دەمێک بوو بەدوای ئەو پرسیارەدا وێڵ بووم کە بۆچی زۆربەی یان هەموو شۆڕش و جوڵانەوەکانی ئەم دواییە، بێئاکام کۆتاییان دێت؟ لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبییەوە بگرە، تا ١٧ی شوبات هەتا دەگاتە مانگرتنەکانی ئێستا.
بە پشتبەستن بەو چاوپێکەوتنەی “ئالان بادیۆ” فەیلەسوفی فەڕەنسی کە لە سایتی “open democracy”دا بڵاو کراوەتەوە*، ڕەنگە بتوانین بگەین بە وەڵامی ئەو پرسیارەش کە بۆچی جوڵانەوە و مانگرتنەکانی باشوری کوردستان لە ١٧ شوباتەوە تا ئەمرۆ بێئاکام ماونەتەوە و هیچ ئەنجامێکیان لێنەکەوتۆتەوە؟ ئەوەی بادیۆ لەسەر شۆڕشی میسری ئاماژەی پێدەکات بەڕای من دەکرێ بەجۆرێک دۆخی کوردستان و جووڵانەوەکانی ئەم چەند ساڵەیشی پێ بخوێنینەوە.
بادیۆ ئاماژە بە چەند ڕەهەندێکی شۆڕشەکانی میسری دەکات، کە بریتین لە مانەی خوارەوە:
یەکەم، شۆڕشی گەلی میسری فۆڕمێکی نوێ بوو لە جووڵانەوە و بزووتنەوەی نوێ، نەک لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە بەڵکو کاریگەری لەسەر ئاستی جیهانیش هەبوو. شۆڕشێک لەسەر ئاستی کۆی کایەی گشتی و بڕیاری هەمەلایەنەی کۆمەڵگە.
دووەم، ئەم بزووتنەوەیە مەودایەکی نوێی دروستکرد لە نێوان هەڵوێستی واقعی و هەڵوێستی سیمبولیکدا، کە بووە هۆی دروستکردنی سیمبولی نوێ و سیمبولی سیاسی بۆ زۆرینەی خەڵک.
سێیەم، کۆکردنەوە و یەکخستنی جیاوازییەکان لە نێوان مەسیحی و موسوڵمانان و پێکهاتەکانی تردا.
چوارەم، لەم بزوتنەوە سیاسییە نوێیەدا کەسایەتی و سیاسییە کۆنەکانیش ئامادەگیان هەیە، بەڵام بۆ بابەتێکی نوێ، -کە هەر ئەم خاڵە جەوهەرییە بوو بە یەکێک لە خاڵە دژیەکەکان (پارادۆکسیکاڵەکان)- بۆ لێدانی شۆڕش. لە لایەک سوپا، لە لایەکی تر برایانی موسوڵمان (اخوان مسلمین). بادیۆ پێی وایە ئەم دژیەکییە بۆ خۆی هۆکارێک بوو بۆ شتێک کە ئەو ناوی دەنێت “لەدایکبوونەوەی مێژوو”.
هەر لەم ڕەهەندانەی شۆڕشەوە دەکرێت هۆکارەکانی کەوتنی شۆڕشیش هەڵێنجین. ئەو هۆکاری کەوتنی شۆڕش لە دوو پرسیاری سەرەکیدا دەبینێتەوە کە ئەم دوو پرسیارە ڕەنگە هۆکارەکانی شکستی هەموو جۆرە جووڵە و بزووتنەوەکانی کوردستانیش بووبن.
یەکەم پرسیار ئەوەیە: بۆچی ئەم شۆڕشە شکستی خوارد؟ بادیۆ بە ئاماژەدان بە چەمکی فۆڕمی ڕێکخستن (ئۆرگانیزەیشن) شەنوکەوی ئەم بابەتە دەکات. ئەو دەڵێت؛ ئێمە لە بنەڕەتدا جووڵانەوەیەکمان هەیە بە فۆرمێکی نوێ، هەموو کایەکانی کۆمەڵگە، هەموو ئاستەکان، بە یەکگرتووی لە بڕیارێکی هەمەلایەنەدا بەشداری تێدا دەکەن، بەڵام بەداخەوە کە ڕێکخستنێکی کۆن ئاڕاستەی دەکات و ئەنجامێکی کلاسیک و کۆنیش دەدات بەدەستەوە. نەبوونی ڕێکخستن واتە ئۆرگانیزەیشنێکی دیاریکراوی نوێ بە لەبەرچاوگرتنی بزووتنەوە نوێیەکە بوونی نییە. بۆیە لە وڵاتی میسردا لە دوو لاوە هەم برایانی موسوڵمان و هەم سوپا دەکەونە ململانێ بۆ گەشتن بە دەسەڵات لە کاتێکدا کە جیاوازن لە خودی ئەو فۆرمەی کە لە منداڵدانی شۆڕشدا هەیە. لە کوردستانیش بە هەمان شێوە، هەمان سیناریۆ دووبارە بوویەوە.
بزوتنەوەیەکی نوێ، جوڵانەوەیەکی نوێ کە دەکرێ لەو کاراکتەرە ئازاد و نیمچە سەربەخۆیانەدا خۆی ببینێتەوە کە ڕۆژی حهڤدهی شوبات هاتنە سەر شەقام. بەڵام نزیکەی هەفتەیەک دواتر کە سێ هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکە، ـ وەک سێ فۆرمی کلاسیکی کۆنی جاران ـ خۆیان دەخزێننە ناو جوڵانەوەکەوە و ئیدی شوێنپێی خودی جوڵانەوە جەماوەرییەکە لەق دەکەن و ڕۆژانی دواتر بە تەواوەتی وەک مەیدانی تەحریر، لە سەرای ئازادیش ئامانجەکانی جوڵانەوەکە لەباردەبرێت. یەک بەڵگەی سادە ئیدانەکردنی ئەو خۆپیشاندانانە بوو لە لایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی وەک بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە یەکەم ئێوارەی جوڵانەوەکەدا، کە خۆپیشاندەرەکان بە گێرەشێوێن وەسفدەکات، لە کاتێکدا ڕەنگە تەنیا ئەو ڕۆژە خۆپیشاندانەکان خاوەنی ئامانجێکی ڕوون بووبن کە بریتی بوو لە پشتیوانی بۆ شۆڕشی بەهاری عەرەبی و داواکاری خزمەتگوزاری.
