باری نائاسایی وەک پارادیگمایەک بۆ مانەوە


Loading

تارماییەکی لەمێژینە بەدەوری کوردستاندا دەسووڕێتەوە، تارمایی “باری نائاسایی”. لە باکوور، لە باشوور، لە ڕۆژهەڵات، لە ڕۆژئاوا. کەچی هیچ نووسراوێکی کوردی شک نابەین باسی ئەو دۆخەمان بۆ بگێڕێتەوە. لە باشوور سەد ساڵێک دەبێت ئێمە بە هەڵە دیاگنۆزەی دۆخی کوردستانمان کردووە، لەبری ئەوەی وەک دۆخێکی نائاسایی و بارێکی ئاوارتەی درێژخایەن پێناسی بکەین، وەکو قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازی دەستنیشانمان کردووە. 

 

ئەو دۆخەی کورد لەدوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی عێراق و سووریا و تورکیا و ئێرانەوە بەسەریدا سەپێنراوە و درێژایی چەند سەدەیەکی نائاسایی پێ بردووەتە سەر، ناکرێت وەک قۆناغێک لەبەرچاو بگیرێت، بەڵکو دەبێت وەکو بارێکی نائاسایی سەپێنراو ببینرێت کە لەو ماوەیەدا کورد بەشێوازی جۆراوجۆر لە ڕووبەڕووبووونەوەی ئەو بارە نائاساییەدا خۆیان ئەکتیڤ کردووە و جۆرێکی تایبەتیان لە مانەوە بەزیندوویی داهێناوە، ئەگەرچی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ دۆخەکەیان بۆ ئاسایی نەبووەتەوە.

ئەوەی لەباری نائاساییدا بژی کار بۆ ئەوە دەکات کە دۆخەکەی ئاسایی بکاتەوە.  بەپێی پێناسە گشتییەکەی، باری نائاسایی دۆخێکی کتوپڕە، دەشێت لەڕێی ڕووداوێکی سیاسی و سەربازییەوە ڕابگەیەنرێت، یاخود بەهۆی کارەساتێکی سروشتییەوە بێت، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو خۆی بەسەر کایەیەکدا دەسەپێنێ و تەواوی هەلومەرجەکانی ژیانی تێدا سەرەوژێر دەکات. لەم بارەدا ژیان تەنیا دەبێتە خەباتکردن لەپێناوی ڕزگاربوون لەو کارەساتەی بەرۆکی پێ گرتوون،سەروەر ئەو کەسەیە کە بڕیار لەسەر باری نائاسایی  دەدات… ک. شمیدتژیان ئیتردەبێتە مانەوەیەکی ڕووت بەزیندوویی و بەس، جیهانیژیان کورت دەکرێتەوە بۆ ئاستی شێوەژیانێکی گیانەوەرییانەی سادە.

بۆیە مێژووی سەدەی بیستەم بۆ ئێمە جگە لە مێژووی خەباتی بەزیندوویی مانەوە هیچیتر نییە. بەپێی مارکس و ئەنگڵس، مرۆڤ ئاژەڵێکە ژیان و بوونی بەستراوە بە هەلومەرجەکانی بەرهەمهێنانەوە. ئەوان قۆناغەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگەکانیش دابەش دەکەن بەسەر قۆناغی ڕاوکردن و چنینەوە، قۆناغی کۆیلایەتی، قۆناغی فیوداڵیزم، قۆناغی سەرمایەداری و دواجاریش کۆمیونیزم. کۆمەڵگەی کوردی بە هەندێک لەم قۆناغانەدا ڕۆشتووە تا گەیشتووەتە وێستگەی سەرمایەداری کە ساتەوەختی ئەمڕۆیە و بەربووینەتە ناویەوە، بەڵام پێناچێت هەرگیز قۆناغی کۆمیونیزم ببینێ.

