێنانی فیلمی بای ڕۆژهەڵات

گلوبێر ڕۆشا وەک سێرژ دێنی وەسفی دەکات: گەورەترین دەرهێنەری بەڕازیله‌ بەڵام لەبیرکراوه‌. ئه‌و وه‌ك دامەزرێنەری سەرەکیی سینەما نۆڤۆ[2] و وەک دەرهێنەر و سینەفیلییەک، وەسوەسەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی هەبوو، ده‌یگووت: دواجار کام سینەما بەبێ باج دان و ملکەچكردن بۆ ئەمریکا و سەرمایەداریی، دەتوانێت بوونی هەبێت؟ ڕۆشا دەیگووت تەنانەت سینەمای گۆداریش لە ڕادیکاڵترین شێوەیدا بەرهەمی ڕاستەوخۆی سەرمایەدارییە و جۆرێکی دیکەیە لە سینەمای بازرگانی. لە کاتێکدا ئەو لەو دەرهێنەرە کەمانەی دەیەی شەست بوو کە گۆدار ستاییشی دەکرد و پەیوەندییان هەبوو، چونکە پێی وابوو سینەمای شۆڕشگێڕی جگە لە سینەما نۆڤۆ هیچی تر نییە: “کامێرایەک لە دەست و ئایدیایەک لە زیهن.” پەیوەندی گۆدار و ڕۆشا تا ئەو جێیە بەردوام بوو کاتێک گۆدار بانگێشتی ڕۆشا دەکات بۆ فیلمی بای ڕۆژهەڵات و لە دیمەنێکدا ڕۆشا چارەنووسی سینەمای سیاسی پیشانی ژنێکی دووگیان دەدا. لە فیستاڤاڵی ڤێنیس لە ساڵی ١٩٨٠ ڕۆشا: کە ئیتر هیچ کەس دەربارەی ئەو قسەی نەدەکرد، لووی مال (براوەی خەڵاتی شێری ئاڵتوونی ئەو ساڵە) و فیلمەکەی “شاری ئەتڵانتیک” بە خراپترین شێوەی گاڵتەی پێکرد چونکە بۆ ئەو تەنانەت شاری ئەتڵانتیکی مالیش ڕۆڵی ئیمپڕیالیزمی ئەمریکیی هەبوو. ئەو لە هەموو شوێنیک دەستی هاڵیوودی لە پشت پەردەوە دەبینی، دەستێکی دڕندە کە بە بڕوای ئەو لە دەستی ڕێخراوی سینەمای دیکتاتۆری بەڕازیل بە بۆگەنتر دەزانی. لەسەرو هەمووشییەوە لە راستیدا ڕۆشا دەرهێنەرێکی مەزن بوو، پێغەمبەرێک لە سینەمادا، ئەمڕۆ تەنانەت ئەو بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ناسینی فۆلکلۆری ئەمریکای لاتین دادەنرێت.

ئەوەی لە خوارەوە دێت یادداشتێکە بە ناوی “دوایین ڕسوایی گۆدار” کە ڕۆشا دەربارەی ئەزموونی خۆی لە فیلمەکەی گۆداردا نووسیویەتی. لەم یادداشتە بوێرانە و ڕادیکاڵەدا گۆدار دەکوتێت و ئەو وەک ژیگۆلۆیەکی بۆرژوای سویسڕی دەخوێنێتەوە. هەرچەند لەنێوان ڕەخنە تووندەکانی، ڕۆشا گۆدار وەک: گەورەترین دەرهێنەری سینەما دوای ئایزنشتاین وەسف دەکات، بەڵام کاتێک نایەوێت دوبارە پێناسەی سینەما بکاتەوە[3]:

