من زمانی كوردیم خۆشده‌وێت

پڕۆژەی چێکردنی پەیوەندی نێویەکی زاراوەکانی زمانی کوردی


Loading

پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان بوونی کورد و زمانی کوردیدا هەیە، ئاخر زمانی کوردی بوونی کوردی لە خۆیدا هەڵگرتووە. کورد بەهۆی داگیرکردن و دابەشکردنییەوە بەسەر چوار دەوڵەت -نەتەوەی پاش-کۆلۆنیالیزم، بوون، زمان، هزر و کولتوورەکەی بەگشتی لەژێر هەڕەشەی لەناوبردن، سڕینەوە و تواندنەوە (ئەسیمیلاسیۆن)دا بووە. ئەم دەوڵەتە داگیرکەرانە هەموو ئامرازێکیان بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی کورد، هەروەها بۆ پتر دابەشکردن و پەرتکردنی کورد هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی زمان و کولتورەوە بەکارهێناوە. بەم هۆیەوە زاراوەکانی زمانی کوردی پتر لێکدابڕاون و ئاخێوەرانی کورد بەئاسانی لە زاراوە جوداکان تێناگەن. ئەمە وەهای کردووە بەرهەمە ئەدەبی، هزری و کولتوورییەکان سنوورداربن و تەنیا ئاخێوەرانی شێوە زارێک بتوانن بیان خوێننەوە و لێیان تێبگەن.

 

بۆیە کورد نەک تەنیا لە ڕووی جیۆگرافی و سیاسییەوە، بەڵکو لە ڕووی کولتوریشەوە دابەشبوون و لێکدابڕێنراون. بۆیە پێویستە ئێمە هەوڵی لێکنزیککردنەوەی زاراوەکان، ڕێنووس و ئەلفابێتی کوردی بدەین، نووسەران، خوێنەران و ئاخێوەرانی زاراوە جوداکان بە تێکست و دەقی یەکدی ئاشنا بکەین. بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە خوێنەرانی کورد ئاشنا بن بە دەق و نوسەرانی شێوە زارە جوداکانی زمانی کوردی، ناشێت خوێنەرانی کورد لە باشور ئاگایان لە زۆرینەی نوسەر، ڕۆماننوس و فەیلەسوفەکانی جیهان و خۆرئاوا بێت، بەڵام ئاگایان لە نوسەران، هۆنەران و ڕۆماننوسەکانی شێوە زارەکانی دیکەی کوردستان نەبێت، ناشێت خوێنەران و نوسەرانی سلێمانی و هەولێر ئاگایان لە نوسەران و خوێنەرانی دهۆک، ئامەد، قامیشلۆ، مەهاباد و کرماشان نەبێت، هەروەها بەپێچەوانەشەوە.

 

ئەگەرداگیركاری، سیاسەت و پارتە کوردییەکان لە ڕووی سیاسیەوە هۆکار بووبن بۆ زیاتر دابەشکردن و پەرتکردنی کورد، ئەوا زمان، ئەدەب، هونەر و کولتوور بەگشتی دەتوانن یه‌كگرتووی بهێننە ئاراوە و (ڕاسیزمی لۆكالی) لاواز بكرێت. بۆیە ئێمە لە پڕۆژەی کولتور و  گۆڤاری کولتور مەگەزین پڕۆژەی چێکردنی پەیوەندی نێویەکی زاراوەکانی زمانی کوردی ڕادەگەیەنین، تاکو لەم ڕێگەیەوە ئاخێوەران و خوێنەرانی زاراوە، ڕێنووس و ئەلفابێتە جیاوازەکان ئاشنابن بە زمان، هزر، ئەدەب و کولتووری یەکدی.

بۆ ئەم مەبەستە داوا لە سەرجەم نوسەران، زمانزانان و شارەزایان دەکەین، هاوکارمان بن بۆ گواستنەوەی تێکست، دەق و نوسراوەکان لە زاراوەکانی کرمانجی، هەورامی و ئەوانی دیکەوە بۆ زاراوەی سۆرانی و هەروەها بەپێچەوانەشەوە.

 

 

culturemagazine2017@gmail.com

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین