ئادەلبێرت فۆن کامیسۆ

چیرۆکە سووڕهێنەرەکەى پێتەر شلێمیل


Loading

ئادەلبێرت فۆن کامیسۆ 1781 لە (Champagne) / فەرەنسا وەک کوڕى خێزانێکى بەگزادەیى لۆترینگن هاتە ژیانەوە. خێزانەکەى لەتاو شۆڕشى فەرەنسى لەو وڵاتە هەڵات و لە بەرلین نیشتەجێ بوو. کامیسۆ زوو هاتە نێوەندى ئەدەبیى بەرلینەوە و پەیوەندیى دۆستایەتیى لەتەک کلایست، ئولاند و هۆفماندا بەست. ئەو 21ى ئۆگوستى 1838 لە بەرلین مرد.

لەنێو کارە ئەدەبییەکانى کامیسۆدا “چیرۆکە سووڕهێنەرەکەی پێتر شلێمیل” بەناوبانگترینە.

چیرۆکەکە

ئادەلبێرت فۆن کامیسۆ

شلێمیل دەبێت بە میوانی پیاوێکى زۆر دەوڵەمەند بەناوى تۆماس یۆن کە لەسەر پارچە موڵکەکەی ئاهەنگێکی سازکردووە. شلێمیل لەو ئاهەنگەدا پیاوێک دەبینێت، کە لە پاڵتۆ بۆرەکەیەوە بەدووى یەکدا فلاستەرێکی برینپۆش، دووربینێک، فەرشێکى تورکى، چادرێکى گەشتکردن و سێ ئەسپى زینکراو دەردەکێشێت. میوانەکان گرنگى بە شلێمیل نادەن، ئەویش خۆى لێیان دوور دەخاتەوە. کوتوپتڕ کابرای بۆرپۆش دێت بۆ لای شلێمیل و لە میانەی گفتوگۆکانیاندا پێشنیارى گرێبەستێکی سەیرى بۆ دەکات: شلێمیل گەرەکە سێبەرەکەى خۆى بە تورەکەی بەخت پێبفرۆشێت که‌ به‌رده‌وام پڕه‌ له‌ پارە‌ و هه‌رگیز خاڵی نابێتەوە. شلێمیل دوای بیرکردنەوە، دوای ئەوە کە زرنگه‌ی پاره‌ ناخی ده‌ته‌نێت، بەو پێشنیارە ڕازی دەبێت. پاشان بە چاوی خۆی ده‌بینێت، که‌ تووره‌که‌ی به‌خت به‌رده‌وام پارچه‌ ئاڵتونی بۆ ده‌رده‌دات.

لێ بێسێبەرى بۆ شلێمیل دەبێت بە مایەی نەهامەتی، چونکه‌ وه‌ک بێسێبه‌ر له‌نێو کۆمه‌ڵانی مرۆڤدا جێی نابێته‌وه. بەڵێ ئەو بەو هۆیەوە تەواو لە کۆمەڵى مرۆڤ دادەبڕرێت. گەرچی ئەو زۆر دەوڵەمەندە و ئێستا لە هەموو لایەک بە پێتەر بەگ بانگدەکرێت، لێ لەکوێ بێسێبەرییەکەى ئاشکرا ببێت، ئیدی هاومرۆڤەکانی بە کیین و بێڕێزیی ڕووبەڕووی دەبنەوە. بۆیە شلێمیل دەگوازێتەوە بۆ شارێکی دی و لەوێ لەسەر پێشنیاری برێندل ی خزمەتکارى بەرۆژ دەنوێت و بەشەو لە ماڵ دەردەچێت، هەروەها لە هەموو لایەکەوە رووناکى دادەگیرسێنێت. بەم شێوەیە سەرەتا بێسێبەرییەکەى ئاشکرا نابێت. لەوێ شلێمیل ئەڤینداری مینا دەبێت و دەخوازێت لەتەکیدا هاوسەرگیری بکات، لێ خزمەتکارەکەى پێشینی بە ناوى ڕاسکال بێسێبەرییەکەی ئاشکرا دەکات، چونکە خۆی حەزی لە مینا کردووە، بۆیە نیازەکەی شلێمیل شکست دەهێنێت و بە ناچاری ئەو شارە جێدەهێڵێت.

