پێشەوا کاکەیی - لە نەمرەڕێ دا

گەشتێکی عیرفانی بەنێو چامەکتێبی نەمرەڕێی پێشەوا کاکەییدا


Loading

 

گەشتێکی عیرفانی بەنێو چامەکتێبی نەمرەڕێی پێشەوا کاکەییدا

هەردی حوسێن

بۆ خوێندنەوەی دەقی «نەمرەڕێ»ـی پێشەوا کاکەیی، سەرەتا پێویستمان بە پێناسی دەقەکەیە، واتە بزانین ئەم دەقە لە چ خانەیەکدا جێکەوتە دەبێت، بۆ ئەم باسەیش دەبێت بگەڕێینەوە سەر ناوەرۆکی شیعرەکە. چونکە ئەگەر بمانەوێت، لە ھەر گۆشەنیگایەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین، ئەوا دەبێت بە ناوەرۆکی بابەتەکەدا تێپەڕببین.

پێشەوا کاکەیی، لە «نەمرەڕێ»ـدا، دەکرێت بڵێین باسی دۆخێک دەکات کە مرۆی ئەو سەردەمە تیایدا غەرق بووە و بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، پێویستمان بە «ڕێ»ـە. ئەم ڕێیە، لە دەرەوەی زەمەن و شوێنە. واتە «ڕێ»ـیەکە ئەو ڕێیە نییە کە ئێمە بچین و بە پێی پەتی تیایدا ڕێ بکەین بەڵکوو ئەو ڕێیە لە دەرەوەی بوونە! ھەروەک لە دەستپێکی دەقەکەدا ھاتووە دەڵێت:

«ناوێکمان بەر گوێ کەوت، (ڕێ) بوو،

نازانین بە ڕێککەوت بوو، یان بۆی بە ڕێ کەوتین!

یان ڕێک کەوتین تا نەمری لە ھەردووکماندا ھەبێ.

با ھێندە بەوێ ڕێیەدا ھەڵا نەڵێین، نەبادا سەدان توولەڕێ

ڕاستی لە تەپوتۆزی شوێنپێی خۆیەوە بڵێ.[1]»

لێرەدا شاعیر دەیەوێت وێنەیەک نیشانی ئێمە بدات کە بوودائاسا کەسێک دەکەوێتە ڕێ و بۆ ئەم کەوتنە ڕێیە، دەبێت لە ناخەوە خۆمان بانگھێشتی ئەو ڕێیە بکەین «تا نەمری لە ھەردووکماندا ھەبێ» واتە مرۆ دوو بەشە، ھەم جەستە و ھەم ڕۆح. ژین بێ گرینگیدان بە ئەویدیکە دەچیتە بیابان و خۆی ون دەکات بۆ ئەوەی ڕێ بکات و خۆی ون نەکات، دەبێت لەگەڵ ڕاستی بکەویتە ڕێ، ھەروەکوو دەڵێت:

«ڕاستی، بەبێ پێ دەچێتە ڕێ،

بەبێ ڕێ دەچێتە بیابان و

خۆی لە خۆڵ وەردەدا و خۆیشی دەتەکێنێ.[2]»

لێرەدا زیاتر ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەو نەمرەڕێیەی کە ئێمە پێویستە لە ڕێیەکەوە دەست پێ بکەین، ئەوا پێویستی بە ڕاستییە، بەڵام ڕاستی پێویستی بە ڕێ نییە!

«ڕاستی، سەرچاوەی قورساییە

 ڕەگوڕیشەی ڕێیە.[3]»

چونکە دەتوانێت، بە پێی پەتی بڕوا بۆ بیابان، بێ ئەوەی پێویستی بە ڕێ بێت. بۆ سەلماندنی ئەوەش دەڵێت: «خۆی لە خۆڵ وەردەدا و خۆیشی دەتەکێنێ.»

ھەروەکوو ئەریستۆ لە پۆیەتیکا (شیعر)یەکەیدا، دەڵێت: «شاعیر لەو ڕووداوە دەدوێت کە ھێشتا ڕووینەداوە یان دەبوایە ڕوویبدایە.» لەم کتێبەدا، شاعیر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوێکی نێو کات و شوێندا ناکات، چونکە ئەوەی ئەو باسی دەکات ڕووینەداوە و پەیوەندی بە کات و شوێنەوە نییە. لەبەر ئەوە ڕاستەقینە لای شاعیر ھەمەکی«جاویدان»ـیە. بۆ ئەم ھەمیشەییە، پێویستە دڵمان بە ڕووی جیھاندا واڵا بکەین و ڕێگە بدەین ھەواگۆڕکێ بەنێوماندا بکرێت و گوێبیست و چێژ لەو جوانییە ببینین کە بە منداڵی لە شتێکی بچووکەوە تا گەورە بەهای ھەبوو. ھەروەکوو شاعیر لە کۆپلەیەکدا دەڵێت:

«بۆ وەی دڵت بە ڕووی جیھاندا بکەیتەوە،

نابێت چاوت لێڵ بنوێنێ،

زمانت تێکەڵ‌ـ‌پێکەڵ بێ،

دوو بیستییت کاس و کەچی ڕووی لە چل بێ،[4]»

ھەرکاتێک مرۆڤ توانی بەو ڕێیەدا بڕوات و خۆی پەلکێشی خۆی بکات، بێ درۆ و بێ ڕق و کینە گوێ بۆ ئەو دەنگانە ڕادێرێت کە لە جیھاندا ھەن، ئەوا دەتوانێت لەگەڵ جیھاندا ھەڵبکات، لەگەڵیدا ھاوئاھەنگ بێت. واتە شاعیر تاک بە جیھان بەروارد دەکات و گۆڕینی خود واتە گۆڕینی جیھان. ھەرکاتێک مرۆڤ توانی خۆی بێت و لە خۆیدا ڕۆبچێت، ڕاستی ڕێبازی بێت و گەردوون وەک بەشێک لە خۆمان ببینین و خەمی بۆ بخۆین، دەتوانین ھەرکاتێک بمانەوێت دەست پێبکەینم، چونکە ئەم جیھانە ھەرچەند مێژوویەکی یەکجار دێرینی ھەیە، بەڵام دەکرێت دەست پێبکەین. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:

«ئەم جیھانە ماسوولکەکانی لاوازە،

وەک منداڵێکی تازەبوو وایە، با کۆنیش بێ کەون،

لێ وەھایە

بە دڵێکی سادە،

ئێسکێکی نەرم،

دەنگێکی پاک،

لە گشت لاوە مرۆڤ وە خۆ دەگرێ.»[5]

دەکرێت بڵێین ئەمە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی چامەشیعرییەکەی کتێبەکە. کە شاعیر دەرگا واڵا دەکات، وەک چۆن زەمین باوەش بە ئێمەدا دەکات ئاواش ئێمە باوەش بە ئەودا بکەین. دوای ئەوە، شاعیر دێت یەک‌بەیەکی پیتەکان دەدوێنێت و شیعریان پێ دەنووسێت. دیارە شاعیر لە گرینگیدان بە پیتەکان و خستنە ناو شیعریانەوە زۆر شارەزایانە و وەستایانە ئەم کارە بە لێزانی و فەرھەنگی دەوڵەمەندی دەخاتە نێو چامەکتێبەکەیەوە. لە ئەلف ھەتا ێ/یێ. ئەم کارە دەکات بێ ئەوەی یەک وشەی دەرەکی بەکار بھێنێت، سەرکەوتوانە بە تەواوی پیتەکان شیعر دەنووسێت. دواتر، شاعیر ھێواش ھێواش دەچێتە نێو ئەو ڕێیەی کە خۆی مەبەستییەتی بۆی بچێت، بە بیرکردنەوە و ڕامان لە خۆی دەتوانێت بکەویتە ڕێ، چوونە نێو ڕێش ھەروەکوو گوتمان پێویستی بە ڕاستی دەبێت، چونکە ناکرێت بتەوێت کارێک بکەیت کە تەواوی ژیانت بگۆڕێت، کەچی ڕاستی دەگەڵ نەبێت. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:

«بیر بکەوە تا بکەویتە ڕێ،

چوونە نێو کێڵگەوە بێ ڕاستی،

گەوھەرێکی دوور لە ڕاستی دەر دەکەوێ،[6]»

لێرەدا پەیامی شاعیر ڕوونە و بێ گرێ و گۆڵ دەدوێت، بەڵام ئێمە کە خۆمان وێڵ کردبێت و لەنێو خۆمان نەگەڕابین ناتوانین ھیچ لەبارەی خۆمانەوە بدوێین و خۆمان بۆ ھیچ ڕێیەک ئامادە بکەین کە دەمانبات بەرەو نەمرەڕێ.ئەوەی زۆر گرینگە وریایی شاعیرە، چونکە شاعیر شیعرەکانی پەیوەندییان بە ڕووداوێکی کاتییەوە نییە. چونکە ئەگەر شیعر پەیوەندی بە ڕووداوێکی کاتییەوە ھەبوو، وەکوو بابەتەکەی کاتی دەبێت و نەمر نابێت.

ھەر لەو گۆشەنیگایەوەیە کە ئێمە دەتوانین خوێندنەوەی بۆ بکەین و بتوانین بگەینە نەمرەڕێ! شاعیر ڕوو دەکاتە خوداناسان و دەڵێت:

«خودا ناسینی ناوێت، گەر دەتەوێت خۆی بێ،

فڵچەیەک تاو مەدەیە پڕڕەنگی بکەیت کە خۆی ڕەنگ بێ.

ژاوەژاو مەکە و پڕدەنگی بکەیت کە خۆی بێدەنگیی بوێ.[7]»

دیارە شاعر عیرفانیانە دەڕوانێتە خودا و دەیەوێت، پێمان بڵێت خودا نانەخشێنرێت وەک ئەوەی ئێمە ھەریەکە فڵچەیەکمان لە دەستدایە و ئەو ڕەنگەی دەکەی کە خۆمان بمانەوێت، سەرەنجام ھەریەکە بۆ ناسینی خودا، دەیەوێت تەنھا ڕەنگی خۆی بێت و غەیری ئەو ڕەنگەی کە خۆی کردوویەتی قەبووڵی نییە. دیارە ئەوە بۆ تەواو جیھان و بە تایبەتیش ڕۆژھەڵات و تایبەتتریش کوردستان ڕاستترینە، چونکە لێرە خەڵکانێک خودا بە ڕەنگی خۆیان نەبێت ناناسن و ھەریەکەیان بە پێی داکەوتی خۆی ڕەنگڕێژی دەکات و کام گوتەیەی خودای بوێت کە سوودی بۆ خۆی ھەیە ئەو وەکاردێنێت، نەک بۆ سوودی گشتی… ئەمەش وادەکات مرۆڤ سەری لێ تێک بچێت و نەزانێت بۆ کوێ بکەوێتە ڕێ، ھەروەکوو شاعر دەڵێت:

«کاروانسەرایە

لێیان تێک چووە سەرەڕێ،

ھەریەکە بەرەو ونبوون ڕێی گرتۆتە بەرێ،[8]»

شاعر وێنەی ئەو کاروانانەمان نیشان دەدات کە کەوتوونە ڕێ، بە ترس و لەرز، چونکە نازانن بۆ کوێ دەچن و بۆ کوێ بکەونە ڕێ و شوێنپێی کێ بکەون وەکوو ئەم نموونەیەی خوارەوە کە بە شیعر بۆمان بەیان دەکات؛

«نە شوێن من بکەوە نە کەسیش!

دە خۆتدا تەماشای توولەڕێیەکان بکە و

بزانە چۆن ھاتۆتە دەرێ![9]»

پێشەوا کاکەیی – لە نەمرەڕێ دا

دیارە شوێنکەوتەی کەسانی دیکە، دەتگەیەنێت بەو شوێنەی کە ئەو کەسەی لەگەڵی دەڕۆیت نەک ئەو شوێنەی خۆت دەتەوێت. کەواتە دەبێت شوێن توولەڕێکانی خۆمان بکەوین بۆ ئەوەی بگەینە مەنزڵ. دوای ئەوەی ئێمە توانیمان ئەو (خود)ە بدۆزینەوە کە لەنێو خۆماندایە و شوێن توولەڕێکانی کەوتین بۆ گەیشتن بە نەمری. ئەمەش تەنھا بە قووڵبوونەوە دەزانین کە ئەو درزەی ڕۆحمان لە کوێدایە و کەوتۆتە کوێوە.

ئێمە دەکرێت بڵێین، نەمرەڕێ تەواو گەشتێکی ڕۆحییە. گەشتێک کە تاک‌بەتاکی ئەو سەردەمە پێویستییەتی، بەڵام ئەو فەزا گشتییەی کە خوڵقاوە و ئێمەش کەوتووینە نێوییەوە کە دنیای سەرمایەدارییە، لە دنیایی سەرمایەداریشدا، پێوانەی ھەموو شتەکان دەبن بە پارە. واتە ھەرشتێک دەستکەوتێکی ماددی نەبێت و مرۆڤ ئەو شتەی کە دەیکات دەستکەوتێکی ماددی دەستنەکەوێت، پێی وایە بێ بەرھەمە. وەدووکەوتنی پارەش ھیچ چێژێکی نییە، تەنھا ماندووبوون نەبێت. کەواتە مرۆڤ ئەوەی لە یادی نییە، خود و خودایە کە یەک «ا»ـە جیاوازیی ئەو دووانەیە! لەو تێڕوانییەنەوە کە لە شیعرەکانیشدا شاعیر زۆر وریایانە چەندین جار یاری ئاوا لەگەڵ خوێنەر دەکات. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:

«بزانن لەو ڕێیەدا گومان چی لێ بەسەر دێ،

دەتڕەوێنێتەوە یان خۆی کپ دەبێ!

