جەماوەرسواڵەکانمان، ڕۆشنبیرانی ناو قوتوو
ئیسماعیل حەمەئەمین
ڕۆشنبیری پۆپۆلیستی کورد هەمیشە بەدووی هەرانانەوەیە، ئەمە بە مەبەستەوە ناکات، بەڵکو قووڵ، زۆر قووڵ، لە ناخیدا چەسپیووە. ئەم پۆپۆلیزمە، جەماوەر سواڵکردنە یان من ناوی دەنێم `جەماوەرسواڵ` یان “دەرۆزەجەماوەر“ لەناخیدا ڕەگی داکوتیووە. لە ڕووی شیکاری دەروونیەوە قسەبکەین؛ لە ناخودئاگاییدا بوونی هەیە و نەیتوانیوە لە نەستی خۆیدا کاری لەسەر بکات و بیهێنێتە سەر ئاستی هۆشمەندی و کاری لەسەر بکات. بە پێچەوانەوە پڕدەداتە هەرچیەک بەو ناخودئاگا فۆرم بانگخوازیی و جەماوەرسواڵدا، تێپەڕی دەکات. هەربۆیە هەموو فەلسەفە و ئاین و سایکۆلۆژیا لە مانا جەوهەرییەکەی دەردەهێنێت و دەیکاتە چەند ڕستەیەکی هارووژێنەر. بە جۆرێک، کە خەڵکانێکی `نا- تایبەتمەند` دابەشبکات بەسەر دووبەرەدا؛ بەرەی بەڵێ و بەرەی نەخێر.
ئەم سیناریۆیە زیاتر لە هەژدە ساڵە لە کوردستانی باشووردا لەسەر دەستی `ڕۆشنبیری پۆپۆلیست` ڕوودەدات. هەموو جارێکیش هەرایەکی بێمانا دەنێنەوە، بێئەوەی بمانگەیەنێتە هیچ دەرئەنجامێک. بۆ ئەو فیگورە جەماوەرسواڵە هەرانانەوەکە گرنگە، ئیدی هەستدەکات ناوی لەسەر زارانە، بەپێی پەندە ئەڵمانییەکە دەڕوات بەڕێوە “ جنێوم پێ بدە با بناسرێم“
ئەم دندانە کۆمەڵایەتی و ئاینیە هیچ دیالۆگەکی دروست بەرپا ناکات، جگە لە دابەشکردنی کۆمەڵگە نەبێت بەسەر بەرەکاندا، تەنها چەنەبازی نەشارەزایان نەبێت لە ئاین و سایکۆلۆژیادا. ئەم نەخۆشییە لەو ڕۆشنبیرانەوە داکەوتۆتە ناو چینە خوێنداوەرکە و بۆتە کولتوری میدیا و سیاسەت، ئەمانیش وایان لێ هاتووە بوونە بانگخواز و دنەدەر و سوژنکەری ئەم گروپ و ئەو بیروڕا و ئەویتر. لێرەوە؛ سکەنداڵیزم، حەیابردنیزم، بۆتە سیمای میدیا و سیاسەت و دیالۆگەکان.
سەیرە، جەماوەرسواڵ کە دێت قسە لەسەر ئاین دەکات، بەتایبەت ئیسلام، بە دوو سێ خاڵی مێژووییەوە دەنوسێت و لایەنە عیرفانیەکەی خامۆش دەکات، لایەنی یەک و چەند دانەیی `الواحد و المتعدد` شیعرییەکەی تێناگات. گفتوگۆ فەلسەفیەکەی خامۆش دەکات، کە لایەنی نێزکردنەوەی خوایە لە ئەقڵ یان لەوحی مەحفوز و زۆریتر… ئەم فیگورە دێت لایەنە سایکۆلۆژیەکەی ئاین بۆ مرۆڤی دەروون برینداری کورد وەلادەنێت، بیریدەچێتەوە لە ناو دەریای گەندەڵیدا خەڵک هەر خوای ماوە، تۆش دێت و دەتەوێت ئەو خوایەی لە ژیانیدا بکەیتە دەرەوە. بێگومان ئەمە دژی سادەترین پڕنسیبی عەلمانیەت، سێکۆلاریزمە. سێکۆلاریزم دیالۆگ دەکات لەگەڵ ئاین نەک دژایەتی ئاین بکات، سێکۆلاریزم، کۆمەڵگە ڕێکدەخات، نەک دنەی بدات. بۆ زیاتر تکایە لە کولتور مەگەزین سەیری نوسینێکم بکە بەناوی ` گوتاری پۆست سێکۆلاریزم`.