لە هەموو ئەم وێستگانەدا قۆناغەکان لە دەرەوەی چێوەی سیاسی و قەوارەی کۆمەڵگەیەکی سەربەخۆدا تێپەڕیون، تاکە کارەکتەرێکی هاوبەش لەهەموو ئەم قۆناغانەدا هەبێت، بریتییە لەوەی ئێمە لەناو دۆخێکی ئیمیرجێنسی کرۆنیکیدا هەبووین و شێوازی گواستنەوەمان بۆ قۆناغێکی دواتر لەوەدا بەرجستە بووە کە تەنیا خۆمان لەو قۆناغە لەناوبەرە بەزیندوویی دەرباز بکەین. خەباتی سیاسی ئێمە خەباتی داهێنانی ڕژێمێکی سیاسی بەپێی دروشمە ئیدیۆلۆگییە گەردوونییەکان نەبووە، بەڵکو خەباتێکی بیۆلۆگییانەی زیندەوەرێکە بۆ دەربازبوون لەو هەڕەشە بوونگەرییەی لەسەرێتی. ئێمە دەبێت لەڕووی تیۆرییەوە سەرلەنوێ دەستنیشانکردنێکی تر بۆ واقیعی بوونگەرییانەی گەلێک بکەین کە لەناو بارێکی نائاسایی کرۆنیکیدا جۆرێک لە تەکنیکی خۆدەربازکردنی داهێناوە پێی دەڵێین ئیمون سیستەم.

 

 

پارادیگمای باری نائاسایی

باری نائاسایی لە کرۆکدا دۆخی تەنگژەیە. لەکارخستنی هەموو ڕێسا و هەلومەرجە ئاساییەکانی جیهانیژیانی ئەو بوارەیە کە خۆی بەسەریدا دەسەپینێ. بەڵام دۆخێکیشە لەهەناوی خۆیدا هەڵگری ئەو پاڵهێزانەیە کە هانی مرۆڤ دەدەن بۆ زاڵبوون و تێپەڕاندنی تەنگژەکە. دۆخێکە لەناو پاسیڤکردندا توانستێکی ئەکتیڤیتێت هەیە. ئەوەی لەم دۆخەدا بتوانێت کارا بێت، ئەوە دەبێتە ئاغای خۆی.

 

مێژووی کورد بریتی بووە لە مێژووی نووسینەوەی تەنگژە هەمیشەییەکەی، تەنگژەی خۆسەپاندنی ئەویتر بەسەریدا لەدوای شەڕی چاڵدێرانەوە، دواتر جەنگی یەکەمی جیهانی، ئیتر جیهانیژیانی ئێمە خۆگونجاندن بووە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە نوێیەدا، هەلومەرجی کۆڵۆنیکراو. دیمەنی سەرەکی ئەم تەنگژەیەش لەو هەڵمەتی قڕکردن و کۆکوژییانەدا چڕ دەبێتەوە کە بەسەریدا هێنراوە، ئەمە جگە لە سیاسەتی لەکوردخستن لەڕێی عەرەباندن و تورکاندن و فارساندنەوە، کارەکتەر و ناسنامەشی شێوێنراوە. کۆی ئەم دیمەنانە، بریتین لەو بارە نائاساییانەی کە چەند سەدەیەکە ئێمە لەناویدا دەژین و ئەویش لەناوماندا دەژی، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەگوازێتەوە کەوا دۆخی نائاسایی لەناو خۆیدا هەڵگری جۆرە دینامیکیەت و جۆرە وزەیەکی ئەوتۆیە، دەشێت وەگەڕبخرێن و ببنە مایەی دروستکردن و سازکردنی جۆرە ڕێچکەیەک بۆ ژیان لەناو ئەو تەنگژەیەدا.

