پڕۆژەى: ڕەش و سپی سێپتەمبەری ٢٠١٣ - سلێمانی – گەلەری مۆزەخانە

Loading

ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین ٢٠٢٠

ڕەش و سپی

ناساندنی پێشانگای ڕەش و سپی  سێپتمبەری ٢٠١٣

ئیسماعیل حەمەئەمین

لە نێوان ڕەش و سپیدا بۆشاییەک هەیە، لەوێدا، لەنێو ئەم بۆشاییەدا ئەو تابلۆیانە ئامادەن. نە ڕەش وەک ڕەش دەمێنێتەوە و نە سپی وەک ڕەنگ سپیە، لەم تێزەوە سپی و ڕەش هەموو ڕەهەندە سمبولیەکانى خۆیان وندەکەن. گەر هاتوو تابلۆکانیش بە مەبەستى نیشاندانى یەک تێماى ڕەمزى کاریان بۆ کرابێت، ئەوا بوونى تابلۆ یەک پابەندە بە کۆى گشت گیرى تابلۆکانى دیکەوە. لێرەوە هەموو تابلۆکان ناسنامەى ڕاستەقینەى خۆیان وندەکەن و دەبن بە ئێستاکێ و دەبن بە ئێستا، دەبن بە ئامادەبوونێک لە نێوان ڕەش و سپیدا.

لە کۆنسێپتى ئەم پێشانگەیەدا ئەم ڕەش و سپیە لە بۆشاییدا یەکدەگرنەوە، نەک لە دژەکارى و پێچەوانەیى جەنگى ئەبەدى نێوان ڕەش و سپی. بە ماناى، بۆ ئەوەى بگەیتە ڕەش دەبێت بە سپیدا تێپەڕ بیت و بۆئەوەى لە سپیش تێبگەیت دەبێت ماناکانى ڕەش لە نێو خۆتدا ئامادە بکەیت.ئیدى فۆرمەکان، هێڵەکان،ڕووبەرە بەتاڵەکان، چاوەکانى ئەودیوو پەنجەرەکان و دەموچاوە خۆ حەشاردراوەکانى ئەو دیوو سپی و ڕەشەوە… لە نێو ئەو بۆشاییەى نێوان بە ڕەش بوون و سپی بووندا خۆیان ئامادە دەکەن. لەم کەتەلۆگ و پێشانگەیشدا ڕەش و سپی ناسنامە ڕەمزیەکانى خۆیان وندەکەن و دەبن بە بۆشایى نێوان (ڕەشبوون) و (سپیبوون).

 

کارکردن لەم جیهانبینیەدا، کارکردنە لەسەر بۆشایى. گەڕانەوەیە بۆ بۆشایی، گەڕانەوەیە بۆ بەتاڵاییە گەورەیەی کە مرۆڤ لەگەڵیدا دەژى. بۆشاییەک، تێدا کێشە ئەنتۆلۆژکانى خۆى یەکلاییدەکاتەوە و لەگەڵیدا لە ململانێیدایە. بێگومان کە باسى لە بۆشایى دەکەین باس لە خود، لە سوبێکت دەکەین، کە خۆى لە نێو بۆشاییدا دروستدەبێت. ئەم تابلۆیانە هەریەکەى بۆ خۆى گەڕانێکە بە دووى سوبێکتدا لە نێو ئەم بۆشاییەدا. خود دەگەڕێت بە دووى ڕەنگەکانى خۆیدا،بەڵام بێگومان لە نا- ڕەنگدا بە دووى ڕەنگدا دەگەڕێت، چونکە ڕەش و سپی لە غیابى سێبەردا ڕەش و سپین.

