ڕه‌ش و سپی
چیرۆک
میران ئه‌براهام
‘کاکه، واصڵ، واصڵ!’
خه‌ڵه‌فی چایچی کاتێک ئه‌وه‌ی پێ وتم، لێم پرسی، ‘کێ پاره‌ی چاکه‌ی منی داوه؟’
ده‌ستی بۆ سوچی لای ڕاستی چاییخانه‌که‌ی ڕاکێشا، به‌بێ ئه‌وه‌ی لێم بڕوانێت له‌به‌ر خۆیه‌وه وتی، ‘ئه‌و دوو پیاوه شه‌بقه له‌سه‌ره.’
له خه‌یاڵمدا به‌خۆمم وت، ‘ده‌بێت کێ له شاری موسڵ من بناسێت؟! یان تۆ بڵێی وه‌کو جاران لێره چاودێری هه‌موو ڕێبوارێک بکرێت!’
دوای ئه‌م خه‌یاڵه‌م، ته‌زوویه‌کی سارد له ته‌وقی سه‌رمه‌وه تاوه‌کو به‌ری پێم چوو، دوورا و دوور به ترسه‌وه له کابراکانم ڕوانی، سه‌ریان نابوو به سه‌ری یه‌که‌وه و به چپه قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کترین ده‌کرد، بۆ چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک له‌ناو ده‌رگای چاییخانه‌که‌دا ڕاوه‌ستام، خه‌ڵه‌فی چایچی خه‌ریکی پاککردنه‌وه‌ی مێزێک بوو، دوو پیاوه کڵاو له‌سه‌ره‌که ده مه‌ترێک له منه‌وه دوور بوون، ده‌ستم هه‌ڵبری و ویستم بانگیان لێبکه‌م و سوپاسیان بکه‌م، نازانم بۆچی له بڕیاره‌که‌م په‌شیمان بوومه‌وه، له‌و کاته‌دا سه‌رنجم چووه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنێک که به ته‌نیشت وه‌جاخی چاییچییه‌که‌وه هه‌ڵواسرابوو، که پێش تر ته‌نها گوێم له ده‌نگی بوو، ده‌نگی گۆرانی بێژه‌که خه‌یاڵه‌می گۆڕی و ده‌ستی پێ داگرتمه‌وه، پڕ به چایخانه‌که هاواری ده‌کرد، له‌و کاته‌دا چه‌ند جارێک له‌گه‌ڵی و له‌خه‌یاڵی خۆمدا گۆرانییه‌که‌م وته‌وه، دیمه‌نی سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌که ڕه‌ش و سپی بوو، پاشان ده‌ستم داگرته‌وه و له ده‌رگای چایخانه‌که بێده‌نگ چوومه ده‌ره‌وه، له‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌وه هێشتا گوێم له‌ده‌نگی گۆرانییه‌که بوو، له‌ژێر لێوه‌وه دیسان ئه‌م دوو دێڕه‌م له‌گه‌ڵ گۆرانی بێژه‌که‌دا وته‌وه،
‘عيرتني بالشيب وهو وقار
ليتها عيرت بما هو عار’
به‌لای ڕاستی چایخانه‌که‌ی خه‌ڵه‌فدا و به‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامی باب تۆپدا ڕۆیشتم، کاتێک دوورکه‌وتمه‌وه و ده‌نگه‌که له‌به‌ر گوێم‌دا کپ بوو، خه‌یاڵم چوو بۆ لای کوڕه‌که‌م، ئه‌وسا بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه کاتێک هاتم له‌و چایخانه‌یه دانیشتم له ته‌له‌فۆنه‌که‌دا چی پێ وتم، ناوی نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاری هێنا، گوایا له‌گه‌ڵ دایکی له‌وێ بوون، وتی دوای کاتژمێرێک ئه‌نجامی پشکنینه‌کان وه‌ر ده‌گرینه‌وه، ئیتر خۆ ده‌نگی به‌رزی ئه‌و گۆرانی بێژه نه‌یهێشت باش لێی حاڵی ببم، له‌وکاته‌دا به به‌رده‌می ڕیزێک دووکانی جل و به‌رگدا تێپه‌ڕیم، مۆبایله‌که‌م له جانتاکه‌م ده‌رهێنا و له‌ناو ده‌ستمدا ڕامگرت، ویستم به ته‌له‌فۆن پرسیاری ئه‌وه له کوڕه‌که‌م بکه‌م، کاتێک ژماره‌که‌یم هێنایه سه‌ر شاشه‌ی مۆبایله‌که‌م، بینیم وێنه‌یه‌کی نوێی دانابوو، دایکی له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ک پاڵ که‌وتووه و خۆیشی له‌ته‌نیشتییه‌وه دانیشتبوو، هه‌ردووکیان لێیان ده‌ڕوانیم، چه‌ند جارێک لێم ڕوانی و پاشان زه‌نگم بۆ لێدا، سێ جار زه‌نگکه لێیدا، له‌و کاته‌دا ئافره‌تێک له پێشمه‌وه ده‌ڕۆیشت و ده‌نگی ته‌ق و هوڕی پێڵاوه پاژنه به‌رزه‌کانی تێکڵاو به زه‌نگی مۆبایله‌که‌م ده‌بوو، ته‌نوره‌یه‌کی ڕه‌شی ته‌سکی له‌به‌ردا و قۆڵه‌کانی تاوه‌کو سه‌ر شانه‌کانی لێ ڕووت کردبوو، پرچی ڕه‌ش تاکو سه‌ر سمتی درێژ بوو، هێشتا زه‌نگی مۆبایله‌که‌م لێی ده‌دا، به‌بێ ئه‌وه‌ی دایبخه‌مه‌وه یان چاوه‌ڕوانی بکه‌م مۆبایله‌که‌م خسته‌وه ناو جانتاکه‌م و کلیلی ژووره‌که‌م گرت به ده‌ستمه‌وه، ئافره‌ته ڕه‌ش پۆشه‌که به به‌رده‌م ئوتێلی حه‌سوندا تێپه‌ڕی، لامدا و ویستم بۆ ناو ده‌رگای ئوتێله‌که بچم، دیسان له ئافره‌ته‌که‌م ڕوانی و ئه‌ویش به ڕێکه‌وت ئاوڕی لێ دامه‌وه و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی بۆ کردم، پاشان ڕووی لێ وه‌رگێڕام.