بە پوختى دواى تێپەڕبوونى ساڵێک، وەک گفت درابوو، کابرای بۆرپۆش دەردەکەوێتەوە. لێ ئەم جارە پێشنیارێکی دیکە دەخاتە دەردەم شلێمیل: ئەو سێبه‌ره‌که‌ی بەو مەرجە بۆ دەگه‌ڕێنێته‌وه‌ گەر شلێمیل بە‌ خوێنی خۆی بەخشینی دەروونی بە ئەو واژۆ بکات. ئێستا بۆ شلێمیل ده‌رده‌که‌وێت که‌ کابرای بۆرپۆش شه‌یتانه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ که‌ تۆماس یۆن ی ئه‌وها ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. لێ‌ شلێمیل ئامادە نییە دەروونی خۆی بە شەیتان بفرۆشێت و بەو ڕێیەوە بچێتە پەیوەندییەوە لەتەکیدا، بۆیە ئێستا بە ئەوپەڕى بڕواوە توورەکەی بەخت فڕێ دەداتە نێو خەرەندێکەوە، ئەوجا کابرای بۆرپۆش جێدەهێڵێت و دەڕوات بۆ شارێکی دی.

شلێمیل دەخوازێت لە کانێکی خەڵوز کار بکات، چونکە بەو ڕێیەوە بێسێبەرییەکەی ئاشکرا نابێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەو پارە کەمە کە بۆی ماوەتەوە، جووتێك پۆستاڵ دەکڕێت. لێ ئەم جارە بەخت یاوەری دەبێت، چونکە پێڵاوەکان بریتین لە “پۆستاڵی حەوت میل”. شلێمیل دەبینێت کە بە چەند هەنگاوێک سنووری ئەو شارە دەبڕێت. بەم شێوەیە ئەو بەئاسانی بەنێو جیهاندا دەگەڕێت و خۆی بۆ توێژینەوەی سروشت تەرخان دەکات، ئەمەش واى لێدەکات کە هەمیشە پتر دەستبەردارى کۆمەڵگەى مرۆڤ ببێت.

ڕاڤەی چیرۆکەکە

کامیسۆ چیرۆکی پیاوێک ده‌نووسێت که‌ سێبه‌ری خۆی به‌رانبه‌ر تووره‌که‌یه‌کی پڕ له‌ ئاڵتوونی هه‌رگیز خاڵی نه‌بۆوه‌ به‌ شه‌یتان ده‌فرۆشێت و به‌و هۆیه‌وه‌ به‌دبه‌خت و بێزراو ده‌بێت، چونکە هیچ که‌س چیدی متمانه‌ی پێناکات. ئاخر هەموو کەسێک زۆر سانا بە “سێبەرى خۆیەوە دەچووە بەر خۆرەکە”، ئەو نەبێت. لێ چیرۆکەکە لە کۆتاییدا وەرچەرخانێکی سەرنجڕاکێش لە خۆ دەگرێت، کە بوونی شلێمیلە بە گەڕیدەی نێو جیهان و توێژەر لە سروشت – وەرچەرخانێکی ڕۆمانتیکی بۆ نێو سروشت.

ئەم چیرۆکە لە گۆشەنیگاى کەسێکى کردارنوێنەوە نووسراوە کە ناوى پێتەر شلێمیلە، واتا فۆرمى گێڕانەوە بریتییە لە من-فۆرم، کردارى چیرۆکەکەش نزیکەى پێنج ساڵ دەخایەنێت. کامیسۆ لە نامەیەکدا بۆ براکەی دەنووسێت، کە شلێمیل ناوێکی حیبرییە و واتای تیۆفیل دەگەیەنێت، ئەم ناوەش لە زمانی ئاسایی جولەکەدا ناوێکە بۆ کەسانی جرپن و نابەختیار. هەروەها فەزای چیرۆکەکە هەر دوو تەوەری ئیدیال و رێئال لەخۆدەگرێت، واتا کامیسۆ لەم چیرۆکەدا بڕێکى زۆر مۆتیڤى داستان (ئوستوورە) و هەقایەتی خورافی (Märchen) بەکاردەهێنێت، بۆیە چیرۆکه‌که نە ڕیالە و نە ئیدیالە‌.