خود و خودا لە ئەلفی درێژدا ڕوونتر دەبێ،

داخۆ ئاگایی لە کوێوە دێت و بەرەو کوێ دەچێ![10]»

خود لێرەدا لەگەڵ خودا درزێک لە نێوانیاندا ھەیە. ئەو درزە شاعیرانە خراوەتە نێو دنیای شیعر و عیرفانەوە. شاعیر ھەوڵدەدات پێمان بڵێت ناکرێت نەزانی کاتێک درزێک بکەوێتە ڕۆحتەوە، چونکە دەکرێت لە ڕێی ئەو درزەی کە کەوتۆتە ڕۆحمانەوە چی ڕووناکی و جوانی ئێمە ھەیە لەوێوە بڕوات و ئێمە نەتوانین ھەست بە گەرمی ڕۆحمان بکەین و سەرەنجام ساردوسڕی نێوان مرۆڤەکان بگاتە ئاستێک کە یەکجاری وەک بە بەردبوویەکمان لێبێت. لێرەدا بۆ پاڵپشتیکردنی قسەکانمان و نموونەیەکی شیعری شاعیر دەخەینە بەرچاوتان کە دەڵێت:

«خۆت دەزانیت، بزانە خۆت درزت خستۆتە جەستەوە؟

ئاخۆ سارد و تەزیویت؟

کلووەبەفر کەوتۆتە نێو دڵتەوە؟[11]»

لەو چامەشیعرەی سەرەوە، ڕووبەڕووی چەندین پرسیار دەبینەوە کە وامان لێدەکات بۆ چەند ساتێکیش بێت لەگەڵ خۆمان بکەوینە گفتوگۆوە و ئەو فەزایەی کە تیایداین کە پێش چاومانی تەڵخ و لێڵ کردووە و ناتوانین دوور ببین و ھەرچی نەیەتە بەردەممان و بە بەردەمماندا ڕەت نەبێت، ئێمە نەتوانین پێشبینییەکی باشی بۆ بکەین. چونکە ئێمە فێرە گەشت نەبووین و گەشتمان نەکردووە! ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە پرسیار ئاڕاستەی جیھان دەکات کە ئایین وەکوو ھەرشتێکی دیکە کە قانجی ھەبێت بەکاری دەھێنن و بیر لە قازانج دەکەنەوە نەک مرۆڤبوون، ھەروەکوو لە دێڕی دەیەمی کۆپلەکەی سەرەوەدا ئاماژەی پێدراوە.

وا خەریکین شۆڕ دەبینەوە بۆ ئەو ڕێیەی کە لە خۆماندا بزرمان کردووە. ڕێیەک کە تا ئێستاش نەمان توانیوە پیاسەیەکی ئێوارانی تێدا بکەین. یاخود وەک ڕێبوارێک لە قەراغ ئەو ڕێیەدا، پشوویەک بدەین و شەوان بەدیار سەیرکرنی ئاسمانەوە زیاتر لە خۆماندا ڕۆ بچین و بزانین کە بۆ کوێ دەچین و بۆچی دەچین! ئاخر کە تۆ گەشتێکی دوور و درێژت لە پێش بێت، شەو و ڕۆژی تێدەکەوێت، دەبێت بیر بکەینەوە و بە وریاییەوە بکەوینە ڕێ.

«ئێمە لە کۆڵانەکانی تاریکیی خۆمانمان نەڕوانیوە

نازانین بەرەو کوێ چووین و چۆن ڕۆ نیشتووین.[12]»

دوای ئەوەی کە لەگەڵ خۆمان کەوتینە ڕێ و چاومان بە تاریکی ناخمان کەوت و کونج کەلەبەری ڕێیەکەمان بینی و زانیمان بەشێکین لە تاریکی و لە پەیڤی ناشیرین کە تازە بۆمان ڕوون بۆتەوە شاعیر پێی باش نییە بوەستین و بگەڕێینەوە، بەڵکوو دەیەوێت ڕێنوێنیمان بکات و بڵێ ڕێ ھەرچەند تاریک بێت و ھەرچەند کە پەیڤمان نەپشکنیوە، بەڵام پێویست دەکات بەردەوام بین، تاوەکوو ئەو شوێنەی بوونە ئینسانییەکەمان دەر دەکەوێت و ئەگەر بەردەوام نەبین لەو تاریکییەدا، ڕەنگە گوم بین.

«بڕۆ!

چنگت پڕ لە پەلەموورە

ئەمڕۆ یان سبەی،

وەک خەونێک لە چنگت ڕاست دەبێتەوە و هەڵدەفڕێ و

دەبێتە قەقنەس.[13]»

کە ڕۆیشتین بۆ ڕێ، ئەگەر ئاگایی لەگەڵ نەبێت، نابێت! چونکە فەزای دەرەوە وەکوو بازاڕ و ھەندێک شوێنی دیکە نییە پێویستمان بە ئاگایی نەبێت، پێویستە بە ئاگابین و وریابین ڕۆیشتن لەگەڵ خۆتدا بوێری دەوێت، چونکە فەلسەفەی ژیان و مردنمان فێر دەکات. ئێمەش دەمانەوێت بڕۆین و بگەین بە نەمرەڕێ. بۆ گەیشتن بە نەمرەڕێش پێوستمان بە (خود)ە، ئەو خودەش پێویستی بە ئاگاییە. کاتێک بە ئاگابین و بکەوینە ڕێ، ناتوانین شت لەم و لەو کۆپی بکەین، چونکە ھەر خۆمانین و دەمانەوێت بگەین بەو خودەی کە دەمانگەیەنێتە (نەمرەڕێ)ـی شاعیر، ھەروکوو شاعیر دەڵێت:

«بۆ ئەوەی لە جوانیدا

فێرە فڕین بم، بێ ئەوەی فڕین لە پەڕەسێلکە بدزم.

باوەش لە کەون بدەم و تەیرێکی بچووکی نێو کەونیش بم.[14]»

ھەرمرۆڤێک گەیشت بە نەمری و توانی وەک ئەستێرەیەک بدرەوشێتەوە، بێ ئەوەی کەس بچێت دایبگیرسێنێت، ئەوا دەتوانێت سەفەر بکات بۆ لای ئەو کەسانەی کە پێش ئەو بەو ڕێیدا ڕۆیشتوون و گەیشتوونەتە نەمرەڕێ، بەڵام شاعیر پێش ئەوەی دەرگامان بۆ واڵا بکات، بۆ ئەوەی نەمرانی ئەو ڕێگەیە ببینین، پێمان دەڵێت:

«ناواخنت هەڵتەکێنە با خۆشەویستیيت ڕوون بێت!