گوتەی ئەمساڵ دەربارەی شاری [ڕۆما] بای ڕۆژهەڵات دەبێت[4]، دوایین فیلمی ژان-لوک گۆدار، کە دوای فیلمی چێژی فێربوون[5] و پیش فیلمی پراڤادا[6] دروستکراوە. فیلمێکی ئیتاڵی. کە هێشتا هەروەک نهێنی و ڕازێکە. شتێک کە بڕیار بوو هێندەی ژیان و بە ئەندازەی ژیان شیرین بێت [کە نییە!]. سێنەریز، دابەشکاری گەورە بە هاوکاری بڵاوکراوەی ڕیزۆلی بڕی سەد هەزار دۆلاری داوە بە جیانی بارسێلۆنی بۆ بەرهەمهێنانی “فیلمێکی وێسترنی ڕەنگاوڕەنگ لە نووسینی کۆهن-بێندیت، دەرهێنانی ژان لوک گۆدار و ڕۆڵبینینی ژان ماری ڤۆلۆنتە.” بەڵام ئایا فیلمەکە پێویستی بە گوێڕایەڵیی مەرجەکانی سینەریز هەیە؟ من فیلمەکەم لە نمایشێکی تایبەت لە کۆمپانیاکەدا بینی، لە کاتێکدا بەرهەمهێن و پارێزەرەکەی ڕێنوێنییان دەکردم. سینەریز چاوەڕێی ئەوەیە کە فیلمەکە بفرۆشێت بەڵام وادیارە چاوەڕوانییەکی بێ هوودەیە و فیلمەکە هیچ لەو چاوەڕوانیەی ئەواندا نەبوو کە پێشبینیان دەکرد، هەڕەشە لە بەرهەمهێنەرەکان دەکات بۆ وەرگرتنەوەی پارەکەی بەڵام ئەمە لە کاتێکدا کە هیشتا هیچیان فیلمەکەیان نەبینیووە. نەبینینی فیلمەکە و هەموو ئەم کێشانە وەک شێتانەترین نوکتە دەردەکەوێت. بۆ نموونە: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گەنجێکم بینی و لێمی پرسی:”بیستووتە؟ لە دوایین فیلمی گۆدار دوو ئەسپ لەگەڵ یەکتر دەربارەی ماو[تسی تۆنگ] گفتوگۆ دەکەن!”.

دە خولەک بەر لە دەستپێکی فیلمەکە جانی بارسێلۆنی داوای جگەرەیەکی لێمکرد، کاتێک شخارتەکەم داگیرساند تێبینیم کرد دەگریەت. لە تەنیشتیەوە پارێزەرەکە بە بێدەنگی وەستابوو. کاتێک گەڕاینەوە هۆڵەکە، لە کۆتا ڕیزی کورسییەکان ئێتۆرا ڕۆزبەک دانیشتبوو، گەنجێکی ملیۆنێری قژدریژ. پاش تێپەڕینی دە خولەک، هێشتا فیلمەکە لە سکانسی یەکەمدا بوو، واتا ئەو شوێنەی کە دوو گەنج لە سەر چیمەن پاڵکەتوون و ساوندتراکی گۆدار (لە کاتێکدا لە کەشێکی سرووشتی دروستکراوە و درووشمی سیاسی دەگوترێتەوە) دەبیسترێت، گۆداری دوبارە! بەڵام ئەم نوکتە[7]یە لێرە تەواو دەبێت. دوای نیو کاتژمێر، ڕووناکییەکان هەڵکران و پارێزەرەکە شێتانە دەیگوت:” من لەگەڵ قسەکانی گۆدار هاوڕام، بەڵام ئەمە فیلم نییە! سینەریز داوامان لەسەر تۆمار دەکات!”

من وەڵامیم داوە و گوتم:”گوێبگرە دکتۆر، ئەو شتەی کە بە شێوازێکی هونەری پێناسەی فیلم دەکات ماوەی چاپ بوونی دەنگ و وێنەیە. کەواتە بە شێوەیەکی زانستی و کرداری ئەو شتەی تەماشای دەکەیت فیلمە.” پارێزەرەکەش وەڵامی دایەوە: “من پیاوێکی کرداریم، ئەو شتەی ئێمە وا تەماشای دەکەین دادوەر بڕیار دەدات کە ئەمە فیلمە یان نا.”

وەڵامی پاریزەرەکەم دایەوە: “جەناب، لە چەمکی جوانیناسیدا هیچ یاسایەک بوونی نییە کە بڵێت فیلم چییە! ئەگەر هەر دادوەرێکیش بڕیاری ئەوەی دا کە ئەمە فیلم نییە، تۆ دەتوانی داوای ئیستیناف[8] بکەیت.”

لە ناوەڕاستی گفتوگۆکەدا و لەناکاو ڕووناکییەکان کوژانەوە و وێنەیەک لە سەر پەردە نمایش بوو لەگەڵ دەنگی گۆدار. گۆدار بە تۆنی قەشەیەکی پڕۆتستانتی پرسیی: سینەما چییە؟ پاریزەرەکە دای لە قاقای پێکەنین و گۆدار لە قسەکانی بەردەوام بوو و لە سەر پەردە وێنەی جان ماریا ڤۆلۆنتەی لە سەر ئەسپیک پیشان دەدا، کە جەستەی سوورپیستێک ڕادەکیشێت.

گلوبێر ڕۆشا و گۆدار

فیلم چییە؟ هەموو ڕۆژ بەڕێوبەرەکان فەرمان بە دەرهێنەرەکان دەدەن کە فیلم دروست بکەن. ئەم بەڕێوبەرانە دەکرێت برێژنێفمۆسفیلم یاخود نیکسۆنپارامۆنت بن. ئەو دیمەنەی لە فیلمەکەی گۆدار بینیمان لە راستیدا دیمەنێکی دوبارە و ئاسایی وێسترنی هاڵیوودی بوو: ئەفسەرێکی پیادەی ئەمریکی سوورپێستێک ئەشکەنجە دەدات. ئەم دیمەنە دووبارە بۆتەوە، بەڵام ئەم جارە ئەم ئەفسەرە خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکی باوی شۆڕشگێڕانەیە. لەم دیمەنەدا وێنەیەک دەبینین و گوێمان لە دەنگی فیلمێکی پێشکوتووە، وەک ئەو فیلمانەی هەموو ساڵیک بۆ فیستاڤاڵگەلێکی وەک پازارۆ و لایپزیک دەنێردرێن: فیلمێک کە هاوشێوەی فیلمەکانی پێشووترە کە بینیمان، پیشاندانی هەمان وێنەی سەرنجڕاکێش بە ناوەڕۆکی بەتاڵ.

دوای ئەوە، کۆمەڵێک وێنەی دیکە پیشان دەدرێن لەگەڵ کۆمەڵێک پرسیار دەربارەی سینەمای سەربازی کە هەمیشە ڕوحێکی ڕەخنەیی هەیە. بە پارێزەرەکەم گوت: “ئێستا بینیت، ئەم کیشەیە بەردەوام دەبێت. ئەگەر دادوەر بیەوێت وەک گەوادێک هەڵسوکەوت بکات (واتا بڕیار بدات کە ئەمە فیلم نییە) ئەو کات دەبێت بانگی مۆراڤیا، لیۆ شتراوس، مارکۆزە و سارتەر بکەیت بۆ ڕوونکردنەوە دەربارەی ئەو فیلمەی بینیت. فیلمی گۆدار دەتوانیت زەڕبە بوەشێنێت، سێنەریز پێی باشترە سەد هەزار دۆلار لەدەست بدات لەبری ئەوەی ئابڕووی بچێت.”

پارێزەرەکە گوێی لە دەنگم نەبوو، چونکە بە تەواوی نوقمی فیلمەکە بووبوو. بارسێلۆنی نزای دەخوێند. وادیار بوو ئێتورا مەسخی ئەو بێدەنگییە ئاژەڵییە بوو کە لە ئامادەیی بلیمەتێکی ئاڵۆز دروست بووە.

وێنەگەلێکی زۆر هاتن و ڕۆیشتن لە کاتێکدا فیلمەکە تەژی بوو لە گوتە و گفتوگۆ، دواتر فیلمەکە تەواو بوو. پارێزەرەکە ئیستا لە جارەکانی پیشوو تووڕەتر بوو، لە کاتی هەستان پێم گوت: “بە بڕوای من تەنیا کیشەی فیلمەکە ئەوەیە ڕەنگە نەتوانێت لە سانسۆری ئیتاڵیا دەرباز بێت. جگە لەمە کێشەیەکی تری نییە و بەهەمان ئەندازەی ئەوەی فیلمێکی باشە، فیلمێکی بازرگانیشە وەک فیلمەکانی تر.”

پارێزەرەکە پێیگوتم تۆ گەشبینیت و ڕۆیشت. منیش لەگەڵ دەنگ هەڵگری فیلمەکە، خۆزێ ئەنتۆنیۆ ڤێنتورا لە ساڵۆنەکە ڕۆیشتمە دەر و هەندێک شتم پێگوت: “مۆنتاژی دەنگی فیلمەکە نایاب بوو و گۆدار ڕۆژێک واز لە تۆمارکردنی دەنگ دەهێنێت. هەروەها ئەمە هەرگیز فیلمێکی سیاسی نییە کە عادەتەن گۆدار دروستی دەکات، بەڵکو فیلمێکی ئانارشیستییە لە سەر هێڵی کارەکانی ئارتۆ و جاری.” ڤێنتورا قسەکانمی پشتڕاست کردەوە و گوتم: “وەک جوویەک، بەڵام ئێمە لە بەڕازیل بە سەد هەزار دۆلار دەتوانین پیشەسازی فیلم دروست بکەین!”