پرسی سەرەکى لە “چیرۆکە سووڕهێنەرەکەى پێتەر شلێمیل”دا دۆڕاندنى سێبەرە. نووسەرە رۆمانتیکییەکان حەزیان بەوە دەکرد کە دیاردەى پسیکۆلۆژیانە و فیزیکی پێکەوە بلکێنن. تا‌یبه‌تمەندیی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌شێکی چڕی هه‌یه‌ و بەنێویدا ڕووناکی تێناپەڕێت، بۆیە مرۆڤ سێبه‌ر ده‌خاته‌وه، بە پێچەوانەی شووشەوە کە لە ڕووی تیۆرییەوە نابێت سێبەر بخاتەوە. کەواتە مرۆڤى بێسێبەر هاوشێوەى شووشەى ڕوون شەفافە. مرۆڤی بێسێبەر ئەو‌ چڕییەی له‌ده‌ستداوه‌ کە تایبه‌تە به‌ مرۆڤ. بەڵێ لە شەفافییەتەدا گەوهەری مرۆڤ کە چڕییە، تێکچووە و مرۆڤ چیدی پەیوەندییەکى ڕاستەقینەی لەتەک خۆیدا نییە.

ئه‌و جیهانه‌ جادووییه‌ که‌ له‌ چیرۆکی “پێته‌ر شلێمیل”دا داڕێژراوه‌، جیهانی شه‌یتانه‌ که‌ پێته‌ر له‌ چاوچنۆکییه‌وه‌ تەسلیمی دەبێت و سێبه‌ره‌که‌ی خۆی پێده‌فرۆشێت، بەوەش تووشی نەهامەتی دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە دۆڕاندنی سێبەر خەوشێکی ڕەوشتی کەسییە. ئەوە لاوازیی کارەکتەرە کە وا دەکات لەش هاوشێوەی شووشە شەفاف ببێت و بەنێویدا ڕووناکی تێبپەڕێت. شلێمیل سەرەتا وا دەزانێت کە سێبەر بۆ مرۆڤ گرنگ نییە و مامەڵە بە شتێکی بێواتاوە دەکات، کەچی پاشان بۆی دەردەکەوێت کە ئەو شتە پڕکێشەترین هەقیقەتە، چونکە واتای بۆ هەبوونی (ئەکزیستێنسى) هاوڵاتییانەى مرۆڤ هەیە. کەواتە سێبەر بۆ مرۆڤ نەشیاوی دەستبەردارییە، بەڵێ مرۆڤ ناتوانێت بە سەرجەم پارەى جیهان جێی بگرێتەوە. شلێمیلی بێسێبەر “تەنیا مرۆڤێکی خاوەن دەروونە، لێ هەقیقەتى هاوڵاتییانەی نییە”. ئاخر مرۆڤ بەبێ پەیوەندیی دەرەکى ناتوانێت خۆی بەپڕی ئاوەڵا بکات، چونکە کەسێتیى ئێمە تەنیا لەنێو کۆمەڵدا شکۆفە دەکات. نەمانى پەیوەندى بریتییە لە دۆڕاندنى تاکێتى و کەسێتیی خۆ. سێبەر پێشانی مرۆڤی دەدات کە ئەو سەر بە مرۆڤانی دییە، بەڵێ سێبەر مایەی هاریکاریی هاوڵاتییانەیە.

واتای هەنووکەیی چیرۆکەکە

ئه‌م چیرۆکه‌ به‌ند نییه‌ به‌ سه‌رده‌مێک یان کولتوورێکی تایبه‌تییه‌وه‌، چونکه‌ مۆتیڤی سه‌ره‌کیی چیرۆکه‌که‌ دۆراندنی شوناسی خۆییه‌ به‌هۆی پاره‌وه‌. لێ ئەوە بێکارەکتەریی تاکەکەسە کە وا دەکات سامان ببێت بەهۆی دۆڕاندنی شوناسی خۆیی و مرۆڤ چیدی نەتوانێت به‌ سانایی‌ له‌ته‌ک هاومرۆڤانیدا بژی. ئاخر دۆڕاندنی سێبەر وەک خەوشێکی ڕەوشتی کەسی ئەو هەقیقەتە ئاشکرا دەکات، کە کەس لە ناخەوە بەدڕەوشت بووە، واتا سامان (پارە) ئەوی تێکنەداوە، بەڵکو دەسوێژێک بووە بۆ دەرخستنی خەوشە ڕەوشتییەکە.