ئەم ڕۆشنبیرە جەماوەرسواڵە بیریدەچێتەوە کە کۆی عەلمانیەتی ڕۆژئاوا لە ١٢٠٧ وە لەناو ڕیفۆرمی ئاینەوە دیالۆگەکانی سەردەردێنێت، بیری دەچێت کە کریستانیزم و کڵێسا حوکمی، ئیتاڵیا، دانیمارک، بریتانیا، کۆی ئەوروپا دەکەن، بەڵام شێوەیەکی تر، ناڕاستەوخۆ و کاریگەرتر لە جاران. شارە ئەوروپیەکان دەستیان لە کڵێساکانیان بەرنەداوە، بەڵام دیالۆگیان لەگەڵدا کردووە… بەڵام بەڕێزانم قسە بۆکێ دەکەیت، ڕۆشنبیری جەماوەرسواڵ ئەو دیالۆگەی لەگەڵ ئاین لەلامەبەست نییە کە بەشێکە لە گفتوگۆی فەلسەفی، بەڵکو لە کۆڕ و سیمینارەکاندا دێت ڕاپۆڕتی ڕێکخراوەکانی وەک یوئێین و یونیسێف و ئینجیئۆکان دەکاتە نموونە. ئێستا ئەوەی دونیای سەرمایەداری وەحشی یان پۆست مۆدێرنە و نیولیبرالیزم و ئەمریکانیزم دروستیدەکات، ئەم ڕێکخراوانەیە بۆئەوەی کۆنترۆڵی بیروڕاکانی ئەو کۆمەڵگەیانە بکەن کە لە دەرەوەی هەژموونی “پیاوی سپی“ پێدەگەن. ئەمە پێدەڵێین “ بە ئینجیئۆکردن – ئینجیئۆزەیش“ بەڵام ئەم ڕۆشنبیرە جەماوەرسواڵە، تەنها چەند دێرێکی دەوێت بڵێت؛ ئیسلام داعشە!
بەدیوێکی تردا، ئەم ڕۆشنبیرە پۆپۆلیستە، جەماوەرسواڵە، لە ڕۆژئاوا نەژیاوە، لە دەزگا پەروەردەییەکانی کاری نەکردووە، تایبەتمەندی زانستی نییە لە سایکۆلۆژیا، کەچی بێ تێگەیشتن لە چەمکی ` ئۆرێنتالیزم` و چەمکی `هەژموونی پیاوی سپی`. ڕۆژئاوامان لێ دەکات بە `جەنەتی عەدەن` کە بێگومان وانییە. ئەوەی ڕۆمانی `گۆشەگیری` من بخوێنێتەوە، نێزیکدەبێتەوە لەوردەکاریەکانی.
ئەم جەماوەرسواڵە، وەک فیگورێکی کولتوریی ساڵانێکە خەریکی ئەم بەزمەیە، کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو دابەشدەبێت بە توێژێک لە بەناو ڕۆشنبیر، کاتی خۆی لینین بە ئەمجۆرانەی دەگووت ` ڕۆشنبیری ناو قوتوو`
لەهەمووی هەزەلیتر ئەوەیە تەنها ئەوەندە لە `سیگمۆند فرۆید` و شیکاری دەروونی تێگەیشتووە؛ کە منداڵ مەمکی دایکی مژی، مانای حەزی سێکسە و ئازادی سێکس مانای ئازادییە… ڕۆژئاوا لە سێکسدا ئازادە بەڵام مرۆڤ ئەو ئازادە نییە کە جەنابی `جەماوەرسواڵ` دەیڵێت، نەخێر، مرۆڤ وەک ئاژەڵی ناو قەفەز کۆنترۆڵکراوە لەسەرێکەوە لە ژێر سیستمی کار و لەولاشەوە لەژێر قەرزی درێژخایەنی بانق و سوودەکانیان، بێگومان لەزۆر ڕووەوە ئازادیەکەی وەهمیە نەک ڕاستەقینە. لەمەڕ ئەمە فەیلەسوفانی پۆست مۆدێرن زۆر کتێب و قسەیان هەیە بەڵام جەماوەرسواڵی کوردیی نایەوێت لەوە تێبگات و نایەوێت ئاگای لەو قووڵیە بێت… بۆ نموونە گریمانەی تیۆرەی مژینی مەمکی دایک لەلای سیگمۆند فرۆید، دەبێتە ڕێنماییەکی پەروەردەکاری بۆ سەر کەسایەتی مرۆڤ، بەوەی جۆری شیردان بەمنداڵ و لەشیرکردنی و پڕۆسەی لەشیرکردن و کاریگەریی قووڵی هەیە بۆ سەر کاراکتەری منداڵ و کەسایەتی لە دواڕۆژدا… بەڵام ئەو نوستووە لە ناو دێڕی هەرانانەوەدا، ئەوە نازانێت و تەنها وا دەزانێت مەسەلەکە سێکسە و بەمەش دەیەوێت خەڵکی بهاروژێنێت و بیانکاتە نێّان دوو بەرەی؛ لەگەڵ سێکس یان دژی سێکس… ئەقڵی ئەم جەماوەرسواڵە وا کاردەکات. ئەمە و زۆریتر، بەداخەوە ئەم جۆرە دۆنکیشۆتانە بیست ساڵە لەسەر تەختی ئەم شانۆیەن و هەر جارەی تەقلەیەک، سەرەموقلاتەکی هەڵە لێدەدەن و جەماوەرەکە دابەشدەکەن بۆ سەر دوو بەرە؛ لە گەڵمدایت یاخود دژی منیت. ئاوەها گەمەکە بەردەوامە.