ئان ڤیازمێسکی – بای ڕۆژهەڵات

کاتێک جیانیم بینی گوتم:” شتێک لە مۆنتاژی دەنگ و وێنەکاندا هەیە کە من بێزار دەکات: ئانارشیزمێکی بۆرژوازی، وێرانکاریی ئەخلاقی، شتێک کە خۆی زۆر بە جددی وەردەگرێت. جیانی چی دەبوو ئەگەر [سباستیان] باخ بۆ ئەوەی گوێی لێ بگیرێت لە فیستیڤاڵێکی مۆسیقی، دەستەواژەی چەپگەرایی لە مۆسیقاکەی بەکار دەهێنا؟ یاخود مۆندریان نیگاری چەپە ئەفسانەکانی لە تابلۆکانی دەکێشا؟ تەنانەت لە بەڕازیلیش ئەگەر تۆم[9] خۆی بەدەستەوە دا و سوودی لە دەستەواژەی چەپەکان وەردەگرت لە مۆسیقاکەی؟ دەزانی جیانی، لە یادمە ڕۆژێک نیکۆڵاس ڕەیی پیر لە فیستیڤاڵی کان پێیگوتم:” هەرجارێک تەماشای فیلمەکانی گۆدار دەکەم هیچ نامجووڵێنن لەگەڵ ئەوەی وێنەکانیش جوانن، کێشەی گەورەی ژان-لوک ئەوەیە کە بوێریی ئەوەی نییە دەربارەی خۆی بدوێ.”

جیانی وەڵامی دایەوە:” ژان-لوک نیگەرانم دەکات.”

ڕووم کردە ڤێنتورای پیر، “دەزانی زێ! نائومێدیی گەورەی گۆدار ئەوەیە ناتوانێت کەشوهەوایەکی سیاسی دروست بکات، ناتوانێت تووندوتیژی نەهێڵێت. هەمیشە بە لایەنێکی تیۆری لە واقیع نزیک دەبێتەوە. کاتێک گۆدار ئەفسەرێکی سووپای ئەمریکی نیشان دەدات کە خوێندکارێک ئازار دەدات ناتوانێت هیچ ترسێک پیشان بدات لەو گرتە جوانەدا. یەکێک لە جوانترین گرتەکانی سینەما، گرتەیەک کە دەتوانێت هەر سینەفیلییەک ببوورێنێتەوە.”

“ڕاستە.” زێ قسەکەمی پشتڕاست کردەوە:” لەو دیمەنەی کە ئەفسەرەکە هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەران، گۆدار دەیویست دیمەنێکی دڕندانە دەرچێت بۆیە داوای لێم کرد کە دەنگەکە بەرزتر بکەمەوە، ئیتر ئەوەی کە مایەوە هەر ئەوە بوو کە بینیت، دیمەنێکی سادە و تەقریبەن لیریکی.”

“بەڵام ئەم دیمەنە زۆر جوان و زیرەکانە دەرچووە! چونکە هاوکات چوار کامێرا وێنە دەگرن، لە مێژووی سینەمادا بێ وێنەیە.” من وەڵامی زێم دایەوە و ئەویش بە چرپەوە لەبەر خۆیەوە گوتی:”بەڵێ، بەڕاستی جوانە.”

درێژەم بە قسەکانم دا:” زێ! تا زیاتر بیر لە فیلمەکە دەکەمەوە زیاتر دژی فیلمەکەم، چونکە ئەوە ئێمەین بووینەتە هۆکاری لاوازی و خراپی فیلمەکە. ئەم فیلمە چیرۆکی بەدبەختی و نەگبەتیی ئێمەیە لەلایەن بۆرژوایەکی فەڕەنسی کە خەریکی کاری خۆیەتی و مارکسیزم شیدەکاتەوە. بابەتێک کە ڕەنگە من زۆر باش لێی تێنەگەم بەڵام لەوە دڵنیام ئەویش هێندەی من لێی حاڵی دەبێت. ئەگەر پڕۆفیسۆرێکی زانستە سیاسییەکان یارمەتیی بدات کارەکانی باشتر دەبن. هەرچۆنێک بێت، پێموایە ئەم هەوڵە بێئومێدانە بۆ شیکردنەوەی مارکسیزم ناتوانێت کیشەکانی ئەمڕۆ چارەسەربکات، نازانم… ئەم فیلمە لە نوکتەیەکی گەورە دەچێت.”