بۆشاییت پڕ مەکە لە تەم با برووسکە تەڕت بکات![15]»

شاعیر ھەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی، ڕاستەڕێیەک دەکێشێت و لەگەڵ خۆی پەلکێشمان دەکات و شتەکانمان بۆ ڕاڤە دەکات، تاوەکوو ئەو شوێنەی بوونە ئینسانییەکەمان دەدۆزینەوە و ھەموو ئەو شتانەی کە ژینمانی داگیر کردووە و نرخێکی زۆری ماددییان ھەیە لە دنیایەکی سەرمایەداریدا، کە چوویتە نێو خۆتەوە، ئەوانە ئەو نرخەیان نامێنێت، چونکە شتێکی دنیایین! و شاعیر لە ڕوویەکی دیکەوە پێمان دەڵێت جیھانی نوێ جیھانی شمشێر و بێبەزییانە دەبێت خۆمان لەو شەڕە شمشێرە بپارێزین کە مەبەستی تەنھا قازانج و کوشتنی ئەم و ئەوە. خۆمان بە دوور بگرین لە دەمامک و ببینین، دەمامک چی بە مرۆڤ دەکات و سەرمایەداریش ھۆکاری ئەو شەڕ و دڕییەیە، شەڕ و دڕیش لەبری خۆشەویستی، ڕق و کینە بەرھەم دێنێت. ھەروەکوو شاعیر لە چامەیەکدا دەڵێت:

«دەبێ دڵ بێ شوورە بێ،

وەک دەشت و تەپۆڵکە، گرد و کێو ئاوەڵە بێ،

ڕوو لە ئاسمان بکا، پێبکەنێ،

تریقانەوەی ببیسترێ،

چاونووقانی ببینرێ.[16]»

کە توانیمان دڵێکی جوان و پاکمان ھەبێت و بە ئاگاییەوە ڕوانیمانە ڕێ و توانیمان تاریکاییەکانی ئەو سەردەمە ببینین و بزانین چی دەنێو ئەو تاریکییەدا دەگوزەرێ، ئەوا دەرگاکە واڵا دەبێت و ئێمەش دەتوانین بچینە نێو نەمرەڕێ و ئەوانرش ببینین کە گەیشتوونەتە نەمرەڕێ. لێرەدا شاعیر ڕێیەک دەکاتەوە بۆ چیرۆکی نەمران و کۆمەڵێک کەسایەتی گرینگ بە ئێمە نیشان دەدات و جیھانە نەبینراوەکەی ئەوانمان نیشان دەدات و بەشێک لە ژیانی ھۆنەرەکەش لە پەراوێزدا ڕوون دەکاتەوە.

ھەروەها، شیعری خۆی ئاوێتەی شیعر و ژانی ئەوان دەکات و داھاتووی پێدەخوێنێتەوە. ئەو ھۆنەرانەش ئەمانەن. نەمرەڕێ وەک کەتەلۆکێک خۆی دەنوێنێت. وەک چۆن ڕێ و شێوازی ھەیە بۆ گەیشتن بە نەمرەڕێ. دواتریش کۆمەڵێک ھۆنەر کە لە دیدی شاعیرەوە گەیشتوونەتە نەمرەڕێ و نەمرن. ھەڵبژاردنی ئەو شاعیرانە لە لایەن شاعیرەوە کارێکی زۆر وردی دەوێت. هەروەها، تێگەیشتنیش لەو مەبەستەی شاعیر، پێویستی بە چەند جارێک خوێندنەوەی ھەیە، چونکە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ زەمەنێکی زۆر لەمەو پێش و زانینی باگراوەندی ئەو شاعیرانە. ھەرچەندە شاعیر لە چامەکتێبەکەیدا، پەراوێزی پوختی بۆ نووسیون، بەڵام ھێشتاش ھەر پێویستمان بە وردبوونەوەیە، چونکە شاعیر ھەر تەنھا ناوی ئەو ھۆنەرانەی نەھێناوە، بەڵکوو چەند بەیتێکی ئەوانی لەگەڵ شیعرەکانی خۆیدا بەکار ھێناوە و ئاماژەشی پێداون. ئەمانە ھەموو بۆ خوێنەران دەبنە جێگەی پرسیار و دەکرێت لێیان بکۆڵدرێتەوە، جا لە ڕووی مێژووییەوە بێت یاخود ھەر گۆشەنیگایەک بێت کە خوێنەر بە پێویستی دەزانێت ئەو گۆشەنیگایە دەربخات.

لێرەدا ئێمە بە ھەمان گۆشەنیگا کە لە سەرەتاوە وەکوو سوورەداوێک بەکارمان ھێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە نەمرەڕێ، بە ھەمان هەناسە درێژە پێدەدەین. ئێمە لە یەکەم دیدارماندا لەگەڵ ئەو ھۆنەرانەی کە گەیشتوونەتە نەمرەڕێ، چاومان بە ھۆنەرێکی گەورە دەکەوێت کە لە سەدەکانی دووھەم و سێھەمی کۆچیدا ژیاوە، لە ناوچەی ھەورامان. کاتێک ئەو شاعیرە دەخوێنییەوە کە شاعیر نێوی باڵووڵی ماهی دەھێنێت ھەست دەکەیت ھاوەڵی باڵووڵی ماھی بووە و دەیەوێت سەرلەنوێ ڕێبازەکەی زیندوو بکاتەوە و لەگەڵ یارانی لوڕستانی سەفەرێکمان پێبکات و لە ڕێدا، ئەو سەرمایەدارانە بەر تللار بدات و پێیان بڵێت کاڵفام و شێت ئێوەن. ھەروەکوو لە چامەکتێبەکەدا ھاتووە.

«وەک باڵووڵی ماهی لەگەڵ خۆردا هەڵدێم،

دەرگا دەکەمەوە بە ڕووی خەڵکدا،

سەرمایەداران دێن لەبری پەمۆ بە ئەستێرە بچوێنن،

نەوت و پارە بە ئاسمان دەچوێنن،

کە پرسیاری نەمريێتییان لێ دەکەم، وەک پەمۆ هەڵدەوەرێن.[17]»

ھەرچەندە چەندین سەدە بەسەر ژیانی باڵووڵی ماھی تێپەڕ بووە، بەڵام شاعیر بە ھەمان هەناسەی باڵووڵی ماھیدێت، وەک پەمۆ ئەو سەردەمە شی دەکاتەوە و درێژە بە ژیانی باڵووڵی ماھی دەدات و لەسەر زمانی ئەو بە شیعر لەگەڵمان دەوێت. تاوەکوو ئێمە زیاتر پەند لە ژیان و بەسەرھاتەکانی وەربگرین.

«شێتی لەگەڵ خۆمدا دەگەڕێنم و خۆمی پێ دەدوێنم،

تا یەکێ لە بۆنم ڕەنگ بگرێ،

لە خەیاڵم کەمێک هۆش وەرگرێ.[18]»

وەک لەو شیعرەی کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێدا، دەبینین باڵووڵی ماھی وەک وەسیلەیەک بۆ گەیاندنی پەیامی شیعری، لێزانانە سوود لە ژیان و کارەکانی وەرگیراوە و شاعیر دەق و پەیامێکی یەکجار جوانی پێ خوڵقاندووە. دووبارە بە ھەمان شێوەی باڵووڵ بە ئێمە و بە ھاڕوونیش دەڵێتەوە کە ھەموو سەروەت و سامانی دنیا قمە ئاوێک ناھێنێت!