لێ پرسی بێسێبه‌ری هاوکات ده‌مان بات بۆ ئه‌و شه‌فافیه‌ته‌ که‌ له‌ زۆر وڵاتدا ده‌سه‌ڵاتدارانی بێسێبه‌ر هه‌یانە. ئەوان لە کرۆکەوە لای هاولاتیان وەک بێسێبەر دەردەکەون و چیدی متمانەیان پێ ناکەن، جا با دەست و پێوەندیان هەبێت و بەزۆر مەزنییان وەک حیکایەت بۆ بهۆننەوە، یان با لە مۆنیکای جام تاریکدا بە لای هاوڵاتیاندا تێبپەڕن یان حەرەسی بەردەرگایان هەبێت. ئێمە لێرەش لە هەردوو لا، چە لە سەرەوە لای دەسەڵاتداری دەوڵەمەند و چە لە خوارەوە لای بێکەرامەتانی خۆژێرخستوو، بێسێبەری دەبینین. ئێمە تەواو شەفاف دەیان بینین، واتا لامان ئاشکرایە کە پیاوان و ژنانی بێسێبەرن. ئه‌وان هه‌میشه‌ به ‌بێسێبه‌ری به‌نێو و بەلاماندا تێده‌په‌ڕن. ئێمه‌ له‌ هه‌ر دۆخێکدا بییان بینین، به‌ بێڕێزی لێیان ده‌ڕوانین. ئه‌وان له‌ به‌ردیدی ئێمه‌دا سووکن و خۆیشیان چاک ئه‌وه‌ ده‌زانن. هیچ گرنگ نییه‌ که داخۆ‌ ئه‌وان چه‌ ده‌سه‌ڵاتێکیان هه‌بێت‌. بێگومان ئه‌وان ده‌توانن بمانکوژن، فڕێمان بده‌نه‌ زیندانی تاریکه‌وه‌، لێ ئه‌مه‌ هێشتا هیچ له‌و هه‌قیقه‌ته‌ ناگۆڕێت که‌ ئه‌وان لێمان دەترسن، هاوکات لە قووڵایی ناخیانەوە ئیرەییمان پێدەبەن، چونکە ئێمه‌ ده‌توانین ژیانێکی سانای مه‌ده‌نیانه‌ پیاده‌ بکه‌ین. ئێمە دەتوانین، بە تەنیا یان پێکەوە لەتەک هەڤاڵانمادا، بۆ هەر جێیەک بڕۆین کە خوازیاری بین. لێ ئه‌وان بۆ ساتێکیش ئه‌وه‌یان بۆ نالوێت. ئەوان ناتوانن بەبێ پاسەوانی چەکدار یەک هەنگاو بنێن. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستییە کە ئەوان لە ترسدا تۆقیون، جا با خۆیان کەشخە بکەن و سنگ دەربپەڕێنن. جگە لەوە ئەوان‌ وەک چاوچنۆک نه‌ک ته‌نیا ترسی نه‌مانی سامان ناخی ته‌نیون، به‌ڵکو ترسی دادگاییکردن و پرسیاری دادوه‌ریانه‌ی “ئەم سامانەت لەکوێ بوو؟”. بۆیە نازانن چی لە سامانی دزراویان بکەن! لە هەندەران دەیشارنەوە. خانوو و ئەپارتمانی پێدەکڕن. دەکەونە سوزانیبازی و قومارکردن. لگاوی دەوڵەت بەردەخەن و لەتەک لگاوچییاندا گەمان دەکەن. لێ سەرجەمی ئەم ڕەوشانە نیشانەن بۆ تێکچوونی پتری ناخی ئەوان. ئەوان، وەک کەسانی ترسنۆک، وەک چڵیتی سیاسی، خاوەنی ئازایەتییەکەی پێتەر شلێمیل نین کە “توورەکەی نەوت و دەرمان” فڕێ بدەن و سەری خۆیان هەڵبگرن. یان “بەڕاستی پیاو” بن و لە پەشیمانییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.

 

سەرچاوەکان

 

Adelbert von Chamisso: “Peter Schlemihls wundersame Geschichte” (Reclam).

A.v.Chamisso: Peter Schlemihls wundersame Geschichte.، Interpretationen zu Erzählungen und Novellen des 19. Jahrhunderts, hg. v. Dagmar Walach, Reclam 1986.

Casati, Roberto: Die Entdeckung des Schattens. Die faszinierende Karriere einer rätselhaften Erscheinung. Berlin 2001.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین.
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.