ئەوەی ئێستا ئێمەی کورد بەردەوام لەباری نائاساییدا خۆمان دەبینینەوە، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە خۆمان لەڕووی دەروونییەوە بەو شێوازەی ژیان لەناو تەنگژەدا ڕاهێناوە، بێهۆ نییە سەرباری هەموو تەنگژەکان ئێمە توانیومانە خۆمان قوتاربکەین و بەزیندوویی لێی دەربازبین. بەڕادەیەک زۆرینەی ئەو لێقەومانانەی بەسەرماندا هاتوون، چونکە بە کردەیی لەناو باری نائاساییدا ژیاوین، هاتنی هەر جۆرە کارەساتێک تووشی هیچ جۆرە شپرزەیی و شلۆقی و شۆکێکی زیادەمان ناکات. ئەوەی لە باری نائاساییدا ژیا، هەموو لێقەومانەکان دەبەزێنێ.

لێرەوەیە لێهاتوویی خودێک لە تەنگژەدا یان گەلێک لەباری نائاساییدا دەرناکەوێت، بەڵکو لەو تەکنیکانەدایە کە لەو دۆخانەدا بۆ کۆنترۆڵکردن و زاڵبوون دایاندەهێنێ. دۆخی ئاوارتە لە کرۆکی خۆیدا بریتییە لە دۆخی داهێنانی تەکنیکەکانی زاڵبوون.
مێژووی کورد، بەوپێیەی لەناو بارێکی نائاسایی درێژخایەندایە، دیارترین بەڵگەنەویستە کە شتێک نییە ناوی کۆتایی مێژوو بێت، ئەم کۆنسێپتە دوور و نزیک هیچ تیشکێک ناخاتە سەر جیهانیژیانی کوردی.

دوای ئەو هەموو کارەسات و قاتوقڕییانەی لە قۆناغی جیاجیادا و بە هۆکار و فاکتۆری جیاجیا تووشی کورد بوون و دەرئەنجامی دراماتیکی توندیشیان لێ کەوتەوە، کەچی مێژوو لە جیهانیژیانی ئێمەدا لەجووڵە نەکەوتووە و بەردەوام بەڕەوڕەوەی تری تایبەت بە خۆمان ئەو گالیسکەیە دەهاژووین. نە لە دوای شێخ مەحمود و نە لە دوای قازی محەممەد و نە لە دوای بارزانیش و نە لە دوای کۆڕەوەکەش و نە شەڕەکانی نێوخۆش ئەو ڕەوتە هەر لە جووڵە نەکەوت.

بەهەمانشێوە هیگڵ پێیوابوو ناپلیۆن کۆتایی مێژووە، کەچی وا دەرنەچوو، ئەدۆرنۆ پێیوابوو هیتلەر کۆتایی مێژووە، بەڵام وانەبوو، ئەلێکسەندەر کۆجێڤ پێیوابوو ستالین کۆتایی مێژووە، بەڵام وانەبوو، فۆکۆیاما پێیوابوو کۆتایی جەنگی سارد کۆتایی مێژووە، بەس وانەبوو، دواتر 11ی سێپتێمبەر کرایە خاڵی کۆتایی مێژوو، هەڵبەت ئەمیش وا دەرنەچوو. مێژوو ناوەستێ، شکستە تراژیدییەکانی بەسەر کوردا هاتوون بەڵگەنەویستن کە کۆتایی مێژوو، وەک کۆتایی قۆناغێک وایە و دەبێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ ئاسۆیەکی تری مێژوو.