دواتر، بابالوڕەی لوڕستانی دێت. شاعیر وێنەی ژیان و گوزەرانی ھۆنەرمان لە شیعرێکدا بۆ بەیان دەکات. کاتێکیش لە سیمای ئەو شیعرە دەڕوانین کە بابالوڕەی لوڕستانی بە ھەمان سیماوە خۆیمان نیشان دەدات، جارێکی دیکە ھەست بەو جاڕسییە دەکەین، کە بەرانبەر کۆمەڵ ھەیبوو. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:

        «وەک بابالوڕەی لوڕستانی دەڕۆم

لەبن درەختێكا دادەنیشم، دوور لە ژاوەژاو

کۆڵەکەم دادەگرم کە پڕە لە سەدەفی ساردوسڕ،

تەنیا بەدیار درەختەوە ڕادەمێنم، تا ڕەنگ و بۆ بگرێ،[19]»

لێرەدا دەقی تێکەڵ بە ژیان و جیھانبینی ھۆنەر کراوە و پەیامێکی شیعریشی دراوەتە پاڵ. دواتر دەگەین بە باباڕەجەبی لوڕستانی ساتێک لەگەڵ ئەو ھۆنەرە بە توانایەدا، گوێ بۆ تەنبوورەکەی دەگرین و ئەو شیعرە دەخوێنینەوە کە دەڵێت:

«وەک باباڕەجەبی لوڕستانی لەم کوێستانانە دێم و دەچم

با هێلانەم هەر نەبێ، خۆ سرووشتی کوردستانم هەیە.[20]»

کاتێک ئەم شیعرە دەخوێنینەوە، وا ھەست دەکەین باباڕەجەبی لوڕستانی تەنبوورەکەی دەژەنێت و زیاتر تێکەڵ بە شیعرەکەیمان دەکات و پێمان دەڵێت ڕاستە ھیچ شوێنێکی وەکوو ماڵ شک نابەم، بەڵام خۆ من کوێستانیم و بەردەوام دێم و دەچم. کەواتە نە ماڵم ھەیە و نە دەشمەوێت، چونکە سرووشتی کوردستانم ھەیە. لێرەدا دەزانین بۆچی شاعیر ئەو ھۆنەرەی لە ڕیزی نەمران داناوە و لە ڕێی نەمرەڕێ تووشی باباڕەجەب دەبین. بۆ ئەوەی ئێمەش وەکوو ئەو خەونی بچووک و کاتی قووتمان نەدەن و نەتوانین ھەناسە بدەین. دەکرێت ئێمە شتی زۆر گەورەمان ھەبێت و ھەستی پێنەکەین، چونکە وێڵین بەدوای شتی بچووکەوە، بەڵام بۆ ئەمە پێویستمان بە درکردنێکە ھاوشێوەی باباڕەجەب بۆ ئەوەی بە ئاگابین و بزانین. دوایی شاعیر دێت و (باباحاتەمی لوڕستانی)ـش. بە ئێمە دەناسێنێت و پێمان دەڵێت ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە یارانی باڵووڵی ماھی و یەکێکی دیکەیە لە تەنبوورژەنەکانی لوڕستان و بە جامێک لە مەی سەرخۆشمان بکات و شیعرێکیش لەگەڵیدا بخوێنێتەوە و شاعیریش ھەروەک ئێمەی داوەتی ئەو کۆڕە کردبێت بە بەیتێک وەڵامی دەداتەوە.

«وەک باباحاتەمی لوڕستانی کە گوتی:

(ساقی جام مەی، ساقی جام مەی

پەرێم باوەرە، ساقی جام مەی)[21]

گۆزەی من دووسەرە مەیگێڕ!        گوتم

بۆم تێ بکە نوێیە مەیەکەى![22]»

کاتێک لەگەڵ یاران لە کۆڕێکی وەھادا دابنیشین و شیعر بخوێنرێتەوە و تەنبوور بژەنرێت و مەی مەستمان بکات.دەبێت ڕۆح بییەوێت لە کوێدا خۆی پەنھان بکات و بییەوێت بۆ کوێ باڵ بگرێ و بفڕێ و بیەوێت بە دیداری کێ شادبێت. شاعیر وەک ڕۆحێکی بەدمەست ئەوە بە دەرفەت دەزانێت و بە شیعرێک ئەو دۆخە عیرفانییەمان بۆ بەیان دەکات و دەڵێت:

«نە گۆزەیەکی شکاوم، ترس و تۆقین

شەقى کردبم،

نە دەشڵەژێم کە گۆزەم لە ڕووناکی پڕ بێ،

خۆشم دەوێی ئەی یەزدان! لەبەر خۆت نا،

ئەمە مرازی منە، دڵم دەیەوێ بە تۆ شاد بێ.[23]»

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شاعیرە گەورەکانی عیرفانی بدەینەوە، ئەوەمان بەر گوێ دەکەوێت کە دەیان گوت ئێمە خودامان خۆش دەوێت، بەڵام ئەو خۆشەویستییە نە لە ترسی جەھەندەمە نە لەبەر خۆشی بەھەشت؛ بەڵکوو لەبەر خودی خوایە ئەو پەرستش و خوداپەرستییە! شاعر زیاتر لەمە ڕۆدەچێت و دەڵێت من دڵم کانیی نوور و ئەشقی خودایە! ڕێم، ڕێی مەستی و یاد و یارم ھەر ئەوەیە، بۆیە من دڵم دەیەوێت بە تۆ شادبێت و ئەمە مرازی منە، دەمەوێت مرازەکەشم حاسڵ بێت! پردی پەیوەندی شاعر و یەزدان تەنھا خۆشەویستییە و بەس. کاتێک ئەو مرازە حاسڵ بوو، ڕازی خۆی بۆ بەیان بکات و پێی بڵێت ئەو مرۆڤەی خەڵقت کردووە، مرۆڤێکە ھێشتا نەبووە بە بوونەوەر، تەنھا ئەوە ئەوەیە کە لە بووندایە و ئەو بوونەشی پڕکردووە لە کرم و خەریکە گیانی بوون دەکێشێت. ھەروەکوو ئەو شیعرەی خوارەوە؛

«بوونەوەرێک لێرەیە، چەندین چەرخە

هێشتا لە جیهانی خۆیدا نەبووەتە بوونەوەر،

هەر گینگڵ دەدا و دەڕوانێ بۆ دوور،

کە ئاوڕ دەداتەوە

پەشیمانیی پڕ بووە لە کرم،

کرمێکی نەوسن و وێرانکەر.[24]»

کەواتە دەبێت ئێمە بیر بکەینەوە لە خۆمان و لە خۆمان بپرسین باشە بۆچی ناتوانین ئاوڕک لە ڕابردوومان بدەینەوە. خۆ ئەوەی تیایدا ژیاوە ھەر ئێمە بووین و ئێمە بەرپرسین لەم بوونە. دنیا ئێمەی لەگەڵ خۆی بردووە و بۆ کوێ بیەوێت بۆ ئەوێمان دەبات، بەڵام شاعیر جارێکی دیکە دەمانھێنێتەوە سەر ئاسنەڕێی بوون و بە شیعرێکی ناسک کە سەروای لێسەندرابێتەوە دەڵێت:

«دەڵێم ئەی گاسنی نێو چەرخەکان!