 

سوبێکت،ئیندڤیدوم،تاکڕەوى، لە بۆشایى نا-ڕەنگدا خۆى نمایشدەکات. ڕەش و سپی وەک گووتمان؛ ڕەنگ نین،خودى مۆدێرنیش نایەوێت ڕەنگى هەبێت. هەر وەک چۆن گەر پێش ئەوەش ڕەنگى هەبووبێت، ئەوا دونیاى مۆدێرن ڕەنگى لێ سەندۆتەوە. لەوانەیە گەورەترین گرفتى مرۆڤ ئەوە بێت کە خاوەنى ڕەنگەکانى خۆی نەما بێت. هەربۆیە ئەم تابلۆیانە لە نێوان ئەم بێڕەنگى و غیابى سێبەردا، خودێک نمایشدەکەن کە هێشتا دروست نەبووە. خودێکى خەیاڵ بۆ کراوە لەو دیوو سپییەوە، خودێک لە نێوان ژەنگدا، یان ڕووبەرێکى مۆنۆکڕۆمى ساف و بێ سنوور. جیهان چیتر لەم پێشانگەیەدا ڕەنگى خۆى نییە، گەر هاتوو بە هەقەت ئەم تابلۆیانە هەوڵدانێک نەبن بۆ لێسەندنەوەى دەمامکى درۆینەى جیهان.

 

خەیاڵێکى دیکە لەم پێشانگایەدا جێگەى سەرنجە، ئەوەیە، کە بۆ یەکمجار (شوێن) شوناس بدات بە تابلۆ،نەک تابلۆ وەک لە پێشانگاى تەقلیدیدا دەبینین،شوێن فەرامۆش بکات. لە پێشانگاى تەقلیدیدا تابلۆکان لە شوێنێک نمایشدەکرێن و چیتر پێشانگا لێپسراو نییە بەرامبەر تێماى تابلۆکان. بەڵام لەم ئەزموونەدا هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوە، ئەوە شوێن و پێشانگایە لە کۆنتێکستیکى تایبەتدا، بابەت و تێما دەدات بە تابلۆکان و تێما ئۆرگینالەکەى لێ دەستێنێتەوە. هەموویان لەم شوێنەدا نمایشى لایەنە ڕەش و سپیەکانى خۆیان دەکەن،دەچنە نێو کۆنسێپت و جیهانبینى ڕەش و سپیەوە. هەر یەک لەم تابلۆیانە تاکێکە لە نێوان ڕەش و سپی و بۆشاییدا، لە درێژبوونەوەى خۆیدا، خۆى نمایشدەکات. بەمەش، لە نێوان ڕەش و سپیدا ناسنامە جیاوازەکان ئامادەن، هەر یەک لەم تابلۆیانە گەر سپی بێت هەوڵدەدات بەرەو ڕەش بچێت، گەر بێت ئەو وەک خودێکى تاقیکار لە هەوڵى چووندایە بۆ سپی. ئاوەها لە نێوان هەردووکیاندا ناسنامەکان لە دایکدەبنەوە و لە هەمانکاتیشدا وندەبن.

بە دیوێکى دیکە کاتێک ڕوناکیەکى بەهێز لە چاوماندەدا، ئیدى دونیا سپی دەبێت و چیدى لە نێو سپێتیدا نابینین. دەچینە نێو ڕەشەوە، لە نێو سپیتیدا ڕەش لە دایکدەبێت و لە غیابى سێبەریشدا سپی. ئەم هاوکێشەیە چەند لە ڕووى فیزیکیەوە ڕاستە ئەوەندەش لە ڕووى پەیوەندى بە ژیانەوە چەمکی خودێک ئامادە دەبێت، کە چیتر ناتوانێت لە نێو یەک ڕەنگدا بژى،بەڵکو هەوڵدەدات وەک خودێک لە نێو جیهاندا،خۆى لە نێو بۆشایەکاندا تاقیبکاتەوە. خود، سوبێکت، کاتێک خۆى لە دوالیزمى ڕەش و سپی سومبولى ڕزگار دەکات، دونیایەک دەلەرزێنێت کە لە سەر ڕەمزیەتى ڕەش و سپی خۆى بیناکردووە. جیهان لەم دابەشبوونە ڕۆتینیەى نێوان ڕەش و سپی وەک دوو ڕەنگى دژ بە یەک خۆی نمایشدەکات. لەم دووبارەبوونەوەیە، جۆرێک لە فابریکە بوون، بەئامێربوون و بە ڕۆتین بوون لە نێو ژیاندا ئامادەیە. ئەم فیگورە کە دونیا بە ڕەش و سپی دەبینێت چیتر هەناسە نادات.