لەکوێ تەنگژە و قەیران هەبوو، لەوێ تەکنیکی خۆزاڵکردن بەسەریدا دروست دەکرێت. قەیران و چارەسەر دووانەیەکن پێکەوە خۆیان دەسەپێنن بەسەرماندا. باری نائاسایی خۆی هەڵگری باری خۆئاساییکردنەوەشە. لەو دۆخەدا جۆرێک بەرەنگاربوونەوە ساز دەبێت کە دووبارە مرۆڤ دەکاتەوە بە ئاغای واقیعەکەی، بۆ نموونە، ڕاپەڕین ڕووداوێک بوو بۆ ئاساییکردنەوەی باری ئێمە، بەڵام کۆڕەوە ملیۆنییەکەی پاش ڕاپەڕین، وەکو هاتنی بارێکی نائاسایی خۆی سەپانەوە بەسەرماندا، کۆڕەوەکە لەخۆیدا بریتی بوو لە جۆرێک لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو بارە نائاساییە، واتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی پاسیڤانە بوو بەگژی ئەو هێزە نائاساییەی خۆی سەپاند.  کۆڕەو هەڵاتن نەبوو بۆ جێگەیەک کە ژیانێکی باشتری تێدایە، چونکە ئاشکرایە لەو دەشت و کێوە ژیانی باشتر نییە، بەڵکو هەڵاتن بوو لە ژیانێکی خراپتر و قبوڵنەکردنی ئەو بارە نائاساییە کە لەشکری ڕژێمێکی فاشیست دەیسەپاند. کۆڕەوی جوولەکەش لە میسرەوە بۆ ئیسرائیل هەمان مانای کۆڕەوی کوردی هەیە، بەرەنگاربوونەوەی بارێکی نائاسایی سەپاو، بەڵام کۆڕەو یان کۆچی بەکۆمەڵی میللەتانی دنیای سێ بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا هەرگیز هەمان ئەو مانایەی نییە، ئەوان کۆچ دەکەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی “ژیانێکی باشتر”.

جگە لەو دۆخە قەیراناوییەی هەلومەرجی سیاسی، وەک داگیرکاری و کۆدێتا و هەڵگیرساندنی جەنگ  دەیسەپێنێ بەسەر جیهانیژیانی هەرێمێکدا و باری نائاسایی دەسەپێنێ، هەندێک ڕووداوی سروشتیش هەمان باری نائاسایی دەسەپێنن. کارەساتەکانی وەکو ئاگر کەوتنەوە و لافاو و زریان کەوتنەوە و زەمینلەرزە تەواوی ئەو هەلومەرجانەی ژیان لەبەریەک دەترازێنن و باری نائاسایی دەسەپێنن. ئەم دۆخە تەنگژەی ئیمیرجێنسی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ، بەڵام لەهەمان کاتدا تەکنیکەکانی زاڵبوون بەسەر ئەو تەنگژەیەش دێتە ئاراوە. باری نائاسایی شیفرەیەکە بۆ باری ئاسایی.

زەمینلەرزەکەی لیسابۆن لە ساڵی 1755 هەموو ئەوروپای وەئاگاهێنایەوە، بۆچوونێک هەیە پێیوایە ئەو کارەساتە دەستپێکی لەدایکبوونی مۆدێرنەی خۆرئاوایە لەڕووی تەکنیکەکانی ئاسایش و حوکمکردنەوە. هەرێمی کوردستانیش ماوەی چەند ساڵێکە چەند رووداوێکی سروشتی توندی وەکو لافاو و زەمینلەرزە و وشکەساڵی بەخۆیەوە دەبینێ، بەڵام بەهاتنی ئەم کارەساتانە، هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆی چارەسەرکاری و هیچ پێشنیارێک و هیچ پلانێک بۆ داڕشتنی تەکنیکەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو کارەساتانە لەلایەن حکومەت و دەزگاکانی و ڕێکخراوەکانییەوە بەدی ناکەین. مەسەلەی کارەساتی سروشتی ڕێک پەیوەستە بە ڕاگەیاندنی باری نائاساییەوە. چونکە لەکاتی کارەساتە لەناکاوە  سروشتی و سیاسی و سەربازییەکاندا ئیتر ڕێساکان و ڕێکخستنەکان هەڵدەپەسێردرێن و کۆنسێپتی ئیمیرجێنسی وەکو پارادیگمای باری نائاسایی کارا دەکرێت.  ئیمیرجێنسی وشەیەکی لاتینییە بەمانای ئەو شتەی کتوپڕ و لەناکاو پەیدا دەبێت و خۆی دەسەپێنێ.