بە نێوی جیھانەوە مەمانکێڵە![25]»

دوای ئەم شیعرە، دەگەین بە دیداری سۆفیگەر و عاریفی گەورە (حەللاج.) ئەو دیمەنە دەگمەنانە دەبینین کە پێش لە داردانی تیایدا ژیاوە و شوێنکەوتوانی بۆ خوداپەرستی نوقمی بیرکردنەوە کردوون و وێڵی سارا و ھەردی کێوانی کردوون. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبینین لە دەوری ھۆنەردا چەند بێگوێ و کەڕ و ڵاڵ ھەبوونە و حەللاج بەستیانە گرفتار بووە و ئەوانیش بە ھەمان شێوە لە (حەللاج)یان نواڕیوە و ڕاناوەستن تا دەیکەن بە داردا. شاعیر دێت و ئەو دەورانەی حەللاجئاوێتەی سەدەی ٢١ دەکات و دەڵێت:

«وەک حەللاج

لە جیهانێکدام ژەقنە،

دەرگا کەڕ،

پەنجەرە کوێر،

وەلێ ئەوەی دەگەڵیدا دەدوێم لاڵ نییە!

ئاسمانە، مڕومۆچ نییە،

شەوە، دۆزینەوەی ڕۆشنایی دژوار نییە،

ئەستێرەیە، هێجگار گۆشەگیریش نییە،

چاوەکانم

حەوتەوانەی بچووک دادەگرن و

دەیخه‌نه‌ نێو دوو کەوانەی گەورەوە،

بە دڵ دەڵێت

دەرکەوە با ئەم جیهانە یەکانگیر بێت![26]»

لێرەدا شاعیر زۆر جوانە وێنەی نەک حەللاج بەڵکوو ھەموو ئەوانەی لە سەردەمێکی کوێردا دەنووسن و بیر دەکەنەوە، نیشان دەدات و پێمان دەڵێت ئەوە زەمەنێکە نە پەنجەرەیەک ھەیە بۆ ڕوانین و نە دەرگایەکیش ھەیە ئێمە لێی بدەین و بچینە ژوورەوە لەگەڵ خاوەنماڵ دابنیشین، نا ئەو سەردەمە سەردەمێکی بێگیانەیە، سەردەمێکە وەک چۆن حەللاج بەو گەورەییەی لەجیاتی ئەوەی گوێی بۆ بگیرێت و بیکەن بە سەرمەشق لە داریان دا! بەڵام نا وادەم ئەوان گوێ ناگرن و خۆیان وەک کەڕ وێنا دەکەن، من دەچم دەبمە ھاوەڵی ئاسمان و ئەستێرەکان، چونکە ئەوان وەک مرۆڤ دڵڕەق نین و لەوپەڕی تاریکیشدا بێت، دەتوانم داوای کەمێک ڕووناکی لە شەو بکەم.

ئەگەر حەللاج مامۆستا و سەرمەشقی سۆفیگەر و عاریفان بێت و بە ناھەق کرابێت بە داردا، ئەی ئەگەر ئێستا لە ژیاندابایە و ئێستای بەغدای بینیبایە دەبوو چ قسەیەکی بکردایە؟ دەبوو خەڵکەکە لەجیاتی لە داردان، چ سزایەکی ئەم سەردەمە نەگریسەیان بەسەردا سەپاندبایە؟ ئەی ئەگەر ئەو میر، شالیار، شێخ، سەید، ئاخوند و مەلایەنەی بدیبایە، ئاخۆ کڵپەی شۆڕشی ھەڵنەدەگیرساند؟ ئاخۆ چی پێیان دەگوت! دوای ئەوەی حەللاج بە داردا کرا. شاعیر دێت، پەیامێک بە گوێی (باباسەرهەنگی دەودانی)ـدا دەدات و دەڵێت:

«تۆ ئەی باباسەرهەنگ!

گەر خۆيشت بگەڕێیتەوە دەڕشێیتەوە،

ڕۆحانيێتی ئەمڕۆ

تێکەڵی توندوتیژی بووە،

پێویستە شۆڕشی بەسەردا بکەیتەوە.[27]»

دەبینین شاعیر ئەو داکەوت(واقیع)ـە بۆ ھۆنەر باس دەکات کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ھەیە و چۆن لەجیاتی عیرفانی و سۆفیگەری، توندوتیژی لە برەودان و جیھانیان لە ئامێز گرتووە؛ بەڵام ناکرێت ئێمە دابنیشین و چاومان لە دەستی ئەو ھۆنەرانە بێت. شاعیر خۆی دەکاتە قەڵغان و دەیەوێت، ھێزێکی نوێ بخوڵقێنێت و خۆری ستەمکاران ئاوا بکات. دوای ئەوەی لە ململانێی ژیانی ئاڵاین و بە ڕۆحێکی بە تینەوە ڕووبەڕووی دژوارییەکانی بووینەوە. بەردەوام دەبین لە ڕۆیشتن بۆ گەیشتن بە نەمری، ھەر لەو ڕێیە، ھێشتا زۆر ھۆنەری ڕۆحسووکی دڵشکاو لە سەردەمەکەیان ماون بیانبینین لەوانە (سالار مەجید) ئەویش بەشی خۆی دەردی دڵی ھەیە بۆمان بەیان بکات و ڕۆحی شیرینیان تێکەڵ بە تاڵی ئەو ڕۆژگارە بکات. ھەروەکوو لە شاعیر لە چامەکتێبەکەیدا دەڵێت:

«بە زمانی ئەوین دەپەیڤم

کەچی ئەم ڕۆژگارە کەوڵم دەکا،[28]»

ئەگەرچی شاعیر بۆ گەیشتن بە نەمری ڕێی ئەوینی گرتۆتە بەر، بەڵام ڕۆژگار ڕێ نادات بە ڕێی ئەوینیش بدوێت. عەشق ڕێ و ڕێبازی یارانە، بۆیە لەو ڕێبازەدا تەنھا ئەوین دەبینی و ئەوینت دەست دەکەوێت. شاعیر ھەورامان وەک دوا وێستگەیەک وێنا دەکات کە کۆمەڵێک ھۆنەری پایەبەرز تیایدا گەیشتوون بە نەمری و ئێمە دەکرێت وەک مامۆستای خۆمان لێیان بڕوانین. شاعیر دەیەوێت پێمان بڵت، پێویستە ئێمە بۆ نەمری بگەڕێینەوە بۆ ھەورامان، چونکە ھەورامانسەرچاوەی زۆرێک لە ھۆنەران و عاریفانی کوردە. ھەروەکوو شاعیر ڕوو دەکاتە باباسرنج و دەڵێت:

«وەک باباسرنج

بەدەم تینی ئاورەوە

وشەی سەرمابردەڵەم گەرم بوونەوە،

وەک دار قرچەقرچیان ھات و دەبوونە بڵێسە،

نەمریم لە ھەوراماندا دۆزییەوە.[29]»