له‌ناو ده‌رگای ئوتێله‌که‌دا وه‌ستابووم و به‌رده‌وام له‌دواوه لێم ده‌ڕوانی، شێوازی ده‌م و چاوی له پێش چاومدا بوو، به تایبه‌تی چاوه ڕه‌ش و گه‌وره‌کانی. به‌بێ ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵی خۆمدا هیچ بڕیارێکم دابێت لای ده‌ستی ڕاستی به‌رده‌م ئوتێل حه‌سونم گرته‌به‌ر و دوور و نزیک دوای ئافره‌ته ڕه‌ش پۆشه‌که که‌وتم، له‌وکاته‌دا ده‌نگێک له ناو جاتاکه‌مه‌وه ده‌هات، به‌سه‌ر قۆڵی کراسه‌که‌م ئاره‌قی ناوچه‌وانم سڕی، زنجیری جانتاکه‌م داخست، نازانم له‌وکاته‌دا پله‌ی گه‌رما چه‌نده بوو، سه‌رسنگم و ناو شانم ئاره‌قیان لێ ده‌چۆرا و به سه‌ری په‌نجه‌کانم زوو زوو نێوان تووکه‌کانی سه‌ر سنگم ده‌خوراند، به درێژایی شه‌قامی باب تۆپ بیست مه‌ترێک له دوای ئافره‌ته ڕه‌ش پۆشه‌که‌وه ڕۆیشتم، کاتێک خۆیکرد به کوڵانێکدا له پشته‌وه لێم ده‌ڕوانی، بۆ ئه‌وه‌ی لێم ون نه‌بێت هه‌نگاوه‌کانم خێرا کردن و گه‌یشتمه سه‌ر سوچی کۆڵانه‌که، کاتێک ویستم به ده‌ستی ڕاستمدا لابده‌م، له‌ناکاو ئافره‌ته ڕه‌ش پۆشه‌که له به‌رده‌ممدا قوت بوویه‌وه، به جۆرێک خه‌ریکبوو لوتی به لوتمه‌وه بنووسێنێت، چاوه ڕه‌شه گه‌وره‌کانی به ڕوومدا داچڕی و به توڕه‌ییه‌وه پێی وتم، ‘چییه؟ چییه؟ شه‌رم له خۆت ناکه‌یت دوام که‌وتوویت؟!’
هه‌ناسه‌ی بۆنی ڕازیانه‌ی لێ ده‌هات، له‌کاتێدا من به هه‌ڵه‌شه‌یی له خه‌یاڵمدا له وه‌ڵامێک ده‌گه‌ڕام، ئه‌و تۆنی ده‌نگی نزم کرده‌وه و وتی، ‘له ڕابواردن ده‌گه‌ڕێیت، وانییه؟’
له خه‌یاڵمدا له نێوان به‌ڵێ و نه‌خێردا بووم، له‌ژێر لێوه‌وه به ترسه‌وه پێموت، ‘به‌ڵێ.’
له مۆبایله‌که‌ی ڕوانی و خستییه‌وه ناو جانتای شانه‌که‌ی، به‌بێ ئه‌وه‌ی لێم بڕوانێت به نازێکه‌وه وتی، ‘ڕابواردن له‌گه‌ڵ مندا گرانت له‌سه‌ر ده‌که‌وێت.’
کاتێک ویستم وه‌ڵامی بده‌مه‌وه، ئه‌و به ڕاست و چه‌پی کۆڵانه‌که‌دا ڕوانی و له‌به‌ر خۆیه‌وه وتی، ‘ده‌ی پێشم بکه‌وه وه‌کو ئه‌وه‌ی مێردم بیت، بۆ به‌رده‌م ئه‌و ده‌رگا سێتاکییه شینه‌ی له‌به‌ری ده‌ستی ڕاستمانه‌وه لێمان دیاره بڕۆ، ئینجا ترس و شڵه‌ژانت پێوه دیار نه‌بێت و له چوارده‌وری خۆت بڕوانیت، له به‌رده‌رگاکه‌دا بۆسته.’