 

 

باری نائاسایی و دیزاین

ئیمرجێنسی دیزاین بریتییە لەو لێهاتووەی هەوڵی ئەوە دەدات خۆی بۆ ئەو شتە ئامادە بکات کە خۆبۆئامادەکردنی نییە. سلۆتەردایک بەپێی سیاسەتناسی ئەڵمانی کارڵ شمیت، دەوڵەت لەکاتی جەنگدا باری نائاسایی و ئیمیرجێنسی ڕادەگەیەنێت و لێوەی مۆنۆپۆلی دارایی و بڕیاردان و توندوتیژی و ڕێکخستنەکانی بواری گشتی و تایبەتی دەکات لەپێناوی ئەوەی سەروەریی خۆی بپارێزێت، لەم پارادیگما سیاسییەدا دەسەڵات ئەرکی دابینکردنی ئاسایشە.

بەڵام بەپێی ژنە فیلۆسۆف و کولتوورناسی ئەڵمانی یانا میلەڤ کە دیارترین فیگورە لەمڕۆدا کار لەو کۆنسێپتەدا بکات، گرنگترین فیگور کە ڕۆڵێکی کارا دەبینێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژە ئیمیرجێنسییەکان بریتین لەو دیزاینساز و ئارشیتێکتۆرانەی کار بۆ داهێنان و دابینکردنی ئامرازەکانی پاراستن و مانەوەی لێقەوماوانی کارەساتەکان دەکەن. ئەندازیارەکان دەبێت پەرۆشی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێکردنی لێقەوماوەکان بن، بەدروستکردنی ژووری مۆبایل و دەوار و چادری خێرا و داڕشتنی نەخشەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی کاتی و پرد و ڕێگاوبانی خێرا و کەرەسەکانی گواستنەوە و پاراستن، وەکو جلوبەرگی تایبەت بە کەشی نالەبار. ئیمرجێنسی دیزاین هونەری مانەوەیە بەزیندوویی، تەکنەلۆژیای خۆڕێکخستنەوەیە لە دۆخێکی نائارام و شپرزەدا.

 

هونەرمەندی کورد (هیوا ک) لە کارێکی هونەریی ئینستەلاسیۆندا بەناوی (بۆرییەکان) توانی بەرجەستەی ئەو ئیمیرجێنسی دیزاینە بکات کە ئاوارە و پەنابەرەکان لە گریکستان لەتاو بێماڵ و حاڵیی خۆیاندا پەنایان بردە بەر ئەو بۆرییانە و لەناویاندا ماڵێکی کاتییان بۆ نیشتەجێکردن دروست کرد، لە ئەوروپاش کارە هونەرییەکانی لوسی ئۆرتا Lucy Orta لە دیارترین ئەو کارانەن کە وەکو ئیمیرجێنسی دیزاین بۆ باری نائاسایی دەردەکەون.

 

هیوا ك له‌ناو بۆرییه‌كانیدا

بەشدارییەکانی فۆکۆ و ئاگامبێن و سلۆتەردایکیش بۆ دیزاین وەک تەکنیکێکی مرۆناسی بۆ پتەوکردنی ئیمون سیستەم لەڕووی فەلسەفییەوە بە دیارترین پرۆژە دەبینرێن، سلۆتەردایک لە سێینە کتێبی کایەکاندا و لە کتێبی (تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت)، هەموو ئەو مەشقانەمان بۆ ڕاڤە دەکات کە وەکو ئەنترۆپۆتەکنیک لەکاتی هەر تەنگژە و تەنگانە و پاسیڤبوونێکی مرۆییدا بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دۆخەدا داهێنراون.