ھەر لە ھەورامان دەمێنینەوە و دەگەین بە عزوری یەکێکی دیکە لە یارانی باباسەرهەنگ. ئەویش (باباگەرچەکی هەورامی)ـیە. ئەویش بە تەنبوورەکەی دڵمان تێکەڵی سرووشتە جوانەکەی ھەورامان دەکات و بەنێو شاخ و گاشەبەردەکاندا سەفەرێکی ڕۆحیمان پێدەکات. دواتر دەگەینە یەکێکی دیکە لە ھۆنەرە ھەرە باڵاکانی ھەورامان و شاعیر ئاشنامان دەکات بە دیوە خوداناسییەکەی و ئێمەش لەگەڵ ھەرشیعرێکیدا مەست دەبین، بەدەم مەستییەوە دەڵێین: ئاخر چۆن دەکرێت، دایەتەورێز نەناسین؟ ھەوڵدەدەین بەدوای پاساوێکدا بگەڕێین، بەڵام دەستمان ناکەوێت. بە خوێندنەوەی چامەکتێبی شاعیر ھێندەی دیکە مەست دەبین و زیاتر ھۆگری تەنبوورەکەی دەستی دایەتەورێزی ھەورامی دەبین. لەگەڵ خەون و خولیاکانی ھۆنەردا تێکەڵ دەبین و جیھانبینی ئەومان لە شیعرێکەوە بۆ دەردەکەوێت کە دەڵێت:

«دەبێ ئەم جیھانە شەڕانگێزە ئەھوەن بکەینەوە،

ئەو ڕەگە دوورودرێژانەی توند لە ڕۆح خۆیان گرێ داوە،

ڕیشاڵەکانی بکەینەوە تەنبوور و پێی بژەنین،

بە دەف مەستیان بکەین،

فوو بە شمشاڵدا بکەین و کونیلە گیراوەکانی دڵیان بکەینەوە.[30]»

شاعیر زۆر جوان درک بە دڕی ئەم جیهانە دەکات. ھێند وردبۆتەوە، ھێند جوان گەیشتووەتە ھەقیقەت کە ناکرێت ئێمە نەوەستین و وەڵامی شاعر بە گرینگییەوە سەیری نەکەین. ئەگەر سەرنج بدەین شاعر دەزانێت ئەم جیھانە ڕق و کینە ڕەگی قووڵی داکوتاوە، بەڵام شاعر زۆر ھونەرییانە وەڵامی ئەو ڕق و کینانە دەداتەوە و دەڵێت با ڕیشاڵەکانی بکەینە تەنبوور! دواتر درێژە بەم باسە دەدات و لەگەڵ گەیشتن بە دیداری بابافەقێی لوڕستانی ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە ئەگەرچی بە شمشێریش ڕووبەڕووم ببنەوە، ئەوا ناتوانن ڕێ لە ڕۆحی بەرزەفڕم بگرن ھەروەکوو شاعر دەڵێت:

«بابافەقێ شمشێریشم لە دژ ڕاکێشێ

ھێشتا نووکە تیژەکەی

ناتوانێ ڕۆحی فڕیوی نێو مۆسیقام ببڕێ،

ڕۆحم نالەرزێ،

ھاتووم بدرەوشێمەوە،

بەڵکوو تاریکیتان بگۆڕێ[31]

دواتر شاعر یەکێک لە ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی لوڕستانی بە ئێمە دەناسێنێت کە ئەویش (دایەجەلالە)یە.دایەجەلالی لوڕستانی ژیان و شێوازی لە دایکبوونی شاخۆشینی کوڕی، ھاوشێوەی لەدایکبوونی عیسای کوڕی مەریەمبووە. شاعر ئەم ڕووداوەی بە شیعر بۆ وێنا کردووین و لە دیوێکی دیکەشەوە دەکرێت چەندین لێکدانەوەی فەلسەفی بۆ بکرێت؛

«دایەجەلالە

بە تۆزقاڵێ تیشکی خۆر دووگیان دەبێ!

زانستی شیعرم ناکۆکە

بێ ئەوەی ئەم ڕووبارە دەمی تێ بنرێ،

ئاوس بێ بە ڕووناکی و

ھەر تیشکی خۆریشی لێوە دەرچێ،[32]»

شاعر لەدایکبوونی شاخۆشینی کوڕی دایەجەلالی چەند ورد وێنا کردووە! چ فەلسەفەیەک دەخوڵقێنێت بە ژیانی شاخۆشینی دایەجەلال! بوون و نەبوون چەند سەرنجڕاکێش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت! زۆر جوان دەتوانین ھەست بە نائارامی شاعر بکەین لەم شیعرەدا و دەیەوێت پێمان بڵێت نەک ھەر من، بەڵکوو ئەوانەی نەشھاتوونەتە دنیاوە، ئەگەر وەکوو من بزانن چۆنە دنیا، ئەوا سەریان دەخەنەوە نێو ڕەحمی دایکیان و نایانەوێت چاویان بە دنیا بکەوێت؛ چونکە ئەم دنیایە لە ڕاستیدا، پارچەیەکە لە ناخۆشی. ڕاستە زەمین ھەموو شتێکی تێدایە و ئێمە دەتوانین کەڵکی لێ وەربگرین، بەڵام ئێمە ناتوانین لە پەیامی زەمین و دنیا بگەین، بەڵکوو ھەرکەسە خەمی خۆیەتی و دەیەوێت ھەمووی بۆ خۆی بێت! دواتر، چاومان دەکەوێت بە ڕێحان‌خانمی لوڕستانی و دەمانەوێت لەگەڵ ئەو ڕۆحە بپەیڤین کە دڵی لە ژەنگی ڕۆژگار پاک کردبووەوە و ئەوینی یەزدان دەروونی ڕووناک کردبووەوە! ئێمەش بە ئاماژەدان بە دێڕێکی کورت و پەیامێکی یەکجار گەورە، ئەو شاعیرە بەسەر دەکەینەوە کە شاعر دەڵێت:

«دڵۆپێک قاوە

تاڵی ئەم ڕۆژگارەی پێ ناخوێنرێتەوە![33]»

دواتر، دەگەینە فاتمە لوڕە! کە ڕەند و خواناس بووە و ئەوینداری باباتاھیری ھەمەدانی بووە. ڕەنگە ھەریەکێک لە ئێمە، کاتێک ئەمە دەخوێنێتەوە، واقی وڕ بمێنێت. بۆیە دەڵێین ئەگەر شاعیر ھیچی نەکردبێت، ئەوا دیوێکی زۆر شاراوەی بۆ ئێمە ڕووناک کردووەتەوە! چونکە زانینی زانیارگەلێکی لەم شێوەیە بەدوادا گەڕانێکی ورد و سەلیقەیەکی یەکجار زۆری دەوێت، بەڵام شاعیر ماندوونەناسانە لە نەمرەڕێدا کاری کردووە و کۆمەڵێک کاری زۆر گرینگیشی بۆ لێکۆڵەران بەجێ ھێشتووە. کە دەکرێت لە چەندین ڕووەوە لێکۆڵەران لەم چامەکتێبە پڕ زانیاری و مەعریفەییە دەستیان بکەوێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن. دیارە ئێمە تەنھا لە یەک ڕوانگەوە یاخود بڵێین لە یەک پەنجەرەوە لێی دەڕوانین. وەگەرنا، چامەکتێبی شاعیر گەلێک کون و کەلێنی ھەن کە ھەر کەسێک ویستی نووسین و لێکۆڵینەوەی ھەبێت دەتوانێت پێیان بگات! دێینەوە لای فاتمە لوڕە و شاعیر لەدەمی ئەوەوە دەردی دڵی فاتمە لوڕەمان بۆ بەیان دەکات و ئەو دیمەنەمان بۆ بە شیعر وێنا دەکات کە لەتاو دووری باباتاھیری ھەمەدانی چی بەسەر فاتمە لوڕە ھاتووە.