بەردەوام بوونم لەسەر کاردانەوەم بەرانبەر فیلمەکەی گۆدار بێ سوودە. لە بەڕازیل کاتێک ڕۆشنبیرێک حەز بە فیلمێکی سینەما نۆڤۆ نەکات، بە تۆنی پیاوێکی زاناوە دەڵێت:”ئەمە فیلم نییە.” بە شێوەیەکی گشتی سینەما بۆ ڕۆشنبیرەکان ئەوەیە کە ملکەچی مۆدیلی ئەمریکا ببێت، ئەو سینەمایەی ئەوان لە منداڵییەوە تەماشای دەکەن هاوشان لەگەڵ گرێی ئۆدیبیاندا: بە کەمترین بزۆکی و هاندان. ئەمەش گەمژەییەکی تەواوەتییە. ڕۆژێک لە کەنار دەریا ڕۆشنبیرێکی ڕیۆ پێیگوتم:”حەزم لە فیلمی El Justicero [10] نییە چونکە کامیراکە هەمیشە جێگیرە، لە فیلمە کۆمیدییەکان دەبێت کامیرا زۆر بجووڵێت.”

و لە هەموو گرووپەکان وەکو کابرای باوک ڕەفتار دەکەن. ڕۆشنبیرانی مۆد[11]، ئەوانەی کە لە ئێستادا مۆدیلێکی سینەمای مۆدێرنیان لە مێشکدایە، دەبێت دەربارەی کارەکەی گۆدار (بای ڕۆژهەڵات)ـیش بڵێم کە ئەوان دەترسێنێت. من هۆشیاری دەدەم بە هەموو ئەو گەنجانەی لەم چوار-پێنج ساڵەی ڕابردوودا لاسایی گۆداریان دەکردەوە: ئەوان دەبێت خێراتر بەرەو پیش بچن، لەکاتێکدا لە دوایین دوو فیلمیدا گۆدار دەبێت هەموو شتێک بگۆڕێت و بە جۆرێکی تر فیلم دروست بکات، چونکە بەڕاستی ئەم جۆرە کارکردنە دوبارەبووەوەیە شایەنی لاساییکردنەوە نییە. هەر چەند زیاتر بیر دەکەمەوە بەداخەوە لەگەڵ [فیلمی] بای ڕۆژهەڵات مۆدیلی گۆدار کۆتایی پێهات و ئەوەش ژان-لوک خۆیاتی کۆتایی بە خۆی دەهێنێت، بە زیرەکییە ترسناکەکەی. ئەمانە دوایین قسەم بوو بە ڤێنتورام گوت:”تراژیادیا گەورەکە لەوەدایە کە لە ئەمریکای لاتین، ئارەزوویەکی ترسناکی لاسایی و تەقلیدکردنەوە هەیە، هەر وەک چۆن ئەفریقییەکان دەبێت دەرگای چوونەدەرەوە نیشانی سپیپێستەکان بدەن، ئێمەش دەبێت ڕێگری بکەین لەو فیلمە بێگانانەی دەرەوەی بەڕازیل. سینەمای بەڕازیل تەنیا کاتێک پێش دەکەوێت کە بینەران، ڕەخنەگران و فیلمسازان تەنیا فیلمی بەڕازیلی ببینن. بۆ گۆدار سینەما کۆتایی هاتووە، بۆ ئێمەش سینەما تازە دەست پێدەکات. ئێمە لە بەڕازیل کامێرامانی وەک دیب لوتفی[12]مان هەیە کە بە گرتەدرێژەکانی Long Shot ئەرز و زەوی دەدات بەیەکدا! گۆدار ئەگەر کارەکانی دیب ببینێت دەکەوێتە سەر زەوی و چاوەکانی پڕ لە فرمێسک دەبن.”