بە دیدی ئەم، ئیمیرجێنسی دیزاین کۆنسێپتێکە ئیمون سیستەم بەرەو پێشەوە دەبات. لەناو ئەودا چوارچێوەیەک دروست دەبێت بۆ وەسفکردنی سیستەمی بیۆلۆگی و یاسایی و هونەر و دڵنیایی. هەروەها دیزاین واتە، جیهان ئەو کایەیەی کە بەردەوام تووشی نەهامەتی و پێشێلکردن و پەلاماردانی کتوپڕ و لەناکاو دەبێتەوە،. لەبەرئەوەشی جیهان ئەو شوێنە پڕ لە ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەیە، ئەوا مرۆڤ بەردەوام پێویستی بە ئارشیتێکتۆر و ئەندازەساز دەبێت بۆ خۆڕێکخستنەوە و خۆکۆکردنەوە، ئیمرجێنسی دیزاین بریتییە لەو لێهاتووەی هەوڵی ئەوە دەدات خۆی بۆ ئەو شتە ئامادە بکات کە خۆبۆئامادەکردنی نییە. لەناو دنیای کوردیدا لەدوای ڕاپەڕینەوە ئێمە دەتوانین سێ جۆر پارادیگمای ئاوارەیی ببینین کە باری نائاسایی دروستی کردوون.

 

 

یەکەمیان: پارادیگمای سیاسی

هەموو لەیادمانە دوای شەڕە دراماتیکییەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە نەوەدەکاندا ژمارەیەکی زۆری لایەنگرانی حیزبە شەڕکەرەکان لەماڵ و دێهات و شاری خۆیان ئاوارەبوون، پاشان بەهۆی شەڕی دژە داعشیشەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاوارە هاتنە شارەکانی هەرێم.

دووەمیان: پارادیگمای کارەساتە سروشتییەکان

ئەو کارەساتە سروشتییانەی بەسەر کوردستاندا هاتن، وەک وشکەساڵی، زەمینلەرزە، ئاگرکەوتنەوە، لافاو و کەشی خراپ، تێکڕا بوونە مایەی ئاوارەبوون و بێماڵبوونی دانیشتوانێکی زۆری هەرێم.

 

 

 سێیەمیان: پارادیگمای کۆمەڵایەتی

سڕینەوەی دیموگرافیی گوندەکان و تێکچوونی سترەکتوری کۆمەڵایەتیی شارەکان  لەڕێی کردنەوەی پرۆژەکانی گوندی ناز و گوندی ئەڵمانی و سیتییەکانەوە و نەبوونی پلانێکی دادوەرانە لە سیاسەتی نیشتەجێکردندا، ژمارەیەکی زۆری خەڵک بێماڵ ماونەتەوە.
بەرانبەر ئەم سێ پارادیگمایەی ئاوارەبوون، دەسەڵاتی کوردی ستراتیژێکی عەقلانی کاریگەری پیادە نەکردووە تا ئێستا، بەڵام ئەرشیتێکتۆر و هونەرمەندانیش نەیانتوانیوە کەفائەتی هونەریی خۆیان لەو تەنگژەیە هەڵقورتێنن و باری گرانی ئەو ئاوارانە سووک بکەنەوە، ئەوەی لەو شوێنکاتە دیاریکراوە تائێستا کرابێت، تەنیا ئەوە بووە کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە بووە.  بۆشایی سیاسی ئێمە هەمیشە لە دەرەوە بۆمان پڕکراوەتەوە، دۆخی نائاسایی ئێمە هەمیشە لە دەرەوە هەوڵی ئاساییکردنەوەی دراوە.

ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سێ جۆر ئاوارەییە پێویستی بە عەقڵی ئیمیرجێنسی دیزاینە، ئێمە قسەمان زۆر لەسەر ئایدیۆلۆژیاکان کرد، ئێستا کاتی ئەوەیە قسە لەسەر ئیمیرجێنسی دیزاین و باری نائاسایی بکەین. ئیتر ئێمە لەسەردەمێکی تردا دەژین و دەبێت بۆ سەروەربوونەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخەکەمان دیزاین ئیمیرجێنسی کوردی ڕادەستی سیاسەتوان و ئەندازەسازی لێهاتوو بکەین.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.

 

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ پێگه‌ی ڕووداو بڵاوبۆته‌وه‌.