«فاتمە لوڕە ڕازی خۆییم بۆ بەیان دەکا،

دەڵێ کوڕم! کووڕ بوومەوە بۆ باوەشێکی بابا.

بە گوڕ دەچمەوە بە گژ دنیادا،

تەنبوور و یار و بابام ھەبێ،

باکم نییە، ئەگەر بشچم بە گووڕدا.

گوتم وا جیھانێکە کە گوێمان قوت نەکەینەوە،

دەمانھاڕێ و قووتمان دەدا.[34]»

دواتر، شاعیر لە ڕێی کۆمەڵێک لەم شاعیرانەی ھەستی خۆیمان بۆ بەیان دەکات. ئەو ھۆنەرانەش ئەمانەن «عەتتاری نەیشابووری، باباتاھیری ھەمەدانی، میرزا محەمەدعەلی سائیبی تەورێزی، بیدەل (بیدەل دەھلەویگوڵزار، مەولانا و تاگوور» شاعیر ھەریەکێک لەم ھۆنەرانە بە زمانی شیعر دەدوێنێت و دەیەوێت پێمان بڵێت ئەو ڕێیە چەندین ئەوین و ئەوینداری ھەنە کە دەکرێت ئێمە کەڵکیان لێ وەربگرین و لەگەڵ ژیان و شیعریان زیاتر درێژە بە ژیان بدەین.

شاعیر زۆر لێزانانە لە سەرەتاوە داوای گەڕان و پشکنینی ڕێیەکی لە ئێمە کرد. بۆ ئەم باسەیش شاعیر خۆی تەیار کرد و بە ئێمەی گوت دەبێت بیر بکەینەوە بۆ ئەوەی لەم جیھانە جاڕسکەرەدا نە جاتمان ببێت، بۆ ئەمەش دەبێت لە خۆمان تێفکرین. تا خود دەدۆزینەوە و لەوێوە بکەوینە ڕێ بۆ شوێنک کە تیایدا ڕۆح بفڕێت و خۆشەویستی ببارێنێت. دواتر، بۆ ئەوەی ئەم خەیاڵە لە لای ئێمە ببێتە داکەوت، ئەوا شاعیر دەگەڕێت بەدوای ئەو ھۆنەرانەدا کە بۆ ڕێیەک بەڕێ کەوتبوون پێی دەگوترێت نەمرەڕێ! لەو ڕێیەدا، چەندان ھۆنەرمان ناسی بە ھەمان ڕێدا ڕۆیشتبوون و تاڵی و سوێری ڕۆژگار ھاڕی بوونی. شاعیر تا بڵێی لێزانانە لەسەر زمانی ئەوان بۆمان پەیڤا و وەک بڵێی پەیامی ئەوانی بۆ ھێنابین وا جوان شیعریەتی کردبوو و شیعرەکانی تێکەڵ بە بیری ھۆنەران، ژیان و ئەو پەیامەی کە خۆیشی مەبەستییەتی بیگەیەنێت تێکەڵ کردبوو. دواتر، شاعیر لە ڕێی چەند شاعیرێکەوە کۆتایی بە چامەکتێبی نەمرەڕێ دەھێنێت و لە کۆتاییشدا فەرھەنگۆکێکی زۆر دەوڵەمەندی بۆ وشەکان نووسیوە، کە ھەر دەکرێت ئەمانە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیان لەسەر بکرێت. دواتر، ڕوودەکاتە بوودا و پەیامی ماریفەت بە ئێمە دەگەیەنێت و دەڵێت:

«ھەڵگەڕێن بە داری ماریفەتدا!

ببنە بێدار و دانا، ژیریتان بفڕێ![35]»

زانا کەسێکە لە خۆیدا ڕۆبچێت و ترسی لە گوتنی ڕاستی نەبێت. وەک بوودا خۆی بکەوێتە بیرکردنەوە و ترس نەتوانێت پەلوپۆی بشکێنێت. ڕاستە بۆ گەیشتن بە نەمری پێویستیمان بە قوربانییە، بەڵام گەورەتین قوربانیی خۆتی کە نەتتوانیبێت خود ڕام بکەیت و بە نە فامی ژان بکەیت. ھەر وەک شاعیر لە دێڕەکانی چامەکتێبەکەدا دەڵێت:

«گەمژە کەسێکە لە خۆیدا بەجێ دەمێنێت،

پەرداخێکە

ناتوانێت تامی خۆشی بکات[36]

پەرداخ یاخود کەچک کەرەستەی سەرەکین و جۆرەھا خواردنیان تێدەکرێت، بەڵام ئایا دەتوانن تامی ئەو خواردنانە بکەن و چێژی لێ وەربگرن؟ بێگومان نەخێر، چونکە ئەوانە بێگیانن. شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت گەمژە بە ھەمان شێوەی ئەم کەرەستانە ناتوانێت چێژ لە ژیان وەرگرێت و بگات بە نەمری! شاعر دەڕوات و بە چەندین دێڕی سەرنجڕاکێشی لەم جۆرە دەیەوێت بمانباتە سوێی نەمری و پێمان بڵێت ئا ئەوە بوو نەمری و نەمرەڕێ!

[1]. نەمرەڕێ؛ پێشەوا کاکەیی، وەشانی نووسیار-دانمارک، چاپخانەی جەنگەل، تاران، چاپی یەکەم، ٢٠٢١. ل. ٥.

[2]. نەمرەڕێ؛ پێشەوا کاکەیی، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل. ٥.

[3]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦.

[4]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ١٢.

[5]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ١٣.

[6]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل.٣٣.

[7]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٣٤.

[8]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٣٩.

[9]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٤٣.

[10]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 34.

[11]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٤١.

[12]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥٠

[13]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥١.

[14]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥٧.

[15]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٥٩.

[16]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦١.

[17]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦2.

[18]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦٢-٦٣.

[19]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 65.

[20]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 6٧.

[21]. بەیتێکی باباحاتەمی لوڕستانییە.

[22]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 6٩.

[23]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٠.

[24]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٠.

[25]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٠.

[26]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٢-٧٣.

[27]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٧.

[28]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٨٠.

[29]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٨٢.

[30]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٠.

[31]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٠.

[32]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩١.

[33]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٣.

[34]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٤.

[35]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٨.

[36]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٩٩.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