دونیا لەم دابەشبوونە سومبولیەتدا جۆرێکە لە تیرۆر کە هەناسە دەدات، دەیەوێت  بە کولتور بگەشێتەوە. بێگومان دواى هەموو تێرۆرێک کولتور بە خۆیدا دەچێتەوە، لێرەوە لە دواى دابەشبوونى دونیا لە نێو تیرۆرى ڕەش و سپی ڕەمزیدا، ئەم پێشانگایە کولتوریکى دیکە ئامادە دەکات. ئەویش نێوەندێکە لە نێو ڕەش و سپیدا خۆى درێژ دەکاتەوە،بەوەى لەو وەهمە ڕزگار دەبین کە دابەشبوونى جیهان بە سەر ئەم دوو ڕەنگەدا درۆیەکى گەورە بووە. خود، سوبێکت، لە دواى هەموو قەیرانێک جارێکى دیکە بەسەر ناسنامەى ونبووى خۆیدا دەگەڕێت، ئەمە وەهامان لێدەکات لەوە تێبکەین کە دواى تیرۆرى ڕەش بۆ سەر ژیانمان، ئێمە بەرەو سپی هەنگاو بنێین،لە نێو تیرۆرى سپیدا بیر لە کولتورێکى ڕەش بکەینەوە.

ئێمە ناتوانین ڕەش نەبینین بێ ئەوەى فۆرمى ڕەش لە خۆماندا زیندوو نەکەینەوە، ناتوانین سپیش نەبینین بێ ئەوەى لەو بێ ئەندازەییە تێبگەین کە سپیاتى لە ڕۆحماندا گەمەى پێدەکات. خودى بینین داماڵڕاوە لە سێبەر، ئاوەها ( لە نێو سێبەردا بینین)  بوونى نامێنێتن مادامەکى لە غیابى سێبەرە کە ڕەش و سپی ئامادەن.  لە نێو ڕەش و سپیدا هەزارەها تۆن هەیە، کە لە چرکە ساتێکدا بگەینە ڕەش و سپی وەک خۆى. بۆئەوە دەبێت بە هەزارەها تۆندا تێپەرین، ئەوسا دەگەینە ڕەش یان سپی. ئەم هاوکێشەیەش بەردەوام لە جێگۆڕکێدایە،ئەو دۆزینەوەى لەم پێشانگایەدا (ڕەش و سپی)  ئێمە سەر سامدەکات ئەوەیە؛ کە سپی نییە و ڕەش چیتر ڕەش نامێنێت، بەڵکو لە نێو ئەم دووانەدا تەنها بینینە لە نێو بۆشایدا.بۆشاییەک کە درێژکراوەى تاقیکردنەوەى ڕەنگە لە نێو جیهانى خود و دونیادا. لێرەوە  ئەم پێشانگایە کۆى ئەو کێشە وجودیە قووڵەیە کە بەردەوام لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە و بەردەوامیش بەرهەمىدەهێنێتەو،ئەم پێشانگایە تێگەیشتنیکى دیکەیە بۆ ڕەش و سپی.

سلێمانی – ٢٠١٣

 

پڕۆژەى: ڕەش و سپی

سێپتەمبەری ٢٠١٣  – سلێمانی – گەلەری مۆزەخانە

بیرۆکەىپڕۆژە: زامۆئا داراغا

ناساندن و نوسین: ئیسماعیل حەمەئەمین

دۆکۆمێنتکردنى: هەڵۆ لانۆ

هونەرمەندان:

ئیسماعیل خیات میوانى پڕۆژە

ئاڤان سدیق،ساکار فاروق،نەرمین مستەفا،هێمن حمید،ئاریان ئەبوبەکر،شیروان فاتح،زامۆئا داراغا.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