پرسیاری دووەم، کە بادیۆ لە شۆڕشی میسری دەکات بریتییە لە ئامانجەکانی جوڵانەوەکە. ئامانجەکانی جوڵانەوەکانی کوردستان چین و چی بوون؟ ئامانجەکانی بزوتنەوەکە پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و کەسایەتییە سیاسییەکانی ناو ئەو سێ هێزە خۆیان بخزێننە ناو پرۆسەکەوە، ڕوون و ئاشکرا و جیاوازیش بوون لەو ئامانجانەی کە دواتر بوونە ئاڕاستەکەری جوڵانەوەکە.
هەتا کات تێدەپەڕی ئامانجەکانی خۆپیشاندانەکان و ئێستاشی لەگەڵ بێت، بچوکتر دەبوونەوە. هەتا ئەوەبوو دوای شهش ڕۆژ ئیدی هەموو داواکاری خۆپیشاندەران بوو بە یەک دروشم “نا بۆ دەسەڵاتی دوو بنەماڵە”.
بادیۆ ئەم دروشمە بە بچووککردنەوەی ئامانجی شۆڕش و قەبارەی شۆڕش ناو دەبات و هەر ئەمەش وا دەکات کە فۆڕمی ئەم جوڵانەوانەش بگۆڕێت بە جوڵانەوە کۆن و کلاسیک و دیارە کە ئەنجامی کۆن و کلاسیکیش دەدات بەدەستەوە کە ڕەنگە بەرجەستەترینیان بریتی بێت لە دەرکەوتنی چەند هێزێکی دیکەی سیاسی کلاسیک کە ئەوانیش وەک باشترین دەرفەت بۆ هاتنە سەر دەسەڵاتی خۆیان سوودی لێوەربگرن. بادیۆ ئەم حاڵەتە بە لەدایکبوونەوەی مێژوو”rebirth of history” ناودەبات، ئەوەی کە موبارەک رۆشت و سیسی لە جیاتی هات.
بادیۆ دەڵێت؛ “لەسەر ئاستی بیرکردنەوەی خەڵکی بە گشتی، ئەمە دەمان گەیەنێت بە خاڵێکی نێگەتیڤ کە ئەویش بریتییە لە “نا بۆ موبارەک”(no Mubarak). دەست لەناو دەستکردن بۆ گەشتن بە ئامانجێکی نێگەتیڤ؛ بابەتی دژایەتیکردنی دەسەڵات. ئیتر بۆیە کە وتیان نا بۆ موبارەک لە جیاتی ئەو سیسی دێت. بۆیە لێرەوە دەبێ لەوە تێبگەین کە ئامانجی بزووتنەوەکە چییە و بەڵام نابێت تەنیا لە زاراوەیەکی کلاسیکی وەک نا بۆ موبارەکدا کورتی بکەینەوە.
ئێمە بزووتنەوەیەکی نوێمان هەیە، بەڵام ڕەهەندێکی نێگەتیڤمان لەم بزووتنەوەیەدا بۆ دژایەتی دەسەڵات گرتۆتەبەر. هەروەها دەمان گەیەنێت بەوەی کە ئێمە شتێکی نوێمان دانەهێناوە. چونکە لە بنەڕتدا ئاسۆی بزووتنەوەکە خۆی ڕوون نییە. لە کوردستانیش دوای شەست ڕۆژ لە خۆپیشاندان و تا هەنووکەش ئامانجی جووڵانەوەکان بە گوتاری حزبەکانیشەوە بریتییە لە “نا بۆ هەردوو بنەماڵە”. لە کاتێکدا ئاڕاستەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لەژێر هەژموونی خودی جوڵانەوەیەکی ڕاستەقینەی نوێدا دەرچووە و فۆڕمێکی حزبی وەرگرتووە بەبێ ئەوەی ڕێکخستنێکی ڕوون و دیاریکراوی هەبێت، ئاسۆیەکی ڕوونی هەبێت، تا هەنووکە بەردەوامە و بێئاکام.
کاتێک کە ڕێکخستنێکی نوێ بۆ ئاڕاستەکردنی خۆپیشاندان و مانگرتن و شۆڕشەکان بوونی نەبێت، کاتێک کە ئامانجەکان دیاریکراو نەبن، کاتێک کارەکتەری سیاسی کۆن بەشدار بن و هەژموونی خۆیان بەسەر فۆڕمە نوێیەکەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بسەپێنن، ئیدی دژیەکی دێتە ئاراوە. لە باشترین حاڵەتدا ئەو کارەکتەر و هێزە سیاسی و کلاسیکییە کۆنانە شوێنی دەسەڵات دەگرنەوە، بەڵام بە هەمان ئەقڵییەت، ئامانج و خەونی کۆن و کلاسیکی خۆیان.
تهوواو
* سەرچاوەی وتارەکەی ئالان بادیو:
https://www.opendemocracy.net/north-africa-west-asia/linda-herrera-dina-el-sharnouby/alain-badiou-on-egyptian-revolution-questions
* ههورامان فهریق؛ ماستهر لهكۆمهڵهڵناسیدا.