دوای ئه‌وه‌ی بێده‌نگ سه‌رم بۆ ڕاوه‌شاند، گه‌یشتینه به‌رده‌گاکه و ئه‌و ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه و پێکه‌وه چوینه ژووره‌وه، له‌و کاته‌دا که‌سم له‌و کۆڵانه تاریکه‌دا به‌دی نه‌کرد و بێجگه له بۆنی هه‌ناسه‌ی ئه‌و زوو زوو شنه‌بایه‌ک ده‌هات و بۆنی پرته‌قاڵه‌کانی ناو حه‌وشه‌ی ئه‌و کۆڵانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنا.
بێده‌نگ پێشم که‌وت و ده‌رگای ماڵه‌که‌ی کرده‌وه، به‌داڵانه‌که‌دا بۆ ژوورێک له پشته‌وه‌ی ماڵه‌که چووین، دوای ئه‌وه‌ی گڵۆپی ژووره‌که‌ی داگیرساند، خێرا به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچم پێ بڵێت، ده‌ستی کرد به داکه‌ندنی جله‌کانی، له ته‌نیشتییه‌وه ڕاوه‌ستابووم و به سه‌رسامییه‌وه له قژه ڕه‌ش و پێسته گه‌نم ڕه‌نگییه‌که‌یم ده‌ڕوانی، به ڕووتی هاته به‌رده‌م و جانتاکه‌ی له شانم کرده‌وه و فڕێیدایه سه‌ر زه‌وییه‌که، له‌و کاته‌دا به هه‌ڵه‌شییه‌که‌وه په‌لاماری جانتاکه‌م دا، دیسان گرتمه‌وه به‌ده‌ستمه‌وه، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی بۆ کردم و ده‌ستی کرد به کردنه‌وه‌ی قۆپچه‌ی کراسه‌که‌م، ده‌ستی هێنا به ڕانمدا و به نازه‌وه پرسی، ‘دۆلارت پێیه یان دیناری عێراقی؟’
دوای چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک به ڕووتی له‌سه‌ر جێگاکه به‌رامبه‌ری یه‌کترین دانیشتبووین، ده‌ستی گرتم و لێی پرسیم، ‘دیانه‌تت چییه؟’
ده‌مم ته‌ته‌ڵه‌ی کرد و پێموت، ‘مه‌سیحیم.’
پاشان به‌سه‌ر جێگاکه‌دا خۆی ڕاکێشا و له به‌رده‌ممدا که‌وته سه‌رده‌م، له‌سه‌ر گردی سمتی لای چه‌پی به خه‌تێکی شینی تێکشکاو نووسرابوو، ‘عيرتني’
ده‌ستی برد و له چه‌کمه‌جه‌ی دووه‌م و خواره‌وه‌ی ئه‌و کۆمۆده‌یه‌یی له ته‌نیشتی جێگاکه‌وه بوو، کتێبێکی به‌رگ ڕه‌شی گه‌وره‌ی ده‌رهێنا، کاتێک له به‌رده‌ممدا له‌سه‌ر ده‌ستی ڕایگرت، له‌به‌ر خۆیه‌وه پێی وتم، ‘ده‌ی، سوێندم به ئینجیلی پیرۆز بۆ بخۆ، که جارێکی تر ڕێگات ناکه‌وێته‌وه سه‌ر ئه‌م ماڵه و نامناسیت و هیچ له نێوانماندا ڕوینه‌داوه!’
سوچێکی کتێبه به‌رگ ڕه‌شه‌که‌ی ده‌ستیم گرت و پێموت، ‘بمبووره من مسوڵمانم!’
دیسان وه‌کو جاری پێشوو له به‌رده‌ممدا پاڵ که‌وته‌وه و کتێبه‌که‌ی ده‌ستی خسته‌وه ناو چه‌کمه‌جه‌ی خواره‌وه‌ی کۆمۆده‌که، له‌و کاته‌دا ده‌ستم هێنا به‌سه‌ر خاڵه کوتراوه‌که‌دا، که پێ ده‌چو تازه ئه‌و خاڵه‌ی کوتابێت، چونکه هێشتا پێستی لە سنووری نووسینه‌کەدا خوێنی تێ زابوو، چه‌کمه‌جه‌ی سه‌ره‌وه‌ی کۆمۆده‌که‌ی کرده‌وه و کتێبێکی به‌رگ سپی و هه‌مان قه‌باره‌ی ده‌رهێنا و له‌سه‌ر ده‌ستی له به‌رامبه‌رم ڕایگرت، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و به قورعان سوێندم بدات، زه‌نگی مۆبایله‌که‌م له‌ناو جانتای شانه‌که‌مدا له‌سه‌ر زه‌وی ژووره‌که لێیدا.