لە بەردەم ئەو پیاوە لاواز، کەچەڵ و چل ساڵەیەدا هەستی پوورێکی میهرەبانم هەبوو کە شەرم دەکات لە پێدانی شیرینی بە برازا دڵتەنگەکەی. وێنەیەکی گەمژانەیە، بەڵام گۆدار هەستەکان دەخرۆشێنێت. با جددیتر قسە بکەم: وەک باخ یان مایکلئەنجیلۆ کە سپاگێتییەکی پڕ لە سیسرک دەخوات و بیر دەکاتەوە کڵێسای سیستین یاخود ئاکتوس تراگیکوس شایەنی وێنەکێشان نین. گۆدار ئێستا لە هەمان بارودۆخدایە: متەوازعتر لە فرانسیس ئەسیسی، شەرمکردن لە بلیمەتییەکەی، خۆشاردنەوە لە جیهان، وەک منداڵ گریان کاتێک بارسێلۆنی گاڵتەی پێدەکرد، گلەیی کردن لەوەی لەبیرکراوە و وێران بووە، سەرکەوتنی و بوونە گەورەترین دەرهێنەر لە دوای ئایزنشتاین، ڕاستڕەوێکی ئانارشیی بۆرژوای سویسڕیی. تکایە ئەم کارە بوەستێنە، :”من تەنیا کرێکارێکم لە سینەمادا، کەواتە لەگەڵ مندا دەربارەی سینەما قسە مەکە، من تەنیا دەمەوێت شۆڕش بکەم، کۆمەک بە مرۆڤایەتی بکەم.”

ئەمە گۆدارە، پەنابردنە بەر یانەی چەپەکان بۆ داواکاریی کۆمەک، سوود وەرگرتن لە پارەی پرۆدەکشنەکان بۆ گوزەراندنی پشوویەکی خۆش لە سیسیل، جێهێشتنی کۆهن بێندیت و لێکۆڵینەوە هیستیریکەکەی ماو-سپۆتیک و خێڕا ڕاکردن بەرەو پاریس بۆ نماییشی هەندێک بەشی فیلمەکەی دەربارەی چیکۆسلۆڤاکیا، گەڕانەوە بۆ ڕۆم و ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەو نایەوێت لە ڕێی فیلمەوە پارەی دەستبکەوێت و لە کۆتاییدا گلەیی کردن لە من کە ئەقڵیەتی بەرهەمهێنێکی سینەماییم هەیە. دوای هەموو ئەم ڕووداوانە، داوا لە من دەکات بۆ وێرانکردنی سینەما کۆمەکی بکەم. من پێم گوت کاری من شتێکی دیکەیە، کاری من دروستکردنی فیلمە لە بەڕازیل و جیهانی سێیەم. دواتر داوام لێدەکات لە فیلمی بای ڕۆژهەڵات دەور ببینم و ئەگەر حەزیش بکەم ببمە دەرهێنەری بەشێکی فیلمەکەش، من کە مەیموونێکی پیرم پێم گوت وەرەوە سەر خۆت، چونکە من تەنیا بۆ سەرکێشی و ماجەرا لێرەم، ئەوەندە گەمژە نیم لەگەڵ بە بزووتنەوەی ژیگۆلۆی لەبیرنەکراوی مانگی ئەیاری ٦٨ بکەومە چاڵەکەوە.

کاری گۆدار سادەکردنەوەی هەموو پرسەکانی ئەمڕۆی ڕۆشنبیریی ئەورووپایە بۆ یەک پرسیار: ئایە هونەر شایەنی ئافراندنە؟ دەبێت بڵێم ئەمە پرسێکی کۆنە، پاولۆ فرانسیس[13] دەڵێت: [جەیمز] جۆیس ڕۆمانی تێکدا! و ئەوە ئەو شتەیە ئەمرۆ ئەورووپییەکان بێزار دەکات: بابەتی سوودی هونەر بابەتێکی دێرینە، بەڵام دیسان بۆتەوە بە مۆد و لە سینەمادا گۆدار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، تەنیا ماوەتەوە. گۆدار ئەو شتەیە کە فێرناندۆ سۆلاناس[14] لە بۆینس ئایرس پێمانی پیشان دا: حەقیقەت ئەمەیە، ڕۆشنبیرانی ئێمە تێبگەن یا تێنەگەن سینەمای ئەورووپا و ئەمریکا گەیشتۆتە ڕیگەی کۆتایی و هیچ هیوایەکیش نەماوە، تەنیا هیوایەکیش بۆ سینەما مابێتەوە، دروستکردنی فیلمی وڵاتانی جیهانی سێیەمە. لە ڕاستیدا ئەوە دەرکەوتەی هەمان قەیرانە ئەگەر نا بۆچی گۆدار داوا لە ئێمە دەکات لەگەڵیدا فیلم دروست بکەین؟

 

لە [فیلمی] بای ڕۆژهەڵات لە من دەپرسێت کە رێی چارەنووسی سینەما چییە؟ و خۆی وەڵامی دەداتەوە:”ئەم ڕێیە سینەمای سەرکێشیی جوانیناسیی و پرسی فەلسەفییە، لە کاتێکدا سینەمای جیهانی سێیەم: سینەمای ترسناک، مەعنەوی و بێ ناوەڕۆک، لە شوێنێک کە بابەتە پراکتیکییەکان بڕیاردەدەن، پرۆدەکشن و بریکاری پەخش و ڕاهێنانی ٣٠٠ دەرهێنەر بۆ دەرهێنانی ٦٠٠ فیلم لە ساڵیکدا تەنیا لە بەڕازیل، ئەویش بۆ پاشەکەوتی پارەیەکی زۆر بۆ یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی جیهان.”

“کام ڕێگە ڕێی سینەمای سیاسییە”
گلوبێر ڕۆشا وەک ئەکتەر لە بای ڕۆژهەڵات

دوبارەی دەکەمەوە: جیاوازییەکە ئەوەیە، لە لایەک شەکەتییەکی گشتی هەیە لەلایەن تەماحی سەرمایەی گەورە و تەنانەت گۆدار، لە دۆخی نائومێدانەیدا و بە هەمان ئەندازەی ویستی ئەو بۆ دەرباز بوون لێی، خەریکی دروستکردنی فیلم لە دوای فیلمە. فیلمگەلێک کە هەر لەلایەن خودی ئەو سیستەمەوە پشتگیریی دارایی دەکرێت. سیستەمێک هیچ بۆی گرنگ نییە گۆدار بە هەموو توانایەکییەوە هێرشی دەکاتە سەر، چونکە خودی سینەما ئێستا شەکەت بووە و تەواوی جیهانی ئەمڕۆش بەهۆی بۆمبە ئەتۆمییەکان لە حاڵی وێران بووندایە.

بودجەی فیلمی بای ڕۆژهەڵات لەلایەن ئێتورا رۆزبەکەوە دابینکراوە و ئەم گەنجە نوێنەری فیاتە[15]. لە کاتێکدا لەم دواییانەدا فیات پارەی چەند فیلمێکی تیرۆریستی و ئانارشیستیی دابین کردووە و لە بنچینەدا ئێتورا هیچ بۆی گرنگ نییە چ جۆرر فیلمێک دروست دەکرێت، چونکە ئەم فیلمە وەک هەر فیلمێکی تر بێ زەرەر و زیانە، و جوانیی مەزنی فیلمەکە تەنیا ئەوەیە: جوانییەکی غەمگین لەلایەن بلیمەتێکی دڵتەنگەوە شاعیرێک لەدایک بووە. لەلایەکی دیکە فیلمەکە ماندووە، هەر بۆیە هیچ وێنەدانەوەیەکی نییە، بە پێچەوانەوە ئێمە لیرەین، ئێمە، ئەوانی دیی جیهانی سێیەم دەبینین و ڕێی فیلم دروستکردنمان هەیە.

 

گۆدار و هاوکارانی لەسەرو سفرەوەن، ئێمە لەژیر سفرەوە

ئێمە بۆ بەرگری لە خۆمان سەرمایەیەکی گەورەمان نییە. بە پێچەوانەوە بە تووندی سانسۆر لە پشتگیرییەکانمان دەکەین. هەروەها ئێمە بینەرانێکمان هەیە کە ڕقیان لە فیلمەکانمانە، چونکە موعتادی فیلمە بازرگانی و بیانیی و نەتەویی بوون، هەروەها لە سەرەوەی بازاڕەکەدا، ڕۆشنبیرانێکمان هەیە ڕقیان لە فیلمەکانی ئێمە دەبێت چونکە موعتادی فیلمەکانی گۆدار بوون و لە ڕاستیشدا ئەمانە ڕقیان لێمانە کە چونکە لە وڵاتێکدا فیلم دروست ناکەین کە ئەستیرەی وەک گاری کووپەری تێدا نییە و بە زمانێک دروست نەکراوە، کە چۆن بڵێت:”I Love You” زۆر بە سادەیی جیاوازییەکە هەر ئەمەیە، ئەوەی کە شایەنی گوتنە و دواهەمین قسەم لەبارەی گۆدارەوە بکەم:

هونەر لە بەڕازیل (یاخود هەر وڵاتێکی دیی جیهانی سێیەم) واقیعترن، بەڵی قوربان! وڵاتە گەشەنەکردووەکان کە هونەری بەهێز یاخود نیشتیمانیی شێتانەی نییە، شایەنی بەزەییە. چونکە بەبێ هونەرەکەی لاوازترە (مێشکیشی دەکرێت داگیربکرێت) و لێرەوە دەکرێت ترسناکترین داگیرکاریی ئابووری سەرهەڵبدات. بەتایبەت لە بواری سینەمادا، داوا لە هاوکارەکانم دەکەم بەبێ هیچ گومانێک، لە ڕەخنە و سووکایەتی و بوختانەکان ئارام بگرن، چونکە من ئێستا بێگومان بەو ئەنجامە گەیشتووم سینەما نۆڤۆی بەڕازیل لە ئیستادا ئەو وێنە و دەنگانە بەرهەم دەهێنێت کە دەتوانین ناوی بنێین سینەمای مۆدێرن.

دوای تەماشاکردنی بای ڕۆژهەڵات ئەو قسانە کۆتاییم بە پارێزەرەکە نەگوت چونکە خۆشی حەزی لە فیلمەکە نەبوو، منیش نەمدەویست ئاگرەکە خۆشتر بکەم، بەڵام ئیستا چ پێیان خۆش بێت یاخود نا دەمەوێت بە هەموان بڵێم، لیرە واتا دوور لەو سەرزەمینەی زۆرم خۆش دەوێت: من بە کڵۆز-ئەپ (گرتەی نزیک) جەستەی گۆدارم بینی، لە سەر شاشە خۆی کوشتبوو، ئەوە وێنەی مرگی داگیرکار بوو. هاوڕێیان، من جەستەی مردووی کۆڵۆنیام بینی! ئەگەر وەک بەڕازیلییەک هەندێک ئیمتیازاتم وەرگرتبێت من ببەخشن، بەڵام ئەوەی لەم هەواڵەدا دەمەوێت ڕایبگەیەنم و ببیسترێت: ئێمە بەردەوام دەبین لە دروستکردنی فیلم لە بەڕازیل!

 

 

سەرچاوە:

https://www.diagonalthoughts.com/?p=2020

[1] بۆ یەکەم جار لە ٣١ـی جانیوەری ساڵی ١٩٧٠ لە گۆڤاری مانچێتە، ژمارە ٩٢٨دا بڵاو بۆتەوە بە ناونیشانی O último escândalo de Godard.

[2] بۆ خوێندنەوەی مانیفێستۆی سینەما نۆڤۆ، نووسینی گلوبێر ڕۆشا، بڕوانە:

http://cultureproject.org.uk/kurdish/cinema-novo-g-r-ravin-kameran/

[3] http://www.nhst.ir/1397/08/26/cinema/5444/

[4] Wind from the east – Jean-luc Godard – 1970

[5] La Gai Savoir – Jean-luc Godard – 1969

[6] Pravada – Jean-luc Godard – 1970

[7] Joke

[8] Appeal

[9] ئەنتۆنیۆ “تۆم” کارلۆس برازیلیرۆ دی ئالمێدیا جۆبیم (٢٥ـی جانیوەریی ١٩٢٧ – ٨ـی دیسێمبەر ١٩٩٤) ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی بەڕازیلی.

[10] El Justicero by Nelson Pereira dos antos in 1967

[11] The fashionable intellectuals

[12] Dib Lutfi

[13] پاولۆ فرانسیس (١٩٣٠ – ١٩٩٧): ڕۆژنامەنووس، ڕۆماننووس و ڕەخنەگری بەڕازیلی.

[14] فێرناندۆ ئێزکویلا سۆلاناس: دەرهێنەر، سیناریۆنووس و سیاسیی ئەرژەنتینی.

[15] :Fiat Money دراوی کاغەزی کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەردەکرێت بە بێ ئەوەی لە بەرانبەر بڕی دراوەکە، ئاڵتوون لە خەزێنەدا هەبێت.

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.